بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان ناگۆڕ(در)ێت؟
پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) باوەڕی وایە، لە ڕووی ستراتیژییەوە بوونی خۆی بە پەیوەندی بە دوژمنانی کورد و کوردستانەوە دەبینێتەوە.
فەریدە ئالکان
تا دێت باشتر ڕوون دەبێتەوە و هەموو کەسێک لە درکی ئەوەدایە کە هێڵی نۆکەریی-خیانەتکارانەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە دامەزراوەییکردنی ئەو هێڵە لە کوردستاندا، تەگەرەی سەرەکییە لەبەردەم سەرکەوتنی شەڕی ئازادیی٥٠ ساڵە دژ بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، فاشیست و کۆمەڵکوژکار. هەموو کورد ئاگادارن کە ئەگەر خیانەت لە نێو کورد دا نەبووایە، واتە ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنگریی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد ببووایە یان لانیکەم لە ئاست دوژمنانی گەلی کورد دا بێلایەن ببووایە، ئەوا تا ئێستا سەدان جار سوپا و دەوڵەتی داگیرکەری تورک شکستی هێنابوو. تەنانەت ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی بەسەر گەلی کورد و مرۆڤایەتییدا وەک گەورەتریین بێڕێزیی، ناهەقیی و ستەم لە مێژوودا سەپێنرا، ڕووینەدەدا. لە هەلومەرجی هەنوکەییدا، دۆخی داگیرکراویی عەفرین، ئاوارەبوونی سەدان هەزار کورد و داگیرکارییەکی وەها قورس و هێرشی کۆکوژییلە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و لە باشووری کوردستان بە گشتیی، بۆ ئەو پێکهاتەی نۆکەرایەتیی و خیانەتکارییە دەگەڕێتەوە. کاتێ زیاتر لێی وردبینەوە، نەبوونی نوێنەرایەتییەکی هاوبەشی کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا، نەبوونی نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاوا کە ئیرادەی گەلی ڕۆژاڤایە و مرۆڤایەتی لە بەڵای داعش ڕزگار کرد، لە جنێڤ یان ئاستانە، بەرپرسە سەرەکییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانە. کاتێ دەوڵەتی تورکی فاشیست و قڕکەر کە دوژمنی کورد و کوردستانە، بە پێداگرییەوە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و پرسی کورد لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییدا لە یەک جیا دەکاتەوە؛ تەنانەت دەستەواژەی ‘ئێمە کێشەی کوردمان نییە، کێشەی پەکەکەمان هەیە’ ئەوە بۆ ئەو هاوپەیمانییەی دەوڵەتی تورک لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو شەڕە تایبەتەی لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجامی دەدەن، دەگەڕێتەوە.
کێشەکە، کێشەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و گەلی کوردە، باشە بە کێشەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان کە خەنجەرێکی داگیرکەرە لە پشت گەلی کورد دراوە، چۆن چارەسەر بکرێت؟
بەشێک و لە ڕا سیتیشدا بەشێکی بەرچاو لە گەلی کورد، ئەو کێشەیە وەک کێشەیەکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و گەلی کورد نابینن. بە بۆچوونی ئەوان، کێشەکە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستاندایە، هەر بۆیە بە پێویست دەبینن کە چارەسەریەکەش لە نێوان ئەو دووانەدا بێت. ڕاستییەکەشی ئەوەیە بە ئاگاییەوە بێت یان بێئاگایی، بینینی کێشەکە بەو شێوەیە یان قسەکردن بەم شێوەیە، بە کەڵکی دوژمنانی کورد و بەتایبەت دەوڵەتی فاشیستی تورک دێت و خزمەتی شەڕی تایبەتی ئەوان دەکات. جگە لەوەش بە قازانجی پارتی دیموکراتی کوردستان دێت و زەمینەسازە بۆ قووڵکردنەوەی هێڵی خیانەت و تێوەگلانی کەسانی دیکە و لانیکەم ڕەواییدانە بەهەندێ کەس بۆ ئەو کردەوانە. هەر بۆیە هەم پارتی دیموکراتی کوردستان و هەم دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و فاشیست بە پێداگرییەوە ئەو کێشەیە وەک کێشەی نێوان پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان زەق دەکاتەوە.
دەمەوێت بە پێداگرییەوە ئاماژە بەوە بکەم کە؛ پێناسەکردنی کێشەکە بەم شێوەیە ستراتیژیەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە مەگەر بەو شێوەیە، ڕابردووی خۆی لە بیر بباتەوە، سوود لە کوردایەتیی وەربگرێت، باڵادەستی سیاسیی خۆی بەسەر هەرێمەکەوە بپارێزێت و خۆی بکاتە کەرەستەی سەودا و مامەڵەی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی و ڕەوایی خۆی لەو مەیدانەدا بپارێزێت. هەرچی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و فاشیستە، بۆ پەردەپۆشکردنی سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد، بە جیاکردنەوەی پرسی کورد و پەکەکە لە یەک و پەردەپۆشکردنی شەڕی چەپەڵی پەنجا ساڵە بە ئاگاییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک کارت (!) بەکار دەهێنێت و لە ئەنجامدا هەوڵی پێکدادانی نێوان پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان دەدات و ئەو سیاسەتەشی قووڵتر دەکاتەوە.
ئەو سیاسەت و پاساوەی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک دەبێتە هۆی ئەو کێشەبوونەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێو ڕایگشتییدا وەک بابەتێکی تەمومژاوی لێی بڕوانرێت کە خۆی لە خۆیدا ئامانجەکەی ئەوەیە. بەو پێیە، دەبێتە هۆی ئەوەی گەلی کورد بەکێشەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی وەک هێڵێکی خیانەت کە بەسەر گەلی کورد دا سەپێنراوە بۆ چارەسەر نەبێت و هەڵوێستێکی ڕادیکاڵ و زۆر ڕوونی نەبێت. دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو کێشەیە وەک کێشەیەکی ناوچەیی نێوان ئەو دوو لایەنە ببینێت، هیوای چارەسەرییبە هەنگاوی هاوبەشی هەردوو لایەن ببەستێتەوە و لە هەمووی گرنگتر هیوای بەوە بێت کە گۆڕانکاریی ڕووبدات، یان یەکێتیی ساز ببێت. مخابن، ئەو تێگەیشتنە لە هەموو بوارەکاندا، بنەمای بەردەوامیی هێڵی خیانەت و سیاسەتی نۆکەریی لەگەڵ دوژمنانی گەلی کورد خۆش دەکەن.
ڕایەڵەی ئۆنتۆلۆژیانەی دوژمنایەتیی گەلی کورد
هیچ شتێک لەوە مەترسیدارتر نییە کە کێشەکە وەک کێشەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە ببینرێت و بەڕێی هەنگاونانی یەکتر چاوەڕێی چارەسەر بکرێت. چ جا بیرکردنەوەی بەم شێوەیە، سەر دەکێشێت بۆ نەزانین یان پشتگوێخستنی هێڵی خیانەتی مێژوویی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەیوەندیی ئۆنتۆلۆژیانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دوژمنانی کورد و واوەتریش، ڕەواییدان بە هێڵی خیانەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و خزمەتکردنە بەو هێڵە. لە لایەکی تر، چاوەڕوانییەکی ساختە یان لە باشتریین دۆخدا چاوەڕوانییەکی خەیاڵپڵاویی یان خۆ خەڵەتاندنە. لەبەر ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە لەلایەن دوژمنانی کوردەوە شێوەی پێدراوە، هەرگیز نێوان کورد ناگاتە چارەسەر، ئەگەر چارەسەریش بهێنێت ئەوە بەپێی دوژمنانی کورد دەبێت. ئەوەش مەحاڵە و نا واقیعییە. لەوانەیە بڵێیت کە پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە لەسەر بنەمای “یەکێتیی نەتەوەی دیموکراتیک” ئەوەیان کرد و لە هەولێر کۆبونەوەیان ئەنجام داوە. بەڵێ ڕاستە ئەوەیان کرد چونکە دەوڵەتی تورکی فاشیستی قڕکەر و سەرۆکە دیکتاتۆرەکەی (ئەردۆغان)، بەڵێیان بۆ کرد. کەی ئەردۆغان مێزەکەی قڵپ کردەوە، کەشی یەکێتیی نەتەوەییش لە هەولێر هەڵوەشایەوە.
لێرەدا مەسەلەی سەرەکیی شێوازی بوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەرەنجامە مێژووەکەیەتی. بۆ ئەوانەی ئەمە دەزانن، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کوردستان جێی مشتومڕ نییە و ئەو هەڵەیەی کە دەڵێت کێشەکە لە نێوان پارتی و پەکەکەدایە، تەنیا پاساوێکی شەڕی تایبەتە و چەلەحانێیەکە کە مایەی پێکەنینە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکدا دەستی بە هێرش کرد
ئەوانەی چاوێک بە مێژووی دوور و درێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بخشێنن، دەزانن لە دوای ساڵی ١٩٩٢ەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەرامبەر پەکەکە دەستی بە کێشە و سیاسەتی کارای دوژمنایەتیی کرد و بەوەش سیاسەتی ئیمتیاز وەرگرتن و خۆبەقبوڵدانی لە ئاست دەوڵەتی تورک پەیڕەو کرد، ئەوەش ئەنجامی سیاسەتێکە کە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەروبەندی جەنگی کەنداودا پەرەیپێدا. ئەمریکا هەتا دوایی پارتی دیموکراتی کوردستانی بە دەوڵەتی تورک بە قبووڵکردندا، لەبەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕی پەکەکە بکات و دژایەتیی بوونی بکات. دەوڵەتی تورکی فاشیست لەبەرامبەر پاڵپشتییکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان تا دوایی شەڕی لەناوبردنی پەکەکەی کرد، ڕازی بوو کە واز لە پێناسەی عەشیرەت بهێنێت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، دانی بەوەدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتەیەکی سیاسیی کوردییە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا. وەک مەرجێکی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٩٢، پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەیلوولی ١٩٩٢ ەوە، بێ پسانەوە لە دژی پەکەکە شەڕ دەکات، پەنا بۆ هەموو ڕێبازێکی پاکتاوکردن دەبات، لە ڕێی دیپلۆماسییەوە درێژە بە هەوڵەکانی دەدات بۆ تیرۆریزەکردنی پەکەکە، بە دڵ و گیان لەگەڵ دەوڵەتی تورک کار دەکات بۆ پاشەکشەکردن بە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، لە باشووری کوردستاندا هاوکاریی دەوڵەتی تورک دەکات بۆ سازکردنی دەیان سەربازگە، بەڕێی مافیاگەرانە ئەو نەوتەی کە موڵکی گەلەکەمانە لە باشووری کوردستان، بە دەوڵەتی تورکی فاشیست دەفرۆشێت. پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو جۆرە ئاسانکارییەک بۆ دەزگای هەواڵگریی تورک-میت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی دەست بەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سیاسیی ئەو پارتەدا بگرێت. نەک هەر هیچ کێشەیەک نابینێت کە باشووری کوردستان بکاتە ناوەندێکی لەشفرۆشیی بۆ دەزگا هەواڵگریی، کۆنترا، سەرباز و بیرۆکراتان، بەڵکوو بە ئەرکی خۆیانی دەزانن خزمەتگوزاریی تایبەت پێشکەش بکەن بۆ دڵنیایی کردنەوەیان. بەر لە ساڵی ١٩٩٢ لایەنگریی گەلی کورد نەبووە
باشە پارتی دیموکراتی کوردستان بەر لە ساڵی ١٩٩٢ چۆن بوو، تا چەند پشتیوانیی گەلی کورد بووە، بەدوای بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردەوە بووە؟
ئەوانەی بە جددی دەیانەوێت لەم بابەتە تێ بگەن، هەر نەبێت، پێویستە وتارە تووڕەکەی دکتۆر قاسملوو لەسەر خیانەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆڵیان لە کۆمەڵکوژییەکەی ١٩ی ئابی ١٩٨٠ ڕۆژهەڵاتی کوردستان باش هەڵسەنگێنن و پێشنیار دەکەم کە نووسینەکانی لەو بارەیەوە بخوێننەوە. پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکەین چی بەسەر شۆڕشگێڕی گەورەی کورد سلێمان موعینی هات، دەبێت گوێ لە هەڤاڵەکانی بگرین، دەبێت بزانین چیرۆکی پێشمەرگەی ڕاستەقینەی کورد عەلی عەسکەریی چۆن بووە، پێشنیار دەکەم لێکۆڵینەوە لە پیلانگێڕیی کوشتنی دکتۆر شڤان بکەن کە ئاستی پێشەنگایەتیی تێکۆشانێکی باڵای گەلی کورد بوو. سەیری ڤیدیۆی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان ساتی باوەشگرتنی سەددام حسێن بکەن لە دوای کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە، پێشنیار دەکەم لەو کەسانە بپرسن کە هێشتا لە ژیاندان و لەوانەوە ببیستن کە پارتی دیموکراتی کوردستان چۆن بووە کەواسوری بەرلەشکری سوپای عێراق بۆ گرتنی شاری هەولێری ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجامی ڕشتنی خوێنی نیشتمانپەروەرانی کورد. بەو لێکۆڵینەوە کورتە لەسەر مێژووی ئەم دواییە دەردەکەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە کێشەی لەگەڵ گەلی کورد و ئەو پارتانە هەبووە کە تێکۆشانی ئازادیی بەڕێوە دەبەن و ئەوەش زۆر پێش لە دامەزراندنی پەکەکە بووە. بە دوور لە هەر دەماگیریی و کاردانەوەیەک، وەک ئاماژەیەکی زانستییانە دەتوانم بڵێم؛ پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە، پێکهاتەیەکی زهنیی و بنەماڵەیی و بەرژەوەندیی تەنگە، ڕایەڵەی خۆی بە دوژمنانی گەلی کوردەوە بەستووەتەوە، بە پێویستی دەبینێت لەگەڵ ئەواندا پەرە بە هاوکاریی ستراتیژیی بدات و بەو پێیەش سیاسەتی دوژمنکارانەی پەرەپێبدات.
پارتی دیموکراتی کورەدستان نەک تەنیا لە پای پەیوەندییە خیانەتکارییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکی فاشیست دژ بە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان، بووەتە هۆکاریی شکست بۆ کوردستان و گەلی کورد، بەڵکوو دەبێت پەیوەندییە خیانەتکارەکانیان لەگەڵ هەردوو ڕژێمەکانی شا و خومەینیش بزانرێت کە بووە هۆی باجی قورس بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە و هەزاران ژن و پیاوی شۆڕشگێڕی خەڵکی ڕۆژهەڵات کە لە زیندانەکان توندبکرێن، ئەشکەنجە بدرێن، لە سێدارە بدرێن، بکوژرێن، ئەوانی هێنایە دۆخێکەوە لە بوونیان بە پەنابەر کە نەتوانن چالاکیی گەریلایی ئەنجام بدەن. داخۆ چەند زانستی، واقیعی و ئەخلاقییە کە ئەوانە هەمووی لە یاد بکەین و لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پەیوەندی بەرژەوەندیخوازەکانی ئێستای لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورکی فاشیست وەک دەرەنجامی نا کۆکیی سیاسیی لەگەڵ پەکەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟ ئایا ڕابردووەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاد دەکرێت؟ باشە لە یادکردن خۆی لە خۆیدا خیانەت نییە؟
سەبارەت بە پێکهاتەی ئەدگاری پارتی دیموکراتی کوردستان
بە شیکردنەوەی پێکهاتەی ئەدگاری پارتی دیموکراتی کورەدستان دەکرێت وەڵامی پرسیاری ‘بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان ناگۆڕێت؟ ‘ بدرێتەوە. بۆیە دەڵێم مخابن پارتی دیموکراتی کوردستان ناگۆڕ (در) ێت. دەتوانین لە ژێر چەند سەردێڕێکی بەرچاودا لە هۆکارەکان بکۆڵینەوە؛
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە هۆی ئەو زیهنیەت و فۆرمەی کە هەیەتی و ئەو شێوەیەی پێدراوە، ناتوانێت بگۆڕ (در) ێت. پارتی دیموکراتی کوردستان، بەو عەقڵیەت و فۆرمەی ئێستایەوە، وەک پێکهاتەی دەوڵەتی بنەماڵەییە، پێوەرێکی دیموکراتیک، ئازادیخواز، هاوچەرخی نییە، بێ ئاگا لە چەمکەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە دەژی، لەسەر بنەمای خانەدان، گواستنەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ، لەسەر بنەمای سەروەریی بنەماڵەییە و و پێکهاتەیەکی پیاوسالاریی هەیە، پێکهاتەیەکە کە گوزارشت لە ئامێری سەرمایەداریی دەکات. پیتەکانی کورتکراوەی پارتی دیموکراتی کوردستان KDP، (د) واتە سەرەتا وشەی” دیموکرات” ئەوەندە وشەی دیموکراسی بە شێوەیەکی ساختەکارییانەیە کە ئیمپریالیستەکان بۆ ناونانی ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی داگیرکارییانەیان بەکاری دەهێنن. وەک ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی دەوڵەتی تورکی فاشیست لە داگیرکردنی شارە کوردییەکانی وەک عەفرین و سەرێکانێ کە بە “چڵە زەیتوون” و ” کانی ئاشتیی” ناوی لێنابوو. بە هەمان شێوە بۆ پیتی (ک) واتا کوردستانیش هەمان شتە. پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە کوردستانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە بارزانیی بوونەوە هەیە. لە لایەکی تر ناتوانێت وەک پارتێک مامەڵە بکات کاتێ پێکهاتەیەکی هەبێت کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەمیشە لە باوکەوە بۆ کوڕ مابێتەوە، دەستڕۆیی و دەسەڵاتی یەکەمی بداتە ئەندامانی خێزانەکەی لە هەموو میکانیزمەکانی بڕیاردان و بەڕێوەبردندا. بۆیە پیتی (پ) وەک کورتکراوەی پارت، هیچ واتایەکی نییە.
مەگەر بە میرنشینێکی بچووێنین!…
ئەگەر وەک گەلێک بمانەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان لە جێیەکی مێژووی خۆماندا دابنێین، مەگەر بە پێکهاتەیەکی خێڵەکیی و میرنشینێکی بچووێنین. ئەگەر بە میرنشینێکی بچووێنین هەڵە نابێت کە لە زۆر ڕووەوە بە میرنشینی بەدرخانییەکانی بچووێنین. جێی خۆیەتی کە بنەماڵەی بارزانیی لەسەر ئەو بنەمایە پێناسە بکرێت. لانی کەم دەکرێت لێکچوونێکیان هەبێت لەگەڵ بەدرخان بەگ لە ڕووی پەیوەندییە بەرژەوەندیخوازەکانی لەگەڵ دوژمنانی گەلی کورد یان شێوازی سیاسەتکردنیان لەسەر ئەو بنەمایە. هەروەک چۆن عوسمانییەکان بە هاوکاریی بەدرخان بەگ سەرەتا میرنشینە کوردییەکانیان لە ناوچەکەدا لەناوبرد، بە تایبەتیی بدلیس، هەکارییان، خوشاڤ (مەحمودیان)، دەوڵەتانی داگیرکەری تورک، ئێران و عێراقیش بە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی ٦٠ ساڵە هەوڵی لەناوبردنی پارت و بزووتنەوە کوردییەکانی دیکە دەدەن. هەروەک چۆن عوسمانییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بەڵێیان بۆ داواکارییەکانی بەدرخان بەگ کرد و دەستیان لە ئیمتیازەکانیان نەدا، تەنانەت چاویان لە بەرەوپێشبردنی ئاستی خۆشگوزەرانییان لە ناوچەکەیان و فراوانکردنی خاکەکەی داخست، چونکە هاوکارییان کردن لە لەناوبردنی هەموو میرنشینە کوردییەکان و وەک مقاشێک لە دژی میرنشینەکانی تر بەکاریان هێنا. دەوڵەتی تورک قڕکەر ئێستا پشتگیریی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. هەمان ئەو کارە ئەنجام دەدات، بەڵام بە دایکانی کوردیشەوە، هەموو گەلی کورد، لە هەمووانیش زیاتر ڕێبەرایەتییمان و پارتەکەمان وەک چۆن هەمیشە وشیاریی دەدات، لەوەی ئەگەر بەو شێوەیە بچێت، پارتی دیموکراتی کوردستان دواجار هەمان چارەنووسی بەدرخان بەگی دەبێت و پاش خزمەتکردنی دوژمنانی کوردستان-کورد، کۆتاییان پێدێنن. کێ دەزانێت، لەوانەیە یەزدانشێری پارتی دیموکراتی کوردستان وەک زاوا- کوڕەزا زۆر پێشتر ئامادە کرابن.
مەگەر هیچ لێپێچینەوە لەوە نەکرێت؟
سیاسەتێک کە پشت بە دوژمنانی گەل و نیشتمانەکەی ببەستێت، سیاسەتێک کە هێرش بکاتە سەر گەل بە هاوکاریی دوژمنان، هێزی خۆی لە پشتبەستن بە دوژمنانەوە بێت، هەرگیز ناتوانێت سیاسەتی حیزبێکی گەل، حیزبێکی دیموکرات و یان تەنانەت ناسیۆنالیست بێت. تەنیا دەکرێت عەقڵیەت و سیاسەتی میرنشینێک بێت کە لەسەر بنیاتێکی بنەماڵەیی و بەرژەوەندیی خانەدانیی دامەزرا بێت. ئەم پێکهات و بنیاتە گەل ناناسێت، دانی پێدا نانێت، تەنانەت متمانەی بە گەل و هێزی خۆیشی نییە، خەڵک وەک ڕەعیەت یان غوڵام (کۆیلە) ی خۆیان دەبینن، سووکایەتییان پێدەکەن و بە چاوێکی نزم سەیریان دەکەن، خەڵک و هەموو شتێکی ئەو خەڵکە وەک موڵکی خۆیان دەبینن و دەیخەنە خزمەتی خۆیانەوە. لە کاتێکدا خەڵک لە نەداریی و هەژارییدا دەژین، بەڵام ئەوان ئەوەندەیان موڵکی تایبەت کەڵەکە کردووە، تەنیا بۆ ئەوەی بکەونە ڕیزی دەوڵەمەندترینەکانی جیهانەوە. لە کتێبەکانیاندا شتێک بەناوی بەرژەوەندیی گشتیی، خۆشگوزەرانی گشتیی، یان دابەشکردنی دادپەروەرانە نییە و هەموو شتێکی گەلیان بۆ حیسابی بنەماڵەکەیان تایبەت کردووە. بەئاگاییەوە، چینێکی دەوڵەمەندیان لە لایەنگرانی خۆیان دروست کردووە، جەماوەری برسیش هاندەدرێت بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن، کۆمەڵگەش بە ساختەکاریی بازاڕی ئازاد، بازاڕی گشتیی بەڕێوە دەبەن. هەرچەندە هەمووی سەر بە بنەماڵە و گروپێک لە لایەنگرانیانن. بەو پێیە وەگەڕخستنی سەرمایە کە هەموو ڕایەڵەکانی بە دەست بنەماڵەی خانەدانەوەیە، زەحمەتی خەڵک وێرای ئیستغلالکردنی ڕەنجی، لەو گێژاوی نەهامەتییەدا، بە ئومێدی ساختە سکەخشکەی پێدەکرێت.
لە دۆخی هەنوکەییدا، مەگەر واقیعی ئەو هەرێمە، لە لایەک دەوڵەتی خانەدان-بنەماڵە، لە لایەکی تر بازاڕی سەرمایەی هەرێمی بارزانیی یان هەرێمی ئیدارەی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە؟ ئەمە چۆن دەکرێت سوود بە گەلی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان بگەیەنێت؟ ناکرێت لێپێچینەوە لەوە بکرێت؟ ئایا لێپێچینەوە ناکرێت کە ئایا هەزاران پێشمەرگەی شەهید، نزیکەی نیو سەدە لە خەبات، قوربانیی لە ژمارەنەهاتووی خەڵک، مەگەر بۆ ئەو بنەماڵەیە و بازاڕەکەی بووە کە وەک قاروون هەڵئاوساون؟ مەگەر ناچارکردنی کۆچیی بەردەوام بە هەموو دونیادا، لە کاتێکدا ئەو هەرێمە لە دەستی دوژمن ڕزگارکرا و بە شێوەیەکی بەشیش بێت ئازاد کرا و سەرچاوەی دەوڵەمەندەی ژێر زەوی و سەرزەوی بەشی خەڵکەکەی دەکات، ڕەخنە نەکرێت و بەر نەفرەت نەدرێت؟ مەگەر داوای ڕوونکردنەوە و حیساب پرسینەوە نەکرێت لەسەر ئەو گەنج، ژن و منداڵانەی باشوور کە لە دەریای ناوەڕاست و ئیجەدا بوونە خۆراکی ماسی و لە سنوورەکانی بێلاڕووسدا لە سەرما ڕەق بوونەوە؟ ئایا ئەو ستەمەی لە خەڵکی حەفتەنین، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دەکرێت کە ناتوانن بچنەوە گوند و سەر خاکی خۆیان، بەراورد دەکرێن بەو کەسانەی ڕێگە بەوە دەدەن؟
کوردی هەژار، لە باشووری دەوڵەمەند دا
لەژێر دەسەڵاتی بارزانییەکاندا کە بە دەوڵەمەندتریین کەسانی جیهان دادەنرێن و خاوەنی گەورەتریین وەبەرهێنانن نەک لە هەرێمەکەی خۆیان بەڵکوو لە شارە گەورەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و زیاترین ژمارەی کرێکاریان هەیە، بەڵام بۆچی خەڵکی ئەو هەرێمە ئەوەندە پەرێشانن، وڵاتەکەیان بەجێدێڵن و لە وڵاتانی تر دەبنە پەنابەر؟ بۆچی لە نێو بازاڕەکانی لەشفرۆشییدا باسی هەولێر و دهۆک دەکرێت؟ بۆچی زیندانەکانی ژێرزەمین سەردەمی ڕژێمی سەددام خوێنمژ بۆ لەناوبردنی کورد دروستیان کرد، لەبری ئەوەی دابخرێن یان بکرێنە مۆزەخانەی شەرمەزاریی، بەڵام ژمارەی زیاتر بووە و پڕکراون لە ڕۆژنامەوان، ڕۆشنبییر و شۆڕشگێڕی کورد؟
هەندێک کەس هەیە سامانی ماددیی بارزانییەکان بە کەڵەکەبوونێکی سروشت و بەخشندەی خودا دەبینن و بە هیچ شێوەیەک هەست بە پێویستی ناکەن کە گومان لەوە بکەن. لەوانەیە ئەوە بە نیعمەت بۆ کوردایەتیی بزانن. وای دەبینن؛ بنەماڵەیەک ناوی کورد بێت و بە کورد بناسرێت، لە دەوڵەمەندتریین کەسانی جیهان بێت، قازانجێکە بۆ کوردایەتیی. لە دۆخێکی وەهادا، دیارە ئەو کەسانە، بە سووکایەتی دەزانن کە ڕێبەرایەتییمان لە ڕووی ئابوورییەوە خاوەنی هیچ نییە. لەبەر ئەوەی ڕێبەرایەتییمان و بنەماڵەکەی هیچ پاشەکەوتێکی ئابووریی و ماددییان نییە. بەڵێ، کەسێک کاریگەریی لە هەموو جیهان کردووە، کوردستانی سەرلەنوێ داڕشتەوە، ٥٠ ساڵ ڕێبەرایەتیی کورد دەکات و ڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی، لە ڕووی داراییەوە هیچی نییە. ئەگەر لەو زیندانەی ئەشکەنجە دەدرێت، پێویستی بە قەڵەم بووبێت کە ٢٥ ساڵە زیندانییە، تەنیا خەڵک یان بزووتنەوەکەی دەیتوانی بۆی بنێرن، چونکە پارەی لەسەر حیسابی خۆی نییە بۆ کڕینی قەڵەمێکیش. هەرچەندە ٥٠ ساڵە ڕێبەرایەتیی خەڵکی کوردستانە، بەڵام ئەو خێزانەی ئێمە پێی دەڵێین خێزانی ناوکی، تا ئێستاش یەکێکە لە خێزانە هەژارەکانی کوردستان. بوونی بە ڕێبەرایەتیی پەکەکە، هیچی لە ڕووی داراییەوە بۆ خێزانەکەی نەهێنا. ئەوانەی بەدواداچوونیان کردبێت دەزانن لە یەکێک لە دیدارەکانیدا، ڕێبەرمان بە محەمەدی برای گووت: لەو ماڵەی گوندەکەمان دەربچن، ماڵی خەڵکە نەک ماڵی تۆ. گوتیشی: ” پڕی بکە لە کتێب و وەک ماڵی گشتیی بەکاری بهێنن”. بە واتایەکی تر ئەو خانووەی هی خێزانەکەی بوو، ئەوەشی کردە موڵکی گشتیی. ئایا ئەمە سروشتییە یان ئەوەی کە وەک بەخشندەی خودا دەبینرێت؟ بێگومان نا. لەگەڵ ئەوەی پەکەکە لەم دۆخەی ئێستایدا، ئەو هێزە جەماوەریی، هێزە سیاسیی و هێزە ئابوورییەی هەیە، بەڵام هیچ ئەندامێکی پەکەکە، لە سەروویانەوە ڕێبەری پەکەکە و هیچ دامەزرێنەرێکیی، سەرمایەی تایبەتیان نییە و ناتوانن هەیانبێت. بە واتایەکی تر، بارزانییەکان و بەو پێیە پارتی دیموکراتی کوردستان چەندە پیاوسالار، بنەماڵچیی، تاکڕەو و بە موڵکی تایبەتییانەوە دژ بە کۆمەڵگەن، ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە ئەوەندە لایەنگری گەل، کۆمەڵگە و شۆڕشگێڕە.
بە کورتیی لە نێوان سەرمایەداریی فیۆداڵ و سۆسیالیزمی دیموکراتییدا جیاوازییەکی گەورە هەیە. بەهۆی ئەو ڕاستییە ڕووتەوە، ئەو جیاوازییە گەورەییەی زیهنیەت و پێکهاتە ئەخلاقییەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان ناگۆڕ (در) ێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان باوکی خیانەتکارییە
هۆکاری دووەمی نەگۆڕی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی بە پێکهاتە ئۆنتۆلۆژییەکەیەوە هەیە. هەروەک چۆن لە سەرەوە ئاماژەم بە بە شتێک کرد؛ پارتی دیموکراتی کوردستان، بوونی خۆی بە بوونی دوژمنانی گەلی کورد و کوردستانەوە، بە بنەمایەکی ستراتیژیی بۆ بوونی خۆی دەزانێت، باوەڕیشی بەوەیە. بەڕاستیش باوەڕی بەوەیە، دەیان ساڵە لەسەر بنەمای ئەو باوەڕییە ئەوە دەکات و خۆی لەسەر پێ هێشتووەتەوە، پێیوایە هەندێک دەستکەوتی بەدەستهێناوە و بە ئەنجامدانی ئەو کارە بەهێز بووە، هەرگیز بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا ناڕوات. وای دەبینێت ڕۆیشتن بە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیە دەبێتە هۆی تێکدان، نەمان و کۆتاییهاتنی. بە پێی ئەو زیهنیەتەی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە قاڵب داوە و بە ڕۆژی ئەمڕۆی گەیاندووە، ناتوانن ئەوەی هەیانە بیپارێزن، لانیکەم بەبێ پشتبەستن بە چەند دەوڵەتێکی ناوچەکە یان بە بێ سەودا و مامەڵەکردن بە بەشێکی کوردستانەوە. بەپێی ئەو عەقڵیەتە، سیاسەت مەسەلەی سەودا و مامەڵەیە لە کوردستان کە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، سەودا و مامەڵەی بنەماڵەیی تەنیا بە باشتریین بازاڕی دەتوانێت بپارێزێت، ڕێگەی ئەو کارەش ئەوەیە؛ بە لایەنی کەمەوە پشت بە یەک یان دوو دوژمنی گەلی کورد ببەستن و بەو شێوەیە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن. لەبەر ئەوەی بەو شێوەیە بییر دەکەنەوە، هیچ زیانێک نابینن لە بەبازاڕکردنی بەشەکانی تری کوردستان و ڕێکخستنەکانیان، بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان بۆ ماوەی دەیان ساڵە. بە پێچەوانەوەوە، ئەوە وەک ئەلف و بێی سیاسەت تێدەگەن و جێبەجێی دەکەن. بۆ ئەوەشە پەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دوژمنەکانی کورد ناگۆڕێت، چونکە ئەوە پەیوەندی بە پێکهاتە ئۆنتۆلۆژییەکەیەوە هەیە. چاوەڕوانی یان داوای گۆڕانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو کێشەیە، وەک ئەوە وایە چاوەڕوانی بوومەلەرزەیەک بێت لەو بناغەیەی بوونی خۆی لەسەر دەبینێتەوە. بەتایبەتیش، نا واقیعییە چاوەڕێ بکرێت پەیوەندییە سەربازیی، ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ٣١ ساڵی ڕابردووی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بگۆڕێت. هەرکەسێک کەمێک ئاگایی سیاسیی هەبێت بیەوێت یان نا، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەی خۆی زیاتر باوەش بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا دەکات و شەڕانگێزتر دەبێت بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک.
عەقڵی ئەوانەشی چووەسەر کە خیانەتیان لە پەکەکە کردووە
ئەوانەی ئاماژەم پێکرد، ئەو هۆکارانەن کە پەیوەندی بە فەلسەفەی دامەزراندن یان بنەمای بوونی پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە. هۆکاری سێیەم بۆ نەگۆڕان و بە تایبەتیی پێناسەکردنی وەک هۆکارێکی کاریگەر بۆ هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرامبەر پەکەکە، لەوانەیە، بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەکی دیکە لەسەر ئەو کێشەیە گرنگە. جگە لە پێکهاتەی عەقڵیەتی نەریتیانەی پارتی دیموکراتی کوردستان، شێوازی خوێندنەوەی سیاسەت لە لای پارتی دیموکراتی کوردستان، عەقڵیەتی ئەو کەسانەشی لێ زیاد بووە کە ساڵانێکی زۆرە خیانەتیان لە پەکەکە کردووە، فاکتەرێکە ناکرێت پشتگوێ بخرێت و بە لەبەرچاوگرتنی، ڕەنگە بە لایەنی کەمەوە بەشێکی دوژمنایەتی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بە پەکەکە ڕوون بکاتەوە. بەو مانایە دەکرێت بگوترێت؛ پارتی دیموکراتی کوردستانی جگە لە پێکهاتەی نۆکەرە نەریتیەکەی، بە تەواوی لە خیانەتدا غەرق بووە، چونکە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن ئەو کەسانەی خیانەتیان لە پەکەکە کردووە و لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورک- میت، ناوەندی شەڕی تایبەتیی دەوڵەتی فاشیستی تورکەوە، ئاو دەدرێن و ئەو کەسانە تاودەر و بێبەشن لە لۆژیکی تەندروست تا ئەو ئاستە کوێر بوونە، وەک ئەوەی دەعوای خوێنیان لەگەڵ پەکەکە هەبێت. بییر لە حاڵەتی دەروونی خیانەتکارێک بکەرەوە، بییر لە کەسانێک بکەنەوە کە چەندین ساڵ لە نێو ڕێکخستنێکدا بوون کە باوەڕیان پێی بووە، ڕۆژێک هاتووە کە خیانەتیان لێکردووە، باوەڕ و ئاراستەیان بەرامبەر شۆڕش و سەرکەوتن لەدەستداوە، هەڤاڵەکانیان، دۆزەکەیان و ئابڕومەندییان لە پێناو لاوازییەکدا لەدەستداوە.
ئەوانە – و بە ژمارەیەکی بەرچاو – پەیوەندییان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد، بوون بە ڕاوێژکار بۆ ئەو پارتە، چوونە ناو میکانیزمەکانی بڕیاردانیانەوە، بوونە بەرپرسیاری پڕوپاگەندەکردن، بوونە ڕاهێنەر لە ئەکادیمیاکانیاندا، بوونە فەرماندە لە سوپاکەیان و ئەفسەر لە دەزگا هەواڵگرییەکەیدا. تووڕەیی و کینەی خیانەتکارێک لەبەرچاو بگرن بەرامبەر بەو بەهایانەی خیانەتیان لێکردوون، بیهێننە بەرچاوی خۆتان چەندە دەیەوێت ئەو بزووتنەوەیەی خیانەتی لێکردووە شکست بهێنێت و چۆن هەوڵدەدات ئەوە بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ڕەوایی بە شکستی خۆی بدات. لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە ژمارەیەک لە کەسی لەو جۆرە پاڵیان بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوەدا و بێ پسانەوە هەڵگریی سایکۆلۆژییەت و وزەی خیانەت بوون و گوڕ بە عەقڵ و زیهنیەتی خیانەتکاریی دەدەن. ئەوەش لە بەرچاو بگرن کە ئەو عەقڵیەتە سەرچاوەی سەرەکیی خۆراکدانە بە میت، دەزگایەکی هەواڵگریی دەوڵەتێک کە بەرپرسیارە لە کوشتاری بە کۆمەڵ کە پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە بە ڕێکخراوێکی پاشکۆی خۆی. لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دەبینرێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هێڵی نۆکەریی کلاسیکی واوەتر، گۆڕاوە بۆ پێکهاتەیەکی هاوشێوەی ژیتەم- JİTEM. گەلەکەمان لە باکووری کوردستان و لایەنگرانی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان، دەزانن ژیتەمێک کە پێکهاتبوون لەوانەی خیانەتیان لە پەکەکە کرد، ئیعترافییان کردبوو و بووبوونە کۆنترا، چییان بەسەر گەلی کورد دا هێنا. ئەوانەی ئەو ڕاستییە نازانن دەتوانن بە ئاسانی دەستیان بەو کتێبە بگات لەسەر ئەو دانپێدانانەی کە ساڵانی دواتر، ئەندامانی ژیتەم -JİTEM کردوویانە. دەکرێت لەو سەرچاوانەی ژیتەم JİTEM، لە لێکۆڵینەوەکانی سەر دەوڵەتی قووڵ-دەوڵەتی پشتەرپدە و لەو دانپێدانانەشەوە کە کراون، بزانن خیانەتکار دەتوانێت چی بە گەلەکەی بهێنێت!. گومان لەوەدا نییە، ئەو خیانەتکارانەی چوونەتە لای پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەمان شێوەن و بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە لەبەرامبەر یەک تاو بدەن، دەست لە ناو دەست لەگەڵ میت کار دەکەن. بیهێنە بەرچاوتان پارتی دیموکراتی کوردستان کە خیانەتکاران وەک پەناگەیەک و جێیەک بۆ دەربازبوون بۆ ناو میت پێناسەی دەکەن، دەکرێت لە پێکهاتە، دۆخی دروونیی، نیازی بۆ گەلەکەی خۆی چەندە تەندروست بێت؟ هەر ئەمەش هۆکارێکی ترە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز ناگۆڕێت، چونکە ئۆجاغی باوکی خیانەتکارانە، لەبەر ئەوەی پێیوان وایە بە پشتبەستن بە خیانەتکاران دەکرێت شتانێک بکەن، هەر بۆیەش بووەتە هێلانەی خیانەتکاران.
پێویستە هەڵوێستێکی سەرتاپاگیر لە دژی خیانەت نیشان بدرێت
لە دۆخێکدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان نەگۆڕ (در) ێت، دۆخی ئێمەی کورد چ دەبێت؟
ئەوەی هەوڵمدا بیڵێم ئەوەیە کە نابێت چاوەڕێی گۆڕان لە پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ پەکەکە ببین. کێشەکە کێشەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە نییە. نە بە شەڕی پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان و نە بە دیالۆگ چارەسەر دەبێت. دەبێت قەناعەتمان بەوە بێت و قبووڵی بکەین کە کێشەکە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و گەلی کورددایە. کێشەیەکە کە چارەسەرەکەی تەنیا لە لای گەلە. بەڵێ، گەلی کورد، ڕایگشتیی کورد، ئەکادیمیی و ڕۆشنبییرانی کورد، گەنجان و ژنان ئەگەر بیانەوێ دەتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن. چۆن؟ بێگومان بە هەڵوێست نیشاندان لە دژی خیانەت، بە ڕیسواکردنی خیانەت، بە گۆشەگیرکردنی خیانەت، بە دەنگی بەرز بگوترێت کە خیانەتکاران ناتوانن نوێنەرایەتیی بکەن لە باشوور، لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا، بە ڕاوەستان لە بەرامبەریان و بە بایکۆتکردنیان. بەم شێوەیە بە گۆشەگیرکردن و پەراوێزخستنی خیانەت و هێڵی خیانەت و لە هێزخستنیان، چونکە گەل و پێکهاتە ڕێکخراوەکەی، هێزی سەرەکییە و هیچ هێزێک لە سەرووی ئەوەوە نییە.
تاکە ڕێگە بۆ کۆمەڵگەیەک کە بە ئازادیی بژی، ڕزگاربوونێتی لە نەفرەتی خیانەت
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم؛ ئەگەر گەلێک نەتوانێت لە ناو خۆیدا زاڵ بێت بەسەر خیانەتدا، هەرگیز ناتوانێت کۆمەڵگەیەکی تەندروست بێت. لەبەر ئەوەی خیانەت نەفرەتتریین نەخۆشییە و گەورەتریین کەوتووییە. تاکە ڕێگە بۆ کۆمەڵگەیەک کە بە ئازادیی بژی، ڕزگاربوونێتی لە نەفرەتی خیانەت.
سەرچاوە:
https://firatnews.com/analIz/kdp-neden-degis-e-mez-189657