٤٨ رۆژ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی
کەمال چۆمانی
لە وەسفی شۆڕشی بەلشەفییەکان\روسیا، شۆڕشگێڕی چەپی روسی لینین قسەیەکی بەناووبانگی هەیە، دەڵێ: <<هەندێک دەیە هەن هیچ شتێک تێیاندا روونادات، و هەندێک هەفتەش هەن تێیاندا چەندان دەیە روودەدات.>> یەکێک لە پێناسە سادەکانی شۆڕش گۆڕانێکی خێرای گەورەیە. کە بەهاری عەرەبی روویدا، کەس چاوەڕوانی نەدەکرد لە ماوەی کەمتر لە مانگێک دو دیکتاتۆری گەورەی ناوچەکە لەسەر حوکم لاببرێن دوای دەیان ساڵ. واتا، وەک لێنین گوتی، زیاد لە چل ساڵ هیچ رووینەدا، بەڵام لە یەک هەفتەدا بەشی چل ساڵ روویدا. ئێستا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رێک ئەو بۆچوونەی لینین دوبارە دەبێتەوە. زیاد لە چل ساڵە هێندەی ئەو چل و هەشت و رۆژە رووداو روویاننەداوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. ئەو ساتەوەختە مێژوویییە شۆڕشگێڕییە، ئەگەر ئەنجامەکەی رووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش نەبێ، ئەوا بەدڵنیایی مێژووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە پێش کوشتنی #ژینا_ئەمینی. ٤٨ رۆژە شۆڕشی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە ستەمکاریی کۆماری ئیسلامیی لە دەورەی ژن، ژیان، ئازادی کۆی گروپ و نەتەوە و هەرێم و شارەکانی ئێرانی کۆکردۆتەوە. ئەو شۆڕشە بەدڵنیایی سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لەو وڵاتە و ناوچەکەشدا.