وتووێژ

وتوێژ لەگەڵ زیگمونت باومان؛ عەشقی شل، دەربارەی شلۆکی پەیوەندییە مرۆییەکان

سازدانی: پڕۆفیسۆر فیۆنا ئاتوود (زانکۆی میدڵسێکس، بەریتانیا)

وەرگێڕانی: شەهلا نەجمەدین

زیگمونت باومان، کە لە تەمەنی نەوەدو یەک ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، زیاتر بە شیکارییەکانیدا بۆ جیهانگیری، دەسەڵات، نایەکسانی و چەمکی ‘مۆدێرنەی شل’ دەناسرێتەوە: لە دۆخی هەنوکەدا، پێکهاتە کۆمەڵایەتییە چەسپاوەکان و دامەزراوە تۆکمەکان، واپێدەچن توابنەوە’. وەک مارک دەیڤس و تۆم کامبێڵ لە پرسەنامەکەیاندا بۆ باومان ساڵی (٢٠١٧) ئاماژەیان بۆ کردووە؛ کارەکانی باومان بە تایبەت لەنێو گەنجانی چالاکوانی پێشکەوتووخوازدا کاریگەری داناوە، و بەم دواییانەش قەیرانی پەنابەران و هەڵکشانی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەوی لە سەرانسەری ئەوروپا و ئەمریکادا، شیکارکردووە.

هەروەها کارەکانی باومان لە تیۆریزەکردنی پەیوەندی و ئیرۆتیزمی ئەمڕۆدا، بایەخی خۆیان هەیە. لەم ڕووەوە، سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی چۆن تاکگەرایی و مەسرەفگەرایی جێی هاوڵاتیبوونیان گرتۆتەوە. لە کتێبەکەیدا (عەشقی شل)[١] باس لەوە دەکات کە پەیوەندییەکان بوونەتە پەیوەندی ‘ئاسان هاتنەناوەوە و ئاسان چوونەدەرەوە’ (لاپەڕە١٢)، پەیوەندییە مرۆییەکان بوونەتە پەیوەندی ‘سووک و شل’ (لاپەڕە١١). لە وتارە نایابەکەیدا  ‘دەربارەی بەکاربردنە پۆستمۆدێرنەکانی سێکس’[٢]، ئەو شێوازانە تاووتوێ دەکات کە ئیرۆتیزم لە وەچەخستنەوە و عەشق جیادەکاتەوە و دەبێتە ئەو شتەی ‘تەنها خۆی بەس بێت، هەر خۆی هۆ و خۆی ئەنجامیش بێت’، و هەڵگری هەم پێویستیی و هەمیش ‘سووکیی و ناجێگیریی(بەهەڵمبوون)’ بێت (١٩٩٩:٢٢).

باومان ئاماژە بەوە دەدات چۆن سوبێکتە پۆستمۆدێرنەکان هاندەدرێن دوای حەز و پاڵنەرە وروژێنەرەکان بکەون و ئەزموونی سێکسیی کەڵەکە بکەن؛ بۆئەوەی هەمیشە پڕ لە وزە بن و بەردەوام بەدوای سێکسەوە بن و گرنگی پێ بدەن، بەڵام ئەم شوێنکەوتنە دژبەر و مەحاڵە، لە یەک کاتدا پێویستی بە نوقومبوونی تەواوەتی و هاوکات دوورکەوتنەوەشە. ‘کۆتا ئەزموونی سێکسیی، کارێکە بۆ هەتایە لە داهاتوودا دەمێنێتەوە’،  لەبەرئەوەی ‘هیچ یەکێک لە ئەزموونە سێکسییەکان نابێت بە ئەزموونێکی سێکسی ڕاستەقینەی ڕەزامەند، بۆیە پێویستییەکی بەردەوامیان بە ڕاهێنان، ڕێنمایی، ڕاوێژ و ڕێچکە و ڕەچەتە و دەرمان و ئامێری ناپێویست هەیە’ (١٩٩٩:٢٤).

لە هاوینی (٢٠١٤)دا و لە ماڵەکەی خۆیدا لە (لیدز) چاوپێکەوتنم لەگەڵ زیگمونت باوماندا کرد، ئەوەش وەک بەشێک لەو زنجیرە چاوپێکەوتنانەی دەربارەی سێکسواڵیتی لەگەڵ تیۆرسێنە بەتواناکانی سێکسواڵیتیدا ئەنجاممدابوون. باومان پێی ڕاگەیاندم کە بەئەستەم دەتوانێت ببیستێت و زووش ماندوو دەبێت، بۆیە پێشتر پرسیارەکانم بۆ نارد و کاتێک گەیشتمە لای ئەو، دیاربوو بە باشی خۆی بۆ وەڵامدانەوەیان ئامادەکردبوو. ئەو بێئەنداز بەخشندەبوو، شیلک و کرێم و چای حازری پێشکەشکردم. کە ماندوو دەبوو، دەوەستاین و پێی دەوتم کە قسەی زۆر کردووە ‘ئەم کاتژمێرە زیاترە لەوەی لە تەواوی هەفتەیەکدا دەیڵێم’. باومان دوای خۆی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە و سروشبەخشی بۆ جێهێشتین، مۆدێلێک لە سۆز و دڵگەرمی و ڕەوانبێژی، سەرقاڵ بە دونیای کۆمەڵایەتی و پرسیاری گرنگ دەربارەی ژیانی مرۆیی.

ئاتوود: لە (عەشقی شل) دا، ئاماژە بەوە دەدەیت کە پەیوەندییە مرۆییەکان تا دێت زیاتر لەرزۆک و کەمخایەن دەبن. هێشتاش هەمان بۆچوونت هەیە؟

باومان: لەمڕۆدا، هەر لەگەڵ چوونە ناو پەیوەندی پابەندانەوە، خەڵکی تا ڕادەیەکی زۆر لە دڵەڕاوکێی سیناریۆی هاتنەدەرەوەدان لە پەیوەندییەکە. کاتێک دوو کەس دەگەنە ئەوەی پێکەوە بژین هەمووشتەکە دەبێتە ‘با ببینین بزانین شتەکان چۆن دەڕۆن. با ببینین بزانین شتەکان چۆن دەڕۆن’. ئەمە پەیوەندییەکە شلۆک دەکات، لەبەرئەوەی گەر بەڵێن بە یەکتری بدەن، پەیمانی وەفاداری ببەستن، ئەوکات، تەنانەت گەر ڕووبەڕووی سەختی و دژواریش ببیتەوە، ئەوا لەوێدا دوو کارەکتەر، دوو دەسەڵات، یەکدەگرن. پێویستە دانیشن و گفتوگۆ بکەن لەبارەی ڕابوردوویان، هاوڕێکانیان، خووەکانیان، ئارەزووەکانیان، و بەو شێوەیە… هەمیشە شتانێکی زۆر دراماتیکیین. بەربەست و سەختی زۆر هەن. جاران، جیابوونەوەی هاوسەرەکان وەک ئێستا شتێکی بەربڵاو نەبووە. هەنوکە، بابەتەکە بووەتە شتێکی ڕۆتین، نەک کێشەیەک. گەر دەتەوێت جیابینەوە، باشە، با جیابینەوە. هەر ئەوەندە. زۆرینەی جیابوونەوەکانیش لە ساڵی یەکەمی هاوسەرگیریدا ڕوودەدەن.

ئاتوود: بۆچی؟

باومان: تەنیا لەبەرئەوەی ڕۆمانسییەت لە پەیوەندییەکەدا نەماوە. تۆ دەزانیت، خەڵکی کاتیان نییە گفتوگۆ دەربارەی پێکەوەبوونیان بکەن، چۆن ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، ٧ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا پێکەوە بژین. گەر بزانیت چوونەدەرەوە لە پەیوەندییەکە ئاسانە، ئەوکات تەنانەت بچووکترین ناکۆکی بەسە بۆئەوەی بازت بەسەردا بدەن و هەڵتدەنە لاوە و لەبیرتکەن. هەموو ناکۆکییە بچووکەکان و سەختییە پڕوپووچەکان،  بۆ ئاستی ناکۆکی ڕیشەیی هەڵدەکشێن، ئەوەش نائومێدکەرە.

ڕۆژانێک، زۆریش لەمەوبەر نا- تۆ لە یادت نییە تۆئەوکات مناڵ بوویتە- بەڵام من بیرمە جاران ئامێرێکت بە نیازی پاراستن و هێشتنەوەی بۆ چەندین ساڵ دەکڕی. گەر ئامێرەکە بشکایە، هەمیشە دەوتوانی چاکی بکەیتەوە، تەنیا ئیشت تیادا دەکرد و چاکتدەکردەوە. ئێستا کە دەشکێت، دەچیت بۆ بازاڕ و دانەیەکی تازە دەکڕیت. گەر ئەو کاڵایەی کە کڕیوتە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی تۆدا نەبێت، یان گەر ببیستیت لە تەلەفزیۆن، یان فەیسبووک، یان لەسەر ئینتەرنێت، یان هەر شتێکی تر کە هەریەک لە ئێوە بۆ ئامێرێکی باشتر دەگەڕێت بیکڕێت، ئەوکات هیچ هۆکارێک نامێنێت بۆ ئەوەی کە نەیگۆڕیت. تا ئاسانکارییەکانی پەیوەندی بەستن یان تێکشکاندن بەردەستتر بێت، شلۆکی دروستدەبێت. بەڵام وا ئێمە ئەو توانا و شارەزاییانە لەدەستدەدەین کە بەڕاستی بۆ پتەوکردن و جێگیرکردنی پەیوەندییەکانمان پێویستن. ئەشق شتێک نییە بیدۆزیتەوە، ئەشق پێویستی بە دروستکردن و سەرلەنوێ دروستکردنەوە هەیە. هەمیشە و بۆ هەموو ژیان. وە ڕێچکەکەش ئەوەیە تەواوی توانای خۆمان بخەینەگەڕ تا ئەو کاتەی مردن لە یەکمان جیادەکاتەوە. نەک شتێک تۆ بتوانیت موعجیزەئاسا بیدۆزیتەوە یان لەناویببەیت، یاخود تەنیا وێبسایتێک بکەیتەوە و بەدوای ژووانێکدا بگەڕێیت و تەواو.

خەڵکی لەناو کۆمەڵێک دژیەکی و ناکۆکی جەوهەرییدا دەژین، ململانێیەک لەنێوان تامەزرۆییمان بۆ ئەو شتانەی کە سادە و ئاسانن، ئاسوودەبەخشن، دەبنە هۆی حەسانەوەمان لە ژیاندا، و لە هەمان کاتیشدا، تامەزرۆییمان بۆ نزیکیی لە یەک، بۆ ئەشقێکی ڕاستەقینە، عەشقێکی قووڵ، پێکەوەبوون، هەیە. پێکدادانێک لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە. بەڵام بیرۆکەی پێشکەوتنی ئەمڕۆ، بیرۆکەی قوتاربوونە لە کێشەکان، ئاسانکردن و سوککردنی ژیان، پێدان و وەرگرتنی ئەنجامە خێراکان. وەک قاوەی حازر، تۆ تەنیا هەندێک پاودەری قاوە دەکەیتە کوپێکەوە و هەندێک ئاوی تێدەکەیت و دەیخۆیتەوە، هەر ئەوەندە. بۆیە بەڵێ، وەڵامی من ئەوەیە؛ کە پەیوەندییە مرۆییەکان، تا دێت زیاتر شلۆک و کەمخایەن و زووتێپەڕ دەبن. ئەوەشت لەیاد بێت؛ توێژینەوەکان ئەم ڕاستییە پیشان دەدەن، من دروستم نەکردوون. خەیاڵی من نین. ڕاستییەکی تاڵ- لە ئەمریکا، کە وەک هەمیشە پێشڕەوی پێشکەوتنە، ٨٠٪ی هاوسەرگیرییەکان بە جیابوونەوە کۆتاییان دێت، ئەمە بۆ هاوسەگیری یەکەم، بۆ هاوسەرگیری دووەم و سێهەم، جیابوونەوە تەنانەت لەو ڕێژەیەش زیاترە. جیابوونەوەی یەکەم سەختە، هێواشە. دووەمیان ئاسانترە. سێهەمجار هیچ سەختییەکی تیادا نامێنێت و بێ کێشە ڕوودەدات. وەک دەردەکەوێت ٤٠٪ی منداڵانی ئەمریکی لە ماڵێکدا لەدایکدەبن بە بێ باوک. ٤٠٪. نزیکەی ٦٠٪ی منداڵانی ئەمریکا لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیاندا، بە بێ یەکێک لە باوانیان ئەزموونی ژیان دەکەن.

خواستی ئەوینێکی قووڵ هەیە، کە هەموو خولەکێک پێکەوەبوون وەک ساتی ئەبەدییەت ژیان بێت، بۆ هەتایە بەردەوام بێت. بەڵام بەیانی دواتر، خەڵک وەئاگادێن- ئۆە، ئەوە ترسناکە. بۆ هەتایە بەردەوام بێت؟ بە بێ توانای وەلانان و فڕێدان لە ئەگەری ئەوەدا هەموو شتێک بە شێوەیەکی گونجاو نەڕۆی؟ ئەمەیە وا لە خەڵک دەکات لە ساتە خۆشەکانیاندا ناجێگیر و لەق بن. ئەمەش بێ زیادوکەم دژیەکییە. لە لایەک دڵنیاییان دەوێت؛ دەمەوێت بژاردەی ئەوەم بەدەستەوە بێت هەرکات ویستم لە پەیوەندییەکە بێمە دەرەوە، گەر بە باشی نەڕوات. بۆ هەتایە پابەند نابم. دەتوانم دانەیەکی نوێ دەستپێبکەم. هەمیشە چانسی ژیانێکی تر هەیە، شوناسێکی تر. ئەمە لە لایەک. لە لایەکی دیکە، ئەزموونی ڕاستەقینە، زۆر قووڵ، زۆر شادیبەخش، زۆر دڵخۆشکەرە کاتێک دوو شوناس پێکەوە کۆدەبنەوە، یەکتری تەواودەکەن، شادی بە یەک دەبەخشن. ئێستا چۆن ئەوە بسازێنین؟ هیچ شتێک نییە وا بکات لە یەک کاتدا چێژ لە هەردوو شتەکە ببینیت. وەک ئینگلیز دەڵێت: کێکێکت هەبێت و…

ئاتوود: و بیشیخۆیت؟

باومان: ناتوانیت بیشیخۆیت. بۆیە هەمیشە، هەمووکات، لە ساتە هەرە شادیبەخشەکاندا، هەست بە دڵەڕاوکێیەکی ناوەکی دەکەن، چونکە بژاردەکەی دیکەیان لە مەترسیدایە. تۆ ناتوانیت لە یەک کاتدا هەردووکیانت هەبێت. من حوکم نادەم، تەنیا ئەوە بە بیردا دەهێنمەوە کە دەست بخەیتە سەر هەر بژاردەیەک، شتێک بەدەستدەهێنیت و شتێک لەدەستدەدەیت. هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بەداخەوە ناتوانیت هەردووکیانت هەبێت. بۆیە خەڵک خۆی بۆ یەکلا نابێتەوە، ڕاڕا و دوودڵە. لەنێوان دوو هێزی یەکساندا، کە پێویستییەکی بەرهەڵستنەکراون لە ناوەوەی ئێمەدا، ئەمسەروسەر دەکەن.

ئاتوود: هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە پەیوەندییە مرۆییەکان و پێکەوەگرێدراوییان connections بەدی دەکەیت لەم ساڵانەی دواییدا؟

باومان: نازانم گەر ئەرێنی بێت یاخود نا. چارەسەرە جێگرەوەکان هەن. جێگرەوەن، نەک چارەسەری کێشەکان. زۆربەی کێشەکان بۆ ژێر بەڕە ڕادەماڵرێن، لەبەرچاو لایاندەبەن، دەیانشارنەوە. هەستێک دروستدەکەن گوایە هەموو شتێک باشە. ئەو شتە لەبیردەکەن کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە زۆر باش نییە، تەنیا خۆیان لە فشاری بیرلێکردنەوەی دەدزنەوە. نموونە؟ باشە، ئێمە باسی فەیسبووکمان کرد، ئاماژەمان بە تویتەر دا، داهێنانێکی ئێجگار گەورە کراوە. تۆ Walkman[٣]ت لەیادە؟

ئاتوود: بەڵێ، بەڵێ.

باومان: بیرتە چۆن Walkman خرایە ناو بازاڕەوە؟ بانگەشەکە چی بوو؟ بانگەشەکە ئەمە بوو: ‘هەرگیز جارێکی تر بە تەنیا نابیت’ هەرگیز جارێکی تر تەنیا نابیت. بۆ یەکەمین جار دەتوانیت بە تەنیا بچیت بۆ دارستان، لە شوێنێک، دوور لە خەڵک، لە مێرگێک پیاسە بکەیت، هیچ کەسێک لە پەناتدا نەبێت. گەر کەسێک بانگیشت بکات، بۆت گرنگ نییە، تۆ تەنیا گوێت لە ئامێرەکەت گرتووە. هەرگیز شتێکی لەم شێوەیە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا نەبووە. کاتێک بەتەنیا دەبوون، بەتەنیا دەبوون. نوقتە. هەنوکە، کە تۆ بە تەنیایت، هێشتا گوێت لە دەنگی مرۆڤەکانە لە شوێنێکەوە دەتدوێنن، قسەت لەگەڵ دەکەن، تەنانەت گۆرانیشت بۆ دەڵێن. ئامێرێکی نایابە، دەتوانیت بە بێ قسەکردن، ببیستیت.

ئاتوود: تۆ ئاماژەت بۆ ئەوە کرد کە ئێمە بەرەو دۆخێک دەچین لەبری پەیوەندییەکان relations و ‘پەیوەندییە ڤێرچواڵییەکان’، هاوبەندی بەرز دەنرخێنین. باست لەوە کرد چۆن تەکنەلۆژیا ڕێگەی بۆ ئەوە کردۆتەوە کە پەیوەندییەکان ‘زۆر ماوەکورتتر و ڕوواڵەتیتر و بەتینتر و کەمخایەنتر’ بن. ئەمە بەر لە دروستبوونی فەیسبووک لە (٢٠٠٤) و تویتەر لە (٢٠٠٦). بە بڕوای تۆ، گەشەسەندنی تەکنەلۆژیی، چۆن کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانمان داناوە لەوکاتەوەی تۆ عەشقی شلت نووسیوە؟

باومان: باشە، فەیسبووک شتێکی جیاوازی دروستکرد. تۆ دەتوانیت قسە بکەیت، دەتوانیت ئەوی تر بدوێنیت، دەتوانیت لەگەڵ کەسێکدا گفتوگۆ بکەیت، تەنانەت گەر ئەو کەسە سەدان هەزار کیلۆمەتریش لە تۆوە دووربێت. دڵنیایی ئەوەت هەیە کە ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و ٧ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، هەمیشە کەسێک هەیە ئامادەی وەرگرتنی نامە و تەنانەت وەڵامدانەوەشتە. کاتێک تۆ شتێک لە تویتەردا بڵاودەکەیتەوە، لە یەک کاتدا بۆ هەزاران کەس، نەک یەک کەس، نەک یەک هاوڕێ، هاوڕێیەک کە هیچ جێگرەوەیەکی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دواجار دەتوانیت بیگۆڕیت بە سەدان کەسی تر، تۆ تەنیا پەیوەندی دەکەیت، ڕیپۆرت دەکەیت، یان ئاد دەکەیت لە فەیسبووک. خەڵکانێک هەن شانازی بەوەوە دەکەن بڵێن لە یەک ڕۆژدا ٥٠٠ هاوڕێیان گرتووە، بە هەموو ژیانم ٥٠٠ هاوڕێم نەبووە، تا ئێستا نزیکەی ٩٠ ساڵ ژیاوم. بۆیە وەک دەبینیت، جیاوازی هەیە.

ئەمە بەو مانایە نایەت کە چیتر ئەوان تەنیا نین، لە ڕاستیدا، لە ژیانی واقیعییدا، ئەوان لەژێر هەڕەشەی پێگەی کۆمەڵایەتیدان، لەبەرئەوەی ڕێی تێدەچێت ئەو کۆمپانیایەی ئەوان ژیانی خۆیانیان پێ سپاردووە، لەناوبچێت، ئەوکات ئەوانیش پێگە کۆمەڵایەتییەکەیان، کە لەڕێی کارێکی زەحمەتەوە بەدەستیان هێناوە، لەدەست دەدەن. ڕەنگە لەلایەن کۆمپانیای گەورەترەوە لووشبدرێت، دەشێت هەموو شتێک لەدەست بدەیت. بۆیە ترسی ئەوەی وازتلێبهێنرێت و دەستتلێهەڵگیرێت، ترسی ئەوەی دوورخرێیتەوە یان دەرکرێیت، ترسێکی وەهمیی نییە، بەڵکو تەواو ڕاستەقینەیە. ئەو واقیعەیە کە ئیتر دەبێت تەنیا بژیت. لەمڕۆدا، گەنجان هەر لە تەمەنێکی زۆر لاوییەوە دەچنە ناو جۆرە ژیانی کەسی پێگەیشتووەوە؛ جۆرێکی جیاواز لە ژیان. هیچ داهاتوویەکیان نییە، نە پیشەیەک و نە سەرکەوتنێک و نە ئاسۆیەکییان، نییە. ترسی لەدەستدان، ترسی ڕوو وەرگەڕان، ترسێکی زۆر ڕاستەقینەیە. خەیاڵکراو نییە. بەڵام کاتێک تۆ لەبەردەم کۆمپیوتەرەکەتدا دادەنیشیت، بەهۆی کۆبوونەوەی ئەو خەڵکەوە، ڕەنگە ئەمەت بیر نەبێت. ئەمە پەیوەندی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو هاوبەندییە. بەڵام نەچوونە ناو ڕیزیشەوە لەگەڵ ئەوانی تردا، دیسان سەخت و ئەستەمە. بەپێی کۆتا توێژینەوەکان، تێکڕا کەسێک حەوت کاتژمێر و نیو لە ڕۆژێکدا- واتا نیوەی ئەو کاتەی کە بەخەبەرە- لەبەردەمی سکریندایە، نەک بەردەم مرۆڤێکی تر، بەڵکو لەبەردەم سکریندا. هەموو جۆرەکانی سکرین؛ لاپتۆپ، دێسکتۆپ، ئایفۆن، ئایپاد. ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە شاشەکان نابینەوە. تۆ بۆ هەرکوێیەک دەڕۆیت، شاشەکان لەگەڵ خۆتدا هەڵدەگریت. گەر بێتو بیرتچێت هەڵیگریت لەگەڵ خۆت، وا هەست دەکەیت پانتۆڵەکەت یان تەنورەکەتت بیرچووە لەپێیکەیت. بۆیە، وەهمەکە ئەوەیە دواجار ئێمە تەنیا نین. بەڵام لە دونیای ئۆنلایندا، کە ئێمە خوومان پێوەگرتووە، تەنیا خەم و نیگەرانییەکانمان دەخەینەلاوە. بەڵێ، لەبیری دەکەیت، چونکە پەستان و فشاری بەردەوام پەیوەستبوون بە سەدان کەسەوە؛ تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتیی نیگەرانیەکانمان دادەمرکێنێتەوە.

ئاتوود: تۆ وتت خەڵک وەهمی، یان هەستی ئەوەیان هەیە کە پێکەوەگرێدراون. پێتوایە تەکنەلۆژیا دەبێتە ڕێگایەک بۆ دروستکردنی پەیوەندی ڕاستەقینە؟ یاخود تەنها پەیوەندی وەهمیین. وەهمی پەیوەندیکردن communication و هاوبەندین؟

باومان: ڕێساکان بەپێی ئەوەی کە لەسەر هێڵیت یاخود نا، جیاواز کاردەکەن. بۆ نموونە؛ مرۆڤەکان لە ئازاردا دەژین، هەنوکە کێشەیەکی گەورە هەیە- کۆچی بەکۆمەڵی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک. لەناکاو تەواوی ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیت دەگۆڕێت، کارەکتەر دەگۆڕێت، خەڵک بە زمانی جیاواز، بە ئارەزووی جیاواز،  بە شێوەژیانی جیاواز لە خۆت، دەبینیت. بۆئەوەی تۆ پێشبینییە ڕاهاتووە تاقیکراوەکانت لەدەست نەدەیت کە وای لە ژیانت کردووە لانی کەم پارێزراو و دڵنیا دەرکەوێت، بۆیە دەتەوێت هاوسێکەت کەمتر یان زیاتر پێت ئاشنا بێت. بە ڕەفتارەکانیاندا دەزانیت کە چاوەڕوانی چییان لێ بکەیت؛ چ سوود و کەڵکێکیان دەبێت بۆت، چ زیانێکت پێدەگەیەنن. لەپڕ، ژمارەیەکی زۆر لەو نامۆ و غەریبانە دێنە بەردەمت، کە زۆر قورسە بیانخوێنیتەوە، گەر دەربڕینەکە ڕاست بێت. ئەوانیش ئێستا لە جیهانێکی فرە-ناوەنددا دەژین کە یەک پلەبەندی، یان بەها، یاخود لەپێشترێتی و بەهاگیرییەکەی جێگیر و هاوبەشیان نییە. تۆ بەرەوڕووی ڕوانگە دژبەیەکەکان دەبیتەوە، تاقمێک ستاییش دەکەن و تاقمێکی دیکە سەرکۆنە؛ بۆ هەر تێزێک، ئەنتی تێزێک هەیە، کەشەکە دۆڕانێکی گشتییە. نادڵنیایی، بەستراوەتەوە بە نادڵنیاییەوە، نازانیت چۆن ڕەفتار بکەیت. وە کاتێکیش دەڕۆیتە دەرەوە لە ماڵەوە، بۆ پیاسەیەک بێت بە شەقامدا، یان کاتی چوون بۆ کار، یان زانکۆ، یان ئەو قوتابخانەیەی لێی دەخوێنیت، لەناو ئەو جیهانە ئۆفلاینەدا، بە تەواوی لەبەردەم ئەمەدایت؛ لەبەردەم ئەم فرەچەشنییە لەڕادەبەدەرەدایت؛ پەیامی هەمەجۆر کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ تۆ هاتوون، ڕێکیاندەخەیت تاوەکو ڕێی خۆت لەنێوان ئاماژە دژبەیەکەکاندا بدۆزیتەوە، بۆئەوەی بژاردەی خۆت بکەیت و بەرپرسیارێتیت لەسەر بنەمای بژاردەکانت بونیاد بنێیت.

دواتر دێیت بۆ ناو جیهانە ئۆنلاینەکەت، پشوویەک وەردەگریت. لە کۆتاییدا دوور لەو هەموو وێرانە و فەوزایە، پەناگەیەک دەدۆزیتەوە. لەسەر هێڵی ئینتەرنێت و لە جیهانی ئۆنلایندا، جیاواز لە جیهانی ئۆفلاین کە لەسەر هێڵ نیت، تۆ دەتوانیت هەر بە لای بابەتەکاندا بڕۆیت و تێیانپەڕێنیت، دەتوانیت هەموو ئەو شتانە فەرامۆش بکەیت کە لە جیهانی ئۆفلایندا دڵەڕاوکێ و نیگەرانییت بۆ دروستدەکەن. جگە لەو دیمەن و بیرۆکانەی کە حەزیان پێدەکەیت، کە دڵخۆشت دەکەن وچی و چی… کۆمەڵێک تێڕوانین و خواستی دیکە هەن کە تۆ پەسەندیان ناکەیت و زۆر بە تووندی ڕەتیاندەکەیتەوە؛ شتانێک هەن کە بەڕاستی وات لێ دەکەن هەست بە پەستی و ناڕەحەتی بکەیت، بوونیان هەراسانت دەکەن، لەسەر ئینتەرنێت؛ تۆ دەتوانیت هەموو ئەوانە لاببەیت و بیانسڕیتەوە. گەر بەناو ماڵپەڕێکدا بگەڕێین کە ئەو بیرۆکانە بڵاودەکاتەوە کە هەستی نائاسوودەییمان بۆ دروستدەکەن، تۆ تەنیا کلیک لەسەر ‘سڕینەوە-delete’ دەکەیت. لە واقیعی مەجازییدا گروپێکی تر دەبینیتەوە کە تەنیا ئەو کەسانەی لێن کە وەک خۆت بیردەکەنەوە، چەپڵەت بۆ لێدەدەن، پشتگیری لە ئایدیاکانت دەکەن و بیرۆکەکانت بەرزڕادەگرن، لەوێدا تەنیا ڕێگە بەو جۆرە کەسانە دەدرێت قسە بکەن و بەمەش ڕەنگە تۆ لەو باوەڕەدابیت کە لە ڕووبەرێکی ئارامدایت، بەڵام ئەوە وەدەست نایەت. وەک پێم وتیت؛ کاتێک تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ سەر کارەکەت، خەڵکی جیاواز دەبینیت، ڕەنگی جیاواز و ئایدیای جیاواز لە دەوروبەرت دانیشتوون، تۆ دەبێت بکەویتە گفتوگۆ لەگەڵیان. وتوێژ دەکەن، دەمەقاڵێ دەکەن…هەوڵدەدەن بگەنە جۆرێک لە ڕێکەوتن. بەڵام کاتێک تۆ لە جیهانی ئۆنلایندایت؛ هەموو ئەوانەت لێوەردەگیرێنەوە، هەموویان وەلادەنێیت. لێکۆڵینەوەکان ئەوە پیشاندەدەن کە ئەو کەسانەی لەسەر هێڵن، لەو باوەڕەدان تۆڕی بەرفراوانی جیهانیی، ئاسۆی ئێمە بەرفراوان دەکات، توانای دەستڕاگەیشتنمان بە هەر شتێک، لە هەر شوینێک کە ڕوودەدات، بە هەموو وڵاتەکان و هەموو پرسەکان و هەموو ئایدۆلۆژیاکان، هەیە. هەموو شتێک لەناو چوارچێوەیەکدایە کە دەستمان پێی دەگات. پێویست ناکات خۆم ماندوو بکەم، هەموو شتێک لێرەیە و لەبەردەستمدایە. بەوەش بواری گومانی هاوبەش و ترس لە جیاوازییەکان دەڕەوێتەوە. لەڕاستیدا ئەنجامەکە پێچەوانەیە، لەبەرئەوەی زۆربەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ئەوە دروستدەکەن کە دەتوانین ناوی بنێین (دیوەخانی دەنگدانەوە) لەم دیوەخانەدا هەموو ئەو دەنگانەی کە تۆ دەتوانیت بیانبیستیت تەنیا دەنگدانەوەن.

 ئەوە شوێنێکی ئێجگار ئاسوودەبەخشە. بەڵام گەر ماوەیەکی زۆر لەناو ئەم دونیا ئۆنلاینەدا بمێنیتەوە، پاشان بێیتەوە ناو جیهانی ئۆفلاین، ئەوا نیگەرانی و پەشێویت دووهێند زیاد دەکات. ژیانکردن لەگەڵ جیاوازییەکاندا پێویستی بە ستراتیژ هەیە، وە زۆربەی جاریش ئێجگار سامناکە. کاتێک لەسەر هێڵیت، دەتوانیت لە ژیان لەگەڵ جیاوازییەکاندا هەڵبێیت کە لە بینینی ڕوو-بە-ڕوودا پێویستە. بەڵام کاتێک تۆ دەگەڕێیتەوە بۆ لای کەسانی تر، بۆ لای مرۆڤ، دەیانبینیت و بەرەو ڕوویان دەبیتەوە، ئەوکات تۆ گرفتت هەیە و لە کێشەدایت، لەبەرئەوەی تۆ ئەو شارەزایی و لێهاتووییانەت لەیادکردووە کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی تردا، پێویستیت پێیان هەیە. بۆیە، لەجیاتی یەکخستنی مرۆڤەکان، بەپێچەوانەوە، ناهێڵێت دەنگەکانی دیکە ببیستیت. ئینتەرنێت دەنگی تەنیابوون دەگۆڕێت بە دەنگی ئەوانی تر. وە بەوەش تۆ واز لەو شەڕە دەهێنیت کە لە بەرانبەر هەستی تەنیاییدا دەیکەیت، چونکە تۆ وەهمی ئەوەت لە ئینتەرنێتەوە بۆ دروستبووە کە گوایە تەنیا نیت. وەک دەزانیت (مارک زوکەربێرگ) کە دامەزرێنەری فەیسبووکە، بڕی ٥٠ پەنجا ملیار دۆلاری لە بۆرسەدا پەیداکردووە، بە چی؟ بە ترسی ئێمە لە تەنیایی. سەرکەوتنی فەیسبووک شتێکی سادە و ڕوونە و هیچ نهێنییەکی تێدا نییە. مارک زوکەربێرگ پەنجەی خستەسەر کانە زێڕەکە. کانە زێڕەکە ترسی مرۆڤەکانە لەوەی کە وازیانلێبهێنرێت. فەیسبووک ئەو ڕێگایەیە لەگەڵئەوەی کە تەنیاین، پێکەوەبەستراوین.

ئەوە پڕۆسەیەکیان. پڕۆسەکەی تریان بریتییە لە بازرگانیکردن. شلۆکی پەیوەندییە مرۆییەکان کە ئاماژەمان پێدان، هەستی تاوانباربوونمان بۆ دروستدەکەن، هەرچۆنێک چارەسەری بکەین، یاخود بیخەینەڕوو، هەست بە تاوان دەکەین. دایکان و باوکان لە یەکتری جیادەبنەوە، منداڵەکانیان نە سەر بە ئێرەن، نە سەر بە ئەوێ. ئێمە منداڵی خۆمان خۆشدەوێت، ڕاستە؟ باشترینمان دەوێت بۆ ئەوان. گەر بەو شێوەیەی کە پێویستە ڕەفتار نەکەین، گەر بەو جۆرەی کە عەشقمان پێمان دەڵێت؛ ڕەفتار نەکەین، ویژدانێکی تاوانبارمان دەبێت. دەتوانیت دەرمانی هێورکەرەوە بکڕیت؛ دەچیتە دوکانێک، دیارییەک بۆ منداڵەکەت دەکڕیت، پێموایە ئەوە وەک ئارامکەرەوەیەک وەهایە. جەژنی کریسمس دێت و تۆ دیارییەکت بۆ ئازیزەکەت پێیە، بەمەش بۆ ماوەی ساڵێک ویژدانێکی ئارامت هەیە. بێگومان ئەمە جێی بەیەکەوەبوونتان ناگرێتەوە، جێی قوربانیدان بە کات و حەز و بژاردەکانی خۆت ناگرێتەوە، شوێنی باسکردنی ئەو هەورازونشێوانە ناگرێتەوە کە لە ئەزموونەکاندا ڕووبەڕوویان دەبیتەوە، یان لە کارکردندا دێنە سەر ڕێت، یان کێ منداڵەکەت چاوترسێن دەکات لە قوتابخانە، ئەو ئەرکە چەندێک سەختە کە هەردووکتان جێبەجێی دەکەن، دەبێت پێکەوە ئەمانە بکەن. ئەمەیە کە دەبێت بیکەیت، وەک دەزانیت، تەنیا شت کە دەبێت تۆ بیکەیت ئەوەیە؛ خۆشگوزەرانی خۆت ببەخشیت بۆئەوەی پێویستییەکانی خۆشەویستەکەت دەستەبەر بکەیت و خۆشەویستەکەت ڕازی بکەیت. بەڵام ناتوانیت ئەوە بکەیت، ژیان بەو شێوەیە نییە. ژیان جیاواز و ناڕێکخراوە، ئێ چی دەکەیت؟ دەتەوێت شوێنی ئەمانە بە ڕەمز و بەڵگەی خۆشەویستیت پڕکەیتەوە، ئەوانەش تا نرخیان گرانتر بێت، تۆ پارەی زیاتر خەرج دەکەیت و بەهای ئەخلاقی زیاتریشیان دەبێت. ئەمەش جۆرێکی دیکەی جێگرەوەیە، جێگرەوە کۆتایینەهاتووەکان، بێکۆتا جێگرەوە. ئەم جێگرەوانە ناوبژیوانی لە نێوان تۆ و ویژدانتدا دەکەن، ئەم خزمەتگوزارییە کە لە بازاڕدا پێشکەش دەکرێت، دیسان، کاریگەرییەکەی ناوەکی و شاراوەیە، چونکە ئەو ئارامییەمان پێدەبەخشیت کە پێویستییەکی زۆرمان پێیەتی. پەردە بەسەر دۆخە ڕاستەقینەکەدا دەدات. لە لایەکی تریشەوە، بێ تواناییمان بۆ کردنی شتە ڕاستەقینەکان، زیاتر دەکەن.

ئاتوود: یەکێک لە دراماتیکترین ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەم ساڵانەی دوایی لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا ڕوویدا، تایبەتە بە یەکسانی هاوڕەگەزخوازان. بۆ نموونە، هەر بەم دوواییانە بۆ یەکەمین جار لە بەریتانیادا، دەشێ دوو کەپڵی هەمان ڕەگەز هاوسەرگیری بکەن، چۆن ئەم گۆڕانکارییانە دەبینیت و چۆنیش لێکیاندەدەیتەوە؟

باومان: کاتێک من منداڵبووم، تێگەیشیبووم هاوسەرگیری یەک جارە و بۆ هەتایە بەردەوام دەبێت. هیچ رێگایەک بۆ هاتنەدەرەوە لە هاوسەرگیرییەکەت، نییە. ڕەنگە بهاتیتایە دەرەوە لێی، بەڵام تا مردن مەحکوم بوویت پێی. هیچ گومانێک لەوبارەیەوە نەبوو. ئەوە بیرۆکەی هاوسەرگیری بوو. ئێستا هاوسەرگیری، ئاهەنگ، هاوسەرەکان، خێزان؛ زیاتر لە مۆتێلێک دەچێت، دەتوانیت بێیت و بڕۆیت، وە لەم گۆڕین و دەستهەڵگرتنەدا، بۆچی هاوڕەگەزخوازانیش نەبن؟ دەتوانن تەنانەت منداڵیشیان هەبێت، دەتوانن منداڵ هەڵگرنەوە، یاخود شتێکی لەو شێوەیە بکەن. بۆیە هەموو شتێک ڕێی تێدەچێت. بۆچی ڕێ بە خەڵک نەدرێت ڕۆڵی خێزان بگێڕن؟ ئەوە مافێکی گەردوونی مرۆڤەکانە. پێموایە بابەتی هاوڕەگەزخوازان هێواش هێواش قبووڵ دەکرێت، چیتر کێشەیەکی گەرم نەماوە، تادێت زیاتر وڵاتان ئەم ئەگەرە قبووڵ دەکەن. ئێستا بێت یان دواتر، وای بۆ دەچم، لە ڕووبەری کولتوریی ئێمەدا، دواجار شیمانەی ئەوەی هەیە گشتگیر ببێت. گومان لەوەدا نییە وڵاتانی ئیسلامیی زۆر دوورن لەو مەسەلەیەوە، پێگەی ژنان بابەتێکی زۆر گرنگترە. تۆ ناتوانیت باز بەسەر قۆناغەکاندا بدەیت. لەوانەشە- کێ ناڵێت، من پەیامبەر نیم، ڕەنگە بیرۆکەی هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان تەنانەت بگاتە ئەوێش، بەڵام کۆمەڵێک قۆناغی تر هەن کە گشتگیرن، دەبێت ببڕدرێن، لە سەروو هەمووشیانەوە، یەکسانی ژنان.

ئاتوود: لە ‘سەبارەت بە بەکاربردنە پۆستمۆدێرنەکانی سێکس’(١٩٩٨)دا، ئاماژەت بە چۆنیەتی جیابوونەوەی ئیرۆتیزم لە سێکس بە مەبەستی وەچەستنەوە و لە سێکسی عەشق کردووە. باس لەوە دەکەیت ئیرۆتیزم گرێدراوە بە گەڕان بەدوای چێژ و حەزەوە، بەڵام ئەمە لەبری ئەوەی ببێتە مایەی ڕەزامەندی، بەرەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێی ئێجگار گەورەت دەبات. تۆ بە دیاریکراوی باست لە ‘تارمایی سێکس’ کردووە کە پەیوەندی گەورە لەگەڵ منداڵدا دەگرێتەوە. بە تێروانینی تۆ، لەم ساڵانەی دواییدا، ئەم لایەنە لە کولتوری ئێمەدا، لە بەریتانیا، چ پێشکەوتنێکی بەخۆوە بینیوە؟

باومان: ئۆە. تیۆرێکی کورتم لەوبارەیەوە هەیە. تۆ میشێل فۆکۆت لەبیرە؟ میشێل فۆکۆ دەربارەی ئەم بابەتەی نووسیوە. پێشتر ترس و تۆقینێک لە دەستپەڕ هەبوو. فۆکۆ ئاماژە بەوە دەدات کە منداڵان بکەری سێکسن، نەک ئۆبێکتی سێکس، بەڵکو بکەری سێکس. بێگومان ئەم بیرۆکەیە لەلایەن دەسەڵاتە پزیشکییەکانەوە پشتگیری لێ نەکرا- دەستپەڕ بە شێوەیەکی مەترسیدار زیانبەخش بوو، جۆرەها کاریگەری سایکۆلۆژی و شۆکی دەروونی جێدەهێشت و دەبووە هۆی چەندین جۆر نەخۆشی- پەیامەکە ئەوەبوو؛ گەر منداڵان مەیلیان بۆ ئەمجۆرە مومارەسە ترسناک و زیانبەخشانە هەبێت، ئەوا دەبێت باوان، دایک، باوک، بە بەردەوامی چاودێرییان بکەن. ئایدیای تاوەری چاودێری Panopticon. چاودێریان بن. پێویستە دەرگای ژووری منداڵ هەمیشە لەسەر پشت بێت. نابێت منداڵان دەرگای ژووری گەرماو لەسەر خۆیان داخەن.

ئێستا، فۆکۆ دەپرسێت: ئەمە چ سوودێک دەگەیەنێت؟ سوودەکەی بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی باوانە. ئەوە سەردەمی (خێزانی پاتۆلۆژی) بوو. بەهانەیەکی زۆر باشبوو بۆ مومارەسەیەکی پاتۆلۆژی لەو شێوەیە، بۆ چاودێریکردنی هەموو هەنگاوەکانیان و توانای کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ژیانیان. هەنوکە، ترس لە دەستپەڕ کۆتایی هاتووە، لەبری ئەوە، ترسمان لە دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان هەیە. دەستدرێژی سێکسیی بۆ سەر منداڵان، بەڵام کێ تاوانبارە؟ کێ قوربانییە؟ ئێستا سێکسواڵیتی، گەورەکان و باوکان وەک کێشە دەبینێت، منداڵان ئۆبێکتی پاسیڤی چڵێسی و ئارەزووەکانی ئەوانن. دەبینین باوکان و گەورەکان دوور لە منداڵەکانیان دەوەستن- وازیان لێبێنن خۆیان گرنگی بە خۆیان بدەن- لێیانگەڕێن دەرگای ژوورەکانیان بەباشی کلیل بدەن- ئازادی ئەوەیان بدەنێ شوێن ئارەزووەکانی خۆیان بکەون، چونکە گەر بتانەوێت دەستوەردەنە ژیانیانەوە، ئەوا بەو مانایە دێت کە ئێوە پێتان باشترە دوای حەزەکانی ئێوە بکەون.

هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە خێزانییەکان، دەبێتە هۆی دروستبوونی ویژدانی تاوانبارانە لای دایک و باوک. واقیعی منداڵەکانیان، لەژێر فشاری بازاڕی ئازاددا، ترسە لە لەدەستدانی کارەکانیان. پێویستە هەمووکات لەسەر هێڵبن(ئامادەی کاربن). بۆیە زۆر هۆکار هەن بۆ فەرامۆشکردنی منداڵەکانیان. گەلێک هۆکار. بەڵام باجەکەی تۆ دەیدەیت. ئەو باجەش هەستی ویژدانێکی نائارام و تاوانبارانەیە، کە بە شێوازێک دەردەکەوێت لات؛ وەک ئەوەی هەموو ئەوانە بەهۆی ئەوەوە بێت تۆ ئارەزوویەکی ناتەندروست و تاوانکارانەت هەیە بۆ خراپبەکارهێنانی منداڵەکانت. تۆ ویستووتە ماچیان بکەیت. کێ چووزانێت؟ لەوانەشە تۆ بە ئەگەر لاقەکەر بیت (پۆتێنشەڵی لاقەکارێکت تێدا بێت). دەتەوێت دەستدرێژی بکەیتە سەر منداڵەکەت. بۆیە تۆ ڕوونکردنەوەیەکی زۆر ڕەسەن و زۆریش ئاسوودەبەخشت هەیە بۆ هێشتنەوەی مەودا لەنێوان خۆت و منداڵەکەتدا. هەندێک دەستکەوت هەن. پرسیارێک نییە لەوبارەیەوە؛ ئێستا ئێمە هۆشیارترین، سەلامەتترین. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، سەدان هەزار منداڵ و دایک و باوک، ئازار دەچێژن، چونکە بەشی هەرە زۆری منداڵان لەو ماڵانەدا گەورەدەبن کە مانیفێستی عەشق تیایاندا وەدەرنراوە، تەنها وتنەوە و دووبارە وتنەوەی وشەی خۆشمەوێیت، دیسان وتنەوە و وتنەوەی خۆشمەوێیت، بە تایبەت لە ئەمریکا، خۆشمەوێیت، منیش خۆشمەوێیت، خۆشمەوێیت، منیش خۆشمەوێیت، خۆشمەوێیت، منیش خۆشمەوێیت. بەڵام دەربڕینە جەستەییەکانی خۆشەویستی ڕێپێنەدراون. منداڵانیش لەناو ئەم دۆخەدا گەورەدەبن. هێشتا ئاکامەکان نازانین، جارێ ماوەکە کەمە بۆ دەرکەوتنی ئەنجامەکان، بەڵام گومانێک هەیە، ئەگەرێک هەیە کە پێدەچێت کاتێک ئەم منداڵانە گەورەبوون، کەسانی دڵڕەق و بێهەستیان لێدەربچێت.

لەبەرئەوەی ئەم نزیکایەتییە، ئەم بەتەنیشتیەکەوەبوونە، ونبووە لە ژیانیاندا. کەشی دەوروبەری منداڵان، کەشی لەپەنایەکدابوون نییە، کەشی نزیکایەتیی نییە، بەڵکو مەودا و دوورییە. پێشنیاری ڕۆمانێکی دیستۆپی میشێل هۆوڵبێکت بۆ دەکەم، ناوی ڕۆمانەکە ‘ئەگەری دوورگەیەک’ە. ڕۆمانێکی خەیاڵییە، کۆمەڵگای داهاتوو دەخاتەڕوو گەر بێتو بەپێی خواست و مەیلی ئێستامان گەشەبکات و هیچ شتێک نەکرێت بۆ گۆڕینی. گەر وا بڵێم، دیدگایەکە بۆ خستنەڕووی یەکە تەنیا و تەریک و سەربەخۆ و جیابۆوەکان. هەر تاکێک لەپشت پەرژینەوە دەژی،  لەودیوو دراوسێ وە دەژی، پەیوەندی دەکەن communicating- ئۆە. بەبەردەوامی پەیوەندی لەگەڵ یەکدا دەکەن، بەڵام تەنیا لەڕێی ئەلیکترۆنییەوە، پێموایە ئەوە زۆر زۆر زیرەکانەیە، زۆر ژیرانەیە. خاکێکی زۆر فریودەرە. ئەنجامەکان پێشبینینەکراون، تۆ تەنیا دەتوانیت وای بۆ بچیت کە چی ڕوودەدات. بەڵام بەرلەوەی بڕیار بدەین دەستکەوتەکان چین و زیانەکان چین، پێویستە دووبارە بیربکەینەوە.

بەڵام، لەو بڕوایەدام کە ژیانێکی پڕ لە عەشق ژیاوم. ئەزموونی عەشقی ڕاستەقینەم کردووە. بۆ ماوەی ٦٢ ساڵ لەگەڵ ژنەکەمدا بووم، لە خۆشی و ناخۆشیدا، لە هەوراز و نشێودا. بە تاقیکردنەوەی زۆر زۆر قورسدا تێپەڕیوین، بەڵام پێکەوە ماینەوە. ئەوە دووبارە دەکەمەوە کە پێشتر ئاماژەم پێدا: عەشق ڕێچکەیەک نییە بۆ ژیانێکی ئارام، شتێک نییە بتوانیت بیدۆزیتەوە، یان لە گۆشەیەکدا دایبنێیت، یان بیکەیتە کانتۆرێکەوە، یاخود بیخەیتە سەر مێز. عەشق ئەو شتەیە کە تۆ دەبێت سەرلەنوێ دووبارە و دووبارە کاری تێدا بکەیت. بەڵام، بەرهەمەکەی زۆر زۆر بەتامە.

پەراوێز:

[١]  Liquid Love: On The Frailty of Human Bonds (2003)

[٢] On Postmodern Uses of Sex: Love and Eroticism (1999)

[٣]  Walkman ئامێرێکی دەنگیی دیجیتاڵییە، ساڵی ١٩٧٩ لەلایەن کۆمپانیای  Sony خرایە بازاڕەوە.

سەرچاوە: کولتور مەگەزین

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button