گۆشەی ئازد

دروزەکان کلیل‌بەدەستی دەروازەی یەکەمی ڕێڕەوی داوودن

ڕێڕەوی داوود لە ڕوانگەی سیاسیی، ئابووریی و تەنانەت ئایدیۆلۆژییەوە بۆ ئیسرائیل زۆر سەرنجڕاکێش و گرنگە.

نووسینی: ئەمیر خەنجی

لە فارسییەوە؛ دانا حەمید

هەرچەندە ئیسرائیل هیچ کاتێک بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە کە بەنیازە پلانی ڕێڕەوی داوود جێبەجێ بکات، بەڵام زۆرێک لە شرۆڤەکاران و نووسەران لەو باوەڕەدان کە ئیسرائیل هەوڵی بۆ ئەم پلانە داوە. بەدەر لە بۆچوونە جیاوازەکان لەم بارەیەوە، دەتوانرێت بوترێت ئەگەر دروستکردنی ڕێڕەوی داوود لە ڕابردوودا تەنها پلانێکی ئاواتخوازانە و دوور لە دەست دەهاتە بەرچاو، ئێستا لە گەرمەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، چیتر شتێکی لەبیرکراو نییە.

ڕێڕەوی داوود لە ڕوانگەی سیاسیی، ئابووریی و تەنانەت ئایدیۆلۆژییەوە بۆ ئیسرائیل زۆر سەرنجڕاکێش و گرنگە. لە ئێستادا ئیسرائیل لە بەشێک لە جوگرافیای ئەم پلانەدا، لانیکەم لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، هەندێک لە گەمەكەرە هەرێمییەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا هاوتەریب دەبینێت. باشووری سووریا و ناوچە دروزنشینەکانی[1] وەک دەروازەی سەرەتایی ئەم ڕێڕەوی داخراون. بۆ کردنەوەی ئەم دەروازەیە، ئیسرائیل ڕووبەڕووی چ کێشەیەک دەبێتەوە و چ ڕێگەچارەیەکی لەبەردەمدایە؟

لەم یاداشتەدا هەوڵ دەدرێت دوای ناساندنی ئەم ڕێڕەوە و شیکردنەوەی گرنگییەکەی بۆ ئیسرائیل، وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە، چونکە ناسینی ئەم جوگرافیا و دیدگایانەی دەوروبەری دەتوانێت تێڕوانینێکی گشتگیر لەسەر گرنگیی ئەم ڕێڕەوە و چۆنیەتیی کارلێکی لەگەڵ سیاسەت لە (پشێویی-Anomie)[2] ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشکەش بکات.

ڕێڕەوی داوود؛ [لە] بەرزاییەکانی جۆلانەوە تا فورات

جوگرافیای ڕێڕەوی داوود ناوچەیەکی ستراتیژییە کە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە لە ڕێگەی باشووری سووریاوە تا سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی لە ئێراق و هەرێمی کوردستان درێژ دەبێتەوە. ئەم ڕێڕەوە بە ناوچەکانی دەرعا، سوەیدا، تەنەف[3] (سێگۆشەی سنووریی ئێراق، سووریا و ئوردن)، ئەبو کەمال (ناوچەی سنووریی ئێراق و سووریا) و دێرەزووردا تێدەپەڕێت. پاشان بە تێپەڕبوون بە شارێکی ستراتیژی بە ناوی «ڕەبیعە» لە خاڵی هاوبەشی ئێراق و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەگاتە هەرێمی کوردستانی ئێراق. بەشێک لەم ڕێڕەوە، وەک ڕەبیعە و هەرێمی کوردستانی ئێراق و ڕێڕەوەکانی ڕووباری دیجلە، دەکرێت بە بەشی لاوەکیی یان سێبەر ناو ببرێن.

 

ڕێڕەوی داوود؛ بەڵێنی خودایی

ڕێڕەوی داوود، جگە لە ناوی هێمایی داوودی پێغەمبەر، بەدیهێنانی فێرکارییەکانی تەلمود[4] و بەڵێنەکانی کتێبی پیرۆزە. زەبوور بۆ داوود دابەزی و ئەو بوو کە گەیشتە پلەی پاشایەتیی و حوکمی ئۆرشەلیمی (قودس)ـی کرد. داوود سەرەتایەک بوو بۆ بەڵێنی خودایی: «ئەم خاکەم لە ڕووباری میسرەوە تا ڕووباری گەورە، واتە ڕووباری فورات، بە نەوەی تۆ بەخشیوە».

هەر ئەم بەڵێنەیە کە بە بۆچوونی زۆرێک لە نەیارانی ئیسرائیل، بابەتی «ئیسرائیلی گەورە»ـی لەبەرچاوی کۆمەڵگەی کاریگەری ئایینی جووی ئیسرائیلدا داڕشتووە و زەمینەی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی پلانی ڕێڕەوی داوود دروست دەکات. هەرچەندە لێرەدا نابێت هەموو هۆکارەکان بۆ ئەم بابەتە کورت بکرێنەوە، بەڵکوو دەبێت هۆکاری دیکەش وەک هەڕەشە هەرێمییەکان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرچاو بگیرێن.

گەیشتن بەم ڕێڕەوە لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە بۆ دەوڵەت و باڵە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل زۆر گرنگە. بە بەڵێنی جێبەجێکردن و تەنانەت جێبەجێکردنی، دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ ناوکە ڕەقە ئایدیۆلۆژییەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ دەوڵەتدا هاوڕا بکەن. بەم کارە، جگە لە زاڵبوون بەسەر ئەو بەشەی کۆمەڵگە کە دژی شەڕ و لایەنگری ئاشتییە لەگەڵ فەلەستین و ڕەخنەگرانی ڕاستڕەوی ڕادیکاڵی ئیسرائیل، دەرفەتێک بۆ دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا سەبارەت بە کێشەی فەلەستین، ئێران و دوژمنان یان ڕکابەرە دەرەکییەکانی دیکەیان بەدەست دەهێنن.

بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی ڕێڕەوی داوود

مەترسیی گۆشەگیریی لە سەرەتای دامەزراندنی ئیسرائیلەوە، هەمیشە وەک هەڕەشەیەکی پێکۆڵ سەیر کراوە. لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیەدا، ئیسرائیل دۆکترینی «یەكێتیی دەوروبەر-پەراوێز»[5]ـی بۆ دەرچوون لە گۆشەگیریی بەرانبەر یەکێتیی وڵاتانی عەرەبیدا خستە ڕوو. چوارچێوەی سەرەکیی ئەم ڕێباز و دۆکترینە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ دەوڵەتە موسڵمانە ناعەرەبەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانی وڵاتانی دراوسێ. پایەی سەربازیی، هەواڵگریی و دیپلۆماسییەکان سێ پایەی سەرەکیی ئەم دۆکترینە بوون.

پێشخستنی ئەم دۆکترینە پشتی بەستووە بە ستراتیژییەکانی ڕیزپەڕ و کتوپڕیی، گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاکی دوژمن و دەستپێشخەریی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ستراتیژییە، ئیسرائیل بۆ مانەوە و بەردەوامیی خۆی، پێویستییەکی پێکۆڵی بە هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ زلهێزێکی هەرێمیی هەبوو. بۆیە بۆ جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە، لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری سنوورە عەرەبییەکان وەک تورکیا، ئێران و ئەسیوپیا هاوپەیمانی بەست. ئامانجی کۆتایی لەو کاتەدا، درووستکردنی کەلێن بوو لە دیواری عەرەبی گەمارۆدەری ئیسرائیل و فراوانکردنی مەودای ژیۆپۆلیتیکی. ئەمڕۆش ئەم دۆکترینە بە گۆڕانی سەرچاوەکانی هەڕەشە، زیاتر لە نیو سەدەیە بەردەوامە.

ڕووخانی لەناکاوی بەشار ئەسەد و شەڕی ناوخۆی درێژخایەن، پێکهاتە دەوڵەتییەکان و دەسەڵاتی ناوەندیی لەم وڵاتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە. ئەم بۆشایی دەسەڵاتە بە درووستکردنی پشێویی، ڕێگەی بۆ دەستێوەردانی ئازادانە و ئاشکراتری هێزە دەرەکییەکان لەم وڵاتەدا خۆش کردووە.

هەر لەبەر ئەم هۆیە، سووریایەکی پشێو و لاواز، لە هەمان کاتدا هەڵگری هەل و ئاڵنگارییە بۆ ئیسرائیل. نەبوونی دەوڵەتێکی ناوەندیی، ئەم دەسەڵاتەی بە ئیسرائیل داوە کە لە هەندێک ناوچە و بابەتدا بەبێ ترس لە وەڵامدانەوەی بەرانبەر، بە پارێزبەندییەکی ڕێژەییەوە دەستێوەردان بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە نیگەرانیی لەبارەی سەرهەڵدانی گرووپ یان ڕێکخراوی ڕادیکاڵ دروست دەکات کە دەتوانن هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکەن.

بۆیە، لە ڕوانگەی سیاسییەوە، درووستکردنی ڕێڕەوی داوود دەکرێت وەک هەنگاوێکی پێشگیرانە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ پاراستنی سنوورەکانی باکووری خۆی لە هەڕەشە شاراوەکانی خاکی سووریا سەیر بکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، لە ڕوانگەی سەربازییەوە، درووستکردنی ئەم ڕێڕەوە دەتوانێت ڕێڕەوی وشکانیی ئێران بۆ لوبنان بە توندیی پەک بخات و لەناوی ببات. هەرچەندە بەشێک لەمە لەلایەن ئەمریکاوە لە بنکەی سەربازیی تەنەف ئەنجام دەدرا، بەڵام لە ئێستادا بە ڕووخانی ئەسەد و لاوازبوونی حیزبوڵا و هێزە نزیکەکانی لە لوبنان و غەزە، ئەم پەیوەندییە گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆی و ئەم بابەتە کەمێک گرنگیی خۆی لەدەست داوە.

هەروەها بە زاڵبوون بەسەر ڕێڕەوی داووددا، دەتوانێت کاردانەوەی سەربازیی خێراتری بەرانبەر هێزە شیعە و سوننە ڕادیکاڵەکانی ئێراق هەبێت و لە کاتی گرژی لەگەڵ تورکیادا، دەتوانێت پشتیوانی لە هاوپەیمانە نوێیەکانی وەک کوردەکان بکات کە گرژیی توندیان لەگەڵ تورکیا هەیە.

بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ڕێڕەوی داوود 

– کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاو

کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاوی وەک دیجلە و فورات وەک سەرچاوەی ژیانی لە ئێراق و سووریا، یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکان. تورکیا بە درووستکردنی بەنداوەکانی ئەتاتورک لەسەر فورات و ئەلیسۆ لەسەر دیجلە (پڕۆژەی گاپ)[6]، دەتوانێت وەک یەکێک لە گەمەكەرە گرنگەکانی ئەم بوارە لەم ناوچەیە ڕۆڵی هەبێت، هەمان ئەم کارتە فشارە لەسەر هەردوو وڵات بەکار بهێنێت. ئیسرائیل بە کۆنترۆڵکردن یان هەبوونی پێگە لە ناوچە نزیکەکانی ئەم ڕووبارانە، دەتوانێت سەبارەت بە مافی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەت تورکیا، لە بارودۆخێکی باشتردا بکەوێتە دانوستانەوە یان تەنانەت پاشکۆیەتیی ئابووریی و هەڕەشەی هەرێمیی دروست بکات، ئەمە پێگەی بەهێزتر دەکات.

کۆنترۆڵکردنی هێڵی وزە

شاری «ڕەبیعە» لە ئێراق کە دەروازەیەکی سنوورییە بۆ گواستنەوەی وزە، لەوانەیە گرێکوێرەی بەشێک لەم شیکارییە بکاتەوە. ڕەبیعە خاڵی یەکتربڕینی چەندین ئەکتەری هەرێمی و جیهانییە. لە ئێستادا تا شاری ڕەبیعە هێڵی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و بەسرەوە بوونی هەیە. لە ڕەبیعەوە دەتوانرێت سێ ڕێڕەو بۆ گواستنەوەی وزە دیاریی بکرێت: گواستنەوەی ڕاستەوخۆی سەرچاوەکانی وزە لە ڕەبیعەوە بۆ تورکیا، گواستنەوە لە هێڵی بۆریی M4[7] بۆ حەلەب و پاشان لازقیە، و ڕێڕەوێک لە ڕێڕەوی داوودەوە بۆ ئیسرائیل.

ڕێڕەوی داوود، جگە لە بەرژەوەندیی ئابووریی و کۆکردنەوە و گواستنەوەی بەشێکی بەرچاوی نەوتی باشووری ئێراق و بەشی زۆری هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری حەیفا، ڕێڕەوەکانی تورکیا و هەڕەشە دەریاییەکانی لایەنە ئەکتەرەکانی وەک یەمەنییەکانیش تێدەپەڕێنێت.

تا پێش کشانەوەی ڕووسیا لە سووریا و چۆڵکردنی بەندەری لازقیە، دەتوانرا بگوترێت ڕووسیا بەدوای گواستنەوەی وزە بوو لە ڕێگەی M4. لە ئێستادا وا دەردەکەوێت (دڵنیا نییە) کە ڕووسیا هاوڕایە لەگەڵ گواستنەوەی وزە بەرەو تورکیا. ئەمریکا و ئەوروپاش تا پێش کشانەوەی ڕووسیا، ئارەزووی زیاتریان بۆ گواستنەوەی وزە لە تورکیاوە هەبوو و دوای ئەوە، وەک بەدیلی کۆتایی، سەیری ڕێگای M4 و لە کۆتاییدا ڕێڕەوی داوود دەکەن. هەرچەندە هێشتا هیچ نیشانەیەکیان بۆ لارەملیی بەرانبەر گواستنەوەی وزە لە تورکیاوە پیشان نەداوە.

هەم سەقامگیریی ڕێژەیی ڕێڕەوی تورکیا، کە ئەویش دوو ڕێڕەوی ڕەبیعە یان زاخۆ لە هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت و هەم تێچووی کەمتری درووستکردنی هێڵەکانی وزە لەم ڕێڕەوانەدا، دەکرێت وەک گرنگترین هۆکارەکانی ئارەزووی ئەکتەرەکان بۆ ئەم ڕێڕەوە ناو ببرێن. بە پێچەوانەی ئەم ڕێڕەوە، یەکێک لە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی ئیسرائیل لە درووستکردنی ڕێڕەودا لێرەدا دەردەکەوێت. لە لایەکەوە تێچووی درووستکردنی هێڵەکانی گواستنەوە لە ڕێڕەوەکەدا و لە لایەکی دیکەوە ڕکابەری لەگەڵ پێگەی تورکیا لە سووریا و ڕازیکردنی هاوپەیمانە ئەورووپیی و ئەمریکییەکان بۆ ئەم کارە.

کارتەکانی گەمەی تورکیا لەم بەشەدا زیاترن. تورکیا بە هەبوونی پێگە لە حکومەتی ڕاگوزەری سووریادا، هەوڵ دەدات ڕێگریی لە خۆبەڕێوەبەریی کوردەکان بکات تا بتوانێت بە سەر هێڵی وزەی M4ـشدا زاڵ بێت. لە ئەگەری سەرنەکەوتنیشدا، ئەگەری داگیرکردنی سەربازیی ئەم ڕێڕەوە بۆی چاوەڕوانکراوە. ئەم هێڵانە ڕێک لە هەمان ناوچەی دابڕی پێشنیازکراوی تورکیادان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆیە ئەم بژاردەیەش بۆ تورکیا دوور لە دەست نییە.

هەروەها تورکیا بە چوونە ناوەوەی سەربازیی بۆ هەرێمی کوردستان، هەوڵی زاڵبوون بە سەر هێڵی گواستنەوەی وزە لەم ناوچەیەدا دەدات. ڕاستییەکەی تورکیا وەک ڕکابەری سەرەکیی ئیسرائیل، دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی بە سێ ڕێڕەوی ڕەبیعە بۆ تورکیا، هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، یان M4 هەیە، لە کاتێکدا ئیسرائیل تەنها ڕێڕەوی داوودی دەبێت. جێی باسە کە لە ڕۆژانی یەکەمی ڕووخانی (ڕژێمی ئەسەد)، ئیسرائیل چەند جارێک بەندەری لازقیەی بۆردومان کرد، کە بێگومان بەدوای خاوکردنەوەی کاراکردنەوەی ئەم ڕێڕەوە بوو. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ڕێڕەوی داوود لە چ بارودۆخێکدا دەتوانێت بۆ ڕۆژئاوا لە پێشینەدا بێت؟

وا دەردەکەوێت ئیسرائیل چاوەڕوانییەکی گەورەی لە ئەمریکا هەیە و ئەویش کێشەی ئێرانە. ئیسرائیل تەنها لەو حاڵەتەدا دەتوانێت واز لەم داواکارییە گەورەیە بهێنێت کە جگە لە مسۆگەرکردنی ئاسایش، بتوانێت بەرژەوەندیی ئابووریش بەدەست بهێنێت و چی باشترە لە هێڵەکانی وزە، کە لە درێژخایەندا دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابوورییەکەی هەبێت. لە ئەگەری بەدینەهاتنی یەکێک لەم داواکارییانە، بێگومان ئیسرائیل بەدرێژایی کات دەکەوێتە بەر هێرشی وڵاتە موسڵمانەکانی ناوچەکەوە.

 

دروزەکان؛ کلیل‌بەدەستی دەروازەی یەکەمی ڕێڕەوی داوودن

ناوچە دروزنشینەکان لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای سووریا، دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، شاهیدی پێکدادانی پڕ لە گرژی بوون لە نێوان دروزەکان و هێزەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع. لە بەرەبەیانی چوارشەممە ٣٠ـی نیسان، هێزە چەکدارەکانی ژێر فەرمانی حکومەتی کاتیی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەڕع، بە چەکی نیمچەقورس و سووک، لەوانە هاوەن، هێرشیان کردە سەر ناوچەی ئەشرەفیەی سەحنایا لە دەوروبەری دیمەشق. گرژییەکان تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی ١٤ کەس و برینداربوونی دەیان کەسی تر.

لەسەر ئەم ڕووداوە، ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێرشی دژی ئەم «گرووپە توندڕەوە» لە چوارچێوەی پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی کەمینەی دروز ئەنجام داوە.

لەم بارەیەوە، ژەنەراڵ ئەیال زەمیر، فەرماندەی سوپای ئیسرائیل، فەرمانی بە هێزەکانی ئیسرائیل کردووە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشی لەم شێوەیە دژی کەمینەی دروز، ئامادەبن بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی حکومەتی سووریا. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، ڕایانگەیاند کە ئەم هێرشە لە هەمان کاتدا پەیامێک بۆ ڕژێمی سووریا دەنێرێت کە ئیسرائیل بۆ ڕێگریکردن لە زیانگەیاندن بە کەمینەی دروز، هەنگاو دەنێت.

چەند مانگ پێشتریش لە ناوچەی «جەرمانا» لە نزیکەی دە کیلۆمەتریی دیمەشق، پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشق و دروزەکاندا ڕوویدا. لە هەمان ڕۆژاندا، هەواڵی پێکهێنانی ڕێکخراوێک بە ناوی «قەڵغانی جەرمانا» و پاشان ئەنجومەنی سەربازیی سوەیدا لە باشووری سووریا بڵاو بووەوە. ئەم ئەنجوومەنە ئامانجی خۆی بە «بەرگریکردن لە خاکی خۆیان» ڕاگەیاند. هەروەها هاوکات لەگەڵ کوشتاری عەلەوییەکان و هەڕەشەی کۆمەڵکوژیی دروزەکان، ئیسرائیل وەک بەیاننامەکەی ٣٠ـی نیسان، بە فەرمیی پشتیوانیی لێ کردن.

دوای ئەم پشتیوانییە بوو کە زۆرێک لە ڕاڤەکاران، هەڵوێست و هەنگاوەکانی ئیسرائیلیان لە چوارچێوەی پلانی ڕێڕەوی داووددا دووبارە هێنایەوە بەر باس. هەرچەندە ئیسرائیل پێشتریش بە داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلان کە دانیشتووانەکەی زۆربەیان دروزن، ئەم پڕۆژەیەی دەست پێ کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت سەرنج بدرێت کە داگیرکردنی جۆلان تەنها بەم هۆکارە نەبووە و هۆکاری زۆری دیکەش هەن کە لەم نووسینەدا جێگەیان نابێتەوە. وا دەردەکەوێت ئەگەر دروزەکان بتوانن ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی خۆیان وەک کوردەکان پێکبهێنن، یەکەم هەنگاوی کرداریی بۆ ڕێرەوی داوود خۆش دەبێت، ئەگەرنا دەبێت ڕێگایەک بۆ پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ حکومەتی دەسەڵاتدار لە سووریادا بدۆزێتەوە. هەروەها دەبێت بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لەسەر هێڵەکانی گواستنەوەی وزە باشتر بکات.

ئەگەر ناوچەی دروزەکان نەبێتە ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر و ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هەوڵە پێداگرانەکانی بۆ درووستکردنی ڕێڕەوی داوود، دوو سیناریۆ سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو پێشبینی دەکرێت:

یەکەم، ناوچەی مەبەست بە بیانوویەک داگیر بکات. لە ئێستادا ئەم کارە کەمێک نەکردەنییە. ڕۆژئاوا، بە تایبەتی ئەورووپا، ئارەزوویەکی زۆری بۆ سەقامگیری لە سووریایەکی یەکگرتوودا هەیە، وەک دەبینرێت بە فشار یان لۆبیی ئەوان، کوردەکانیش لەسەر مێزێک لەگەڵ حکومەتی کاتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و بەدەستهێنانی پشک لە دەسەڵاتدا (بەدەر لە جۆری داواکاریی و دابەشکردنی دەسەڵات) دانیشتوون. لە ڕاستییدا، ئەگەری هاوڕایی نێودەوڵەتی بۆ ئەم کارە لە ئێستادا بەدی ناکرێت.

دووەم، ئەگەری ئەوە هەیە کە لە حاڵەتی بەردەوامبوون و زیادبوونی نائارامی لە سووریا یان دەستدرێژیی سووریا بۆ سەر ئیسرائیل، ئەم دەرفەت و شەرعییەتە، تەنانەت ئەگەر کەمیش بێت، بە ئیسرائیل بدرێت بۆ داگیرکردنی خاکە دروزنشینەکان.

پەراوێزەکان:        

[1] دروزەكان: پێکهاتەیەکی ئایینیی و نەتەوەیین و بە شێوەیەکی سەرەکیی لە سووریا، لوبنان، ئیسرائیل و ئوردن دەژین. ئەوان پێکهاتەیەکی ئایینیی و کۆمەڵایەتیی یەکتاپەرستن و خۆیان بە «موحیدون» ناو دەبەن. ژمارەیان لە جیهاندا بە نزیکەی یەک تا دوو ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. ئایینەکەیان لە سەدەی یازدەیەمی زاینی لە میسر و لە سەردەمی دەوڵەتی فاتیمی سەری هەڵداوە و وەک لقێکی ئایینی ئیسماعیلی-شیعە دەستی پێ کرد. بیروباوەڕی دروزەکان بە نهێنی پارێزراوە و تەنها چینی (دانایان) دەتوانن دەقە پیرۆزەکانیان بخوێننەوە کە بە (نامەکانی دانایی-ڕەسائیل ئەلحیکمە) ناسراوە. لە ڕووی سیاسییەوە، دروزەکان هەمیشە ڕۆڵێکی گرنگیان لە وڵاتەکانیاندا گێڕاوە.

[2] ئانۆمی (Anomie): زاراوەیەکی کۆمەڵناسییە و ئاماژەیە بۆ دۆخێکی نائاسایی و پشێویی لە کۆمەڵگەدا، کاتێک کە ستاندارد و بەها کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن یان نامێنن. ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێئامانجیی و سەرلێشێواویی لەنێو تاکەکاندا.

[3] بنکەی تەنەف: بنکەیەکی سەربازیی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و دەکەوێتە بیابانەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە نزیک سێگۆشەی سنووریی نێوان سووریا، ئێراق و ئوردن. ئەم بنکەیە لە ساڵی ـ٢٠١٦ەوە بۆ مەشقپێکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا و ڕێگریی لە دروستبوونی ڕێڕەوی وشکانیی ئێران بەرەو لوبنان و دەریای ناوەڕاست بەکار دەهێنرێت، هەر بۆیەش لە ڕوانگەی ئیسرائیل و ئەمریکاوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

[4] تەلمود: یەکێکە لە گرنگترین دەقە پیرۆزەکانی ئایینی جوو، کە بریتییە لە کۆمەڵێک لێکدانەوە و شیکردنەوەی یاسا و ڕێسا و فێرکارییەکانی تەورات (پێنج کتێبی یەکەمی کتێبی پیرۆز).

[5] دۆکترینی یەكێتیی دەوروبەر-پەراوێز: ستراتیژییەکی سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل بوو، ئەم ستراتیژە لەلایەن یەکەم سەروەزیران، داڤید بن گوریۆن، لە ساڵانی ١٩٥٠ـکاندا داڕێژرا. ئامانجی سەرەکیی شکاندنی گەمارۆی وڵاتە عەرەبییە دوژمنکارەکان بوو لە ڕێگەی درووستکردنی هاوپەیمانیی لەگەڵ وڵاتە ناعەرەبەکانی ناوچەکە (وەک تورکیا و ئێرانی سەردەمی شا) و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناو جیهانی عەرەبیی (وەک کورد و مەسیحییەکان و ئەوانی تر).

[6] پڕۆژەی گاپ: پڕۆژەیەکی گەورەی گەشەپێدانی حکومەتی تورکیایە و لە ساڵانی١٩٧٠ـکانەوە دەستی پێ کردووە، بریتییە لە درووستکردنی ٢٢ بەنداو و ١٩ وێستگەی کارەبای ئاوی لەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە باکووری کوردستان. ئەم پڕۆژەیە جگە لە بەرهەمهێنانی وزە و ئاودێریی، وەک کارتێکی فشاری سیاسی و ئابووری لەلایەن تورکیاوە بەرانبەر سووریا و ئێراق بەکار دەهێنرێت، چونکە کۆنترۆڵی سەرچاوەی ئاویی ئەو دوو وڵاتەی کردووە.

[7] ڕێگای خێرای M4: یەکێکە لە دوو ڕێگا سەرەکیی و ستراتیژییەکەی سووریا (ئەوەی دیکەیان M5) ـە. ڕێگای M4 لە ڕۆژئاوا لە لازقییەوە دەست پێ دەکات و بە شارەکانی حەلەب، ڕەققە و حەسەکەدا تێدەپەڕێت و دەگاتە سنووری ئێراق لە نزیک دەروازەی یەعروبییە (ڕەبیعە). کۆنترۆڵکردنی ئەم ڕێگایە گرنگییەکی زۆری سەربازی و ئابووری هەیە، چونکە ناوچە جیاجیاکانی سووریا و کێڵگە نەوتییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.