ڕەخنە لە ئایدۆلۆژیای لیبراڵ
لیبراڵەکان بایەخ بەو پرسیارە نادەن کە بۆچی کۆمەڵگە بوونی هەیە، بەڵکوو ئەوە گرنگە چۆن دادەمەزرێت.

ئالێن دێ بێنوا
وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە: عەلی ئەحمەد
لیبراڵیزم، بەهۆی ئەوەی ئەنجامی کاری تاکە مرۆڤێک نییە، هەرگیز ڕێباز (دۆکترین)ـێکی یەکانگیر نەبووە. نووسەرانی ئەم ڕێبازە بە شێوازی زۆر جیاواز و هەندێک جار دژواز باسیان کردووە. سەرەڕای ئەوەش، ئەوەندە خاڵی هاوبەشیان هەیە کە بیانکەین بە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی هەموویان وەک لیبراڵ پۆلێن بکەین. هەروەها ئەم خاڵە هاوبەشانە وامان لێ دەکەن بتوانین لیبراڵیزم وەک فێرگەیەکی تایبەتی بیرکردنەوەی سیاسیی پێناسە بکەین. لیبراڵیزم، لە لایەکەوە، دۆکترینێکی ئابوورییە و هەوڵ دەدات مۆدێلی بازاڕی خۆڕێکخەر بکاتە پارادایمی هەموو واقیعی کۆمەڵایەتیی: ئەو شتەی بە لیبراڵیزمی سیاسیی ناو دەبرێت، تەنێ یەکێکە لە شێوازەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرەنسیپانەی لەم دۆکترینە ئابوورییەوە بۆ ژیانی سیاسیی دەرهێنراون. ڕێک هەر ئەم دۆکترینە مەیلی ئەوەی هەیە، تا دەتوانێت، ڕۆڵ و پانتایی سیاسەت سنووردار بکات. فیتاوفیت لەم واتایەدا دەتوانین بێژین، زاراوەی «سیاسەتی لیبراڵ» لە خۆیدا پێکدژ و ناکۆکە. لە لایەکی دیکەوە، لیبراڵیزم دۆکترینێکە لەسەر ئەنترۆپۆلۆژیای تاکگەرایی بەندە، واتە مرۆڤ وەک بوونەوەرێک لە بنەڕەتەوە ناکۆمەڵایەتیی دەبینێت. ئەم دوو تایبەتمەندییە، کە لایەنی وەسفیی و پێوانەیی (نۆرماتیڤ)ـیان هەیە (تاکەکەس و بازاڕ لێرەدا هەم وەک ڕاستییەکی هەبوو و هەم وەک مۆدێلێک سەیر دەکرێن)، ڕاستەوخۆ دوژمنایەتی ناسنامەی دەستەجەمیی (بەکۆمەڵ، کۆلێکتیڤ) دەکەن.
ناسنامەی دەستەجەمیی مەحاڵە بە شێوازی کورتکردنەوە شیکار بکرێت، وەک ئەوەی بڕی سادەی ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانە بێت کە تاکەکەسەکانی ئەم کۆمەڵگە هەیانە. ئەم ناسنامەیە ئاماژە بە هۆشیاریی ئەندامانی کۆمەڵەکە دەکات بەرانبەر بوونی دەستەجەمیی خۆیان، واتە ناسنامە هاوبەشەکەیان بەرهەمی ئەم پێکهاتەیە. لیبراڵیزم، بەو پێوەرەی لەسەر تاکگەرایی دامەزراوە، مەیلی بۆ پچڕانی هەموو ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە هەیە وا لە چوارچێوەی تاکەکەس دەردەچن. سەبارەت بە کارکردی ئازادانەی بازاڕ، پێویستە هیچ کەس و شتێک نەبێتە ئاستەنگ لە بەرانبەر جووڵەی کاڵاکان و خەڵکدا، واتە سنوورەکان نەبن و بە گشتیی بەها و بونیادە هاوبەشەکان هەڵبوەشێنەوە و نەمێنن. بێگومان ئەمە بەو واتایە نییە کە لیبراڵەکان هەرگیز ناتوانن بەرگریی لە بەها و ناسنامە دەستەجەمییەکان بکەن، بەڵکوو بەو کارەیان دەکەونە ناکۆکیی لەگەڵ ئەو پرەنسیپانەی خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن.
لویس دیومۆن بە باشیی ڕۆڵی مەسیحییەت لە تێپەڕبوونی ئەورووپا لە کۆمەڵگەی گشتگەرایی نەریتییەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تاکگەرایی مۆدێرن نیشان داوە. مەسیحییەتی ڕۆژئاوا هەر لە سەرەتاوە مرۆڤی وەک بوونەوەرێک وێنا کردووە کە پێش هەر پەیوەندییەک، پەیوەندییەکی ناوەکیی لەگەڵ یەزداندا هەیە، بەم شێوەیەش بەهۆی بڵندبوونەوەی کەسییەوە دەتوانێت هیوای ڕزگاربوونی هەبێت. لەم پەیوەندییە لەگەڵ یەزداندا، جەخت لەسەر بەهای مرۆڤ وەک تاکەکەسێک دەکرایەوە و بەهای جیهانیش کەم دەکرایەوە. جگە لەوەش، تاکەکەس وەک هەموو کەسەکانی دیکە ڕۆحێکی تاکەکەسیی هەیە. بەم ڕەنگە، یەکسانخوازیی و گشتگەرایی ئاستێکی سەروو جیهانیان هەبوو: ئەو بەها ڕەهایەی کە ڕۆحی تاکەکەس لە پەیوەندییە مناڵییەکانییەوە لەگەڵ یەزداندا وەری دەگرت، بۆ هەموو مرۆڤایەتیی هاوبەش بوو.
مارسێل گۆشێ باس لە بابەتی پەیوەندییەکی هۆکارەکیی نێوان دەرکەوتنی خودایەکی کەسیی و لەدایکبوونی مرۆڤێکی ناوەکیی (inner man) دەکات، کە چارەنووسی ئەم مرۆڤە لەودنیا تەنیا بەندە بە کردەوە تاکەکەسییەکانی و سەربەخۆییەکەیشی لەنێو پەیوەندیی بە خوداوە شایەنی باسە، واتە پەیوەندییەک کە تەنیا خودا بەشداریی تێدا دەکات. «تا زیاتر یەزدان لەناو بێکۆتاییەکەیدا دوور بێت، پەیوەندیی لەگەڵیدا زیاتردەبێتە کەسیی پەتیی و بەبێ هەر نێوەندگیرێکی دامەزاوەیی دەبێت. سوبێکتی ئیلاهیی کە تا ڕەهایی بەرز بووەتەوە، جگە لە ئامادەبوونێکی گیانیبەگیانیی هیچ شەرعیەتێکی زەمینیی نییە. بەم شێوەیە، پانتایی ناوەکیی سەر دەکێشێت بۆ تاکەکەسێتیی ئایینیی»[1].
دۆکترینی پۆڵسی پایەبەرز گرژییەکی دوالیستیی ئاشکرا دەکات، کە لە مەسیحییەتەوە، لە پەیوەندییەکەی بە خوداوە، «تاکەکەسێکی ئەودنیایی» دێنێتە کایەوە: بوون بە مەسیحیی، بە شێوازێک لە شێوازەکان واتای وازهێنانە لە دنیا. لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕەوتی مێژوودا تاکەکەسی «ئەودنیایی» وردەوردە دەست دەکات بە داگیرکردن و پیسکردنی ژیانی دنیایی. ئەو تاکەکەسەی خۆی بۆ جێهێشتنی دنیا ئامادە دەکات، تا ئەو ڕادەیەی کە بتوانێت هێزی پەیدا بکات بۆ ئەوەی ژینگەی دەوروبەری لەگەڵ بەهاکانیدا بگونجێت، ئیدی بەرەبەرە دەگەڕێتەوە بۆ جیهان، کاری تێدا دەکات و بە تەواویی دەیگۆڕێت. ئەم پرۆسەیە لە سێ قۆناغی سەرەکییدا ئەنجام دەدرا. لە سەرەتاوە وازیان لە ژیانی دنیایی نەدەهێنا، بەڵکوو بە لایانەوە ڕێژەیی بوو (وەک تیۆریی دوو شار ـــ شاری زەمینیی و شاری ئاسمانیی ـــ لای ئۆگەستین). لە قۆناغی دووەمدا سیستەمی پاپا هێزی سیاسیی بەدەست دەهێنا و دەبووە دەسەڵاتێکی دنیایی (عەلمانیی). لە کۆتاییدا، دوای ڕیفۆرم و چاکسازیی، مرۆڤ بە تەواویی خۆی بۆ جیهان تەرخان دەکرد، تێیدا کاری بۆ شکۆمەندیی خودا دەکرد و سەرکەوتن و سامانە ماددییەکەشی وەک بەڵگەیەکی بەهێزی هەڵبژاردنەکەی لێک دەدایەوە.
بەم ڕەنگە ئەو بنەمای یەکسانیی و تاکەکەسییەی لە سەرەتاوە تەنێ بە پێودانگی پەیوەندیی مرۆڤ و یەزدان هەڵدەخولا و لەگەڵ ئەو بنەڕەتە ئۆرگانیی و پلەبەندە هاوبوون بوو کە جیهانی مشتوماڵ دەدا، وردەوردە داکشێنرایە سەر زەوی، ئەمەش بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو تاکگەراییە مۆدێرنەدا بتوێتەوە کە نوێنەرایەتیی دیدە دنیاییەکەی دەکات. ئالان ڕێنۆ، بە ئاوڕدانەوە لە تێزەکانی لویس دیومۆن دەنووسێت: «بۆ ئەوەی تاکگەرایی مۆدێرن لەدایک بێت، پێویست بوو ئەو پێکهاتە تاکگەرایی و گشتگەراییانەی لە ئایینی مەسیحییدا هەبوون، ئاوێتە ژیانی مۆدێرن بن، دوالیزمی سەرەتایی بزر بێت و ژیان وەک بەهای باڵا تەماشا بکرێت». لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا «تاکەکەسی ئەودنیایی بوو بە تاکەکەسێکی مۆدێرنی دنیایی»[2].
پاشان کۆمەڵگەی ئۆرگانیی لە جۆری گشتگەرایی بزر بوو. گەر بە زمانی سەردەمەکەمان بێژین، گواستنەوەیەک لە کۆمەڵەوە بۆ کۆمەڵگە ڕووی دا، واتە بۆ فۆرمێک لە ژیانی هاوبەش کە وەک پێکەوەبوونێکی سادە لەسەر بنەمای گرێبەستێک بیری لێ دەکرێتەوە. بەم شێوەیە، چیتر فاکتەری کۆمەڵایەتیی بە پلەی یەکەم نایەت، بەڵکوو تاکەکەسەکان، خاوەن مەفە کەسییەکان دێن و بەپێی پابەندبوون بە پەیمان (گرێبەستەکان) لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە کەسییەکان پێکەوە بەستراون.
زەمەنی گرنگی ئەم پەرەسەندنە سەدەی چواردەیەمی نۆمیناڵیزم (ناوگەرایی)ـی ویلیامی ئۆکام بوو، کە پێی وابوو لە بوونی بەشەکیی کۆنکرێتیی بترازێت هیچ شتێکی دیکە نییە. چرکەساتێکی گرنگی دیکە دێکارتگەرایی (Cartesianism) بوو، کە لە ڕووی فەلسەفییەوە چەمکی تاکەکەسی دامەزراند، دواتر ئەم تاکەکەسە لە ڕوانگەی یاساییەوە دەبێتە خاوەنی مافەکانی مرۆڤ و لە ڕوانگەی فکریی و ڕۆشنبیرییشەوە دەبێتە سوبێکتێکی زانەری چەرخی ڕۆشنگەریی. لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەمەوە لە ڕوانگەی گشتییەوە ڕزگاربوونی تاکەکەس لە کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان وەک نیشانەی پەیوەستبوونی مرۆڤایەتیی بە «تەمەنی پێگەیشتن»ـەوە لێک دەدرایەوە. مۆدێرنیتە کە بە ئەنگێزە و پاڵنەری تاکگەرایی جۆش دەدرێت، بە پلەی یەکەم وەک پرۆسەیەک پێک هات و لە ئەنجامدا گرووپەکانی خزمایەتیی، دراوسێتیی و هەروەها تاقم و کۆمەڵە فراوانەکان وردەوردە لەپێناو ئەوەی «تاکەکەس ئازاد بکەن» هەڵدەوەشێننەوە، بەم شێوەیەش هەموو پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی هاوکاریی و هاوخەمیی دەپچڕێن.
مرۆڤ لە هەر کۆنەوە هەوڵی داوە خۆی هەم وەک کەسێک و هەم وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی بسەلمێنێت: ڕەهەندی تاکەکەسیی و ڕەهەندی دەستەجەمیی یەک ناسنامە نین، بەڵام پێکەوە گرێدراون. لە ڕوانگەی گشتگەراییەوە، مرۆڤ لەسەر بنەمای پێدراوە کەسییەکان و لەناو بەستێنە کۆمەڵایەتیی-مێژووییەکانی خۆیدا کە بە میرات بۆی ماونەتەوە، گەشە بە خۆی دەدات. جا ڕێک هەر ئەم مۆدێلە هاوبەشەی مێژووە کە ئەو تاکگەراییە دژایەتی دەکات وا خۆی بەرهەمی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایە. تاکگەرایی بە واتا مۆدێرنەکەی ئەم زاراوەیە فەلسەفەیەکە تاکەکەس وەک تاکە ڕاستەقینە و پێوەری هەموو بەهاکان دەزانێت. ئەم تاکەکەسە وەک شت لە خۆیدا دەبینرێت و لە هەر چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەوە دەرخراوە و ئەبستراکت کراوە. لەو کاتەی گشتگەرایی (holism) گوزارشت لە بەرجەستەبوونی کۆمەڵگەیەک دەکات کە پەیوەستە بەو بەها میراتییانەی لەناو ئەندامەکانیدا هاوبەشن، تاکگەرایی بەبێ پشتبەستن بەو کۆمەڵگەیەی مرۆڤ تێیدا دەژیت، جەخت لەسەر بەهاکانی خۆی دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەمەیە دان بە هیچ دۆخێکی ئۆتۆنۆمی پێکهاتە و کۆمەڵەکان، گەلان، کەلتوورەکان یان نەتەوەکاندا نانێت، بەڵکوو وەک کۆبوونەوەی ئەتۆمە ئازادەکان (تاکەکەسییەکان) دایاندەنێت کە تەنێ بەهایان بۆ لیبراڵیزم هەیە.
ئەم سەردەستەی تاکەکەس بە سەر کۆمەڵەوە لە هەمان کاتدا وەسفیی، پێوانەیی، میتۆدۆلۆژیی و ئاکسیۆلۆژیی (بەهاناسیی)ـە. وا دادەنرێت تاکەکەس لە پێش هەموو شتێکەوە بێت، بەو پێیەی لە ڕوانگەی ئەفسانەییەوە بۆ «پێشمێژوو» (دۆخی سرووشتیی) دەکەوێتە پێش کۆمەڵگەوە، یان بە سادەیی پێشینە و باڵادەستییەکی پێوانەیی هەیە (تاکەکەس ئەوەیە بەهای زیاتری هەیە). جۆرج باتای جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە «لە بنەڕەتی هەموو بوونەوەرێکدا پرەنیسیپی ناکامیی هەیە». لێ تاکگەرایی لیبراڵ، بە پێچەوانەوە، بانگەشە بۆ تێربوونی تەواوەتیی تەنیا تاکەکەس دەکات. لیبراڵیزم مرۆڤ لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسانی دیکەی نێو کۆمەڵایەتیبوونی سەرەکیی و لاوەکییدا ڕادەگەیەنێت. سوبێکتی (بکەر)ـی ئۆتۆنۆم خاوەنی خۆیەتی، تەنێ بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەجووڵێت، ئەو بە پێچەوانەوەی کەسێتییەوە، وەک بوونەوەرێکی «ئەخلاقیی، سەربەخۆ، ئۆتۆنۆم یان لە بنەڕەتەوە ناکۆمەڵایەتیی»[3] پێناسە دەکرێت.
لە ئایدۆلۆژیای لیبراڵدا ئەم تاکەکەسە خاوەنی ئەو مافانەیە کە «لە سرووشتی ئەودا هەن»، ئەم سرووشتەش وابەستەی هیچ ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نییە. حکومەتەکان گەرەکە ئەم مافانە گەرەنتی بکەن، بەڵام نابێت درووستیان بکەن. بەهۆی ئەوەی پێش هەموو ژیانی کۆمەڵایەتیی دەکەون، خۆبەخۆ پەیوەندییان بە ئەرکەکانەوە نابێت، چونکە ئەرکەکان ئەو واتایە دەدەن کە پێشتر لە سەرەتاوە ژیانی کۆمەڵایەتیی بوونی هەیە: هیچ ئەرکێک بەرانبەر کەسانی دیکە نییە ئەگەر ئەوانی تر نەبن. تاک خۆی سەرچاوەی مافە کەسییەکانی خۆیەتی و لە سەرەتاوە لە مافی مامەڵەکردنی ئازادانەوە بەپێی حیساب و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی دەست پێ دەکات. بەم شێوەیە، تاکەکەس لەگەڵ هەموو تاکەکەسەکانی دیکەدا لە دۆخی شەڕدایە، چونکە ئەوانیش هەمان مافیان هەیە و ناچارن لە کۆمەڵگەیەک یان جیهانێکدا کە وەک گۆڕەپان و بازاڕێکی ململانێ و کێبڕکێ بیری لێ دەکرێتەوە، لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا، بە هەمان شێوە مامەڵە بکەن.
ڕەنگە تاکەکەسەکان بتوانن لەگەڵ کەسانی دیکەدا کۆمەڵەی هاوبەش پێک بهێنن، لێ ئەم کۆمەڵەیە مەرجدار، ڕاگوزەر و کاتییە، چونکە لەسەر بنەمای کۆدەنگیی تاکەکەسەکانە و هیچ ئامانجێکی دیکەیان نییە جگە لە باشترین تێربوونی ئارەزووەکانیان. بە واتایەکی دیکە، ژیانی کۆمەڵایەتیی لە پانتایی کاروباری بڕیارە تاکەکەسییەکان و بژاردە ئارەزووکراوەکان بترازێت هیچی دیکە نییە. مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی ڕەفتار دەکات، نەک لەبەر ئەوەی ئەمە سرووشتی ئەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی قازانجەکەی لەمەدایە. ئەگەر قازانجی نەبێت، ئەوا لانی کەم لە ڕووی تیۆرییەوە، دەتوانێت پەیمانی کۆمەڵایەتیی بشکێنێت. ڕاستییەکەی ئەم پچڕان و جیابوونەوەیە بە باشترین شێوە گوزارشت لە ئازادییەکەی دەکەن. بە پێچەوانەی ئازادیی لە کۆندا، واتە ئیمکانی بەشداریی مرۆڤ لە ژیانی گشتییدا، ئازادیی بۆ مرۆڤی مۆدێرن (les Modernes) پێش هەموو شتێک مافی کشانەوەیە لە ژیانی گشتیی. هەر لەبەر ئەمەشە لیبراڵەکان هەمیشە هەوڵ دەدەن ئازادیی وەک هاوواتای سەربەخۆیی پێناسە بکەن[4]. بینیامین کۆنستانت ستایشی «چێژێکی تایبەتی بێکێشە و سەربەخۆی تاکەکەسیی» دەکات و ئەوەشی بۆ زیاد دەکات کە «مرۆڤەکان بۆ ئەوەی بەختەوەر بن، پێویستیان بە هیچ شتێک نییە جگە لە سەربەخۆیی تەواوەتیی لە پیشە و شوێنی کارەکانیان و کایەی چالاکیی و خەونەکانیان». ئەم “چێژە بێکێشەیە” گەرەکە وەک مافی جیابوونەوە، مافی وازهێنان لە هەر وابەستەییەک تێبگەین کە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم «سەربەخۆیی تایبەتیی»ـدا[5].
لیبراڵەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە نابێت بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان بکرێنە قوربانی بەرژەوەندیی کۆمەڵ، چاکەی گشتیی، یان پاراستنی کۆمەڵگە (ئەو چەمکانەی ئەوان بە نەبوونیان دەزانن). ئەم دەرەنجامە لەو بیرۆکەیەوە دێت کە تەنێ تاکەکەسەکان مافیان هەیە، لە کاتێکدا گرووپەکان کە تەنیا وەک کۆبوونەوەی تاکەکەسەکان بوونیان هەیە، نابێت مافیان هەبێت. ئاین ڕاند دەنووسێت: «لەبەر ئەوەی تەنێ تاکەکەسێک مافی هەیە، دەربڕینی “مافە تاکەکەسییەکان” بێواتایە»[6]. بنیامین کۆنستانت ئاماژە بەوە دەکات کە «سەربەخۆیی تاکەکەسیی بنەڕەتترین پێویستیی مۆدێرنەیە. هەرگیز نابێت بکرێتە قوربانی ئازادیی سیاسیی»[7]. پێش وی جۆن لۆک ڕایگەیاندبوو «مناڵ وەک سوبێکتی هیچ وڵاتێک یان حکومەت لەدایک نابێت. کاتێک دەگاتە تەمەنی گەورەساڵ، ئینجا بە ئازادیی حکومەتێک هەڵدەبژێرێت یان خۆی دەلکێنێت بە جەستەیەکی سیاسییەوە کە هەڵبژاردنی خۆیەتی»[8].
لە ڕوانگەی ئازادیی لیبراڵەوە تاکەکەسەکان دەتوانن خۆیان لە ڕیشە، ژینگەی دەوروبەریان، لەو بەستێنەی تێیدا دەژین، واتە لە هەر شتێک کە ئەوان دەکات بەوەی لە کەسانی دیکە نەچن، داماڵن و ئەبەستراکت بکەن. بە واتایەکی دیکە، بەپێی ئازادیی لیبراڵ، وەک جۆن ڕاوڵز دەبێژێ، تاکەکەس پێش چارەنووسی خۆی دەکەوێت. هەر لەو ڕوانگەیەوە تاکەکەس وەک سوبێکتێک وێنا دەکرێت کە لە هەر وابەستەیەک ڕزگاری بووە، لە هەر قەدەرباوەڕییەک ئازاد بووە. هیچ شتێک وەک ئەمە گەواهی لەسەر ئەوە نادات کە تاکەکەس لە هەموو بارودۆخێکدا ئازادیی لە هەر چاکەیەکی دیکە پێ باشترە. لە ڕێگەی ئەم چەمکەوە ئەو وابەستەبوون و پابەندبوونانەی مرۆڤ پشتگوێ دەخرێن کە کورت ناکرێنەوە بۆ پێوەری ئەقڵانیی. ئەمە سەرومڕ چەمکێکی فۆرماڵە و وا دەکات ئەستەم بێت تێبگەین کەسی واقیعیی چییە.
بیرۆکەی گشتیی ئەم چەمکە ئەوەیە: تاکەکەس مافی هەیە هەموو ئەو شتانە بکات وا دەیەوێت، بە مەرجێک ڕەفتاری وی ئازادیی کەسانی دیکە سنووردار نەکات. بەم شێوەیە ئازادیی وەک گوزارشتێکی پەتیی لە ئارەزوویەک پێناسە دەکرێت کە لە ڕووی تیۆرییەوە هیچ سنوورێکی نییە جگە لە ئارەزووی هاوشێوەی ئەوانی تر. تێکڕای ئەم ئارەزووانەش بە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئابوورییەوە نێوەندگیریی دەکرێت. ئەمە ئەوەیە کە گرۆتیۆس، تیۆریستی مافی سرووشتیی، لە سەدەی حەڤدەیەمدا جەختی لەسەر دەکردەوە: «کارکردن بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی دژی سرووشتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی نییە، بە مەرجێک مرۆڤ بەو کارەی زیان بە مافی کەسانی دیکە نەگەیەنێت»[9]. بەڵام لەم پێناسەیەدا تا ڕادەیەک زیادەڕۆیی کراوە: لە پراکتیکدا هەموو کردەوەکانی مرۆڤ بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر حیسابی ئازادیی کەسانی دیکە ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەش زۆر سەختە ئەو ساتە دیاریی بکرێت کە ئازادی ئێمە ئازادیی کەسانی دیکە بەربەست دەکات.
ئازادیی لیبراڵەکان پێش هەموو شتێک بریتییە لە ئازادیی خاوەندارێتیی. ئەم ئازادییە ڕەگاژۆیە نەک لە بووندا، بەڵکوو لە هەبووندا. مرۆڤ بەو ئەندازەیە ئازادە کە خاوەندار بێت – پێش هەر شتێک، خاوەنی خۆی بێت. ئەو بیرۆکەیەی کە خاوەندارێتیی خود لە بنەڕەتەوە ئازادیی دیاریی دەکات، دواتر لەلایەن مارکسەوە وەرگیراوە[10].
ئالان لۆران ئازادیی بەم شێوەیە پێناسە دەکات: «جیابوونەوەیەکی ئۆنتۆلۆژییە، کە ئامانجی سەرەکییەکەی بریتییە لە گەڕان بەدوای بەختەوەریی تایبەتدا»[11]. بۆ نووسەرانی لیبراڵ «گەڕان بەدوای بەختەوەرییدا» هەمیشە وەک ئازادییەکی بێسنوور بۆ زیادبوونی باشترین بەرژەوەندیی تایبەت پێناسه دەکرێت. بەڵام کێشەکە لەوەدایە چۆن لە “بەرژەوەندیی” تێبگەین. لایەنگرانی ئەم چەمکە زۆر بەدەگمەن قسە لەسەر سەرچاوەکەی دەکەن، یان بەدەگمەن باسی پێکهاتەکانی دەکەن. هەروەها لەمەڕ ئەوە قسە ناکەن ئایا هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بە یەک بەرژەوەندیی دەجووڵێن یان بەرژەوەندییەکانیان هاوڕێژە و هاوتەبان. نووسەرانی لیبراڵ زۆرجار پێناسەیەکی بێبایەخ بەو زاراوەیە دەدەن: بۆ وان «بەرژەوەندیی» هاوواتای ئارەزوویەک، پرۆژەیەک، کردارێکی ئاڕاستەکراوە بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو. هەر کردەیەک دەکرێت وەک «بەرژەوەندیی» پێناسە بکرێت. تەنانەت بێبەرژەوەندیترین و خۆبەخشترین کردەش دەکرێ وەک خۆپەرستیی (ئیگۆیستیی) یان بەرژەوەندیی لێک بدرێتەوە، چونکە ویست یان ئارەزووی بکەر (سوبێکت)ـەکەی تێر دەکات. هەرچەندە لە واقیعدا ڕوونە کە بۆ لیبراڵەکان بەرژەوەندیی پیش هەموو شتێک قازانجێکی ماددییە، بۆ ئەوەی بەهای هەبێت، گەرەکە بژمێردرێت و بپێوردرێت، واتە لە هاوتایەکی گشتگیردا – کە پارەیە گوزارشتی لێ بکرێت.
بۆیە پێویست ناکات سەرسام بین بەوەی کە بڵاوبوونەوەی لیبراڵیزم لە سەرەتاوە هاوکاتە لەگەڵ تێکشکاندنی ئەو بنیادە ئۆرگانییانەی وا تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی گشتگیرن، پاشان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دواجاریش لەگەڵ دۆخی ڕێژەیی پاشاگەردانی کۆمەڵایەتیی. ئەمەی کۆتایی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە تاکەکان تا دێت زیاتر لە یەکتر دوور دەکەونەوە و نامۆ دەبن و تەنانەت دەبنە دوژمنی سەرسەختی یەکتر. ئەمەش بەشێکی دانەبڕاوە لە ڕووخساری مۆدێرنی «شەڕی هەمووان دژی هەمووان» و بە کێبڕکێی گشتیی ناو دەبرێت. ئەمە ئەو کۆمەڵگەیە، کە تۆکڤیل باسی دەکات و تێیدا هەر ئەندامێک «وەک ئەوەی بەوی تر نامۆ و بێگانە بێت، لەوانی تر دوور دەکەوێتەوە». تاکگەرایی لیبراڵ لە هەموو شوێنێک هەوڵ دەدات ئەو کۆمەڵایەتیبوون و شووناسە دەستەجەمییە تێک بشکێنێت کە ماوەیەکی زۆر ڕێگرییان لە سەرهەڵدانی تاکەکەسی مۆدێرن دەکرد. پیێر ڕۆزانڤاڵۆن دەنووسێت: «لیبراڵیزم تا ڕادەیەک لە بێشووناسکردنی جیهانەوە هەلومەرجی ئازادیی و پێشکەوتن دەئافرێنێت»[12].
سەرەڕای ئەوەش لیبراڵیزم ناچارە دان بە هەبوونی کۆمەڵایەتییدا بنێت. بەڵام لیبراڵەکان بایەخ بەو پرسیارە نادەن کە بۆچی کۆمەڵگە بوونی هەیە، بەڵکوو ئەوە گرنگە چۆن دادەمەزرێت، پاڵپشتی دەکرێت و چۆن کار بکات. جگە لەوەش، کۆمەڵگە بۆ وان بریتییە لە تێکڕای سادەی ئەندامەکانی (گشت هیچ نییە جگە لە چەندێتیی بەشەکانی خۆی). کۆمەڵگە بەرهەمی ئیرادە تاکەکەسییەکانە، کۆبوونەوەیەکی سادەی ئەو تاکەکەسانەیە کە هەوڵ دەدەن بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان بپارێزن. ئامانجی سەرەکیی کۆمەڵگە بریتییە لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئاڵوگۆڕ. دەکرێ کۆمەڵگەیەکی لەم جۆرە، یان وەک ئاکامی کردەیەکی خۆویستانەی سەرەتایی (گرێبەستی کۆمەڵایەتیی) تێبگەین، یان وەک ئەنجامی گەمەیەکی سیستەماتیکی گشتیی چالاکوانە تاکەکەسییەکان. هاوکات ئەم گەمەیە لەلایەن «دەستێکی نادیار»ـی بازاڕاوە ڕێک دەخرێت کە کۆمەڵایەتیی وەک ئاکامێکی بێمەبەستی چالاکییە مرۆییەکان “بەرهەم دەهێنێت”. شیکاری لیبراڵ بۆ پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان یان لەسەر «ڕێبازی گرێبەست» (لۆک)، یان لەسەر «دەستی نادیار» (سمیس)، یاخود لەسەر بیرۆکەی نەزمی خۆڕسک کە ملکەچی هیچ مەبەستێک نابێت (هایک)، دادەمەزرێت.
لیبڕاڵەکان گەشە بە بیرۆکەی باڵادەستی ڕێکخستن لەلایەن بازاڕاوە دەدەن کە بە کاریگەرترین و ئەقڵانیترین و دادپەروەرانەترین ڕێکخەری ئاڵوگۆڕەکان دادەنرێت. پێش هەر شتێک بازاڕ وەک «تەکنیکی ڕێکخستن» وێنا دەکرێت (هێنری لێپاژ). لە ڕوانگەی ئابوورییەوە بازاڕ لە یەک کاتدا شوێنێکە تێیدا کاڵاکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن، هەروەها قەوارەیەکی مەجازییە تێیدا بە باشترین شێواز هەلومەرجەکانی ئاڵوگۆڕ – واتە هاوسەنگی خواست (demand) و خستنەڕوو (supply) و ئاستی نرخەکان شێوەگیر دەبن.
بەڵام لیبراڵەکان بایەخ بە «ڕیشە»ی بازاڕ نادەن. بازاڕ بۆ وان مۆدێلێکی «سرووشتیی» پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. لەمەوە ئەو ئەنجامەیان دەرخست کە بازاڕ خۆیشی هەبوونێکی «سرووشتیی»ـە، ئەمەش نەزمێک پێش هەر قسە و بڕیارێک دیاریی دەکات. بازاڕ وەک فۆرمێکی ئاڵوگۆڕ کە زیاتر لەگەڵ سرووشتیی مرۆییدا دەگونجێت، لە سەرهەڵدانی مرۆڤایەتییەوە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ئامادەیی هەبووە. لێرەدا ڕووبەڕووی مەیلی هەموو ئایدۆلۆژیایەک بۆ «سرووشتیکردنی» پێشمەرجی خۆی دەبینەوە، واتە وێناکردنی خۆی نەک وەک پێکەوەنانێکی ڕۆحی مرۆڤایەتیی، بەڵکو بە شێوەیەکی سادە وەک نەزمێکی سرووشتیی. لە هەمان کاتدا بیرۆکەی ڕێکخستنی سرووشتیی کۆمەڵگە لەلایەن بازاڕاوە دەوڵەت وەک قەوارەیەکی دەستکرد ڕەت دەکاتەوە.
ئادەم سمیس بە تێگەیشتن لە نەتەوە وەک بازاڕێک، بە شێوەیەکی بنەڕەتیی جیاکاریی دەخاتە نێوان چەمکەکانی دەوڵەت و قەڵەمڕەوییەوە(territory) . بە دابڕان لەو نەریتە بازاڕگەرییەی هێشتا هاوتای قەڵەمڕەوی سیاسیی و شوێنی ئابووریی بوو، ئەو نیشانی دەدات کە بازاڕ نابێت بە سنوورێکی جوگرافیی کۆنکرێتیی سنووردار بکرێت. لە ڕاستییدا بازاڕ زیاتر لە شوێنێک، تۆڕێکە. ئەم تۆڕە بریار وایە تا کۆتایی زەوی درێژ بێتەوە و تاکە سنوور بۆ ئەو تەنێ توانای ئاڵوگۆڕە. ئادەم سمیس لە بڕگەیەکی بەناوبانگدا دەنووسیت: «بازرگان بە دڵنیاییەوە مەرج نییە هاووڵاتی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو بێت. بۆ وی جیاوازیی نییە لە هەر شوێنێک کە پێی خۆشە بازرگانی خۆی بەڕێوە ببات، هەروەها سەرمایە و بەرهەمەکەی بۆ هەر وڵاتێک بگوازێتەوە»[13]. ئەم دێڕە پەیامبەرانە پاساو بۆ داوەریی پیێر ڕۆزانڤالۆن دەهێننەوە کە ئادەم سمیس وەک «یەکەم ئینتەرناسیۆنالیستی هەمیشەیی» ناو ببات. ڕۆزانڤاڵۆن ئەمەشی بۆ زیاد دەکات: «کۆمەڵگەی مەدەنیی، کە وەک بازاڕێکی ڕژۆک وێنا دەکرێت، بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕژێت و ڕێگەیان دەدات بەسەر جیاوازیی وڵات (نەتەوە) و ڕەگەزدا زاڵ بن».
سوودی سەرەکیی چەمکی بازاڕ ئەوەیە – ڕێ بە لیبراڵەکان دەدات چارەسەری ئەو کێشە ئاڵۆزە بکەن کە چۆن پابەندبوون بکەن بە بەشێک لە پەیمانی کۆمەڵایەتیی. دەتوانین بازاڕ وەک یاسایەک تێبگەین کە بەبێ یاسادانەرێک نەزمی کۆمەڵایەتیی ڕێک دەخات. بازاڕ کە لەلایەن کردەی “دەستی نادیارەوە” ڕێک خراوە، بە سرووشتی خۆی بێلایەنە، چونکە لە تاکەکەسە کۆنکرێتییەکاندا بەرجەستە نەبووە. بازاڕ شێوازێکی ئەبستراکتی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی پاوەجێ دەکات، ئەم شێوازەش لەسەر ئەو یاسا ئوبێکتییانە دامەزراوە کە پەیوەندییە تاکەکەسییەکان بەبێ بوونی هیچ فۆرمێکی ژێردەستەیی یان ملکەچیی ڕێک دەخەن. نەزمی ئابووریی گەرەکە نەزمی کۆمەڵایەتیی جێگیر بکات، بەڵام هەردوو نەزمەکە وەک دیاردەی نادامەزراوەیی بیریان لێ دەکرێتەوە. میڵتۆن فریدمان دەنووسێت: «نەزمی ئابووریی بریتییە لە دەرئەنجامی بێمەبەست و نەخوازراوی کردەی ژمارەیەکی زۆری خەڵک کە تەنیا بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەجووڵێن». ئەم بیرۆکەیە بە قووڵیی لەلایەن هایکەوە گەشەی پێ دراوە و ئیلهامی لە ئادەم فێرگسۆن (١٧٦٧) وەرگرتووە کە دەنووسێت: «فاکتە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجامی کردە و چالاکییەکانی مرۆڤن، نەک نیەت و مەبەستەکانیان»[14].
زۆر کەس فۆرموڵە بەناوبانگەکەی سمیس لەمەڕ «دەستی نادیار» دەزانێت: «لە بازرگانییدا، تاکەکەس مەبەستی تەنێ قازانجی خۆیەتی و ئەو بەمە، وەک چەندان حاڵەتی دیکە، لەلایەن دەستێکی نادیارەوە بەرەو کۆتاییەک (ئامانجێک) ئاڕاستە دەکرێت کە هەرگیز بەشێک نەبووە لە مەبەستی وی»[15]. ئەم مێتافۆرە زۆر زیاتر لەو تێبینییە باوە دەڕوات کە ئەنجامی کردەوەکانی مرۆڤ زۆرجار جیاوازە لە چاوەڕوانییەکەی (ماکس ڤیبەر ئەمەی بە «پارادۆکسی ئاکامەکان» ناو برد). سمیس لە ڕوانگەیەکی گەشبینانەوە دەڕوانێتە ئەم تێبینییە و دەنووسێت: «هەموو تاکەکەسێک بەردەوام بەدوای بەسوودترین بەگەڕخستندا دەگەڕێت بۆ ئەو سەرمایەی لەبەر دەستیدایە. ڕاستە ئەوەی دەیدۆزێتەوە، قازانجێکە بۆ خۆی، نەک بۆ کۆمەڵگە؛ لێ گرنگیدان بە قازانجی تایبەتیی بە شێوەیەکی سرووشتیی یان زیاتر وەک پێویستییەک، پاڵی پێوە دەنێت بۆ بەگەڕخستنی ئەو سەرمایەی باشترین و بەسوودترینە بۆ کۆمەڵگە». زیاتر لەوەش: «ئەو بە پابەندبوون بە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیەوە زۆرجار کاریگەرتر پاڵپشتی بەرژەوەندیی کۆمەڵگە دەکات، بەبێ ئەوەی بە ڕاستیی مەبەستی بێت پاڵپشتیی بکات».
ئاماژە تیۆلۆژییەکانی ئەم مێتافۆرە ڕوونن: «دەستی نادیار» تەنێ بەرجەستەبوونێکی سێکولاری پەروەردگارە. هەروەها پێویستە ئەو هەڵە باوە ڕەت بکرێتەوە کە گوایە ئادەم سمیس میکانیزمی بازاڕ و «دەستی نادیار» ئاوێتە دەکات. ڕاستییەکەی، ئەو دووەمیان تەنێ بۆ وەسفکردنی ئەنجامی کۆتایی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەکار دەهێنێت. جگە لەوەش، ئادەم سمیس هێشتا ڕەوایەتیی بە دەستوەردانی گشتیی دەدات کاتێک کردەوە تاکەکەسییەکان نابنە هۆکارێک بۆ چاکەی گشتیی. بەڵام ئەم هەلومەرجە هەر زوو نامێنێت. ئێستا نیولیبراڵەکان بە تەواویی گومان لە هەبوونی چاکەی گشتیی دەکەن. هایک لە بنەڕەتەوە هەر ڕێبازێکی گشتگیر بۆ کۆمەڵگە ڕەت دەکاتەوە: هیچ دامەزراوەیەک، هیچ دەسەڵاتێکی سیاسیی نابێت دەستوەردان لە میکانیزمەکانی کارکردنی «نەزمی خۆڕسک»ـدا بکات. لەم ڕوانینەوە تاکە ڕۆڵ کە زۆربەی لیبراڵەکان دەیخەنە ئەستۆی دەوڵەت، گەرەنتیکردنی ئەو مەرجانەیە وا پێویستن بۆ گەمەی ئازادانەی ئەقڵی ئابووریی لە بازاڕدا. دەوڵەت ناتوانێت ئامانجێکی خۆی هەبێت. بۆ ئەوە هەیە کە گەرەنتی مافە تاکەکەسییەکان، ئاڵوگۆڕی ئازاد و ڕێزگرتن لە یاسا بکات. دەوڵەت کە زیاتر بە سیفەتەکان نەک بە ئەرکەکانی دەناسرێت، دەبێت لە هەموو بوارەکانی دیکەدا بێلایەن بمێنێتەوە و خستنەڕووی مۆدێلێکی «ژیانی باش»[16] ڕەت بکاتەوە.
دەرەنجامەکانی تیۆری «دەستی نادیار» یەکلاکەرەوەن، بە تایبەتیی لە بواری ئەخلاقدا. لە هەندێک بڕگەدا ئادەم سمیس هەر ئەو فۆرمانەی ڕەفتار دەبوژێنێتەوە کە لە سەدەکانی پێشوودا هەمیشە بەر نەفرەت دەدران. سمیس بە ملکەچکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تاکەکەس، خۆپەرستی (ئیگۆیزم) دەکاتە باشرین شێواز بۆ خزمەتکردنی ئەوانی تر. کاتێک هەوڵ بۆ زۆرترین بەرژەوەندیی خۆمان دەدەین، ئەوا نائاگاییانە و زۆرجار بەبێ ئارەزوو بۆ بەرژەوەندیی ئەوانی تر کار دەکەین. ناکۆکیی ئازادانەی بەرژەوەندییە خۆپەرستییەکان لە بازاڕدا وا دەکات «بە شێوەیەکی سرووشتیی یان زیاتر وەک پێویستییەک» بە یارمەتیی «دەستی نادیار»ـەوە بیانگونجێنێت (هاڕمۆنیان بکات). ئەم «دەستە» ناچاریان دەکات بۆ گەیشتن بە باشترین ئاستی کۆمەڵایەتیبوون کێبڕکێ بکەن. هیچ شتێکی نائەخلاقیی لەوەدا نییە لە سەرەتاوە بەرژەوەندیی تایبەت بدۆزرێتەوە، چونکە لە کۆتاییدا کردەی خۆپەرستیی هەموو کەسێک، وەک ڕێککەوتێک، سەر دەکێشێت بۆ بەرژەوەندیی هەمووان. فریدریک باستیا ئەمە لە فۆرمەلەیەکدا پوخت دەکاتەوە: «هەر کەسێک کاتێک بۆ خۆی کار دەکات، بۆ هەمووانیش کار دەکات»[17]. بەم ڕەنگە، خۆپەرستیی هیچ نییە جگە لە خۆبەخشییەک کە بە شێوەیەکی درووست فام دەکرێت. بە پێچەوانەوە، نەخشەڕێگەی دەسەڵاتە گشتییەکان شایەنی ئەوەیە وەک «نائەخلاقیی» ئیدانە بکرێت کاتێک بە ناوی هاوکارییەوە دژی خواستەکانی ئەو تاکەکەسانە دەوەستنەوە کە تەنیا بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان مامەڵە دەکەن.
لیبراڵیزم تاکگەرایی و بازاڕ پێکەوە گرێ دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە کارکردی ئازادانەی دووەم گەرەنتیی ئازادیی تاکەکەسییشە. بە مسۆگەرکردنی خولانەوەی ئاڵوگۆڕەکان، بازاڕ گەرەنتی سەربەخۆیی هەر سوبێکتێکی ئابووریی بازاڕ دەکات. بە شێوەیەکی ئایدیاڵیی، ئەگەر هیچ شتێک ڕێگری لە کارکردنی بازاڕ نەکات، ئەوا ئەگەری هەیە کۆمەڵێک هاوسەنگی تایبەتیی بێنە ئاراوە کە بە تێکڕا هاوسەنگی گشتیی مسۆگەر بکەن. بازاڕ کە لەلایەن هایکەوە وەک «کاتالاکسی» (catallaxy) پێناسە کراوە، نەزمێکی خۆڕسک و ئەبستراکت پێک دەهێنێت و پێشمەرجەکانی ئازادیی تایبەت دەڕەخسێنێت. بەم شێوەیە بازار نەک تەنیا نوێنەرایەتیی ڕەزامەندی ئایدیاڵێکی ئابووریی گونجاو دەکات، بەڵکوو نوێنەرایەتیی تێربوون لە هەموو ئەو شتانەش دەکات وا تاکەکەسەکان وەک سوبێکتی ئازاد ئارەزووی دەکەن. لە ئەنجامدا، بازاڕ لەگەڵ خودی دادپەروەرییدا تێکەڵ بووە، ئەمەش وا لە هایک دەکات وەک «یارییەک کە چانسی هەموو یاریزانەکان زیاد دەکات» پێناسەی بکات. پێویستە ئەوەش زیاد بکەین کە دۆڕاوەکانی ئەم یارییە تەنیا دەتوانن خۆیان سەرزەنشت بکەن. دواجار بازاڕ لە بنەڕەتەوە «ئاشتیخوازە»، چونکە بە بنەماگرتنی «بازرگانیی نەرم»، پێکداپژان دەگۆڕێت بۆ دانوستان، بەمەش ڕکابەریی و ئیرەیی بێکاریگەر دەکات.
جێی ئاماژەیە، هایک لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە بیری لە تیۆری «دەستی نادیار» کردووەتەوە. لە ئەنجامدا هایک پەیوەندیی لەگەڵ هەر چەشنە ڕامانێکی دێکارتگەرایی دەبچڕێنێت، بۆ نموونە، ئەندێشەی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی کە (لە سەردەمی هۆبزەوە) ئاماژە بە دژایەتیی نێوان دۆخی سرووشتیی و کۆمەڵگەی سیاسیی دەکات. بە پێچەوانەوە، بە درێژەدان بە هێڵەکەی داڤید هیوم، ئەو ستایشی دابونەریت و خوو دەکات لە دژی “کۆنستروکتیڤیزم”. بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە دابونەریت کاریگەرترین و ئەقڵانیترین ڕێساکانی ڕەفتار هەڵدەبژێرێت، واتە ئەو ڕێسایانەی لەگەڵ بەهاکانی بازاڕدا زۆر گونجاون و دەبنە هۆکاری ڕەتکردنەوەی ئەو ڕێسایانەی لە «نەزمی خێڵەکیی» یان لە «کۆمەڵگەی کۆن»ـدا پەسەند کراون. هەر لەبەر ئەمەشە ئەو ڕەخنە لە بەها نەریتییەکان دەگرێت و لە بنەڕەتەوە هەر ڕوانینێکی ئۆرگانیکیی بۆ کۆمەڵگە سەرکۆنە دەکات. لە ڕاستییدا بۆ هایک تەنیا ئەو بەها نەریتییانە قەبووڵ کراون کە دەتوانرێت وەک خۆڕسک، ئەبستراکت، ناکەسیی و بێشوێن پێناسە بکرێن. فیتاوفیت هەر ئەم کارەکتەرە هەڵەبژێردراوەی دابونەریت ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن بازاڕ وردەوردە سەپێنراوە. هایک پێی وایە، هەر نەزمێکی خۆڕسک لە بنەڕەتەکەی خۆیدا «دادپەروەرە»، هەر وەک چۆن داروین سەرکەوتووەکانی «لە ململانێ لەپێناو ژیان و مانەوەدا» بە «باشترین» دادەنا. بەم شێوەیە، نەزمی بازاڕ نەزمێکی کۆمەڵایەتیی پێک دەهێنێت کە هەر هەوڵێک بۆ چاکسازیکردنی ئەم نەزمی بازاڕە قەدەغە دەکات.
لێرەوەڕا مرۆ ئەوە دەبینێت کە چەمکی بازاڕ لای لیبراڵەکان زۆر فراوانترە لە بواری ئابووریی. بازاڕ وەک میکانیزمێکی گونجاو بۆ دابەشکردنی سامانە بەنرخەکان و ڕێکخستنی سووڕی بەرهەمهێنان و بەکاربردن، بە پلەی یەکەم دەبێتە چەمکێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی. ئادەم سمیس خۆی تا ئەو ڕادەیەی مەیلی ئەوەی هەبوو بازاڕ وەک باشترین ڕێکخەری نەزمی کۆمەڵایەتیی ببینێت، پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان بەپێی مۆدێلی پەیوەندیی ئابووریی، واتە کاڵاکان تێدەگەیشت. بەم ڕەنگە ئابووریی بازاڕ بە شێوەیەکی سرووشتیی سەر دەکێشێت بۆ کۆمەڵگەی بازاڕ. پیێر ڕۆزانڤاڵۆن دەنووسێت: «بازاڕ بە پلەی یەکەم شێوازێکی نوێنەرایەتیی و بنیادنانی پانتایی کۆمەڵگەیە؛ تەنێ بە شێوەیەکی لاوەکیی ڕێکخستنێکی ناناوەندییە بۆ چالاکیی ئابووریی بە ڕێگەی سیستەمی نرخەکانەوە»[18].
بۆ ئادەم سمیس بازاڕ دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی دابەشکردنی کارە: «هەموو کەسێک بەشداریی ئاڵوگۆڕی بازاڕ دەکات؛ بەم جۆرەش هەموو کەسێک بە شێوازی خۆی دەبێتە بازرگان، کۆمەڵگەش دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەی بازرگانەکان»[19]. لە ڕوانگەی لیبڕاڵەوە بازاڕ پارادایمێکی باڵادەستە لە کۆمەڵگەیەکدا کە تا دێت زیاتر خۆی وەک کۆمەڵگەی بازاڕ ڕادەگەیەنێت. کۆمەڵگەی لیبراڵ تەنێ گۆڕەپانی ئاڵوگۆڕی ئازاد و بەسوودی نێوان ئەو تاکەکەس و گرووپانەیە وا تەنێ بەگوێرەی ئارەزووی زۆرترین بەرژەوەندیی خۆیان دەجووڵێن. ئەندامێکی ئەم کۆمەڵگەیە کە تێیدا هەموو شتێک بۆ فرۆشتن و کڕینە، یان بازرگانێکە، یان خاوەنێکە، یان بەرهەمهێنەرێکە، لێ پێش هەر شتێک بەکاربەرێکە. پیێر ڕۆزانڤاڵۆن دەنووسێت: «باڵاترین مافی بەکاربەر بۆ سمیس هەمان ئیرادەی گشتییە بۆ ڕۆسۆ».
لە سەردەمی مۆدێرنەدا شیکاری ئابووریی لیبراڵ هێدی هێدی باڵ بە سەر هەموو فاکتە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکێشت. خێزان وەک کارگەیەکی بچووک دادەنرێت، زارۆک وەک کاڵایەکی بەکاربردن، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەک تۆڕێک لە ستراتیژی کێبڕکێی بەرژەوندییە تایبەتەکان، ژیانی سیاسیی گۆڕاوە بۆ بازاڕێک کە تێیدا دەنگدەران دەنگی خۆیان دەفرۆش بەو پارتانەی زۆرترین بانگەشە دەکەن. مرۆڤ وەک سەرمایە درک دەکرێت. لۆژیکی ئابووریی بە سەر سەرپاکی ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەسەپێنرێت. بەم ڕەنگە وەک جێراڵد بێرتو دەنووسێت: «گەرەکە کۆمەڵگە لەسەر بنەمای تیۆرییەکی فەرمیی کردەی ئامانجدار و بەرژەوەندیخوازدا لەبەرچاو بگیرێت. بەم شێوەیە پەیوەندیی خەرج-قازانج ئەو پرەنسیپەیە کە جیهان بەڕێوە دەبات»[20]. هەموو شتێک دەبێتە فاکتەری بەرهەمهێنان و بەکاربردن؛ هەر شتێک بە نەزمی خۆڕسکی خواست و خستنەڕوو ڕێک دەخرێت. هەر شتێک شایەنی بەهای ئاڵوگۆڕی خۆیەتی و بە نرخەکەی دەپێوردرێت. سەرەنجام، هەر شتێک نەژمێردرێت یان نەپێوردرێت، بە بێبایەخ یان ناڕاستەقینە دادەنرێت. لێرەوە پراکتیکە کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەکان بە گوتارێکی ئابووریی پشتڕاست دەکرێنەوە. جا ئەم گوتارەش بە ڕەهایی نامۆیە بە هەر شتێک نرخی بازاڕی نەبێت. ئەم گوتارە، بە بچووککردنەوە و کورتکردنەوەی هەموو ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ جیهانی شتە پێوانەکراوەکان، دواجار خودی مرۆڤەکانیش دەگۆڕێت بۆ شت؛ شتگەلێک کە بە پارە جێگۆڕکێ دەکرێن و دەگۆڕدرێنەوە.
ئەم ڕوانینە ئابوورییە توندە بۆ کۆمەڵگە لێکەوتەی باڵکێشی هەیە. دوای تەواوکردنی پرۆسەی عەلمانیکردن و «داڕزاندن»ـی جیهان، کە تایبەتمەندیی مۆدێرنەن، ئەم گوتارە ئابوورییە سەر دەکێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەلان و پووکانەوەی سیستەماتیکی تایبەتمەندییە جیاوازەکانیان. لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە، پێشخستنی ئاڵوگۆڕی ئابووریی دەبێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگە بە سەر بەرهەمهێنەر، خاوەنکار و چینە بێبەرهەم و نامۆکان (کە پێشتر ئەرستۆکراسی بوون). ئەم پرۆسەیە لەلایەن زۆرێک لە نووسەرانەوە ستایش کراوە، کارل مارکسیش بەدەر نەبوو. لە ڕووی خەیاڵی کۆمەڵەوە، ئەم پرۆسەیە سەر دەکێشێت بۆ گۆڕینی تەواوەتیی بەهاکان، لە هەمان کاتدا بەها بازرگانییەکان دەگەیەنێتە بەرزترین ئاست کە پێشتر لە هەموو سەردەمەکاندا وەک نزمترین دەبینران، ئاخر ئەوانە تەنیا بابەتی پێویستی ژیان بوون. لە ڕووی ئەخلاقییەوە، ئەم پرۆسەیە ئەو ڕۆحەی پێوەری بەرژەوەندیی تایبەت و ڕەفتاری خۆپەرستیی زیندوو دەکاتەوە کە لە هەموو کۆمەڵگە نەریتییەکاندا هەمیشە بەر نەفرەت دەدرا.
سیاسەت لە ڕوانگەی لیبڕاڵەوە وەک مەترسییەکی بنەڕەتیی هەستی پێ دەکرێت، چونکە دەرفەت بۆ جێبەجێکردنی دەسەڵاتێک دەڕەخسێنێت کە سرووشتێکی “نائەقڵانیی” هەیە. بەم شێوەیە لیبرالیزم، تەنیا بە ڕێگەی شارەزایی تەکنیکییەوە، سیاسەت بۆ گەرەنتیکردنی مافەکان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە کورت دەکاتەوە. ئەمە فانتازیایەکە لەمەڕ «کۆمەڵگەیەکی شەفاف»، کۆمەڵگەیەک کە یەکانگیر و هاوتایە لەگەڵ خۆیدا و لە دەرەوەی هەر ئاماژەیەکی ڕەمزیی یان نێوەندگیرییەکی کۆنکرێتییە. لە کۆمەڵگەیەکدا کە سەرپاک بەپێی یاساکانی بازاڕ بەڕێوە دەچێت و لەسەر بنەمای خۆسەریی «کۆمەڵگەی مەدەنیی» دامەزراوە، مسۆگەر دەوڵەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی نامێنن، هەر وەک ئەو کۆمەڵگە بێچینەی مارکس خەیاڵی کردووە. لۆژیکی کۆمەڵگەی بازاڕ، وەک ئالان کایلێ نیشانی دەدات، پەیوەستە بە یەکسانییەکی گشتییەوە کە لە توانای ئاڵوگۆڕی نێوان مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرێت (ئەویش بە ڕێگەی دینامیکێکەوە کە لە بەکارھێنانی مۆدێرنەی دراودا بەدی دەکرێت). بە گوتەی ئالان کایلێ: «کردەی فڕوفێڵی ئایدۆلۆژیای لیبراڵ لە هاوشوناسبوونی دەوڵەتی یاسایی لەگەڵ دەوڵەتی بازاڕگەریی پێک دێت. لە ئەنجامدا داواکاریی ئازادیی تاکەکان بۆ هەڵبژاردنی ئامانجەکانی خۆیان لە واقیعدا دەگۆڕێت بۆ ئەرکێک کە تەنێ ئامانجی بازاڕ و بازرگانیی هەبێت»[21].
پارادۆکسەکە ئەوەیە، لیبراڵەکان بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بازاڕ زۆرترین چانسی هەر تاکێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی دەڕەخسێنێت، لە کاتێکدا ئامانجی بازاڕ خۆیشی ناتوانرێت پێشوەختە دیاریی بکرێت. چۆن دەتوانین بێژین بازاڕ باشترین و گونجاوترین ئامانج بەدی دەهێنێت، ئەگەر نەزانین ئەم گونجاوترینە چییە؟ لە ڕاستییدا، دەتوانین بێژین، بازاڕ چەندین جار ئامانج (داواکاریی) تاکەکان زیاد دەکات، بەڵام ئامرازەکانی تێرکردنی ئەو ئامانجانەیان بۆ دابین ناکات، ئەمەش نابێتە هۆی زیادکرنی ڕەزامەندیی و تێربوون، بەڵکو دەبێتە هۆی زیادکردنی ناکامیی و ناڕازیبوونیان بە مانا تۆکڤیلییەکەی وشەکە.
جگە لەوەش، ئەگەر تاکەکەس بەگوێرەی پێناسەکە، باشترین دادوەری بەرژەوەندییەکانی خۆی بێت، ئەوا چ شتێک ناچاری دەکات پابەندی ئەو ڕێسا و نۆڕمانە بێت کە لە کۆمەڵگەدا قەبووڵ کراون؟ بەپێی دۆکترینی لیبراڵ، ڕەفتاری ئەخلاقیی چیتر دەرئەنجامی هەستکردن بە ئەرکەکان یان ڕێسا ئەخلاقییەکان نییە، بەڵکوو لە سەر بەرژەوەندییەکی تایبەت وەستاوە کە بە ڕاستی دەزانین. بە نیشاندانی ڕێزگرتن لە ئازادیی کەسانی دیکە، من ئەوە مافەم دەبێت ڕێز لە ئازادیی خۆم بگرم. ترس لە پۆلیس گرنگیدانە بەوانی تر. بەڵام ئەگەر لە پێشێلکردنی یاسایەکدا ترسم لە سزادانی خۆم نەبێت و هەست بە گرنگیی و نزیکایەتیی کەسانی دیکە نەکەم، ئەوا چ شتێک ڕێگرییم لێ دەکات سەرپێچیی لە یاسا و ڕێساکان بکەم؟ ڕوونە، هیچ شتێک. بە پێچەوانەوە، ئەگەر تەنیا بەرژەوەندیی خۆم لەبەرچاو بگرم، ئەوا تا دەتوانم ئەو کارە دەکەم.
ئادەم سمیس لە «تیۆری هەستە ئەخلاقییەکان»ـی خۆیدا (١٧٥٩) بە ڕاشکاویی دەنووسێت: «تەنانەت ئەگەر لە نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵگەدا خۆشەویستیی و هاوسۆزیی نەبێت، کۆمەڵگەش، هەرچەندە کەمتر بەختەوەر و خۆشگوزەران بێت، مەرج نییە هەڵبوەشێتەوە. کۆمەڵگە دەتوانێت لە نێوان مرۆڤەکاندا بوونی هەبێت، وەک چۆن لە نێو بازرگانەکاندا لەسەر بنەمای قازانجی یەکتر و بەبێ خۆشەویستیی و هاوسۆزیی بوونی هەیە؛ ئەگەر هیچ کەسێکیش بچووکترین پابەندبوون یان کەمترین سوپاسگوزاریی بۆ کەسێکی دیکەی کۆمەڵگە نەبێت، ئەوا هێشتا ئەم کۆمەڵگەیە بە ئاڵوگۆڕی هاوبەش و بەهاکانی کاڵاکان کە مرۆڤەکان لە سەریان ڕێک دەکەون، خۆی دەپارێزێت»[22]. واتای ئەم پێڤاژۆیە ڕوونە. کۆمەڵگە دەتوانێت لەسەر هەر فۆرمێکی کۆمەڵایەتیی ئۆرگانیی خەریکی ئابووریی بێت و واز لە کۆمەڵگەبوونیش نەهێنێت. ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ببێتە کۆمەڵگەی بازرگانەکان، کە تێیدا پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ «سوود» و«ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیخوازانەی خزمەتگوزاریی و کاڵاکان»ـدا تێکەڵ دەبێت. کەواتە، بۆ ئەوەی تۆ مرۆڤ بیت، ئەوەندە بەسە بەشداریی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی (کاڵاکان)دا بکەیت و مافی خۆت بۆ زۆرترین بەرژەوەندیی تایبەتیی بەکار بهێنیت. بێگومان سمیس ئەوە دەڵێت کە کۆمەڵگایەکی لەو جۆرە «کەمتر بەختەوەر و خۆشگوزەران» دەبێت، بەڵام ئەم جیاوازییە بچووکە هەر زۆر زوو لەبیر دەکرێت. هەروەها دەتوانین ئەو پرسیارە بکەین، ئایا بۆ هەندێک لە لیبراڵەکان تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە مرۆڤبوون ئەوەیە کە وەک بازرگانەکان ڕەفتار بکرێت؟ واتە ئەوانەی پێشتر لە جیهانی نەریتییدا پێگەیەکی بچووکیان هەبوو، وەک بەسوود و تەنات پێویست سەیر دەکران، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەڕێزترین ئەندامی کۆمەڵگە نەبوون، چونکە لە دیدگای ئەوان بۆ جیهان بەهۆی ئەم بەهای سوودەوە سنووردار بوو. هەروەها دەتوانین دەربارەی ئەو کەسانە پرسیار بکەین کە بەهۆی نەبوونی حەز یان ئامرازەوە بەم شێوەیە ڕەفتار ناکەن. ئایا ئەوانەش مرۆڤن؟
لە ڕاستییدا لۆژیکی بازاڕ وردەوردە خۆی سەپاند، ئەمەش لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستەوە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەوە، واتە لەو کاتەوە کە بازرگانی نێونەتەوەیی و بازرگانی ناوخۆیی لە چوارچێوەی بازاڕە نیشتمانییەکاندا و لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەت-نەتەوەکاندا دەستیان پێ کرد. ئیدی لەو کاتەوە دەوڵەت-نەتەوەکان بۆ مەبەستی دارایی هەوڵ بۆ پارەدارکردنی ئاڵوگۆڕەکانی نێو کۆمەڵگە دەدەن کە پێشتر تایبەتمەندیی بازاڕیان نەبووە. لە سەرەتاوە بازاڕ هێشتا فاکت یان ڕاستییەکی جیهانیی نەبوو، بەڵکو دیاردەیەک بوو کە بە توندیی لە شوێن و کاتدا لۆکاڵیکراو بوو. ئەم دیاردەیە بە هیچ شێوەیەک خۆڕسک نەبوو، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، دامەزراوەیی بوو. لە فەڕەنسا، هەروەها لە ئیسپانیاش، بازاڕ نەک لە دژی دەوڵەت-نەتەوە، بەڵکوو لە سایەی ئەوەوە درووست بوو. دەوڵەت و بازاڕ پێکەوە سەرهەڵدەدەن و پێکەوەش پێش دەکەون، هاوکات یەکەمیان دووەمیان پێک دەهێنێت. ئالان کایلێ دەنووسێت: «پێویستە دەوڵەت و بازاڕ نەک وەک دوو هەبوونی بنەڕەتیی جیاواز و دژبەر، بەڵکوو وەک دوو لایەنی یەک پرۆسە سەیر بکەین. لە ڕووی مێژووییەوە، بازاڕی نەتەوەیی و دوڵەتە-نەتەوە لە یەک کاتدا دەردەکەون و یەکێیان بەبێ ئەوی تریان نادۆزرێتەوە»[23].
ڕاستییەکەی، هەردووکیان بە یەک ئاڕاستەدا گەشە دەکەن. بازاڕ جووڵەی دەوڵەت بەگوڕتر دەکات. دەوڵەتیش بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتەکەی لە ڕووی میتۆدییەوە هەموو فۆرمەکانی کۆمەڵایەتیبوونی ناوەندیی وا لە جیهانی فیوداڵییدا پێکهاتەی ئۆرگانیکیی تا ڕادەیەک سەربەخۆ بوون (کڵانە خێزانییەکان، هەروەزی گوندەکان، سەندیکاکانی پیشەگەریی، دۆستایەتیی و هتد) تێک دەشکێنێت. چینی بۆرژوازیی و ئەو لیبراڵیزمەی لەگەڵیدا سەری هەڵدا، ئەم ئەتۆمکردنەی کۆمەڵگەیان بەردەوامی پێ دا و گرژتر و خراپتریان کرد و ئەو ڕزگارکردنەی تاکەکەسیان لەخۆیان هەڵگرتبوو کە هەموو ئەو فۆرمانەی هاوکاریی یان وابەستەیی تێک دەشکێنێت وا ڕێگریی لە فراوانبوون و جووڵەی بازاڕ دەکەن. پیێر ڕۆزانڤاڵۆن تێبینی دەکات: «لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەت-نەتەوە و بازاڕ ڕەنگدانەوەی هەمان فۆرمی کۆمەڵایەتیبوونی تاکەکانە لە پانتایی/شوێندا. ئەوان تەنیا لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵگە ئەتۆمکراوەی تاکی تێدا سەربەخۆیە، بیریان لێ دەکرێتەوە. بەم شێوەیە، دەوڵەت-نەتەوە و بازاڕ، بە هەردوو مانا کۆمەڵناسیی و ئابوورییەکەی ئەم زاراوانە، مەحاڵە لەو شوێنەدا بوونیان هەبێت کە تێیدا کۆمەڵگە وەک هەبوونێکی کۆمەڵایەتیی جیهانیی گەشە دەکات»[24].
بەم شێوەیە، ئەو فۆرمە نوێیەی کۆمەڵگە، کە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە سەری هەڵدا و وردە وردە بنیاد نرا، لە تاکەکەس، نۆڕمە ئیتیکیی و سیاسیی و هەروەها بەرژەوەندییەکانی ئەم تاکەکەسەوە دەستی پێ کرد، هێدی هێدی ئەو یەکێتییەی کایەی سیاسیی، ئابووریی، یاسایی و تەنانەت زمانەوانیی هەڵوەشاندەوە کە کۆمەڵگەی کۆن هەوڵی پاراستنی دەدا. تا سەدەی حەڤدەیەم دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنیی هێشتا گشتێکی یەکانگیر بوون: «کۆمەڵگەی مەدەنیی» لە ڕووی سیاسییەوە هاوواتای کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو بوو. جا ئەم درز و جیاوازییەی نێوانیان لە سەدەی هەژدەیەمەوە دەردەکەوێت، بە تایبەتیی لە لۆکەوە دەست پێ دەکات کە “کۆمەڵگەی مەدەنیی” وەک کایەی خاوەندارێتیی و ئاڵوگۆڕەکان پێناسە دەکاتەوە. لەو کاتەوە دەوڵەت یان «کۆمەڵگەی سیاسیی» تەنێ بۆ مسۆگەرکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تاکەکەسەکان تەرخان کراوە. ئەم جیاکارییە، کە لەسەر بنەمای کایەی سەربەخۆی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕەکان ڕسکاوە و ڕەنگدانەوەی ئەو تایبەتمەندییەی ڕۆڵ و کارکردەیە وا سرووشتی دەوڵەتی مۆدێرنە، سەر دەکێشێت بۆ بەرزکردنەوەی بەهای کۆمەڵگەی سیاسیی کە لەسەر بنەمای پەیمانی کۆمەڵایەتیی (لای لۆک) دامەزراوە، یان کۆمەڵگەی مەدەنیی کە لەسەر گەمەی خۆڕسکی بەرژەوەندییەکان (لای ماندێڤیل[25]، سمیس) دامەزراوە. کۆمەڵگەی مەدەنیی، وەک کایەکی سەربەخۆ، پانتاییەکی فراوان بۆ لۆژیکی ئابووریی بەرژەوەندییەکان دەئافرێنێت. لە ئەنجامی دەرکەوتنی بازاڕدا، وەک کارڵ پۆلانی دەنووسێت: «کۆمەڵگە دەبێتە یارمەتیدەری بازاڕ. لەبری ئەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایتییەکان ڕەگاژۆ بن، پەیوەندییە کۆمەڵایتییەکان لەناو پەیوەندییە ئابوورییەکان ڕەگاژۆ دەبن»[26]. ڕێک هەر ئەمەیە مانای شۆڕشی بۆرژوازیی.
لە هەمان کاتدا کۆمەڵگە فۆرمی نەزمێکی ئوبێکتیڤ وەردەگرێت، ئەمەش جیاوازە لەو نەزمە سرووشتیی یان گەردوونییەی کە هاوتایە لەگەڵ ئەقڵی جیهانییدا. لە ڕووی مێژووییەوە بەبابەتیکردنی کۆمەڵگە لە بنەڕەتەوە لە دۆکترینی سیاسیی مافدا زەڵاڵ دەبێت، کە دەتوانین گەشەسەندنەکەی لە سەردەمی ژان بۆدێنەوە تا ڕۆشنگەریی لەبەرچاو بگرین. هاوتەریبی ئەمەش، ئابووریی سیاسیی هەوڵ دەدات خۆی وەک زانستێکی گشتگیری کۆمەڵگە جێگیر بکات و ئەم کۆمەڵگەش وەک پرۆسەیەکی گەشەسەندن و پێشکەوتنی دینامیکیی درک بکرێت. لێرەوە کۆمەڵگە دەبێتە بابەتی زانستێکی پسپۆڕیی مەعریفە. جیهانی کۆمەڵایەتیی، تا ئەو ڕادەیەی بە ئەقڵانیی دادەنرێت و پراکتیکەکانی ملکەچی ئەقڵی ئامرازیی وەک بەرزترین پرەنسیپێکی ڕێکخستن دەبن، دەکەوێتە ژێر ژمارەیەکی دیاریکراو لە «یاساکان»ـەوە. بەڵام لە ئەنجامی ئەم ئەقڵانیکردنەدا، یەکانگیریی کۆمەڵگە و ڕەهەند ڕەمزییەکەی سەرومڕ کێشەدار دەبن. جگە لەوەش بەتایبەتکردن (privatization)ـی ئەندامێتیی و وابەستەیی هەر زوو دەبێتە هۆکاری پارچەپارچەکردنی جەستەی کۆمەڵگە، زۆربوونی ناکۆکیی و پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی کەرتی تایبەت و لە کۆتاییشدا داماڵینی دامەزراوەیی. سەرەنجام، دژایەتی نوێ نە تەنێ لە نێوان بۆرژوازیی و پاشماوەکانی نەزم (ڕژێم)ـی کۆندا دەردەکەوێت، بەڵکوو لەناو خودی کۆمەڵگەی بۆرژوازیشدا دەردەکەوێت: بۆ نموونە، ململانێی چینایەتیی.
جیاوازیی نێوان کەرتی گشتیی و کەرتی تایبەت، دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنیی لە سەدەی نۆزدەیەمدا زیاتر جەختی لەسەر کرایەوە، ئەمەش بووە هۆی هەڤدژیی تێڕوانین بۆ فەزای کۆمەڵایەتیی. لیبراڵیزم کە دەسەڵات و هێزی خۆی فراوان کردووە، ئێستا «کۆمەڵگەی مەدەنیی» کە هاوتەریبە لەگەڵ کایەی کەرتی تایبەتدا، پێش دەخات و دژایەتی «هەژموون»ـی کەرتی گشتیی، – واتە قۆرغکاریی دەوڵەت لەسەر تێربوونی پێویستییە دەستەجەمییەکان دەکات. هەروەها بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە پرەنسیپ و شێوازە تازەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای بازاڕ بەرفراوان بکرێت. “کۆمەڵگەی مەدەنیی” تا ڕادەیەکی زۆر ڕەهەندێکی ئەفسانەیی وەرگرتووە. کۆمەڵگەی مەدەنی، لەبەر ئەوەی وەک سەربەخۆ پێناسە ناکرێت، بەڵکوو وەک دژی دەوڵەت دەبینرێت، تا دێت زیاتر بیچم و ڕووخسارێکی تەمومژاویی وەردەگرێت و زیاتر لە واقیعێکی ڕوون و دیاریکراو وەک هێزێکی ئایدیۆلۆژیی مامەڵە دەکات.
لە هەمان کاتدا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا گۆڕانکاریی لە لۆژیکی پەتی ئابووریی بۆ ڕێکخستن و بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵگە ڕووی دا. ئەم گۆڕانکارییە لە ئەنجامی ململانێی هێزە کۆنسێرڤاتیڤییەکانەوە نەبوو، بەڵکوو بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکان لە بیچمگرتنی کۆمەڵایەتیی نوێدا ڕووی دا. سۆسیۆلۆژیا خۆی لە ئەنجامی بەرخۆدانی کۆمەڵگەی واقیعیی بەرانبەر گۆڕانکارییە سیاسیی و دامەزراوەییەکان سەری هەڵدا، هەر لەو کەسانەوە سەرچاوە دەگرێت کە گرنگییان بە «نەزمی سرووشتیی» دەدا و تێکۆشانیان دژی شێوازە فەرمیی و دەستکردە تازەکانی ڕێکخستن دەکرد. بۆ کۆمەڵناسە یەکەمەکان، سەرهەڵدانی تاکگەرایی ترسێکی دوولایەنەی لێ کەوتەوە: ترس لە پاشاگەردانی (ئانۆمی) کە بەهۆی تێکچوون و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەر هەڵدەدات (لای ئێمیل دورکهایم)، ترس لە قەرەباڵەغی (ئاپۆڕە) کە لەو تاکەکەسە ئەتۆمکراوانە پێک دێت وا لەپڕ یەک دەگرن و دەبنە جەماوەرێکی کۆنترۆڵنەکراو (لای گۆستاڤ لێ بۆن و گابرێل تارد، کە هەردووکیان شیکاری ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان لە «سایکۆلۆژیا»دا کورت دەکەنەوە). یەکەمیان ڕەنگدانەوەی نێو بیرمەندانی دژەشۆڕشە، دووەمیانیش پتر لە نێو کەسانی بۆرژوازیدا شایەنی باسە کە خەمی سەرەکییان ئەوە بوو خۆیان لە «چینە مەترسیدارەکان» بپارێزن.
سەرباری ئەوەی دەڵەت-نەتەوە بازاڕی پاوەجێ کردووە، بەڵام دژبەریی نێوان لیبڕاڵیزم و «کەرتی گشتیی» تا دێت زیاتر پەرە دەسێنت. لیبراڵەکان هەرگیز واز لە دژایەتیکردنی دەوڵەتی خۆشگوزەران ناهێنن، جا لەوەش تێناگەن بۆ گەشە و فراوانبوونی بازاڕ دەستوەردانی دەوڵەت پێویست و ناچارییە. مرۆڤێک کە کارەکەی تەنیا ملکەچی جووڵە و گەمەی بازاڕە، لە ڕاستییدا کەسێکی لاوازە، چونکە لەگەڵ زیادبوونی ڕیسکدا، ڕەنگە هیچ خوازیارێک بۆ کارەکەی نەدۆزێتەوە یان کارەکەی هیچ بەهایەکی لە بازاڕدا نەبێت. جگە لەوەش، تاکگەرایی مۆدێرن پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی نزیکایەتیی هەڵوەشاندووەتەوە کە پێش هەر شتێک پەیوەندیی هاوکاریی و هاوسۆزیی بوون، هەروەها هەموو فۆرمە نەریتییەکانی بەرگریی کۆمەڵایەتیی تێک شکاندووە. بازاڕ دەتوانێت پەیوەندیی خستنەڕوو و خواست ڕێک بخات، بەڵام ناتوانێت پەیوەندییە کۆمەڵایتییەکان ڕێک بخات. ئایا ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە بازاڕ هەبوونی خواستێکی دانەمرکاو پشتگوێ دەخات؟ دەستوەردانی دەوڵەتی خۆشگوزەران دەبێتە پێویست، چونکە تەنیا ئەو هێزی ڕاستکردنەوەی زەقترین ناهاوسەنگیی و ناکۆکیی و هەروەها کەمکردنەوە و نەهێشتنی دیارترین پشێویی و نیگەرانیی هەیە. هەر لەبەر ئەمەشە، وەک کارل پۆلانی زۆر باش نیشانی داوە، هەر جارێک وا دەرکەوێت کە لیبراڵیزم ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت، بە شێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ دەبێتە هۆی زیادبوونی دەستوەردانی ئەو دەوڵەتەی دەتوانێت کەمێک لەو ناقۆڵایی و ناڕێکییانەی لە کۆمەڵگەدا لە بن باندۆری بازاڕی «خۆڕێکخەر»دا درووست بوون، ڕاست بکاتەوە. ئالان کایلێ دەنووسێت: «ئەگەر دەوڵەتی خۆشگوزەران نەبووایە، ئەوا ئاشتی کۆمەڵایەتیی بە شێوەیەکی ڕەها و خێرا لەلایەن لۆژیکی بازاڕەوە تێک دەدرا»[27]. ئەم هاوکردارەی بازاڕ لەمێژە تایبەتمەندیی سیستەمی فۆردیستی وەرگرتووە [ئەم سیستەمە لە ناوی هێنری فۆرد پیشەسازکاری ئەمریکییەوە هاتووە. و. کوردیی]. سەرەنجام پاولێنی دەڵێت: «بەرگریی کۆمەڵایەتیی هاوەڵبوونێکی ناچارەکیی بازاڕی خۆڕێکخەرە»[28].
بەو پێودانگەی ئامانج لەم دەستوەردانە قەرەبووکردنەوەی شوێنەوارە وێرانەکەرەکانی بازاڕە، بۆیە دەتوانین بێژین دەوڵەتی خۆشگوزەران ڕۆڵێکی بەرچاو لە «داماڵینی بازاڕگەریی» ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەگێڕێت. لە هەمات کاتدا ناتوانێت بە تەواویی جێگەی ئەو فۆرمانەی بەرگریی کۆمەڵایەتیی بگرێتەوە کە بەهۆی گەشەسەندنی پیشەسازیی، دەرکەوتنی تاکگەرایی و فراوانبوونی بازاڕاوە تێک شکاون. بە بەرواردکردن لەگەڵ فۆرمە کۆنەکانی بەرگریی کۆمەڵایەتییدا، تواناکانی دەوڵەت بۆ دەستوەردان تەواو سنووردارن. لە کاتێکدا فۆرمە کۆنەکانی هاوکاریی لەسەر ئەرکە هاوبەشەکان پاوەجێ بوون و بەرپرسیارێتیش بۆ هەمووان بوو، لە ئێستادا دەوڵەتی خۆشگوزەران، لە ئەنجامی لەدەستدانی بەرپرسیارێتی لای ئەندامانی کۆمەڵگە، هاووڵاتیان دەگۆڕێت بۆ ژێردەستە و ناسەربەخۆ. لە کاتێکدا فۆرمە کۆنەکانی کۆگەرایی لە سیستەمی پەیوەندییە کۆنکرێتییەکانەوە دەردەکەوتن، کەچی دەوڵەتی خۆشگوزەران فۆرمێکی ئەبستراکت، ئامێرێکی ناواقیعیی وەردەگرێت کە هەمووان چاوەڕێی شتێکی لێ دەکەن و هیچ کەسێکیش هیچ شتێکی لێی نەگەرەکە. بەم شێوەیە، جێگۆڕکێی فۆرمە کۆنەکانی هاوکاریی بۆ هاوکاریی ناکەسیی، دەرەکیی و ناشەفاف بە هیچ شێوەیەک تێربوون نانوێتەوە و واتای ڕەزامەندیی نییە. بە پێچەوانەوە، ڕێک ئەم هاوکارییە سەرچاوەی قەیرانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانە. ئەم دەوڵەتە بە سرووشتی خۆی تەنیا توانای هاوکارییەک یان دەستوەردانێکی هەیە کە لە ڕووی ئابوورییەوە بێکاریگەرە، چونکە لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە نەگونجاو و ناڕێکخراوە. وەک بێرنارد ئێنژۆلراس دەنووسێت: «دەرچوون لە قەیرانی ناوخۆیی دەوڵەتی خۆشگوزەران – واتای دووبارە دۆزینەوەی هەلومەرجانەکانە بۆ دەرکەوتنی هاوکاریی نزیکایەتیی، هەروەها هەلومەرجن بۆ چاکسازیی لە پەیوەندییە کۆمەڵایتییەکاند، ئەویش بە ئامانجی گەڕانەوەی هاودەمیی نێوان بەرهەمهێنانی سامان و بەرهەمێنانی کۆمەڵایەتیی»[29].
پێگی دەنووسێت: «سەرپاکی داوەشان و ڕیسوایی جیهانی مۆدێرن، دابەزاندنی تەواوی بەهاکان – لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە جیهانی مۆدێرن ڕێ بە خۆی دەدات هەموو ئەو بەهایانە بخاتە بازاڕەوە وا گەلانی جیهانی کۆن و مەسیحیی بە هیچ شێوەیەک سازشیان لەسەر نەدەکرد»[30]. ئایدۆلۆژیای لیبراڵ، لەبەر ئەوەی لەسەر ئەنترۆپۆلۆژیایەکی ناواقیعیی پاوەجێ بووە و زنجیرەیەک دەرئەنجامی چەوتی لێ کەوتووەتەوە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەم داوەشان و دابەزینەدا لەئەستۆدایە. ئەو بیرۆکەیەی گوایە مرۆڤ بە ئازادیی و ئەقڵانیی لە بازاڕدا مامەڵە دەکات، گریمانەیەکی یۆتۆپییە، چونکە فاکت و کردە ئابوورییەکان هەرگیز سەربەخۆ نابن، بەڵکوو هەمیشە وابەستەن بە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەوە. ئەقڵانییەتێکی ئابووریی سەرەتایی یان خۆڕسکیی بوونی نییە؛ ئەو تەنیا بەرهەمی گەشەسەندنێکی کۆمەڵایەتیی-مێژوویی دیاریکراوە. ئاڵوگۆڕی کاڵا فۆرمێکی گشتگیری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یان تەنانت پەیوەندییە ئابورییەکان نییە. بازاڕ دیاردەیەکی جیهانیی نییە، بەڵکوو لۆکاڵییە. ئەو لەبەر ئەوەی تەنیا ئەو خواستە هەژمار دەکات وا شیاوی بەدیهاتن و تێرکردنە، بۆیە هەرگیز گونجاوترین ڕێکخستنی نێوان خواست و خستنەڕوو بەدی ناهێنێت. کۆمەڵگە هەمیشە زیاترە لە تاکەکەسە پێکهێنەرەکانی، هەر وەک چۆن چین (توێژ)ـێک هەمیشە زیاترە لەو ڕەگەزانەی کە پێکی دەهێنن. ئەمە ڕێک ئەوەیە کە چین ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی پێکەوە دەنێت و لە ڕووی لۆژیکیی و پلەبەندییەوە لەوان جیاوازە، وەک چۆن ڕاسڵ لە تیۆری جۆرە لۆژیکییەکاندا نیشانی داوە. دواجار، چەمکێکی ئەبستراکت بۆ تاکێکی جیاکراو و «لە بەستێن داماڵراو» کە بە توندیی بە گوێرەی بژاردە ئەقڵانییەکان ڕەفتار دەکات و بە ئازادیی ناسنامەی خۆی لە هیچەوە هەڵدەبژێرێت، سەرپاک ڕوانینێکی بێبنەمایە و بە کردەنیی خۆی بەرانبەر ڕەخنە ڕاناگرێت. بە پێچەوانەوە، تیۆریستە کۆمونیتارییەکان (کۆمەڵخوازەکان) یان ئەوانەی لە کۆمونیتارییەوە نزیکن (ئالاسدایەر ماکینتایر، مایکڵ ساندێل) پێویستیی و واتای گرنگیی ژیانیان بۆ تاکەکان نیشیان داوە، بە شێوەیەک کۆمەڵ/کۆمەڵگەیەکیان هەبێت کە ئاسۆی بیرکردنەوە و زانینیان بۆ بڕەخسێنت، کۆمەڵگەیەکی پێویست بێت هەم بۆ ئافراندنی ڕەخنە لە واقیع، هەم بۆ پێکھێنانی ناسنامە و بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆیان. چاکەی گشتیی ئەو ڕێبازە سەرەکییەیە وا شێوازی ژیانی ئەم کۆمەڵەیە و ناسنامە دەستەجەمییەکەی دیاریی دەکات.
تەواوی قەیرانی ئەم ڕۆژگارە (مۆدێرن) لە دژوازیی نێوان ئایدیاڵی مرۆڤی جیهانیی ئەبستراکت (بە پێڤاژۆی بەئەتۆمکردن و بێشووناسکردنی هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان) و واقیعی مرۆڤی کۆنکرێتییەوە (کە بۆ وی پەیوەستییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پەیوەندیی سۆزەکیی و نزیکایەتیی، هەروەها هاودەنگیی و ئەرکی دووقۆڵیی ڕۆ نراوە) سەرچاوە دەگرێت.
نووسەرە لیبراڵەکان باوەڕیان بە کۆمەڵگەیەک هەیە تەنیا لەگەڵ تاکگەرایی و بەهاکانی بازاڕدا بگونجێت. لێ ئەمە وەهمە. تاکگەرایی هەرگیز بناغە (مۆدێلێک) نەبووە بۆ ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی و هەرگیز ناشبێت. جگە لەوەش هۆکاری باش هەیە بۆ ئەوەی وا بیر بکەینەوە کە تاکگەرایی دەتوانێت تەنێ بەهۆی ئەو ڕاستییەوە دەربکەوێت کە کۆمەڵگە لە ئاستێکی دیاریکراودا بە گشتگیر بمێنێتەوە. هەر وەک لویس دیومۆن جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە «تاکگەرایی هەرگیز ناتوانێت بە تەواویی جێگەی گشتگەرایی بگرێتەوە و بە سەر سەرپاکی کۆمەڵگەدا باڵادەست بێت. جگە لەوەش، هەرگیز ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر کار بکات ئەگەر گشتگەرایی بە شێوازی ناڕاستەوخۆ و شاراوە بەشداریی لە ژیانیدا نەکات»[31]. تاکگەراییە ئەوەیە کە ڕەهەندی یۆتۆپیایی بە ئایدۆلۆژیای لیبراڵ دەبەخشێت. کەواتە هەڵەیە ئێمە گشتگەرایی تەنێ وەک میراتێکی لەناوچووی ڕابردوو ببینین. تەنانەت لە سەردەمی تاکگەرایی مۆدێرنیشدا مرۆڤ وەک بوونێکی کۆمەڵایەتیی دەمێنێتەوە. گشتگەرایی دیسان لەو ساتەدا دەردەکەوێتەوە کە لەبری «هاڕمۆنیی سرووشتیی بەرژەوەندییەکان»، دان بە باڵادەستیی چاکەی گشتیی بە سەر بەرژەوەندییە تایبەتەکاندا بنرێت.
سەرچاوە:
Ален де Бенуа. Против либерализма: (к Четвертой политической теории) / [пер. с фр. ; предисл. А. Дугина]. — СПб. : Амфора. ТИД Амфора, 2009. — 476 с. .
[1] Marcel Gauchet, La désenchantement du monde. Gallimard, 1985, p. 77.
[2] Alain Renaut, L’ère de l’individu. Contribution à une histoire de l’individualité. Gallimard, 1989, p. 76–77.
[3] Louis Dumont, Homo Аequalis. Genèse et épanouissement de l’idéologie économique (Paris: Gallimard, 1977), p. 17.
٤. بەڵام هەندێک نووسەری لیبراڵ هەوڵ دەدەن جیاوازیی لە نێوان ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆییدا بکەن، هەروەها لە نێوان سوبێکت و تاکەکەسیشدا، یان تەنانەت لە نێوان تاکگەرایی و نارسیسیزمدا. بە پێچەوانەی سەربەخۆییەوە، ئۆتۆنۆمی لەگەڵ ملکەچبوون بۆ ڕێسا سەرووتاکەکەسییەکان دەگونجێت، تەنانەت ئەگەر لە پێودانگی خۆزەمینەسازیشەوە سەرچاوە بگرن. بۆ نموونە، ئەمە ئەو ڕوانگەیە کە ئالان ڕینوت بەرگریی لێ دەکات (هەمان سەرچاوە، ل. ٨١-٨٦). ئۆتۆنۆمی لە بنەڕەتەوە جیاوازە لە سەربەخۆیی. بەڵام پرسەکە ئەمە نییە. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کە لە ڕوانگەی لیبراڵەوە چ شتێک تاکەکەس پابەند و ناچار دەکات ڕێز لە سنووردارکردنی ئازادییەکەی خۆی بگرێت، کاتێک ئەم سنووردارکردنە لەگەڵ بەرژەوەندییەکەی خۆیدا ناکۆک بێت.
[5] De la liberté des Anciens comparée à celle des Modernes (1819).
[6] La vertu d’égoïsme. Belles lettres, 1993.
[7] Constant, De la liberté des Anciens.
[8] John Locke, Second Treatise of Civil Governm ent (1690), ch. VIII, in Two Treatise s of Governm ent , ed. Peter Laslett (Cambridge: Cambridge University Press, 1988), 347.
[9] Hugo Grotius, Du droit de la guerre et de la paix (1625).
١٠. مارکس بەو پێوەدانگەی کە بەهایەکی ئیپیستیمۆلۆژیی بنەڕەتیی بە ئایدۆلۆژیای لیبراڵ دەدات، سەر بە مێتافیزیکێکی تاکەکەسە، ئەمەش وا لە میشێل هێنری دەکات بە «یەکێک لە بیرمەندە پێشەنگە مەسیحییەکانی ڕۆژئاوا» هەژماری بکات.
(Michel Henry, Marx [Paris: Gallimard, 1991], vol. 2, 445)
واقیعی ئەو تاکگەراییە مارکسییەی وا لە پشتەوەی کۆمەڵگەرایی خۆی حەشار داوە، لەلایەن زۆرێک لە نووسەرانەوە جێگیر بووە، ئەمەش لە لویس دیومۆنەوە دەست پێ دەکات. پیێر رۆزانڤاڵۆن دەنووسێت: «دەتوانین سەرپاکی فەلسەفەی مارکس وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی ئایدۆلۆژیای تاکگەرایی تێبگەین. چەمکی ململانێی چینایەتیی تەنێ لە سۆنگەی تاکگەراییەوە بۆ کۆمەڵگە واتای هەیە. لە کۆمەڵگەی نەریتییدا هیچ مانایەکی نییە».
(Le libéralisme économique. Histoire de l’idée de marché , [Paris: Seuil, 1989 }, 188- 89).
بێگومان مارکس ئەندێشەی مرۆڤی ئابووریی ڕەت دەکاتەوە کە لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەمەوە پەرەی سەندبوو، بەڵام تەنیا لەبەر ئەوەی بۆرژوازی بەکاری دەهێنێت بۆ نامۆکردنی تاکەکەس و تەنیا دەیبەستێتەوە بە کایەی بەرژەوەندیی ئابوورییەوە. بۆ مارکس ئەم بەرژەوەندییە سەر دەکێشێت بۆ نامۆکردنی تاکەکەس لە ژیانی واقیعیی (دەتوانین ئەم ڕاگەیاندنە وەک باشترین بەش لە کارەکەیدا ببینین). وەکتر ئەو لە هیچ شوێنێکدا باسی پێویستیی شوێنکەوتنی چاکەی گشتیی ناکات. تەنانەت شوێنێک بۆ بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیش نییە.
[11] De l’individualisme. Enquête sur le retour de l’individu. PUF, 1985, p. 16.
[12] Rosanvallon, Le libéralisme économique , vii.
[13] Adam Smith, An Inquiry into the Nature and Causes of the Wealth of Nations , 2 vols.
[14] Adam Ferguson, An Essay on the History of Civil Society , ed. Fania Oz-Salzberger (Cambridge: Cambridge University Press, 1995), third part, section II, p. 119.
[15] Smith, The Wealth of Nations , vol. 1, book IV, ch. ii, p. 456.
١٦. ئەمە باوترین هەڵوێستی لیبرڵەکانە. لیبراڵە (ئەنارشیست-کەپیتاڵیستەکان) لەوەش زیاتر دەڕۆن. ئەوان تەنانەت «کەمترین دەوڵەت»ـیش ڕەت دەکەنەوە کە ڕۆبێرت نۆزیک پێشنیاری کردووە. بە بۆچوونی وان دەوڵەتێک کە هێزی کار بەکار دەهێنێت، بەڵام سەرمایە بەرهەم ناهێنێت، دەوڵەتێکی «چەتە»ـیە.
[17] Harmonies économiques (1851).
ئەمە ئەو تێزە بەناوبانگەیە کە ماندێڤیل لە پەڕتووکی «ئەفسانەی هەنگەکان»: «گوناهە تایبەتەکان، چاکەی گشتیی»ـدا بەرگریی لێ دەکات.
[18] Rosanvallon, Le libéralism eéconomique, p. 124.
[19] Adam Smith, The Wealth of Nations , vol. 1, book I, ch. iv, p. 37.
[20] Gerald Berthoud, Vers une anthropologie générale. Modernité et altérité (Genève: Droz, 1992), p. 57.
[21] Alain Caillé, Splendeurs et misères des sciences socials. Esquisse d’une mythologie. Droz, Genève, 1986, p. 347.
[22] Adam Smith, The Theory of Moral Sentim ents (Oxford: Oxford University Press, 1976), p. 86.
[23] Caillé, Splend eurs et misères, p. 333-34.
[24] Rosanvallon, Le libéralisme économique, p. 124.
[25] Bernard Mandeville, The Fable of the Bees (1714).
[26] Karl Polanyi, La grande transformation politique et économique de notre temps. Gallimard, 1983, p. 88.
[27] Caillé, Splend eurset misères, p. 332.
[28] Polanyi, La grande transformation, p. 265.
[29] Bernard Enjolras, Crise de l’État social: liens et associations: éléments pour une socioéconomie critique // Revue de MAUSS, 1 semestre 1998, p. 223.
[30] Charles Péguy, Note conjointe sur R. Descartes, Gallimard.
[31] Dumont, Homo Аequalis.



