فەلسەفاندن لە دارستانى ڕەشدا-دەربارەى هایدێگەر و نازیزم
دواى كەمێك وردبوونەوە و ڕامان لەو بێدەنگییەدا، دواى وێنەگرتنى ناوچەكە و ڕوانین لە دیمەنەكانى دەوروبەر، ئەو پرسیارەى لە خۆمم كرد پرسیارێكى ماقوڵ نەبوو، بەڵام لە "جێى خۆیدا" بوو: "تۆ بڵێیى ستایشى هایدێگەر بۆ ژیانى گوند هیچ پەیوەندییەكى بە ڕوانگەیەكى فاشیستییەوە هەبێت؟".

هاوار محەمەد
كوخێك لە فەرامۆشیدا
هەفتەى پێشوو گەشتێكى چەند ڕۆژەم بە باشوورى ئەڵمانیادا كرد و بە تایبەتیش لە شارى فرایبۆرگ مامەوە، هەمان ئەو شارەى مارتین هایدێگەر لێی خوێندووە و لێى مامۆستا بووە. ڕۆژێكى گەشتەكەم تەرخانكردن بۆ سەردانكردنى كوخەكەى هایدێگەر لە “دارستانى ڕەش”، كە بیست و پێنج كیلۆمەترێك لەولاى شارەكەوە هەڵكەوتووە.
كوخەكە هیچ گرنگییەكى ئەوتۆى بۆ سەردانكەران پێنەدراوە، لە هەموو لایەكییەوە، دەرگا و پەنجەرەكانى كڵۆمدراون، هیچ نووسراوێكى لەسەر نییە كە ئاماژە بێت بۆ ئەوەى كە ئەوێ ڕۆژێك لە ڕۆژان شوێنى ژیان و بیركردنەوەى یەكێك لە گەورەترین عەقڵەكانى سەدەى بیست بووە. كوخەكە لەسەر تەپۆڵكەیەكە كە لە ڕێگاكەى خوارەوە وا بە “ڕێگاى مارتین هایدێگەر” ناسراوە، هیچ پیادەڕەوێكى نییە و دەبێت مرۆڤ لە گوندى “تۆدناوبێرگ”ـەوە، كە لە دامێنى گردەكەدا درێژبۆتەوە، بەنێو وەرد و گژوگیادا بۆ لاى سەركەوێت. لە لاى چەپى كوخەكەوە، ئەو بیرى ئاوە و حەوزەكەى بەردەمى، كە هایدێگەر بە سەتڵ ئاوى لێ دەردێنێت، هەر وەك خۆیانن. بیرەكە هێشتا تیلماسكێك ئاوى پێدادێت و تا بڵێى سارد و سازگارە. لە بەرزاییەكانى ئەوبەرەوە “دارستانى ڕەش” بە چڕوپڕى درێژبوونەتەوە و دیمەنێكى سروشتیى ئێجگار جوانى هەیە، لەو دەروبەرەشدا دوور و نزیك چەند گاگەل دەبینرێن و دەنگى زەنگۆڵەیان دەگاتە گوێ. لە خوارەوەى “ڕێگاى مارتن هایدێگەر” كانیاوێك لەنێوان درەخت و سەوزاییەكى بەرزییەكەوە دێتە خوارێ و بە ئەگەرى زۆر دەڕوات تێكەڵ بەو كانیاوانەى دیكە دەبێت كە هەر لە نزیك ئەو ناوچەیە، كەمێك لەوبەرى گوندەكەوە، ڕەنگە مەوداى دوو بۆ سێ كیلۆمەتر دوور لە كوخەكە، تاڤگەى Schwartzwald Line پێكدێنن، كە دیمەنێكى بێ ئەندازە قەشەنگى هەیە و هیچ گومانم نییە لەوەى هایدێگەر چەندینجار “پێى خستۆتە نێو ئاوەكانیانەوە، كە كەس ناتوانێت دووجار پێیان تێ بخات”.
كاتێك چوومە لاى كوخەكە، دواى ئەوەى لە بیرەكە ئاوم خواردەوە و دەموچاوم شت، كەمێك حەوامەوە و دەستبەجێ”لەوێدا-نەبوون”ى هایدێگەرم بینى بەو پێیەى ئەو “مردوو”ە. هەوڵمدا هەست بە “شوێنەوار”، “جێنیشانە” و “كاریگەرى” هایدێگەر لەوێدا بكەم، بیهێنمە بەرچاوم لە كوێدا وەستاوە، چۆن ڕوانیویەتى، بەكوێدا هاتووە و چووە و چیى بینیووە. دواى كەمێك وردبوونەوە و ڕامان لەو بێدەنگییەدا، دواى وێنەگرتنى ناوچەكە و ڕوانین لە دیمەنەكانى دەوروبەر، ئەو پرسیارەى لە خۆمم كرد پرسیارێكى ماقوڵ نەبوو، بەڵام لە “جێى خۆیدا” بوو: “تۆ بڵێیى ستایشى هایدێگەر بۆ ژیانى گوند هیچ پەیوەندییەكى بە ڕوانگەیەكى فاشیستییەوە هەبێت؟”. ئەم پرسیارە هیچ شتێك پاساوى نادات سێبەرى ئەو پەیوەندییە نەبێت كە هایدێگەر لەگەڵ نازیزم هەیبووە، دەنا ئەو فاشیزمە مێژووییەى لە سەدەى بیستەمدا جیهان ئەزموونى كرد، هەلومەرجى خۆى پتر لە كۆمەڵگە جەماوەرییەكانى نێو شارە گەورەكاندا بینییەوە.
دواتر كەمێك شێوازى پرسیارەكەم دەستكاریى كرد و بەم شێوەیە دامڕشتەوە: ئایا نەتەوەپەرستێك یان نازیستێكى ئەڵمانى “دارستانى ڕەش” چۆن دەبینێت، لە ڕوانگەى ئەودا ئەو دارستانە چییە و چ مانایەكى هەیە؟ پێشتر لە وتارێكمدا بە خێرایى بەراوردێكم لەنێوان تێرمى “دارستان” لە ئەدەبیاتى ئەڵمانى و “سروشتگەرایى ناسۆنالیستى”، لەوانە دارستان، چیا، ڕووبار، خاك و هتد، لە ئەدەبیاتى كوردیدا كردووە. لە وتارى “ئەمریكادۆزیى تێكست؛ هەوڵیك بۆ دەرچوون لە ڕەخنەى نەرێكار”دا كە، نزیكەى دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر بڵاوبۆتەوە، نووسیومە: «دەكرێت ڕەخنەگرێك ئەوە بسەلمێنێت لە شیعرى شێركۆ بێكەسدا سروشتگەراییەكى ناسیۆنالیستى بوونى هەیە، بەڵام كۆمیدیى دەكەوێتەوە گەر ستایشى دارستان لاى فاشیستەكانى ئەڵمانیا بكەین بە پێوەرێك بۆ زاراوەى دارستان لە شیعرى شێركۆدا تاوەكو حوكمى ئەوە بدەین كە شێركۆ فەرهەنگى خۆى لە زمانى فاشیستەكانەوە داڕشتووە». (ماوەیەك لەمەوپێش ڕیكلامێكم بۆ هەمان ئایدیاى نێو وتارەكەى خۆم بینى، گوایە كراوە بە بابەتێك و بەشێوەى سیمینار پێشكەشى گوێگرانى ئەوروپى كراوە).
ئێستا هەمان پرس بەرۆكى گرتمەوە و وا هات بە زەینمدا لە جێیەكى كتێبى “دەربارەى ڕۆح: هایدێگەر و پرسیارەكە”ى ژاك دێریدادا شتێكم دەربارەى دارستان بەرچاو كەوتبوو. كە گەڕامەوە ماڵێ دۆزیمەوە، ئەمجارە هەمان شرۆڤەى دێریدام خوێندەوە، بۆم دەركەوت زۆر مەبەستدار، زیرەكانە و توانجئامێزانە نازیزم و دارستان پێكەوە دەبەستێتەوە (بێگومان ئەمە تاوانى سروشت نییە)؛ بگرە ناوى “دارستانى ڕەش” دەهێنێت كە هایدێگەر لێى دەژیا. دێریدا لە لاپەڕەكانى بەرەو ئاخیریى كتێبەكەیدا دەنووسێت:
«نازیزم لە بیابانەوە پەیدا نەبوو. هەموومان ئەمە دەزانین، بەڵام پێویستە بەردەوام بەیادى بهێنینەوە. تەنانەت ئەگەر نازیزم، دوور لە هەر بیابانێك، لە بێدەنگیى دارستانە ئەوروپییەكاندا وەك قارچك هەڵتۆقیبێت، ئەوا ئەمەى لەژێر سێبەرى درەختە گەورەكاندا كردووە، لە هەناوى كپى و بێدەنگى یان نا-جیاوازیى جەنگەڵەكانیدا، بەڵام لە هەمان زەمیندا. لێرەدا لیستى ناوى ئەو درەختانە ناخەمە ڕوو كە لاى خەڵكانى ئەوروپى درەختى زەبەلاحى دارستانى ڕەشن؛ لە ژماردنى جۆرەكانیشیان دەگەڕێم»[1].
ئەمە وەك ئەوەبوو دێریدا پشتیوانى ژیل دۆلۆز بكات لە ڕەخنەكەیدا لە “بیركردنەوەى درەختى”ـ و لە ستایشەكەیدا بۆ “بیابان” وەك “ڕووتەختى جووڵاو/جووڵان”ـى كۆچەرەكان كە ڕەگوڕیشە لە “زەمین”ێكدا داناكوتن و ستوونیانە قەدیان بۆ “ئاسمان” هەڵناكشێت، بەڵكو گەر لە بیاباندا بن “نەخشە” دەكێشن و گەر لە دارستاندا بن “ڕیزۆماتیك”ـن. یان وەك ئەوەبوو دێریدا بڵێت “دارستان” هەلومەرجى فاشیزمە وەك ڕووبەرى “ڕیشەدارى”، “كپى”، “ڕەسەنخوازى”؛ وەك ڕووبەرى ئەو “ئارامی”ـیەى كە هایدێگەر لە كوخەكەى دارستانى ڕەش بەدوایدا دەگەڕا، ئەو بێدەنگییەى درەختە زەبەلاحەكان دەیسەپێنن. ئەم یاداشتە بەرهەمى ئەو پرسیار و گومانانەیە كە لەو سەردانەى مندا بۆ كوخەكەى هایدێگەر و دارستانى ڕەش، بە زەینمدا هاتن.
فەلسەفە و لادێ:
هایدێگەر لە ساڵى 1933دا وتارێكى كورت بە ناوى دیمەنى داهێنەرانە: بۆچى لە لادێ دەمێنینەوە؟ دەنووسێت و هەر لە سەرەتاى وتارەكەدا بەم جۆرە باسى كوخەكەى دەكات:
«لە لاپاڵى دۆڵێكى بەرزى باشوورى دارستانى ڕەشدا، لە بەرزى 1150م.ــدا كوخێكى چكۆلەى حەوانەوە هەیە. لە بنكەكەیەوە ڕووبەرەكەى شەش بۆ حەوت مەترێك دەبێت. ساپتە نەوییەكەى سێ هۆدەى داپۆشیووە. هۆڵى مەتبەخ، ژوورى نووستن، ژوورێك بۆ توێژینەوە.
لە دامێندا، هەم لە قووڵى دۆڵەكەدا و هەم بە لاپاڵە تەواو لێژەكەى ئەوبەرەوە، كێڵگە و مەزرا بەرفراوانەكان درێژبوونەتەوە كە ماڵەكانى نێویان سەقفى گەورە و دوولا لێژیان هەیە. بە پانتایى لاپاڵەكەدا نەرمەڵان و لەوەڕگەكان بەرز دەبنەوە تاوەكو دەگەن بە دارستانەكە بەخۆى و دارسنەوبەرە پیر و بەرز و تاریكەكانییەوە. لەسەرووى هەموویشیانەوە ئاسمانێكى ساماڵى هاوینە وەستاوە، كە لە پانتاییە درەوشاوەكەیدا جووتە هەڵۆیەك بە دەورى یەكدا دەسووڕێنەوە. ئا ئەمە جیهانى كارى منە»[2].
جیهانى كارێك كە دوورەدەستە، دوورەپەرێزە، بەڵام فەیلەسوفەكە تێیدا تەنها نییە. هایدێگەر لە وتارەكەیدا هەردوو چەمكى تەنهابوون Alleinsein و دوورەپەرێزى Einsamkeit لێك جیا دەكاتەوە؛ لایوایە لە شارەكاندا مرۆڤ تەنهایە بەڵام ناتوانێت دوورەپەرێز بێت، بە پێچەوانەوە لە لادێدا دوورەپەرێز Einsamـە بەڵام تەنها نییە[3]. بۆچى هایدێگەر لە كوخەكەیدا تەنها نییە؟ چونكە لەو كپى و بێدەنگییەى گوندەكەیدا، گوێ بۆ “دەنگى بوون” هەڵدەخات. ئەم دەنگەش كاتێك دەبیستێت كە هێندە لە ژاوەژاوى شار و تەكنۆلۆژیا دووركەوتبیتەوە كە چیتر نەگەن بە گوێى. دەنگى بوون وا لە “ڕەسەنایەتى/ئەساڵەت”ى “دازاین”ـە گوندنشینەكاندا كە بیرى “مردن”ـیان هەیە؛ بەڵام بیرى ئەوەش كە “لە خاكى خۆیاندا” ئەسڵزادە بن و لە كاتى خۆیدا خەریكى كار بن. هایدێگەر هەماهەنگییەك لە نێوان كارى فەلسەفاندن و كارى “داچاندن”، لەنێوان فەلسەفە و كولتووردا دەسازێنێت، فەلسەفە دەكات بە دۆستى كولتوور (لە بنەڕەتدا كولتوور بە واتاى كێڵان و داچاندنە)، فەلسەفاندن دەكات بە هاوەڵى جووتیاریى. داچاندن شینبوونێك سروشتیى پەتى نییە، مرۆڤ/دازاین تێیدا ڕۆڵى هەیە، بەڵام لە سروشتیش دانەبڕاوە و بە پاڵیەوەیە، لە تەنیشتییەتى؛ لە كاتێكدا تەكنۆلۆژیا، لە كولتوور دابڕاوە، بووە بە تەكنیك و سروشتیشى كردووە بە ئوبێكتى ڕووت. پەیوەندییسازیى لەنێوان فەلسەفە و گونددا، سەرلەبەر گۆڕینى ڕوانگەى ڕۆژئاواییە بۆ فەلسەفە كە بە دیاردەیەكى پوخت “شاریى” دەزانێت. ئەمەیش ڕەنگە وەك ماركۆزە دەڵێت، دژ بەو كەلەپوورە فەلسەفییە بێت كە هایدێگەر خۆى بە درێژى و بە چڕى شرۆڤەى كردووە.
ئەم هەماهەنگییەى نێوان فەلسەفە و كولتوور، فەلسەفە وەك داچاندن لە نزیك دارستانەكان، پەیوەندیى نێوان خاك و هەوا، زەوى و ئاسمان، لە وتارى Gelassenheit “ئارامى”ـیشدا دەردەكەوێتەوە. لەوێدا هایدێگەر دواى ئەوەى دوو شێوازى بیركردنەوە، “بیرى حیسابدارانە” das rechnende Denken و “بیركردنەوەى هۆشمەندانە” das besinnliche Nachdenken لێك جودا دەكاتەوە، دەنووسێت:
«لەم دۆخەدا دەبێت ئاگامان لەوە بێت كە لە خاكى نیشتمانەوە بەرهەمێكى هونەر نەشونوما دەكات. كاتێك ئێمە بیر لەم واقیعە سادەیە دەكەینەوە، ئەوا دەبێت بەهەمان شێوە بیرمان لاى ئەوەش بێت كە ئەم خاكى شڤابى (خاكى باشوورى ڕۆژهەڵاتى ئەڵمانیا)ـیە، لە سەدەكانى پێشوودا شاعیر و بیرمەندى مەزنى بەرهەم هێناوە. زیاتر بیر لەمە بكەینەوە، یەكسەر ئەمەمان بۆ دەردەكەوێت: ناوەڕاستى ئەڵمانیاش، بە هەمان شێوە ئەو جۆرە خاكەیە، هەر وەك پروسیاى خۆرهەڵات، وڵاتى شلێزییەكان، وڵاتى بوهمێرەكان (تەقریبەن ئەڵمانیاى ئەمڕۆ تاوەكو پۆڵەندا و چیك).
ئێمە دەكەوینە نێو بیركردنەوە و دەپرسین: ئاخۆ ڕیشەداكوتین لە خاكى وڵاتێكیشدا شتێك نییە وەك هەر نەشونومایەكى بەروبوومێكى پوخت؟ جارێكیان یۆهان پیتەر هیبڵ نووسى: “ئێمە ڕووەكین، ئەو ڕووەكەى كە -جا بمانەوێت دانى پێدا بنێین یان نا- دەبێت لە ڕەگوڕیشەكەى نێو خاكەكەیەوە سەر دەربێنێت، تاوەكو بە حەواوە چرۆ بكات و بەر بگرێت”.
شاعیرەكە دەیەوێت بڵێت: لە هەر كوێ كە پێویست بێت بەختیارییەكى ڕاستەقینە و كارێكى بە نەشئەى مرۆڤ بگەشێتەوە، ئەوا دەبێت مرۆڤ بتوانێت لە قووڵایى خاكى نیشتمانەكەیەوە بەرەو حەوا هەڵكشێت. حەوا/ئەثیر Äther لێرەدا بە واتاى هەواى ئازادى ئاسمانى باڵا و بەرین، پانتایى كراوەى ڕۆحەكان»[4].
ئەمەى هایدێگەر وەسفى كردووە پتر دارستانە؛ ئەو درەختانەى كە تەنیا بەو جۆرە دەتوانن بۆ ئاسمان هەڵكشێن، كە بە قووڵى ڕەگیان بە خاكى خۆیاندا بچێتە خوارێ. با بڵێین ئەمە “دارستانى ڕەش”ـە. بەڵام لە دارستانى ڕەشدا تەنیا قارچكى نازیزم نەڕواوە. هەر كەس بچێتە ئەو ناوچانە دەیان بەروبوومى وەك “شیرەمەنى، هەنگوین، ڕۆن، مەشروبات، دیكۆرات، تەختەكارى، گوڵ، خورى، پێستە، دەرمانى گیایى، كارى دەستى و هیتر”ى خەڵكى دارستانەكە و ئاژەڵەكانیان دەبینێت. بەڵام بۆچى هایدێگەر باسى هیچ یەك لەم لایەنانەى گوند و دارستان ناكات و پتر باسى ڕەگ-بەرى درەختەكان دەكات؟
لە تەڵەوە بۆ لانە:
ژیان لە كوخێكى دوورەدەستى نێو دارستانێك، ئاخۆ هاوكات واتاى “داخران بەسەر خۆدا”ش نییە؟ بۆ خوێنەرانى هایدێگەر هەردوو چەمكى “داخران” Erschlossenheit و “كرانەوە” Offenheit ئاشنان. بە بڕواى هایدێگەر مرۆڤ (بوون sein) فڕێدراوەتە نێو شوێن “Da”ـیەكەوە كە مەحاڵە بتوانێت لێى هەڵبێت. بوون بە “ئەوێ”كەیەوە داكوتراوە كە هایدێگەر ناوى دەنێت “فاكتێتى” Faktezität. گەر ئەمە چارەنووسى مرۆڤ بێت، ئەوا دەبێت ئەم چارەنووسە ببێت بە “ئەركى مێژوویى”، واتە لەنێو پرۆسەیەكى مێژووسازیدا “پشتڕاست بكرێتەوە”. ئەم ئەركە مێژووییە تەنیا یەك شتە: گۆڕینى ئەو “ئەوێ”ـیە، بۆ “ماڵ” یان “نیشتمان؛ واتە ئەركداربوونى مرۆڤ بۆ هەڵگرتنى چارەنووسى بوونى خۆى لە نێو نەتەوەیەك و لە خاكێكدا كە ڕیشەكانى تێیدا داكوتراوە. بە بڕواى ئاگامبێن، ئەمە تەریب بوو بە گوتارى نازیزم دەربارەى پەیوەندیى مرۆڤ بە ڕەگەز و نەتەوە و نیشتمانەكەیەوە. مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو ڕەگەزێكەوە لە نیشتمانێكدا كە مەحاڵە بتوانێت لێى هەڵبێت، كەواتە نیشتمان بۆ خەڵك Das Volk بووە بە بەرپرسیارێتییەكى مێژوویى.
ئەم ئایدیا سەرەكییەى نێو فیكرى هایدێگەر لە ژیانى كەسیى خۆیشیدا ڕەنگى داوەتەوە. گۆڕینى كوخە داخراوەكە بۆ ماڵ، بۆ مانەوەى هەمیشەیى لەوێ. هانا ئارێنت لە تێكستێكى كورتدا بە ناوى “هایدێگەرە ڕێوى” Heidegger the Fox ژیان و فیكرى هایدێگەرى بەشێوەى حیكایەتێكى سادە (هەقایەت) بۆ گێڕاوینەتەوە. ئارێنت باس لە ڕێوییەك دەكات كە بەو هۆیەى نازانێت “تەڵە” و “نا-تەڵە” چییە، ڕۆژێك لە ڕۆژان بیرۆكەیەكى سەیرى بۆ دێت: گۆڕینى ئەو “تەڵە”یەى تێدا گیرى خواردووە بۆ “لانە”. وێناى ئارێنت بۆ ئەم لانەیە، شتێكە وەك كوخەكە:
«ئێستا كە مام ڕێوى قولانجێك خووریى ساغ و سەلیم لە ئەزاى ئەنامیدا نەما، بڕیارى دا تا هێزى تیایە لە جیهانى ڕێوى بكشێتەوە و لانەیەك بۆ خۆى پێكەوە بنێ. جا بەهۆى ئەوەى بێئاگا بوو لەوەى كامە تەڵەیە و كامەیش تەڵە نییە، ئەوا وێڕاى ئەزموونە زۆروزەبەندەكەى لەگەڵ تەڵەكاندا، بیرۆكەیەكى تەواو نوێ كەوتە سەرییەوە كە تا ئەو كات لەنێو مەحشەرى ڕێوییاندا كەس بەر گوێى نەكەوتبوو: ئەو تەڵەكەى كردووە بە لانە. ئەو خۆى لەنێو تەڵەكەدا گیردا و واى دەنواندن لانەیەكى ئاسایی گەرم و نەرمە.»[5].
بە گوێرەى چیرۆكەكەى ئارێنت، گەر نازیزم چاڵێك بووبێت، ئەوا هایدێگەر “بە هەڵە” تێی نەكەوت؛ بە پێچەوانەوە، بەخۆى زانیبێت یان نا هەر لە پێشترەوە لەنێویدا بوو؛ ئۆنتۆلۆژیاى هایدێگەر، گەرچى لەپێناو نازیزمدا دانەڕێژراوە، بەڵام گۆڕینى تەڵەكە بوو بۆ لانە كە مرۆڤ چیتر نەك ناتوانێت، بەڵكو نایەوێت لێى هەڵبێت، هەر بەو جۆرەى دازاینى ئەڵمانییەك دەنووسێت بە بوونى زمانى و نەتەوەیى خۆیەوە و ناتوانێت و ناشیەوێت لێى هەڵبێت.
جۆرجیۆ ئاگامبێن لە وتارى “هایدێگەر و نازیزم”دا، كە لە كۆوتارەكانى كتێبى “دەسەڵاتى بیركردنەوە” die Macht des Denkensـدا بڵاوكراوەتەوە، پرسى بانگەشەكراوى هەماهەنگى فیكرى هایدێگەر لەگەڵ گوتارى نازیزمدا لێك دەداتەوە. ئاگامبێن، كە هایدێگەر بە یەكێك لە سەرچاوە فیكرییە گرنگەكانى خۆى دەزانێت، هەر وا بە سادەیى بەرگریى لێ ناكات و سەركۆنەشى ناكات، بەڵكو لە شرۆڤەى ئیمانوێل لێڤیناسەوە بۆ فەلسەفەى هیتلەریزم دەست پێدەكات و دواتر لەنێو شرۆڤەى وتارەكەى خۆیدا ئەو “نزیكایەتى”ـیە پیشان دەدات كە لەنێوان ڕوانگەى هایدێگەر بۆ فاكتێتى و ڕوانگەى نازیزم بۆ ئەڵمانیبووندا هەیە. ئەم نزیكایەتییە ڕەنگە یەك خاڵى جەوهەرى بێت: بەو ئەندازەیەى هایدێگەر فاكتێتیى “بوون ڕووت”ى مرۆڤ دەكات بە خەمى بنەڕەتیى فەلسەفە، نازیزم “ژیانى ڕووت” دەكات بە خەمى سەرەكیى سیاسەت كە بڕیار نەبوو ببێت. نازیزم دەوڵەت لە سنوورەكانى سەدەى نۆزدە دەباتە دەرێ و حاكمیەتى خۆى لەسەر ژیانێكى ڕووت دادەمەزرێنێت.
«مەسەلەكە [تەنیا دامەزراندنى دەوڵەتى نەتەوەى سەدەى نۆزدە نەبوو] بەڵكو تەواو شتێكى تر و زۆریش پەڕگیرتر بوو. خەمەكە ئەوەبوو بوونى فاكتمەندى گەلان die Völker -واتە دواجار ژیانى ڕووتیان- بكرێت بە ئەرك [ى سیاسەت]. […] جا كاتێك ماڵ das Haus [بوارى تایبەتى ژیان نەك كایەى گشتى] دەبێتە پارادایمێكى سیاسى، ئەوا ئەو سەربەخۆیى و فاكتێتى ناوەكییەى بوون Existenz [كە مرۆڤ] لەو ماڵەدا هەیەتى، مەترسى ئەوەى تێدایە خۆى بگۆڕێت بۆ تەڵەیەكى تەواو گۆڕاو»[6]. ئەمەیش واتە: «ئاپۆریاكە تەنگژەى ئەو ئیرادەیەیە كە دەیەوێت پێدراوە فاكتمەندەكە [بوون لەنێو نەتەوەیەك و لەسەر خاكێك] بگۆڕێت بۆ ئەركێكى مێژوویى. كارەساتى نازیزم بەو هەوڵە شێتانەیەدا دەناسرێتەوە كە دەیویست بە یەكجار ڕاسپاردەیەكى مێژوویى گەلى ئەڵمانى لە بۆماوە ژێنەتیكییە سروشتیەكە دروست بكات»[7].
كاڵفامیى هایدێگەر:
چۆن فەیلەسوفێك بەو قووڵى و زرنگییە ئەم نزیكایەتییەى نەبینى؟ هانا ئارێننت لە كەیسى ئایشمەندا وەڵامى داوەتەوە: پرسەكە زانین و نەزانین، بینین و نەبینین نییە، بەڵكو پووچێتیى Banality؛ خراپە evil هیچ قووڵاییەكى فیكرى و مۆڕاڵى نییە، پتر هۆكارێكى پووچى هەیە؛ ویستێك، تەماعێك، خواستێك، هەلومەرجێكى پووچ لە پشتییەوەیە. دەشێت لە دۆخى دیاریكراوى كەسیدا Banality بە كاڵفامیش وەرى بگێڕین و ئێمە لێرەدا ئەمەى دووەمیانى بۆ بەكاردەهێنین، بەو پێیەى قسەكە لەسەر خودى هایدێگەرە، نەك حوكم لەسەر نازیزم لە ڕێگەى هایدێگەرەوە.
نزیكەى پەنجا ساڵێك دواى بڵاوبوونەوەى كتێبى “ئایشمەن لە ئۆرشەلیم- ڕاپۆرتێك دەربارەى پووچێتیى خراپە”ى ئارێنت، فەیلەسوفى فەرەنسى ژان-لوك نانسى لەژێر كایگەرى هەمان دەربڕینى ئارێنتدا، كتێبێك بەناوى “كاڵفامییەكەى هایدێگەر” the Banality of Heidegger دەربارەى پرسى پەیوەندیى نێوان ئەو فەیلەسوفە و نازیزم بڵاو دەكاتەوە. نانسى ئەم چەمكە بەشێوەیەكى ستراتیژى بەكاردەهێنێت بۆ دەرخستنى ئەو كاڵفامییەى كە دەشێت لەنێو دڵى هەر فەلسەفەیەكى مەزندا هەبێت. ئەمە لە دۆخى هایدێگەردا یەك شتە: فەیلەسوفە دوورەدەستە قووڵ بیركەرەوەكە هەرگیز خۆى لە “جووداییزم” ڕانەماوە، لەبرى ئەمە لەژێر كاریگەریى باوەڕى باودا، لەژێر كاریگەرى كڵێشە و ئارەزووەكانى سەردەمەكەیدا، مەیلە دژە-سامییەكانى وەرگرتووە. دوورەدەستى نەیتوانیوە لە باوەڕى عەوامییانە بیپارێزێت:
«ئێمە سەروكارمان لەگەڵ دیاردەیەى بەرینترى سەردەم و شوێنەكەدایە، كە تێیدا ئیمكانى ئەو شتە لە خۆ گیراوە وا ئارێنت ئەزموونى كردووە. كاڵفامى، لە دۆخى هایدێگەردا، ئەو عەقیدە Doxaى دژایەتیى سامییەیە كە لە ساڵانى 1920 هەتا 1940 لە ئەوروپادا زاڵ بوو، هەروەك چۆن لە ڕۆژگارى ئەمڕۆشماندا دەركەوتۆتەوە»[8].
لەسەر بنەماى ئەم دۆكسایانە، دژایەتیى سامى لە ئەوروپادا لە چەند وڵاتێكدا دەبێت بە یاسایى و، بەلاى نانسییەوە، تەنانەت لە یاداشتەكانى هایدێگەریشدا لە دارستانى ڕەش، كە بەناوى “دەفتەرە ڕەشەكان” تۆماركراون، فەلسەفى دەبێتەوە. بەڵام ئەم فەلسەفیبوونەوەیە تەنیا “كینەیەكى ئاسایى” لە جووەكان، نەبووە، بگرە بە پێچەوانەوە، هایدێگەر دەیان قوتابى و هاوڕێ و مامۆستاى جووى هەبووە. كاڵفامییەكەى هایدێگەر ئەم گریمانەیە فەلسەفییەى خۆى بووە: ئەوروپا لە یۆناندا دەستپێكێكى ژیاریى مەزنى هەیە، ئێستا ئەم ژیارە بەهۆى هەژموونى تەكنۆلۆژیا و فیكرى حیسابییەوە، بەهۆى خاوەندارێتى داراییەوە كە پێویستى بە پێشخستنى تواناى حیساب و كتابى ماڵى هەیە، بەرەو داڕوخان، سەرەولێژبوونەوە و داغانبوون دەڕوات؛ باشتر بڵێین بەرەو خۆ-وێرانكردن مل دەنێت؛ كەواتە پێویستى بە دەستپێكێكى نوێ هەیە، پێویستى بە دووەمین چركەساتى مەزنى ژیارى هەیە كە ئەمجارە لە تواناى “ئەڵمانییەكان”ـدایە.
ڕۆڵى جووەكان لەم دووەم چركەساتەدا چییە؟ لاى هایدێگەر جووەكان بەو هۆیەى بە فیكرى حیسابدارییەوە خاوەندارێتیى دارایى دەكەن، یارمەتیدەرن لە كەوتن و كۆتاییهێنان بەو نەهیلیزمەى كە یەكەمین چركەساتە ژیارییەكەى ڕۆژئاوا تێیكەوتووە و ئەمەیش دەرفەتى دەستپێكردنێكى نوێ دەڕەخسێنێت. كەواتە جووەكان ڕۆڵیان لە داڕووخانى شارستانى ڕۆژئاواییدا هەیە. بەلاى هایدێگەرەوە:
«گەلى جوو بانگەشەى پرەنسیپێكى عەقڵانى [حیسابدارى] بۆ خۆى دەكات. وەها پرەنسیپێك لەوێوە دێت كە “ماشێن هەژموون لەسەر ژیان” بكات. بەڵام بەماشێنكردن كە وەها پرەنسیپێكى سروشتگەرایانە دەهێنێتە گۆڕێ، مل دەنێت بەرەو “لەعەقڵاییەتخستن”ى مرۆڤایەتییەك كە لە لە هاوئاستیى و وەكیەكییەكى گشتیدا، بە ناجیاوازێتیى هەموو بوونەكاندا، كورت بۆتەوە»[9].
لەم ڕوانگەیەوە گەلى جوو، بەو پێیەى خۆى “خاك”ێكى نییە كە ڕیشەى لەسەر داكوتیبێت، بە سەرجەمى جیهان و بەتایبەت ڕۆژئاوادا بڵاوبوونەتەوە؛ ئەوان لە هاتنوچوونى بەردەوامدان، لەم ڕووەوە مۆڕاڵى بازرگانیان هەیە، نیشتمانیشیان ئەوەیە كە بە كۆڵۆییانەوەیە و ئەوەیش كە بە كۆڵەوەیە پێویستى بە “حیسابكردن” و “بەڕێوەبردنى عەقڵانى” هەیە. ئەوان لەبەرئەوەى بە “خاك”ـەوە دانەكوتراون و پەیوەندییان لەگەڵ زەمیندا نییە، خۆیان بە “ماشێن”ـەوە گرێ دەدەن. جووەكان گەلى بێ خاكن Bodenlos، بێ زەمینن، بێ مێژوون، بێ “نەتەوە”ن و هیچ شوناسێكیان نییە جگە لە حیسابدارییەكى هەڵوەشێنەرەوە[10]. بۆ ئەوان هەر كوێى جیهان وەك یەكە، هەمان پەیوەندیى حیسابدارییش لەگەڵ هەموو گەلێكدا دەكەن:
«گەلى جوو كارنامەى هاشوناسییە، هاوشوناسییەكى خاوەندارانەى ئەو شتەى كە هاوكات ئاوێتەیەكى گەورەى جەماوەران و شوناسەكانە، ئاوێتەى ئەمریكا و ئەمریكاگەرایى، كۆمۆنیزم و تێكنیك، فەرەنسى و ئینگلیزى، ئەوروپاییەكان و تەنانەت ئەڵمانییەكانن لەگەڵ “ڕۆژئاوا”، ئاوابوون، لێژبوونەوە و داڕماندا. […]
فیگورى جوو ڕێك هاوكوفى خاپووركردنێكى زەرورییە: خاپووركردنێكى گەورە، حیسابدارانە، عەقڵانییەت كە سەرقاڵى هاوتاكردنى جیهان و سڕینەوەى جیهانە بەشێوەیەكى دروست: دەركێشانى هەر زەمینە و خاكێك لەژێرپێى جیهان. بێ زەمینى Bodenlosigkeit -نەبوونى خاك- ئا ئەوە خەسڵەتى ناسینەوەى “جووایەتى”ـە»[11].
دواى ئەم داڕووخانە، دەستپێكردنەوەى دووەم، دەستپێدەكاتەوە، ئەو ڕۆژەى كە لە یۆنانەوە هەڵهات و لە ڕۆژئاوا ئاوابوو، دەتوانێت لە ئەڵمانیا هەڵبێەوە. جوو یارمەتیدەرى ڕۆژئاوایە لە كۆتاییهاتن كە هەلى دەستپێكردنەوە، لە خاپووربوون و كە ئیمكانى بیناكردنەوە، لە وشكبوون كە سەرەتاى ڕووانەوە، لە ئاوابوون كە دەرفەتى هەڵهاتنەوە دەڕەخسێنێت.
لێخۆشبوون لە هایدێگەر:
گەر، بە پێچەوانەى بێخاكى و بێ ئۆقرەیى جووەكان، جەختكردنەوەى زۆرى هایدێگەر لەسەر “درەخت، ڕەگ، خاك، جێگیرى” نیشانەى پەیوەستیى ئەو بێت بە دارستانەوە و دارستانیش بە “ناسیۆنالیزم”ـەوە و ناسیۆنالیزمى ئەڵمانییش بە “نازیزم”ـەوە، ئەوا هایدێگەر هەر وەك دارستانەكە، دەشێت قارچكى ژەهراوى و هەنگوین، گیاى كوشندە و دەرمانى گیاییشى هەبێت. ئەو بە جۆرێك بەشدارە لە نازیزمدا، لەبەرئەمەیە لێڤیناس، یەكێك لە مەزنترین فەیلەسوفانى جوو، لە كتێبى ئیتیك و ناكۆتادا دەڵێت لەسەر ئەوەى كە هایدێگەر كەمتازۆر لە نازیستەكانەوە نزیك بووە “هەرگیز لێى خۆش نابێت”، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كە هایدێگەر فەیلەسوفێكى چەندە كاریگەر بووە لەسەر شێوەرگرتنى ڕوانگەكانى ئەو بۆ “بوون”. لێڤیناس هەر لەو كاتەدا كە لە هایدێگەر نابوورێت، لە هەندێ لایەنى فیكرى ئەو دەبوورێت، چونكە لەوێدا كە فیكرى هایدێگەر بە هەڵوێستەكەى لە سەرەتاى سییەكاندا بەرامبەر نازیزم مەحكوم ناكات، هایدێگەر و بیركردنەوەكەى هەم هاوشوناس دەكات و هەمیش هاوشوناس ناكات؛ مادام لە شوێنێكدا “كەس” و “بیركردنەوە” هاوشوناس نەبن، ئەوا دەتوانین فیكرى هایدێگەر بێ هایدێگەر خۆى وەربگرین.
هێربەرت ماركۆزەش وەك لێڤیناس، هەستى دوولایەنەى بەرامبەر هایدێگەر هەیە، بەڵام هەر بە پێى هایدێگەر خۆى جیاكردنەوەى “كەس” و “فیكر” ڕەت دەكاتەوە. ئەو لە ساڵانى دواى جەنگدا دەچێت بۆ لاى هایدێگەر، هەم لە كوخەكەى سەردانى دەكات و هەمیش هاوكارییەكى ماددى بۆ دەنێرێت. سەردانەكەى ماركۆزە پێدەچێت بۆ ئەوە بووبێت كە “هایدێگەر هەستى پەشیمانى بۆ دەرببڕێت و ئەویش لێى خۆش ببێت”، ئەمەش هەرگیز ڕوو نادات، لەبرى ئەوە هایدێگەر بۆى ڕوون دەكاتەوە كە ئەو لە یەك دوو ساڵى سەرەتاى بەدەستەوەگرتنى دەسەڵات لەلایەن نازییەكانەوە، نەك هیچ پەیوەندییەكى پێیانەوە نەماوە، بەڵكو ڕوانگەى ڕەخنەگرانەشى لێیان هەبووە. ماركۆزە قەناعەت بەمە ناكات؛ لە نامەیەكدا بۆ هایدێگەر دەنووسێت:
«زۆر بیر لەوە كردەوە كە لە سەرەدانەكەمدا بۆ لات لە تۆدنبێرگ پێتوتم. لێرەدا دەمەوێت بەوپەڕى ڕاشكاوییەوە دەربارەى ئەوە بۆت بنووسم. تۆ پێتوتم كە تۆ لە ساڵى 1934ـەوە بە تەواوەتى خۆت لە ڕژێمى نازى درووخستەوە و لە وانەوتارەكانتدا سەرنجى ڕەخنەییت خستۆتە ڕوو و تەنانەت لەلایەن گیستاپۆشەوە خراویتە ژێر چاودێرییەوە. من گومانم لەم وتانەت نییە. بەڵام ئەو ڕاستییش هەیە كە تۆ لە ساڵى 1933دا بە تەواوەتى سەر بە ڕژێمى نازى بوویت، تا ئەو ڕادەیەى كە تۆ ئەمڕۆ لە ڕوانگەى زۆر كەسەوە وەك بەهێزترین لایەنگرانیى فیكرى نازیزم دەبینرێیت. وتار، نووسین، تێزەكانى ئەو ماوەیەت بەڵگەن لەسەر ئەمە و هەرگیزیش لێیان پەشیمان نەبوویتەوە..»[12].
لەبەر ئەمە ماركۆزە بۆى دەنووسێت كە
«هەرچەندە من و زۆریتریش پێت سەرسامبووین و بەرهەمت ئیلهامبەخش بوو بۆمان، بەڵام ناتوانین هایدێگەرى فەیلەسوف لە هایدێگەرى مرۆڤ جودا بكەینەوە، چونكە ئەمە دژ بە فەلسەفەكەى خۆتە. دەكرێت فەیلەسوفێك لە كاروبارى سیاسیدا بخەڵەتێنرێت، لەم حاڵەتەدا دەتوانێت بە ڕاشكاوى دان بە هەڵەكەى خۆیدا بنێت، بەڵام ناكرێت سەبارەت بە سیستەمى كوشتنى ملیۆنان یەهودى -تەنیا لەبەرئەوەى جوو بوون- فریوو بدرێت؛ ناكرێت بە سیستەمێك بخەڵەتێت كە تیرۆر و تۆقاندن بكات بە دیاردەیەكى ڕۆژانە و هەموو ئەو شتانەى وا پەیوەست بوون بە ڕۆح، ئازادى، حەقیقەتەوە بگۆڕێت بۆ دژە خوێناوییەكەیان».
هایدێگەر لە وەڵامى نامەكەدا بۆى ڕوون دەكاتەوە كە ئەو تەنیا ماوەیەكى كورت لەگەڵ نازییەكاندا بووە و هەر كە بە هەڵەى خۆى دەزانێت، یەكسەر لە سەرۆكایەتى زانكۆى فرایبۆرگ دەستلەكار دەكێشیتەوە و لە ماوەى دە ساڵى دواتردا هیچ یەك لە قوتابیەكانى نابن بە نازیست. وێراى ئەوەش، ماركۆزە لە هایدێگەر خۆش نابێت، بەڵام بەجۆرێك لە جۆرەكان “چاوى لێ دەپۆشێت”.
جانكلیڤیتچ هیچ بوارێك بۆ وەها مامەڵەیەك ناهێڵێتەوە. ئەو پێیوایە جووەكان ناتوانن لە هۆلۆكۆست خۆشبن، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەڵمانیاش، بە دەوڵەت و خەڵكەوە، داواى لێبووردن بكەن. لێخۆشبوون، نەك تەنیا لە هایدێگەرێك مەحاڵە كە خۆى ماوەیەك نازى بووە، بەڵكو لەوانەیش كە نازى نەبوون، واتە لە هەموو گەلى ئەڵمانى مەحاڵە. دێریدا ڕێك لەوێدا دەڵێت: تەنیا ئەو شتە شایەنى بەخشینە، كە بەخشینى مەحاڵە. گەر ئێمە لەوە خۆش بین كە خۆى هەر لە بنەڕەتەوە شایەنى بەخشینە، ئەوا لە هیچ شتێك خۆش نەبووین.
وێڕاى هەموو شتێك، جووەكان لە هایدیگەر خۆش ببن یان نەبن (پێ دەچێت هایدیگەر خۆشى زۆر عەوداڵى ئەم “لێخۆشبوون”ـە نەبووبێت، چونكە ئەمەیش گرفتى ئەخلاقى و تیۆرى خۆى هەیە.)، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە فیكریش هایدێگەریش وەك هەر فیكرێكى تر، بە پێچەوانەى ئەسڵخوازى و ڕیشەگەرایى ناسیۆنالیستیى هایدێگەر خۆیەوە، دەكرێت لە زەمینەى خۆى هەڵبكێشرێت و بەرەو جێى دیكە ببرێت؛ لەبەرئەمەیە ئەو هەم ئیلهامبەخشى هەندێ لە فەیلەسوفانى جووە، لەوانە لێڤیناس و دێریدا و ئێرنست توگێندهات، هەم ئەو فەیلەسوفە ناجووانەى كە بەشێك لە بەرهەمەكانیان بۆ جینالۆژیاى هۆلۆكۆست و بەرگریكردن لە جووەكان تەرخانكردووە، دیارترینیان كارل یاسپەرز، ژان-پۆل سارتەر، مۆریس بلانشۆ، ژان-فرانسوا لیوتار، ژان-لوك نانسى، جیانى ڤاتیمۆ، جۆرجیۆ ئاگامبێن. ئەمە جگە لە پەیوەندیى هایدیگەر لەگەڵ ئەو بیرمەندە جووانەدا كە، سەرەڕاى جیاوازییان، پێش هۆلۆكۆست كەمتازۆر لە هایدێگەر نزیك بوون: ئێدمۆند هۆسێرەڵ، هاننا ئارێنت، هێربەرت ماركوزە، ئێرنست كاسێرەر.
[1] جاك دريدا: في الروح- هايدغر و السؤال، نقله الى العربية: د. عماد نبيل، دار الفارابي، بيروت-لبنان، الطبعة الأولى 2013، ص253.[2] Martin Heidegger, Gesamtausgabe, I. Abteilung: Veröffentlichte Schriften 1910-1976, band 13, Vittorio Klostermann, Frankfurt am Main, 1983, S.9.
[3] Ebd., S.11
[4] Martin Heidegger: Gelassenheit, Neske Verlag, S. 16-17.
[5] Hannah Arendt: Essays in Understanding 1934- 1954, Formation, Exile, and Totalitarianism, Edited by Jerome Kohn, Schoclen Books, New York, 1994, p. 361.
[6] Giorgio Agamben: die Macht des Denkens, Gesammelte Essays, Übersetzen von Francesca Raimondi, S. Fischer Verlag, Frankfurt am Main, 2013, S. 373.
[7] Ebd., S.274.
[8] Jean-Luc Nancy: The Banality of Heidegger, Translated by Jeff Fort, Fordham University Press, New York, 2017, p.2,3.
[9] Ibid, p. 15.
[10] Ibid., P. 30
[11] Ibid., 19, 20.
[12] الفلسفة و النازية، رسائل هربرت ماركوز و مارتن هايدغر، ترجمة: أزدشير سليمان، 2022. https://www.almodon.com/culture/2022/8/28/%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D9%81%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%A7%D8%B2%D9%8A%D8%A9-%D8%B1%D8%B3%D8%A7%D8%A6%D9%84-%D9%87%D8%B1%D8%A8%D8%B1%D8%AA-%D9%85%D8%A7%D8%B1%D9%83%D9%88%D8%B2-%D9%88%D9%85%D8%A7%D8%B1%D8%AA%D9%86-%D9%87%D8%A7%D9%8A%D8%AF%D8%BA%D8%B1