گۆشەی ئازد

پرۆلیتاریا

زۆرێک لەو گەنج و ڕۆشنبیرانەی بوونەتە قوربانیی ئەم سیاسەتەی بەرژەوەندییەکانی تورک، ناتوانن بەدەر لە تورکبوون بیر لە مۆدێرنبوون بکەنەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجالان

لە کرمانجییەوە؛ سوورێن ئیبراهیم

لەگەڵ پێشکەوتنی کاپیتاڵیزمی تورک، پرۆلیتاریای کوردیش لە کوردستان تانوپۆی کوتا، پرۆلیتاریای کورد لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی لەگەڵ بۆرژوازیی کورد پێش نەکەوت، ئەمە پتر لە کارگە (بازرگانییەکان)ـی دەوڵەتی تورک لە کوردستان هەڵدەڕەنگا. لە هەلومەرجی کاپیتالیزمی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا گەشەی سەند نەک هەلومەرجی کاپیتاڵیزمی کوردیی. سا لەبەر ئەمە پرۆلیتاریای کوردیی هەم پێش بۆرژوازیی کوردیی ڕەنگڕێژ بوو، هەمیش ژمارە و کاکڵەکەی فرەترە.

سەبارەت بە کاپیتاڵیزمی تورکیی، کاتێک لە کوردستان مژاری کشتوکاڵ لە سەرمایەداریی هەڵژەنرا، پرۆلیتاریش بەم پێودانگە تەشەنەی سەند، لە کشتوکاڵدا بەکارهێنانی ئامێرەکان بووە هۆی ئەوەی هێزی کار تا ئاستێکی هەڵکشاو ئازاد بێت، ئەو کارگانەی دەوڵەت وا دەیانتوانی بەشێکی بچووکی هێزی دەستی کاری ئازادبوو بەکار بهێنن، نەیاندەتوانی ئەو هێزی کارەی وا ماوەتەوە وەگەڕ بخەن، جا لەبەر ئەوەی هیچ کاتێك ئەو دەرفەتە نەساچاوە تا سەرمایەداریی لە گۆڕەپانی پیشەسازییدا پێش بکەوێت، بۆیە لێشاوێکی بێبنی بێکاریی لێ کەوتووەتەوە.

هێز و پێزی کاری ئازاد لە کوردستان وەک بەرەنجامێکی سرووشتیی سیستمی داگیرکەری دەرەبەگایەتیی-کۆمپرادۆر، گەنجینەیەکی هەرزانی دەستی کار دەبەخشێتە گەورەشارانی سەرمایەداریی بیانیی، بە ملیۆنان کرێکار لە وەرزەکاندا دەچنە تورکیا و لەوێ کاری هەرەگران و خراپی سەمایەداریی بە کرێی کەم ئارەقەیان پێ دەڕێژێت. پایەیەکی سەرمایەداریی تورکیی لە سەر دەوڵەمەندیی ژێرزەوی و سەرزەوی کوردستان پاوەجی بووە، پایەیەکی تریشی لە سەر ڕەنجی کوردستان.

ئەو ڕەنجدەرانەی کوردستان وا هەرگیز تەڵەزگەکانی وەک بێپەروەردەیی و هەلومەرجی خراپی تەندرووستییان بۆ چارە ناکرێت، لە وێنەی ئەو باڵاخانانەی وا لێی دەحەوێنەوە و هتد…  ناتوانن سەرپاک خۆیان لە گوند دابڕێنن. کاتێک لە شار کارێکی دەمدرێژ نابیننەوە، گەڕانەوە و جووتیاریی گوندی لێ بترازێ، چارەیەکی تریان بۆ نامێنێتەوە. بێکاریی دەبێتە هۆی ئەوەی چەتەگەریی بە شێوەیەکی باڵکێش پەلوپۆ بکوتێت؛ ئەمەش چاوگەی داوەشان و بێئەخلاقییە. ئەو کەسانەی کەڵکەڵەی توندوتیژییان هەیە، لە بری ئەوەی پەروەردە بکرێن و لە ڕیزەکانی شۆڕشدا بجەنگێن، دەکرێت بە شێوەیەکی زۆر هەرزان بکڕدرێن و بۆ دژەشۆڕش ببنە دەسکەلا و دەستکێش. جا ئەمڕۆش لە لایەن بزووتنەوە کۆنەپەرەست و سۆسیال فاشیست و ڕەگەزپەرەستەکانەوە بە تایبەتیی، لە ئاستێکی بەربڵاودا بەکار دەهێنرێن.

کرێکاری کورد زۆرترین زیان لە داگیرکەریی تورکی دەستکێشی ئیمپریالیزم و نۆکەرەکانی دەبینێت، کە بریتین لە پەرگاڵی دەرەبەگایەتیی-کۆمپرادۆر. ئەو کرێکارەی لەگەڵ ژیانی کۆچبەریی ڕاهێنراوە و ڕێزەڵەیەک گەرەنتیی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی بۆ بانەڕۆژ نییە، ئەو چینەیە وا زۆرترین قازانج لە شۆڕش بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی کوردستان دەکات. پێشخستن و چڕکردنەوەی هێز و توانای بەرهەمهێنان بەپێی ئاسۆی سەربەخۆیی سیاسیی نیشتمان، تاکەڕێی ڕزگاریی سەرپاکی ڕەنجدەرانی کوردستانە. خۆئامادەکردن بۆ کۆچ و فرۆشتنی ڕەنج لە هەلومەرجێکی زۆر دژواردا، ئەویش بە نرخێکی هەرزان و لە وڵاتانی هەرە دوور، ڕادەستکردنی نیشتمان بە ویژدانی سەرمایەداریی بێگانە و نۆکەرە دەرەبەگە کۆمپرادۆرەکانیان، چارەسەر نییە؛ بەڵکوو شاتاوانی هاوچەرخی مرۆڤایەتییشە.

لەگەڵ ئەو هەلومەرجە تۆقێنەرەی کرێکاری کوردی تێدایە، بەڵام چینی هەرە شۆڕشگێڕی کوردستانن، لە بیری ماڵ و ساماندا نین، ڕاپسکان لە چەپۆکی خێڵ و دەرەبەگ، کردنی بە چینێک، کە تا دێت پانوپۆڕ دەبێت و لە هەمووان پتر سوود لە سەربەخۆیی و دیموکراتیی نیشتمان دەبینن. ئەم تایبەتمەندییەش وا دەکات سەر بکەون.

پرۆلیتاریا نەیتوانیوە بە واتا سۆبێکتیڤەکەی خۆی ببێتە چینێک، واتە ببێتە چینێکی ڕۆشنبیر و ڕێکخراو. وەک هەلومەرجی گوندەکان دەژێت، بەهۆی شێوەی پەیوەندییە کۆنەکانی لەگەڵ خێڵ و دەرەبەگ، بووە بە پاشکۆی چینی دەرەبەگ – کۆمپرادۆر. جا بە دەساوێژی ئەوان لە نێوان پارتە هەمەچەشنە داگیرکەرەکاندا دابەش بووە.

ئەو بزووتنەوە کرێکارییەی ئەمڕۆ بەپێی تێکۆشانێکی تیۆریی و ژینگەپارێزیی و سیاسیی وا لە گۆڕەپانەکە، بەبێ ڕاماڵێنی ئەو بزووتنەوە سۆشیال شۆڤێنیی و ڕیفۆرمیست و لیبراڵە (سازشکار)ـانەی دژایەتیی سۆشیالیزمی زانستیی دەکەن و ئاڵای نۆژەنگەرایی (revisionism) هەڵدەبڕن، لە بنەوەڕا نوێنەرایەتیی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەپەرەستیی نەتەوەی بندەست دەکات و ڕایەی ناکەوێت ببێتە پارتێکی تۆکمە، بەبێ پێشەنگێتیی ئایدۆلۆژیی و سیاسەتی پرۆلیتاریا، یەکێتیی کرێکار-جووتیار ناڕسکێت. ئەمڕۆ بۆ ئەوەی ڕێکخستن لە بازنەیەکی بچووکەوە بۆ بازنەیەکی فرە هەراو هەڵکشێنرێت، ئەرک و کردەی هەرەبنەڕەتیی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ لە نێو تێکۆشانی چالاکی دژ بە ستەمکاریی و پەرگاڵی دەرەبەگ-کۆمپرادۆردا، تێگەیشتنە لە خەباتی تیۆریی و ئایدۆلۆژیی و ئابووریی و چالاکیی لە نێو پارتێکدا، هەروەتر خەباتە بە پێودانگی ئەم تێکۆشانە.

ڕۆشنبیر و لاوان

ئەمڕۆ لە کوردستان چینێکی مۆدێڕنی ڕۆشنبیر و لاوان تا دێت کاریگەر دەبێت. هەوڵ دەدرێت پەیوەندییە نەتەوەیی چینایەتییەکانی ئەم چینە بە پێودانگی ئەو هەژموونگەرییە تورکییە ڕێک بخرێت وا لەم ساڵانەی دواییدا بەگوڕ هەڵدەکشێت. سا بۆیە پاشکۆ و لەرزۆک دەنوێنن. بۆرژوای تورک بۆ تواندنەوەی نەتەوەیی و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندییە چینایەتییەکان، پاکتاوێکی ڕیشاژۆیان لەسەر بەڕێوە دەبات. جا لەبەر ئەوە کارکردن لەو دامەزراوە ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و چاندیی و سیاسییانەی وا پەنجەمۆری تورکیان لەسەرە، تێگەیشتن و ملکەچیی بۆ زمان و کەلتووری تورکیی وەک پێویستییەک دادەسەپێنێت. ئەو کەسانەی ناتوانن چاندێکی بەم ڕەنگە دەرخواردی کەسایەتیی خۆیان بدەن، ناتوانن لە گۆڕەپانی ئابووریی و کۆمەڵایەتییدا سەر بکەون. زۆرێک لەو گەنج و ڕۆشنبیرانەی بوونەتە قوربانیی ئەم سیاسەتەی بەرژەوەندییەکانی تورک، ناتوانن بەدەر لە تورکبوون بیر لە مۆدێرنبوون بکەنەوە.

لەبەر ئەوەی ناتوانن ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بەدەست بهێنن، ناشتوانن خۆیان لە خزمەتکاریی نەتەوەی سەردەست دەرباز بکەن. پەیوەندییە چینایەتییەکانی ئەم گەنج و ڕۆشنبیرانە لە نێوان ئەم جووتە نەتەوەیەدا کەرتوپەرت بووە، جا بۆیە تایبەتمەندییەکی پێچەڵپێچی هەیە. چینی سەردەستی کوردیی پەیوەندییەکی تۆکمەی پانوپۆڕی لەگەڵ چینی سەردەستی تورکیی هەڵبەستووە و تەنێ لە سۆنگەی تایبەتمەندیی خزمەتکارییەوە لەوان جیا دەبێتەوە. ئەم چینە باندۆرێکی باڵکێش دەخاتە سەر ئەو گەنج و ڕۆشنبیرانەی وا ئەوانیان کردووە بە سەرمەشقی خۆیان. ئەوانەی نەزانن سەر بە کام نەتەوەن، ئەوا ناشزانن سەر بە چینی سەردەستی کام نەتەوەن. زۆرترین ڕۆحی خزمەتکاریی و کرێگرتەیی لە نێو ڕۆشنبیر و گەنجاندا بەدەزگا بووە.

ئەو تویژە لاو و ڕۆشنبیرەی لە چینی ناویین و هەژارانەوە دێن، دەتوانن بە شێوەیەکی بابەتییانە ڕەوشی خۆیان ببینن. ئەمانە تێدەگەن چەپۆکی دەربەگایەتیی – کۆمپرادۆری داگیرکەر شاکۆسپی سەرەڕێی پێشکەوتنی وڵات و گەل و خۆشیانن. دەبینێت ڕێی ‘ڕزگاریی’ لە نێو نەتەوەی سەردەستدا تا دێت بەرتەسک دەبێتەوە. کاتی ڕزگاریی هاتووە  تا بۆ گەل و وڵاتی خۆی بگەڕێتەوە و بەم پێیە هەڵوێستەکانی دەگۆڕێن. ئەم هەڵوێستگۆڕکێیەی نێو ئەم چینە وڵاتپارێزیی پێش دەخات.

لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا مەعریفە لە دەرەوە بۆ گەل و چین و توێژەکان هاوردە کراوە. هەندێک هەن لە بەرهەمهێنان دابڕاون و خەریکن تیۆریی پێش دەخەن، جا لە دەرەوە ناچار دەکرێن تا ئەمە بکەنە موڵکی گەل و چین و توێژەکان. ئیتر ئەمە بۆ چینەکان پێشکەوتن بێنێت یان پاشکەوتن، ڕاستینەی هەموو چینەکانە. ئەو گەل و چینانەی ناتوانن ‘کۆمەڵە’ـی هۆشیار و ڕێکخستن پێکەوە بنێن، ناتوانن خۆیان بۆ ئاسۆی ئامانجە ئابووریی و سیاسییەکانیان هەڵبکشێنن. بەبێ ڕێکخستنی ‘کۆمەڵ’ـێکی هۆشیار و ڕێکخراو لەو گەلە کۆڵۆنیکراوەی سەدان ساڵە لە هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیی چەقبەستوودا چاش ماوە، تێکۆشانی دژی ئیمپریالیزم و داگیرکەریی گەشە ناسەنێت و سەر ناکەوێت. تا پێشەنگێتیی ‘کۆمەڵێک’ـی هۆشیار و ڕێکخراوی بزووتنەوەی گەنجان و ڕۆشبیر وڵاتپارێزی گەلانی کۆڵۆنیکراو پێش نەخرێت، بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەییش پێش ناکەوێت. لەبەر ئەوەی هەمیشە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خێڵ – دەرەبەگ لە ژێر بە چەپۆکی دەسەڵاتی بێگانەدا خۆی داکوتاوە، نەبوونی بزووتنەوەی هۆشیاری ڕۆشنبیر – لاوانی وڵاتپارێز لە نێو بزووتنەوە سەربەخۆخوازەکەی ئێمەدا، کەموکورتییەکی گەورەیە.

سا بۆیە لەم  ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێکی ڕۆشنبیر و لاوانی مۆدێرن لە نێو پێکهاتەی کۆمەڵایەتییماندا دەرکەوتووە و ئەم کەموکورتییە چارە کراوە؛ گەرەکە دژی داگیرکەریی و بە تایبەت لە قۆناغی سەرەتای تێکۆشاندا، کردوکۆشی ئەو ‘کۆمەڵە’ـی چاوی کراوەتەوە، ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت، بزووتنەوەی ڕۆشنبیر و لاوانی وڵاتپارێز بە پێشەنگێتیی ئەم ‘کۆمەڵ’ـە دەستی پێ کردووە. پاش ئەم ئەنجامانە، هۆگرییەکی زۆر لە نێوان ڕۆشنبیران – گەنجاندا بۆ گرنگیی سۆسیالیزمی زانستیی و باوەڕی تەواو بە گوتەی ”تەنیا لە سۆنگەی سۆسیالیزمی زانستییەوە وڵات سەربەخۆ و دیموکرات دەبێت” ڕۆڵی لە سەرەولێژبوونەوەی ئەو نەتەوەپەرەستییە بۆرژوازییەی وا ساڵگارێک بوو کاتی تەواو بووبوو، گێڕا.

بزووتنەوەی ڕۆشنبیر و وڵاتپارێز، بەبێ ڕاماڵینی بیر و هەڵوێستە شۆڤێنیزم و سۆشیال – شۆڤێنیی و ڕیفۆرمیست و هتد… کە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە نێو گەنجادا بڵاو بوونەتەوە، بەبێ هەڵوەشاندنەوەی نکۆڵیی نەتەوەیی، ناتوانێت ڕێکخستنی شۆڕشگێڕیی دابمەزرێنێت و بەهێزی بکات و کەمی کادر لە نێو تێکۆشانی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستاندا چارە بکات. بزووتنەوەی ڕۆشنبیر -گەنجانی وڵاتپارێز تا داهاتوویەکی دوور لە نێو تێكۆشانی ڕزگاریی نەتەوەییدا ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت.

 

سەرچاوە: https://pajk.org/proletarya/

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...