گوتار

بەرەو نوێبوونەوەی سۆسیالیزم – سووربوون لەسەر سۆسیالیزم سووربوونە لەسەر مرۆڤبوون

هەر لە سەرەتاوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەوە تێگەیشت کە گەشەسەندنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی و ڕێکخستن لە بەستێنی 'کۆڵۆنی کوردستان'ـدا خۆڕسکانە ڕوو نادات، بەڵکوو لە ئەستۆی شۆڕشگێڕاندایە.

وەرگێڕان: نەجیبە قەرەداخی

 

وتاری ئەکادیمیای مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە کۆنفرانسی هونەریی ئازادیی.

پاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت، عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری خەباتی ڕزگاریخوازی کورد، ڕایگەیاند؛ ‘سووربوون لەسەر سۆسیالیزم سووربونە لە سەر مرۆڤبوون.’ لە گفتوگۆی دواتردا دەمەوێت چۆنێتیی تێگەیشتن و تێڕوانین بۆ سۆسیالیزم لە نێو بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد شرۆڤە بکەم. چۆن لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی پارادایم پەرەی سەندووە و چۆن لەگەڵ چەمکی ‘مۆدێرنیتەی دیموکراتیک’ یەک دەگرێتەوە، کە ئەمڕۆ وەک بەدیلی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. هەروەها بە کورتی باسی ڕێکخستن و پێشەنگ دەکەم و ئەو پرسیارە دەخەمە ڕوو: دەبێت چ هەنگاوێک بنرێت؟

 

 سووربوون لە سەر سۆسیالیزم لە پارادایمی کۆن و نوێدا

لە پارادایمی نوێی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا، ئۆجالان سۆسیالیزمی دیموکراتیکی لە ڕێگای ڕەخنەوە پێناسە کردەوە و پەرەی پێ دا. ئەو سۆسیالیزمی دیموکراتییەی لە سەر بنەمای ڕەخنە و ڕەخنەدان لە ڕیال-سۆسیالیزم پێناسەی کرد. ئۆجالان هەر لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠، پێش سیستەماتیزەکردنی پارادایمی نوێی لە بەرگرینامەکانیدا لە ئیمرالی، باسی لە پێویستی نوێبوونەوەی سۆسیالیزم کرد، ئەویش لە بەر ڕۆشنایی قەیرانی ڕیال سۆسیالیزم هەیی. گوزارشتی سەرەکی ئەم قەیرانە ڕووخانی ڕیال سۆسیالیزم و یەکێتیی سۆڤێت بوو، ئەمە هاوکاتی ڕاگەیاندنی ‘کۆتایی مێژوو و ئایدیۆلۆژیاکان’ بوو. وەک بزووتنەوەیەک کە سەرەڕای ئەم خاڵی وەرچەرخانە مێژووییە لە جیهاندا پابەندی سۆسیالیزم مایەوە، ئۆجالان گرنگی شۆڕشەکانی سەدەی ٢١ـی بەم جۆرە دەستنیشان کرد:

سەدەی ٢١ سەدەیەک دەبێت کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئیمپریالیزم لەسەر زهنی مرۆڤ، ڕۆح و کەلتوور پێچەوانە دەبێتەوە. ئەرکەکانی ئەم سەدەیە بە تایبەتی ئەوەیە سرووشت جارێکی تر بکرێتەوە بە شوێنێکی شیاوی ژیان، چارەسەری گەشەی دانیشتووان کە دەبێت پێشی پێ بگیرێت، پەرەپێدانی هۆشیاری مێژوویی و پاراستنی بەها مێژووییەکان، پەروەردەکردنی ڕۆحی مرۆیی، بەربەرەکانێ لەگەڵ چەوساندنەوە و بازرگانیی بە ژنان و سێکسوالیتە و مسۆگەرکردنی ڕزگاریان. ئاشکرایە بەدەستهێنانی پەرەسەندنی پێشکەوتوو لە ئازادی ژن دەبێتە ئامانجێکی گرنگی شۆڕشەکانی سەدەی ٢١. بەم جۆرە، سەردەمی شۆڕشەکان کۆتایی نایەت، بەڵکوو پێ دەنێینە قۆناغێکی شۆڕشی پێشکەوتووتر و قووڵترەوە. لە خەباتی چینایەتی و نەتەوەیی ڕووکەش دوور دەکەوینەوە و بەرەو گۆڕانکاری قووڵتری کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ڕۆحی و ئەخلاقی دەچین، ئەمانە بە هەمان ئەندازەی شۆڕشە سەربازی، سیاسی و ئابوورییەکان گرنگن.

 

 پێویستی نوێبوونەوە

لە بیرکردنەوە سەرەتاییەکانی ئۆجالاندا، دەبینین چۆن ئەم لایەنانە وەک بابەتی گرنگ بۆ بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی سەدەی ٢١ دەستنیشان کراون. بنەما سەرەکییەکانی پارادایمی نوێی بزووتنەوەی ئازادی کورد، دیموکراسی ڕادیکاڵ وەک بەدیلێک بۆ سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، ئازادی ژن و ئیکۆلۆژی لەخۆ دەگرێت. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی خودی کۆمەڵگە – لەناوبردنی پایە سیاسی و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە لەلایەن ئیمپریالیزم و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریەوە – و جەخت لە پێویستی پەیوەندیدار بۆ شۆڕشی کەلتووری و ئەخلاقی دەکرێتەوە. ئۆجالان دواتر ئەم شیکردنەوە مەنهەجییەی لە بەرگرینامەکانیدا زیاتر پەرە پێ دا و زاراوەی “کۆمەڵگەکوژی- “sociocide بەکار هێنا، ئەمە ئاماژەیە بۆ ژینۆسایدی کۆمەڵگە.

بەم تێڕوانینانەوە، ئۆجالان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دژایەتیی سیستەمی سەرمایەداری پێویستی بە “نوێبوونەوەیەکی ڕادیکاڵی زهنی، ئەخلاقی و سیاسی” هەیە. پێویستی ئەم نوێبوونەوەیە بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەکی دیموکراتی هێزە سۆشیالیستەکان، سەرەڕای خراپتربوونی ئاشکرای کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری جیهاندا. لەو بڕوایەدام هۆکاری ئەمە، ئەوەیە کە هێزەکانی دژە-سیستەم هێشتاش شۆڕشی پارادایمی پێویستیان نەکردووە و لە ئەنجامدا پەرەیان بە هێزی پێویست نەداوە لە بواری بەرنامە، ڕێکخستن و کردارییدا. هەم “چەپ”ـی دۆگماتیک کە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤێت بە کاریگەریی ڕیال-سۆسیالیزم سەری هەڵدا و هەم بزووتنەوە “ژینگەیی” یان “فێمینیستی”ـیەکان کە تازە سەریان هەڵدا، هەروەها “چەپی نوێ” و فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی جیهان، زۆر دوورن لەوەی بتوانن لەو ئاڵۆزیی و گێژاوە تێبگەن و بەسەریدا زاڵ بن. ئۆجالان تێبینی دەکات کە ‘نە’ یانەی دەوڵەمەندان’، کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە دافۆس و نە ‘یانەی هەژاران’، فۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی جیهان لە پۆرتۆ ئالەگرە و شوێنەکانی تر، هیچ دیدگایەکی گشتگیریان پەرە پێ نەداوە کە لە کاتی ئێستا دوورتر بچێت.” ئەو هۆکاری سەرەکی بۆ سنووردارێتیی گفتوگۆکانی هەردوولا دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی دووربینی تیۆری سیستەماتیک. بەپێی ئۆجالان، هێزەکانی لایەنگری ئازادیی و یەکسانی هەم مەعریفە و هەم پێکهاتەی پێویستیان نییە تا بە سەرکەوتوویی قەیرانەکە بگۆڕن بۆ هۆشیاریی و بێداربوونەوەیەکی دیموکراتی و بەردەوام و ڕزگارکەر.

 سۆسیالیزمی دیموکراتیک و پرسی مۆدێرنیتە

بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد، سۆسیالیزمی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ڕەخنە و ڕەخنەدان لە ڕیال-سۆسیالیزم پێناسە دەکات. ئێمە دەستەواژەی “سۆسیالیزمی دیموکراتیک” بەکار دەهێنین، ئەمەش بۆ ئەوەی بە ڕاشکاویی لە پێناسەی ڕیال-سۆسیالیزمی جیا بکەینەوە.

یەکێک لە گرنگترین ڕەخنەکانی ڕیال-سۆسیالیزم شکستهێنانە لە پێناسەکردنی درووستی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و پەرەپێدانی مۆدێرنیتەی خۆی وەک بەدیلێک. ئۆجالان دەڵێت کە شیکردنەوەی ڕیال-سۆسیالیزم بۆ سەرمایەداریی زۆر تەسک و یەکلایەنە بوو. ئەو پێی وایە ڕیال-سۆسیالیزم سەرەتا سەرنجی لەسەر ڕەهەندی ڕەتاندنەکانی سەرمایەداری بوو (پەیڕەوی زۆرترین قازانج)، لە کاتێکدا ئەمە لایەنێکی گرنگی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەستنیشان دەکات، بەڵام سەرمایەداریی لە ڕێکخستنی ئابووریی واوەترە.

مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی چەندین ڕەهەندی جیاواز دەگرێتەوە و لە ڕەتاندنی ئابووری واوەترە، پیشەسازگەرایی و دەوڵەت-نەتەوە لەخۆ دەگرن:

ا) پیشەسازگەرایی فۆرمێکی ڕەتاندنە و دەبێتە هۆی لەناوبردنی نزیکەی تەواوی سرووشت، ئەمەش لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی زۆرترین قازانج. سەرەڕای خواستی ڕیال-سۆسیالیزم بۆ ڕزگاربوون لە ڕەتاندن و پەیڕەوی زۆرترین قازانج، بێ گۆڕانکاریی پیشەسازیی سەرمایەداریی پەسەند کرد. بۆیە، نەیتوانی پەرە بە تێگەیشتن و سیستەمێکی ژینگەیی بدات.

ب) ڕیال-سۆسیالیزم دەوڵەت-نەتەوەی وەک ئەو سیستەمە بنەڕەتییە بینیی وا توانای تێپەڕاندنی ڕەتاندن و پەیڕەوی زۆرترین قازانجی هەیە.

لە تێگەیشتنی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا، دەوڵەت-نەتەوە وەک فۆرمی بنەڕەتیی دەوڵەت، لە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا سەیر دەکرێت و لەلایەن ئۆجالانەوە وەک کۆیەکی تەواوی سەرمایە پێناسە دەکرێت. هەروەها وەک کاریگەرترین ئامرازی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە و نوێنەرایەتیی پێشکەوتووترین و تەواوترین پاوان دەکات. لە ئەنجامدا، دەوڵەت لە دژی سۆسیالیزم ڕادەوەستێت و ناتوانێت وەک ئامرازێک بۆ ڕزگاری خزمەت بکات.

بەوپێیە ڕەخنەی سەر ڕیال-سۆسیالیزم، لە شکستی پێناسەکردنی دەوڵەت-نەتەوە و نەبوونی پەرەپێدانی بەدیلێکەوە سەرچاوە دەگرێت. قەبووڵکردنی دەوڵەت-نەتەوە وەک چوارچێوەی بنەڕەتی بۆ چینی کرێکار، فاکتەرێکی گرنگ بوو کە بووە هۆی شکستەکانی یەکەم و دووەمی ئەنتەرناسیۆنالیزم. هەروەها بزووتنەوەکانی ڕزگاری نەتەوەیی لە ڕێگەی دەوڵەت-نەتەوەوە لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا توانەوە.

ڕیال-سۆسیالیزم سەرەتا جەختی لەسەر ڕەهەندی چەوساندنەوەی سەرمایەداریی کردەوە و هەوڵی دا سۆسیالیزم وەک بەدیلێک پێشکەش بکات. بەڵام شیکردنەوەیەکی گشتگیریی بۆ سەرمایەداری و مۆدێرنیتەکەی نەبوو، بۆیە نەیتوانی ڕەهەندەکانی تری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بناسێت. لە ئەنجامدا، سۆسیالیزم نەیتوانی پەرە بە مۆدێرنیتەی خۆی بدات. ڕیال-سۆسیالیزم لەوەدا هەڵە بوو کە دەتوانێت سیستەمەکەی خۆی بە بەکارهێنانی ئامراز و ڕەهەندەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەدی بهێنێت. لە کۆتاییدا، ڕیال-سۆسیالیزم، لەگەڵ پیشەسازی و دەوڵەت-نەتەوە، سۆسیالیزمی بەدی نەهێنا، بەڵکوو گۆڕا بۆ “سەرمایەداریی دەوڵەتی پاوانکار”. لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا، بەهاکانی بنەڕەتی سۆسیالیزم بەردەوام فەرامۆش کران و بنەماکانی خوازراوی ئازادیی، یەکسانیی و دیموکراسی کۆمەڵایەتی بەدی نەهاتن.

 

 مۆدێرنیتەی دیموکراتیک وەک مۆدێرنیتەی سۆسیالیزمی دیموکراتیک

لەسەر ئەم بنەمایە، گرنگترین دەرەنجامەکانی ئۆجالان لە شیکردنەوە و ڕەخنەی ڕیال-سۆسیالیزم ئەمانەن:

١. پێناسەکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەشێوەیەکی گشتگیر بە سێ پایەکەیەوە.

٢.  پێشکەشکردنی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک وەک بەدیلێک

٣. داڕشتنیشی وەک مۆدێرنیتەی “سۆسیالیزمی دیموکراتیک”

ڕەهەندی کۆنفێدرالیزمی دیموکراتی لە مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا (کۆنفێدرالیزمی دیموکراتیک) بەرانبەر ڕەهەندی دەوڵەت-نەتەوە (دەوڵەت-نەتەوە)ـیە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا. کۆمەڵگەی پیشەسازی ژینگەیی لە بەرانبەر پێناسەی پیشەسازی سەرمایەدارییدایە. کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە بوارەکانی سیاسی و ئەخلاقی دەگرێتەوە، بەرانبەر ڕەتاندنەکانی سەرمایەداریی و پەیڕەوی زۆرترین قازانج (سەرمایەداریی)ـیە. کەواتە سۆسیالیزم لەو ئاستە نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژی دەکات. بەم شێوەیە، سۆسیالیزمی دیموکراتیک، لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا، بە شێوەیەکی فراوانتر دادەڕێژرێت. ئۆجالان گەیشتە ئەم دەرەنجامانە و بنەماکانی پێناسەیەکی تیۆری نوێی لە ئەزموونەکانی ڕیال-سۆسیالیزمەوە داڕشت.

 

مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ڕێ بۆ سۆسیالیزمی دیموکراتیک دەکاتەوە

لە بزوتنەوەی ئازادی کوردستاندا زەمینەسازی بۆ بەکارهێنانی چەمکی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کرا. لەم پارادایمە نوێیەدا، مۆدێرنیتەی دیموکراتیک وەک ڕێگایەک خزمەت بۆ هاتنەئارای سۆسیالیزمی دیموکراتیک دەکات. ئەوەش بەدیهێنانی سۆسیالیزمی دیموکراتیک بەرجەستە دەکات.

سەرمایەداری و سۆسیالیزم ئەگەر لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەدا لەبەرچاو نەگیرێن، وەک چەمکی ئەبستراکت دەمێننەوە. سەرمایەداری لە ناو مۆدێرنیتەکەی خۆیدا خۆ نمایش دەکات و هەروەها سۆسیالیزمیش. لە ڕاستیدا، ئەو بوارەی کە ئایدیۆلۆژیای دیموکراتیک-سۆسیالیستی تێدا شێوە دەگرێت، مۆدێرنیتەی دیموکراتیکە بە هەرسێ ڕەهەندەکەیەوە.

کەواتە، کاتێک باسی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەکەین، ئەم دەستەواژەیە لە جێگای سۆسیالیزمی دیموکراتیک دانانێین. مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و سۆسیالیزمی دیموکراتیک پێکەوە پەیوەستن؛ سۆسیالیزمی دیموکراتیک لە ڕێگەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکەوە زیندوویەتی پێ دەدرێت و بەدی دێت. مۆدێرنیتەی دیموکراتیک بەدیهێنانی سۆسیالیزمی دیموکراتیک ئاسان دەکات.

سۆسیالیزمی دیموکراتیک بە شێوەیەکی پارادایمیانە لەسەر پایەی ئازادی ژن، دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بنیات نراوە.

 

شۆڕش و ئینتەرناسیۆنالیزم لە پارادایمی نوێدا

ئینتەرناسیۆنالیزم لە تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیدا بایەخێکی نوێی پێ دەدرێتەوە. تێگەیشتن لە ئینتەرناسیۆنالیزم لە ڕێگەی ڕەخنە و ڕەخنەدانەوە ئەزموونەکانی سەدەی بیستەمەوە پاڵاوتە دەکرێت، چونکە نێونەتەوەیی بنیاتنراو لە سەر بنەمای دەوڵەت لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بووەتە هۆی هەژموونی نوێ. لە هەموو حاڵەتەکاندا، ئەو هێزانەی دژە-سیستەم وا بە سەرکەوتوویی دەوڵەت-نەتەوەیان دامەزراند یان کۆنترۆڵی دەوڵەت و پێکهاتەکانی دەسەڵاتیان بەدەست هێنا، ڕۆڵێکی سەرەکیشیان لە ئینتەرناسیۆنالیزمدا گێڕا. چاوەڕوانی هەبوو تا شۆڕشێکی نێونەتەوەیی بەرپا بکات- بە واتایەکی تر، بڵاوبوونەوەی ئینتەرناسیۆنالیزم- بەڵام، ئینتەرناسیۆنالیزم کرایە قوربانی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت-نەتەوە، لەبەرەوە کاریگەرییەکەی لەدەست دا و تێکەڵی هەژموونی سەرمایە و مۆنۆپۆلەکانی دەسەڵات بوو. ڕێڕەوی شۆڕشەکانی چین و ڕووسیا ئەم نموونەیەیان پەیڕەو کرد. دواجار، سیاسەتەکانیان چیتر پابەندی بنەماکانی نێونەتەوەیی شۆڕشگێڕیی نەبوون بەڵکوو گرنگییان بە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەدا – کە کۆڵەکەیەکی سەرەکی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە.

مۆدێرنیتەی دیموکراتی، بە مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی کۆنفیدراڵی-دیموکراتیک، کارایانە ڕێگریی لە درووستبوونی باڵادەستی دەکات. لە ناو سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیدا، پەیوەندیی و هاوپەیمانیی لەسەر بنەمای هاوپشتیی، ئازادیی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی و دیموکراسییە. تێگەیشتن لە ئینتەرناسیۆنالیزم لە تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیدا لە سنوورە هەرێمی و کاتییەکانی سۆسیالیزم تێدەپەڕێت، بەمەش سەرنجی بکەری شۆڕشگێڕ لە هەرێمێک یان گروپی کۆمەڵایەتیەوە فراوانتر دەکات.

ئۆجالان ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ” لە جیاتی تەماشاکردنی سۆسیالیزم تەنها وەک پڕۆژە یان پرۆگرامێک بۆ ئاییندە، پێویستە وەک ئەو ڕێیەی ژیانی ئەخلاقیی و سیاسیی ببینرێت وا ئێستا ئازاد دەکات، بەدوای یەکسانی و دادپەروەریدا دەگەڕێت و هەڵگری بەهای ئێستیتکە. سۆسیالیزم شێوازێکی ژیانی هۆشیارانەیە و هەقیقەت دەنوێنێتەوە”.

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، زیاتر ڕوونی دەکاتەوە: ” ئێمە شۆڕشی سۆسیالیستی و بنیاتنان وەک ڕووداوگەلێک نابینین کە بە دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا ڕوو دەدەن؛ بەڵکوو شۆڕشی سۆسیالیستی و بونیادنان وەک گۆڕانکاریی و پەرەسەندنێک دەبینین کە ڕیشەی لە ئایدیۆلۆژیای تاکی ئازاد و کۆمۆنی دیموکراتیدایە. بە شێوەیەکی سەرەکی وەک گۆڕانکارییەکی ئایدیۆلۆژیی پێناسەی دەکەین. بە هەمان شێوە، سۆسیالیزم، یان ژیانی تاکی ئازاد و کۆمۆنی دیموکراتی، نەک وەک دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتبوون، بەڵکوو وەک هەقیقەتێک و دەستکەوتێکی ژیاو لە ناو خەباتدا دەبینین کە دەسەڵاتی سیاسی تێدەپەڕێنێت، لە تاکەوە دەست پێ دەکات، لە ناو پارتدا و لەبەرەوە کۆمەڵگە دەگرێتەوە. ئێمە چەندین دەیەیە بەم پێودانگە سۆسیالیزم لە نێو پەکەکەدا بەرجەستە دەکەین.”

لە هەر کوێ سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی سەر هەڵبدات، لە هەرکوێ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دیموکراتی وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ دەوڵەت دەر بکەوێت، دەکرێت پەیوەندیی لە سەر بنەمای هاوپشتی گەشە بکات. ئەمە فۆرمێکی نوێی ئینتەرناسیۆنالیزم نیشان دەدات. ئینتەرناسیۆنالیزم چیتر تەنها لە پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕیدا قەتیس نەبووە. ئەوە تەنها هاوپەیمانییەک نییە کە لە کۆنفرانس و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا درووست بکرێت یان پەرەی بدرێتێ، وەک پێشتر هەبوو. لە کۆتاییدا، ئینتەرناسیۆنالیزم ئیتیکێکی پراکتیکیی و شێوازی ژیانە و ناکرێت بۆ داهاتوو دوا بخرێت. ئەوە پەیوەندییەکە و لە هەموو ساتەکانی ژیاندا دەچێنرێت، نەک تەنها کاتی شەڕ، هەڕەشەی جەنگ، یان قەیرانی ئابووری. ئەوە شێوازێکی ژیانی ئەخلاقی و سیاسی و هەوڵێکی هەرەوەزییە بۆ هەموو بەشداران. ئەوە پەیوەندییەکە و لە کۆمەڵگە و ئەنجوومەنەکاندا پەروەردە دەکرێت، نەک تەنها لە کاتە قەیراناویی و چارەنووسسازەکاندا، بەڵکو لە هەر کوێ و لە هەر کاتێک بەشداران بە پێویستی بزانن.

 

کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی جیهانیی و ئەرکە سیاسی- ڕۆشنبیرییەکان

ئەگەر دان بەوەدا بنێین قەیرانی سیستەم خەسڵەتێکی جیهانیی، سیستەمیی و پێکهاتەیی هەیە، ئەوا ڕوون دەبێتەوە ڕێگای داهاتووش پێویستی بە دەستێوەردانی جیهانیی، سیستەمیی و پێکهاتەیی هەیە. لەم بەستێنەدا ئۆجالان بانگەشە بۆ پەرەپێدانی “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی جیهانی” دەکات، کە کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتییە ناوچەیی، هەرێمی، و نیشتمانییەکان لەگەڵ پارت و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی پەیوەندیدار بگرێتەوە.

ئۆجالان دیدی ڕاشکاوی دیکەش دەستنیشان دەکات، بە تایبەت لە کتێبەکەی “کۆمەڵناسی ئازادی”ـدا، ئەرکە ڕۆشنبیریی و سیاسییەکان بۆ بنیاتنانی مۆدێرنیتەی دیموکراتی و ئینتەرناسیۆنالیزم دەخاتە ڕوو.

ئەوەی لەم ئەرکە سیاسییانەدا سەرەکییە، تێگەیشتنێکی نوێیە بۆ سیاسەت کە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی دینامیکی دەسەڵات و پێکهاتەکانی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. ئەمە لە کوردستاندا، دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیی و نەتەوەی دیموکراتیی دەگرێتەوە. لە شوێنەکانی تری جیهان، ڕێگاچارەی جیاواز هەن، وەک چەمکی “بنیاتنانی نەتەوەیی” لە وڵاتی باسک، “پۆدێر پۆپولار” (دەسەڵاتی گەل) لە ئەمریکای لاتین، یان شێوازی جۆراوجۆری دیموکراسی ڕادیکاڵ لە سەرتاسەری جیهان. سەبارەت بە ئالەنگارییە سیاسییەکانی داهاتوو، ئۆجالان ڕوونی دەکاتەوە کە: “لەبەر ئەوەی دەسەڵات هەوڵ دەدات هەموو یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و تاک ملکەچ و داگیر بکات، دەبێت سیاسەت هەوڵ بدات هەموو یەکە و تاکێک لەخۆ بگرێت و ئازاد بکات.” ئێمە نابێت ئەرکە سیاسییەکانمان بسپێرین بەو کەسانەی وا فرەیی سیاسەت لاواز دەکەن، بۆ دەسەڵاتی خۆیان بەکاری دەهێنن و کردوویانە بە پیشەیەک تەنها بۆ قازانجی کەسیی. بەو شێوەیە، سیاسەت هونەری ئازادییە و لە سیستەمی پەرلەمانیی، دامەزراوەکانی دەوڵەت، دینامیکی دەسەڵات، توندوتیژیی و دیموکراسی لیبراڵدا تێدەپەڕێت.

لە پاڵ ئەم ئەرکە سیاسییانەدا، هەوڵە ڕۆشنبیرییەکان بۆ پێشکەوتنی سۆسیالیزم گرنگن. سیستەمی سەرمایەداریی بە شێوەیەکی سەرەکیی لە ڕێگەی هەژموونی کولتووریی و زاڵبوونی فیکریی بە سەر کۆمەڵگەدا بەردەوامیی بە خۆی دەدات. بەرهەمهێنانی زانین خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەوانە دەکات وا دەسەڵاتدارن. بۆیە، هەوڵی ڕۆشنبیریی و کاری ئەکادیمی دەبێت لە بنەڕەتدا خۆڕاگری بەرجەستە بکات و توێژینەوەکان پێویستی ڕەهەندێکی خۆڕاگری لەخۆ بگرێت. لەبەر ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوە فەرمییەکانی دیکەی شارستانیەت و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ناتوانن ببنە شوێنی بنەڕەتی توێژینەوە، شۆڕشێکی دامەزراوەیی لە ناو زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا پێویستە. هەروەها ئۆجالان بانگەشە بۆ دامەزراندنی دەزگا و دامەزراوەی نوێ دەکات، وەک “کۆنفیدراسیۆنی جیهانی کولتوورەکان و ئەکادیمیاکان” لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و “ئەکادیمیا دیموکراتییەکانی سیاسەت و کولتوور” لەسەر ئاستی ناوخۆیی (ناوچەیی)-نەتەوەیی. ئەم دامەزراوانە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا دامەزراون، لەوانە ڕۆژئاوا، باکوور و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و دەبنە بڕبڕەی پشتی دەستکەوتە شۆڕشگێڕییەکان لە کوردستان.

 

کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی ژنانی جیهان و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی لاوان

خۆڕێکخستن و هۆشیاریی لاوان و ژنان لە پێشینەی بنیاتنانی سۆسیالیزمی دیموکراتیدایە. بۆیە، سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی هەلومەرج بۆ ژنان و لاوان فەراهەم دەکات تاوەکو چالاکانە و بە شێوەیەکی خۆسەر ئیرادەی خۆیان لەسەر هەموو پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەرببڕن. ئەوان هێزی بزوێنەری پشت بنیاتنانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتین. ئەوان لەو چوارچێوەیەدا وەک بزووتنەوەی گشتگیر، پەرە بە پێکهاتەی خۆسەری خۆیان دەدەن: بە شێوەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ژنانی جیهان و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی لاوان.

 

چۆن بژین؟ چی بکەین؟ لە کوێوە دەست پێ بکەین؟

ئۆجالان خۆی سنووردار ناکات بە گفتوگۆی تیۆری لەسەر بنەماکانی سۆسیالیزمی دیموکراتی وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ سەدەی بیستویەک. ئەو باسی بنەما بەرجەستەکان بۆ پراکتیکی سیاسی هێزەکانی دژە-سیستەمیش دەکات. تەنانەت لە پارادایمی نوێشدا، پرسیارەکانی وەک “چۆن بژین؟ چی بکەین؟ لە کوێوە دەست پێ بکەین؟”، سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخستن و پێشەنگ، گرنگییان هەر ماوە.

هەر وەک چۆن گوتاری لیبراڵانەی وەک ‘کۆتایی مێژوو و ئایدیۆلۆژیاکان’ بۆ بێباوەڕیی بە بیرۆکەی سۆسیالیزم و پێداویستی ڕزگاری کۆمەڵایەتی بەکار هێنرا، گوتارێکی لیبراڵانەی تر باسی ئەوە دەکات گوایە “سەردەمی پارتی پێشەنگی سۆسیالیست و ڕێکخراوی لەم جۆرە” کۆتایی هاتووە.

لە تێگەیشتنی ئۆجالاندا، پارت و هاوپەیمانییە دیموکراتییەکان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیی، ئەویش لە پێناو سۆسیالیزمی دیموکراتی سەدەی بیستویەک، پێداویستییەکی سەرەکیین. بە دانپیانان بە پێویستی ڕەخنەدان، بە تایبەتیی سەبارەت بە تێگەیشتنی پارت وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی دەوڵەت، ئۆجالان ڕۆڵی پارت لە مۆدێرنیتەی دیموکراتی و لە ناو پەکەکەدا بە تایبەت سەرلەنوێ پێناسە کردەوە: “ڕۆڵی پێشەنگ لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پرۆگرامێک دەبێت کە ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگەیە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، ئازاد، و یەکسان، بە بەکارهێنانی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ هەموو ئەو گروپە کۆمەڵایەتییانەی گرنگیی بەم پرۆگرامە دەدەن و بەکارهێنانی ئەو تاکتیکەی ئامانجی فراوانکردنی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مەدەنیی و گروپە ئیکۆلۆژیی و فێمینیست و کولتوورییەکانە، لەگەڵ دانپیانان بە پێویستی خۆپاراستنی ڕەوا.”

ئاڵەنگارییەکە لە وەرگێڕانی گۆڕینی پارادایم یان بیرۆکە و چەمکە سیاسییەکانماندایە بۆ ڕێکخستن و کردار. لە ژینگەیەکدا کە تێگەیشتنی پۆست-مۆدێرن زاڵە و چەمکەکانی وەک ڕێکخستن، پارت، ڕابەرایەتی، پێشەنگ و یەکێتی زۆر جار بە نەرێنیی دەبینرێن، ئۆجالان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناکرێت بنیاتنانی کۆمەڵایەتیی بەبێ پێشەنگێکی ڕێکخراو (ڕێکخستن) و تێکۆشەر (تاکی بەباوەڕ) بەدی بێت. لەوانەیە فۆرمەکەی بەپێی شوێن و کات بگۆڕێت، بەڵام پێویستییەکە گرنگییەکی زۆری هەیە.

هەر لە سەرەتاوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەوە تێگەیشت کە گەشەسەندنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی و ڕێکخستن لە بەستێنی ‘کۆڵۆنی کوردستان’ـدا خۆڕسکانە ڕوو نادات، بەڵکوو لە ئەستۆی شۆڕشگێڕاندایە.

لەگەڵ گۆڕانی پارادایم، وێنەی خودی پارت پەرەی سەند، کە ڕەهەندی تیۆریی و ئایدیۆلۆژیی لە پێشینەکانیانن. لە پارادایمی کۆندا، ڕەهەندەکانی پارتی پێشەنگ نەک تەنها پەروەردە و ڕێکخستن، بەڵکوو بەڕێوەبردن و ڕێبەرایەتیی سیاسیی و سەربازیشی لەخۆ دەگرت. لەگەڵ گۆڕانی پارادایم، ئێستا بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر پەروەردە و ڕێکخستنە.

 

سەرچاوەی هێزمان چییە؟

ئێستا هێزی ڕۆشنبیریی و ئایدیۆلۆژیی ڕۆڵێکی سەرەکی لە تێکۆشان بۆ کۆمەڵگەیەکی ڕزگارکراو دەگێڕێت. ئەرکی پێشەنگ، پاڵپشتیی خۆبەهێزکردنی کۆمەڵگەیە –  ئەویش لە ڕووی ڕۆشنبیریی، کولتووریی، بە بنیاتنانی دامەزراوەی گونجاو و لە ڕێگەی خۆپاراستنەوە:

“هێزی سۆسیالیزم، تەنها کاتێک دەتوانێت گەشە بکات کە هۆشیارییەکی دیموکراتیی بەرین و قووڵ لە نێو کۆمەڵگەدا هەبێت، لەگەڵ ڕێکخستن و شێوازی ژیانی پەیوەندیدار. ئەوە دەوڵەت نییە دەبێت بەهێز بکرێت، بەڵکوو کۆمەڵگەیە کە دەبێت هێز بەدەست بهێنێت.” – ع. ئۆجالان

‘ڕێگا’ـی سۆسیالیزم لە سۆنگەی بەهێزکردنی ‘کۆمەڵگەی دیموکراتیی’ و بە یارمەتیی چەمکی ‘کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی’ـەوە دەبێت. بە شێوەیەکی میتافۆرییانە، ئامێری دەوڵەتی بۆرژواز وەک لە نەریتی لینینزم ‘داگیر’ و پاشان ‘تێک ناشکێنرێت’، بەڵکوو بەشبەش لە ئاستی خۆجێیدا ڕێک دەخرێت.

بەپێی ئەم پارادایمە، پەکەکە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسی پشت بە کۆمەڵگە دەبەستێت، ئەویش بە پێودانگی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی. فەرماندەیی خۆپاراستنیش لە ڕێی خۆپاراستنی کۆمەڵایەتییەوە بە کۆمەڵگە دەسپێرێت.

 

وەک ئەنجام:

ئەگەر شۆڕش وەک ڕووداوێکی خۆڕسک نەبینین، بەڵکوو وەک گۆڕانێک لە بیرکردنەوە و بارودۆخی ماددیی، کە لەلایەن هێزێکی هۆشیار و ڕێکخراو لە هەموو هەلومەرجێکدا دێتە دی، ئەوا هەموو کۆمەڵگەکان، هەموو گرووپە چەوساوەکان، بە تایبەت ژنان، گەنجان و کرێکاران، پێویستیان بە ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕە. ئەوان پێویستیان بە گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەیە. ئەوان پێویستیان بە ڕزگارییە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...