فاشیزمێکی تر لە دیمەشق!
ئەوەی لە ماوەی سەدساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی کەمالیستە فاشیستەکان پێڕەویان دەکرد دژی کورد، تاکو ئێستاش هەمان ئەو فاشیستە لە سووریاش لە بەرگی ئایینییدا هەمان میتۆد پەیڕەو دەکات

ئازاد شوکر
لە دەورانی مێژوودا کاتێک لەبارەی جەنگ و ململانێکانەوە، ڕووداوگەلێک خۆیان وێنا دەکەن، ئیدی هەریەکێک لە ئێمە لە یادگە و هزرماندا دەیان وێنە و یادەوەریی ئەزموون دەکەین، یان وەک دەقێکی مێژوویی بۆمان تۆمار کراوە، یانژی خۆمان شایەتحاڵی ئەو واقیعە بووینە، مێژوو زۆر لەو نموونانەی تێدایە، کە هەریەکێک لەو ڕووداوانە، بە فۆڕم و شێوازێک نوێ لە هەستی ئێمەدا گەڵاڵە بووە، بۆیە هەندێجار گرتنی فۆتۆیەک لەلایەن وێنەگرێکەوە، دنەمان دەدا پەردە لەسەر کۆمەڵێک پرسی هەنووکەیی و مێژوویی و تەواو مرۆیی هەڵماڵین، یەکێک لەو دەرکەوتانەی لەم جەنگەی جۆلانیی دژ بە ڕۆژئاوا بوو بە سیمبوڵی فاشیزمی نوێی عەرەبی سووریی، بڵاوبوونەوەی وێنەی کچە شەڕڤانێکی کوردی ڕۆژئاوایە، کە دوای شەهیدبوونی لەگەڵ هێزە فاشیست و بەربەرییەکەی جۆلانیی، بە شێوازێکی زۆر دڕندانە و دوور لە هەموو پرنسیپ و بەهایەکی مرۆیی، تەواو ئاوەژوو لەگەڵ ڕێساکانی جەنگ، لە تەلارێکی دوو نهۆمییەوە تەرمەکەی فڕێ دەدرێتە خوارەوە، هەر لەگەڵ یەکەم چرکەساتی چرکاندنی وێنەکە، تەنها چەند خولەکێک بەس بوو بۆ ئەوەی تەواوی تۆڕە جڤاکییەکان بتەنێ، وەک تاوانێکی گەورەی جەنگ لێی بڕوانرێت، ئەم دەرچەیەش کە کردوومانەتە گۆشەنیگا و چەقی پرسەکەمان، ڕەهەندگەلێکی تەواو جیاوازی هەیە، لە مێژوودا کەموێنەیە، هەڵبەت هەمووان دەزانن کورد لە ڕۆژئاوا، شکێنەری بەستەڵەک و پەیکەری تیرۆریزمی ئیسلامییە، بە تەوری ئیرادە و بوونی دۆزێکی ڕەوای نەتەوەیی، میتۆد و داینەمۆی ئەو سەرکەوتنە بوو، چون خودان زمان و ناسنامە و کەلتوورێکی سەربەخۆیانەی خۆی بووە، هەمیشە وەک بوونێکی سەربەخۆ لە بەرخودان و لڤیندا بووە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو بوونە سەربەخۆیەی خۆی بکات، بەڵام داگیرکەر بە درێژایی مێژوو وەک بوونێکی نکۆڵیکراو لێی ڕوانیوە، هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی لەنێو کەلتوور و فەرهەنگی عەرەبییدا بیتوێنێتەوە، دوای ئەوەی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا وەک نوێنەری وڵاتانی جیهان توانی ئەفسانەی داعش و جۆلانییەکان تێک بشکێنێ، ئیدی لەوە بەدواوە شەڕڤانان و کورد لە ڕۆژئاوا وەک ئازاترین کۆمەڵە دەرکەوتن، بەڵام ئەمە نەک نەبووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی ڕاگوزەری دیمەشق مامەڵەیان لەگەڵ بکات بەڵکوو بە هاوکاریی تورکیای فاشیست و بە بەرچاوی جیهانەوە، زۆر دڕندانە ڕووبەڕووی کوردان بوونەوە، دەیان کردەی نامرۆڤانە و کۆمەڵکوژییان لە هەردوو گەڕەکی کوردنشینی “ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود” ئەنجام دا، بەڵام ئەوەی وا دەکات کە وردتر لەبارەی وێنەی کچە شەڕڤانێکی کوردەوە بدوێین و هەڵوێستەی لەسەر بکەین، خۆی دەبینێتەوە لە دوو فاکتەری سەرەکییدا:
یەکەم: وەک کورد و هاوزمانێک ئەمە ئەرک بەرپرسیارێتیی کوردانەیە، کە هەڵوێستمان هەبێت، لەهەمبەر ئەو کردە دڕاندانە و نامرۆڤانەیەی هێزەکەی جۆلانیی بە پاڵپشتیی و پشتەڤانیی تورکیای فاشیست، دەرهەق بەو دوو گەڕەکە کوردییە ئەنجامیان دا و ئەمەش بچوکترین ئەرکە.
دوومیان: پەیوەندیی بەهەستی مرۆیی و بانگەوازی ویژدانییەوە هەیە، زێدەڕۆی نییە ئەگەر بێژین؛ ئەم کردانەی جۆلانیی و هێزە تاریکپەرەستەکەی لە مێژوودا وێنەی نەبووە یان گەر هەبووبێتیش زۆر کەم بووە، چون کردارگەلێک وەها تەواو ناکۆک و نەتەبایە لەگەڵ پرنسیب و بەها مرۆیی و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان، چونکی مرۆڤ مادامەکی کائینێکی ئازادە، ئەوا ئازادییەکەی دەیخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مرۆیی، بەرپرسیاریەتییەکەی تەنها لەبەرانبەر خۆیدا قەتیس نابێت، بەڵکوو هەروەتر ڕەهەندێکی گەردوونییانە بەخۆوە دەبینێ، ئەمەش بانگەوازێکی ویژدانییە و پێتڤی بە پێشوازیی هەیە، ئەم وێنەیە، تەنیا وێنەیەکی ڕووتی جەنگ نییە و بەس، بەڵکوو کۆمەڵێک کۆد و شفرە لە دیوی ناوەوەیدا هەیە، پێویستی بە ڕاڤە و شڕۆڤەی وردە، هەر بەهۆی گرنگیی و بایەخی گرتەکە، لەو چرکە ساتەدا، لە چاوتروکانێکا تەواوی میدیا جیهانیەکانی تەنی و بووە جێگەی خواست و باسی هەموو ڕۆژنامە و ماڵپەڕە جیهانیەکان، وەک ناسراوترین و بینراوترین دیمەن و بووە مانشێت و تایتڵی هەواڵەکان، وەک کاریگەرترین وێنە مامەڵەی لەگەڵ کرا، وەک کوردێکیش تەنیا نەتەوە نین و نابین کە ئەو هەستەمان هەبێت، بەڵکوو وێنەکە لە نێو گەل و نەتەوەکانی جیهاندا خۆی بەرجەستە دەکات، دووریش نابێت وەک یەکێک لە کاریگەرترین وێنەکانی ساڵ خۆی پۆلێن بکات، زیادەڕۆیش نییە ئەگەر بڵێین؛ دەبێتە وێنە و دیمەنی سەدە و مێژووش، هاوکات وەک یەکێکیش ناسراوترین و ناودارترین وێنەکانی جەنگیش، بووەتە بەشێکی گەورەی تەواوکۆی هەمووان وەک مرۆڤ.
گەرچی وێنەکە بۆ هاوزمانەکانی برینێکی قووڵی لە هەستەکانی تاک بە تاکماندا درووست کرد، هاوکات لە فۆڕمێکی تردا، دەتوانرێت لە داهاتوودا کاری گەورە و ڕژدی لەسەر بکرێت، دۆزی ڕەوای کوردیش هەنگاوگەلێکی زۆرباش بەرەوپێشەوە ببات، کورد وەک گەلێکی ڕەسەن و سەربەخۆ و بێ دەوڵەت، بە هەموو دونیا بناسێنێت، ڕووی ڕاستەقینەی ڕادیکاڵی ئیسلامیی و بەڕبەڕیزمی دینیی بخاتە ژێر پرسیارەوە، ڕووخسارە ماکیاژکرا و ماسکە ساختەکەی جۆلانیی و گرووپەکەشی بخاتە سەر زەوی.
دووریش نییە لە داهاتوودا کاتێک کوردی ڕۆژئاڤا بە ئارمانج و مەبەستەکانی خۆی دەگات، بەهۆی چۆکدانەدان و ڕادەست نەبوون و ئازایەتییان بەرانبەر دوو دەوڵەتی زلهێزی ناوچەکە، لە داهاتوویەکی دووردا نەوەی داهاتوو ئەم وێنەیە وەک هێما و سیمبوولی سەرکەوتن بۆ گەلی کورد لەقەڵەم بدەن. ئێستا ئێمە کە بە چاوی خۆمان دڕندەیی و وەحشیگەرێتیی هێزەکەی جۆلانیی و ئەرتەشی تورکی دەبینین، دەزانین تەنها لەبەر ئەوەی کوردین، کۆمەڵکوژ دەکرێین و بە بەرچاوی جیهانەوە هەوڵی سڕینەوەمان دەدەن.
بۆیە لە دەلاقەی ئەم وێنەیەوە، دەکرێت کار لەسەر پرسگەلێک بکەین و کورد لە بوونێکی نکۆڵیکراوەوە بگوازینەوە بۆ بوونێکی چەسپاو.
– لە ڕووی میدیاییەوە: لەسەر ئاستی میدیا زۆر گرنگە ئیش لەسەر ئەم پرسە بکرێت، میدیای ئێمە پێویستە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و لەپرسەکە بڕوانێت، ئەمەش بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین لۆبی بۆ بکات، بیکاتە وێنایەکی گەورە، وەربگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا، تا کورد وەک نەتەوەیەکی نکوڵیکراو و ستەمدیدە بە هەموو جیهان بناسێنێت، هاوکات ڕۆڵێکی زۆر گەورەش بگێڕێت بۆ ناشرینکردن و نابووتکردنی جۆلانیی و هێزە بەربەرییەکەی، تاوەکو ناچار بێت لەژێر فشاردا کورد وەک بوونێکی ڕەسەن و قەبووڵکراو ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە سووریای داهاتوودا بگێڕێت.
-لە ڕووی مێژووییەوە: زۆر گرنگە کاری لەسەر بکرێت تاکوو نەوەی داهاتوو ئاشنایی ستەم و خراپەکارییەکانی داگیرکەران بێت، پێویستە ئەم تاوانە قێزەونانە لە فەرهەنگ و بیری هەرتاکێکی کوردا بنجکوت بێت، دەتوانێت لە داهاتوودا وەک بەڵگەیەکی مێژوویی وا لەتاکی کوردی بکات، ئەو هەموو قوربانییەی لە پێناو زمان و خاکدا داوێتی، شیانی ئەوەیە کورد هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت.
-لەڕووی ڕۆشنبیرییەوە: پێویستە نووسەر و خوێنەوارەکانی ئێمە کاری ڕژد و چڕ بکەن، بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەم بابەتە بکرێ، هەمیشە کەیسی کورد وەک قوربانی پێشان بدرێت، لاپەڕەکانی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە بتەنرێت بۆ ئەم پرسە، ساڵانە یادیان بکرێتەوە و کاری گرنگی لەسەر بکرێت.
لە ڕووی هونەرییەوە: گرنگە بایەخی گەورەی پێ بدرێت لەسەر ئەو دیمەنە، دەتوانرێت دەیان فلیمی سینەمایی و زنجیرە پێشکەش بکرێت، ساڵانەش پێشانگا بکرێتەوە بە شێوەی تابلۆ پیشان بدرێت و ڕێوڕەسمی گەورەی بۆ ساز بکرێت و لە تەواوی جیهانەوە خەڵک بانگهێشت بکرێت، سەرگوزشتە و ڕووداوە نامرۆییەکانی داگیرکەرانیان پێ بناسرێت، لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە گرنگییەوە سەیر بکرێت، سیمینار و کۆڕ و هۆشیاریی ساز و ئامادە بکرێ، ئەمەش بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و درووستکردنی کۆدەنگیی لەسەر پرسێکی وەها نشتیمانیی.
-لە ڕووی نەتەوەییەوە: یەکێکی تر لەولایەنانەی گرنگە کاری لەسەر بکرێت، لایەنی نەتەوەییە، گرنگە هەموو بیرکردنەوە و تەوژمە جیاوازەکان بیرکردنەوە و جیاوازیی و ئەجێندا تایبەتیەکانیان بخەنە لاوە، بە یەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ پرسێکی وەها گرنگدا بکەن، هەموو بیرکرنەوە و ئاکتەکان بخەنە خزمەتی دۆزی کوردییەوە، ئەمەش دەتوانرێت وەک دەرفەتێک لێی بڕوانین تاوەکو هاوکۆکیی و هاوتەباییەک بۆ گەلی کورد درووست بکات، تاوەکو وەک یەک تیم ڕووبەڕووی ئاڵانگارییەکان ببینەوە، ئەوەی پیچێک شارەزای مێژووی سیاسی کوردستان بێت یان شتێک لەبارەی ئەو مێژووە بزانێت، هەر لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا ئەوە دەزانێت کە یەکێک لەو فاکتەرانەی کوردی لەو دۆخە هێشتووەتەوە، ئەو پەرتەوازەیی و خۆخۆرییە بووە، بۆیە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە سوود لە مێژووی خۆمان وەربگرین، بۆ خۆی یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی مێژووش بریتیە لە عیبرەت وەرگرتن.
-لە ڕووی ئاینییەوە: ئێمە سەدان جار گوێبیستی ئەوە بووین کە دەقەکانی نێو ئایین لەگەڵ هەموو دۆخێکدا خۆی دەگونجێنێت، یەکێک لەو فاکتەرانەش وای کردووە بەربەستی بۆ دۆزی کورد درووست کردووە، پێچەوانەی گەلانی تورک و فارس و عەرەب و گەلانی تریش، هەمیشە ئایینیان خستووەتە خزمەتی دۆزی نەتەوەییەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڕدۆنگی و نیگەرانییە، تەوژمی ئیسلامی سیاسی هیچ ئاکت و هەڵوێستیێکیان نییە لە بەرانبەر پرسە نەتەوەییەکەی خۆیان، ئامادەن پاڵپشتیی لە جۆلانییەکی توندڕەو و ئایدۆلۆژیست بکەن، کەچی هاوار و ناڵەی میلەتەکەی خۆیان نابینن، ئەمەش پێویستی بەسەرلەنوێ یەکخستەوەی نێوماڵی کوردییە، دۆزی کورد دەبێت پێشینە بێت، ئەگەرنا پێویستە هێرشی چڕیان بەرانبەر بەرپا بکرێ.
لای هەمووان ڕوون ئاشکرایە ئەم کردە نامرۆییانەی کە دەرحەق کورد ئەنجام دەدرێت، تەنها یەک هۆکاری لە پشتەوەیە، ئەویش توانەوە و سڕینەوەی زمان کەلتوور و شووناسی کوردیە لە ناو کەلتوور و فەرهەنگی عەرەبی یان تورکیدا، بە درێژایی مێژووش شەڕی تورک و عەرەبیش هەر بەپێی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە بوو، دەکرێت قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوودا ئەو مەیلە سەری گرتبێت، بەڵام بەردەوام نەبووە، یەکێکی تر لەو فاکتەرە مەترسیدار و ترسناکەی جۆلانی و گرووپەکەی پیادەی دەکات، فاکتەری ئایینییە، چون هەمووان ئەوە دەزانن کە جۆلانی خاوەنی پاشخانێکی جیهادییە، هەموو ئەو ڕەوتە ئایینیی و مەزهەبیانەی تر بە ئاسانیی تەکفیر دەکەن، کە وێنە و تێگەیشتنی نەرمتریان بۆ ئایین و خوداناسیی هەیە، بۆ وێنە؛ کوردەکان وێڕای ئەوەی خاوەندارێتیی لە دۆزێکی نەتەوەیی دەکەن، هاوشانیش گەلێکی دیندار و خوداناسن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەگەڵ بیرکردنەوەی توندئاژۆیانەی جۆلانیدا تەباو کۆک نییە، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە دەیبینین چۆن ڕووبەڕووی سیاسەتی عەرەباندن و کۆمەڵکوژی و ژینۆساید بونەتەوە، ئێمە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەم کردە شۆڤێنییەی جۆلانی و هاوئاوازەکانیمان بینی کە دژ بە عەلەوییەکان و درۆزەکان پیادەیان کرد، بۆیە ئەگەر هەوڵێکی جدیی بەرانبەر هەنگاوە شەڕانگێزەکانی جۆلانی نەدرێت، ئەوا لە نزیکترین دەرفەتتدا هەموو ئەو ڕەوت و تەوژمە سەربەخۆخوازانە دۆزەخێکیان بۆ درووست دەکرێت، ئەم دۆزەخەش نەک تەنها ڕەوت و ئەتنی و مەزهەبە ئایینییەکانی تر و ئازادیخوازان دەسووتێنێت، هاوکات لەگەڵ خۆی کاریگەریی گەورەشی و بۆ دەوروبەر و تەواوی جیهانیش جێ دەهێڵێت، بۆیە گرنگە هەڵمەتێکی چڕ دژ بە تاریکبینیی جۆلانی و هاومیتۆدەکانی ئەنجام بدرێت.
دەتوانین تیشکی خۆمان بخەینە سەر شاکارێکی گەورەی ڕۆماننوسی گەورەی کورد ‘ بەختیار عەلی’ بە نێوی “داگیرکردنی تاریکی” کە جوانتر ڕوحییەتی شەڕانگێزانەی داگیرکەران شرۆڤە دەکات
چیرۆکی خەباتێکی بێهودەی داگیرکەرە، کە تێیدا جەللاد بەدەست ئەشکەنجەدانی قوربانییەکانەوە گیری خواردووە، زیندانیەکان کە بە زیندانی کورد تەنراوە، گیریان خواردووە و تەنگەنەفس و تاقەتپڕوکاو بوون، چیرۆکی ئەو پاسەوانەیە وا بەدەست گیراوەکەیەوە گیری خواردووە، چیرۆکی هێزێکی داگیرکەرە، چیرۆکی ئەو ئایدۆلۆژیستەیە وا دەیەوێ نەتەوەیەکی سەربەخۆ لەقڕکردن و ژینۆسایدا بتوێنێتەوە.
گەرچی ئەم سڕینەوەی شووناسە بیرچونەوەیە لە سەردەمی درووستبوونی کۆماری تورکیاوە دەستی پێ کردووە، جلوبەرگی کوردیان قەدەغە کرد، نازناوی تورکیان بەسەر خەڵکەدا سەپاند، هەرکەس ملی نەدایە، چارەنووسی یان مردن بوو یان زیندان، سەرباری هەوڵدان بۆ گوڕینی ناوی ڕەسەنی چیا و شاخ و تورکاندنیان، لەگەڵ شێواندن و دەستکاریی گۆرانی و میوزیکی کوردی و وتنەوەیان بە زمانیی تورکیی، توانەوەی شوناس و ناسنامە و کەلتووریی کوردی لە نێو بۆتەی تورکییدا (1)
نووسەر لە ڕۆمانەکەدا تیشک دەخاتە سەر کاراکتەرێکی سەرەکیی
کە ئەرکی سەرپەرشتی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شوناس و زمانی کوردییە، ئەویش “عیسمەت ئۆکتاییە”، بەڵام ئەوەی کە عیسمەت ئۆکتای دەهری و دڕدۆنگ دەکات، ئەو بێدەنگییەی کوردانە، دەیەوێ بە هەر نرخێک بێت داگیری بکات.
ئۆرهان پامۆک، نووسەر و ڕۆماننوسی تورک لە کتێبی ئەستنبوڵدا، خۆی شایەتی لەسەر ئەو بێدەنگییەی کوردەکان دەدات و دەڵێت؛ من گەواهیدەری ئەو ڕاستییەم، کاتێک گوێت لە ئەشکەنجەدانی ئەرمەنییەک دەبوو بە زمانەکەی خۆی هاواری دەکرد، بەڵام زۆر بە کەمی گوێبیستی کوردەکان دەبووی بە زمانی خۆیان قسە بکەن، هەمیشە بێدەنگیی ببووە شووناسیان. (2)
شکستی پرۆژەی ناسیۆنالیستیی و مەیلە تاکڕەوەکانی، دەگاتە سیمبول و ڕەمەزیەتی خۆی کاتێک عیسمەت و ئۆکتای و سەدان مرۆڤی تورکیی لە پڕ زمانی تورکیان لەبیر دەچێتەوە، فێری زمانێکی تر دەبن کە کوردییە، ئەگەر ئەمە بەشێکی جۆرێک لە فەنتازی و خەیاڵی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبێت، بەڵام بە دیوێکی تردا وەک ڕاستیەکی مێژوویی ئەوەمان بۆ بەیان دەکات، کە شکستی پرۆژەی ناسیونالیستیی تورکیی بۆ تورکاندنی کورد، لە یەکێکی وەک ئەحمەد کایا و لەیلا زانا سەدان و کوردی تر دژ بەو تەوژمە وەستانەوە ئەسپی خۆیان تاودا ئاشنا بوون بە کەلتوور و زمانی نەتەوەیی خۆیان، دواترییش ئەم ڕوحییەتی دەنگ هەڵبڕینە فۆرمێکی تری وەرگرت کە بەرخودان و ڕووبەڕووبونەوەی فاشیستە و خۆی لە ئیرادە و ڕەگداکوتانی گەریلا و شەڕڤاناندا دەبینێتەوە، لە شێوەی هێزێکی تۆکمە و دامەزراو، ئێستا شەڕڤانان پێڕەوی لە یەک جۆر فەلسەفە و بیرکردنەوە دەکەن، ئەویش سەرکەوتنە، کە ئومێد و هیوای بەخشیوەتە ٤٠ ملێون تاکی کوردی، گەرچی پاڵنەر و ئومێدێکی گەورەشە بۆ ئەو گەل نەتەوە سەربەخۆیانەی چاوەڕێی دەرچەیەک دەکەن بۆ ئازادبوون، ئەمەش کارێکی نەکردە نییە، چونکی تەنها کوردانی ڕۆژئاوا و باکوور ئاڵایی ئەو سەرکەوتنی ئەو دۆزەیان بەرز کردووەتەوە، مێژوو پڕە لەو نموونانەی گەرچی لە ڕووی هێز و تەقەمەنییەوە، بەراورد بە داگیرکەران، نابەرانبەرەکیی هەبوو، کەچی توانیویانە سەربەخۆی وەربگرن و لە چنگی داگیرکەران ڕزگاری و سەربەستی بەدەست بهێنن، “هۆشی منە” سەرکردە و شۆڕشگێڕی ڤێتنامییەکان، لەبەر ئەوەی خودان دۆزێکی ڕەوا و ڕەسەن بوو، توانی ڕووبەڕووی دوو ئیمپڕاتۆری گەورەی جیهان بێتەوە، ئەوانیش ئەمریکا و فەڕەنسا بوون، ئەوە هێزی ئیرادە بوو ڤێتنامی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لەسەر نەخشەی جیهان کردە دیڤاکتۆ.
شۆڕشی ئەمریکیی یەکێکی تر لەو نموونە زیندوانەیە وا بەهۆی بەهێزی جۆرج واشنتن و جۆرج ئادامز، توانیان ساڵی ١٧٧٦ لە چنگی گەورەترین ئیمپراتۆری جیهان قوتار بن کە بریتانیا بوو، بۆیە ئێمە دوور لە هەر هەستێکی کوردانە، ئەو ئیرادە بەهێزە لە شەڕڤانان و خودی ژەنراڵیش دەبینین کە خەونی نەیاران و داگیرکەران تلۆر دەکاتەوە، بەڵگەشمان ئەوەیە کورد لە ڕۆژئاوا و باکووریش وەرچەرخانێکی گەورەیان تۆمار کردووە، بۆیە هەرچەند بە ئاگر و ئاسنیش ڕووبەڕووی کورد ببنەوە، هەرگیز ناتوانن بوونی کورد بسڕنەوە
وەک چۆن تاریکی داگیر ناکرێت، ئاواش داگیرکردنی زمان و فەرهەنگ و شووناسی کورد و دۆزە ڕەواکەشی کارێکی نەکردەنی و ئەستەمە.
ئەوەی لە ماوەی سەدساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی کەمالیستە فاشیستەکان پێڕەویان دەکرد دژی کورد، تاکو ئێستاش هەمان ئەو فاشیستە لە سووریاش لە بەرگی ئایینییدا هەمان میتۆد پەیڕەو دەکات، ئەویان لە ژێر ئاڵای نەتەوە و نەژاددا، ئەمیان لە ژێر ئاڵای ئایین و یەکپارچەیی، سەرباری ئەو هەموو دڕندەیی فاشییەت و سووکایەتییە بە تەرمی شەهیدانی کورد، بەڵام ناتوانێت فکری بەئاگاهاتووی کورد دەستەمۆ و پاوان بکات، سەرباری تاقیکردنەوەی هەموو ڕێگەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە، بە پێچەوانە تا دێت هەستی نەتەوەیی ئیرادەی بەهێزی کوردان وەک بەربەستێکی کۆنکرێتیی ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبێتەوە
عەبدوڵڵا پەشێو، شاعیری گەورەی کورد، جوان وێنای ئەو وزەیەی مرۆڤی کورد دەکات بۆ بەرگریی لە خۆی و نەتوانەوەی لەنێو گەلانی دیکەدا، کاتێک دەڵێت:
قڕمان دەکەن؟
قوڕتان بەسەر!
دوای مردنیش
لێ ناگەڕێین
نیشتیمانمان بکەن بە ماڵ.
لێناگەڕێین
گۆشتمان بخۆن وەک قەل وداڵ
گەر هیچ نەبێ،
دەبینە خاڵۆزەی بێستان؛
زیوانی ناو دەغڵ و دانتان
دەبین بە لم.
دەچینە ناو پارووی نانتان،
دەبینە مار،
پەپکە دەکەین لەناو نوێنتان.
دەبینە شیرپەنجە و میکرۆب،
گەرا دەخەین لەناو خوێنتان.
دەبینە کوان،
هەردەمە و لەجێیەک دەردێین.
دەبینە ژان،
لە سەد لاوە تێتان وەردێین!
دەبینە زێرووی هەزارپێ،
دەم گیر دەکەین لە گەرووتان.
دەبینە تامسکۆی سەرلێو،
با پشکێوی سەر پێڵوتان.
لیستی سەرچاوە:
(١) داگیرکردنی تاریکی، بەختیار عەلی، چاپی یەکەم، ڕۆمان، 2020، سلێمانی.
(٢) ئەستەنبوڵ- یادەوەری، ئورهان پامۆک و: بەڕێز کەریم
٣) عەبوڵڵا پەشێو، شاعیری گەورەی کوردە، ئەم شیعرەی ساڵی 1983 نوسیوە.



