گوتار

ھەستی ئایینی سادەگەرانە

لە باوەڕی گەلانی زاگرۆسدا، جێگەیەک بۆ باڵاو ژێر، بۆ نزم و بەرز، بۆ کۆیلەو باڵادەست، خزمەتکارو خزمەتکراو، کۆیلەو خاوەن کۆیلە نیە. باوەڕیەکان پڕکردنەوەی میتافیزیکی تێگەیشتنی لایەنی ڕۆحی مرۆڤە.

عادل عوسمان

گەلی کورد مێژویەکی دێرینی لە ناوچەکەدا ھەیە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ھەرە کۆنی مێژوو، ئەوا بەوە دەگەین، ھەموو ئەم نوێیانەی ئێستا، لاپەڕە تازەکانی مێژوون. باوەڕی لە کۆندا لەسەر ئەو بنچینەیە دامەزراوە، کە مرۆڤ لەسروشت و دەوروبەرەکەی بگات و پێکەوە لە ھۆکاری توڕەبونەکان و دەستێوەردانەکانی یەکتر بگەن. باوەڕی لای گەلانی زاگرۆس بۆ پێکەوەیی و ئاسودەیی دروست بوە. باوەڕی لایەنی ھزری و ھۆشمەندی مرۆڤە بەدەوروبەری و شێوەی پێکەوەیی و ھاوکاری و بەشداری یەکتر. واتە باوەڕیەکی یەکتر تەواو کردنە.

لە باوەڕی گەلانی زاگرۆسدا، جێگەیەک بۆ باڵاو ژێر، بۆ نزم و بەرز، بۆ کۆیلەو باڵادەست، خزمەتکارو خزمەتکراو، کۆیلەو خاوەن کۆیلە نیە. باوەڕیەکان پڕکردنەوەی میتافیزیکی تێگەیشتنی لایەنی ڕۆحی مرۆڤە. لەبەر ئەوەی مرۆڤ خاوەنی بیرکردنەوەیە، بەوپێیەش ھۆشمەندی خۆی خوڵقاندوە. باوەڕیش ھێزی ناوەکی ڕۆحی مرۆڤە. جەستەی بێ میتافیزیک بونی نیە. بۆیە ھۆشمەندی مرۆڤ بەرەو دروستکردنی ئاواکردنی ھزرو وەڵامە ھزریەکان ئاراستەی گرتوە.

نەخوێندنەوەی سەرەتای ناسینی باوەڕی و مێژوە سەرەتاییەکەی لەدایک بوونی کە کەوانەی زاگرۆس تۆرۆسی لانکەی دایکایەتیە، کە ژن دەوری باڵای تێدا بینیوەو سیستەمێکی سروشتی کۆکەرەوەو بەخشین بەڕێوەدەبرێت. بۆیە باوەڕیەکەش لەسەر بنچینەی بەخشین و خزمەت و کاردابەشی بەڕێوەچوە. لەباوەڕی کۆنی زاگرۆسیدا جێگەیەک بۆ ترس، توڕەیی و تۆقین نیە، کینەو بوغزو تۆڵە جێگەی نیە. ئەوەی ھەیە خۆشەویستی، ئاواکردن، ئافراندن و پێکەوەیی وھاوبەشیە. لێرە باوەڕی باوەشی کۆکەرەوەی شێوازی ژیانی سروشتی ئازادی دور لەقەیدوبەندە. ئەوەی ئاواکراوە بەرھەمی ئەزمونی پێکەوەیی و ژیانێکی ھاوبەشی دایک – ژنە. دایک ژن لە ئاواکردنی کۆمەڵگەبوندا خاوەنی گەورەترین ڕەنج و کۆکەرەوەی بەھێزترین ئەزمون و واتادانیەتی لەڕێگەی کۆکردنەوەی ماکانەوە، واتە یاساکانی بەڕێوەبردنی سروشتی، کە جوانیە، پێکەوەییە، دابەشکاریە، ڕێزە، عەشقە، خۆنەویستیە، ھاوبەشیە، کارە، بەڕێوەبەریە، ھەرەوەزیە، پێدانە، وەرگرتنە، خزمەتکردنەو ھەموو پێکەوەیی و عەشق بە ئاسودەی ژیانێکی ئارامە. ئەوێ ڕۆژێ نیشتیمانێک، ناوێکی سنور، خاوەنێک نەبوو، شوێنگە، خاک ھی ھەموان بوو. ئەرک و بەرپرسیارەتی ئەو بەھایەبوو کە کۆمەڵگەبوونی لەسەر دامەزرابوو. خۆدزینەوە، نابەرپرسیاری شوێنی لە بیرکردنەوەدا نەبوو. خۆبەرپرسیار بینین و پێکھێنان ئەو بیرکردنەوەیە بوو کە بە جەستەو بیرو ھزر کاری بۆدەکراو کاری پێدەکرا.

زاگرۆس لانکەی گەلانێکە کە ڕەگەکەیان درێژ کراوەتەوە بۆ ئێستەو بەردەوامی ھەیە، کاردۆ، ھۆری، میتانی، گۆتی، میدی و لەئێستەشدا کورد ناوی ئەو پێکھاتەیە کە لەمێژودا بە گەلان یان مرۆڤانی شوێنە بەرزەکان دەناسرێن. بۆیە ئەو کوردەی ئێستە ئەوەندە لەژێر فشارو گوشاردایە، ئەوەندە ڕەگی لەمێژودا درەوشاوەیە. ھۆکاری مانەوەشی ئەو ڕەگە مێژوییە گەورەو ئافرێنراوەیە.

کورد خاوەنی دوو شۆڕشی مەزنە، کە کۆمەڵگەبوون، شۆڕشی کشتوکاڵ و زمانە. سێ بنەماکەی گەشەی مرۆڤ، کە خواردن، زاووزێ و پاراستنە، وای کرد مرۆڤەکان ژمارەی دانیشتوانیان زیاد بکات بۆیە کەوتنە لێگەڕی شوێن و بڵاوبونەوە. لێرەوە جارێکی تر کۆمەڵگەکان لەشارستانیەتی سروشتیدا گەشەیەکی زیاتریان کردوو ئەوەی دایانمەزراندبوو کردیانە کلتوری زاگرۆسی. گوندەکان، ئاوا کران، شارەکان دروستکران، جیاوازیەکان دەستیان پێکرد، یەکەمین ھێرشی پیاوی فێڵباز بۆسەر ژن دەستی پێکرد. ژن نێردرایە ماڵەوە، خاوەنداری دروستکرا، چینایەتی پەرەی سەند، ھێز ئاواکرا، باڵادەستی دەستی پێکرد. ئیتر ھێزی ھزرو باوەڕی پێشوو تێری ئاواکردنی نوێی چینایەتی ناکات. ئەو بەرگە بۆ ئەو دێوەزمە شێرپەنجەییە نابێت.

خانەی تازە ئاواکراو پێویستی بە ھزر، باوەڕی، ھێزو توانای نوێ ھەیە. کە لەسەر جیاوازی، چینایەتی و باڵادەستی دامەزرابێت. کۆمەڵگەی چینایەتی لە ڕێگەی کاھینەکانی سۆمەرەوە بنەماکانی ھزری چینایەتی و دەسەڵاتیان دامەزراند، شار ئاوا کرا شوێنی چینەکان دیاریکرا. ھێزی بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگە نوێیە پێویستی بە ھزرو بیرکردنەوە و ھێزی بەڕێوەبردن بوو. بۆیە کاھین، بازرگان، ھێز واتە سوپا ھێزی بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگە نوێیە بوو. ھزر، باوەڕی دەبوایەت لەسەر قبوڵاندنی ئەم شێوە نوێیە ئاوابکرایەت. ئەگەر ھزر ئامادە نەکرایەت ئەو کۆمەڵگەیە، یاخود ئەو سیستەمە نەدەژیا. چونکە لەودیوەوەی دیوارەکانی شار کۆمەڵگەیەکی سروشتی ھەیە، گوند ھەیە. بۆیە پێویستە بۆ ئەم ژیانە پڕ لە چەرمەسەریە جیاوازە، دەبوایەت خوداوەندەکان دروستکراوە باڵاکانی بەپیرۆزکردنی ئەم ژیانە نوێیە بئافرێنرایەت. ئایینەکان خوڵقاندنی بەڕەوایی کردنی ئەم شێوە جیاوازەی ژیانی نوێ بوون. کە پڕ لە چەرمەسەری و جیاوازیە. ئەگەرئەم شێوە ژیانە لایەنی ھزرو میتافیزیکی بۆ ئامادە نەکرایەت، لەوە نەدەچوو تەمەنی بەم درێژیە بەردەوام و مایندە بوایەت.

لێرەوەیە دەتوانین لە مانای ئایینەکان و دروستبونیان و ماناو ئەرکەکانیان تێبگەین. لەدەرەوەی ئەو مێژوە ناتوانین لە مانای قوڵی ئایین و ئەو شەڕەی لەسەر گەلانی زاگرۆس دەکرێت تێبگەین.

بێ ماناکردنی مێژوویەکی قوڵی لەو شێوە، دەمانباتە ئاستی جینۆسایدو وێرانکردن و سڕینەوەی مێژویەکی قوڵ. بۆیە مرۆڤی کورد دەبێت گەڕانەوە بۆ مێژووی ھەبون و دروستبوونی کۆمەڵگەو ئایینەکان بە ھوشیاریەوە بخوێنێتەوە. خۆی بەکەم نەزانێت، ئەو کاتەی کە ئەم مێژوە گرنگەی ناسی، ھەر ھەبون، ئایین و باوەڕیەکی دەستێوەردەر ناتوانێت کاریگەری لەسەر زھن و باوەڕیە جیاوازەکەی بکات و ئەوانی تر بە نەبوو بێ بنەما حساب بکات. کاتێک کۆمەڵگەی چینایەتی – دەسەڵات بە ئاستی دەوڵەت گەیشت، لەبەرامبەر کۆمەڵگەی سروشتی دیموکراتیکدا کەوتە شەڕو خۆی پێناسە کرد. ئەو شەڕە لەسەردەمەکانی کۆن، چاخی ناوین و تائێستەش بەردەوامە.

ئەوەی جێگەی باسی ئێمەیە ئەو باوەڕیە ئایینیەی ئیسلامی بەسیاسی کراوە، کە دەستێوەردانێکی کوشندە لەم سەردەمەدا لەدژی کۆمەڵگەی کوردی و کلتوری زاگرۆسی دەکات و ئەو مێژوە بێ بنەماو نەبوو دەکات و لەدژی ناسنامەی کورد، بە کوردی ساختەو بەکرێگیراو بەڕێوە دەبات و ئینکاری کوردو ناسنامەکەی و مێژوەکەی و کلتورەکەی و نیشتیمانەکەی دەکات.

ئیسلام و ئوممەتگەرایی

ئیسلام بەگوێرەی مێژووی گەلی کورد نوێیە. بزوتنەوەی ڕۆحی عەرەبی نیمچە دورگەی عەرەبیە، کەلەژێر گوشاری بێزەنتی و ساسانیەکاندا لە دەرەوە تەنگاو کرابوون. لەناوەوەش لەلایەن دەوڵەمەندانی قوڕەیشەوە فشارێکی زۆریان لەسەر بوو. بۆیە بۆ ڕزگاربوون لەم گوشارو فشارانە بەکەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی ئایینەکانی تری وەک زەردەشتی، مەزدەکی، یەھودی و کریستیان ئاینێکی نوێ ڕاگەیەنراو کاری بۆ کرا. پەیامی ئەم ئایینە ڕزگار بوون لەزوڵم، چەوسانەوەو پەرتەوازەیی بوو. پەیامێکی ڕۆحی ئەخلاقی بوو. تێکۆشانێکی مەزن لەو پێناوەدا کرا، لەدژی دەسەڵاتدارەتی و دەسەڵاتە سوخۆرو دز و قازانج پەرست و زیندەبەچاڵ کردنی ژن بوو. بەڵام لە سەردەمەکانی فتوحات و بڵاوبونەوەدا، لەسەردەستی ئەمەویەکان و معاویەدا پەیامی ئەم ئایینە گۆڕاو تێکەڵ بە دەسەڵات و بەرژەوەندی کرا. ئەم ئایینە لە ڕێگەی دروست کردنی چەمکی ئوممەتگەراییەوە، وەڵامی جیاوازیەکانی ھەبونە جیاوازەکانی دایەوەو ھەموانی لەژێر چەتری ئوممەتی ئیسلامیدا جێگە کردبوەوە.  ھەربەو ھۆیەوە نەتەوە، بەئاستی کێشەیەکی مەزن و خۆئاواکردن نەگەیشتبوو. لەسەردەمی ئاواکردنی دەوڵەت نەتەوەدا، سیماکانی ئاواکردنی نەتەوە دەرکەوت و خۆی بەڕێکخستن کرد. لێرەوە چەمکی ئوممەت گەرایی ئیسلامی گۆڕدرا بۆ نەتەوەی دەوڵەت. لێرەوە نەتەوە دەسەڵاتدارەکانی دەوڵەت دروستبوو، سەردەمی جینۆسایدەکانی نەتەوەکانی تر دەستی پێکرد. ئیسلام بەگوێرەی دەوڵەت – نەتەوە دزێژراو چەمکی باڵادەستی بەبەرداکرا، بەگوێرەی ئەم ئیسلامە سیاسیە کە دەبێت نوێنەرایەتی دەوڵەت نەتەوەی یەک ڕەنگ بکات. کورد پێگەیەکی نەبوو، دەبوایەت کوردان لەسەر ڕوانگەی دەوڵەت نەتەوەی زاڵ زھنیەتیان دامەزرێنن، کە پەیڕەوی بوو لەملکەچی و باڵادەستی نەتەوەکانی ترو ئایین بوە ھزری نەتەوەی سەردەست. بۆیە کوردان لەدەرەوەی چوارچێوەی ئەو ئایینگەرا سیاسیە ھێڵرانەوە و جێگەیان نەبوو تێیدا. ئەگەریش جێگەیەکیان گرتبێت، ئەوا دەبوایەت بەگوێرەی ئایینی سیاسی نەتەوەی باڵادەست بوایەت. بۆیە کوردان بۆ دەربازبوون لەژێر کاریگەری ئایینگەرای سیاسی نەتەوەی باڵادەست و دەوڵەت نەتەوەدا، ئایینی کۆمەڵگەی دیموکراتیکیان بە بناغە گرت و کونگرەی ئیسلامی دیموکراتیکیان پێشنیارو دروستکرد. ئەویش لەپێناوی پاراستنی گەوھەری پەیامی ئیسلامی حەقیقی و موحەمەدیدا، کەنوێنەرایەتی کۆمەڵگە مەزڵوم و زوڵم لێکراوەکان دەکات بۆ ڕزگاری و ئازادی.

ئەم ئیسلامە سیاسیە پەیوەستە بەو دەستێوەردانانەی دەوڵەت – نەتەوەی کە لەسەر بنچینەی پاکتاوو جینۆسایدو لەناو بردن ئاواکراوە. دەوڵەت نەتەوە ھێزێکی دەرەکیەو بۆ فشار لەسەر ھەبونە جیاوازەکانی ناوچەکە دروستبوە. سەردەمەکانی ئاواکردنی دەوڵەت نەتەوە، سەردەمی پاکتاوو سڕینەوەی نەتەوەو پێکھاتە ئاینیە جیاوازەکانە. دەتوانین بڵێین خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بوە گۆڕستانی مۆزائیکە جیاوەزەکان. کە ھەتا ئێستاش ئەو سیاسەتی کوشتارو جینۆسایدە بەردەوامە. ھێرشی سەر کوردان و ئێزدیەکان لەڕۆژی ئەمڕۆدا بە پشت بەستن بە ھێزێکی تاریکی وەک داعش بەردەوامی ئەو جینۆسایدەیە.

بۆیە ئیسلامی سیاسیش، بەرھەمی ناوەندەکانی ئەم بەڕێوەبەری جینۆسایدەیەو لەوێوە تێرخۆراک دەکرێت و لەدژی ھەستی نەتەوەیی کوردان و ئایین و ئاینزا جیاوازەکان و ژن بەکاردەھێنرێت. خۆراکەکەی لە ھزری داگیرکاری وەردەگرێت، بوێریەکەی لەیاساکانی دەسەڵات و ئەو حکومەتە خێڵەکی داگیرکاریەوە دەھێنێت، ژیانەکەشی لەسەرمایەی دزراوی ئەم خاک و نیشتیمانەوە پێ دەدرێت و دەژیەنرێت.

دونیای ئیسلام لەژێر وەرگرتن لەلایەک و زەبروزەنگ لەلایەکی تر بڵاو کرایەوە. کۆمەڵگەکان ھەر لەخۆوەو بە ھێواشی ئەم ئایینەیان وەرنەگرتوە. گەلانی ناوچە کاتێک لەژێر فشاردا بوون وەک پەیامێکی ئیلاھی لێی تێگەیشتن و وەریانگرت. ھەندێکیش لەژێر فشارو ھێزی داگیرکاری ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەکاندا سەپێنرا. ئەم ئایینە لە ناوەرۆکی پەیامە ڕاستەقینەکەی کە ئاشتی کۆمەڵایەتی و ڕێگری لەزوڵم و ستەم و پەیامی گەلان بوو لادرا. لەپەیامی ئەم ئایینەدا، ئەوەی تیایە کە “ئێوە دینی خۆتان ھەیەو ئێمەش دینی خۆمان… ” یان خوداوەند دەڵێت “ئێمە ئێوەمان بەشێوەی خێڵ و گەلان خوڵقاندوە بۆ ئەوەی یەکتر بناسن…” ئەم پەیامە واتای گەورەی ھەیە و بۆ پێکەوەژیان ڕێزدارە.

بەڵام ئایا ئەم پەیامە وەک خۆی مایەوە، بەتایبەت لەم سەردەمەدا بۆ کوردان چ واتایەک دەگەیەنێت؟ لە کاتێکدا بەشێکی زۆری گەلی کورد ئیسلامە، لەناو ئیسلامەکەشدا دابەشی سەر مەزھەبە جیاوازەکانی وەک سوننە، شیعە، حەنەفی، شافعی، مالکی و ڕێبازە جیاوازەکانی وەک ئیخوانی، سەلەفی، سۆفیگەری، نەقشبەندی، قادری بوە. ھەروەھا بەشێکی تری کۆمەڵگەی کورد بەسەر ئایین و ئاینزای جیاوازدا دابەشبوە، زەردەشتی، یارسانی، ئێزدی، عەلەوی، سابیئە، مەزدایی، کریستیانی، یەھودی و ئاینزای جیاوازی تر. ئایا دەکرێت، ڕێبازی جیاوازی ناو یەکێک لە ئایینەکان ھەموو ئەوانی تر بە کافر (تکفیر) بکات و ھێرش بکاتە سەر باوەڕی ئایینیان و کەسێتی و بنەمای خێزانی کۆمەڵگەکە؟ ئایا چی بوێری ئەوەی پێداوە خۆی بکاتە وتەبێژی خوداوەندو بەناوی خوداو ئایینی ئیسلامەوە ھێرشی سەر حەیسیەت و کەرامەتی تاک و کۆمەڵگەو باوەڕدارانی پێبکات؟ ئایا بانگخوازی و بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلام بەو شێوە دەبێت؟ ئایا ئەوانەی کە ئێستە ئیسلامن و باوەڕدارن ناڕاستگۆن؟ ئایا حوجرەکانی کۆن و مەلاو کەسایەتیە ئایینیەکانی کۆن ھەڵگری باوەڕی ئایینی نەبوون؟ ئایا کۆمەڵگەی کوردی بڕوای بە ئیسلام نیە، وابەو شێوە دور لە ئەخلاق و ڕەوشتە، سوکایەتی پێبکرێت و ڕەش بکرێت؟ ئایا کۆمەڵگەی کوردی و تاکەکانی چۆن لە ئایینی ئیسلام تێگەیشتوون و خۆیان خستوەتە بەردەستی ئەم ڕەوتە ئایینیە نوێیەی کە بەناوی ئیسلامەوە بەسیاسی کراوەو، ھێرشی سەر کلتور، نەتەوە، ژن و بەھا ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگەو خێزان دەکات. ئایا ژن لای ئایینی ئیسلام ئەو بونە قێزەون و ڕەش و بەد ڕەوشتەیە؟ ئەگەر ھێندە مەترسیە پێغەمبەری خودا، چۆن دەڵێت “بەھەشت لەژێر پێی دایکاندایە؟”، یان چۆن ئەوەندە ڕێزدار دەبوو بەرامبەر حەزڕەتی خەدیجەو ئایشێ و بەدایکی باوەڕداران بەناوێی دەکردن؟ ئایا ئەو بانگخوازو ھێرشکەرە لۆمپەنانە، خۆیان لەدایکێک نەبوون، خوشک و کەسوکارو ژن و کچیان نیە؟ ئایا بێپەردەیی و دەمڕوتی ئەوھێرشانەیان لەکوێوە ھێناوەو کێ ھێزیان پێ دەدات؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە لە سێ تەوەردا دەدەینەوە؛

١-باوەڕی ساویلکانە بە ئایینی ئیسلام و ھەڵە تێگەیشتن لە خوداوەند و پەیامەکەی.

٢-ھێز وەرگرتن لە پارێزبەندی یاسایی دەسەڵاتی پشتیوانیکەر.

٣-پەیامی دەستێوەردانی داگیرکەرانی کوردستان بۆ لێدانی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد.

لێرەوە دەتوانین وەڵامەکە بەو شێوەیە بدەینەوە، کە تێکۆشانی گەلی کورد بە ئاستێک گەیشتوە ئاستەنگیەکانی ناسیوەو تێکشکاندوە. باشترین ھۆکار و وەسیلە بۆلێدانی تێکۆشانی گەلی کورد ئەو باوەڕیە ساویلکانەیە، یان ھەستە سۆزداریە ئایینیەیە کە کۆمەڵگەی کوردی بەرامبەر ئایینی ئیسلام ھەیەتی. بۆیە دوژمن بەناوی ئەو ئایینەوە ھێرشی سەر ھیوای ئازادی گەلی کوردی پێ دەکات. لەبری ھیوای ئازادی ھیوای ئیسلامی سیاسی ساختەو دەسەڵاتخوازو لۆمپەن دەرخواردی خەڵک دەدات. بۆئەوەی دیموکراسی و کرانەوەی فکر لە کۆمەڵگەی باشور دروست نەبێت و نەبێتە خاوەن ئیرادەی ئازاد. وێنایەک لە خوداوەندێکی سوتێنەر، تۆقێنەر، توندو تیژ، تۆڵەسێن، چاودێر و ڕەش لە کۆمەڵگەدا بڵاو دەکەنەوە. بەوە کەشی کوشتن و تۆقاندن و فاشیزم بڵاودەکەنەوە کەلەگەڵ سیستەمی قڕکەری داگیرکەر دێتەوە.

لە کاتێکدا ناوەکانی خوداوەند بە فێرکەر، کە یەکەمین ئایەتەکەی “بخوێنەیە”، ئارام، دادپەروەر، ئاشتی ھێن، بەبەزەیی، دژی زوڵم، پشتیوانی چەوساوان، بەخشندە، ھاوکار، ڕێ نیشاندەر، پێکەوەیی، دژی دەستبەسەرداگرتن، دژی ئابوری سوخۆری و ٩٩ ناوی جوان و شیرینە. ئایا بۆچی ئەو ناوە جوانانە بەگوێی کۆمەڵگەدا نادرێت و تەنیا لایەنی توندوتیژی و ڕەقاییەکەی بە کۆمەڵگە دەدرێتە نیشاندان.

ئەو ئایینگەراییەی پێشخراوە لەدۆخی کوردستاندا، ئایینگەراییەکی دەستێوەردراوی دژە کوردو تێکۆشانەکەی و ڕاگرتنی دیموکراتیزەبوونی ھۆش و ھەستیەتی. بۆئەوەی گەلی کورد نەبێتە خاوەنی ھۆشمەندی ئاقڵانە، ئایینگەراییەکی دروستکراویان پێشخستوە. ئەگەر دەستگرتن بە ئایینگەرایی و خوداوەندێکی دەرەوەی پێوانەکانی ھۆشمەندی و ئاقڵمەندی نەبێت، کێ بوێری سوکایەتی بەخێزان و ژن و کۆمەڵگە دەکات!.

لێدان لە خێزان و لەناویشیدا لەژن، ھۆکارەکەی ئەو پێشەنگی و تێکۆشانە ئەخلاقیەیە کە ژنانی کورد لەتێکۆشانی گەلی کورددا پێشیان خستوەو داگیرکاری و پیاوسالاری و پیاوەتی زاڵمیان تێکشکاندوەو ھەر ڕۆژ کاریگەری ئەو تێکۆشانە، نەک بەکوردان، بەڵکو بەگەلان و بەجیھاندا بڵاو دەبێتەوە. لەشەڕی دژی داگیرکاری و ھێرشی داعشیزم و ئیخوانیزمی دژە کوردا کاریگەریەکەی ھێندە مەزن بوو کە ئیمارەت و خەلافەتەکەی داعشیان تەفڕوتونا کرد و دوژمنیشیان تەنگاوو بێ چارە کردوە.

لێدان لەژن و لە چوارچێوەی خێزانیش بەناوی ناموسی سیکسیەوە بۆخۆی تێکدانی بناغەکانی خێزانێکی پێکەوەیی و ئازادەو دروستکردنی گومان و نادڵنیایی و پەرەپێدانی ھەڵوەشانەوەی خێزان و کوشتاری ژنانە لەسەر دەستی باوک – برای پیاوساڵاری ناموس پەرستی بێ ئەخلاقی دەست درێژکاری بێ پرسیار. ئەگەر کۆمەڵگە ئەخلاقی بوو، ئەوا ھێرش و دەست درێژی بۆسەر ھیچ ڕەگەزو گەل و شتێک نابێت. بەڵام سیستەمێک کەلەسەر داگیرکاری، دەستدرێژی و ستەم دامەزرابێت، یەکەمین ھێرش کە بیکات بۆسەر ژن و خێزانە. کاتێک بانگخوازی کۆنەپەرست دەڵێت “ھەموو گیانی ژن شەرمە” ئەوە بەیان دەکات، کە پیاو لەھەرشت زیاتر بێ شەرەفترە. بۆیە ئەگەر بمانەوێت چارەسەری کێشەی دەست درێژی بۆسەر ژن بکەین، دەبێت پیاوی دەستدێژکەر تەمێ و تەربیەت بکرێت. دەبێت ئەو پرسیارە لەپیاوی دەستدرێژی کەر بکرێت، تۆ بۆ تەنیا ژن لە دیدی سیکسواڵێتی و ڕەگەزی تێرکەرەوە سەیر دەکەیت؟ بۆچی لەژن وەک ڕەگەزی دوەمی تەواوکەرو بەردەوامی پێدەری ژیان نابینیت؟ ئەگەر ژن وا مەترسیە، تۆبۆ زھن و چاوی خۆت ناگریت و کاتێک ژنێک بەلاتدا دەگوزەرێت، بەئاسایی وەریگریت و دەستدرێژی و ھێرشی زمانی ڕەش و شڕ نەکەیتە سەری؟ وە پێویستە ئەو پرسیارە لە بانگخوازە ھێرشکارەکان بپرسرێت، ئایا ئێوە شەرم ناتان گرێت بەو جۆرە دور لە ئەخلاقە ھێرش دەکەنە سەر ژن و خێزان و کۆمەڵگە؟ ئایا خۆتان خوشک و دایک و ژن و کچتان نیە؟ ئایا ئەو پێوانە دەستدرێژکارانەی بەسەر کۆمەڵگەیدا دەسەپێنن، لەکوێوە ھێناوتانەو کێ فێرتان دەکات و کێ تێرتان دەکات؟ کێ دەتان پارێزێت و کێ بوێریتان پێ دەدات؟

بۆیە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی سیاسی کە بناغەکەی ئازادی بێت و دور لەستەم و چەوسانەوە و داگیرکاری بێت، کاری نەشیاوو دەستدرێژی و لۆمپەنی تێدا نابێتەوە. زھنیەتی بەدو ڕەشی کۆنەپەرستانەی تێدا نابێت. ئایینی دروستکراوی داگیرکاری و لۆمپەنی تێدا نابێت. کۆمەڵگەیەکی ئازاد شوێنی ژیانی مرۆڤی ئازادی دور لەدەستدرێژی پیاوی زاڵمە. لەکۆمەڵگەیەکی لەوشێوەیەدا ئایین باوەڕیەکی ئازادی تاک و دەستەو گروپە جیاوازەکانە کە بە ئازادی و جوانیەوە پەیوەندیە ڕۆحیەکانیان بەڕێوەدەبەن. پێویست بە ناشرین کردنی خوداوەندو لۆمپەنیزم ناکات. مێژوی کۆمەڵگەی کوردی تەژیە لە مرۆڤە جوانە باوەڕمەندە ئاینیە جیاوازەکان و پێکیشەوە ژیاون و ژنیش تێیدا بونێکی پێشەنگ و بەڕێزبوەو بێ ئەخلاقی قبوڵ نەکردوەو وەک کۆمەڵگەیەکی پێکەوەیی و ئاشتەوا ژیاوە.

کۆمەڵگەی ھوشیارو ئازاد بە سادەگی و ترسەوە لەھیچ دیاردەو بون و ھەبونێک نزیک نابێتەوە. بەتایبەت باوەڕی، جاچ ئایینی بێت چ نائایینی بێت. بۆیە گرنگە کۆمەڵگەی ئێمەش لەبەرامبەر ھێرشی ئایینگەرایی دەسەڵاتخوازدا پەرە بە ئایین و باوەڕی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیی بدات و ڕێگری لەسوکایەتی بە بەھا ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان نەدا. چ باوکێک برایەک لە کاتی ھێرشی بانگخوازە ئاینگەرا ھێرشکارەکاندا ھەستی بە سوکایەتی کردن بەخۆی نەکردوە!؟ کەواتە وەستانەوە لەدژی ئەو سوکایەتیە بە بوێری و خاوەنداری لە باوەڕداری جوانی خواناسی و ئایینی کۆمەڵگەیی دەکرێت، ئایینی چین و توێژە مفتەخۆرو بازرگانە داوێن پیسەکان یارمەتی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و خێزان ناکات. کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەی پێکەوەژیانی ئایینە جیاوازەکان پاراستنی کەرامەت و ھاوسێیەتی و ڕێزداری بوە. ژیانەوەی ئەو کۆمەڵگەیە بەکوشتنی پیاوەتی بێ ناموس و دەستدرێژی کار دەبێت.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button