ڕانانێکی شیکاریی بۆ هزری ئۆجالان و بنبەستی پرۆسەی ئاشتیی لە ‘کۆنووسەکانی ئیمرالی’ـدا
کتێبی 'ڕزگاریی دیموکراتیی و بنیاتنانی ژیانی ئازاد: کۆنووسەکانی ئیمرالی' سەرچاوەیەکی بنەڕەتیی و ناوازەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لە قووڵایی هزری سیاسیی عەبدوڵڵا ئۆجالان و ئاڵۆزییەکانی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا تێبگات.

هەیفا کەمال
ڕانانێکی شیکاریی-ڕەخنەیی بۆ پەڕتووکی:
“ڕزگاریی دیموکراتیی و بنیاتنانی ژیانی ئازاد: کۆنووسەکانی ئیمرالی”
نووسەر: عەبدوڵڵا ئۆجالان
بڵاوکار: Weşanên Mezopotamya (وەشانێن میزۆپۆتامیا)
ساڵی بڵاوبوونەوە: ٢٠١٥
(نزیکەی ٤٨٠ لاپەڕەی قەبارە ١٤سم * ٢٠سم)
سەرەتا:
کتێبی “ڕزگاریی دیموکراتیی و بنیاتنانی ژیانی ئازاد”، کە بە “کۆنووسەکانی ئیمرالی” ناسراوە، بەرهەمێکی گرنگی عەبدوڵڵا ئۆجالانە و بریتییە لە کۆکراوەی دیدار و گفتوگۆکانی زیندانی ئیمرالی نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ لەگەڵ شاندەکانی هەدەپە و دەوڵەتی تورکیا. ئەم کتێبە تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکوو بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و فیکرییە و تێڕوانینی ئۆجالان بۆ پرۆسەی ئاشتی، چارەسەری پرسی کورد و پارادیگمای داهاتووی سیاسی لە ناوچەکەدا دەخاتە ڕوو. گرنگیی کتێبەکە لەوەدایە کە تێگەیشتنێکی قووڵترمان دەداتێ لە بارەی هزری ئۆجالان لە قۆناغێکی هەستیاری دانوستاندنەکاندا، هەروەها هۆکارە بنەڕەتییەکانی شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی لە ڕوانگەی ئەوەوە ڕوون دەکاتەوە. ئەم ڕانانە هەوڵ دەدات بە شێوازێکی شیکاریی و ڕەخنەگرانە، لایەنە تیۆریی و فیکرییەکانی کتێبەکە تاوتوێ بکات، بە تایبەت لە چوارچێوەی شیکردنەوەی هۆکارەکانی شکستپێهێنانی پرۆسەی ئاشتی.
کورتەی ناوەڕۆک و تێزە سەرەکییەکان:
کتێبەکە بە شێوەیەکی سەرەکیی لەسەر بنەمای کرۆنۆلۆژی دانراوە و کۆنووسی دیدارەکانی ئۆجالان لەخۆ دەگرێت. ئۆجالان لەم دیدارانەدا بە وردیی باسی دیدگای خۆی دەکات سەبارەت بە:
١. پرۆسەی ئاشتیی و چارەسەر: تێڕوانینی ئۆجالان بۆ ئاشتی تەنیا ئاگربەست و بێدەنگکردنی چەکەکان نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی گشتگیرە و پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسی و یاسایی تورکیادا هەیە. ئەو جەخت لەسەر پێویستی داننان بە مافەکانی کورد وەک گەلێک، گۆڕینی دەستوور، و بنیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتیی دەکاتەوە کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت. زۆر جار ڕەخنە لە حکومەتی ئاکەپە دەگرێت کە نیازپاکی نانوێنێت و پرۆسەکە بۆ مەرامی سیاسیی و کاتکوشتن بەکار دەهێنێت. وەک دەڵێت: “ئەگەر هەست بە ئاشتی و چارەسەر نەکەن، ئەگەر واز لە ئاژاوەگێڕی ئۆپەراسیۆنی KCK نەهێنن، ئاشتیی چیرۆکە.”(ل. ٤)
٢. پارادیگمای دیموکراتی: ئۆجالان بەردەوام پارادیگمای “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی” و “نەتەوەی دیموکراتی” وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست دەخاتە ڕوو. ئەم چەمکانە بریتین لە ڕەتکردنەوەی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندگەرای تاکڕەو و پێشنیازکردنی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیانە لە سەر ئاستی هەرێمیی و ناوخۆیی، کە تێیدا هەموو گرووپە ئیتنیکی، ئایینیی و کولتوورییەکان پێکەوە بە ئاشتی و یەکسانی بژین. ئەو پێی وایە چارەسەری پرسی کورد تەنیا لە چوارچێوەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ناوچەکەدا مومکینە.
٣. ڕەخنە لە دەوڵەت-نەتەوە: ئۆجالان بە توندیی ڕەخنە لە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە دەگرێت و بە سەرچاوەی سەرەکی کێشە و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەزانێت. ئەو پێی وایە مۆدێلی دەوڵەتی تاک-نەتەوە، تاک-زمان و تاک-کولتوور بووەتە هۆی سەرکوتکردن و پەراوێزخستنی گەلان و کەمینەکان.
٤. پرسی ئازادیی ژن: یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هزری ئۆجالان، پرسی ئازادی ژنە. ئەو بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە “بەبێ ئازادبوونی ژن دەرفەتی ئازادیی بۆ گەلێک فەراهەم نابێت”(ل. ١١). لە ‘کۆنووسەکانی ئیمرالی’ـدا بەردەوام دووپات دەکرێتەوە، پرسی ئازادیی ژن و ڕۆڵی بنەڕەتیانە لە بنیاتنانی کۆمەڵگای دیموکراتیدا. کتێبەکە نەک تەنیا لایەنی تیۆریی ئەم پرسە دەخاتە ڕوو، بەڵکوو نموونەی بەرجەستەی گفتوگۆکان لەسەر میکانیزم و پێکهاتە کردارییەکانیش دەگوازێتەوە. بۆ نموونە، لە دیالۆگێکدا لەگەڵ سری سوورەیا ئۆندەر، کاتێک ئۆندەر باسی دیداری خۆی لەگەڵ هەڤاڵانی ژن (وەک ڕووناهی و سولبوس) دەکات و ئاماژە بەوە دەدات ئەوان خاوەنی ‘بڕیارگەی ناوەندی جیاواز’ و تەنانەت ‘ناوچەی شاخاویی بەرفراوان و جیاوازیش’ـن، کاردانەوەی ئۆجالان زۆر ئەرێنییە: ‘ (بە پێکەنینەوە) زۆر باشە، زۆر باشە.’ بەڵام گرنگتر لەمە، پرسیارە ستراتیژییەکەی دواترە کە ئاڕاستەی ئۆندەری دەکات: ‘باشە تێبینی تۆ چییە؟ پێت وایە دەکرێت بنەمای سیاسەتی دیموکراتی من بخرێتە سەر شانی ژنان؟’ ئەم پرسیارە بە ڕوونی ئەو باوەڕە قووڵەی ئۆجالان نیشان دەدات کە ئازادیی و ڕێکخستنی ژنان تەنیا پرسێکی لاوەکیی و مافێکی مرۆیی سادە نییە، بەڵکوو خودی بنەما و بناغەی پرۆژە سیاسییە دیموکراتییەکەیەتی. لەلایەکی دیکەشەوە، دەستپێکردنی گفتوگۆی ئۆندەر لەگەڵ ژنان بە وتەیەکی خودی ئۆجالان: ‘خۆڕێکنەخستن بە هزری سیاسەتی گەورە، نەخۆشیی نوێی ئێمەیە.’ جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستی تێپەڕاندنی کار و خەباتی پەرشوبڵاو و ڕۆژانەیی و گرنگیدان بە بینینێکی ستراتیژیی و گشتگیر کە ژنان تێیدا ڕۆڵی سەرەکیی دەگێڕن. بوونی ئەم جۆرە دیالۆگانە لەناو ‘کۆنووسەکانی ئیمرالی’ـدا، بەهایەکی زیادە بە کتێبەکە دەبەخشێت، چونکە نیشانی دەدات کە چۆن پرسە فیکریی و فەلسەفییەکان (وەک ئازادیی ژن و دیموکراسیی) لە نێو گفتوگۆ کرداری و ڕێکخراوەییەکانیشدا ڕەنگ دەدەنەوە.
٥. ستراتیژی دانوستاندن: کتێبەکە ستراتیژ و تەکتیکەکانی ئۆجالان لە دانوستاندنەکاندا ئاشکرا دەکات. ئەو هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لەنێوان پتەوکردنی پێگەی کورد و بزووتنەوەکەی و کردنەوەی دەرگا بۆ دیالۆگ و چارەسەر لەگەڵ دەوڵەت ڕابگرێت. هاوکات، بەردەوام هۆشداریی دەدات لە پیلانگێڕییەکان و جەخت لەسەر یەکڕیزی و وریایی دەکاتەوە.
شیکارییەکی ڕەخنەگرانە بۆ شکستی پرۆسەی ئاشتی:
کتێبەکە لە ڕوانگەی ئۆجالانەوە تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی. لێرەدا، لە ڕوانگەیەکی فیکرییەوە، دەتوانین چەند خاڵێکی سەرەکیی دەستنیشان بکەین:
١. ناکۆکی پارادیگمەکان: یەکێک لە بنەڕەتیترین هۆکارەکانی شکست، جیاوازیی قووڵی فیکریی و پارادیگمی بوو لە نێوان ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا (بە نوێنەرایەتی ئاکەپە). ئۆجالان داوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی و سیستەمی دەکرد کە لە چەمکی “نەتەوەی دیموکراتیی”ـدا خۆی دەبینییەوە. ئەمە مانای داننان بە فرەیی و پێدانی مافی خۆبەڕێوەبەریی بە پێکهاتە جیاوازەکان بوو لە چوارچێوەی یەکپارچەیی تورکیادا. لە بەرانبەردا تێڕوانینی دەوڵەت، وەک لە کتێبەکەدا ڕەنگ دەداتەوە، زیاتر لە چوارچێوەی ئەمنیی، چەکدانان و پێدانی هەندێک مافی کولتووری سنوورداردا قەتیس مابوو، بێ ئەوەی دەستکاریی بنەماکانی دەوڵەت-نەتەوەی تاکڕەو بکات. ئۆجالان ئەمە بە “هەڵخەڵەتاندن” و “کاتکوشتن” ناو دەبات و پێی وایە دەوڵەت هەرگیز بە جدیی نیازی چارەسەرێکی دیموکراتییانەی نەبووە. ئەم جیاوازییە قووڵە لە تێگەیشتن بۆ “چارەسەر” وای کرد بنەمایەکی هاوبەش بۆ دانوستاندنێکی ڕاستەقینە درووست نەبێت.
٢. نیازپاکیی و متمانە: کتێبەکە بەردەوام گومان دەخاتە سەر نیازپاکیی لایەنی دەوڵەت. ئۆجالان ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتێکدا گفتوگۆکان بەردەوامن، دەوڵەت بەردەوامە لە درووستکردنی ‘قەرەقۆڵ’ و بەنداو کە ئامانجی ئەمنیی و سەربازییان هەیە و فشارەکانی بۆ سەر KCK و گەریلا بەردەوامە. ئەم دووفاقیی و بێمتمانەییە ژینگەیەکی لەباری بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە نەڕەخساند. وەک ئۆجالان دەڵێت: “ئەگەر هەست بە ئاشتیی و چارەسەر نەکەن، ئەگەر واز لە ئاژاوەگێڕیی ئۆپەراسیۆنی KCK نەهێنن، ئاشتیی چیرۆکە.” (ل. ٤)
٣. چوارچێوەی یاسایی و دەستووریی: ئۆجالان جەختێکی زۆر لەسەر پێویستی درووستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووریی بۆ دانوستاندنەکان و گەرەنتیکردنی مافەکان دەکاتەوە. ئەو پێی وایە بەبێ هەمووارکردنەوەی دەستوور و دەرکردنی یاسای نوێ کە دان بە مافەکانی کورد و پێکهاتەکانی تردا بنێت و سیستەمی دیموکراتیی بچەسپێنێت، پرۆسەی ئاشتیی ناگاتە ئەنجام. بەپێی گێڕانەوەکانی نێو کتێبەکە، دەوڵەت ئامادەیی بۆ ئەم هەنگاوە بنەڕەتییانە نیشان نەداوە و زیاتر ویستوویەتی کێشەکە لە چوارچێوەیەکی تەسک و ئەمنییدا بهێڵێتەوە.
٤. کاریگەرییە دەرەکیی و ناوخۆییەکان: هەرچەندە کتێبەکە بە شێوەیەکی سەرەکیی تیشک ناخاتە سەر ڕۆڵی هێزە دەرەکییەکان، بەڵام ئۆجالان ئاماژە بە بوونی ‘دەوڵەتی پارالێل’ و دەستێوەردانی هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکات و ئامانجیان تێکدانی پرۆسەکەیە. هەروەها، لە ناوخۆشدا، ئۆجالان ڕەخنە لە هەندێک هەڵوێستی KCK و سیاسەتی کوردیش دەگرێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی هۆکاری سەرەکیی شکستەکە دەخاتە ئەستۆی دەوڵەت.
٥. فشاری ناوخۆیی لەسەر ئۆجالان: جگە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگ و گومانەکان لە لایەنی دەوڵەتەوە، ‘کۆنووسەکانی ئیمرالی’ ئاشکراشی دەکات کە عەبدوڵڵا ئۆجالان لەژێر فشاری ناوخۆیی بزووتنەوەکەشیدا بووە سەبارەت بە ستراتیژی دانوستاندن. وەک خۆی دەڵێت: ‘یەکێک لە ناو KCK پێم دەڵێت “تۆ چۆن دان بە خۆتدا دەگریت”.’ ئەم وتەیە بە ڕوونی دەری دەخات لە ناو خودی بزووتنەوەکەش نیگەرانیی یان تەنانەت ڕەخنەش هەبووە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە و پێیان وابووە ئۆجالان لە دانوستانەکاندا ‘دانبەخۆگرە’، واتە لەڕادەبەدەر ئارام، خۆڕاگر، یان نەرمە و لەوانەیە سازشی زۆر بکات. بەڵام، وەڵام و شیکردنەوەی ئۆجالان بۆ ئەم تێبینییە، قووڵایی ستراتیژیی و هەستیاریی دۆخەکە زیاتر ڕوون دەکاتەوە. کاتێک دەڵێت: ‘قسەکەی ڕاستە. من لەو مەسەلانە زۆر بێئۆقرەش نیم، ‘ ئەو دان بەو ‘دانبەخۆداگرتنە’دا دەنێت، بەڵام وەک پێویستییەک نەک وەک لاوازییەک. ئەو پێی وایە ئەم ئارامیی و خۆڕاگرییە تەکتیکێک نەبووە، بەڵکوو هەنگاوێکی زەرووری بووە بۆ ‘ڕزگارکردنی پرۆسەکە’ لە هەرەسهێنان لەژێر گوشاری لایەنە دژەکان و بەرانبەر ئەو ‘پیلانانەی لەناوبردن’ وا بەردەوام لە ئارادا بوون. هاوکات، گلەیی لە هەموو لایەنەکان دەکات کە وادیارە بە تەواوی لە دۆخە تایبەت، ئاڵۆز و هەستیارەکەی ئەو لە ئیمرالی تێنەگەیشتوون.
هەڵسەنگاندنی کتێبەکە:
- لایەنە بەهێزەکان:
O تێگەیشتنی قووڵ: کتێبەکە دەرفەتێکی دەگمەن بۆ تێگەیشتن لە بیرکردنەوە و ستراتیژییەکانی ئۆجالان لە قۆناغێکی چارەنووسساز و پڕ لە گۆڕانکارییدا دەڕەخسێنێت.
O قووڵایی فیکریی: شیکارییە تیۆرییەکانی سەبارەت بە دیموکراسی، نەتەوە، ژن، ئیکۆلۆژیا و ڕەخنەکانی لە سیستەمی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە، قووڵایی فیکریی نووسەر نیشان دەدەن و دەشێت ببنە بابەتی لێکۆڵینەوەی زیاتر.
O بەڵگەنامەی مێژوویی: تۆمارکردنی وردەکاریی دیدارەکان (هەرچەندە لە ڕوانگەی یەک لایەنەوە بێت) وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و ڕۆڵی ئۆجالان، بەهایەکی زۆری هەیە.
O ڕەهەندی مرۆیی و کەلتووریی: جیا لە قووڵبوونەوە لە پرسە تیۆریی و ستراتیژییەکان، کتێبەکە هەڵگری ساتە مرۆییە کاریگەرەکانیشە و تێگەیشتنێکی فرەڕەهەندترمان پێ دەبەخشن. نموونەی دیاری ئەمە، ئەرکی سەخت و ناخۆشی سەڵاحەدین دەمیرتاشە بۆ گەیاندنی هەواڵی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەس، بە ئۆجالان. کاردانەوەی خەمبارانەی ئۆجالان و داواکردنی گەیاندنی سەرەخۆشیی، لایەنێکی مرۆیی پەیوەندییەکان دەردەخات. زیاتر لەوەش، ئاماژەی دەمیرتاش بەوەی شێرکۆ بێکەس شیعرێکی تایبەتی بۆ ئۆجالان نووسیوە و دوایین پەرتووکیشی بۆ واژۆ کردووە تا پێی بگات، نیشانەی ڕێز و پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان کەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانە. بوونی ئەم جۆرە وردەکارییانە، بەهای بەڵگەنامەیی و خوێندنەوەی کتێبەکە زیاتر دەکات.
O دیدگا بۆ سیاسەتی هەرێمیی: کتێبەکە وردەکاریی گرنگیش سەبارەت بە تێڕوانینی ئۆجالان بۆ ئەکتەر و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی ناوچەکە لەخۆ دەگرێت، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان. شێوازی ئاماژەی ئۆجالان بە سەرکردە سیاسییەکانی باشووری کوردستان جێگەی سەرنجە. بۆ نموونە، لە کاتێکدا ئاماژەکانی بۆ مەسعوود بارزانیی و سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک لە دەقەکاندا دەردەکەوێت، زۆر جار هەڵگری تۆنێکی ڕەخنەگرانە یان نەرێنیی سیاسییە (بۆ نموونە، ئاماژەدان بە پەیوەندیی لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان یان هۆشداریدان لە ملکەچبوون بۆ فەرمانی دەرەکیی)، دەبینین تاکە ئاماژە بە جەلال تاڵەبانیی لە کتێبەکەدا، بەگوێرەی لێکدانەوەی بەردەست، تەنیا پرسیارێکی کورتی هاوسۆزانە و مرۆییانەیە سەبارەت بە باری تەندرووستیی ناوبراو لە کاتی نەخۆشییەکەیدا. ئەم جیاوازییە لە تۆن و ناوەڕۆکی ئاماژەکاندا، نەک تەنیا ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان بزووتنەوەی ئۆجالان و پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستانە لەو کاتەدا، بەڵکوو لایەنێکی دیکەی گرنگیی کتێبەکەیە وەک بەڵگەنامەیەک کە تیشک دەخاتە سەر دیدگای تایبەتیی ئۆجالان بۆ هاوکێشە سیاسییە هەرێمییەکان.
گرنگیی کتێبەکە و پەیوەندیی بە پرسە فیکرییە هاوچەرخەکانەوە:
ئەم کتێبە تەنیا بۆ تێگەیشتن لە پرسی کورد و سیاسەتی تورکیا گرنگ نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە چەندین پرسی فیکریی و تیۆریی گەورەتر و جیهانییەوە هەیە:
- قەیرانی دەوڵەت-نەتەوە: شیکارییەکانی ئۆجالان بۆ کێشەکانی دەوڵەت-نەتەوە و پێشنیازکردنی مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی و نەتەوەی دیموکرات، دەچێتە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆ فیکرییە جیهانییەی لە سەر قەیرانی مۆدێلی دەوڵەتی وێستفالی و گەڕان بەدوای ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیتر و فرەچەشنتردا هەیە.
- دیموکراسیی ڕادیکاڵ و بەشداریکەر: تێزەکانی ئۆجالان سەبارەت بە دیموکراسیی ڕاستەوخۆ، بەشداریی کارای گەل، خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی و ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنیی، پەیوەندییەکی پتەویان بە تیۆرییەکانی دیموکراسیی ڕادیکاڵ و بەشداریکەرەوە (Participatory Democracy) هەیە.
- ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی و ئازادیی ژن (ژنۆلۆژیی): گرنگیدانی تایبەتی ئۆجالان بە پرسی ژینگە و بەستنەوەی چارەنووسی مرۆڤایەتی بە هاوسەنگیی ئیکۆلۆژییەوە، هەروەها پێداگریی لە سەر ئەوەی ئازادیی کۆمەڵگە بە ئازادیی ژنەوە بەندە (کە دواتر لە چەمکی ‘ژنۆلۆژیی’ـدا زیاتر پەرەی پێ درا)، ڕەهەندێکی گرنگ و هاوچەرخ بە تێگەیشتن لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان و تیۆرییە فێمینیستی و ئیکۆلۆژییەکان دەبەخشێت.
دەرەنجام و پێشنیاز بۆ لێکۆڵینەوەی داهاتوو:
کتێبی ‘ڕزگاریی دیموکراتیی و بنیاتنانی ژیانی ئازاد: کۆنووسەکانی ئیمرالی’ سەرچاوەیەکی بنەڕەتیی و ناوازەیە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لە قووڵایی هزری سیاسیی عەبدوڵڵا ئۆجالان و ئاڵۆزییەکانی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا تێبگات. کتێبەکە بە ڕوونیی ئەو کەلێنە فیکریی، سیاسیی و سایکۆلۆژییە قووڵە نیشان دەدات وا لە نێوان تێڕوانینی ئۆجالان بۆ چارەسەرێکی دیموکراتیی بنەڕەتیی و تێڕوانینی دەوڵەتی تورکیا بۆ پاراستنی ستاتۆکۆ و چوارچێوەی ئەمنیدا هەبوو؛ کەلێنێک، کە لە بنەڕەتدا بووە هۆی شکستهێنانی پرۆسەکە. سەرەڕای لایەنگریی سرووشتیی بەڵگەنامەکە، کتێبەکە وەک شایەتحاڵێکی گرنگی مێژوویی و فیکریی دەمێنێتەوە.
ئەم کتێبە دەتوانێت چەندین پرسیار و بواری لێکۆڵینەوەی نوێ بۆ توێژەران و خوێنەران بورووژێنێت، لەوانە:
- تا چەند مۆدێلی “نەتەوەی دیموکرات” و “کۆنفیدراڵیزمی دیموکرات”ـی ئۆجالان لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ کراوە یان توانای جێبەجێبوونی هەیە، بە تایبەت لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستان؟
- بەراوردی ستراتیژیی و تەکتیکەکانی دانوستاندنی ئۆجالان لەم قۆناخەدا لەگەڵ قۆناخەکانی پێشووتر و لەگەڵ ئەزموونەکانی دیکەی دانوستاندنی ئاشتی لە نێوان دەوڵەت و بزووتنەوە چەکدارییەکان لە جیهاندا.
- شیکردنەوەیەکی وردتر و فرەلایەنتر بۆ ڕۆڵی هێزە ناوخۆییەکان (لە نێو تورکیا و کورد) و هێزە دەرەکییە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان لە شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتیی ٢٠١٣-٢٠١٥، بە سوودوەرگرتن لەم کتێبە و سەرچاوەی دیکەی بێلایەنتر.
- لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی درێژخایەنی هزری ئۆجالان (بە تایبەت پارادایمی نوێی) لە سەر ئاڕاستەی بزووتنەوەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و سیاسەتی گشتیی ناوچەکە.
لە کۆتاییدا، ‘کۆنووسەکانی ئیمرالی’ زیاترە لە تەنیا تۆمارێکی گفتوگۆ؛ بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ تێفکرین و تێگەیشتن لە پارادایمێکی جیاواز بۆ سیاسەت، کۆمەڵگە و ئازادیی. هاوکات، شایەتحاڵێکی نووسراوی قۆناغێکی پڕ لە هیوا و ئومێدی بەئەنجامنەگەیشتووە لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد و گەلانی تورکیادا.



