بەڵگە ڤیدیۆییەکانی چەکی کیمیایی
هۆمەر محەمەد
فورات نیوز بەچەند گرتە ڤیدیۆیەک بەکارهێنانی چەکی کیمیاویی لەدژی گەریلاکانی پەکەکە لە لایەن سوپای تورکیاوە بەبەڵگە سەلماندووە ڤیدیۆکە دۆکیومێنت کراوەو ئێستا لە سۆشیال میدیا بڵاوە. بەڵام لەبەرئەوەی بڵاوکردنەوەی بەقازانجی دەوڵەتی تورک دەبینم، لێرەدا بەڕەوای نازانم بڵاوی بکەمەوە. ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز ڤیدیۆی ئەوهێرشە کیمیاییانەی (سەربازو جەندەرمانەی سوپای تورکیا و برینداربوون و شێوازی گیان لەدەستدانی ئەو گەریلایانەشی بڵاوکردوەتەوە کە بەو چەکە تێکدەچن و دواتر بەشێوەیەکی تراژیدی دەمرن. بە پێی ئەو بەڵگە ڤیدیۆیانەی فورات نیوزبڵاویان دەکاتەوە سوپای تورکیا سنوری یاسای جەنگ و ئەخلاقیی بەزاندووەو بەشێوازی نوێ چەکی کیمایی دژی گەریلا بەکاردەهێنێت و گومان ناهێڵێتەوە کە پێشتریش بەکاری هێناوە. ئەگەرچی هەتا ئێستا ئەم تاوانە و سەدان تاوانی تری گەورە بۆ تورکیا چووەتەسەر، بەڵام پێناچێت هەتا سەر بێدەنگی دونیاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەقازانجی تورک بێت، چونکە ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیکات هەر ئابروو چوونی خۆی نییە، بەڵکو هی ناتۆو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیشە.
بیرمان نەچێت کاتێک سەدام بەڕێژەی زۆر، چەکی کیمیایی لەدژی کورد بەکاردەهێنا وەک ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوپۆشییان لە عێراقیش دەکرد، ئەگەر سەدام و بەعس شانسی ئەوەیان هەبوو هەموویان دۆستی بوون لە دژی ئێران ئەوا دەوڵەتی تورک و بەتایبەتیش ئەردۆگان ئەو شانسەی نیە، چونکە هەموو دونیا دۆستی نین ! بەڵکو لەزۆر ناوەندی جیهانی بێزراوو قێزەونە. پەنا بردنە بەرچەکی کیمیایی دیوێکی نیشانەی ئەوەیە تورکیا لەروی تەکنەلۆژیای سەربازییەوە چەندە بەهێزە هێندەش بێ مۆراڵە، ئەم بێ مۆراڵییەی نەک دەوڵەت ئاینیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە ! دیوەکەی تریشی نیشاندانی هێزی گەریلاو شارەزاییانە کە لەچ دۆخێکدا بەرگری دەکەن و چۆن بە ئازایەتی وشەری گەریلاییان دەوڵەتیان ناچار بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو کردووە. ئەوەی تورکیا لەچیاکان لەدژی گەریلا بەکاری دەهێنێ یەک جۆری کیمیایی نییە، بەڵکو چەندین جۆرە بەڵام ئەوەی لەگرتە ڤیدیۆکەدا دیارە بەخێرایی مرۆڤ و باڵندە ناکوژێ بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی بۆ مێشک هەیەو مرۆڤی بەرکەوتوو توشی هەڵسوکەوتی نامۆ دەکات وەک (پێکەنین و گریان و لەدەستدانی یادەوەری) بەڵام لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە بەرکەوتووەکان دوای ماوەیەک گیان لەدەست دەدەن. ئەمەش لەمەیدانی جەنگدا زۆر کاریگەرە چونکە هەتا برینداری کیمیایی زیاتربن ژمارەی جەنگاوەری گەریلاش بەبریندارەکانەوە پەیوەست دەبن و مەیدانی جەنگ بۆ سوپا تەختتردەبێت.
لەتۆمارە ڤیدیۆیەکەدا دیارە کە سەربازانی سوپای تورکیا بەڕێ و شوێنی جیاواز چەکی کیمیایی دژی گەریلاکان بەکاردەهێنن، بۆمبی کیمیایی هەڵدەدەنە ناو تونێل و ئەشکەوتەکانەوە لەو جێگایانەش کە سەرباز ناتوانن لێی نزیک ببنەوە بە بۆری و بتڵ و هەرچۆنێک بۆیان بلۆێ کیمیایی دژی گەریلا بەکاردەهێنن. ئەوەی فورات نیوز بڵاوی کردووەتەوە جۆرەکانی گازی (تابون، سۆمان و سارین) ناویان هاتووە کە سوپای تورکیا دژی گەریلا بەکاریهێناون بە پێی زانیارییەکان هەمووگازەکانیان کوشندەنین، بەڵام هاوسەنگیی دەرونی و جەستەیی گەریلاکان تێک دەدات. سوپا ئەمانەو گازی تری وەک بیبەری تون و چەندجۆرێکی دیکەی گازی بۆندارو بێ بۆن لە دژی گەریلاکانی پەکەکە بکار دەهێنێت، بەڵام جگەلەوانە گازی مەترسیداردارو کوشندەش بەکاردەهێنێت کەلە جیهاندا بەیاسا قەدەغە کراون. وەک ئەوەی لەپەیماننامەی ساڵی ١٩٢٥ی ژنێڤدا هاتووە. ئەگەرچی هەتا ئێستا کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لەم تاوانەگەورەیەی تورکیا بێدەنگ و بێهەڵوێستە بەڵام فورات نیوزبڵاوی کردوەتەوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا، یەکێتی پزیشکانی نێونەتەوەیی دژ بە جەنگی ئەتۆمی IPPNW رایانگەیاندووە، کە بەڵگەیان دەستکەوتوە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن تورکیاوەو داوایان کرد، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەست پێبکرێت. بەڵام بەشبەحاڵی خۆم ئەو هەواڵە هیچ دڵخۆشم ناکات، چونکە هەتا ئێستا هیچ کام لەپەیماننامە نێودەوڵەتیەکان بۆ جێنۆسایدا پێشێلکاری مافی مرۆڤ و قەدەغەکردنی چەکی قەدەغەکراو خێرێکیان بۆکورد نەداوەتەوە نەک هەر بۆ شۆڕش و بزوتنەوە سیاسییەکانی تەنانەت بەهانای خەڵکە مەدەنیەکەشییەوە نەهاتوون.
بۆیە لەئێستادا باشترین رێگە بۆ پاشەکشەکردن بەتورکیا گۆڕینی تاکتیکی شەڕی گەریلایی و پشتیوانی مرۆڤی ئازادیخوازە لەگەریلا چونکە لەئێستادا پشتکردنە گەریلا بەهەر پاساوێک بێت پشتیوانیە لە دەوڵەتی فاشستی تورک و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو. ئاخر نەک گەریلا کەخەونی ئازادی هەیە، تەنانەت نابێت بەهیچ بیانوویەک ڕەوایەتی بەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی بدرێت لە دژی هیچ مرۆڤێک جا باش بێت یان جاش. رۆژێک هەر دەبێت لایەنگرانی بەعس و ئاکەپە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە گوناحی ئەو هەموو زیندەوەرو مەل و باڵندانە چی بوو کە بەگازی کیمیایی کوژران و برینداربوون.