گۆشەی ئازد

ئۆجالان و ئەکادیمیا

" مرۆڤ سەرسام دەبێت بەو مەودا و وردبینییە ناوازەی ئۆجالان کاتێک بۆی ئاشکرا دەبێت کە ئەم کەسە لە زینداندا زۆربەی کارەکانی نووسیوە، بەبێ ئەوەی دەستی بە ئینتەرنێتدا ڕا بگات".

دەیڤید گرەیبەر

لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش

 

دەیڤید گرەیبەر بیرمەند و ئەنسرۆپۆلۆجیستی دیاری جیهان، لە ساڵی ١٩٦١ لە ئەمریکا لە دایک بووە و لە ساڵی ٢٠٢٠ بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە. گرەیبەر بە یەکێک لە بیرمەندە دیارەکانی زانستی ئەنسرۆپۆلۆجیا بەتایبەت ئەنسرۆپۆلۆجیی ئابووریی دادەنرێت. هەروەها سەرسامییەکی مەزنی بە هزری ڕێبەر ئۆجەلان هەیە و چەندین نووسین و توێژینەوەی لەو بارەیەوە نووسیوە، ئەمە بەدەر لەوەی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و لە نزیکەوە ئاشنای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان بووە.

مارکسیزم لە ڕێگەی گفتوگۆ و تێرمینۆلۆجییە ئاڵۆزییەکانییەوە چەشنە فۆرمێکی ڕووناکبیریی جێگرەوەی تایبەت بە خۆی ڕسکاندووە، ئەمە تەنێ لە چەند خاڵێکی دیاریکراودا لەگەڵ ئەکادیمیا یەکدی دەبڕن. ئۆجالان لە نێو ئەم جیهانەوە دازاوە، لێ تێشی پەڕاندووە و سەرپاک  بەجێی هێشتووە.

لە ڕۆژگاری ئێستادا وا چاوەڕوان دەکرێت هەر کارێکی فکری و ڕووناکبیریی دەبێت لە زانکۆکاندا شوێنی خۆی بکاتەوە، لە کاتێکدا خودی زانکۆکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دووبارە وا پێناسە دەکرێنەوە کە دامەزراوەگەلێک نین بۆ بەدەسخستنی زانست و زانیاریی. لە بەرانبەردا ئەوە ڕوون و ڕەوانە کە ئەکادیمیستەکان خوازیاری ئەوە نین ببنە بەشێک لە سیاسەت. زۆربەی ئەکادیمیستەکانی دەرەوەی زانستە سرووشتییەکان، خۆیان لە نێو دوو بەشی جیاوازدا دەبیننەوە. یەکەمیان ئەوانەن وا پێیان دەوترێت دیسپیلینەکانی هێز، ئەمە ئابووریی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە، ئەمانە ئەو کەسانەن وا بوونەتە بەشێک لە بیرۆکراسییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. لە وێنەی وەزیرەکان، دامەزراوە سیاسییەکان، بانکەکان یاخود کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان یانژی دامەزراوە جیهانییەکانی وەک یو ئێن و ئای ئێم ئێف، ئامانج لە درووستکردنی ئەمانە پشتگیرییکردنی بونیادە درووستکراوەکانی هێزە.

لقی دووەم، بە دیسپیلنە ڕەخنەییەکان ناودێر دەکرێت؛ لە تیۆرە ئەدەبییەکانەوە بۆ توێژینەوە جێندەرییەکان دەست پێ دەکات تا دەگاتە ئەنسرۆپۆلۆژی. ئەوانەی لە نێو دیسپیلینە ڕەخنەییەکاندان خۆیان وەک چەپ یان زۆربەی کات وەک ڕادیکاڵەکان پێناس دەکەن، ئەمانە پێچەوانەی بونیادەکانی هێزن، وەلێ هەتا زیاتر لەم چوارچێوەیەدا بمێننەوە، زیاتر بەرانبەر بەشداریی سیاسەتی جیهانیی خانەگومان دەبن. ئەم جۆرە پرسانە، بە ترس و تاوانباریی ناکۆتاوە گرێ دراون. ئەوانەی لە نێو ئەم چوارچێوەیەدان بڕوایان وایە، هەر کەسێک باندۆری خستە سەر سیاسەتی جیهانیی ، مەرج نییە بشتوانێت باندۆر بخاتە سەر بیرکردنەوە و هزری مرۆیی.

ئەمانە لە باشترین دۆخیاندا ئامرازی شرۆڤەکردنن، ناکرێت وا ببینرێن کە دەتوانن ببنە بەشێک لە گەشەسەندنی ئایدیاکان.

هەر بۆیە جێی سەرسووڕمانە کە بیرمەندە هاوچەرخەکان ناتوانن و نازانن بە چ شێوازێک مامەڵە لەگەڵ ئایدیاکانی ئۆجالان بکەن.

لە ڕووکەشدا دەکرێت ئۆجالان کەسایەتییەکی دیار بێت، ئەمەش بەوپێیەی لە مێژووی بیرمەندیی خۆیدا، ڕێبەری پارتێکی مارکسیستی بووە. مارکسیزم تاکە جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە بونیادنەرەکانی خودان بیرکردنەوەی مەزن بوون، هەمیشە ئەو جووڵانەوەیە بووە کە ڕێکخستنی بەگوێرەی تیۆریی کۆمەڵێک بیرمەندی مەزن داڕشتووە (لە دۆخێکی هەڵاوێردا ڕێگەیەکیش بووە بۆ ڕەتکردنەوەی خوێندنەوەی مێژوو لە ڕوانگەی پاشا و پاڵەوانبازەکانەوە) مرۆڤ دەتوانێت لە ڕایەدارانییانەوە تەماشای ئەمە بکات؛ لە وێنەی لینینستیەکان، ماویستەکان، ترۆتسکییستەکان، ستالینستییەکان، ئەمانە لە پێگە باڵاکانی دەوڵەتدا بوون، یان نموونەی کەسایەتییە ڕۆشنییرییەکانی وەکوو گرامشییەکان و ئاڵتۆسێرییەکان.  ئەمە سەرەڕای ئەوەی مارکسیزم لە ڕێگەی گفتوگۆ و تێرمینۆلۆجییە ئاڵۆزییەکانییەوە جۆرێک لە فۆرمی ڕووناکبیریی جێگرەوەی تایبەت بە خۆی پێک هێناوە، کە تەنێ لە چەند خاڵێکی دیاریکراودا لەگەڵ ئەکادیمیا یەکدی دەبڕن.

ئۆجالان لە نێو ئەم جیهانەوە دازاوە، لێ تێی پەڕاندووە و سەرپاک بەجێی هێشتووە.  ئۆجالان نەوەک تەنێ ڕەگەزە هەرە گرنگەکەکانی  ڕێ و ڕێبازی مارکسیستیی پەرچ داوەتەوە، بەڵکوو تیۆرییەکانی لە بنەوەڕا بەرەنگاریی بەرانبەر ئەو هەوڵانە دەنوێنن وا دەیانەوێت ئەو بابەتانە بەرەو جۆرێک لە دۆکترین بگەڕێننەوە. ئایدیا هەرە سەرەکییەکانی ئۆجالان بریتین لە پێشنیار، لێکهەڵوەشاندنەوە، ناساندن، گێڕانەوە، کە ڕەتی دەکاتەوە لە هەر جۆرە چوارچێوەیەکەی پیرۆزاندندا بخوێنرێتەوە. بەهۆی ئەو گێژاو و نائارامییەی گەڵاڵەی دەکات، زۆربەی خەڵک تەنیا تا نیوەی ڕێ لەگەڵ ئۆجالان دەچن، بەڵام تەڤگەری ئازادییخوازی کورد وەک ڕێبەر دەیبینن. ئۆجالان ڕۆڵی شەهیدێکی زیندوو دەگێڕێت، ڕێبەرێکی بەتەمەنی نێو بەستێنە سیاسییەکان. وێنەکەی ئەو هەمیشە هەیە، ئەویش لە ناو جیهانێکی سیاسییدا کە لێوانلێوە لە پاڵەوانبازە مردووەکان.

ئەو ڕێبەر و بیرمەندێکە و ئاواش ئامۆژگاری شوێنکەوتووانی دەکات، ئەو دڵنیایییە ڕەت بکەنەوە کە لە ڕۆڵی ڕێبەر و بیرمەندێکی وەک خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو وەک پیاوێک داوا لە پیاوانی گەلەکەی دەکات پیاوێتی لە خۆیاندا بکوژن، ڕێبەرێک، کە دەسەڵاتگەرێتیی لە ئەودا کۆتایی دێت، هانی گەنجان دەدات ئەو کەسانە بدەنە بەر ڕێژنەی پرسیار وا بانگەشە دەکەن لەوان باشترن.

لە پێواژۆیەکدا ئۆجالان چوارچێوەیەکی تیۆریی وای بونیاد ناوە کە ناکەوێتە نێو هیچ چەشنە کاتیگۆرییەکی هزرمەندییەوە، تێزەکانی ئەو تێهەڵکێشێکە لە نێوان بیرمەندە سیاسیی و ئەکادیمیستەکانی هاوشێوەی بوکچین، فۆکۆ، واڵتەرشتاین و فێدریچی. تا ڕادەیەک گەر وەک ڕێسایەک لێی بڕوانین، ئەمەی ئۆجالان کردووێتی پێشتر نەبینراوە، چوارچێوەی تێز و پارادیگمای ئۆجالان لە ئەگەرەکانی کۆمەڵناسی گرێدراو بە میکانیزمییە کوانتەمییەکانەوە دەست پێ دەکات تاوەکوو میکانیزمەکانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ، ئینجا بەرەو مێژووییەکی بەرفراوانی مرۆڤایەتیی، کە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگاتە پلەی هەرە بڵندی خۆی.

مرۆڤ سەرسام دەبێت بەو مەودا و وردبینییە ناوازەی ئۆجالان کاتێک بۆی ئاشکرا دەبێت کە ئەم کەسە لە زینداندا زۆربەی کارەکانی نووسیوە، بەبێ ئەوەی دەستی بە ئینتەرنێتدا ڕا بگات ئەوەشی وەک سەرچاوەی توێژینەوە بەکاری دەبات تەنها ئەو سێ کتێبە بووە کە لە کاتێکی دیاریکراودا پارێزەرەکانی بە سەختیی توانیویانە پێی بگەیەنن، یانژی هەموو ئەمانە بەشێک بوون لە پارێزنامەکانی بۆ دادگا.

ئەکادیمیا سەلماندووییەتیی کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هیچ کام لە ڕوانگە تیۆریی و فیکرییەکانی ئۆجالاندا نییە، ئەوان تەنیا وەک وتاربێژێک لێی دەڕوانن، بە جۆرێک نەیانتوانیوە لە بوارە ئەکادیمییە لاوەکییەکانی نێو توێژینەوە کوردیی و تورکییەکانیشدا بیکەنە ئامرازی شرۆڤەکردن، ئەمە سەرەڕای هەموو ئەو کاریگەرییە ڕەوانەی بە سەر ڕووداوەکانی جیهانەوە هەیەتی.

لێرەوە گەرەکە لاپرەسەنانە بپرسین، جیهان چەند سات و ساڵی تری پێویستە تا ڕووناکبیر و ڕۆشنبیرەکانی بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئایدیاکانی ئۆجالان بکەن، بە هەمان ئەو شێوەی مامەڵە لەگەڵ ئایدیاکانی واڵتەر بینیامین و جۆرج باتای و سیمۆن دیبوڤار و فرانسز فافۆن و کۆمیدییەکی وەک سلاڤۆی ژیژەک دەکەن، هیچ کام لەم ناوانە سەرکردەیەکی سیاسیی یان ئەکادیمیست نین.

ئەکادیمیا، ژیانی هزرمەندیی بە تەواوەتیی هەڵمژیوە، ئەکادیمیستەکانیش وا فێر کراون کە ڕەمەک بیانترسێنێت تاوەکوو سووکایەتیی بەو ئایدیایانە بکەن کە لە جیهاندا جیاوازیی دەئافرێنن، لێرەوەڕا ڕەنگە ئیدی بگەین بە شوێنێک کە هیچ دەریچەیەکی ڕزگاریی بوونی نەمێنێت.

سەرچاوە:

https://www.freeocalan.org/articles/english/david-graeber-ocalan-and-the-academy?fbclid=IwAR2TL5d9225mB88zk1mtGzu_zdfF98CRtFDlYzrCOBxXLY8pSb_5c6z2270_aem_AQBUmsjZ-FsXHnlf_zMiJyccvsauuVvfe3Qet_DUHVkq-EQTyqGo9kRCYj7omfrMRbA

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button