چاند

سەرپۆشەكەی نەنكم

دلێر محەمەد نوری

سەرپۆشەكەی نەنكم، سەرپۆشێكی، سپی و جوان بوو. هێندەی دڵی هەموو پەپوولەكانی دونیا پاك بوو. نەنكم ئایندارییەكی ئەكرد، هێندەی ئایینداری فریشتەكانی خودا، بێ غەل و غەش بوو. ئەركی سەرەكی سەرپۆشەكەی، داپۆشینی پرچ و كەزیە سپییەكەی بوو. بەڵام هەندێ ئەركی دیكەشی هەبوو. نەنكم هێندە خودای خۆش ئەویست، پێویستی بە سەرپۆشیش نەبوو. بەڵام لە بەر ئەوەی، لە باپیرە قورئان خوێنەكەمەوە بیست بووی كە خودا پێی خۆشە سەر و قژی داپۆشی. ئەو سەرپۆشەی كردبوو بە هاوڕێی سەری.

هەر وەك وتمان، ئەم سەرپۆشە هەندێ ئەركی لاوەكیشی هەبوون، جگە لە ئەركە ئایینییەكەی. بۆ نموونە، كاتێ دەستگرەكەی لێ ون ئەبوو، خێرا سەرپۆشەكە كۆمەكی ئەكرد، تا مەنجەڵە گەورە فافۆنە پڕ لە خواردنە گەرمەكانمان، بۆ بێنێتە سوچی سەرەوەی سفرەكەمان، ئەو خواردنانەی بە دەم لاوانەوە بە بەیتە فۆلكلورییە كوردییەكانی عەشق، بۆی لێدەناین.

بیرمە جارێكیشان لە بازار گەراینەوە، لە بەر ئەوەی زەمیلە نایلۆنەكەی نەنكم، لێوڕێژ بوون لە میوە و سەوزە، لەچكەكەی لە بڕێك لەو میوانەوە پێچا و تا ماڵەوە بە بێ سەرپۆش گەڕایەوە. بە دەم ڕێوە سڵاوی لە هەمووان ئەكرد و كەچی نە مەلای گەڕەك و نە حاجی و ئیمانداران كەسیان لە زەردە خەنە بەولاوە هیچ پەیامێكی تریان نەبوو.

جارێكیشیان چاك لە بیرمە، خەریكی گسك دانی حەوشە و بەردەرگا بوو، عارەقێكی زۆری كردبووەوە، هەر بە لەچكەكەی جوان جوان دەموچاوی خۆی سڕی و هەر بەو لەچكەشەوە نوێژەكەشی كرد. كەچی نە خودا قێزی لێ كردەوە و نە شەیتایش توخنی ئەو ناوە كەوت. ئاخر دروستی نزاكانی نەنكم بە هۆی لەچكەكەوە نەبوو، بەڵكو ئیمانی ئەو لە دڵەوە بوو، هەر بۆ دڵی خۆیشی بوو.

نەنكی من و نەنكەكانی ئێوەش جاران بە بێ لەچك، بێ قورئان و بێ حەدیسیش هەر ئیماندار بوون. بیرمە جارێكی دیكەش مامێكم بە سەرخۆشی گەڕایەوە، هێندەی خواردبووەوە، ڕشایەوە. كەچی نەنكم یارمەتیدا و لە بەر بەلوعەی ناو حەوشەكە، دەموچاوی بە ئاوی سارد بو شت و هەر بەو لەچكەش بۆی سری و بۆ نوێژی شێوانیش، هەر بەو لەچكەی كە دەم وچاوی مامە سەرخۆشەكەمی پێ سڕی بوو، نوێژەكەشی پێوە كرد. ئاخر نەنكم هەرچ شتێك خوا پێی ناخۆش بووایە و عەبد بیكردایە، ئەیووت ڕۆڵە ئیرادەی خوای سەرە، دەسەڵاتی ئێمەی تیا نیە. خەڵكی لێرە چی پێ خۆشە با وا بكات، دواجار خودا خۆی حسابمان لە گەڵ ئەكات.
ئاخر نەنكم ئیماندارێكی سێكولار بوو، هەرگیز دین و دونیای تێكەڵ نەدەكرد.

سەرپۆشەكەی نەنكم جوانترین سەرپۆشی دونیا بوو. نە لەو لەچكەی ئامینەی ژنی ئەردۆگان ئەچوو، نە لەو نیقابانەی سەری ژنە داعشەكانی كەمپی هۆلی سوریا دەچوو. سەرپۆشەكەی نەنكم تەنانەت لە سەرپۆشی كچە  ئیسلامییە سیاسییەكانی نێو فیستیڤاڵەكانی پاڵاپۆشی و ژنانی تاڵیبان و موجاهیدینی خەلقی‌ ئێران و هیچ لەچكێكی دونیای ئەمڕۆش نەدەچوو. بەڵكو ئەو سەرپۆشە سپییەی نەنكم سەرپۆشێكی كوردی ڕەسەن بوو. لە یەك كاتدا بۆنی ڕۆنی قرچاوی چێشت لێنان و بۆنی عارەقە فەلەكەی مامەم و بۆنی ئارەقەی خۆی و بۆنی سەوزە و بۆنی میوە، هەندێ جاریش بۆنی چڵە ڕەیحانی لا گوێچكە و بۆنی گوڵاوی بەهەشتیشی لێ دەهات. ئەو هەرگیز سەرپۆشەكەی لە ملی خۆی توند نەدەكرد. سەرپۆشەكەی نەنكم وەكو تاڤگە بە سەر شانەكانیدا شەپۆلی ئیمانی دەدا و شۆڕ دەبووەوە. سەرپۆشەكەی نەنكم هێند پڕ تەفەڕك و موبارەك بوو، جار جارە كە ناوكیشی ئەكەوت، جامولكەیەكی فافۆنی لە سەر ناوكی دادەنا و توند بەو سەرپۆشە سپییەی ئەیبەست. كەچی لە وادەی چارەكە سەعاتێكدا ئازاری ئەشكاو ناوكیش ئەهاتەوە. من دڵنیام ئێستاكە نەنكم و سەرپۆشەكەی وان لە بەهەشتدا، چونكە خودا لەو ئاییندارییە پاكانەی مەبەستە كە بەشێك لە ڕوحی خۆی لە جەستەیاندایە. من دڵنیام تەنانەت خودا لەو وردە هەڵانەی كاتی نوێژ خوێندنیشی خۆش بووە، كاتێ جێگەی (رجیم) و (رحیم) ی لە نێو فاتیحاكاندا لێ دەگۆڕا.

چونكە خودا لەو دونیادا، لە سەر ئەوەی لە دڵی مرۆڤەكاندایە حسابمان لە گەڵ دەكات، نەوەك ئەوەی چەند ئایەت و چەند سوڕەتت لە بەرە یان نا! چیت پۆشیوە و چیت نۆشیوە. چوویتە دەرێ یاخود تەنها لە گۆڕی چوار دیوارەكەی ماڵەوە ژیاویت تا ڕۆژی مەرگ. خودا یەك خودایە و جولەكە و موسوڵمان و تەنانەت بێ باوەڕ و گاپەرستێكیش لە سەر دڵ و دەروونی سزا دەدات، نەوەك لە سەر چی پۆشین و چی نۆشین.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button