گۆشەی ئازد

چەند خاڵێکی خێرا سەبارەت بە ڕۆژهەڵات و حزبەکانی ڕۆژهەڵات

پێشڕەو محەمەد

دوابەدوای گفتوگۆکەی خالید عەزیزی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا و نکوڵیکردن لە ڕیشەی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادیی» بەهۆی تەسکبینیی حزبییەوە، دەنگەدەنگی لەنێو خەڵکدا دروستکردووە. بە بڕوای گرنگە من چەند خاڵێکی خێرا  باسبکرێن:

یەک، ئەوەی ئێستا لە هەمووی گرنگترە هەماهەنگیی و کۆدەنگیی کۆی نەتەوە و گەلانی ناو ئێرانە (بەتایبەت ژێردەستەکان) لەسەر لەناوبردنی یەکێک لە دڕندەترین ڕژێمەکانی ناوچەکە و زەقکردنەوەی دووبەرەکیی باشترین خەڵاتە بدرێت بە ئێران. عەزیزی هەڵەیەکی کاڵفامانەی سیاسیی دەکات کە بێگومان مێژووی ئەم حزبە پڕیەتی لەمجۆرە هەڵانە، بەڵام ئێستا ئەم هەڵەیە کوشندەترە، لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوەکان بەرانبەری، قەیرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکە زەقتر دەکاتەوە.

دوو، بەردەوام دەگووترێت، حزبەکانی ڕۆژهەڵات هەمان ئەزموونی پارتیی و یەکێتیی و حزبە چکۆلەکانی دیکە دووبارە دەکەنەوە. بێگومان ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات پیشانی داوە، کە مۆدێلێکی جیاوازتریان لە هی یەکێتیی و پارتیی ناوێت و بگرە (کۆمەڵەی کۆمۆنیستی لێ بترازێت) لە زۆربەی قەیرانەکاندا پشتی حزبەکانی باشووریان گرتووە و گاڵتەیان بە ئیرادەی خۆپیشاندەرانی باشوور کردووە. بەڵام ئەمە هەموو شتەکە نییە. منی باشووریی، کە بەشێکی ژیانم لە ڕۆژهەڵات بووە، هەرگیز نەمبینیوە خەڵکی ناوخۆ پشتی یەکێتیی و پارتیی بگرن، ئەوان زیاتر خەمی کوردستانیان بوو، بەڵام سیاسەتی حزبەکان کە جۆرێکی دیکە بووە، نوێنەرایەتیی کۆی خەڵکی کوردستان نییە و نەبووە.

سێ، کورتکردنەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵات – بەو هەموو ئەزموونە مێژووییە فراوانە و ئاستی هۆشیارییە – بۆ حزبەکان، هەڵەیەکی زەقی مێژووییە و هەروەها گاڵتەکردنیشە بە ئیرادەی خەڵک. حزبەکان هەموو ڕۆژهەڵات نین، بەڵام بێگومان حزبەکان ڕیشەی کۆمەڵایەتییان هەیە و نابێت ئەمەش لەبەرچاو نەگیرێت. ڕۆژهەڵات فرەڕەنگیی تێدایە و لەڕووی بیرکردنەوەی سیاسیی و کولتووریشەوە، فرەڕەنگترە نەک تۆتالیتار و تاکحزبخواز.

چوار، دروستکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ و بڵاوکردنەوەی ڕەشبینیی لە قۆناغە شۆڕشگێڕییەکاندا یاخود دروستتر لە قۆناغی قەیرانی شۆڕشگێڕییدا، زۆربەی جار خزمەت بە مانەوەی ڕژێمی سەردەست و لاوازکردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی-جەماوەریی دەکات.

پێنج، بڕوام وایە خەڵکی ڕۆژهەڵات زۆر لە پێش حزبەکانەوەن، بەپێچەوانەی ئێمە لە باشوور لە دوای ١٩٩١، کە – جگە لە کەمینەیەکی خەڵک نەبێت – دەسەڵات و کۆمەڵگە و سامان و هەموو شتێکمان بێ بەرگریی ڕادەستی یەکێتیی و پارتیی کرد، لە ڕۆژهەڵات ئەمە بە ئاسانیی ڕووناداتەوە. حزبەکان هەن و دەبێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام خەڵک بیرکردنەوەیان پێش حزبەکانە. جا ئەگەر حزبەکان بەڕاستیی بەدووی بەرژەوەندیی گشتیی دەکەون نەک بەرژەوەندیی بەرتەسکی حزبیی خۆیان، دەبێت خۆیان تازە بکەنەوە و میراتە کۆنەکە بەجێبهێڵن. بێگومان ڕۆژهەڵات بە هەمان ئاسانیی باشوور، کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

تێبینییەکی هاوڕێیانە: تکایە لە دەرەوەی تەشهیر و ئیهانەوە، گفتوگۆ بکەین بۆ زیاتر لەیەک تێگەیشتن. بزووتنەوەکە لەناوخۆ، لە بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆژیای حزبیی مەزنترە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button