کۆمەڵکوژیی ئاسوورییەکان لە سیمێل ئابی ١٩٣٣
مامۆستای زانکۆ/ پسپۆری مێژووی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی کوردستان
واژووكردنی پەیماننامەى نێوان بریتانیاو عێراق لە 1930 و نەبوونی بڕگەو ماددەیەکی سەربەخۆ سەبارەت بە مافی گروپ و پێكهاتە ئاینی و ئیتنییەكانی ناوچەکەك بووە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عێراق، بەجۆرێک گەلانی عێراق بە كوردو عەرەب و ئاسوورى و پێكهاتە ئاینی و ئیتنییەكانی دیكەوە، هەریەكەیان بە تێڕوانینێكی جیاوازەوە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بەو پەیماننامەیە دەربڕیوە، لەو بارەیەوە عەرەبەكان پێیان وابوو ئەم پەیمانە نەك هەر سەربەخۆیی بۆ عێراق بەدی ناهێنێت، بەڵکوو هێندەى تر دەسەڵاتی ناراستەوخۆى بریتانیا لە عێراقدا زیاتر دەكات و جۆرێكە لە بەندایەتی بۆ حکوومەتى بریتانیا، هاوکات گەلی كورد بەوپەڕی نەرێنی و نیگەرانییەوە لە پەیماننامەى عێراق–بریتانیان ڕوانیوەو هەر لە سەرەتاوە لە رێگەى كۆمەڵێك یاداشتەوە نیگەرانی خۆیان لە بەرامبەر دیاری نەكردنی مافەكانی كورد، ئاڕاستەى هەردوو حکوومەتى عێراق و بریتانیا كردووەو ژمارەیەك لە رۆشنبیران و كەسایەتی و سەرۆك خێڵە كوردییەكان، لە زۆربەى شارو شارۆچەكەكانی باشورى كوردستاندا لە رێگەى پێشكەشكردنی یاداشت و تەنانەت ئەنجامدانی گردبوونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە، هەڵوێستی خۆیان لە دژى بەهەند وەرنەگرتنی پرسی كورد لە نێو پەیماننامەكە دەربڕیوەو بەئاشكرا داواى بەدیهێنانی سەربەخۆیی كوردستانیان پێشكەش بە هەردوو حکوومەتى بریتانیا وعێراق كردووە، هاوکات ئاسوورییەكانیش بەگومانەوە لە دەرئەنجامەكانی پەیماننامەى ساڵی 1930ى نێوان بریتانیا و عێراقیان روانیوە، چونكە پێیان وابوو بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بە ماف و جیاوگی ئاسوورییەكان نەكراوە كە لە ساڵانی پێشوودا بەردەوام لەلایەن كاربەدەستانی بریتانیاوە بەڵێنی ئۆتۆنۆمی و هەندێك جاریش سەربەخۆییان پێدرابوو، ئەمەش وایكردبوو كە ناوەڕۆكی پەیماننامەكە بە پاشەكشەیەكی راستەوخۆى سیاسەتی بریتانیا بزانن . وەك كاردانەوەیەكیش لەبەرامبەر بێباك بوونی بریتانییەكان لەبەرامبەر بەڵێنەكانیان، بە شێوەیەكی فراوان یاداشت و سكاڵایان لە دژى بریتانیا و حکوومەتى عێراق ئاڕاستەى كۆمەڵەى گەلان كرد و پێشنیارى ئەوەیان كرد كە سەرجەم ئاسوورییەكان بە شێوەى كۆمەڵ لە یەكێ لە وڵاتە ئەوروپییەكاندا نیشتەجێ بكرێن یاخود لە ئاسانترین رێگەچارەدا بیانگوێزنەوە بۆ سوریا، چونكە پێیان وابوو لە دواى ڵابردنی ماندات، ناتوانن لە عێراق بژین.
دواى ئەوەى داواكارییەكانیان ئەنجامێكی ئەرێنی لێ نەكەوتەوەو ئەو راستییەیان بۆ دەركەوت كە هەردوو حکوومەتى بریتانیاو عێراق بێ باكن لەبەرامبەر داواكارییەكانیان، هەریەكە لە مارشیمون و داودى باوكی و سورماخانی پورى، پلانێكی نوێیان بۆ فشارخستنەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان داڕشت، كە پێكهاتبوو لە یاخی بوونی چەكدارە ئاسوورییەكان لە ریزەكانی سوپاى لیڤی و دووركەوتنەوەیان لە راژەى سەربازى ، بۆ ئەو مەبەستە لە 1ى حوزەیرانی 1932دا بە واژووى زۆربەى ئەفسەرە ئاسوورییەكانی نێو سوپاى لیڤی، بیرخەرەوەیەكیان ئاڕاستەى جەنەراڵ ( براون )ى سەركردەى سوپاى لیڤی كرد، كە تیایدا هاتبوو”بەهۆى لەبەرچاونەگرتنی داهاتوى ئاسوورییەكان لە لایەن بریتانیاوە، سەربازە لیڤییەكان بڕیاریانداوە لە رێكەوتی 1ى تەموزى 1932وەوە، كۆتایی بەراژەى سەربازییان بهێنن “.
ئەم بریارەش بووە هۆی نیگەران بوونی بریتانییەکان، ئەوەبوو لە 14ى حوزەیرانی 1932دا، (سیر فرەنسیس همفریز )ى مەندوبی سامی بریتانیا، نوسراوێكی ئاڕاستەى خودى مارشیمون كردو لە مەترسییەكانی ئەو بڕیارە ئاگادارى كردەوەو پێی راگەیاند كە ئۆباڵی هەر ڕووداو و كارەساتێك كەلە ئەنجامی ئەو هەڵوێستەى دواییانەوە ڕووبدات، دەكەوێتە ئەستۆى مارشیمون و سەرۆك خێڵەكانیان .
بۆ تاووتوێكردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و لێكۆڵینەوە لە دوایین هەڵوێستی بریتانیا بەرامبەر بە ئاسوورییەكان، مارشیمون داواى بەستنی كۆنگرەیەكی فراوانی كرد، بۆ ئەو مەبەستە بە ئامادەبوونی زۆربەى سەرۆك خێڵەكان لە 15و16ى حوزەیرانی1932دا لە ( سەرى ئامێدى ) كۆنگرەیەكی فراوانیان ئەنجامداو سەرجەمیان هاوهەڵوێستی خۆیان بۆ مارشیمون دووپات كردەوە، كۆنگرەكەشیان بە گەڵاڵەكردنی چەند بڕیارو داواكارییەك كۆتایی پێهێنا، كە بە(پەیمانی نیشتیمانی ئاسوورى) ناسراوەو خۆى لەم خاڵانەى خوارەوەدا دەبینێتەوە:-
– ئاسوورییەكان وەك نەتەوەیەكی نیشتەجێی عێراق بناسرێن ، نەك وەك كەمینەیەكی دەمارگیرى ئاینی .
– ناوچەى هەكارى بلكێنرێت بە عێراقەوەو رادەستی ئاسوورییەكان بكرێت ، بۆ ئاوەدانكردنەوەشی بوجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت.
– لە ئەگەرى جێبەجێ نەكردنی بڕگەى دووەمدا، پێویستە لەنێو عێراقدا نیشتیمانێكی نوێ بۆ ئاسوورییەكان بدۆزرێتەوە، كە ناوچەكانی ئامێدى و زاخۆ و دهۆك و ئاكرآ و سنوورەكانی دەوروبەریان لەخۆ بگرێت و بە ناوى ئاسوورییەكانەوە تۆماربكرێن ، هاوكات پێویستە تەواوى بەرپرسیارێتییەكان لەو ناوچانەدا بە ئاسوورییەكان بسپێردرێن و شانبەشانی عەرەبی، زمانی سریانیش لە ناوچەكەدا بەفەرمی بەكار بهێنرێت .
– دانپیانانی هەردوو دەسەڵاتی دینی و دنیایی مارشیمون و بەخشینی مەدالیاى شەرەف بە مارشیمون لە بەرامبەر ئەو خزمەتانەى پێشكەش بە حکوومەتى عێراقی كردووە .
– پێویستە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، ئاسوورییەكان نوێنەریان هەبێت .
– كردنەوەى قوتابخانە لەو ناوچانەى كە ئاماژەى پێدراوە، بەجۆرێك كە خوێندن تیایاندا بە زمانی سریانی و عەرەبی بێت .
– دامەزراندنی بنكەى تەندروستی لە ناوچە ئاسوورى نشینەكاندا .
– كردنەوەى دامەزراوەى ئەوقاف بۆ پیاوانی ئاینی ئاسوورییەكان .
– بەهیچ جۆرێك ئاسوورییەكان لەچەك دانەماڵرێن .
– ئەگەر تاكو رێكەوتی 28ى حوزەیرانی 1932 ، هەردوو حکوومەتى بریتانیا و عێراق ئەم داواكاریانەیان پەسەند كرد، ئەوا ئاسوورییەكان لە ریزەكانی سوپاى لیڤیدا بەردەوام دەبن لە خزمەتكردن، بە پێچەوانەوە ئەگەر پەسەند نەكرێن ئەوا سووردەبن لە سەر دووركەوتنەوەیان لە سوپاى لیڤی و بە هەموو توانایانەوە بەشدارى لە بزووتنەوەى ئاسوورى دەكەن .
ڕووداوو پەرەسەندنە سیاسییەكانی سەرەتاى ساڵانی سییەكان، پەیوەندى نێوان ئاسوورییەكان و دەسەڵاتدارانی هەردوو حکوومەتى بریتانیا و عێراقی بەرەو ئاستێكی مەترسیدار ئاڕاستە كرد، بەتایبەتیش هێشتنەوەى زۆرەملێی مارشیمون لە بەغدا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، هێندەى تر پەیوەندى نێوانیانی ئاڵۆزتركرد، لەو بارەیەوە هەندێك لە لایەنگرە دڵسۆزەكانی مارشیمون، لە نێویشیاندا (یاقو كوڕى مەلك ئیسماعیل ) سەرۆك عەشیرەتی تیارى و ( لۆقۆ شلیمون بیداوى ) سەرۆك عەشیرەتی تخوما، وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر دەست بەسەركردنی مارشیمون، یاخی بوونیان لە دژى حکوومەتى عێراق راگەیاند .
بەڵام جەختكردنەوەى كاربەدەستانی عێراق لەسەر ڕەتكردنەوەى داواكارییە سەرەكییەكانی مارشیمون و گرتنەبەرى رێوشوێنی پێویست بۆ چەكداماڵین و ڵاوازكردنیان، جگە لە كۆچكردنیان بۆ دەرەوەى عێراق، هیچ بژاردەیەكی دیكەى لەبەردەم لایەنگرانى مارشیمون نەهێشتبۆوە، ئەوە بوو لە 17ى تەمووزى 1933دا دەستەیەك لە چەكدارانی ئاسوورى بە سەركردایەتی مەلك یاقو و مەلك لۆقو ، لە رێگەى ( فیشخابور )ەوە گەیشتنە سوریا و داوایان لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا كرد كە ئاسوورییەكان لە ناوخاكی سوریادا نیشتەجێ بكات. بەڵام پێش ئەوەى رەزامەندى دەسەڵاتدارانی فەرەنسا لە (بەیروت ) بەدەستبهێنن، مەلك یاقو داواى لە سەرجەم گوندنشینە ئاسوورییەكان كرد ، كە بەرەو سوریا بەڕێكەون ودڵنیاشی كردنەوە كە فەرەنسییەكان بەڵێنیانداوە كە لە زەوییەكی گونجاودا نیشتەجێیان بكەن و تا( 5 )ساڵی داهاتووش باجیان لێوەرناگرێت، ئەمەش هاندەرێكی باش بوو كە تاكو 21ى تەمووز، نزیكەى ( 1350 )چەكدارى ئاسوورى چونە نێو خاكی سووریاوە .
سەبارەت بە حکوومەتى عێراقیش، هەڵوێستێكی توندیان بەرامبەر كۆچ و رەوى نایاسایی ئاسوورییەكان دەربڕى و ئەم ڕووداوەشیان بە پێشێلكردنی سەروەرى خاكی عێراق لەقەڵەمدا ، هەربۆیە تەواوى توانا سەربازى و دبلۆماسییەكانیان لە دژى ئاسوورییەكان خستەگەڕ و پێیان وابوو كە هەلێكی زێڕینیان بۆ رەخساوە تاكو كۆتایی بە مەترسی ئاسوورییەكان بێنن .
هاوكات حکوومەتى فەرەنسا لە ژێر كاریگەرى فشارى بریتانیا و عێراق، بەفەرمی داواكارى ئاسوورییەكانی سەبارەت بە نیشتەجێ بوونیان لە نێو خاكی سوریا رەتكردەوە، لەو بارەیەشەوە كاپتن ڵارست راستەوخۆ بە مەلك یاقوى راگەیاند:” بەداخەوە كە لەبەرئەوەى ئاسوورییەكان لە لایەن حکوومەتى عێراقەوە ناچار نەكراون وڵات بەجێبهێڵن، حکوومەتى فەرەنسا ناتوانێت داواكارییەكەتان پەسەند بكات”. ئەوەشی خستەڕوو كە حكومەتەكەى ئامادە نییە بەهۆى ئاسوورییەكانەوە پەیوەندى سیاسی خۆیان لەگەڵ حکوومەتى بریتانیا بخەنە مەترسییەوە.
دوا هەڵوێستی حکوومەتى فەرەنسا، چەكدارە ئاسوورییەكانی ناچاركرد كە لە ئێوارەى 4ى ئابی 1933دا بە شێوەیەكی نهێنی سنوورى سوریا بەرەو عێراق ببەزێنن، بەم هۆیەشەوە پێكدادانێكی چەكدارى قورس لەنێوان سوپاى عێراق و چەكدارە ئاسوورییەكاندا لە ناوچەى دیرابون و چیاى( بێخێر )ڕوویدا، كە لە ئەنجامدا ژمارەیەك كوژراو وبریندارى لێكەوتەوە، وەك كاردانەوەیەكیش لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا، بەفەرمانی ( بەكر سدقی) فەرماندەى گشتی هێزە چەكدارەكان لە باکوورى عێراق، فرۆكە جەنگییەكانی عێراق تەواوى ناوچەكەیان بۆردومان كردو بەو هۆیەشەوە ئاسوورییەكان ڕووبەڕوى شكستێكی گەورە بوونەوەو ناچاركران جارێكی تر پەنا بۆ سوریا ببەنەوە، كە ئەمەش سەرەتاى قۆناغێكی دژوارى بۆ ئاسوورییەكان خولقاندو بەرەو ئایندەیەكی ترسناك ئاڕاستەى كردن، بەجۆرێك هیچ ئومێدێك بۆ ئاسایی كردنەوەى دۆخەكە لە ئارادا نەمابوو.
شكستی چەكدارە ئاسوورییەكان لە شەڕى دیرابووندا دەرفەتێكی ناوازەى بۆ حکوومەتى عێراق رەخساند تا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی تەواوى گوندو ناوچە ئاسووری نشینەكانی باشورى كوردستان بگرێتەوە، ئەوەبوو سوپاى عێراق، پەلامارى گوندو شارۆچكەكانی سنوورى( دهۆك، زاخۆ، ئامێدی)یانداو بەوهۆیەشەوە ژمارەیەكی بەرچاو لە دانیشتوانی سیڤیلی ناوچەكە بوونە قوربانی كە ژن ومنداڵ و بەساڵاچوو لە نێو كوژراوەكاندابوو، جگە لەوەش زۆربەى گوندەكان ڕووبەڕوى تاڵانی و كاولكارى بوونەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی كورد لە بارەى ڕووداوەكانی ئابی 1933وە، هەندێك لە سەرچاوەكان بەوانەى ئاسوورییەكانیشەوە ئاماژە بەوە دەكەن كورد بەرپرسیارانە مامەڵەى لەگەڵ دۆخەكەدا كردووەو لە زۆربەى كاتدا هاوكارى ئاسوورییە لێقەوماوەكانیان كردووە، لەو بارەیەوە یوسف مالك بەم شێوەیە باس لە هەڵوێستی ئەرێنیانەى كورد دەكات ودەڵێت:” بە پێچەوانەى ئەوەى چاوەڕوان دەكرا، هەریەكە لە شێخ نورى بریفكانی و ئەحمەد ئاغاى ئەتروشی و قادرئاغاى ئاكرێی، لەو بارودۆخە كارەساتبارەدا ، هاوكارى ئاسوورییەكانیان دەكرد”. هاوكات لە میانەى هەڵمەتە سەربازییەكاندا ، كاربەدەستانی حکوومەتى عێراق داوایان لە شێخ مەحمود و شێخ ئەحمەدى بارزان كردووە كە بەشدارى لە شەڕى جیهادى دژ بە ئاسوورییەكان بكەن، بەڵام لە هەڵوێستێكی جوامێرانەدا ئەو داواكارییەیان بە ناڕەوا زانیوە و ئامادەنەبوون بەشدارى لە تاوانێكی لەو شێوەیەدا بكەن. كە دەكرێت بە بایەخەوە لەم هەڵوێستە بڕوانرێت، چونكە لە هەلومەرجێكی وەهادا باشترین دەرفەت لەبەردەم كورددا بووە كە تۆڵەى رابردوو لە ئاسوورییەكان بكەنەوە ، كە ساڵانێك بوو لیڤییە ئاسوورییەكان هەموو تواناكانی خۆیان بۆ سەركوتكردنی شۆڕشەكانی كورد لە باشوورى كوردستاندا بەكارهێنابوو، بەڵام بە پێچەوانەوە هەوڵیانداوە خۆیان لە شەڕى ئاسوورییەكان بەدووربگرن، كە رەنگە ئەم هەڵوێستەشیان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە سەركردە كوردەكان تا رادەیەك دركیان بەو راستییە كردووە كە لێدانی ئاسوورییەكان، ئۆپەراسیۆنێك بووە بۆ چاوترساندنی هەموو بزوتنەوەیەكی ناوخۆیی، بەتایبەتی بزوتنەوەى رزگاریخوازى گەلی كورد.
سەربارى ئەوەى توندوتیژییەكی زۆر دژى ئاسوورییەكان ئەنجامدراوە، بەڵام ناوچەى( سمێل)، كارەساتێكی مرۆیی گەورەى بەخۆیەوە بینیوە، چونكە ئاسوورییەكانی ئەم ناوچەیە لەلایەن سوپاى عێراقەوە رووبەڕووى كۆمەڵكوژییەكی مەترسیدار بوونەوە، ئەمەش لە كاتێكدابوو كە هەندێك لەو چەكدارە ئاسووریانەى كە لە شەڕى سەر سنوورەكان رزگاریان ببوو، لە 10ى ئابدا گەیشتنە گوندى سمێل، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی حکوومەتى عێراق بەمەبەستی جێبەجێكردنی ئەو پلانەى كە لە دژى ئاسوورییەكان دەستیانپێكردبوو، هێزەكانیان ئاڕاستەى سمێل كرد، سەرەتا لە ڕێگەى فرۆكەوە بانگەوازیان بۆ دانیشتوانی سنوورەكە بڵاوكردەوە كە تیایدا داوایان كردبوو بە مەبەستی پاراستنیان لە چەكدارى خێڵەكان، سەرجەم ئاسوورییەكان لە سمێل كۆببنەوەو تەنها (60) سەعاتیشی وەك مۆڵەت دیاریكردبوو كە لەو ماوەیەدا چەكەكانیان رادەستی بنكەى پۆلیسی ناوچەكە بكەن، دڵنیاشیان كردبوونەوە كە سەروماڵیان پارێزراو دەبێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕوى توندترین سزا دەبنەوە. لە بەرامبەردا ئاسوورییەكان هیچ بژاردەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نەبوو جگە لە پەسەندكردنی ئەم داواكارییە نەبێت، هەربۆیە تەواوى چەكەكانیان رادەستی حكومەت كردو پاراستنی گیانی دانیشتوانی ناوچەكەشیان بە كاربەدەستانی حكومەت سپارد .
لە بەرەبەیانی 11ى ئابی 1933دا ، پاش دڵنیابوونەوەیان لە چەكداماڵینی ئاسوورییەكان، سوپاى عێراق گەمارۆى گوندى( سمێل )یانداو بەوپەڕى دڵڕەقی و توندوتیژییەوە كەوتە گیانی دانیشتوانی ناوچەكە و كۆمەڵكوژییەكی گەورەیان لە دژى ئاسوورییەكان ئەنجامدا، كە تا ئێوارەى هەمان رۆژ بەردەوام بوو، بەو هۆیەشەوە(490 ) كەس لە ئاسوورییەكان كوژران، كە (6)ژن و( 4) منداڵ لەنێو كوژراوەكاندابوون، بەپێی زانیارییەكانی ستافۆردیش كۆى ئاسوورییە كوژراوەكانی تەموز و ئاب دەگاتە (600) كوژراو، كە بە پێی هندێك سەرچاوە لە سێ گۆڕى بەكۆمەڵدا نێژراون.
جێگەى باسە، سەرچاوەكان لە زمانی هەندێك لە شایەتحاڵەكانەوە بەشێوەیەكی سامناك و تراژیدیا ئامێز لە بارەى پەلاماردانی ئاسوورییەكانی سمێلەوە دەدوێن، لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەكەن كە سەربازەكانی سوپاى عێراق، سەرەتا سەرجەم دانیشتوانی گوندەكەیان لە ماڵەكاندا هێناوەتە دەرەوەو پاشان گولەبارانیان كردوون، سەرەتا ژمارەیەك لە ئاسوورییەكان بە مەبەستی پاراستنی گیانی خۆیان پەنایان بۆ ماڵی ( كۆریئیل ) بردووە كە یەكێك بوو لە لایەنگرانى حكومەت و خاوەنی رەگەزنامەى عێراقی بووە، بەڵام چەكدارەكانی سوپا ، جیاوازییان لە نێوان دۆست و دوژمنەكانی خۆیاندا نەكردووە، بەڵکوو تەنها ئاسووری بوون باشترین بەڵگە بووە تاكو گولە باران بكرێت، بەم شێوەیە كۆریئیل و داودى كوڕى گولەباران كراون و تەواوى ئەو كەسانەش كە بە مەبەستی خۆپاراستن پەنایان بۆ ماڵەكەى بردبوو، گولەباران كران كە ژمارەیان (80)كەس بوو، ئەگەرچی ( ئیسماعیل عەباوى توحلە ) فەرمانی كردبوو كە ئافرەت و منداڵ ئازار نەدرێن، بەڵام بە پێچەوانەوە ژمارەیەك لە ژنە ئاسوورییەكان ڕووبەڕوى دەستدرێژى و سوكایەتی پێكردن بوونەتەوە. هاوكات لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا ،زۆربەى گوندو شارەدێكانی سەربە شارۆچكەى دهۆك، ڕووبەڕوى تاڵانی و كاولكارییەكی بەرچاو بوونەتەوە، بەجۆرێك لەكۆى ( 95 ) گوندى ئاسوورییەكان ( 65 )یان لە دواى تاڵانكرنیان سوتێنراون.
دواى ئەوەى حکوومەتى عێراق لە شاردنەوەى كردەوە تاوانكارییەكانیدا سەركەوتوو نەبوو، هەوڵیدا سەرجەم تاوانەكە بەتەنها بخەنە ئەستۆى خێڵە كوردییەكان، بۆ ئەو مەبەستەش لە بڵاوكراوەیەكدا رایانگەیاند: ” داڕێژەر و جێ بەجێكەرى پلانی كوشتارى ئاسوورییەكان ، تەنها كوردەكان ئەنجامدەرى بوون ، هەرئەوانیش بوون بەهۆى پەڵامارەكانیانەوە گەورەترین زیانیان بە ئاسوورییەكان گەیاندووە”بەڵام ئەم تۆمەتباركردنەى كورد بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە بەڵگەنامەیەكی وەزارەتی دەرەوەى بریتانیادا رەتدەكرێتەوە كە تیایدا فرانسیز همفریز، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كوشتارى ئاسوورییەكان لەلایەن سوپاى عێراقەوە ئەنجامدراوە ، نەك لە لایەن چەكدارى خێڵەكانەوە ، هاوكات لە هەمان بەڵگەنامەدا ئاماژە بە هەڵوێستی ئەرێنی كورد كراوە لە ئاست ڕووداوەكانداو دەڵێت:” بەشێوەیەكی گشتی كورد لە بەرامبەر ڕووداوەكاندا بێلایەن و دوورەپەرێز بووە “.
هەندێك لە سەرچاوەكان، لە پاڵ خستنەڕووى هەڵوێستی نەرێنی خێڵە كوردییەكاندا، ئاماژە بە هەڵوێستی جوامێرانەو مرۆڤایەتیانەى كوردیش دەكەن ، كە لە میانەى پشێوییەكانی 1933دا هاوكارى ئاسوورییە لێقەوماوەكانیان كردووە و لە مردن رزگاریان كردوون، لەو بارەیەوە نووسەرى ئاسوورى ( عودیشو برزانا )، بە بایەخەوە لە هەڵوێستی هەندێك میرو سەرۆك خێڵە كوردییەكان دەروانێت و دەنوسێت:” لەو كاتەدا كە سمێل ڕووبەڕوى كۆمەڵ كوژرى بووەوە، نزیكەى( 500 ) چەكدار گەمارۆى گوندى ( كالا بەدرى ) بازییەكانیانداو لە میانەى گولەبارانكردنی گوندەكەدا دوو ژن و چوار منداڵا بوونە قوربانی، بەو هۆیەشەوە سەرجەم دانیشتوانی گوندەكە ئاوارەى چیاكان بوون و لەژێر هەرەشەى چەكدارەكانی سوپادابوون ، هەربۆیە ( جندو )ى سەرۆك خێڵی بازییەكان و میرى گوندەكە، داواى بەهاناوەچوونی لە (سەعید ئاغاى كرمافی ) كردووە كە یەكێك بوو لە ئاغا كوردییەكان، لە بەرامبەریشدا ناوبراو بەخۆیی و (40 ) چەكدارى خێڵەكەیەوە توانیوێتی گوندەكەیان لە ژێردەسەڵاتی سوپاى عێراق ئازاد بكات و گیانی ئاسوورییەكان لە مردن رزگار بكات ” . هاوكات بەشێوەیەكی چیرۆك ئامێز، ئاماژە بە هەڵوێستی جوامێرانەى ژنە كوردێك دەكات كە توانیوێتی ژمارەیەكی زۆر لە ئاسوورییەكان لە مردن رزگاربكات و دەڵێت:”لەو كاتەدا كە تەواوى ئاسوورییەكان ڕووبەڕوى مەترسی بوونەوە، هەندێكیان بۆ پارێزگاریكردن لە گیانی خۆیان ڕوویانكردبووە گوندى ( جمانكێ )، لەم كاتەدا هەندێك لە دانیشتوانی گوندەكە داوا لە مەحمود ئاغاى جمانكێ دەكەن كە رێگەیان پێبدات ئاسوورییەكانی گوندەكە لەناوبەرن و ماڵ و سامانیشیان بەتاڵان بەرن، بەڵام كاتێك ئەم هەواڵە دەگاتە (هاجی)خانمی دایكی مەحمود ئاغا ، بەتوندى ڕووبەڕویان دەوەستێتەوە و پێیان رادەگەیەنێت (شیرى منتان پێ حەرام بێت ئەگەر ئاسوورییەكان ئازار بدەن، بەڵێن بێت هەر كەسێكیان لێ بكوژن، ئاگر لە جەستەى خۆم بەردەدەم …” .
هاوكات لە پێگەى دەسەڵاتیشدا كورد نەرمی بەرامبەر ئاسوورییەكان نواندووە، بەتایبەتی لە كاتێكدا كە ئاسوورییەكان لە زۆربەى شارو شارۆچكەكانی سنوورى بادیناندا ڕووبەڕوى كوشتار دەبوونەوە و هەڕەشەى لەناوچوونیان لەسەر بوو، بەڵام بە هۆى ( مەجید بەگ )ى قایمقامی ئامێدییەوە، كە یەكێك بوو لە كەسایەتییە ناسراوەكانی كورد، ئاسوورییەكانی ناوچەكە ڕووبەڕوى هیچ كوشتارو تاڵانییەك نەبوونەتەوە .
هەندێك لە سەرچاوەكان پێیان وایە هەڵوێستی ئاسوورییەكان لە بەرامبەر پێشهاتە سیاسییەكان و جەخت كردنەوەیان لەسەر بەدەستهێنانی داواكارییەكانیان، هۆكارى سەرەكی پشێوى و ئاڵۆزییەكان بوون، بەتایبەتی لاوازى و كەم ئەزموونی مارشیمون و سەركێشییەكانی هێندەى تر پەیوەندی نێوان ئاسوورییەكان لە لایەك و حکوومەتى عێراق وبریتانیاى، بە ئاڕاستەى ئاڵۆزى دواتریش پێكدادان بردووە.
هاوكات بە بڕواى هەندێك لەتوێژەران، كاربەدەستانی بریتانیا بەرپرسیارێتی پشێوی و ئاڵۆزییەكانی ساڵی 1933یان دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە لە نزیكەوە ئاگادارى روداوەكان بوون و تەنانەت لە رێگەى فرۆكەكانیانەوە وێنەى هێرش و پەلامارى تراژیدیا ئامێزى سەر ئاسوورییەكانیان تۆماركردووە ، بەبێ ئەوەى هەڵوێستێكی راستەقینە بە مەبەستی رێگریكردن لەو ڕووداوانە ئەنجام بدەن، تەنانەت لە سەرەتاى پشێوییەكانیشدا هەڵوێستێكی دووفاقانەى دژبەیەكیان لەبەرامبەر پێشهاتەكان گرتۆتە بەر، بەجۆرێك لە لایەکەوە هانی سەركردە ئاسوورییەكانیانداوە تاكو سووربن لەسەر بەدەستهێنانی مافی ئۆتۆنۆمی، لە لایەکى دیكەوە لە رێگەى راوێژكارەكانیانەوە هانی بەرپرسە باڵاكانی حکوومەتى عێراقیان داوە تاكو بزوتنەوەى ئاسوورییەكان سەركوت بكەن .
ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکوومەتى عێراق لەلایەن خۆیەوە، مارشیمونی بە هۆكارى پشێوییەكان لەقەڵمداو پێیانوابوو مانەوەى لە عێراقدا ئاڵۆزییەكان زیاتر دەكات ، هەربۆیە لە 16ى ئابی 1933دا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تۆمەتی ئەنجامدانی كارى ئاژاوەگێڕى و دروستكردنی مەترسی بۆسەر ئاسایشی وڵات، رەگەزنامەى عێراقی لە( مارشیمون، داودى باوكی مارشیمون، تیۆدۆر مارشیمون، سورماخان ) بسەنێتەوەو دواى تەنها دوو رۆژیش لەم بڕیارە، لە 18ى ئابدا بەفرۆكەیەكی تایبەت بۆ ( قوبرس ) دوورخرانەوە .
دوورخستنەوەى مارشیمون بۆ دەرەوەى عێراق، دەرفەتێكی باشی بۆ ڕەخساند تا پێشێلكارییەكانی حکوومەتى عێراق بەرامبەر بە ئاسوورییەكان بۆ راى گشتی جیهان ئاشكرا بكات، بۆ ئەومەبەستە مارشیمون زنجیرەیەك راپۆرت و نوسراوى ئاڕاستەى كۆمەڵەى گەلان كردو تیایدا داواى كردووە لیژنەیەكی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی ئەم دواییە رەوانەى عێراق بكەن، ئەوەبوو لە 15ى كانوونی یەكەمی 1933دا كۆمەڵەى گەلان بڕیاریدا لیژنەیەكی شەش كەسی لە ( ئیسپانیا، دانیمارك، ئیتالیا، فەرەنسا، ئەمریكا، مەكسیك ) پێكبهێنێت و بۆ لێكۆڵینەوە لە بارەى چارەنووسی ئاسوورییەكان رەوانەى عێراق كران، ئەگەرچی لە سەرەتادا بڕیاردرا زۆرینەى ئاسوورییەكان بۆ (( هەرێمی ( بارانا )ى بەڕازیل و دورگەى ( گۆیانا )ى بریتانیا و حەوزى نەیجەر لە ئەفریقا )) بگوێزنەوە، بەڵام بەهۆى گرانی پرۆسەى گواستنەوەیان و تێچونی دارایی زۆرەوە، پرۆسەكە شكستی هێنا، جگە لەوەى ژمارەیەكیان لە سوریا نیشتەجێكران، بەشێكی زۆریان بەناچارى لە عێراق مانەوەو بە یاساو رێساكانی ئەو وڵاتە رازى بوون .
هەموو ئەم رووداو و كارەساتە مرۆییانەش كە بەسەر پێكهاتەی ئاسوورییەكانی عێراق و كوردستاندا هاتووە، بەپێی پرەنسیپ و یاسا نێو دەوڵەتییەكان دەچێتە خانەی هەوڵدان بۆ جینۆسایدو كۆمەڵكوژی گەلێك، كە خاوەنی مێژوو و ناسنامەو زمانی تایبەت بەخۆیەتی.