ئۆردوگانیستە کوردەکان
بە بڕوای من شەرمە بۆ ڕۆشنبیرانێک لە ژێر هەر بیانوو بەهانەیەکدا بێت، سەر بە هەر نەتەوەیەکی خۆرهەڵات بن، ئەو جەوهەرە نەبینن کە ئۆردوگانیزم هەیەتی و ئەوەی مێژوو گۆڕیوێتی، بە کاری ناسیونالیستێکی وەک ئۆردوگانی بزانن.

بەختیار عەلی
لە چەند ساڵی ڕابوردوودا، ئەفسانەی ئۆردوگانیزم بۆتە یەکێکە لە ئەفسانە گەورە و ترسناك و بەربڵاوەکانی خۆرهەڵات. ئەم پیاوە ناسیونالیستییە پیاوکوژ و جەلادە، کە خۆی لە تورکیادا بەجۆرێکی نوێ و دیماگۆگیی، درێژە بە سیاسەتی ناسیونالیستیانەی تورکی دەدات، جۆرە فۆرمێکی نوێی کەمالیزم پیادە دەکات کە لەبری ئەوەی ڕوو لە خۆرئاوا بێت، ڕووی لە ئیسلامە، لە ناوەوە دەست لە هیچ کوشتن و بڕییەک ناپارێزێت دەرهەق بە ئەتنییەت و نەتەوەکانی تر، بۆ دەرەوەش دەموچاوێکی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست و مافدۆست دەردەخات… خۆی لە ناوەوە قەسابخانەی وەک شیرناخ دروستدەکات، لەدەرەوەش ڕوو لە بەشار ئەسەد دەکات و دەڵێت «میللەتی خۆت مەکوژە». پاڵەوانی ئەم نیفاقە سیاسییە گەورەیە لای هەندێک بووە بە هەڵگری مۆدێلێکی خەیاڵی «کە لە ڕاستیدا بوونی نییە» و وەک فریادڕەسێکی گەورە، وەک مارتن لۆسەری خۆرهەڵات سەیر دەکرێت. ئەم درۆیە لە ساڵانی ڕابوردوودا تەنیا ئۆردوگان و مەکینە گەورەکەی، کە مەکینەیەکی موخابەراتی و میدیایی گەورەیە، دروستیان نەکردوە، بەڵکوو خزاوەتە هەموو جێگایەک، هەم لە جیهانی عەرەبدا خەڵکی فریو داوه و هەم لای ئێمەش.
گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخی کورد لە ئێستادا بارودۆخی سەردەمی کەنعان ئیڤرین نییە، بەڵام ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە بە دەستکەوتی ئۆردوگان بزانێت، نەوەک هەڵەیە، بەڵکوو تێنەگەیشتنە لە کۆی ئەو پرۆسە گەورەیەی گۆڕانکاری کە لە دونیادا هەیە، کە لەسەروو هەموویانەوە گۆڕانکاریی سیستمی میدیا و پەیوەندییە کە وادەکەن چیتر جێگایەک بۆ گەمژەیی شۆڤێنزمی تورکی نەبێت و گووتارە تەقلیدییەکانی کەمالییەت بە فۆرمە دێرینەکەی نەتوانێت بژی، هەڵبەت لە پاڵ دەیەها هۆکاری گەورە و کاریگەری دیکە کە کاری من نییە لێرەدا بەسەریانبکەمەوە.
ئەوەی لای من هەمیشە جێگای سەرنج بووە، لەدایکبوونی نەوەیەکە لە ئۆردوگانیستی کورد کە بەجۆرێک قسە لە مۆدێلی تورکی دەکەن، وەک ڕێگا چارەیەک بۆ قەیرانەکانی خۆرهەڵات، وەک موعجیزەیەکی ئایدیۆلۆژی و ئابووری و سیاسی. ئەم سەرسامییە بە ئۆردوگانیزم بەر لە هەر کەس پارتی و یەکێتی ڕەواجیان دایە… هیچ کەسێک نییە ڕۆڵی ئەم دوو حزبە لە جوانکردنی ڕوخساری ئەمجۆرە لە کەمالیزمی نوێ فەرامۆش بکات. ئەو سەرمایەی بازرگانەکانی کورد و تورکی پێکەوە دەبەستەوە، بووە هاوپەیمانییەکی ئایدیۆلۆژیش کە سیاسییەکانی کورد و تورکی پێکەوە گرێدەدا… بەجۆرێک هەموو ئەو ڕاستییە لە بیرکرا کە ئۆردوگانیزم هیچ نییە جگە لە فۆرمێکی نوێی کەمالیزم لە سەردەمێکی تر و لە ساتێکی تری قەیراندا و هێشتا عەقڵی شۆڤێنی تورکی لەبری پێویستی بە ستایش و پیاهەڵدان بێت، پێویستی بە سەرزەنشت و بەرابەر وەستان هەیە. ئەوە بوو تەواوی پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا لەسەر فەرامۆشکردن و بیرنەکردنەوە و هەوڵنەدان بۆ تێگەیشتنی جەوهەری ئۆردوگانیزم داڕێژرا.
هەڵبەت سیاسییە کوردییەکان کە لە قوتابخانەی فیکری ناسیونالیستی کوردیدا گەورەبووبن و ئەم قوتابخانەیە جگە لە مۆراڵی بچوکی و لاوازیی هیچی دیکەی تێدا نەچاندبوون، نەخۆشییەکانیان بەرجەستەبوونی هەموو نەخۆشییە تەمەندارەکانی عەقڵییەتی ناسیونالیستی بوو کە یان کۆیلە دروستدەکات یان ئاغا، لە هاوکێشە ئیقلیمییەکەدا نوێنەری بەری کۆیلە و هەڵگری مۆراڵی کۆیلە بوون. وەک هەمیشە ئاسایی بوو، سڵاوی جەلاد بە مەرحەمەتێکی خودایی بزانن و زەردەخەنەی ئۆردوگان بەسەرەتای سەردەمێکی نوێ لەقەڵەمبدەن و ئەوەی شۆڤینیزمی تورکی بە جینۆساید بۆی نەکراوە، لە بە تورکاندنی عەقڵییەت و شێوازی ژیان و زەوقماندا، وەک کاڵایەکی گرانبەها و بە پارە لێیبکڕنەوە.
دیارە پارتی و یەکێتی تەنیا پێشەنگانی ئەم سەرسامییە بە ئۆردوگانیزم نەبوون، ڕاستە ئەوان ئابووریی کوردستانیان بە جۆرێکی نابەرابەر و بێ هیچ سیاسەتێکی پەرێزدار و ڕۆشن بەستەوە بە بازاڕی تورکیاوە، ڕاستە ڕاگەیاندنی ئەم دوو حیزبە نەوەک هەر ستایشی ئۆردوگانیزمیان دەکرد و لە دەموچاوە فاشییستییەکەی بێدەنگبوون، بەڵکوو هەر عەقڵییەت و زەوقیشیان کۆپی مۆدێلی ڕاگەیاندنی تورکی بوو، ڕاستە سوودێکی گەورەیان لە وانەکانی میتی کەمالی وەرگرت لە ترساندن و تۆقاندن و هەڕەشەکردن و لە ناوبردنی نەیاراندا، بەڵام ئەوان تەنیا هاوڕێ و بانگەشەکاری ئوردوگانیزم لە کوردستاندا نەبوون.
بەرەی دووەم لە ئۆردوگانیستە کوردەکان، ئەو شەپۆلە دینیانەن کە دەیانەوێت لەسەر حیسابی هەر شتێک بێت بڵێن دەسەڵاتی دینی لە عەلمانی باشترە. ئەمانە بەراوردکردنی نێوان کەنعان ئیڤرین و ئۆردوگان دەگۆڕن بۆ بەراوردکردنی مۆدێلی عەلمانی و مۆدێلی دینی، کە نەوەک بەراوردێکی شیاو نییە، بەڵکوو نوکتەیەکی فیکری و زانستی و ئەخلاقیشە. ئەو بەراوردەشیان بۆ ئەوەیە، بەو دەرەنجامەوە بێنە دەرێ کە حکومەتی دینی لە حکومەتی عەلمانی دادپەروەرتر و بەڕەحمترە. ئەم هەڵە فیکرییە، هەڵەی تێنەگەیشتن لە ئۆردوگانیزم وەک جۆرێک لە کەمالیزمی بۆیەکراو بەدین، لە شۆڤێنیزمی حیجابدار، بەرەو ئەوەی بردن ئۆردوگانیزم وەک مۆدێلێک بۆ پارتە دینییەکان سەیر بکەن کە گوایە دەتوانن لەگەڵ ڕۆحی دیموکراسییەتی خۆرئاواییدا خۆیان بگونجێنن، بێئەوەی ساتێک ئەوەیان لە بیربێت کە ئۆردوگانیزم بە جەوهەر تەعبیر نییە لە مۆدێلی دینی حوکم، دامەزراندنی شەریعە نییە، بەڵکوو تەعبیرە لە فۆرمێکی نوێی عەقڵییەتی ناسیونالیستی تورکی لە ساتێکدا دەیەوێت لە قەیرانە گەورەکانی ناوخۆ و دەرەوەی دەرچێت، کاتێک دەیەوێت ڕۆحی کولتووری کەمالی بپارێزێت و جەوهەرە شۆڤێنییەکەی هەڵگرێتەوە، بێئەوەی لە ناوەوەڕا لە ڕابوردووی دێرینی داببڕێت. ئەوە لە ساتێکدا ئاشکرایە کە ڕوکەشە عەلمانییەکەی کەمالیزم نەیتوانی نەتەوەکانی تر لە تورکیا بتوێنێتەوە، ئۆردوگانیزم کە ڕوکەشە دینییەکەی کەمالیزمە، بۆ هەمان مەبەست، لە ڕێگای بەکارهێنانی گووتاری دینییەوە، وەک گووتارێکی ئەسیمیلەکەر و توێنەوە و یەکخەر، هەوڵی ئەو کارە دەدات. هەڵبەت کە تورکیا دەبێت بگۆڕێت، بەڵام ئۆردوگانیزم تەعبیر نییە لە گۆڕان لە ڕۆحی ناسیونالیزمی تورکیدا، بەڵکوو تەعبیرە لە ڕێگریی ئەو ڕۆحە لە گۆڕان، لە خۆگونجاندنی لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا، بێدەستکاریکردنی قووڵی گووتارەکان و تێزەکان. ئۆردوگانیزم هەر خودی ئەم ناسیونالیزمەیە، لە دەموچاوە هەرە دیماگۆگییەکەیدا، لە چڵەپۆپەی ئەو ناکۆکییە ئەخلاقی و فیکرییەدا کە لەسەری ڕاوەستاوە.
بەبڕوای من هەڵەیەکی مێژوویی و ئەخلاقی گەورەیە ئەحزابی دینی کوردی، شەرعییەتی خۆیان لە مۆدێلی ئۆردوگانییەوە وەربگرن، بەڵکوو هەر سەرەتایەکی دروست بۆ دروستکردنی حیزبێکی ئاینی کراوە، کە دوور بێت لە ڕۆحی ڕەتکردنەوە و توندوتیژی، دەبێت لە ڕەخنە لە ئۆردوگانیزمەوە دەست پێبکات، چونکە ئۆردوگانیزم تا ئێستا و تاسەر ئێسقانیش بە ڕۆحی ڕەتکردنەوە و توندوتیژی باروبارگاوییە.
بەرەی سێهەم کە لە کوردستاندا بانگەشەی ئۆردوگانیزم دەکەن، ئەو ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس و ھونەرمەند و خوێندەوارانەن کە بەخەیاڵی خۆیان لە ئۆردوگانییەتدا شێوازێکی دینی و ناسیونالیستی مامناوەند دەبیننەوە. بێئەوەی لەو ڕاستییە سادەیە تێبگەن کە ئەوە ئۆردوگانییەت نییە دونیای گۆڕیوە، بەڵکوو دونیا و هاوکێشە تازەکان و شێوازە نوێکانی ژیانە کە عەقڵییەتی ناسیونالیستی تورکیان بە هەندێ پاشەکشە ناچارکردوە. ئەوەی کە ئەم ڕۆشنبیرانە نایبینن ئەوەیە ئۆردوگانیزم، دەشێت لە داهاتوودا ڕۆحێکی داخراوتر و تەسکتر ببەخشێتە عەقڵییەتی ناسیونالیستی تورکی، بەوەی بە بارگەی فاناتیکیانەی مەزهەب موتوربەی دەکات. ئۆردوگانییەت کە تا ئێستا بچوکترین هەنگاوی نەناوە پەروەردەیەکی تازە ببەخشێتە مرۆڤی تورک لە ئەفسانە ئەتاتورکییەکان ڕزگاری بکات، بەردەوام لەسەر پاکڕاگرتنی یادەوری تورکیای دێرین، گۆڕستانی میللەتان، سەرزەمینی جینۆسایدە گەورەکان ئیشدەکات، هێشتا منداڵی تورک فێردەکرێت ئەوەی لەسەر زەمینی تورکیا دەژی، تورکە. هێشتا منداڵی تورک پێی ناگووترێت لە تورکیادا خەڵکانی تر و زمانی تر هەیە ڕێزیان لێ بگرە… بە بڕوای من شەرمە بۆ ڕۆشنبیرانێک لە ژێر هەر بیانوو بەهانەیەکدا بێت، سەر بە هەر نەتەوەیەکی خۆرهەڵات بن… ئەو جەوهەرە نەبینن کە ئۆردوگانیزم هەیەتی و ئەوەی مێژوو گۆڕیوێتی، بە کاری ناسیونالیستێکی وەک ئۆردوگانی بزانن.