شەرمەزارییە، لەهەمبەر بڕیارەکەی پەرلەمان؟!
کنێر عەبدوڵڵا
کاتێک بەرپرسەکانی ماڵ لەخێزاندا بۆ ڕێکخستنی خێزانەکەیان یاساو ڕێسا دەرئەکەنو بەمنداڵەکانیان ئەڵێن پابەندبن پێوەی؛ دەرئەنجام سستمێک دروست ئەبێت کە دادپەروەریی دەبێتە واقعێکی پەیڕەوکراو بۆ هەموانو گەر هەمویشی ڕەزامەند نەبووبێ لەسەری، بەڵام ملکەچ دەبنو بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، کارەساتو فەوزاکە لەوەوە سەرچاوە ئەگرێ، گەر ئەوانەی یاساو ڕێساکە دەرئەکەن تەنها بۆ خوارخۆیان بێو خۆیانی لێ بێبەری بکەن.
پەرلەمانی کوردستان خۆی یاسا دەردەکاتو خۆی سوێندی یاسایی خواردوەو خۆیشی یەکەم کەس پێشێلی یاساو بڕیارەکانی خۆی دەکات کە خودی هەموو ئەوانە جێی شەرمەزارین؛ ئەگەرچی ئەو دوو دامەزراوەیەی خێزانو پەرلەمان دوانەیەکی جیاوازن لەڕوی سنوری بەرپرسیارێتیەکانەوە.
نمونەی یاسای جگەرەکێشانو فرەژنیو ئێستاشی پێوەبێت یاسای درێژکردنەوەی پەرلەمان نمونەی فەوزاو دووفاقیی ئەنجامدەرانی دەردەخات لەپەرلەمانی کوردستانو لەلایەکی دیکەش گاڵتەجاری بەدامەزراوەی پەرلەمانی ڕاستەقینەو بێبەهاکردنی خەڵکو کۆمەڵ بەگشتی.
پرسیاری جدیی ئەوەیە کێ دەتوانێ ئەو فەوزایە ڕابگرێت؟ کێ بەرپرسیارێتی بڕیاری نایاساییو تێکچونی شیرازەی کۆمەڵ لەئەستۆ دەگرێتو هتد؟، پێویستە وەڵامی جدیش بزانرێت کە کوا دەنگی لیژنەی فەتوای باڵاو مەلاکانی مزگەوتو بەرپرسانی لایەنو دەنگە ئیسلامییەکانی هەمیشە لەسەرخەتن کاتێک ژنانو ڕێکخراوەکانی ژنان داواو دەنگن لەسەر مافەکانیان ئەوان دەستبەجێ لەمینبەری مزگەوتو دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە فشارو ڕێگەی جۆراجۆر دەگرنەبەر بۆ هێرشکردنو سکاڵاتۆمارکردن لەسەریان، بەڵام لەئێستادا بێدەنگو بێهەڵوێستن لەبەرامبەر 80 پەرلەمانتار گەر زیاتر نەبن کە نەک پێشێلکاریی یاساو خەڵک؛ بەڵکو بەرامبەر ئەو سوێندخواردنەیان کە لەبەردەم خوداوەندو خەڵک خواردیانو دەستیان بەقورئاندادا کە پارێزەری مافەکانی خەڵکو …..هتد بن، بەڵام هیچ.
کوا دەنگی حزبەکان کە لەڕێی بەرنامەکانی کاتی هەڵبژاردنەکاندا سوێندو بەڵێنیان بەخەڵک ئەداو چاوەڕێی ڕەحمەتی هاوڵاتیان بون دەنگیان بداتێو دەیانوت ئێمە دەنگی ئێوەین، ئەو هەموو گەمەکردنە بەکێو بۆو چۆن قبوڵ ئەکرێ؟
کوا دەنگو فشاری خەڵک بۆ هەموو نادادییو پێشێلکارییو گەمەکردنانەو تاکەی پەسەندی دەکەن؟ ئەوە پێویست ناکات بەپەرلەمانتارەکان بوترێت بۆ ئەو هەموو بێرێزیو نابەرپرسیارێتییو نادادییو درۆکردنانەی؛ نەک لەگەڵ خەڵکدا؛ بەڵکو لەگەڵ خۆیاندا ئەیکەن!؟
کوا دەنگە ناڕازییەکانی پەرلەمانتارو حزبەکانی دیکەی دەنگیان بەدرێژنەکردنەوەی پەرلەماندا تا بتوانن پێکەوە مێژوی سەربەرزانەتر بۆ خۆیان تۆماربکەنو یەکهەڵوێستانە بڵێن نامانەوێ چیتر لەو فەوزایە بەشداربینو بۆیان بەجێبهێڵن؟!
وەڵامی پرسیارە جدییەکە دەمێنێتەوە تەنهاو تەنها بۆ خەڵکو بۆ هاوڵاتیانو هەریەک لەتاک بەتاک تا لەشوێنی خۆییو بەبڕیارو عەقڵو کەرامەتی خۆیەوە بڵێن بەسەو تاکەی!