کارنامە جوانو سیاسەتە خراپەکان
سۆزان حەمەتاتە
بەگوێرەی بارودۆخی کارنامەی زۆرینەی حکومەتەکان باشو ڕێکن، شاشیو خواروخێچییان کەمن، مرۆڤ کە دەیانبینێ وا دەزانێ ئیتر بەھۆیەوە وڵات دەبێتە شامی شەریف، بەڵام زۆرینەی جار پێچەوانەکەت دەبینرێ، لێرەوە بێھیوایی دەستپێدەکات، ململانێکانیش توندتر دەبنەوە، ئەمە قەدەری سیاسەت نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی سیاسەتکردنی خراپە.
عێراقی دوای سەدام حسێن ھەموی بەرنامەی باشی بۆی ھەیە، بەڵێنی زۆری بێ کردار، دوای ھەر کابینەیەکیش، جگە لەخراپتربونی بارودۆخەکە چیتر نەبینراوە، خۆ دنیا خراپ نابێ، با سەردەمی محەمەد شیاع سودانیش ببینین.
پێشترش وتومە سیاسەت لای من بۆ ڕەشو سپی دابەشناکرێ، بەڵکو دەستوپەنجە نەرمکردنە لەگەڵ واقیعو حومکردنی ھێزە بۆ چنینەوەی زۆرترینی دەستکەوتەکان، ئەمەیان پێی دەوترێت سیاسەتی ڕیالیستی.
جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت بنەمای زۆری ھەیە، لەپێشیانەوە متمانە بەیەکتربون، کاریگەریی ھۆکاری تری ناوخۆیی، ھەرێمایەتیو نێودەوڵەتی، لەگەڵ بەگرنگ ڕوانین لەبەھا نیشتمانییەکانو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەک ھاوڵاتییان سەنتەری خزمەتکردن بن.
ویستی خزمەتکردن دوای بەرنامەی جوانی حکومی دێت، کاتێک سیاسەتمەدارەکان کۆکدەبن لەسەر جێبەجێکردنی بۆ ئەوەی ھاوڵاتییان ببنە دەستباری حکومەت بۆ سەرکەوتنو کەناری ئارامی.
لێرەدا سیاسەتی خراپو سیاسەتمەداری خراپیش ھەن کەوا بەرژەوەندییان لەوەدایه بارودۆخ ناسەقامگیربێت، بۆ ئەوەی زۆرترینی دەستکەوتە کەسییەکان بچننەوە، لەنەبونی یاساو سەروەربونیدا وڵات دەچێتە دۆخی نائارامییەوە، نمونەی زۆری لەو چەشنەمان ھەیە.
بەرنامەکەی سودانی جوانە، بەڵام ژینگەی کارکردنی خراپە، ئەزمونی پێشوتر وا نیشاندەدات کەوا ئەگەر سودانی ئازاو ئازادنەبێت، بەرنامە جوانەکەی شکستدەھێنێت، ئەوکات عێراق دەگەڕێتەوە خاڵی سفر، ھاوڵاتییانیش زیان دەکەن.