گەلی ئیسرائیل
زایۆنیزم پێچەوانەکردنەوەی دۆخی جووە؛ لە قوربانییەوە بۆ سەردەستە، لە هۆمۆساکەرەوە بۆ سەروەر، لە نێچیرەوە بۆ ڕاوكەر.

هاوار محەمەد
ئیسرائیل هەڵمەتە سەربازییەکەی ئەمجارەی ناوناوە “گەلی وەک شێر”. جارێ با واز لە دەستەواژەی شێر بهێنین، بەڵام ئەو “گەل”ـەی نێو دەربڕینەکە کە گوایە هێمایە بۆ “گەلی جوو” باشتر بڵێین “گەلی ئیسرائیل”، چییە؟ وەک دەزانین دەستەواژەی “گەلی ئیسرائیل” لە تەوراتەوە هاتووە و لە هەموو ئایینە ئیبراهیمییەکانیشدا هەیە. سەرەتا دەستەواژەی “گەل” کە لە تەوراتدا دەردەکەوێت بە تەواوەتی مانایەکی ئایینی هەیە. گەلی ئیسرائیل گەلی خودایە و هەڵبژاردەی ئەوە. بەڵام مانای چییە “گەلی خودا” بیت؟ بێگومان گەلی خودا “ئیمتیاز”ی مێتافیزیکیی هەیە، بۆ نموونە ئەو دەسەڵاتە پاشایەتییە سەروو سروشتییە بانگەشەبۆکراوانەی کە شانشینی گەورەی شائول و داوود و سلێمان و دواتریش یەهوزا و یەشوع هەیانبووە. بەڵام هاوکات ئەم ئیمتیازە بەرپرسیارێتییش بووە لە ئەستۆی گەلی ئیسرائیل بەرامبەر بە خودا: ئەم گەلە دەبێت بە تاقیکردنەوە سەختەکانی یەزداندا تێپەڕێت، میحنەت بکێشیت، دەربەدەری ببینێت، پەرتوبڵاوی ئەزموون بکات، غەزەبی خواوەند و پاشا ستەمکارەکانی ئیمپراییەتەکانی دەوروبەر بیگرێت. دواجار بەم مانایە گەلی ئیسرائیل “قوربانی”ـیە، قوربانییە بۆ خودا و دەبیت لە پێناو ئەودا ئامادەی کۆکوژکردن بێت، هەر لە کۆمەڵکوژییەکانی دوای ڕووخانی شانشینەکانیانەوە تاوەکو “خۆکۆکوژکردن”ی سەردەمی “دەرچوون”، دوای ئەوەی لە غیابی موسادا، بە دنەی “سامری” بتی گوێرەکە زێڕینەکە دروست دەکەن و مەرجی لێخۆشبوونی خوداش ئەوەیەکە لە شەوێکی ئەنگوستە چاودا، هەموو پیاوان و کوڕانی نەوەی ئیسرائیل تا ڕۆژ دەبێتەوە لە یەکتر بکوژن.
هەڵبەت تیۆری دیکە هەیە کە گەلی ئیسرائیل نەک وەک قوربانی، بەڵکو وەک “هۆمۆساکەر” [ئەوەی بۆ قوربانی نابێت، بەڵام دەشێت بکوژرێت و بکوژەکەش سزا نەدرێت] دەبینێت، لەم بارەدا میحنەتی گەلەکە گەورەتریشە و خۆی نەک دەبێتە قوربانی، بەڵکو تەنانەت بۆ ئەوەش ناشێت، کەواتە هەموو ئیمتیازە یەزدانییەکەی لێ دادەماڵرێت و تەنیا دەبێت بە ملکەچیی ڕەهای پاشایەتییەکان، حاکمییەتەکان؛ واتە تەنیا دەتوانێت لە ڕێگەی بوونییەوە بە هۆمۆساکەر بۆ دەسەڵاتێک، ئەو دەسەڵاتە بەشێوە حاکمیەت [سۆڤەرین] بچەسپێنێت.
ئەم دۆخە، چ قوربانیبوون یان هۆمۆساکەربوون بێت، بە سەدەکانی ناوەڕاستدا درێژ دەبێتەوە تا سەردەمی نوێ کە ئیدی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا و لە “هۆلۆکۆست”دا دەگات بە ترسناکترین ئاستەکانی خۆی. لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە کە “زایۆنیرم” سەر هەڵدەدات، هەوڵ دەدرێت ئەم گەلە پەرتوبڵاوە، ئەم گەلەی کە قوربانیبوون و هۆمۆساکەربوونی بینییوە، یان دواجار ئەم گەلەی کە بەردەوام هێرشی ئەکرێتە سەر و دەکرێت بە “نێچیر”ی ستەمکارییەکان و دەسەلاتە سەروەرییخوازەکان، لەسەرزەمینێک کۆبکرێتەوە و پارێزبوندیی بۆ دروست بکرێت. زایۆنیزم نایەوێت جووەکان چیتر بەپرسیارێتیی یەزدانییان لە ئەستۆ بێت، نایەوێت چیتر قوربانی و هۆمۆساکەر بن، نایەوێت چیتر گەل لەو “پەیمان”ـەدا بێت کە لەگەڵ خوادا هەیەتی، بەو پێیەی خۆدا کەمێک جەننەت و زۆریك میحنەتی بە جوو داوە. زایۆنیزم بۆ ئەوە دروست دەبێت هەلومەرجەکە پێچەوانە بکاتەوە: وەرگرتنی ئیمتیازە یەزدانییەکان و کۆتایی هێنان بە میحنەتەکانی؛ هاوکات ئەمە واتە ناسیۆنالیزەکردنی “گەل”ی ئیسرائیل لە گەلێکی یەزدانییەوە بۆ گەلێکی زەمینی، لە گەلێکەوە کە پارێزبەندییەکانی لە ئاسمانە بۆ گەلێک کە گەرەنتییەکانی مانەوەی لە زەمینە و هاوکات ئەم “مانەوەیەش” دەبێت هێندە گومانهەڵنەگر بێت کە هیچ کاتێک لە دووریشەوە مەترسیەک هەڕەشەی لێ نەکات، کەواتە دەبێت هەمیشە لەڕێگەی “لێدانی پێشوەختە”وە لە دوژمنەکان، زەمانت بکرێت.
زایۆنیرم گۆڕینی هەندێ لە بڕگەی پەیمانەکەیە لەگەڵ یەزداندا، بە جۆرێک کە لەوەبەدوا خودا ئیمتیازەکانی زۆرتر بکات و بە ئازاری کەمیش لەگەلەکەی ڕازیی بێت. بەم جۆرە زایۆنیزم بۆ ئیسرائیل واتە یەکلاکردنەوەی دوو پرس: یەکەمیان گۆڕینی جووداییزم “بەخششی کەم و ئازاری زۆر”، بۆ زایۆنیرم “بەخششی زۆر و ئازاری کەم” یان هیچ نەبێ قووتدانی جووداییزم و داڕشتنەوەی لە زایۆنیزمدا؛ دووەمیان: زەمینکردنەوەی چەمکی “گەل” لە کۆنسێپتێکی ئاسمانییەوە بۆ کۆنسێپتێکی زەمینی، واتە بە عەلمانیکردنی چەمکی “گەل”. بەلام ئەم گەلی ئیسرائیلە چەندە سێکیولاریزەش بکرێت، هەر ئیمتیاز و باڵایەتییە یەزدانییەکەی هەیە، بەم مانایە ئیسرائیل لەو گەلانەیە کە هەرگیز بە تەواوەتی سێکیولاریزە نابێت؛ لە دڵی سێکیولاریزمەکەیدا، شتێک لە جووداییزم هەیە؛ وەکو ئەوەی تەنانەت بە بیرمەندە نادینییەکانیشیانەوە دیارە، لەوانە فرۆید و واڵتەربنیامین و لێڤیناس. بگرە لە دڵی سێکیولاریزمی ئیسرائیلدا زایۆنیزمی مەسیحایی یان زایۆنیزمی تووندڕەو هەیە، بەو جۆرەی کە ئێستا لە دەوڵەتەکەی ناتانیاهۆدا بێ هیچ پەردەیەک دەیبینین.
ئەو دەسەڵاتەی گەلی ئیسرائیل، کە زایۆنیزم نزیکەی هەشتا ساڵە کار بۆ جێگیرکردن و فراوانکردنی دەکات، چیتر شانشینە دێرینەکانی گەلی جوو نییە، بەڵکو یەکەیەکی سیاسییە کە لە دنیای مۆدێرندا پێی دەوتریت “دەوڵەت”؛ دەوڵەتیش چوارچوەی سیاسیی ئەو خەڵکانەیە کە لە دنیای نوێدا بە “نەتەوە” یان “گەل” ناسراون. ئەم گەلە گەلی دەوڵەتە، واتە گەلێکی دینی نییە و گەلێکی سیاسییە و پەیوەندییە مرۆییەکان و بەڕێوەبردن لەسەر بنەمای لۆژیک و هاوکێشە زەمینییەکانە. بەڵام هاوکات گەلی ئیسرائیل هیچ کات لە مانا ئیلاهییەکەی و ئەزموونەکانی مێژووی خۆی دوورنەکەوتۆتەوە، بۆیە ئەم دەوڵەتە هاوکات هەمان دەسەڵات و باڵایەتیی یەزدانیی هەیە و “گەل”یش هەمان ئیمتیاز و هەڵبژێردراوی، بەڵام لە زەمیندا.
لۆژیکی دەوڵەتیش ئەمەیە: بۆ ئەوەی دەوڵەت وەک دەسەڵاتێکی حاکمیەت دابمەرزێت و ببێت بە دەوڵەتێک لەسەر خەڵک و خاکێکی دیاریکراو، دەبێت “هۆمۆساکەر”ی خۆی دروست بکات کە لەم بارەدا “فەڵەستینییەکان”ـن، هاوکات دەبێت ئەم دەوڵەتە توانای ڕاگەیاندنی دۆخی ئاواتە و دۆخی جەنگی هەبێت؛ لەم بارەدا جەنگ دژ بە گرووپە ئیسلامییە تووندرەوەکانی وەکو حەماس و گروپە شیعییەکان، یان جەنگ دژ بە دەڵەتانی دەوروبەر: میسر، سووریا، عێراق، ئێران و هیتر.
کەواتە زایۆنیزم پێچەوانەکردنەوەی دۆخی جووە؛ لە قوربانییەوە بۆ سەردەستە، لە هۆمۆساکەرەوە بۆ سەروەر، لە نێچیرەوە بۆ ڕاوكەر. دروستی بڵێین زایۆنیرم خۆی بە جۆرێک دژ بە جوودایزمیشە، تووندڕەوکردنی جوودایزمە. “شێر”ی نێو دەربڕینەکە لەم گۆڕانە جەوهەرییەی زایۆنیزمدا مانا وەردەگرێت. شێرێک کە بە باڵایەتییە شکۆدارەکەیەوە چەپۆک لە کەمتیارەکان دەدات و لە قووڕگیشەوە نێچیرەکەی دەخنکێنێت..