گۆشەی ئازد

ڕۆشنبیری و ڕۆڵی لە نەتەوەی دیموکراتدا

ڕۆشنبیری لە نەتەوەی دیموکراتدا، تەنیا کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ژینگەیی ڕەگەزیشە. ڕۆشنبیری تەنیا بەدەست پیاوەوە نییە و ژن پاشکۆی بێت

عادل عوسمان

کایەی ڕۆشنبیریی گۆڕەپانێکی گرنگە و هەمیشە هێزەکانی دەسەڵات و دەوڵەت نەتەوە، هەوڵی ئەوەیانداوە کە لە کۆمەڵگە و هۆشیاری گشتی و کولتووری کۆمەڵایەتی داببڕن و بیکەنە پیشە و لەناویشیدا، توێژێک. لە کاتێکدا ڕۆشنبیری بەرهەمی ئەزموونی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگە و هۆشیارییەتی بە ژیانی پێکەوەیی و هەرەوەزی و هاوبەشی لە بەئەزموونکردنی وەک هۆشیاری کۆمەڵایەتی. بەڵام سیستەمی دەوڵەت نەتەوە دایدەبڕێت لە کۆمەڵگە و ڕەنجە کەڵەکە بووە زهنیەکانی کۆمەڵگە، کە بە ئاستی هۆشیارییەکی بە کۆمەڵ گەیشتووە. دەوڵەت نەتەوە و هێزەکانی گرێدراوی هۆشیاری پارچە دەکەن و هەر بەشێکی لە ژێر ناوی زانست، فەلسەفە، ڕۆشنبیر، نووسەر، ڕاگەیاندن، هونەر، سینەما و کەسایەتییە تایبەتەکانی بوارەکاندا پارچە دەکات. ئەوانە دەکاتە کەسایەتی پرۆفیشناڵی بوارەکانی و ڕۆشنبیری لە بوارەکانی نووسین و ڕاگەیاندندا قەتیس دەکات. باقی بوارەکانی تری ڕۆشنبیری لەژێر ناویتردا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی ئاراستە دەکات. لە کاتێکدا ئەگەر نموونەی پزیشکی وەربگرین، ئەزموونی هەزاران ساڵەی بەکارهێنانی گژوگیایە لەلایەن ژنەوە و بە ئاستی ناسین و هۆشیاری چۆنیەتی چارەسەری نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان گەیشتووە. سەرەڕای ئەوەی پزیشکی دەکاتە زانستێکی دابڕا و لەژێر دەستی ژنیش دەردەهێنێت و دەیکاتە بواری زانستی پیاو و بە پیشەسازی دەکات و دەیکاتە بوارێکی هەرە گرنگی قازانج. بۆیە ڕۆشنبیری بواری پەروەردەی ئەزموونی کۆمەڵگەیە نەک تەنیا بوارێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە و ژیانی گشتی و ژینگە.

ڕۆشنبیرییەکی دابڕاو لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت لە سەردەمێکدا کە ژیان هەمووی بووە بە کێشە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتەوە، ناتوانێت وەڵامی کێشەکان بداتەوە. بۆیە لەسەر ئاستی کەسایەتیش پەرە بە کەسایەتییەکی نامۆ و دابڕاو و دەستبەسەرداگیراو دەدات. کەسایەتییەک، لەبری ئەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان وروژێنەری بێت، بەرژەوەندییە کەسییەکان دەیجووڵێنێت. لەبەر ئەوە هۆشیارییەکەشی دەبێتە، هۆشیاری بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئەو ناوەندانەی ئاراستەی دەکەن. چۆن؟ ئەمڕۆ باشووری کوردستان، باشترین نموونەی تێگەیشتنە لەو ڕۆشنبیرییە دەستکردە، کە بوارەکانی ڕۆشنبیری هەم قۆرخکراوە، هەم لەلایەن هێزەکانی دەسەڵاتەوە ئاراستە دەکرێت و دەبێت بەگوێرەی ئەوان بنووسرێت. دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لە بیستراو و بینراو، بەگوێرەی ڕۆژەڤی دەسەڵات – هێز- بنەماڵە ڕێکخراون. هەر نووسەر و ڕۆشنبیرێک بەگوێرەی هەر دەسەڵاتێک و پێویستی بە ڕۆژەڤ بوونەکانی دەنووسێت. وەک دەخیلەی پارەیان لێهاتووە. پارەیان تێدەکەن، دەیانکەنە بەڕێوەبەر، سەرنووسەر، خانوو ڤێلایان دەدەنێ، گەشتی ڕابواردن و مەترۆپۆڵەکانیان بۆ ڕێک دەخەن و پێ دەکەن و مووچەی باشیان دەدەنێ و پێشیان دەڵێن؛ دەنووسین. بەڵام چی دەنووسن، گوایە ڕۆشنبیرن! ئەو کێشە دروستکراوانەی کە دەکرێنە ڕۆژەڤ. دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بنووسن کە ئەمڕۆ کراوەتە کێشە.

کێشە دروستکراوەکان، ملکەچی بۆ دەسەڵات، کێشەی هەرێم و ناوەندی فیدراڵ واتە بەغداد، مووچە، ئابووری سەربەخۆ، ڕەشکردنی هەمووان بۆ بەرژەوەندی بەشێک، بێ دەربەستی بەرامبەر هەژاری و برسێتی، زۆری باج و سەرانە، چاوپۆشی لە داگیرکەری و کەوتنە خزمەتی فرۆشتنی خاک و نیشتمان و لێدان لە وڵاتپارێزی. ئەوانە هەمووی لە چوارچێوەی سیستەمی داگیرکاری دەسەڵات و خۆ گرێدان بە هێزە دەرەکییەکانەوە پەرەی پێ دەدرێت. نووسەری ڕۆشنبیر ئەو کەسەیە کە خۆی بەو ڕۆژەڤە دەستکردانەوە دەوڵەمەند دەکات و وەک خۆیان دەڵێن؛ لەو سفرەیە نان دەخۆن! ئەوەش بە گوێرەی خۆی کەسایەتی ئۆپۆرتۆنیست، خۆفرۆش، بەکرێگیراو و کۆیلە بەرهەم دەهێنێت. ئەوانەی کە بە مووچە کارەکەن و مووچەکانیان چەند هەزار دۆلارییە لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتدارە کۆیلەیەدا کارەکەن، نەک کێشە حەقیقییەکانی کۆمەڵگە. ئەگەرنا کێشە حەقیقییەکانی کۆمەڵگە پێویستی بە خۆفرۆشی ڕۆشنبیری بەگوێرەی ئەوان نییە.

بۆیە دەکرێت پرسیارێک لە هۆکاری نیگەرانییەکانی بەناو ڕۆشنبیرەکانی باشوور بکەین، کاتێک دەڵێن؛ ئێمە هەرچی دەڵێین خەڵک لێمان وەرناگرن و هەندێکیان هەر بەرەو شێتی دەچن، ئایا هۆکاری ئەو نامۆیی و قبووڵ نەکردنە لەلایەن کۆمەڵگەوە چییە؟ وەڵامی پرسیارێکی لەم شێوەیە پێویستی بە شرۆڤەی کایەی ڕۆشنبیری و کەسایەتییەکانی هەیە.

 

ئەو ڕۆشنبیرانەی ئەمڕۆ دوو هۆکار هەیە، کە قبووڵ ناکرێن:

یەکەم؛ ئەوانە ڕۆشنبیری کایەکانی ئۆریانتالیزم.

دووەمیان؛ ئەوانە خۆیان بە پوڵ – خۆشگوزەرانی فرۆشتووە و گۆڕیوەتەوە و لەگەڵ دەسەڵات – داگیرکاری بوونەتە یەک و لە خەمەکانی کۆمەڵگە دابڕاون.

بێگومان لێرەوە دەکرێت بزانین بۆچی هێندە نامۆن بە کۆمەڵگەکانیان، لەبەر ئەوەی لە قوتابخانە فەرمییەکانی فەلسەفە و خوێندن و زانکۆکانی خۆرئاواوە فێری نووسین و خوێندەواری بوون. بۆیە ئەوەی دەیڵێن، کێشەکانی هەژموونییەتی سیستەمی سەرمایەی گڵۆباڵە و پەیوەندی بە کێشە زهنی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانی کۆمەڵگەی کوردی و کوردستانی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە. ئەو ڕۆشنبیرییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لێدانی کۆمەڵگە پێش دەخرێت، کە کۆمەڵگەی کوردی، کوردستانی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەنی کولتووری مێژوویی هەرەوەزی کۆمەڵایەتی زاگرۆسییە. کە نامۆیە بە کێشەکانی شارستانیەتی خۆرئاوا. بۆیە هەرچی لە ورگی خۆتان بدەن هەر ئەوە دەردەچن کە یان تووشی شێتی ببن، یان لەناو ناوەندەکانی دەسەڵاتتدا خۆتان هەڕاج بکەن!

بەشی دووەمی ئەم ڕۆشنبیرییەش بۆیە نامۆیە بە کۆمەڵگە، لەبەر ئەوەی خۆی بە دەسەڵات و وەرگرتنی ئیمتیازەوە هەڵواسیوە. لەگەڵ کێشە و قەیرانە دروستکراوەکاندا خۆیان خەریک دەکەن و بە کێشە زهنی و ڕۆشنبیرییەکانی کۆمەڵگەوە خەریک نابن. ئەمانەش لەوانی پێشووتر نامۆن بە کۆمەڵگە. لەبەر ئەوەی لە ژوورە داخراوەکانەوە ئاراستە دەکرێن و دەڵێیت کەڕەی شەربەتن کە هیچ ئاگایەکیان لە کێشەکانی کۆمەڵگە نییە. هەردوو جۆری ڕۆشنبیرییەکە، ناتوانن و نایانەوێت خۆیان لە تێگەیشتن لە کۆمەڵگەی کوردی و ئەو وەرچەرخانە زهنی و مێژووییەی کۆمەڵگە بدەن، کە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەدەستی هێناوە. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەم ڕۆشنبیرییە، لەسەر وێرانەی سیاسەتی میللیگەرایی سەرەتایی دامەزراوە. کە ئەم میللیگەراییە کوردییە، خێڵەکی، بنەماڵەیی بەرژەوەندپەرستییە دامەزراوە، کە خاوەنی هیچ فیکر، ئایدیۆلۆژیا، هۆشیاری و ڕۆشنبیرییەک نییە، بۆیە ئەم ڕۆشنبیرانە بەهۆی ئەو بۆشاییەوە خۆتان کردووەتە ڕۆشنبیری ئەم دەور و دووکانە. خۆ ئەگەر خۆیان لە ناسینی هزر و پارادایم و ئایدیۆلۆژیای هێڵی تێکۆشانی ئازادی بدەن، ئەوا ئەو ڕۆڵە باڵادەستی و ئیمتیازانە لەدەست دەدەن. بۆیە ئینکاری ڕۆڵی تێکۆشانی ئازادی، ڕۆڵەکەی ئەوان وەک ڕۆشنبیری بۆینباخ لە مل و خوێندەواری قوتابخانە ڕۆشنبیری و فەلسەفییەکانی خۆرئاوایی دەهێڵێتەوە.

لێرەوەیە دەبێت بۆ ڕێگری لە ڕۆشنبیرییەکی هیستیری و پۆپۆلیستی ئاوا، پێویستە هزر، ئایدیۆلۆژیا و پارادایمی نەتەوەی دیموکرات پێش بخرێت و کایە ڕۆشنبیرییەکان لەسەر کولتوور و هۆشیارییە خۆجێکان بنیات بنرێت و پەرەیان پێ بدرێت. بەوە هەم ڕێگری لە ڕۆشنبیری ئۆریانتالیزم دەگیرێت، هەم ڕێگری لە ڕۆشنبیری هەرقلیانەی نەخوێندەوارانی باشوور دەگیرێت.

نەتەوەی دیموکرات، لەبەر ئەوەی لەسەر بنچینەی قازانج – دەستکەوت دانەمەزراوە، پێویستی بە ڕۆشنبیر و کێشەی دروستکراو نییە. بەڵکوو لەسەر حەقیقەتی ژیان و کێشەکانی ڕادەوەستێت و چارەسەری دەکات. ئەوەی حەقیقەتی کۆمەڵگەیە دەیناسێت و بەگوێرەی یەکپارچەیی حەقیقەتی کۆمەڵایەتی شرۆڤەی دەکات، کێشەکانی دەستنیشان دەکات و چارەسەری پێشکەش دەکات. بۆیە ڕۆشنبیرییەکەشی ڕۆشنبیرییەکی کۆمەڵایەتی بەگوێرەی چارەسەری کێشە حەقیقییەکانە و ناسینی حەقیقەتیش مەرجی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتییە. بۆیە ئەرکی ڕۆشنبیر لە نەتەوەی دیموکراتدا، ڕۆشنبیری کۆمەڵگەی دیموکراتە. بەگوێرەی ئەوەش، ئەرکە ڕۆشنبیرییەکان ئەرکی هەر تاک، پێکهاتە، دەستە و تاقم، ئایین و ئایینزا و نەتەوەیەکە. هیچ کەسێک و هەبوونێک لە کۆمەڵگەی دیموکراتدا، بێ بەرپرسیاری نییە بەرامبەر هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکەی. بۆیە لە ڕێگەی پەروەردە و ئەکادیمییە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێگەیشتووییە هزرییەکان هاوبەشی پێ دەکرێت و دەکرێتە هۆشیاری و پەروەردەی کۆمەڵایەتی. لە نەتەوەی دیموکراتدا، پێویستە هەر تاکێک بە دەور و پێگەی خۆی هۆشیار بێت، کە بۆ چ ژیانێک دەژیت و تێدەکۆشێت. بۆیە ڕۆشنبیری ئەرکێکی کۆمەڵایەتییە و هۆکاری ئەو گوتەیەی لەبەرامبەر تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا: کە دەڵێن؛ لە هەرکوێیەکدابن، وەک یەک دەئاخڤن، ئەو ژیانە کۆمیناڵ هەرەوەزی و هاوبەشییە پەروەردەییە کە دەبێتە پەروەردە و هۆشیاری و زیهنیەتی گشتی بۆ ژیانێکی ئازاد. بێگومان هۆشیاری بەرهەمی زیهنیەتی کۆمەڵگەی، خۆسەر، ئازاد و دیموکراتیکە کە بە هاوبەشی و پێکەوەیی گوڵی ژیان دەنەخشێنن و ئاو دەدەن.

ڕۆشنبیری لە نەتەوەی دیموکراتدا، تەنیا کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ژینگەیی ڕەگەزیشە. ڕۆشنبیری تەنیا بەدەست پیاوەوە نییە و ژن پاشکۆی بێت، بۆ قازانج و ئاساییکردنەوەی تێکدانی ژینگە و ڕووتانەوە بە بیابان کردنی نییە. بەڵکوو هۆشیارییەکە کە دەبێتە ئەزموونێکی ڕۆشنبیری بۆ پێکەوەیی ڕەگەزی و پاراستنی ژینگەیی. ژینگە بەشێک و هاوکارێکی مەزنی پێگەیاندنی هۆشیاری و زیهنیەتی گەردوونییە. مرۆڤ بە شرۆڤە و هۆشیارییەکەی بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان لە بوونەوەر و زیندەوەرەکانی تر جیا دەکرێتەوە. ئەگەر بوونەوەرەکانی تر هۆشیارییەکی سروشتیان لە ئاستی بینیندا هەیە، ئەوا مرۆڤ لە ڕێگەی تێگەیشتن و قووڵبوونەوە لەودیو دیاردەکانەوە بووەتە هێزی هۆشیارییەکی ئاگاهانە کە دەتوانێت، هەم ئەرێنی بێت، هەم نەرێنی. بێگومان مرۆڤی ئازاد دابڕاو نییە لە ژینگە و پەیوەندییەکەی لەسەر بنچینەی یەکتر بەخێوکردن و تێرکردن و تەواو کردنە. کاتێک دەبینێت ژینگە بەرەو کارەسات دەبرێت، لەبەرامبەر سیستەمی کارەساتدا، کە سەرمایەدارییە دەوەستێتەوە و ئەڵتەرناتیڤی ژینگەدۆست پێشکەش دەکات. بەوە خزمەت بە خۆی و بە ژینگەکەشی دەکات و پەند و ئەزموون لە ژیانە ژینگەییەکەی وەردەگرێت و دەبێتە هۆشیاری و ڕۆشنبیری زیهنیەتی کۆمەڵگە و ژینگەی دیموکراتیک.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button