گۆشەی ئازد

ململانێی ئیسرائیل و ئێران و دیدی چارەسەری دیموکراتیک

پارادرایمی نەتەوە و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێگەی سێیەم،دیموکراتیزەکردنی ئێران و بەهێزبوونی بەرخودانی "ژن، ژیان، ئازادیی"ـیە

ئاراس شاهۆ

“ئۆپەراسیۆنی شێری ڕاپەڕیو“ی ئیسرائیل کە لە ١٢-١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ کە دژی ئێران دەستی پێ کرد، کاریگەرییەکی زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە و بووە بڕگەی سەرەکی بەرنامەی کار لەسەر ئاستی جیهان.

ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٣ی حوزەیران دەستی بە هێرشێکی ئاسمانی هەمەلایەنە بۆ سەر ئێران کرد، ئۆپەراسیۆنەکە دامەزراوە ئەتۆمییە گرنگەکان، کۆگاکانی مووشەکی بالیستیک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان کردە ئامانج. لەو هێرشانەدا حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران، محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی باڵای دیکە و ٦ زانای ئەتۆمی گیانیان لەدەست دا.

ئەم هێرشانە کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و سەرکردە باڵاکانی سەربازیی کردە ئامانج، پرۆسەیەکە کە لە شەڕی بە وەکالەتەوە دەستی پێ کرد و بۆ ململانێی سەربازییڕاستەوخۆ پەرەی سەند. میدیاکان بەردەوامن لە ڕووماڵکردنی ئەم ڕووداوە بە شێوەیەکی بەرفراوان کە قوربانیی لە ڕیزەکانی خەڵکی مەدەنی و شەپۆلێکی ئالۆزی ناوچەیی لێ کەوتووەتەوە.

کۆیەکی دانەبڕاو لە سیاقی ناوچەییدا

بێگومان ئەم هێرشانە ناتوانرێت دابڕاو لە پێشهاتەکانی سوریا، ئوردن، لوبنان و فەلەستین هەڵسەنگێندرێت. ئەم پڕۆسەیە لە ساڵی ٢٠٢٠ بە کوشتنی قاسم سولەیمانی دەستی پێ کرد، بەشێکە لە ستراتیژی قەتیسکردنی ئێران لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا. هەرچەندە هێزەبریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە (حزبوڵا، حووسییەکان و میلیشیا شیعەکان لە ئێراق) لاواز بوون، بەڵام ئەم هێرشانە ئامانجیان ناچارکردنی ئێرانە بۆ سازشکردن یان ڕادەستبوون. شارەزایان باس لەوە دەکەن ئامانجی کۆتایی ڕەنگە گۆڕینی ڕژێم بێت.

کۆتایی سایکس-پیکۆ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

لێدوانەکەی تۆماس جەی باراک باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە تورکیا کە دەڵێت: “ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ ئیتر کاریگەر نییە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی سنوورەکان و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. سیاسەتی ئەمریکا بۆ “ بە نیشاندانی مردن و ڕازی بوون بە مەلاریا” ئێران گۆشەگیر دەکات و لە هەمان کاتدا ئەکتەرە ناوچەییەکان ناچار دەکات لە چوارچێوەی نەزمێکی نوێدا هەڵوێست بگرن. دەکرێت بڵێین ئەم دۆخە پێشبینی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە.

ئامانج و ستراتیژی ئیسرائیل

ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لاوازکردنی توانای مووشەکی ئێران و ناسەقامگیریی ڕژێمە بە ئامانجگرتنی ڕێبەرانی سەربازیی ئێران. دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە نەتەنز و ئەسفەهان، بنکەی مووشەکی لە کرماشان و کوژرانی پێنج زانای ئەتۆمی زانکۆی شەهید بەهەشتی، هەموو بەشێکن لەم ستراتیژە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ، ڕاشکاوانە ئامانجی خۆی لە گۆڕینی ڕژێمی ئێران بە بانگەوازی “ئازادیی” بۆ خەڵکی ئێران دەربڕی. ئەو ئۆپەراسیۆنانە کە لەلایەن مۆسادەوە ڕێک خراون، سەرکوتکردنی بەرگریی ئاسمانیی و توانای تۆڵەسەندنەوەی ئێرانی، بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار کرد.

ئێران دوای ١٨ کاتژمێر بە هێرشی مووشەکی بالیستی بۆ سەر تەلئەبیب و قودس وەڵامی دایەوە و سەرەڕای سیستەمی ئاسمانی قوبەی ئاسنی ئیسرائیل، لە هەندێک خاڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازی درا. بەڵام هاوبەشەکانیبەرەی مقاومە”ـی ئێران (حزبوڵا، حەماس، میلیشیا شیعییەکانی ئێراق) لاواز بوون و تەنیا حووسییەکان لە کردەوەکانیان دژی ئیسرائیل بەردەوامن. عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران هۆشداریی “چارەنووسێکی تاڵ و دژوار”دا، بەڵام گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی ناو ڕێژیمدا، ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ هەڵوێستێکی توندتر.

ڕاگەیاندنی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە و بانگەوازی چارەسەری دیموکراتیک

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هێرشەکانی شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردەوە شەڕ کێشەکان چارەسەر ناکات و زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت. تیشک خرایە سەر پێشنیارەکانی چارەسەری لەسەر بنەمای پارادایمی “نەتەوەی دیموکراتیک” و ” مۆدێرنیتەی دیموکراتیکـی ڕێبەر ئاپۆ. هۆشدارییەکەی ڕێبەر ئاپۆ”دوای ئێران نۆرەی تورکیا دەبێت” وەبیر هێنرایەوە، هەروەها ڕاگەیەندرا کە پێویستە دەستبەرداری سیاسەتەکانی شەڕ بن و ڕێگای وتووێژ و دانوستان بکرێتەوە. کەجەکە ڕایگەیاند پێویستە ژنان و هێزە دیموکراتیکەکان لە چوارچێوەی “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک”ـی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ ڕێبەر ئاپۆ یەک بگرن و خۆیان بەهێزتر بکەن.

لەم پرۆسەیەدا دیموکراتیزەکردنی ئێران وەک ئەگەری چارەسەرێک بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان و گەلانی ناوچەکە زیاتر خۆی دەسەپێنیت. بەرخودانی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کرد، ڕۆڵێکی گرنگی لەو پڕۆسەیەدا هەیە و پێویستە گوڕی پێ بدرێت.

مەترسیی شەڕی هەرێمیی و سیناریۆ گریمانەییەکان

ئێران پێی وایە ئەمەریکا پشتیوانی ئیسرائیل دەکات و ڕەنگە بنکە یان نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا لە ئێراق بکاتە ئامانج. گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی ئەمریکی دەتوانێت ترەمپ ڕابکێشێتە ناو ململانێکانەوە. توانای ئەمریکا بۆ لێدانی دامەزراوە قووڵەکانی ئێران بە بۆمبی بنبڕ، دەکرێ پەرەسەندنەکانی ئێران تاو بدات.

ئێران لەوانەیە لە ژێرخانی وزە بدات لە کەنداو. هێرشی کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە لە ساڵی ٢٠١٩ و هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ئیمارات لە ساڵی ٢٠٢٢،مەترسییەکانمان بەبیر دێننەوە. لەوانەیە وڵاتانی کەنداو داوای بەرگریی لە ئەمریکا بکەن.

ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل نەتوانن بە تەواویی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو ببەن، ئەوا ئێران دەتوانێت گوڕ بە پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی بدات. ئەمەشپێ دەچێت ناوچەکە بخاتە ناو بازنەیەکی ناکۆتای ململانێیەوە.

داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە یان ڕێگریکردن لە هاوتۆچۆی کەشتی لە دەریای سوور لەلایەن حووسییەکانەوە، ڕەنگە نرخی نەوت بەرز بکاتەوە و کاریگەریی لە ئابووری جیهان بکات. ئەمەش لەوانەیە قەیرانی ئابووری لە زۆرێک لە وڵاتان قووڵتر بکاتەوە،هاوکات قازانجێکی ئابووریی بە ڕووسیا ببەخشێت.

– ڕووخانی ڕژێمی ئێران دەکرێت بۆشایی دەسەڵات وەک نموونەکانی ئێراق و لیبیا درووست بکات. ململانێ ناوخۆییەکان دەکرێت زیاتر ناوچەکە ناسەقامگیر بکات.

کاردانەوە ناوچەیی و جیهانییەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان: داوای سنووردارکردنی ململانێکان دەکات، بەڵام کاریگەرییەکانی سنووردارە.

ئەمریکا: ترەمپ هەڕەشەی لە ئێران کرد، ئەگەر لە دانوستانە ئەتۆمییەکان بکشێتەوە، ئەوا سزای “توندتر”ـی بەسەردا دەسەپێندرێت. ئێران ڕایگەیاند بەشداریی دانوستانەکان ناکات. جێگیرکردنی کەشتیی USS Thomas Hudner پشتگیریی ناڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل نیشان دەدات.

ڕووسیا و چین: لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سوودی بۆ ڕووسیا هەیە، هەوڵەکانی چین بۆ پاراستنی کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوامن.

 

هاوکێشەی لەرزۆک و ڕێگەی سێیەم

ململانێی ئیسرائیل و ئێران لە شەڕی بە وەکالەتەوە بەرەو ململانێی ڕاستەوخۆ پەرە دەسێنێت، ئەمەش مەترسیی شەڕی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەکشێنێت. توانای تۆڵەسەندنەوەی ئێران، دۆخی هێزە بریکارەکانی و دەستێوەردانی ئاکتۆرە جیهانییەکان ئاراستەی ڕووداوەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا دیاریی دەکەن. بەڵام دیارە شەڕ کێشەکان چارەسەر ناکات و زیان بە گەلان دەگەیەنێت.

لەم هاوکێشەی ئاڵۆزەی گێژاودا، پارادرایمی نەتەوە و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێگەی سێیەم،دیموکراتیزەکردنی ئێران و بەهێزبوونی بەرخودانی “ژن، ژیان، ئازادیی”ـیە و ڕەنگە کلیلی چارەسەری ئاشتییانە بێت لە ناوچەکەدا. جێگرتنەوەی سیاسەتەکانی جەنگ بە دیالۆگ و دانوستان تاکە ڕێگای دەربازبوونە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەقبەستوویی مێژوویی خۆی ڕزگاری بێت.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...