گوتار

دوو چەپڵە، دوو قسە

عه‌دنان عوسمان

دوو قسەو دواتر دوو چەپڵە، دۆخی حوکمڕانی و ئاستی دەستەبژێر “نوخبەی” سیاسی و رۆشنبیری وڵاتی بە رۆشنی دەرخست.

ئەو دوو قسەیە لە دوو کارەکتەری گەنجی حوکمڕانەوە، کە ماوەیەکە بەهاوبەشی ئیدارەی ئەم هەرێمە ئەکەن و نوێنەری عەقڵی تازەی نیولیبرالن لە کوردستاندا “بە خراپترین ڤێرژنیەوە”، کورتکراوەی خەم و ئیرادەو ئەولەویەتی ئەو نوخبەیە پێشان ئەدات، لە بەردەوامیدان بە سیاسەتی ئابوری بێپلان و پاشانیش شانخاڵی کردن لە بەرپرسیارێتی و، ئاوێتەبون لەگەڵ رەخنەگری خوار ستەیج و هاوڵاتی ئاساییدا، بێ خستنەڕوی هیچ چارەسەر و دیدگایەکی نوێ.

دوو چەپڵەکەش دەرخەری عەقڵیەتی نوخبەی رۆشنبیرو سیاسی ئەم ساتەوەختەی کوردستانە کە خاڵی بوە لە عەقڵی رەخنەگرتن و مەسافەدانان لە گوتاری حەماساوی دەسەڵات.

لە دیداری میریدا، کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەم کابینەیە، وتی ئەوان لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا، نەک هەر قەرزیان نەکردوە بەڵکو دوو ملیار قەرزیشیان داوەتەوە! بەرامبەر بەوەش کە بەشێک لە داهاتی ئەم نیشتمانە کە نازانرێت بە چ هۆکارێک تەرخان کراوە بۆ دانەوەی قەرزێک کە نازانرێت بۆچی کراوە، نوخبەی سیاسی و رۆشنبیری ئامادەبوو چەپڵە رێزانیان کرد! لە کاتێکدا ئەبوایە جورئەتی ئەوە هەبوایە بپرسن: لەم سێ ساڵە پلانی ئابوریتان چی بوە؟ کوا بودجەی ساڵانەتان، کوا حسابی خیتامیتان؟ ئەو قەرزانە بۆ؟ کێ هۆکارە؟ ئەی بۆ قەرزی هاوڵاتیانی دەست کورت نادەنەوە؟ پاشان گەر سەرقاڵی قەرز دانەوەن، ئەی خێرە ئەم هەمو ملیاردێرە حزبی و بنەماڵەییە هەڵتۆقیون؟؟ پرسیاری گرنگتر ئەوەیە ئەگەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت نەبوایە، ئێوە دیسان ناچاری قەرز نەئەبون؟ دیسان ناچاری هەژارترکردنی هاوڵاتیان نەئەبون؟. لە کاتێکدا سیاسەتە ئابوریە نیولیبرالیەکەی ئێوە تەنها لە خەمی کەسانی دەوڵەمەندو بازرگان و خاوەن کۆمپانیا گەورەکاندایە کە بنەماڵە دەسترۆیشتوەکان تیایدا هاوبەشن.

هەر لەو دیدارەدا کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەم کابینەو کابینەی رابردوش، بە رویەکی بەشوشەوە باسی لە میحنەتی ناوچەیەکی گرنگ و بەرفراوانی هەرێمی ژێر دەسەڵاتی خۆی کرد کە کۆیەیە. لەوێدا خراپترین پێناسەی ئەو ناوچەیەی کرد کە گوایە وەک ناوچەی مادەی ١٤٠ی نێوان هەردو زۆنی ژێر چەپۆکی پدک و ینکی لێهاتوە! بەرامبەر ئەم دەستەواژە ترسناکە، کە پڕاوپڕە لە بێئیرادەیی و دەستەوەستان و گوێنەدات و لاموبالات و بەخەمەوە نەهاتن، هەمان دەستەبژێری ئامادەبوو، بە چەپڵە رێزان پێشوازیان لەو قسانە کرد!

کەسیش نەیپرسی ئەی تۆ ئەم ماوەیە سەرقاڵی چی بوی و چیت؟ یانی چی ئاوا بە شانازیەوە باسی دوو ئیدارەو دوو زۆن ئەکەن و هێشتا خۆتان بە سەرۆک و جێگری کابینەش ئەزانن کە گوایە یەکگرتوە؟ هەموشمان ئەزانین مادەی ١٤٠ لە سایەی دەسەڵاتی بارزانی باوک و تالەبانی باوک چی بەسەرهات و چۆن بوە ئاردی نێو دڕک، کەچی هێشتا ناوچەیەک کە هەردوکتان تیایدا حوکمڕانن و ناوجەرگەی هەرێمەکەتانە، هەروا بە ئاسانی بە ناوچەی ١٤٠ی دەشوبهێنن. بەوەش دەتانەوێت بەرپرسیارێتی ئەو حوکومەتە شێواو و لەرزۆکە لە ئەستۆی خۆتان بکەنەوە؟!

چەندە قسەی ئەو دوو بەرپرسە ئازاربەخش و نا بەرپرسانەیە، چەپڵەکان زیاترو سەختر ئاماژەن بۆ واقعی هەرێمەکەو بێخەمی دەستەبژێری سودمەند.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...