لەژێر خۆری خاکی دێرین
پیتەر ماکلارین، ئەکادیمیست و پێداگۆگ و ڕەخنەگری کەنەدیی پاڵپشتیی بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئۆجالانی کرد.

پیتەر ماکلارین، ئەکادیمیست و پێداگۆگ و ڕەخنەگری کەنەدیی پاڵپشتیی بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ٢٧ـی شوباتی ڕێبەر ئۆجالانی کرد. لە پەیامێدا کە بۆ پارتی یەکسانیی و و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتیی) ناردووە، دەڵێت: “من سڵاو بۆ ئەو بوێرییە دەنێرم، کە گفتوگۆی لەبری چەک هەڵبژارد، پشتی ئەو کەسانە دەگرم وا بڕیاریان دا مێژوو بە مورەکەبی ئاشتیی بنووسرێتەوە نەک خوێن.”
پیتەر ماکلارین دەڵێت: “من وەک دەسەڵاتدارێکی نێوان دیجلە و فوڕات و بەندەری ئەستەنبووڵ قسە ناکەم، بەڵکوو وەک گەواهیدەرێک لەم دوورەوە دەپەیڤم، وەک ڕۆشنبیرێک، کە پێم وایە ڕۆحی مرۆڤ بۆ گفتوگۆ درووست کراوە نەک چەوسانەوە، گەرەکە مرۆڤ لە ئازادییدا بژی نەک ترس. لە دڵەوە باوڕم بەوەیە کە بیری ئازاد و دیموکرات بۆ یەک نەتەوە پاوان نییە، بەڵکوو ترپەی هابەشی دڵی مرۆڤایەتییە.
سا لەبەر ئەمە دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ ئەو کەسانەی لە ژێر خۆری ئەنادۆڵ و چیاکانی کوردستاندا داوای ئاشتیی دەکەن. من سڵاو لەو بوێرییە دەکەم وا یاسای لەبری چەک هەڵبژارد؛ پشتگیریی لەو کەسانە دەکەم کە بڕیاریان دا مێژوو بە مورەکەبی ئاشتیی بنووسرێتەوە نەک خوێن.
ئەم ساتە، ئەم ساتە ناسک و هەستیار و پیرۆزە بە سڵاوێک دەستی پێ کرد. ئەم ساتە ئەوەندە ئاسایی بوو، ئەوانەی گاڵتەیان پێی دەکرد، سەریان سووڕ مابوو، بەڵام هاوکات هێندە ڕیشاژۆ بوو، دەیتوانی چارەنووسی گەلێکیش بگۆڕێت. کاتێک دەوڵەت باخچەلیی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرەست دەستی تەوقەی بۆ سیاسەتمەدارانی کورد درێژ کرد، ئەمە تەنیا تەوقەیەک نەبوو، بەڵکوو پردێکی بۆ ڕەوینەوەی ئازارە کەڵەکەبووەکانی ڕابردوو هەڵبەست. عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵیی گۆشەکیر کراوە، کاتێک لە ٢٧ـی شوبات بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی بڵاو کردەوە، ئایدیاکانی وەک کۆترێکی ڕەها لە باهۆزەکان لە شەقەی باڵیان دا و دەریاکانیان بڕی، بە ئومێدێکی سەرسەختانەوە نەک بە دڵپاکیی. پتر لە چل ساڵە گەلی کورد و تورک بە زنجیرەیەک ئازاری جەنگ و بێمتمانەیی و لەدەستدانەوە دەژێن. چیا دەنگی دایەوە و خاکیش بە بێدەنگیی ئەوانەی کپ دەکران، قورس بوو. ئەمە زامێکی کراوە بوو لە دڵی کۆماردا. هیچ نکۆڵییەک ناتوانێت ئەم زامە ساڕێژ بکات. ئێستا لێرە ئەم هیوایە هەیە. پاش ئەم تاریکییە ئەنگوستەچاوە، پەنجەرەیەکی بچووک واڵا بووە، زایەڵەی بەرپرسیارێتیی دەبیسرێت کە ئیتر ئاشتیی خەیاڵ نییە.
من لە سووچێکی دووری ڕۆژئاواوە دەمەوێت ئاوێتەی دەنگی ئەم هیوایە بم کە بە گفتوگۆ دەستی پێ کرد. بە خۆبەزلزانیی شڕۆڤەکارێکەوە نا بەڵکوو بە خاکەڕایی کەسێکەوە کە ئازارە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتیی دەناسێت. هەرچەند دووریش بم، بەڵام چاودێریی مەرگەساتی دوورودرێژی شەڕی بەسوێی ئەم ساڵانەشم کردووە. دەبینم کە چۆن نەوەکان بریندار دەکات.
بەڵام لەم سپێدە هەستیارەدا دەنگێکی گفتوگۆ وا لەگۆڕێ. دەنگی هۆشیاربوونەوە لە دەشتە دێرینەکانەوە، بانگەواز لە ئیمراڵییەوە هات. سڵاوی دوژمنان لە یەکتری. نزای بێدەنگی ئەو دایکانەی منداڵەکانیان ئەسپەردەی خاک کرد… هەموو ئەمانە سەمفۆنیای بوێرییە و بەرانبەر بێهیوایی ڕادەپەڕێت.
با جیهان چاو لەمە نەپۆشێت. هەموومان وەک ڕۆشنبیر و کرێکار و شاعیر و سیاسەتمەدار، با شانەوشانی گەلی کورد و تورک بین تا بتوانن ئەم ئەرکە دژوارەی مێژووی مرۆڤایەتیی بە ئەنجام بگەیەنن: لێبوردەیی، گوێگرتن لە یەکتریی و پێکەوەژیانێکی نوێ.
با ئەمە تەنیا ئاشتیی نێوان دوو گەل نەبێت، بەڵکوو ببێتە دەساوێژی سەرپاکی جیهان: با دیموکراسیی تەنیا بۆ بەهێزەکان پاوان نەبێت، بەڵکوو ببێتە بەڵێنی هاوبەشی مرۆڤایەتیی. ڕووبارەکانی ئەنادۆڵ هەڵکشان و داکشانی ئیمپڕاتۆرییەتەکانیان بەو چاوانەی خۆیان دیوە؛ گۆڤانی خۆپەرەستیی پاشاکان و پشوودرێژیی گوندنشینان بوون، لێ ڕەنگە ئێستا ببنە گەواهیدەری شتێکی مەزنتر؛ نەک بۆ سەرکەوتووەکان، بەڵکوو بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی. با ئەو دەنگە بەهێزتر بێت. با ئەوەندە بەهێز بێت، دەنگ بداتەوە و دەهۆڵی شەڕ بدڕێنێ.”



