عەلی دەروێشیان؛ ئاوێنەی خەمە چینایەتییەکان
خەلیل عەبدوڵڵا
عەلی ئەشرەف دەروێشان نوسەرو ئەدیبێكی گەورەی كوردستانەو خزمەتێكی زۆری بەكاروانی رۆشنبیریی كوردی كردووە.
لە 26ی ئابی 1941 لەشاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە خانەوادەیەكی هەژارو زەحمەتكێش لەدایك بووە.
لەشارەكانی كرماشانو تاران خوێندویەتیو خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بووە لەبواری دەروونناسی.
ماوەیەكی زۆر وەك مامۆستا خزمەتی بە خوێندكاران كرد.
عەلی دەروێشیان هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای خوێندنەوەو نووسین بوو.
بەهۆی ئەوەشی كە لەخێزانیكی هەژاردا پەروەردە بوو، ئازارو مەینەتی زۆری چەشتبوو، ئەوە بوو بووە هۆی ئەوەی كە نوسینەكانی ئاوێنەی خەمو ئازارە چینایەتیو كۆمەڵایەتییەكان بن، ئەوەش زیاتر لە چیرۆكو رۆمانەكانیدا رەنگیان داوەتەوە.
دەروێشیان نوسەرو ئەدیبێكی بەهەڵویست بوو، بەهۆی بیرو بۆچونو هەڵوێستەكانیەوە لەسەردەمی شاهنشاهیدا زیندانی كراوەو لەوەزیفە دەركراوەو نزیكەی شەش ساڵی تەمەنی لەزینداندا بەسەر بردووە.
هەروەها كتێبەكانی قەدەغەكرانو رێگەی نووسینی لێگیرا، هەر بۆیەش بەناوی خوازراوەوە نوسینەكانی بڵاو كردۆتەوە.
بێ لەچیرۆكو رۆمان، بایەخیشی بەبواری وەرگێڕان داوەو چەندین كتێبی بەنرخی وەرگیڕاوە.
لەكایەی ئەدەبی مناڵانیشدا شوێن پەنجەی دیارەو چەندین بەرهەمی ناوازەی پێشكەش بەمناڵان كردووە.
عەلی دەروێشیان خاوەنی زیاتر لە 30 كتێبە كە بەزمانی فارسی نوسیونی، بەڵام ناوەرۆكەكانیان رەنگدانەوەی كۆمەڵی كوردەوارین.
لەدیارترین كتێبەكانی ئەمانەن(ئەفسانەی گەلانی ئێران كە19 بەرگە، ساڵیانی هەوری-رۆمان،یادەوەری سەفەرخان)و چەندانی تر.
بەهۆی خزمەتو بەخششەكانی لە بواری ئەدەبو رۆشنبیریدا چەند جارێك لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە خەڵات كراوە.
بەداخەوە ئەم ئەدیبو نوسەرە گەورەیەی كوردستان لە رۆژی 26ی تشرینی یەكەمی 2017 بۆ دوا جار ماڵئاوایی كردو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.درودی رێزو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی دەروێشیانی ئەدیبو نووسەری بەهەڵویست.