گوتار

دەسەڵاتێکی نایاسایی و ئۆپۆزیسیۆنێکی پەرتەوازە

ئارام سەعید

 

نەخشەی هەڵوێستەکان بەرامبەر درێژکردنەوەی تەمەنی پارلەمان زۆر هەڵویست و کاردانەوەی سەیرو سەمەرەمان بۆ دەردەخات. پارتی و یەکێتی و گۆڕان بەرەسمی رایانگەیاند کە لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی پارلەمانن، هەلوێستێکی نادیموکراتی و ناشەرعی و نایاساییە، بەڵام هەموو ئەوانەی لە دەسەڵاتن یەک هەڵویستی یەکگرتوویان هەیە لەمەڕ ئەو مەسەلەیەدا ئەگەر جیاوازیشیان لەکارەکانی تردا هەبێت.

هێزەکانی تر بەمشێوەیەی لای خوارەوە:

یەکگرتوی ئیسلامی: دەستلەکارکێشانەوە

١٢ پارلەمانتارەکە بە کۆمەڵی دادگەرییەوە: کشانەوەو بایکۆتی پارلەمان

نەوەی نوێ: داخستنی حسابی بانک و موچە وەرنەگرتن و کشانەوە

هەر کاتێک خەڵک زانیاری راستی لەبەردەست بوو کە بە بەڵگەوە سەلمێنراون ئەوکات هەڵویستی پۆپۆلیستی کەمتر دەتوانێت گەشەبکات، چونکە پۆپۆلیزم ئەو تێروانین و کارکردنەیە لەسەر بنەمای راستیی و بەڵگەی سەلمێنراو کارناکات بەڵکو توڕەیی خەڵک لە سیاسەت بەکاردەهێنی و سودی لێوەردەگرێت و لەو بۆشاییەوە دێتە ژورەکانەوەو سۆزو هەستی خەڵک دەبزوینێ بەبێ ئەوەی بەرنامەی گۆڕین و دەستکاریکردنی واقیعی هەبێت… ئەوکاتەی خەڵک ناڕازی و توڕەیە زانیارییەکانی دەسەڵات وەرناگرن ئەگەر راستیش بێت هەربۆیە هەموو هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ قەناعەتکردنی هاوڵاتیان بە زانیارییەکانی شکست دەهێنێت و خەڵک دوای وەهمی پۆپۆلیستەکان دەکەوێت…

تائێستا نەخشەی دەسەڵات روونە کە دریژەدانە بەنایاسایی بوون بەڵام ئەوەی روون نیە نەخشەی ناڕازیی و ئۆپۆزیسیۆنە جۆرێک لە سەرلێشێوانی تێدایە، چونکە هەریەک لەو هەڵوێستانە جیاوازە لەوی ترو نەیانتوانی پێکەوە یەک بریار بدەن و پەڕەیەک ئامادە بکەن و یەک بەرەو یەک هەڵویست بن، بەنمونە یان موچە وەرناگرن، هەندێکی تر هەر باسی موچە ناکەن و باسی بایکۆتی سیاسی دەکەن، هەندێکی تر باسی کشانەوە دەکەن، هەندێک دەستلەکارکێشانەوە.. کە رەنگە لەرۆژانی داهاتوو هەموان خەریکی ئەوەبن لایەنگرانیان گۆش بدەن بەوەی بۆ وایانکردووە.

نەخشەی سیاسی ئەم هەرێمە دەسەڵاتێکی نایاسایی و ئۆپۆزیسیۆنێکی بێ ستراتیژ و پەرتەوازەوەی هەیە….

تێبینی: سەرنجی من تەنها لەسەر ئەوەیە نەیانتوانی یەک هەڵوێست بن دەنا تاک تاکی هێزەکان و هەڵوێستیان دەکرێت شیکردنەوەی بۆ بکرێت و هەریەکەیان بەجیا دەکریت قسەیان لەسەر بکرێت..

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...