جەنگ و ئیمکان
لەم قیامەتە دۆزەخ ئاسایەدا، جا چ وەک کلاوزڤیتس «جەنگ بە درێژکراوەی سیاسەت بزانین بە ئامرازی تر» یان وەک فۆکۆ «سیاسەت بە درێژکراوەی جەنگ بزانین بە ئامرازی تر»، بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، ناچارین وەک «ئیمکانێک» سەیری بکەین.

شاهۆ مەحموودیی
جەنگ دۆخێکی شێتانە و نەخۆشئاسایە. بەڵام وەک هەموو نەخۆشییەکانی تر، کاتێک ڕوویدا، چیتر جێگایەک بۆ لایەنگری ناهێڵێتەوە. نەخۆشێک لە سەرەتای سەرهەڵدانی نەخۆشییەکەدا، خۆبەخۆ دەکەوێتە هەوڵی چارەسەر، نەک بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی نەخۆشییەکەی. هەموو تیۆرییە ئاشتیخوازانە و دژە جەنگەکان تەنها تا ئەو کاتە کاراییان هەیە کە هێشتا جەنگێک ڕووی نەداوە. لەبەر ئەوەی بە گشتی حکومەتەکان جەنگەکان هەڵدەگیرسێنن و درێژەیان پێ دەدەن، ئاراستە دژە جەنگەکان دەبنە ئامرازێکی بێ ئامانج لە دەستی ئەو خەڵکەی کە هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر ئاگری جەنگدا نییە. کاتێک جەنگ ڕوو دەدات، تەنها بۆمب و بارووت و خوێن و مردن هەیە، چاوێکی نیگەران بەرەو داهاتوودا.
لەم قیامەتە دۆزەخ ئاسایەدا، جا چ وەک کلاوزڤیتس «جەنگ بە درێژکراوەی سیاسەت بزانین بە ئامرازی تر» یان وەک فۆکۆ «سیاسەت بە درێژکراوەی جەنگ بزانین بە ئامرازی تر»، بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، ناچارین وەک «ئیمکانێک» سەیری بکەین. ئیمکانێک کە لە دڵی پێکدادانێکەوە سەرهەڵدەدات کە ئیرادەی ئێمە دەستی تێدا نییە. بەڵام ئەم ئیمکانە لە کوێیە؟
لەلایەکەوە، درێژەدان بە حکومڕانیی ناشەرعیی «کۆماری سێدارە» هیچی لە دۆخی جەنگ کەمتر نییە و لەلایەکی تریشەوە، هێزی ناشەرعیی هێرشبەر، واتە ئیسرائیل، ناتوانێت هەڵگری پەیامی ئازادی و بەختەوەری بێت. سەرکەوتنی هەر کامێکیان جۆرێک لە داڕزانی سیاسی بەدوای خۆیدا دێنێت. بەڵام لە خودی ئەم پێکدادانەدا توانستێک (پۆتانسێڵێک) بۆ گەڕانەوە یان بنیادنانەوەی کۆمەڵگە هەیە. لاوازکردنی ناوکە پتەو و قایمەکەی دەسەڵاتی «کۆماری سێدارە»، کە ئامانجێکی بەرگرییانەیە بۆ هێزی هێرشبەر، ڕێک لەم ساتەوەختە حەتمییەی پێکدادانەکەدا دەتوانێت ببێتە ئامرازی سەرەکیی هێزە نەیارە ناوخۆیییەکان، تاکوو ئەم دەرفەتە هەڵکەوتووە بگۆڕن بۆ ئیمکانێک بۆ ڕێکخستن و بووژاندنەوەی دووبارە. ئێمە لە پێگەی خەڵک و لە مەقامی کاری سیاسییدا ناتوانین ئاگرە بڵێسەدار و دۆزەخییەکەی هەردوو لا بکوژێنینەوە، بەڵام لانیکەم دەتوانین لە ڕێگەی ئەو کەلێن و توونێلانەی کە ئەم جەنگە لە جەستەی دەسەڵاتدا دروستی کردوون، ڕێگایەک بەرەو بنیادنانەوەی ئەو بەهایانە بکەینەوە کە لەژێر چەپاندن و ستەمکارییەکی خوێناویدا، ماوەیەکی درێژە فەرامۆش کراون.
وەک خۆم، باوەڕم بە دیالەکتیک نییە و بە سەیرکردنێکی سەرپێیی مێژووی جەنگەکانی مرۆڤایەتیش دەتوانم بڵێم کە لە ژێر سێبەری جەنگە حەتمییەکاندا، «کۆمەڵگە وەک بازدانێک بەرەو ئازادی» دەتوانێت خۆی ببووژێنێتەوە. هەڵبەت، ئەگەر بیەوێت