گوتار

سەرکەوتنی گەل لە ڕێبەر ئۆجالان پیرۆز بێت

ئەم سەرکەوتنە دیارییەک بێت بۆ ڕێبەر ئۆجالان و ڕێهەڤاڵانی. ئەمە دیاریی ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالانە. ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک ئاپۆ پیرۆز بێت.

سیڤان سەعید

دڵخۆشم بە بیستنی وەڵامی خەڵکی باکووری کوردستان کاتێک میدیاکان دەپرسن، دەنگتان بە کێ دا؟ دەنگت بە کام لایەن دا؟ یەکسەر وەڵام دەداتەوە! ئێمە دەنگمان بە خۆمان دا. دەنگمان بە شەرەفی خۆمان دا. ڕاستییەکەی ئەمە تەنیا دەستەواژەیەکی سادە نییە لە دەم دێتە دەرێ، پەیوەندییەکی درێژخایەن و بەهێز لەگەڵ کەیسەکە و بە جۆشوخرۆش و هەستکردن بە سەربەخۆیی نیشان دەدات.

ئێستا نامەوێت باسی هەڵبژاردن بکەم. ئەمە ڕووداوێکی ئاسایی و کاتییە و کاریگەریی گەورەی لە سەر چەمکی تێکۆشان و مۆڕاڵی ئەو خەڵکە نییە کە بەم ماراسۆنە دوورودرێژەی ئازادیی لە کوردستاندا تێپەڕیون. هەروەک بیرمەندی ڕادیکاڵی فەرەنسی، ئێرنست ڕینان دەڵێت: (تێکۆشان بۆ نەتەوەیەک وەک ڕیفراندۆمێکی ڕۆژانە وایە) پێشنیازی (ڕینان) بە شێوەیەکی سەرەکیی پەیوەندیی بە گرووپە ژێردەستەکانەوە هەیە و پێویستە هەموو ڕۆژێک و لە هەموو ڕووداوێکدا خۆپیشاندان بکەن.

سەرەڕای هەموو فێڵ و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن دەوڵەت و حکومەتی تورکیاوە، خەباتی کورد و کوردستانیی لە باکووری کوردستان و تورکیا ڕۆژانە و لە هەموو ڕووداوێکدا چالاکی ئەنجام دەدەن و خۆپیشاندان دەکەن. بەڵێ تێدەگەین ئەردۆغان تووڕەیە و ئاکەپە-مەهەپە شارە گەورەکان لەدەست دەدەن و بە خێرایی دەستبەرداری دەسەڵات دەبن، بەڵام هێشتا تووڕەیی و غەزەبی ئەوان بێ دوودڵیی لە سەپاندنی بە سەر گەلی کورددا بەردەوامە، هەوڵ دەدەن چ لە باشوور و چ لە ڕۆژئاوای کوردستان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان زیاتر بکەن. دیارە ئەردۆغان دەیەوێت ڕۆڵی سیاسیی خۆی لە وێنەی فاشیست و خوێنڕێژێک تەواو بکات و وەک (کەنعان ئەڤرێن) بمرێت. سەرەڕای ئەوەی چانسی ئەوەی هەبوو ئاشتیی بەرقەرار بکات و تورکیاش ببێتە شوێنێکی باشتر بۆ ژیان.

لە لایەکی تریشەوە هیوایەکی گەورە، دەرفەتێکی مەزن و بزووتنەوەیەکی بەهێزمان هەیە و دەتوانێت بە کرداری فرەلایەن وەڵامی هەموو چەشنە سەختییەک بداتەوە و دەرگاکان بۆ خەباتێکی باشتر بکاتەوە. لە ڕوانگەی سیاسییەوە سەیری دەم پارتی بکەن لەم هەڵبژاردنەدا چی کرد. لە ڕوانگەی سەربازییەوە سەیری ئەوە بکەن کە گەریلا ڕۆژانە لە چیاکانی کوردستان چی دەکەن. لە بواری دیپلۆماسییدا بزانن خەباتی کورد چ کاریگەرییەکی لە سەر هەموو هێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکەش هەبووە. لەوەش گرنگتر، لە سەر ئاستی مەدەنیی و کۆمەڵایەتیی، بزانن کورد چۆن خۆی ڕێک خستووە و وەک شاخێکی بەهێز لە بەردەم فاشیزم و هێزی تاریک و پاشڤەڕۆ (دواکەوتوویی) وەستاوە.

لێرەدا دەتوان ئەوە بڵێم، هەموو ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییانە لە خەباتی ماندوونەناسانەی بزووتنەوەی فیداکار و ئازادیخوازییمانە کە ٥٠ ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ڕێبەر ئۆجالان و هاوەڵەکانییەوە دەستی پێ کرد؛ وا دێ. ئیتر کەس ناتوانێت نکۆڵیی لەم خەباتە بکات. ئیتر کەس ناتوانێت کاریگەریی ئۆجالان لە سەر سیاسەت و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگوێ بخات. کابووسێکە بۆ هەموو فاشیست و بناژۆخوازەکانی وەک ئەردۆغان، هەر خولەکێکی ئەم بزووتنەوەیە ترس لە دڵیان دادەگەڕێنێت. لە لایەکی ترەوە هەر چرکەیەک هیوا بە هەموو ئازادیخوازانی ناوچەکە و جیهان دەبەخشێت. ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان (ئیدی لە مێشکی گەلدایە). بۆیە بە ئاسانیی دەتوانم بڵێم؛ ئەم سەرکەوتنە دیارییەک بێت بۆ ڕێبەر ئۆجالان و ڕێهەڤاڵانی. ئەمە دیاریی ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجالانە. ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک ئاپۆ پیرۆز بێت.

سەرچاوە: ozgurpolitika

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button