گۆشەی ئازد

چەند دێڕێک بۆ پشتگیریی لە کاک مەریوان و ئازادیی بیروڕا

بیار رەشید

لە دوای ئەوەی خوێندکارانی ئیسلامی، بە تایبەتی یەکگرتووی قوتابیان لە زانکۆی هەڵەبجە ڕێگرییان لە کۆرسێک سەبارەت بە جێندەر کرد، نووسەر و ڕۆشنبیر مەریوان وریا قانیع وتارێکی بە ناونیشانی (زانکۆی ھەڵەبجە: ژێرپێنانی تەواوەتی ئازادیی ئەکادیمیا) بڵاوکردەوە. وتارەکە ڕەخنەگرتن بوو لەو عەقڵیەتە توندڕەوەی تەنانەت ئازادیی و سەربەخۆیی ئەکادیمیی زانکۆش پێشێل دەکات.

لە دوای ئەو وتارەوە بەشێکی زۆر لە پەیجە ئیسلامییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی یەکگرتووی ئیسلامی هێرشێکی ناشیرینیان بۆ سەر کاک مەریوان دەست پێکردووە و بە سەدان کۆمێنت و وشەی ناشیرینیان بۆ نووسیوە.

ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کاک مەریوان، پێشتر بە چەندین جۆری جیاواز کراونەتە سەر ئەو کەسانەی بەرگریی لە ئازادی گشتی دەکەن.

بێدەنگی لەو هەموو سووکایەتی و هێرشەی ڕۆژانە ڕەوتە ئیسلامییەکان  بە بێ جیاوازیی، لە سۆشیاڵمیدیا و کەناڵەکانییانەوە دەیکەنە سەر کەسانی ئازادیخواز، هونەرمەند، نووسەر، چالاکوان .. هتد. دۆخی ئێمە بەرەو تاریکی و کۆمەڵگایەکی داخراو و یەکڕەنگ دەبات. لەبەرئەوە پێویستە هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ئازادی بیروڕا و ئازادیی ژیان هەیە، لەسەر ئەم جۆرە هێرشانە بێدەنگ نەبن. لێرەدا ئەو سەرنجەم دادەنێمەوە کە لەسەر بابەتەکەی کاک مەریوان نووسیبووم.

هێزی مەعنەویی ئیسلامییەکان، بە تایبەتی یەکگرتوو، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان و کاتی شەڕی ناوخۆ. ئەو کاتە ڕابیتەی ئیسلامی بە بەرنامە لە ڕێگای بڕینەوەی مەعاش بۆ ئەو منداڵانەی باوکیان لە شەڕی ناوخۆدا کوژرابوو، توانی سۆزی بەشێکی زۆر لە خێزان و منداڵەکانی ئەو ناوچەیە بۆ خۆی ڕابکێشێت، بە تایبەتی منداڵەکانی ئەو سەردەمە کە ئێستا خوێندکاری زانکۆن یان چەند ساڵێ گەورەترن. جگە لەوەش بەردەوام هێزی توندڕەوی ئیسلامی لەو ناوچەیەدا کاری خۆی کردووە.

ئەو بە شەیتانکردنی عەلمانییانەش کە بەڕێزت باسی دەکەیت، زۆر باش کاری لەسەر دەکرا، پیاوێکی یەکگرتوو هەیە پێم خۆش نییە ناوەکەی بڵێم، چونکە هەمووان دەیناسن. هەندێ کۆڕی هەبوو لەگەڵ عەلمانییەکان لەسەر مافی ژنان و یەکسانی و … هتد. کۆڕەکانی خرابوونە سەر سیدی، پاشان قووتابیانی یەکگرتوویان کۆدەکردنەوە و ئەو سیدیانەیان بۆ پەخش دەکردن، تاکو بڵێن سەیرکەن هێزی خێر چۆن بەسەر شەڕ و شەیتاندا سەردەکەوێ. هەموو ئەو قوتابیانەش لە تەمەنی دوازدە بۆ پازدەساڵیدا بوون و بەشێکی زۆریان لە ڕووی مادییشەوە سوودمەندی ڕابیتە بوون. ئەمەش وایدەکرد ئەو گەنجانە بە ئاسانی ئەوەی یەکگرتوو دەیویست وەری بگرن. چونکە هەم لایەنە مادییەکەیان لەبەرچاو دەگرت، هەم ئەوەی یەکگرتوویان وەک هێزی خێر بەسەر هێزی شەڕدا دەبینی.

ئەوانە و چەندین هۆکاری تر کە پەیوەندی بە بێپلانی وەزارەتی پەروەردە و حکومەتەوە هەیە، وایان کرد ئەو ناوچەیە بە تایبەتی بەو دۆخە بگات. بەداخەوە من هیچ گەشبین نیم بە داهاتووی شارەکانی تری هەرێمی کوردستانیش، ئەگەر بەمجۆرە بڕوات، چەند ساڵێکی تر ئیسلامییەکان بە تەواوی هیچ ڕووبەرێک بۆ بیروڕای ئازاد ناهێڵنەوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button