گوتار

پلانی ‘مارشاڵ’ ناسنامەی ئیرادەی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەمریکییەکان پلانی مارشاڵ لە ئاوەدانکردنەوەوە بگۆڕن بۆ پڕچەککردن (دەستپێکی جەنگی سارد)، هاوکات پڕۆژەی مارشاڵ بکەن بە ناوەندی هەژموونی خۆیان.

 جووتیار ئاسۆس

داگرتنی فایلی PDF

جیهان قۆناغێک پێش پلانی مارشاڵ

ڕیچارد دیگارنێڵ بەڕێوبەری پێشووی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە کابینەی پێشووتری دۆناڵد ترامپ، دەڵێت: ”دۆناڵد ترامپ کەسێکە لە سیاسەتی دەرەوەدا پێشبینی بۆ ناکرێت، ڕەنگە ئەوە خاڵی بەهێزی ئەو بێت”. دەیڤید لۆولەر، نووسەر لە پێگەی میدیایی (ئاکسیۆس)ـیش دەڵێت؛ ئەو خەسڵەتە (ناڕوونیی)ـە کلیلی تێگەیشتنە لە دۆکترینی سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترامپ. دۆکترین یاخود ‘باوەڕ’ بریتییە لە تێزەیەکی تایبەت بۆ بەڕێوەبردن و بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی جیهان هەیانە. لای هەندێ سەرکردە بەرز دەبێتەوە بۆ پلەی باڵا و دەبێت بە تیۆرەیەکی فکریی، لای هەندێک سەرکردەش کە لە ڕەهەندی جیاوازەوە لێکۆڵینەوەی قووڵتر دەکەن، ئەو باوەڕ و دۆکترینە بۆ ئاستی جیهانبینیی و پارادایم هەڵدەکشێت.

ئەمریکا یەکێکە لە زلهێزەکانی جیهانی سەدەی ڕابردوو و تاکە زلهێزی جیهانی پاش جەنگی ساردیشە تا ئەمڕۆ. سەرۆکەکانی ئەمریکا هەیان بووە خاوەنی باوەڕی تایبەت بە خۆی بووە و بووە بە ناسنامەی ماوەی حوکمڕانییەکەی، هەشیانبووە تەنیا سەرۆکێکی ڕاگوزەر بووە و باوەڕی سەرۆکێکی پێشووتری جێبەجێ کردووە. ئەوەی بۆ ئێمە دەبێتە جێی بایەخ، باوەڕی ئەوانە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە. ئەوان هەندێکیان خاوەنی باوەڕێک بوون و تا ساڵانێکی زۆر کاریگەریی یەکلاکەرەوەیان لە سەر جیهان بەجێ هێشتووە، بۆ نموونە باوەڕی جیمس مۆنرۆ (سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٢٣)  پێی وایە دەبێت هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و باشوور لە دەستی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا بێت و ڕێگە بە هیچ هێزێک نەدرێت هەژموونی خۆی بباتە ئەو دوو کیشوەرە، یاخود مۆدێلێکی حوکمڕانیی و باوەڕ بباتە ئەوێ و دژی ویستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت. بەپێی باوەڕی هاری تروومان (١٩٤٧) دەبێت وڵاتی ئەمریکا هاوکاریی ئەو وڵاتانە بکات وا ناهێڵن کۆمۆنیزم دەست بە سەر سیستمی وڵاتەکانیاندا بگرێت، ئەم باوەڕە دواتر (پلانی مارشاڵ) بەرهەم دەهێنێت. باوەڕیی  نیکسن (۱۹٦۹) تا ڕادەیەک پێچەوانەی تروومانە، کە پێی وایە دەبێت هاوپەیمانەکانی ئەمریکا خۆیان بەرپرسیارێتیی پاراستنی خۆیان لەئەستۆ بگرن. هەروەها باوەڕی جەیمی کارتەر (۱۹۸۰) کاریگەریی لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و وەک گەڕانەوە بۆ تروومان و مارشاڵ هەژمار دەکرێت، پێی وایە؛ دەبێت ئەمریکا دەستێوەردانی سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بکات، بە تایبەت لە وڵاتانی کەنداو، ئەمەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ئەودەم گوایە ئەوە بەرانبەر دەستێوەردانی یەکێتیی سۆڤێت ڕووی دا، کە ساڵی ۱۹۷۹ چووە ئەفغانستانەوە و لەوە ترسان سوپای سووری سۆڤێت پەل بۆ ئەو وڵاتانە بهاوێت وا ئەمریکا بەرژەوەندیی تیایاندا هەیە.

دانوستانی هاوپەیمانیی دژی ئەڵمانیای نازیی پاش جەنگی جیهانیی دووەم

ڕۆژی ١٢ـی ئاداری ١٩٤٧، لە کاتێکدا جیهان دووساڵ دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و دۆڕانی (ئەڵمانیا و یابان و ئیتاڵیا) لە ئارامییەکی کەموێنەدا بوو، هاری ترومانی سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا هەمووانی حەپەساند و جەنگێکی نوێی ڕاگەیاند، کاتێک لە کۆنگرێسی ئەمریکا وتی؛ “دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان، بەگژ کۆمونیزمدا بچینەوە،” دوو ڕۆژ بەر لەوە و ڕۆژی ۱۰ـی ئادار، کۆبوونەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی براوەی جەنگی جیهانیی دووەم لە مۆسکۆی پایتەختی سۆڤێت بەڕێوە چوو بوو، کە وەزیری کاروباری دەرەوەی (بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤێت) تێیدا بەشدار بوون و تایبەت بوو بە دواڕۆژی ئەڵمانیا. فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمدا تا ڕادەیەک لێک نزیک بووبوونەوە، بەوەی لە بەرەی جەنگی ڕۆژئاواوە ئەمریکا هاوشانی فەڕەنسا و بەریتانیا، بەشدارییەکی سیمبۆڵییان لە جەنگی جیهانیی دژی ئەڵمانیای قەیسەریی و ئیمپراتۆرێتیی نەمسا-مەجەڕیی کرد، بێگومان پاش جەنگی جیهانیی دووەم، هەنگاوێکی تریش لێکتری نزیک بووبوونەوە، سا لە دژایەتیی سیستمی ڕیال سۆسیالیزمی سۆڤێتدا زۆر هاوڕا بوون، هەر ئەوەش وایکرد سۆڤێت هەست بە هەراسانیی بکات و نەگەنە ڕێککەوتن. بەڵام لەلایەکی ترەوە سنوورێکی هاوبەشی دوورودرێژی کیشوەری ئەورووپاش بە یەکێتیی سۆڤێتەوە، وای کردبوو تا ئەودەم فەڕەنسا و بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەورووپای خۆرئاوایی نەتوانن تەواو لە بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی سۆڤێت بدەن، بە تایبەت کاتێك یەکێتیی سۆڤێت و ئەورووپا لە ئەنجامی جەنگی جیهانیی دووەم، هێشتا یەکپارچە وێرانە بوون.

بۆیە ئەو هەڵمەتی پڕوپاگەندەیەی لە ئەورووپا بۆ ئەمریکا کرا و ئەفراندنی ئارەزووی گەلانی ئەو کیشوەرە بۆ نزیکبوونەوە لە ئەمریکا کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، لە سەردەمی پڕوپاگەندە بۆ پلانی مارشاڵەوە دەستی پێ کرد و فۆبیای کۆمونیزمیش لە سەرپاکی ئەورووپا دیسان زادەی هەمان هەڵمەتی پڕوپاگەندەیە. وڵاتانی سوید، نەرویج، دانیمارک، ئەڵمانیای ڕۆژئاوا، هۆڵەندا، بەلژیکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیرلەندا، سیوسرا، نەمسا، پرتوگال، ئیتاڵیا، یۆنان و تورکیا بە ڕێژەی جیاواز لە کاروانی هاوکارییەکانی مارشاڵ سودمەند بوون و پشکی شێریش بەر هەر سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا کەوت.

پلانی مارشاڵ هەر لە هاوینی ۱۹٤۷ تا سەرەتای ساڵی داهاتووش بەرەوڕووی هەڵمەتی پڕوپاگەندەی پێچەوانەی یەکێتیی سۆڤێت بووەوە و سەرەتا هەموو چینەکانی کۆمەڵ پەسەندیان نەکرد، بەڵکوو بەشێکی زۆری خەڵکی وڵاتانی ئەورووپای خۆرهەڵات و خۆرئاواش دژی وەستانەوە. خۆپیشاندانی سەندیکا کرێکارییەکان، پارتە چەپ و سۆسیالستیەکانی ئەورووپا درێژەی کێشا و توندوتیژیی لە هاوین و پاییزی ساڵی ۱۹٤۷هەڵکشا بۆ ئاستی کوشتار و کاری زاپۆتاج،  بە چەشنێک تا ئەمڕۆش کەلتووری خۆپیشاندانی نێو شارەکان و درووستبوونی گرووپی ڕادیکاڵی چەپڕەو لە وڵاتانی ئەورووپای خۆرئاوایی دژی هەژموونی ئیمپرالیزم زادەی خۆپیشاندانەکانی دژ بە پلانی مارشاڵن. ئەوەی جێی سەرنجە، لە کاتێکدا هەواداران و نەیارانی مارشاڵ لە ئەورووپا یەکتریان دەکوشت، بەڵام هێشتاش کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەکەیان ئەرێ نەکردبوو! بەڵام لە ئەنجامی پەشێویی و خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئەورووپا، کە تەواوی کۆمەڵگای بۆ دووبەرە دابەش کردبوو؛ بەرەی پشتیوان، خەڵکانی باوەڕدار و کۆنزەرڤاتیڤ و ناسیۆنالیستەکانی ئەورووپا و سەرمایەدارەکان بوون، بەرەی دژیش زیاترینیان کرێکار و زۆرینەی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و چالاکونانی دژ بەو پڕۆژەیە بوون، مسۆگەر بەرەی دژ بە مارشاڵ لە وڵاتەکانی ئەورووپای خۆرهەڵات، کە سوپای سووری سۆڤێتیی لەوێ باڵادەست بوو، سەرکەوتنی بەدەست هێنا. دواجار هیچ کام لە وڵاتانی سەر بە یەکێتیی سۆڤێت ئەو هاوکارییانەیان پەسەند نەکرد و ڕیاڵ سۆسیالیزم بووە خاوەنی ناوەندی بڕیاردان لەو وڵاتانە، یەکێتیی سۆڤێت تا مردنی ستالین، کەمتازۆر هاوکاریی بەرە چەپڕەوەکانی ناوخۆی وڵاتانی ئەورووپای خۆرئاواشی دەکرد کە دژی هەژموونی ئەمریکا دەوەستانەوە. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لای دەزگا بیرۆکراتییەکانی ئەمریکا دڵەڕاوکێ درووست ببێ و هەردوو ئەنجوومەنی پیران و کۆنگرێس بە یەک دەنگ لە ڕۆژی ۱٥ـی ئاداری ۱۹٤۸ پڕۆژەی مارشاڵ پەسەند بکەن، بەو ڕەنگەش ئەو وڵاتانەی هاوکارییەکانی ئەمریکایان پەسەند کرد، دژی یەکێتیی سۆڤیەت بوونە بەرەیەکی سرووشتیی، ئەوەش بووە بەردی بناغەی دامەزراندنی (ڕێکخراوی ناتۆ) کە ٥ ساڵ دواتر دامەزرا.

پلانی مارشاڵ هەمەلایەنە بوو، هاوکارییەکان بریتی بوون لە ناردنی کەرەستە میکانیکییەکان بۆ بنیادنانەوەی ژێرخانی پیشەسازیی و ئابووریی و ڕێگاوبان، ئۆتۆمبێلی کشتوکاڵیی، خواردن و پارەی کاش بۆ خاوەنکارگە و سەرمایەداران، بەڵام لایەنی کەلتووریی و سەپاندنی کەلتووری ئەمریکیی (کە بە مۆدێلی ژیانی ئەمریکیی) ناسراوە، بەشێکی گەورەی پلانەکە بوو. هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا فەرمانگەیەکی تایبەتی بۆ دامەزراند، بە ناوی (فەرمانگەی هەماهەنگیی ئابووریی). لەو فەرمانگەیەدا چەندین فەرمانبەری پسپۆڕ لە تەواوی کەرتە جیاوازەکان نێردرانە ئەورووپا، بەرزترین ژمارەیان مامۆستا و پسپۆڕی بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و ڕاگەیاندن بوون، کاری ئەمانە ئەفراندنی مۆدێلی شێوەژیانی ئەمریکیی بوو بە ناو ‘خۆشگوزەران’ـی لە ئەورووپا، کە لەسەر هەبوونی کار و پارە و بەکاربردن (ئیستیهلاک) بەندە. بۆ ئەوەی توانای بەکاربردن (ئیستهلاک) واتە توانای ‘کڕین’ لە نێو کۆمەڵگایەکدا هەڵکشێ، بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتەش پێویستە، بەڵام بەومەرجەی تەواوی پێداویستییەکان لە بازاڕەکانی ئەمریکا بکڕن. بەو ڕەنگەش کێ لە هەمووان زیاتر توانای پاوان و گەورەکردنەوەی سەرمایەگوزاریی خۆی هەبێت، ئەوە لە هەمووان خۆشگوزەرانتر و نزیکتر دەبێت لە ئەمریکاوە. هەربۆیە ئەمریکا بە ناوی ‘دیموکراسیەت’ و بازاڕی ئازادەوە چەندین مەرجی بە سەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند و دەستی بە سەر تەواوی ئەجێنداکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەدا گرت، بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە؛ تەواوی ئەو تەڤگەرە سۆسیالیست و ئانارشیست و تەنانەت بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی هەڵگری هیچ ئایدۆلۆژیایەک نەبوون و تەنیا دژی پاوان و هەژموونی سەرمایەداریی بوون، خرانە دەرەوەی پرۆسەی بە ناو دیموکراسییەت و وەک دوژمنی دەوڵەت لەقەڵەم دران. واتە؛ هەرکەس دژی هەژموونی سەرمایەداریی بێت، ئەوا واتای ئەوەیە دژی هەژموونی ئەمریکایە، ئەو وڵاتەشی دۆستی ئەمریکا بێت، دەبێت ئەو بزووتنەوانە سەرکوت بکات.

چون وەک دەزانین ئەمریکا فەرمانگەیەکی تایبەتی بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پارانەی ڕادەستی وڵاتانی ئەورووپی دەکرێت، دامەزراند. داوای ڕاپۆرتیان لە خەرجکردنی دواسەنت دەکرد و ئەمریکا لە ڕێی ئەو فەرمانبەرانەوە نەک هەر دەستی بە سەر ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەدا گرت، بەڵکوو خۆهەڵقورتاندنە نێو سیاسەتی ناوخۆیی ئەورووپاش لەلایەن ئەمریکاوە، ڕۆژبەڕۆژ پەرەی دەسەند، تا کار گەیشتە ئەوەی وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جارێک لە دیمانەیەکدا وتی: “ئەمریکییەکان هەر ئەوە ماوە بێنە نێو نووسینگە تایبەتیەکەی من و دیزانی کورسی و مێزەکەم بۆ بکەن”. لە دەیەکانی داهاتوو ئەو ڕاستییەش بۆ زۆرێک لە سیاسەتمەدار و لێکۆڵەرە ئەورووپییەکان ڕۆشنتر بوویەوە کە سوودمەندی یەکەم و کۆتایی لە پلانی مارشاڵ، خودی ئەمریکایە، جا نەک تەنیا لە دەرەوەی ئەورووپا، کە ئەمریکا چەندقاتی ئەو هاوکارییانە کەرەستەی خاو و سامانی سرووشتیی لە کۆڵۆنییەکانی وڵاتە ئەورووپیەکان بۆ خۆی پاوان کردووە، بەڵکوو بۆ ئەو جەنگەی بەرانبەر یەکێتیی سۆڤێت دەیەوێت بەرپای بکات،  وەک هەندێک لە لێکۆڵەر و چالاکوانانی ئەورووپیی دەڵێن؛ “ئەمریکییەکان نیوەی ئەورووپایان بە هەندێ پسکیت و کۆکا کۆلا و مۆز کڕییەوە و کردیانن بە سەربازی ئامادە و هاوپەیمانی خۆیان لە بەرەی پێشەوەی جەنگێک کە ئەگەر ڕوو بدات، ئەوا چەندین قات لە جەنگی جیهانیی دووەم وێرانکەرتر دەبێت”. ئەمە جگە لەوەی ئەمریکییەکان بازاڕێکی بەهێزی درێژمەوداشیان بۆ ساغکردنەوەی کەلوپەلەکانی خۆیان مسۆگەر کردووە.

فەڕەنسییەکان و ئیتاڵییەکان و زۆر لە سیاسەتمەدارانی تری وڵاتان ئەوساش نیگەران بوون و لە مەرجەکانی ئەمریکا ناڕازیبوون، چونکە پێیان وابوو ئەمریکییەکان سەربەخۆییان بۆ ئەوان نەهێشتوووەتەوە و بڕیارە چارەنوسسازەکان لەبری پاریس و ڕۆما و پایتەختە ئەورووپییەکان لە واشنگتۆنەوە دەدرێن، بەڵام ئەمریکا هەمیشە لە بەرەی دژبەری ئەو دەنگە ناڕازییانە دەوەستا، بۆ نموونە دژی پارتی سۆسیالستی فەڕەنسیی ڕادەوەستا و هەرکات ئەوان یان هەر لایەنێکی تری دژبەری هەژموونی ئەمریکیی لە وڵاتێکی ئەورووپیی باڵادەست دەبوو، یان لە ڕێی هەژموونی سیاسیی ئەمریکاوە فشاریان لێ دەکرا و داوای دەستگیرکردنی چالاکوانان و قەدەغەکردنی سەندیکا کرێکارییەکانیان لەو وڵاتانە دەکرد یاخود هەندێ جار ڕاستەوخۆ لە ڕێی ئەندامانی گرووپەکانی وەک (گلادیۆ و نیونازییەکان و ئەوانی ترەوە) ڕاستەوخۆ کاری تیرۆر و سەرکوت و تۆقاندنیان لە تاریکییدا ئەنجام دەدا. ئیدی بە ڕەنگێک دووپارچەکردنی ئەورووپای ئەودەم لە ڕواڵەتدا زۆر لە دەستوەردانی وڵاتانی خۆرئاوایی دەچێت لە ئۆکرانیای ئەمڕۆ، کە ڕووسەکان لە ڕۆژهەڵات و ناتۆ لە ڕۆژئاواوە گەلی ئۆکرانیا بەگژ یەکدا دەکەن.

ساڵی ۱۹٤۹ دەوڵەتی ئەڵمانیای ڕۆژئاوا دامەزرایەوە و پارەی ئەڵمانی (دی-مارک) دیسان چاپ کرایەوە، سا بەردی بناغەی بنیادنانەوەی ئەڵمانیایەکی بەهێز و خاوەنکارخانە بە سەرپەرەشتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکییەکان دیار بوو ئەنجامی خۆی پێکا بوو، بۆیە گەورەترین براوەی مارشاڵ پلان لە ئەوروپا (ئەڵمانیا)ـیە، چونکە لە ماوەی شەووڕۆژێکدا لە کیانێکی نازیی و وێرانکەری جیهانەوە ناوبانگیان بۆ دۆستی ئەمریکا و ڕزگارکەری جیهان لە هەژموونی بە ناو ‘کۆمونیزم’ گۆڕا، دواتر وڵاتەکەیان کردە بەرەی پێشەوەی هەژموونی ئەمریکا بەرانبەر یەکێتیی سۆڤێت. دیارە ئەوەش بێ ئەوەی هیچ قەرەبوویەک بدەنەوە و ئەو چەندین ملیارەی بەر لە چەند ساڵ حکومەتی نازییەکان هینابوویانە سەر دەوڵەتی ئەڵمانیی، هەمووی پاک کرایەو و هیچ کام لەو وڵاتانەی هاوکارییەکانی مارشاڵیان وەرگرت، بۆیان نەبوو بە ئەڵمانیا بێژن پشتی چاوت برۆیە.

کۆڵۆنییەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بێگومان ئەمریکییەکان لەخۆڕا ئەو چەندەها میلارە دۆلارەیان نەنارد تا ئەورووپای پێ ئاوەدان بکەنەوە، بە تایبەتیی پشکی شێر کە بۆ بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا ڕۆشت، هۆکاری تایبەتی خۆی هەیە. بەرانبەر هاوکارییەکانی مارشاڵ ئەمریکا بوو بە برابەش و تەنانەت براگەورەی فەڕەنسا و بەریتانیا و وڵاتانی تری ئەورووپیی لە تەواوی کۆڵۆنییەکانی ئەوان لە ئاسیا و ئەفریقا و خۆرهەڵاتی ناوڕاست. بێگومان ئەوەش هۆکاری ڕاستەقینەی پەسەندکردنی فەڕەنسا و بەریتانیا بوو بۆ هاوکارییەکانی مارشاڵ، چونکە بۆ خۆیان دەیانزانی جەنگی جیهانیی ماندووی کردوون و ناتوانن جارێکی تر بە سەربازیی هەژموونی خۆیان لە ناو کۆڵۆنییەکانیان بسەپێنن، لەوەش مەترسیدارتر، هەندێ لە کۆڵۆنییەکان لەلایەنی ئابووریی و سەربازییەوە لە بەریتانیا و فەڕەنسا بەهێزتر بوون، وەک کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتیی بەریتانیی و حکومەتی (ڤیشی) لە جەزائیر. واتە ئەو کۆڵۆنییانە یان دەبوون بە دەوڵەتی سەربەخۆ و خودی بەریتانیا و فەڕەنسا لە ئەورووپا پەراوێز دەکەوتن یاخود شۆڕش بەرپا دەبوو و ئەو گەلانە ئیدی ئازادیان دەستەبەر دەکرد. بە تایبەتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ئەمریکییەکان تا ئاستی هەڕەشەی سەربازییشیان برد.

بۆ نموونە لە نۆکەندی سوێس هەڵمەتی (دوژمنایەتیی سێقۆڵیی) فەڕەنسا و بەریتانیا و ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاوە ڕاگیرا و نەیانهێشت هێرشی بەرفراوان بکەنە سەر میسڕ، لە نیمچەدوڕگەی عەرەبییش ئەمریکییەکان جێگای بەریتانییەکان و کۆمپانیای بریتیش پەترۆلیۆمیان گرتەوە، بەڵام لە تورکیا ڕەوشەکە تا ڕادەیەک ئاڵۆزتر بوو، ئەمریکییەکان ئەودەم هیچ نێوەندگیرییەکی ئەورووپییان نەبوو تا لەوێڕا بچنە نێو جومگەکانی دەوڵەتی تورک، بۆیە جگە لە بنیادنانی سەنگەرێکی بەهێز بەرانبەر سۆڤێت لەلایەن ئەڵمانەکانەوە، دیسان ئەڵمانیا بە بۆنەی پەیوەندییە بەهێزەکانی سەردەمی کایزەری پێشوو لەگەڵ ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانیی پێش جەنگی جیهانیی یەکەم، ئەرکێکی تریش بە ئەڵمانیای دوای جەنگی جیهانی دووەم سپێردرا کە بۆ دەوڵەتی تورک ببێت بە دایەن، ئەو کارەش بە سەرپەرەشتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بکات.

هەمان ساڵ بەرانبەر ئەڵمانیای خۆرئاوا، ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیش لەبن هەژموونی یەکێتیی سۆڤێتدا دامەزرا. هەر لە ساڵی ۱۹٤۹ یەکێتیی سۆڤێت یەکەمین بۆمبی ئەتۆمی خۆی تاقی کردەوە و شەیپووڕی ئامادەگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ژەنی. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریکییەکان پلانی مارشاڵ لە ئاوەدانکردنەوەوە بگۆڕن بۆ پڕچەککردن (دەستپێکی جەنگی سارد)، هاوکات پڕۆژەی مارشاڵ بکەن بە ناوەندی هەژموونی خۆیان. هەروەها لە ڕێگای تورکیاوە هێڵی بازرگانیی ئاوەگەرمەکانی دەریای ناوڕاست لە یەکێتیی سۆڤێت ئاستەنگ بکەن  و لە وشکانیشەوە ڕێ لە هەژموونی یەکێتیی سۆڤێت بگرن تا دەستی بە خۆرهەڵاتی ناوڕاستی دەوڵەمەند بە نەوت و سامانە سرووشتییەکان ڕانەگات. بۆیە هەم ئەڵمانیا و هەم بەریتانیا و فەڕەنساش گرنگی تایبەتیان هەبوو، چونکە بەریتانیی و فەڕەنسییەکان پەیوەندییان لەگەڵ پاکستان و ئێرانی شادا هەبوو، هەربۆیە دوای چەند ساڵێک ‘موسەدەق’ بە هاوکاریی ئەوان کودەتای بەسەردا کرا و دیسان شای ئێرانیان گێڕایەوە سەر کار.  لە تورکیاش پێگەیەکی گرنگی هەبوو و دەتوانێ ببێ بە بەربەستی دەریاوانیی سۆڤێتیی، ئەڵمانەکان دەستبەکار بوون. دواتر ساڵی ۱۹٥۲ هاوپەیمانیی ناتۆ دامەزرا و تورکیا ڕاستەوخۆ بوو بە ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە. لە وڵاتانی دوڕگەی عەرەبییش ئەمریکییەکان ڕاستەوخۆ دەستیان بە سەر سەرچاوە داراییەکانی ئەو وڵاتانەدا گرت. لە نێوان ساڵانی ۱۹٤۹ تا ۱۹٥۲ لە سووریا و لە ساڵی ۱۹٥۷ لە ئێراق دژی ئینتیداب و هەژموونی بەریتانیا و فەڕەنسا، شۆڕش بەڕێوە چوون. ئیدی ساڵی لە ۱۹٥۷ـەوە، واتە لە سەردەمی هەڵوەشاندنەوەی (ڕێککەوتنامەی بەغداد) لە نێوان ئێران و تورکیا و ئێراق و پاکستان تا کۆتایی جەنگی سارد و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤێت، تورکیا بوو بە یەکێک لە ستراتیژیترین وڵاتانی ناتۆ، هەرئەوەش وای کرد هێندە نازی هەڵبگرن و چاو لەو هەموو تاوان و دووڕووییەشی بپۆشن.

کۆبەند

لە سەرەتای بەشی یەکەمی ئەم ڕاپۆرتەدا باسی باوەڕی سەرۆکی هەڵبژێراوی ئەمریکا (دۆناڵد ترامپ) کرا، کە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا خاوەنی ستراتیژی ‘ناڕوونیی’ـیە. هەرچەندە ئەوە پێناسێکی ناوخۆیی ئەمریکییانەش بێت، بەڵام تاڕادەیەک ڕۆشنایی پێوە دیارە و مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانیی لە دۆکترین (باوەڕ)ـی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا تێ بگات؛ کە بریتییە لە کۆتاییهێنان بە پڕۆژەی مارشاڵ – ترومان، ئەو پێی وایە سەپاندنی بازاڕی ئازادیش چیدی ئەمڕۆ لە بەرژەوەندیی ئەمریکییەکان نییە، چونکە ئەوان ئەمڕۆ وەک ساڵی ۱۹٤۷ تاکە وڵاتی پیشەسازیی جیهان نین و ڕکابەری بەهێزیان هەیە. خودی ئەو وڵاتانەی ئەمریکا بە پارە ئاوەدانی کردوونەتەوە تا ببن بە بازاڕی درێژمەودا بۆ هەناردەی کاڵا ئەمریکییەکان، ئەمڕۆ بۆ خۆیان بوون بە وڵاتی بەرهەمهێنی پیشەسازیی گەورە و ڕکابەری ئەمریکا، ئەمڕۆ نەک هاوردەی کەلوپەلی ئەمریکیی ناکەن، بەڵکوو هەناردەشیان زیاتر بۆ ناوخۆی ئەمریکا زیاد کردووە.

ساڵی ۲۰۱٥ ئەڵمانیا (حکومەتی سێیەمی ئەنجیلا مێرکل) ملیۆنان کەسی لەسەر شەقامەکانی بەرلین کۆ کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە (ت-تیپ)، ئەمە کورتکراوەی بازرگانیی ئازادی زەریای ئەتڵەسییە، داوایان دەکرد ئەمریکا دەست لەو کەرەستانەی خۆی وا بازاڕەکانی ئەورووپای بە بیانووی پاراستنی ئەورووپا لە مەترسیی ڕووسیا پێ قۆرخ کردووە، هەڵ بگرێت. بێگومان ئەو هەڵوێستانەی ئەورووپییەکان ئەمریکای تووڕە کرد، بەڵام ئەوەی بۆ ئەمریکییەکان بەزاندنی هێڵی سوور بوو، ئەڵمانەکان لە دەیەی دووەمی سەدەی ۲۱ و سەردەمی حوکمی ئەنجیلا میرکل، یەکەی زۆر هەستیاری پیشەسازییان بە خاوەنپشکە چینیی و ڕووسییەکان فرۆشتەوە، گازی سرووشتیی ڕووسیایان دەکڕی و هەناردەکردنیان بۆ ئەمریکا هەڵکشاند، بە جۆرێک دۆناڵد ترامپ لە ویلایەتی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی، بە تووڕەییەوە ڕووی لە ئەڵمانیا کرد و وتی؛ “ناکرێت تۆ گازی سرووشتیی ڕووسیی بکڕیت، کارخانەکانت بە چین بفرۆشیت و هاوردەی خواردەمەنیی ئەمریکیی داکشێنیت و لە تورکیا هاوردەی بکەیت، بەڵام بە چەکی ئەتۆمیی ئەمریکیی سنوورەکانی خۆت بەرانبەر ڕووسیا بپارێزیت!”.

بۆیە ئەوەی شێمانە دەکرێت گەڕانەوەی سیستەمی پارێزبەندیی ‘پرۆتێکشنیزم’ـی ئابوورییە، جا لانیکەم لە چوار ساڵی داهاتوودا چیدی هیچ واتایەک بۆ بازاڕی ئازاد نامێنێتەوە.

دواجار ڕەهەندەکانی کێشەی ئەورووپییەکان بەرانبەر ڕووسیا زۆر جیاوازترە لەوەی ئەمریکا. ئەورووپییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە دژی هەژموونی کەنیسەی ئەرتۆدۆکسیی بوون و تا ئەمڕۆ و جەنگی ئۆکرانیاش دووبەرەکیی سڵاڤیی کاتۆلیکیی و سڵاڤیی ئەرتۆدۆکسیی لە سەر خاکی ئۆکرانیا گەرمە، بەڵام ئەمریکییەکان لە سەردەمی هاری ترومان و جۆرج مارشاڵ دوژمنی ئایدۆلۆژیای ڕیاڵ سۆسیالیزم و یەکێتیی سۆڤێت بوون، ڕاستییەکەی ئەمەش کۆمەڵگای ئەورووپای خۆرئاواییە و نەیتوانی ڕیشەی خۆی لە نێو کۆمەڵگای ڕووسییدا دابکوتێت. بەڵگەی ئەوەش ئەوەیە نزیکەی هەموو گەلی ڕووسیا پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤێت دژی ‘بۆریس یێڵتزن’ـی سەرۆکی ئەوکاتەی ڕووسیا بوون، وەک میدیاکان ئاماژەیان پێ دا؛ زۆرینەی کاتەکانی لەبن کاریگەریی مادە کهولییەکاندا بووە و ئاگای لە بەڕێوەبردنی وڵات نەبووە! بەڵام لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی گەلی ڕووسیا بەرانبەر ڕکابەرێکی کۆمۆنیست، دیسانەوە بۆریس ‘یێڵتزن’ـیان هەڵبژاردەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی کۆمونیستێک نەبێتەوە سەرۆکی ڕووسیا! ئەوەش گەواهیدەری ئەوەیە ڕیاڵ سۆسیالیزم پاش پتر لە حەفتا ساڵ نەیتوانی ڕەگوڕیشەی خۆی لە نێو جڤاکی ڕووسییدا داکوتێ. هەربۆیە پێ ناچێت ئەمریکا ڕووسیای ئەمڕۆ بە دوژمنی ستراتیژیی خۆی بزانێت، ئەوەش ڕەنگە دواهەمین خاڵی کۆتایی پلانی مارشاڵ بێت و جیهانێکی تر بئافرێنێت.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.