پێگە و مافە دەستوریەكانی كورد
شەوقى سورچى
لە دوای روخانی ڕژێمی بەعس و بنیادنانەوەی عێراق، دەستوری فیدڕاڵی عێراق نوسرا و خرایە دەنگدان بۆ رێكخستن و جێگیركردنی مافی سەرجەم گەل و پێكهاتەكانی عێراق و كەمەنەتەوەییەكان، كورد پێكهێنەرێكی سەرەكی بو لە دوبارە بنیادنانەوەی عێراق.
دەستوری فیدڕاڵی عێراق بە جێگیركردنی مافی هەمو نەتەوەكان لەسەر بنەمایی (تەوافق) نوسرایەوە، ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) بە تێڕوانینی خۆی و راوێژكردن بەكەسانی پسپۆری یاسایی و شارەزا و بیركردنەوە لە ئایندە و دور روانین رۆلێكی گرنگ و بەرچاوی بینی لە جێگیركردنی مافە دەستورییەكانی گەلی كورد لە نێو دەستوری عێراقدا.
كۆمەڵێك پرسی گرنگ پەیوەست بەمیللەتی كورد لە نێو دەستوردا جێگیركران لەوانە:
1-مادەیی (140) كە پەیوەستە بەناوچە دابڕیندراوەكان و گێڕاندنەوەی هەمو ئەو ناوچانەی كە لەسەردەمی ڕژێمەكانی ڕابردو ناوچە كوردستانیەكانیان بەزۆرە ملێ و داگیركاری لەدەستی كورد دەرهێندرابون.
2-پرسی بوجە و شایستە داراییەكانی كورد لەبوجەی گشتی عێراق.
3-پرسی پێشمەرگە و جێگیركردنیان لەهێزی بەرگیری عێراقدا.
4-كەیسی نەوت، غاز و سامانی سروشتی.
جگە لەم مافە دەستوریانە چەندین مافی تری كورد لە نێو دەستوری عێراقدا جێگیركران، بەڵام بەداخەوە دوایی ئەو هەمو ساڵە بەشداریكردنی كورد لەحكومرانی عێراقدا بە وەرگرتنی دەیان پۆستی باڵاو بونی چەندان نوێنەر لە ئەنجومەنی نوێنەران، كورد مافەكانی بەدەست نەهێنا لە بری دەستكەوت میللەتێكی زیانبەركەوتوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا.
دەیان هۆكارهەن كە مافە دەستوریەكانی كورد كە لە دەستوردا جێگركرابون بەدەست نەهێندران :
1- رەچاونەكردن و پێشنەخستنی بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتیمان پێش بەرژەوەندی حیزبی لەلایەن بەرپرسان و نوێنەرانی كورد لەماوەی چەندین كابینەی حكومەتی عێراقدا .
2-ناتەبایی و یەكریزنەبونی حیزبە دەسترۆیشتوەكانی كورد و گواستنەوەی ململانێی نابەجێی نێوانیان بۆ ئەوێ و یەكترشكاندن و دژایەتی كردنی یەكتری كاریگەری نەرێنی بەدوایی خۆیدا هێناوە .
3- دەستوەردانی حیزبی لە نێو هێزەكانی پێشمەرگە و رێگریكردن لە بە نیشتیمانی بونیان و ببن بەبەشێك لە هێزی بەرگری عێراق هەربەناوی پێشمەرگەوە .
4-بڕیاردان بۆ ئابوری سەربەخۆ بەبێ زەمینەسازی و نەبونی ژێرخان و سەرخانی ئابوری كێشەو ململانێی قوڵی سیاسی دروستكرد لەگەڵ حكومەتی ناوەندا.
5-هەناردەكردنی نەوت و سامانی سروشتی لەژێرناوی ئابوری سەربەخۆ، پاساوی یاسایی كەوتە دەست بڕیاربەدەستانی ناوەند بۆ پێنەدانی بەشە بوجەی هەرێم و بڕینی شایستە داراییەكانی هەرێم، بەهۆیەوە هەرێم ڕوبەڕوی قەیرانێكی سەختی دارایی بۆیەوە ئێستاش كاریگەریەكانی بەسەر چین و توێژەكان هەرماوە بە تایبەت موچەخۆران .
ئەم هۆكارانە بون بە كۆسپ و لەمپەری گەورە لەبەردەم گەشەسەندنی كوردستان و خۆشگوزەرانی چین و توێژەكان و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەكوردستان و بەتایبەت لەناوچەدابڕێندراوەكان .
ئەگەر كورد و بەتایبەت حیزبە دەستڕۆیشتوەكان هەرلەسەرەتایی بەشداریكردن لەدوبارە بنیادنانەوەی عێراقدا نێوماڵی كوردی رێكخرابایە و بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵە و كۆمپانیا و كەسەكان وەپێش بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان نەخرابایە ئەوا بەپشت بەستن بەدەستور و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی بڕگەومادە تایبەتەكانی پەیوەست بەكورد ئەوا بەدڵنیاییەوە كورد مافە دەستوریەكانی بەدەست دەهێنا و لەئێستادا لەقۆناغی كۆنفیدڕاڵیدا دەبو كە هەنگاوێك لە دواوەیی سەربەخۆی و دەوڵەتی سەربەخۆییە، بەڵام بەداخەوە نەكاركرا بۆ جێبەجێكردنی دەستور و نەبەرژەوەندی گەل و نیشتیمان پێش بەرژەوەندی خۆیان خست و لەئایندەدا لە ئەگەری هەمواركردنەوەی دەستور و گۆڕینی سیستەمی فیدڕاڵی بۆ سەرۆكایەتی ئەوا گومانی تیادانیە كورد زەرەرمەنی یەكەمە و هەرەشەی گەورە لەسەر ئەومافە جێگیركراوانەی كورد دروست دەبێت .
لە گەڕی ئەمجارەدا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی عێراق ئەگەر كورد و هێزە كوردیەكان بەولاوازییەوە بەشداری پرۆسەكە بكەن ئەوا بەدڵنیاییەوە چۆن لەماوەی ڕابردو بەئەنجامدانی ڕیفراندۆمێكی لەكاتێكی نەگوناجاو گەلێكی بێ پشت و پەناكراو و ناتەبایی هێزە سیاسیەكان و گوێنەگرتن و دورنەڕوانین و سیاسەتكردن بەرق و كینەلەدڵ دەرئەنجامێكی خراپی لێكەوتەوە و لەبڕی بون بەدو دراوسێ لەتێكی گەورە لەخاك دابڕیندراو كەوتە ژێر دەستەلاتی ركابەرەكان .
قەیرانی دارایی و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی بەردەوام دەبێت لەم نێوەندەدا چین و توێژەكانی هەرێم زیانبەركەوتوی یەكەمدەبن.
پرسی بوجەو شایستە دراراییەكانیش بەهۆی ململانێی حزبی بەپاساوی بونی ئابوری سەربەخۆ هۆكاری برین و نەدانی بەدوایی خۆیداهێناو ئێستاش كورد بەوهۆیەوە لەو مافە بێبەشكراوە، پرسی نەوت وغازیش كێشەی دەستوری و یاسایی بۆ دروستبوە، لە ئایندەدا دەرئەنجامی خراپتری بەدواوەدادێت .
تاكو ئێستا لەدوایی روخانی ڕژێمی بەعس و بەشداری كورد لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا ئەوپەندە كوردیەی لەسەر جێبەجێ بوە “بۆ ڕیش چو، سمێلیشی لەسەردانا ”