چاند

چوار ڕۆژ لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی

(ئیمراڵیی و قەندیل و دەم پارتی) سێووچکەی پرسی کوردن لە باکوور یەک ئەوی دیکە تەواو دەکا، سەرووی هەمووشیان ئۆجالانە و پێوەی پابەندن.

هیوا سەید سەلیم

  دەستپێکی ھەموو دیدارێك دوای سڵاوکردن لە ڕێبەر ئۆجالان یەکسەر دەبوو شاندەکە لە دۆخی تەندرووستی ئەو بپرسن، بۆیە ھەر جارێک وڵامێکیان وەردەگرتەوە، بەڵام زۆربەی جار ڕێبەر ئۆجالان دەیگوت: ” زۆر باشم”. جار جاریش باسی لەوە دەکرد کە چاوەکانی ئاویان لێ دێت و ئازارێک لە بۆڕی ھەناسەدانی ھەیە.

لە بەرانبەریشدا ئۆجالان بە شاندی ئیمراڵیی دەگوت: ئێوە چۆنن؟ ئایا وەک ڕامسپاردوون ئاگاداری باری ئاسایشی خۆتان دەبن؟

ئەو پرسیارانە لە (سڕی سوڕەیا، پەروین بۆڵدان، خەتیب دیجلە) دەکران، هەروەها ئەوانەشی کە لەسەر داوای ئۆجالان دەچوونە ئیمراڵیی.

دوای ھەواڵپرسین، کارنامەی دیدارەکانی دادەندرا، ڕێبەر پرسیاری ھەموو شتێکی دەکرد:

– قەندیل ھەواڵیان چییە؟

– بارودۆخی ژنان.

– ھەدەپە و بەدەپە خەریکی چین؟

– دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و جموجۆڵی ھێرشەکانی داعش؟

– حزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕایان چییە؟

– ھێزە چەپەکانی تورکیا چی دەڵێن؟

– ئەکەپە و مەھەپە و جەھەپە و بەرپرسانی حکومەت لەسەر پرسی ئاشتی چی دەڵێن؟

– بارودۆخی چین و توێژەکانی دیکە (عەلەوییەکان، ئێزیدییەکان)

– وەرزش، سینەما، ئابووری، دۆخی بازاڕ.

دوای ئەوەی وەڵامی ھەر یەک لەو پرسیارنەی لە شاندی ئیمراڵیی وەردەگرتەوە، نۆرەی ئەو بوو قسە بکات. لە سەر دۆخی سیاسیی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەچووە ناو باسەکە، پاشان باسی لە دیدارەکانی خۆی و بەرپرسانی دەوڵەتی بۆ شاندی ئیمراڵیی دەکرد، جا دەھاتە وەڵامدانەوەی ئەو نامانەی بۆی ھاتبوون لە (قەندیل، زیندان، ھەڤاڵانی ئەورووپا، ڕۆژئاوای کوردستان، حەرەکەتی ژن… زۆری دیکەش).

لەو چوار ڕۆژەدا کە تەواوی کاتەکەم بۆ کۆنووسەکانی دیداری ئیمراڵیی تەرخان کردبوو، ئەو ڕاستییانەم بۆ دەرکەوت:

– ئۆجالان بۆ ساتێکیش لە بارودۆخی جیھان و ناوچەکە دانەبڕاوە.

– نووسین و خوێندنەوە پشکی زۆری کاتی ئەویان بردووە.

– ئۆجالان لە یەک کاتدا خەمی ئاشتی و شەڕی ھەڵگرتووە، لەگەڵ ئەم دووانەش چاوێکی ھەر لەسەر پەروەردەیە، ئاگاداری کۆنگرەی ھەدەپە، بەدەپە، قەندیل، ژنان، تەنانەت یاری ئامەد سپۆریش بووە.

– شاندی ئیمراڵیی ھێلی گەرمی نێوان ئۆجالان و حکومەتی تورکیا و قەندیل و ھەدەپەی کۆن و ئەورووپا و ڕۆژئاوا و پارتە کوردستانییەکان و پارتە تورکییەکان و زیندانەکان بوونە.

– ڕێبەر ئۆجالان لە یەکەم ئاگربەست لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە بڕوای وایە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی خەباتی چەکداریی چارەسەر بکات، دەکرێت پەکەکە واز لە خەباتی چەکداریی بھێنێت.

ڕێبەر ئۆجالان چۆن خەباتی ژنی گەیاندە ئێرە؟ ئەو لە ژیانی منداڵییەوە بیری لە تۆڵەکردنەوە نەکردووەتەوە و لە دایکی یاخی بووە کاتێک داوای لێ کردووە لەگەڵ منداڵانی ئەو بنەماڵەیە ھەڵسوکەوت نەکات کە کێشەی کۆنیان لەگەڵیان ھەیە.کاتێک کەسیرە خیانەتی لێ دەکات، بە قسەی ھەریەک لە هەڤالانی خۆی (جومعە و دۆران) ناکات و نایکوژێت، چونکە دژی ژن کووشتن بووە. بە ئێستاشەوە، کاریگەریی شەهیدکردنی ساکینە جانسز لای ئەو وەک جینۆساید وا بووە و دەڵێت: دوای کۆمەڵکوژی پاریس ئەگەر بە قسەی ھەڤاڵانم بکردبا دەبوو کارەسات درووست بێت، وەک چۆن ڕووداوی شازادەکەی نەمسا لە 28ی حوزەیرانی 1914 یەکەم جەنگی جیھانی لێکەوتەوە، دەبوو پەکەکەش دژی کۆمەڵکوژی پاریس کارەسات درووست بکا، وای نەکرد.

ئەو لە یاری ئامەدسپۆر و گەڵاتەسەرای ھاندەری یەکەم بووە. چۆن ئاڕاستەی ھەڤاڵانی زیندانی کردووە لە زیندانەکانی (ئامەد، ئەدەرنە، بایبورت، باکیرکۆی، ئەلبستان، باتمان، ئەلیف ئۆلداغ،عەزیمە، سێرت….زۆری دیکەش)؟ لە بەرنبەردا لە زیندان چی بۆ ھاتووە؟

کێ لە نووسینەوەی کتێبەکان ھاوکاری بووە؟ چۆن پێشەکی بۆ کتێبی (ڕێگەی درێژ) کە ژیاننامەی نیڵسۆن ماندێلایە، نووسیوە؟

دەستنیشانکردنی ھاوسەرۆک بۆ سێ حزب لە یەک کاتدا چۆن بە فلتەری ئەو تێپەڕیوە، ئایا ڕای خۆی سەپاندووە یان تەنیا ڕای لەسەر داون، ئەوانیش (دەمیرتاش- فیگان) بۆ ھەدەپە، (خەتیب دیجلە- سەلما) بۆ کەجەدە و (کامیران- ئامینە) بۆ بەدەپە. بۆ کاندیدکردنی دەمیرتاش بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا ڕای چی بووە؟

 

پێشبینییەکانی بۆ بارودۆخەکە:

– داعش درووستکراوی وڵاتانی ڕۆژئاوان، کەی کاریان پێ نەمان پشتی تێدەکەن.

– ساڵی 2015 ڕێبەر ئۆجالان گوتبووی “داعش کۆتایش بێ لە سووریا، داعشێکی دیکە درووست دەکرێت”.

– سووریا دەڕوخێت. پێشنیازی دامەزراندنی کۆنسەی سەرۆکایەتی بۆ سووریا کردبوو.

ھەموو ئەو چوار ڕۆژە خەریکی خوێندنەوەی کتێبی (ڕزگاریی دیموکراتیک و بنیادنانی ژیانی ئازاد) بووم، کە کۆنووسی دیدارەکانی ئیمراڵیی لەخۆ دەگریت، زانیاری یەکجار زۆر لە نێو کۆنووسی ئەو دیدارانەدا ھەیە، خوازیارم ھەمووتان بیخوێننەوە. جا دەزانن ئۆجالان جگە لە سەرکردەیەکی سیاسیی، فەیلەسووف و دیرۆکناسیشە، لە دانوستاندا نموونەی نییە.

بابەتێکی دیکەش کە شایەنی باس بێت ئەوەیە (ئیمراڵیی و قەندیل و دەم پارتی) سێووچکەی پرسی کوردن لە باکوور یەک ئەوی دیکە تەواو دەکا، سەرووی هەمووشیان ئۆجالانە و پێوەی پابەندن.

شایانی باسە، کتێبەکە کۆنووسی دیدارەکانی ئیمراڵیی لە ساڵانی (2013-2015) لەخۆ دەگرێت، ساڵی 2015 چاپی تورکی کرا، بەڵام بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا دژی چاپکردنی دەبن، ساڵی 2025 چاپە کوردییەکەی، کە ٧٠٦ لاپەڕەیە، بڵاو دەبێتەوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.