لە سیستەمی جیهانییەوە بەرەو شارستانیی دیموکراتی
کارەکانتان لەسەر مۆدێرنیتەی دیموکراتی، نەتەوەی دیموکراتی و شارستانیی دیمۆکراتی، زۆر لەوە زیاتری تێ پەڕاندووە، واوەتر لەوەی ئێمە دەرمان بڕیوە.

باری. ک. گیلس
لە ئینگلیزییەوە: نەسرين عەباس
دەمەوێت سەرەتا بەوە دەست پێ بکەم کە جۆرێک لە هەستی هاوئاهەنگیی و بیرکردنەوە لە نێوان بیروبۆچوونەکانی خۆم و هاوڕێم ئەندریە گوندەر فرانک دەبینم، فرانک چواردە ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد. ئەو بیروبۆچوونانەی بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام و قووڵبوونەوەی بابەتەکانم، بەڵام لە ماوەی تەمەنیدا ئەویش وەک من لە دڵەوە خوازیاری دیدار و گفتوگۆ بوو لەگەڵتان سەبارەت بە هەندێك بیرۆکە. ئەو، هەر وەک من، لە ناخەوە گەشکەی خۆشی گرتی کاتێک زانیمان بابەتەکانی ئێمەتان لەسەر سیستەمی جیهانیی ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، بە سەراپای ڕەوتە مێژووییەکەی، دووبارەبوونەوەی و قەیرانەکانی، خوێندووهتەوە. لێرە و لە غیابی ئەودا، هەوڵ دەدەم بە ڕۆحێكی گفتوگۆئامێزەوە لێکچوونی شیکاریی و بۆچوونەکانمان لەسەر سیستەمی جیهانی بۆ ئێوە بگوازمەوە.
دەزانم لەو بیرکردنەوەیەدا هاوبەشمانی کە چەمکی ناوەندئەورووپا (یۆرۆسەنتریک) بۆ پەرەسەندن و مێژووی جیهان ڕەت دەکەیتەوە، تۆ خۆت خاوەنی تێڕوانینێکی ئەڵتەرناتیڤی ئەو تێگەیشتنانەی لەسەر “ناوەندمرۆڤ”. دەشزانم حەزت له تێڕوانینێکی نوێ و شیکاریی مێژووییه بە مەبەستی هێنانەناوەوەی جۆرێکی نوێی قووڵبوونەوە سەبارەت بە ئازادیی مرۆڤ. کارەکانتان لەسەر مۆدێرنیتەی دیموکراتی، نەتەوەی دیموکراتی و شارستانیی دیمۆکراتی، زۆر لەوە زیاتری تێ پەڕاندووە، واوەتر لەوەی ئێمە دەرمان بڕیوە. بەڵام لەوە دڵنیام گوندەر فرانک چەشنی من بە پەرۆشەوە پێشوازیی لەم بیر و بۆچوونانە کردووە تا بە فراوانیی گفتوگۆیان لە سەر بکات.
تێڕوانینی هاوبەشمان لەوەدایە کە تێگەیشتنی پۆست ناوەندئەورووپا ئهو ددانپێدانانه له خۆی دهگرێت کە “هەڵکشانی ڕۆژئاوا” بەرەو باڵادەستیی جیهانی، زۆر “درەنگ” لە مێژووی سیستەمی جیهانیدا ڕووی دا. ئەو هەژموونەشی تەنها کاتییە. تۆش هەر وەک ئێمە لە هەوڵی چەسپاندنی وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵدایت بۆ بونیادنانی جیهانێکی دادوەرانە و دیموکراسییەکی ڕیشەیی، بەڵام جیاوازییان تەنها ئەوەیە ئەوەی ئێوە زۆر دوورتر سنووری کارەکانی ئێمەی تێ پەڕاندووە لە ڕووی قووڵی و ئیلهامبەخشییەوە سەبارەت بە گۆشەنیگای نوێی دەربڕین و شیکاریی شێوە نوێیەکانی پراتیکی ڕادیکاڵ لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و ژینگەیی کە کۆمەڵگەیەکی نوێ لە پێناوی ئازادیی مرۆڤ و هاوئاهەنگ لەگەڵ ژینگەدا پێک دێنێت.
زۆربەی ئەو کارانەی فرانک کە دەشێت لە هەندێکیان بێئاگا بیت، شیکارییە لەسەر “قەیرانی گەردوونیی کەڵەکەبوونی سەرمایە” لە ڕوانگەی مێژوویی و هاوچەرخەوە. ئەو هزرەکانی هاوتەریب و بە دیالۆگ لەگەڵ ئەوانی دیکە، بە بەشداری سەمیر ئەمینی هاوڕێی (کە ساڵی ١٩٦٨ لە پاریس چاوی پێی کەوت) پەرە پێ دا. هەروەها جیۆڤانی ئهریگی (کە بۆ یەکەم جار دیدی “سیستەمی جیهانی”ـی بە فرانک ناساند)، پاشانیش ئیمانوێل والێرشتاین لە ساڵانی ١٩٧٠ـکانی سەدەی ڕابوردوودا لەگەڵ فرانک پەرەیان بە شیکاریی بەناوبانگ بە “تیۆری سیستەمی جیهانیی”ـدا. لە زۆر لایەنەوە ئەوە کارێکی بەرجەستە بوو بۆ ڕەخنەگرتن لە داگیرکەر و ڕاستییەکانی دوای سەربەخۆیی. ئەو کارە لە دیدی فرانکەوە بوو بە هۆکاری دەرکەوتنی تیۆریی “پاشکۆیەتیی” و بانگەوازی بۆ دابڕانێکی ڕیشەیی لە پێشکەوتنی سەرمایەداریی نیشتمانی لە ڕێی شۆڕشێکی سۆسیالیستییەوە.
فرانک لە ساڵی ١٩٧٤ مەزەندەی دەکرد کە وەڵامی جیهانی سێیەم بۆ قەیرانی جیهانیی بە پێودانگی زیادکردنی هەناردە بێ بۆ بازاڕەکانی جیهان؛ ئەو تێپەڕینەش بۆ گەشەکردنی هەناردە لە سایەی ڕژێمه باڵادەستە نیشتمانییەکاندا ڕێک دەخرێت (وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمەریکای لاتین هەیە). لە کاتێکدا بە شێوەیەکی حەتمیی دەبێتە هۆی قەرزباریی زەبەلاح –واتە قەیرانی قەرز– و “پشتبەستنی زۆرەملێی بە دەرەوە زیادی کرد.”
فرانک دەستی بە شیکاریی مەیلەکان بۆ جیهانگیری کرد، لە نێویاندا جێگۆڕکێی سەرمایەگوزاریی وەبەرهێنان بۆ خەمڵێنراوی دارایی و چۆنێتیی کاریگەرییهكهی لەسەر تێکدانی هاوسەنگیی سیستەمی ئابووریی جیهان لە نێوان هەرێم و وڵاتەکاندا. بەپێی بۆچوونەکانی فرانک، زیادکردنی بازاڕکردن و تایبەتکردن بۆ تێپەڕاندنی قەیران دهبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاریی و نایەکسانیی و لەبەریەکهەڵوەشان، ئەوەش دەبێتە هۆی فشارێکی گەورە لەسەر کولتووری سیاسەتی دیمۆکراتی و بەرزبوونەوەیەکی تیژی هەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازهكان و هەم کۆنەپەرستەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی پەککەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و نائامادەیی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ڕیشەیی درووستیان كردووه.
کارەکەی فرانک لەسەر قەیران، شانبهشانی کۆی کارەکانی ئێمە لەسەر تیۆری سیستەمی جیهانی، سەردەکێشێت بۆ دیدی پۆست–ناسیۆنالیست (دوای نەتەوەگەرێتی) لەسەر شێوازی پەرەسەندنی جیهان. لەو باوەڕەدام ئێوەش هاوڕای ئەو دیدەن.
دەشزانم ئێوە کاری هاوبەشی ئێمەتان سەبارەت بە “سیستەمی جیهانیی؛ پێنجسەد ساڵ یان پێنجهەزار؟” خوێندووهتەوە، ئەم کارە باسی قۆناغە دوورودرێژەکانی خولی پەرەسەندنی سیستەمی جیهانیی دەکات کە نەک بۆ چەند سەدەیەک، بەڵکوو بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە. كارهکە چەند چەمکێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لە نێویاندا، ڕیشەی سیستەمی جیهانیی ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، ناوەندێتیی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە سیستەمی جیهانیدا، هەرچی مێژووی ٥٠٠ ساڵەی دواییە، سووڕی A/Bی سیستەمی جیهانە؛ شێوازی هەژموونی/کێبڕکێ لە سیستەمی جیهانیدا؛ ناوەند–کەنار/پێکهاتەی هەرێمە دوورکەنارەکان لە سیستەمی جیهانیدا، “ململانێی ئابووری/سیاسەت” لە سیستەمی جیهانیدا، سووڕی “قەیرانی سیستەمی جیهانی”. ناتوانم لێرەدا هەموو چەمکەکان ڕوون بکەمەوە، بەڵام هیوادارام ڕۆژێک لە ڕۆژان بگەینە یەک و بە وردیی گفتوگۆیان لە سەر بکەین.
ئەو کارەمان سەری کێشا بۆ دابڕانێکی ڕیشەیی نەک تەنیا لە دیدی والێرشتاین بۆ ڕیشەی ئەورووپای سیستەمی جیهانی و (سەرمایەداریی)، بەڵکوو تەنانەت بۆ ڕێکكەوتنە مێژووناسییە مارکسیستییهكان. بۆ نموونە، “ڕێگهکانی بەرهەمهێنان” و “گواستنەوەکان” لە نێوانیاندا. لە دیدی ئێمەوە بۆ سیستەمی جیهانیی، کە لەو باوەڕەدام ئێوەش بە زۆر ڕێگه نیشانتان داوە و بەشدارن، دەبینین “زۆر شێوازی گەورە لە مێژووی جیهاندا دەردەکەوێت کە یان تێ دەپەڕێنرێت یان درێژە دەکێشێت، وێڕای گۆڕینی ئاشکرا لە چۆنێتیی بەرهەمهێناندا.”
لەو کارەی لەم ماوەیهی دواییدا کردم، پەرەم بە شیکارییەک دا لەسەر پەیوەندیی مێژوویی نێوان سەرمایە و “ئۆیکۆس – oikos” (ئۆیكۆس وشەیەکی کۆنی یۆنانییە و ئاماژە بۆ سێ چەمکی پەیوەندیدار بە یەک و جیاواز لە یەک دەکات – خێزان، موڵکییەتی خێزان و خانوو) و بهراوردههڵنهگرییه ئۆنتۆلۆجییهكهیان لە مێژوودا. لەو دیدەوە سەرمایە و ئۆیکۆس ناتوانن لە هەمان ڕووبەڕووی هەرێمی و کۆمەڵایەتیدا پێکەوە هەڵبکەن. لەبەر ئەوەی بوونی سەرمایە و زیادبوونەکەی پێویستی بە ڕووخاندنی ئۆیکۆس هەیە، بۆ خوڵقاندنی جۆرە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤ، نامرۆڤ، سەرچاوە سرووشتییەکانی زهوی کە زیادەبەرهەم بۆ سەرمایە دابین دەکات (ئەو هێڵی شیکارییە بۆ یەکەم جار لە مانفیستۆی کۆمۆنیستدا و پاشانیش لە لایەن ڕۆزا لۆکسەمبورگەوە پەرەی پێ درا). بەو پێیە، لە واتایەکی قووڵی مێژووییدا، ئەرکەکەمان بۆ بونیادنانەوەی ئۆیکۆسە لە کۆمەڵگەی پۆست–کاپیتالیست (دوای سەرمایەداریی)ـدا. کتێبەکانت و شۆڕشی ڕۆژئاڤا کاری سەرنجڕاکێشن بۆ بهدیهێنانی ئهمه لە ڕووی کردەییەوە.
لە کتێبی پێش كۆتایی فرانک؛ ڕیئۆرێنت: ئابووری جیهانی لە چاخی ئاسیادا (١٩٩٨) و ئەو كتێبەشی دوای کۆچی دوایی بڵاو کرایەوە؛ سەرلەنوێ ڕۆژهەڵات: سەدەی نۆزدە (٢٠١٤)، جارێکی تر بە پێچەوانەی باڵادەستی ئیمپریالیزم و گوشارەکەی، ئاڵینگاریی تیۆریی وەرگیراوی سەر “هەڵکشانی ڕۆژئاوا” و ڕۆڵی زاڵپەرستانەی لە ڕێی بازاڕ و بازرگانیی “ئازاد”ـهوه دەکات. لە دوایین شیکاریدا، دیدەکەمان پێداگریی لهوه دەکات کە کۆی سیستەمی جیهان چوارچێوەیەکی کاری و پراکتیکیی هەیە و ناتوانێت لێی دەرباز ببێت، لە هەمان کاتدا پەرەسەندنی جیهانی لە هەموو جێیەک وەک یەک نییە.
گۆڕانکاری لە بەرژەوەندییە ڕکابهره (كاتییهكاندا) (كه هەموو کاتێک لە ڕێگهی ئامرازه ناسهپێنهرهكانی “بازاڕ”ـهوه بەدی نەهاتووە) و ئامادەبوون یان ئامادەنەبوونی “دەسەڵاتی هەژموون” لە ڕووی مێژووییەوە شێوازی تایبەتمەندبوونە و هێشتا لە پێشخستنی درێژمەودای سیستەمی جیهاندا زاڵن.
لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی نەتەوەپەرەستی، دەستوەردانی ئیمپریالی و تیرۆری دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تۆ و خەڵکی بوێری ڕۆژئاڤا نموونەی پارادایمی نوێ دادەمەزرێنن و خۆ لە دیموکراسیی ڕادیکاڵ، ئازادیی ژن و خۆبهڕێکخستنکردنی ئۆتۆنۆمییانەدا بەرجەستە دەکات، ئەویش بە ئاواتی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ لەسەر بنەمای ئابووریی ئێکۆسۆسیالیست.
لە کاتێکدا لە ئەنجامی چەندین سەدە لە ئیمپریالیزم و ئەم چەند دەیەی دوایی نیۆلیبراڵیزم و کاولکاریی ژینگەیی، کەشوهەوا بە خێراییەکی زۆر دەگۆڕێت و قەیرانەکان قووڵتر دەبنەوە، تێکۆشانت لە پێناوی ئازادی و ئاشتیدا وەک تیکۆشانی خۆمانی دەبینین. نموونەکەی تۆ مەشخەڵێکە بۆ ئەو ملیۆنان شوێنکەوتوانەت و ئەوانەی هێشتا پێیان نەگوتراوە. سوپاس برا، سوپاس بۆ ئێوە.
باری. ک. گیلس
مامۆستای بەشی توێژینەوەی گەشەپێدان لە فاکهڵتیی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی هەلسەنکی، فینلەندا. ساڵی ١٩٨٩ لەگەڵ دیڤید ویلکنسن، گرووپی تیۆریی سیستەمە مێژووییەکانی جیهانی لە کۆمەڵەی توێژینەوەی نێونەتەوەیی دامەزراند. مامۆستای کۆچکردوو، ئەندریە گویندەر فرانک، لە نێو ئەو گرووپەدا بوو وا لەگەڵ گیلس کتێبی شیکارییەکانی سیستەمی جیهانیی پێنجهەزار ساڵهیان نووسی. پرۆفیسۆر گیلس نووسەر و سەرنووسەری گۆڤاری جیهانگیرییەکان و هاوڕێی ئاکادیمیای هونەر و زانستی جیهانیی بوو. لەسەر لێکۆڵینەوەکانی دەرهەق جیهانگیریی، ساڵی ٢٠١٩ خەڵاتی James N. Rosenauـی کۆمەڵەی خوێندنی توێژینەوەی نێونەتەوەیی پێ بەخشرا.
سەرچاوەکان:
1 – Andre Gunder Frank and Barry K. Gills, eds., The World System: Five Hundred Years or Five Thousand? (London: Routledge, 1993).
2– Andre Gunder Frank, ReOrient: Global Economy in the Asian Age (Berkeley: University of California Press, 1998); Andre Gunder Frank, ReOrienting the 19th Century: Global Economy in the Continuing Asian Age (London: Routledge, 2013).
* ئەم بابەتە لە کتێبی بونیادنانی ژیانی ئازاد “گفتووگۆ لەگەڵ ئۆجالان” بڵاو بووەتەوە.