قەرزی پێنج هەزار ساڵی سەرەتا
پارەی شیربەها بۆ دانەوە و پاککردنەوەی قەرزەکان نییە، بەڵکوو بە جۆرێک دانپێدانانە بە بوونی ئەو قەرزەی ناکرێت بە پارە بدرێتەوە.

دەیڤد گرەیبەر
وەرگێڕان: کەیوان نووری
پارە وەک شوێنگرەوەیەکی ناپێویست
دیارترین تیۆرەیەک سەبارەت بە سەرچاوەی پارە خرابێتە ڕوو، تیۆرەیەکە بەم دوایانە فیلیپ ڕووسپاب سەرەتا وەک ئابووریناس و دواتر وەک کۆمەڵناسێک، پێشنیاری کردووە. لە کاتیکدا کارەکانی ئەو لە دنیای ئینگلیزییزماندا بە نادیاریی ماوەتەوە، تیۆرەکەی ڕووسپاب زۆر داهێنەرانەیە و ڕاستەوخۆش گرێدراوی بابەتەکەی ئێمەیە. بەڵگەی ڕوسپاب ئەوەیە (پارەی سەرەتایی) لە بنەڕەتەوە ئامڕازێک نەبووە بۆ دانەوەی هیچ جۆرە قەرزێک. ئەم پارەیە ڕێگایەک بوو بۆ ناسینەوەی بوونی قەرزێک کە بە هیچ جۆرێک ئەگەری دانەوەی نەبووە. بەڵگەکانی ئەو پێویستی بە گرنگییپێدانێکی تایبەتە.
لە زۆربەی ئابوورییە مرۆییەکاندا، پارە تەنها بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی هاوسەرگیریی بەکار دەهێنرا. سادەترین و ڕەنگە باوترین ڕێگا بۆ ئەم کارە ئەوە بووە؛ ئەم پارەیە بۆ شتێک بەکار دەهات کە بە ‘شیربەها’ یاخود ‘بووکبەها’ ناودێر دەکرا. خێزانی خوازبێنیکەر ژمارەیەک ددانی سەگ یان بازنی بڕۆنز و ئەو شتەی لەو ناوچەیەدا وەک پارە بەکار دەهات، پێشکەش بە خانەوادەی کچەکە دەکرد، لە بەرانبەردا ئەوانیش کچەکەیان پێ دەدان. بە سادەیی دەتوانین لەوە تێبگەین بۆچی دەتوانین ئەم کارە بە کڕینی ژن پێناسە بکەین، زۆر کەسایەتیی خاوەنپێگەی کۆڵۆنیی ئەفریقا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە واقیعیی بەو ڕەنگە بیریان لێ دەکردەوە. ئەم ڕووداوە ڕیسواییەکی گەورەی لێ کەوتەوە و ساڵی ١٩٢٦ کۆمەڵەی نەتەوەکان بەشداریی باسەکەی کرد تا ئەم کارە وەک فۆرمێک لە کۆیلایەتیی ڕێبەند بکات. لە بەرانبەر ئەوەدا مرۆڤناسان ناڕەزایەتییان دەربڕی. بە واقیعی ڕوونیان کردەوە ئەمە وەک کڕینی گایەکی نێر و جووتێک پێڵاو نییە. یەکەم؛ کاتێک ئێوە گایەک دەکڕن، لە بەرانبەر خودی گایەکەدا هیچ بەرپرسیارێتییەکتان نییە. ئەو شتەی دەتانەوێت بیکڕن، لە واقیعدا مافی بەکارهێنانی گایە، جا بە هەر ڕێگایەک خۆتان بتانەوێت و گونجاوترین بێت. بە گشتیی هاوسەرگیریی جیاوازە، چونکە مێردەکە بە ئەندازەی ئەو بەرپرسیارێتییەی ژنەکەی بەرانبەری هەیەتی، ئەویش بەرانبەر ژنەکە هەیەتی. هاوسەرگیریی ڕێگایەکە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان. دووەم؛ ئەگەر ئێوە بە واقیعیی ژنێک دەکڕن، دەتانتوانی جارێکی تر بیفرۆشنەوە. دواجار ئەوەی گرنگیی پێدانی شیربەها بە ڕەچەڵەکی منداڵەکانی ئەم ژنەوە پەیوەست دەکات: ئەگەر لێرەدا شتێک دەکڕدرێت، ئەوا ئەو مافەیە پیاوەکە مناڵەکانی ئەو ژنە بە مناڵی خۆی دابنێت.
مرۆڤناسان براوەی ئەو ململانێیە بوون، ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەی بەرانبەر چەمکی ‘شیربەها’ یان ‘بووکبەها’ لە ئەستۆیان بوو، داهێنانی زاراوەیەکی نوێ بوو: ‘سامانی بووک’، لێ ڕاستییەکەی هیچ کات وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەدایەوە داخۆ سەروەختی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە چی ڕوو دەدات؟ کاتێک خانەوادەی زاوای خەڵکی ‘فیجیی’ ددانی نەهەنگ پێشکەش دەکەن تا ژنێکیان پێ بدرێت، داخۆ ئەمە پێدانی پێشەکییەکە بۆ کارێک کە دواتر ژنەکە لە زەویی کشتوکاڵیی مێردەکەی خۆی دەیکات؟ یاخود ئایا ئەو نەوانەی لە مناڵدانی ئەو ژنەوە لەدایک دەبن، لە پێشەوە دەکڕن؟ یاخود ئەمە تەنها چەشنە ڕێوڕەسم و نەریتێکی باوە، وەک ئەو بڕەپارە کەمەی سەروەختی گرێبەستی بازرگانیی دەستاودەستی پێ دەکرێت؟ بە باوەڕی ڕوسپاب، هیچکام لەوانە نییە. پێشکەشکردنی ددانی نەهەنگ هەرچەندە بەبەها بێت، بەڵام وەک هاوتای پارە هەژمار ناکرێت، ڕاستییەکەی دەستاودەستی ددانی نەهەنگ وەک پارە بۆ پشتڕاستکردنەوەی داوای ئەو کەسەیە وا داوای شتێک دەکات، جا بەهایەکی هێندە بێهاوتای هەیە، کە پێدانی هەرچەشنە شتێک لە بەرانبەریدا نەکردەنییە. تاکە پێدانێکی گونجاو بەرانبەر بە دیاریی وەرگرتنی ژنێکدا بەدیاریی پێدانی ژنێکی دیکەیە؛ تا کاتێک ئەم پێدانەوەیە ئەنجام نەدرێت، تاکە کارێک کە بکرێت ناسینەوەی ئەم قەرزە گەورەیەیە.
له ههندێ کاتدا خوازبێنیکهران ههمان پەیڤیان بە دەمدا دەهات. هۆزی ‘تیۆ’ له نێجیریای ناوەڕاست بهیاد بهێننهوه که پێشتر به کورتیی قسەمان لهبارهوه کرد. زۆرترین زانیارییەکانی ئێمە سەبارەت بەو هۆزە بۆ ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دەگەڕێتەوە، واتا کاتێک هێشتا لەژێر چەپۆکی کۆڵۆنیی بەریتانیادا بوون. لەو کاتەدا هەمووان سوور بوون لەسەر ئەوەی گەرەکە هاوسەرگیریی درووست بە شێوازی ئاڵوگۆڕی خوشکەکان بێت. کوڕێک خوشکەکەی خۆی دەدات بە کەسێکی تر تا ببێت بە ژنی، ئەم کوڕەش لەگەڵ خوشکی زاواکەیاندا، کە لە پێگەی برایەکی نوێیدایە، هاوسەرگیریی دەکات. ئەمە هاوسەرگیرییەکی کامڵە، چونکە تاکە شتێک بە واقیعیی هاوتای ژن بێت، ژنێکی ترە.
ئاشکرایە گەر هەموو خێزانەکانیش ژمارەیەکی یەکسانی خوشک و برایان هەبا، دیسان هەلومەرجەکە هێندە باش بەڕێوە نەدەچوو تا ئەم کارە ئەنجام بدرێت. بۆ نموونە گریمان من لەگەڵ خوشکەکەی ئێوە هاوسەرگیریی دەکەم، بەڵام ئێوە ناتانەوێت لەگەڵ خوشکەکەی من هاوسەرگیریی بکەن (چونکە ئەگەری هەیە خۆشتان نەوێت یاخود پێنجساڵان بێت). لە ڕەوشێکی بەم ڕەنگەدا ئێوە دەبنە (سەرپەرشت – نوێنەر)ـی ئەو، واتا بانگەشەی مافی بەشوودانی ئەو بە کەسێکی تر دەکەن -بۆ نموونە بە کەسێک کە ئارەزووتان لێیە لەگەڵ خوشکەکەیدا هاوسەرگیریی بکەن. ئەم سیستەمە بە خێرایی دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک پەیوەندیی ئاڵۆز کە تیایدا بوێرترین پیاوان دەگۆڕێن بۆ سەرپەرەشتی ژمارەیەکی زۆری ‘مناڵ’ کە لە ناوچەیەکی پانوپۆڕدا بڵاو بوونەتەوە؛ پیاوان ئەم مناڵانە پێکەوە نمایش دەکەن یاخود ئاڵشتیان دەکەن، لەم پێڤاژۆیەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوسەر بۆ خۆیان کۆ دەکەنەوە، لە کاتێکدا ئەو پیاوانەی بەختێکی کەمتریان هەیە، زۆر درەنگتر دەتوانن هاوسەرگیریی بکەن یان ڕەنگە هیچکات هاوسەرگیریی نەکەن.
ئامڕازێکی تریش هەبوو. خەڵکی تیو بازنی بڕۆنزیان وەک بەبەهاترین پارەی باو لە پانتایی سووڕانی خۆیاندا بەکار دەهێنا. تەنها پیاوان ئەم بازنە بڕۆنزانەیان وەک کەلوپەلێکی جوانکاریی بەکار دەهێنا، ئەم بازنانە هیچ کاتێک بۆ کڕینی شتومەک لە بازاڕ بەکار نەدەهاتن (لە بازاڕدا ژنان باڵادەست بوون)؛ لە بەرانبەردا، ئەڵقە بڕۆنزییەکان تەنها لە بەرانبەر ئەو شتانەدا ئاڵوگۆڕ دەکران وا بە لای پیاوانەوە گرنگییەکی باڵکێشیان هەبوو: مەڕوماڵات، ئەسپ، عاج، کەلوپەلی ئایینیی، دەرمانی پزیشکیی، تەلیسمی جادوویی. وەک (ئەکیگا سای) لێکۆڵینەوەی لەمەڕ ئەم خەڵکانە کردووە، دەڵێت: ئەگەری ئەوە هەبوو کەسێک بە ئەڵقە بڕۆنیزیەکان ژن بهێنێت، بەڵام دەبوو ژمارەیەکی زۆری هەبایە، دەبوو دوو بۆ سێ دەستەی لەم ئەڵقانەی بە دایک و باوکی ژنەکە دابا تا خوازبێنییەکەی یەکلا دەبوویەوە؛ دواتر کاتێک ژنەکەیان دەدزی (ئەم هاوسەرگیرییانە هەمیشە یەکەمجار بە شێوازی دزینی بووک ڕێک دەخران)، لەپێناو ئارامکردنەوەی دایکی بووکدا، کە هەمیشە لە سەرەتای ڕووداوەکەدا خۆی تووڕە نیشان دەدا و دەیویست بزانێت چی بووە، دەبوو زاواکە چەند دەستەی تر لەم بازنە بڕۆنزییانە ببەخشێت. بە زۆریی دەبوو پێنج دەستەی تر بە وەلی ئەمر (سەرپەرشتار)ـی کچەکە بدرێت تا لانیکەم بە شێوازێکی کاتیی هەلومەرجە نوێیەکەی پەسەند بکردایە، کاتێک ژنەکە منداڵی دەبوو، دەبوو جارێکی تر بازنی بڕۆنزی زیاتر بە دایک و باوکی ژنەکە بدرێت تا بەڵکوو بەختێکتان هەبێت ئەوان ئێوە وەک باوکی مناڵی کچەکەیان قەبووڵ بکەن. ئەگەری هەبوو ئەمانە ببنە هۆی ئەوەی دایک و باوکی ژنەکە بە یەکجاریی ڕازیی ببن، بەڵام بۆ هەمیشە دەبوو شتێک بە سەرپەرشتیاری کچەکە بدەن، چونکە هیچ کاتێک نەتاندەتوانی مافی هەبوونی ژن لە ڕێی پارەوە بەدەست بهێنن. هەمووان دەیانزانی تەنها شتێک ئێوە دەتانتوانی بە ڕێگایەکی درووست و ڕەوا بەرانبەر بەدەستهێنانی ژنێک بیدەن، ژنێکی ترە، تا کاتێک ئەوە ڕوو دەدات، هەمووان بەو بنەمایەوە پەیوەستن وا ئێوە ڕۆژێک ژنێکی لە بەرانبەردا دەدەن. تا ئەوکاتە، بەو شێوەیەی مرۆڤناسێک بە کورتیی و پوختیی گوتویەتی: (قەرز هیچکات بە تەواوەتیی نادرێتەوە).
بەپێی تێڕوانینی ڕووسپاب، ڕاستییەکەی خەڵکانی تیو لۆژیکی ناڕاستەوخۆی شیربەها لە هەموو سەردەمەکان ڕوون دەکەنەوە. ئەو خوازبێنیکەرەی شیربەها دەدات، هەرگیز واتای ئەوە نییە بەرانبەر دەستکەوتنی ژنێک یاخود مافی بانگەشەی خاوەندارێتیی لە منداڵەکانی ئەو ژنە، پارە دەدات. ئەگەر بەو شێوەیە بووایە، ئەوا ماناکەی ئەوە دەبوو بازنی بڕۆنز، ددانی نەهەنگ، سەدەف یا تەنانەت مەڕوماڵات بە شێوازێک دەبنە هاوتای یەک ژن، کە لە سەر بنەمای لۆژیکی ئابووریی مرۆیی، بە ئاشکرا شتێکی پوچ و بێمانایە. دەکرێت تەنیا یەک مرۆڤ هاوتای مرۆڤێکی تر هەژمار دەکرێت. جیا لەوە لێرەدا، کاتێک سەبارەت بە هاوسەرگیریی قسەمان دەکرد، لەبارەی بابەتێکەوە قسەمان دەکرد کە لە گیانی یەک مرۆڤ زیاترە: سەبارەت بە مرۆڤێک قسەمان دەکرد کە دەتوانێت کۆمەڵیک ژیانی نوێ بهێنێتە بوون.
بە دڵنیایی زۆرێک لەو کەسانەی شیربەها دەدەن، وەک خەڵکانی تیو، بە ڕوونیی هەموو ئەوانە دەزانن. پارەی شیربەها بۆ دانەوە و پاککردنەوەی قەرزەکان نییە، بەڵکوو بە جۆرێک دانپێدانانە بە بوونی ئەو قەرزەی ناکرێت بە پارە بدرێتەوە. بە زۆریی هەردوو هۆزەکە لانیکەم لە سەر ئەو ئەفسانە پیرۆزە دەمێننەوە گوایە ڕۆژێک لە کۆتاییدا ئەم قەرزە دەدرێتەوە: بۆ نموونە ئەوەی هۆزی خوازبێنیکەر سەرەنجام یەکێک لە کچەکانیان، ڕەنگە تەنانەت کچ یان نەوەی هەمان ژن بە یەکێک لە پیاوانی هۆزی ئەو ژنە دەدەن. یاخود ڕەنگە پلان و بەرنامەیەک بۆ چاودێریی و بەخێوکردنی منداڵەکان لە ئارادا بێت، ڕەنگە هۆزی ژنەکە سەرپەرەشتیی یەکێک لە مناڵەکانی ئەو لە ئەستۆ بگرن. ڕەنگە حاڵەتەکان ناکۆتا بن.
بەم شێوەیە، ڕووسپاب واتەنی؛ پارە هاوشێوەی (شوێنگرەوەی ژیان) دێتە مەیدان. دەتوانرێت وەک ناسینەوەی قەرزی گیانیی ناو بنرێت. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە چۆن هەموو کات هەمان ئەو جۆرە تایبەتەی پارە وا بۆ ڕێکخستنی هاوسەرگیریی بەکار دەهێنرێت، بۆ دانی دییە (یان «خوێن بەها» وەک هەندێک وای پێ دەڵێن) بەکار دەهێنرێت: پارە بە خانەوادەی قوربانیی دەدرێت تا ڕێ لە تۆڵە بگیرێت و کۆتایی پێ بهێنرێت. تەنانەت لێرەدا سەرچاوەکان ڕوونتریشن. لە لایەکەوە یەکێک لە لایەنەکان ددانی نەهەنگ یا بازنی بڕۆنز بە خزمانی کەسی کوژراو دەدەن تا ئەوە پشتڕاست بکەنەوە ئەوان ژیانێک بە خانەوادەی کەسی کوژراو قەرزارن. لەلایەکی ترەوە، ددانی نەهەنگ یا ئەڵقەی بڕۆنز بە هیچ واتایەک و هەرگیز لەدەستدانی کەسی کوژراو بۆ خانەوادەکەی قەرەبوو ناکاتەوە. بە دڵنیایی هیچ کەسێک لەوانەی شتێکی لەو چەشنە پێشکەش خێزانی قوربانیی دەکەن، هەرگیز تا ئەو ئەندازەیە نەزان و گێل نین وا بیر بکەنەوە بڕی ئەو پارەیەی داوێتی، لە باوک و خوشک یان مناڵی کەسێک بەبەهاترە.
بە هەمان شێوە لێرەشدا پێدانی پارە بە پلەی یەکەم و گرنگتر لە هەرشتێک، پشتڕاستکردنەوەی ئەوەیە کەسێک شتیک قەرزدارە کە زۆر لە پارە بەبەهاترە.
لەبارەی خوێن بە خوێنەوە، دوو لایەن هاوشێوەی یەکتری ئاگادارن، تەنانەت بۆ تۆڵە و کوشتنیش. گەرچی لانیکەم هاوتای بنەمای گیان بەرانبەر گیانە، ڕاستییەکەی قەرەبووکەرەوەی خەم و مەینەتیی کەسوکاری قوربانیی نین. ئەم ئاگامەندییە زەمینە بۆ دامرکاندنەوەی توندوتیژیی ڕووداوەکە خۆش دەکات. لەگەڵ بوونی ئەمە هاوشێوەی بابەتی هاوسەرگیریی، دیسان ئەو هەستە وا لە گۆڕێ کە چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکە تەنها بە شێوازێکی کاتیی دوا خراوە.
ڕەنگە ئەم نموونەیە بەسوود بێت. لای خەڵکانی (نوئر) توێژێکی تایبەتی پیاوانی ئایینیی هەن و ئەرکیان نێوەندگیرییە لە خوێنخۆشکردندا، لە نووسراوەکاندا ئەوان بە ناونیشانی (سەرۆکی پێستپڵنگیی) ناو دەهێنرێن. ئەگەر پیاوێک پیاوێکی تر بکوژێت، خێرا پەنا دەباتە بەر یەکێک لە مەڵبەندەکانی نیشتەجێببونی ئەوان، چونکە هەمووان هاوڕان لە سەر جۆرێک لە پیرۆزیی ئەم مەڵبەندانە و نابێت بشکێنرێت؛ تەنانەت خانەوادەی کەسی کوژراو بە پێودانگی شەرافەت ئەرکداری تۆڵەکردنەوەی کەسی کوژراون، ئەوان دەزانن ناتوانن بچنە ئەو شوێنە، نەوەک دەرئەنجامێکی شوومی هەبێت. بەپێی شڕۆڤەی کلاسیکی ئاوانز پریچارد، سەرۆکی پێستپڵنگیی دەمودەست نیوەندگیریی دەکات تا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی نێوان خانەوادەی بکوژ و کوژرا دەست بە گفتوگۆ بکرێت. ئەمە کاریکی جوانە، چونکە هەمیشە لە سەرەتادا ماڵباتی کەسی کوژراو مل بۆ گفتوگۆ ناخەوێنن:
(سەرۆک سەرەتا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت بزانیت خانەوادەی بکوژ چ جۆرە ئاژەڵێکیان هەیە و ئامادەن چ شتێک وەک قەرەبوو بدەن… پاشان دەچنە دیداری خانەوادەی کوژراو و داوایان لێ دەکەن تا ئاژەڵەکانی خێزانی تاوانبار بەرانبەر گیانی کوژراو پەسەند بکەن. ئەوان هەمیشە پەرچی دەدەنەوە، چونکە سووربوون لەسەر ئەو خاڵە گرێدراوی شەرافەتیانە، بەڵام واتای پێداگرییەکە ئەوە نییە گوایە نەیانەوێت قەرەبووەکە پەسەند بکەن. سەرۆکیش ئەوە دەزانێت، سا فشاریان لێ دەکات تا پەسەندی بکەن، تەنانەت هەڕەشەیان لێ دەکات ئەگەر زیاتر کەللەڕەقیی بنوێنن، ئەوا بەر نەفرەتیان دەخات.- evans Pritchard 1940:153]
خزمانی دورتر فشاریان لێ دەکەن و بەرپرسیارێتیی هەمووان بەرانبەر کۆمەڵگای گەورەتر بەبیر دەهێننەوە، بیریان دەهێننەوە دەستبردن بۆ تۆڵەی ئاشکرا، خزمانی بێگوناهـ ڕووبەڕووی چ مەترسییەک دەکاتەوە، جا دەرئەنجام دوای نمایشیکی گەورە لە پەرچدانەوە و سووربوون لە سەر ئەوەی قەبووڵکردنی هەر ژمارەیەک لە ئاژەڵ بەرانبەر گیانی کوڕ یان برا سووکایەتییە، بە زۆریی بە ناڕەزایەتییەوە ئەم قەرەبووە قەبووڵ دەکەن. لە واقیعدا تا کاتێک کیشەکە لە لایەنی تیۆریەوە کۆتای هاتبێت، ئەوا ڕاستییەکەی هێشتا کۆتای نەهاتووە – بە زۆریی چەندین ساڵ درێژە دەکێشێت تا ئەو ژمارە ئاژەڵەی بڕیارە وەک قەرەبووی تاوان بدرێت، کۆ بکرێتەوە، تا کاتێک ئەم قەرەبووەش دەدرێت، دوو لایەنی کێشەکە هەوڵ دەدەن تەرێز لە یەکتری بگرن، (بە تایبەت لە سەماکردنەکاندا، چونکە ئەگەری هەیە لە ساتی سەما و نائاگاییدا، هەر ئەوەندەی بەر کەسێک لە خزمانی کوژاراو بکەون، ئەوا دەمودەست کێشەکە سەر هەڵبدایەوە، چونکە ئەو برین و کارەساتەی دژ بە بەرانبەر درووست کراوە، هیچکات نەبەخشراوە و دواجار ئەم هەقە دەبێت بە گیانێک پاک بکریتەوە)
بۆیە ڕووداوی (خوێنبەها) زۆر هاوشێوەی شیربەهایە، پارە قەرز پاک ناکاتەوە. تەنها گیانێک دەخرێتە بەر گیانێکی تر. لە باشترین دۆخدا ئەوانەی شیربەها دەدەن، بە قەبووڵکردنی بوونی ئەم قەرزە و سوربوون لەسەر ئەوەی ئارەزوو دەکەن کە خۆزگا دەیانتوانی بیدەنەوە، تەنانەت لەگەڵ ئەوەش کە دەزانن ئەم کارە نەکردەنییە، دەتوانن مۆڵەت بخوازن بابەتەکە بۆ هەمیشە بە هەڵواسراویی بمێنیتەوە. لە کیشوەری ئەمبەری زەریادا، دەبینین لویس هێنری مۆرگان چۆن باسی ڕێکارە ئاڵۆزەکانی کۆتایهێنان بە جەنگ دەکات لەنێوان شەش هۆزی ئیروکوایی، کە بە واقیعیی بۆ دووریگرتن لە هەمان هەلومەرج دانراون، ئەمەش کاتێک پیاوێک بە دەستی یەکێکی تر دەکوژرێت:
(پاش ڕوودانی کوشتن، بە خێرایی ئەو هۆزانەیی هەردوو لایەن سەر بەوان بوون، بە دەم ڕووداوەکەوە دێن و خۆیان دەناسێنن تا بگەن بە ئاشتیی، ئەمەش بۆ ڕێگریی لە هەر دەرەنجامێکی کارەساتبار لەو ڕووداوە کەسییە.
یەکەم کەڕەت هەوڵیان دەدا بزانن داخۆ تاوانبار دەیەوێت دان بە تاوانەکەیدا بنێت یاخود نا، سزاکەی دەدات یان نا؟ ئەگەر ئەو ملی بۆ ئەو بابەتە خەواند، ئەنجوومەنی هۆز بە خێرایی بە ناوی ئەوەوە ملوانکەیەکی سەدەفی سپی بۆ ئەنجوومەنی هۆزەکەی تر دەنێرن، ئەمە پەیامێک بوو. دواتر ئەنجوومەنەکەی تر هەوڵیان دەدا خانەوادەی کوژراو ئارام بکەنەوە، تووڕەییان دامرکێننەوە و ڕازییان بکەن تا گەردنبەندە سەدەفەکە بە نیشانەی بەخشین بپەژرێنن -لویس هێنری مۆرگان.)
لێرەشدا هاوشێوەی خەڵکانی نوئر، بابەتە پەیوەستە بە پێگەی قوربانیی و کاکڵەی تاوانەکە. نەخشەیەکی ئاڵۆز دەکێشرێت تا نزیکەی چەندین سەدەفی بە گەردنبەندکراو بدرێن. لێرەش بە هەمان شێوەی نوئرەکان هەمووان جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم کارە وەک پێدانی بەهای گیانی کوژراو نییە. بەهای سەدەفەکان بە هیچ جۆرێک هاوتای گیانی کەسی کوژراو نییە:
(پێشکەشکردنی سەدەفە سپییەکان وەک قەرەبووی گیانیی کەسی مردوو نییە، بەڵکوو واتای دانپیادانانێکی تاڵە بە تاوانێک و داواکاریی لێخۆشبوون. ئەم پێشکەشکردنە لە واقیعدا پێشنیاری ئاشتیی بوو، جا خزمانی هەردوولایەن پێیان لە سەر پەژراندنی دادەگرت- لویس هێنری مۆرگان.)
ڕاستییەکەی لە هەندێک هەلومەرجدا ڕێگایەک بۆ دەستکاریی ئەم سیستەمە هەبوو، ئەمەش بۆ ئەوەی پێدانی ئەو خوێنبەهایەی بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی تووڕەیی و خەمی خزمانی کوژراو ئەنجام دەدرا، بگۆڕنە سەر ڕێگایەک بۆ خوڵقاندنی ژیانی نوێ، ئەمە بە مانایەک دەبووە شوێنگرەوەی ئەو گیانەی لەدەست چوو بوو. بە شێوەیەکی باو لای نوئرەکان دەبوو چل سەر ئاژەڵ وەک خوێنبەها بدەن، بەڵام ئەمە هاوتای هەمان چەندێتیی باوە بۆ شیربەهاش. پاساوەکەش ئەوە بوو: ئەگەر پیاوێک پێش هاوسەرگیریی مناڵێک بهێنێتە دنیا، بکوژرێت، سرووشتییە ڕۆحی تووڕە دەبێت. لە ئەنجامی کوشتنەکەوە دەرفەتی ئەبەدێتیی لەو کەسە وەرگیراوەتەوە. باشترین ڕێچارە ئەوەیە سوود لەو ئاژەڵانەی وەک خوێنبەها دراون، وەربگیرێت و ‘هاوسەری ڕۆحیی’ بۆ کەسی کوژراو پەیدا بکەن: ئەو کەسەی بە فەرمیی دەبێتە هاوسەری کەسی مردوو. هەندێ کات دەبێتە هاوسەری یەکێک لە براکانی کەسی مردوو، هەندێ کات ڕێگایان پێ دەدا لەگەڵ هەرکەسێکدا بژی کە خۆی دەیەوێت، هێندە گرنگ نەبوو چ کەسێک ئەو سکپڕ دەکات، چونکە بەهەرحاڵ بە باوکی مناڵەکانی ئەم ژنە هەژمار نەدەکرا. ئەو منداڵەی لەم ژنەوە لەدایک دەبوو، بە مناڵی ڕۆحیی کەسی کوژراو دادەنرا؛ لە ئەنجامیشدا گریمانەی ئەوە دەکرا هەر کوڕێک لە نێو ئەو منداڵانەدا بە شێوەیەکی تایبەت ئەرکدارە تا ڕۆژێک تۆڵەی ئەو بکاتەوە.
وا دەردەکەوێت نوئرەکان لە کێشە و ململانێکاندا هەندێ سەرسەختتر بوون. ڕوسپاب هەندیک نموونە لە ناوچەی دیکەی جیهان دەهێنێتەوە کە لەوانە ئاشکراترن. بۆ نموونە لە نیو خەڵکە سەرەتایەکانی باکووری ئەفریقا هەندێ کات ڕووی دەدا تاکە ڕێگا بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتیی ئەوە بووە؛ خانەوادەی بکوژ کچێک بە نزیکترین خزمانی کوژراو -بۆ نموونە براکەی – بدات تا بیکات بە ژنی خۆی. ئەگەر ئەم کچە بۆ ئەو پیاوە کوڕێکی دەبوو، ئەم کوڕە دەبێتە هەڵگری ناوی مامە کوژراوەکەی و لە گشتیترین مانای وشەدا وا گریمانەی دەکەن شوێنگرەوەی ئەوە. بەم شێوەیە، خەڵکانی ئیرۆکوای کە سیستەمی کۆمەڵایەتییان دایکسالارییە، ژنان ئاڵوگۆڕ ناکەن. لە بەرانبەردا ڕێگاچارەیەکی دیکەیان هەیە و ڕاستەوخۆترە. ئەگەر پیاوێک بمرێت -تەنانەت بەهۆی کارەساتێکی سرووشتییشەوە- خزمانی پیاوەکە ڕەنگە (ناوەکەی بخەنە سەر قاڵیچەیەک) و کەمەربەندێک لە سەدەف بنێرن، ئەمەش وەک پێشزەمینەیەک بۆ داوەتی جەژنی جەنگ و دەکرێت ببێتە هۆکاری هێرش بۆ سەر گوندی دوژمن و گرتنی دیلی جەنگیی. ئەگەری هەیە دیلەکە تا ئاستی مردن ئەشکەنجە بدەن، یان ئەگەر داپیرەکانی هۆز بەزەییان هەبێت، ئەو قەبووڵ دەکەن (بێگومان هیچکات ئەوە زانراو نییە کە هەن یاخود نا، خەمی عەزاداریی سەیروسەمەرەیە): ئەم قەبووڵکردنە بە هەڵواسینی گەردنبەندی سەدەف بە سەر شانەکانی ئەودا ئاشکرا دەبێت، لەوێدا ناوی مردووەکە لەو کەسە دەنێن و لە هەمان ساتەوە ئەو دەکەن بە هاوسەری ژنی مردووەکە، دەبێتە خاوەنی دارایەکانی ئەو و بە هەر شێوازێک و لە واقیعدا، بە هەمان شێوەی پیاوە مردوەکە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
هەموو ئەو نموونانە تەنها دەرخەری مەبەستی بنچینەیی ڕوسپابن، واتا ئەوەی ئاڵوگۆڕی پارە لە ئابوورییە مرۆییەکاندا بە گشتیی لە جەوهەری خۆیدا وەک پشتڕاستکردنەوەی بوونی قەرزێکە و ناتوانرێت بدرێتەوە.
بە مانایەک ئەم بۆچوونە زیاتر بیرهێنەرەوەی تیۆرەی قەرزی ئەبەدییە: پارە لە ناسینەوەی قەرزی ڕەهاوە وەک شتێکی لێ دێت کە ژیانی بە ئێوە بەخشیوە. جیاوازییەکەی ئەوەیە لەبری خەیاڵی قەرزێکی لەو چەشنە لە نێوان تاک و کۆمەڵگادا، یان ڕەنگە لە نیوان تاک و گەردوون، لێرەدا قەرزەکان وەک تۆڕێکی دوانەیی لە پەیوەندیی دەبینرێن: بە نزیکەیی هەموو کەسێک لە کۆمەڵگایەکی لەم شێوەیەدا پەیوەندییەکی قەرزاریی ڕەهای لەگەڵ کەسانی تر هەیە. بابەتەکە ئەوە نییە ئێمە قەرزاری (کۆمەڵگا)ـین. لیرەدا ئەگەر چەمکی (کۆمەڵگا) بوونی هەبێت -نازانریت کە بوونی هەیە- کۆمەڵگا هەمان قەرزەکانی ئێمەیە.
قەرزی خوێنی (هۆزی لەلە)
ئاشکرایە ئەم تێڕوانینە ڕووبەڕووی هەمان بابەتی ئاشنامان دەکاتەوە: چۆن هەمان ئەو نیشانەیەی دانراوە تا دانپیادانانێک بێت بەوەی ناتوانرێت قەرز بدرێتەوە، دەگۆڕێت بە جۆرێک لە پێدانەوە و دەکرێت قەرزی پێ کەم بکەینەوە؟ لێرەدا ڕەنگە بابەتەکە سەختتر لە پێشوو بنوێنێت.
لە واقیعدا بابەتەکە ئەوە نییە. بەڵگەکان دەربارەی ئەفریقا بە ڕوونیی نیشانی دەدەن، شتی لەو چەشنە ڕوو دەدەن؛ گەرچی ئەو وەڵامەی دەیدەنەوە، کەمێک بێزارکەرە. بۆ نیشاندانی ئەم پرسە پێویستە بە وردیی تەماشای هەلومەرجی یەک – دوو کۆمەڵگای جیاواز بکەین.
سەرەتا بە هۆزێکی ئەفریقای واتا ‘هۆزی لەلە’ دەست پێ دەکەین. خەڵکانێک لە دەیەی ١٩٥٠، واتا کاتێکدا میری داگڵاس لێکۆڵینەوەی لەبارەیانەوە دەکرد، توانیبوویان بنەمای دانەوەی قەرزی خوێنیی بگۆڕن بۆ بنەمای ڕێکخستنی گشتێتیی کۆمەڵگای خۆیان.
لەوکاتەدا (هۆزی لەلە) پێکهاتبوون لە دە هەزار کەس و لە سەر زەوییەک لە کۆتایی ڕووباری کاسای لە کۆنگۆی بەلژیکیی دەژیان. دراوسێ دەوڵەمەند و شارستانییەکانی ئەوان، واتا دانیشتووانی کووبا بووشونگ، ئەوانیان بە خەڵکانی توندوتیژ و دواکەوتوو هەژمار دەکرد. ژنانی هۆزی لەلە گەنمەشامیی و مانیوک (کاساو)ـیان دەچاند، پیاوەکانیان خۆیان بە نێچیروانیی ئازا و دلێر دەزانی، بەڵام زۆرترین کات سەرگەرمی چنین و دورینی جلوبەرگ بوون لە گەڵای دارخورما. ئەم جلوبەرگە هەمان ئەو شتە بوو وا ئەم ناوچەیەی پێ دەناسرایەوە. ئەم پۆشاکە نەک تەنها وەک جلوبەرگ بەکار دەهێنرا، بەڵکوو هەناردەش دەکرا: هۆزی لەلە خۆیان بە دابینکەری جلوبەرگی ناوچەکە دەزانی و لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە پۆشاکیان ئاڵوگۆڕ دەکرد تا کەلوپەلی جوانکاریی بەدەست بهێنن. ئەم چنراوانە لە نێو خۆیاندا ڕۆڵ و ئەرکی پارەی دەگێڕا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە بازاڕ بەکار نەدەهات (چونکە هیچ بازاڕێک لەوێ بوونی نەبوو)، بەو جۆرەی میری داگڵاس دۆزییەوە و قەبووڵکردنی ئەم دۆزینەوەیە بە هیچ شێوەیەک کارێکی ئاسان نەبوو بۆی. لە ناوخۆی گوندەکاندا نەدەکرا بەرانبەر ئەم چندراوانە خۆراک، ئامراز، قاپوقاچاغ یان بە نزیکەی هیچ شتێک وەربگیرێت. ئەم چندراوانە لە بنچینەدا پارەی کۆمەڵایەتیی بوون.
(پێدانی دیاریی ئاسایی درووستکراو لە چنراوی گەڵای دارخورما لە هەموو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا هەیە: لەنێوان ژن و مێرد، کوڕ و دایک، کوڕ و باوک. ئەم دیارییانە لە کاتی بوونی هەلومەرجی ململانێ و گرفت وەک پێشنیاری ئاشتیی بەکار دەهێنرێن؛ ئەم دیارییانە دەدرێت تا ڕق و تووڕەیی بگۆڕێت بە ئاشتیی یاخود پیرۆزبایی کەسێک بە کەسێکی تر بگەیەنرێت. هەروەها دیاریی فەرمیش لە هەمان گەڵای دارخورما دەچندرێت، ئەگەر بێباکیی لە پێدانیان نیشان بدرێت، ئەوا ڕووبەڕووی مەترسیی پچڕانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی دەبنەوە. کاتێك کوڕ دەگاتە قۆناغی هەرزەکاریی، ئەوا دەبێت بیست دەست جلوبەرگ بە باوکی بدات، ئەگەر ئەو کارەی نەکردبێت، ئەوا شەرم دەکات بچێتە لای باوکی و دوای لێ بکات تا لە تێچووی هاوسەرگیرییەکەیدا یارمەتیی بدات. پیاو دەبێت بەرانبەر لەدایکبوونی هەر مناڵێک، بیست دەستە جلوبەرگ بە هاوسەرەکەی بدات. ـ میری داگڵاس ١٩٥٨- بەپێی ئەندازەگیریی داگڵاس هەر پیاوێکی سەرکەوتوو تا بە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی کامڵ دەگات، لانیکەم سێسەد چندراوی گەڵای دارخورمای خەرج کردووە و سێسەدی دیکەی وەک دیاریی بەخشیووە ـ میری داگڵاس١٩٦٣)
هەروەها ئەم چندراوانە بۆ خەرجکردن و دانەوەی قەرزەکان و پێدان بە تیمارکەران بەکار دەهێنرێن. بۆ نموونە، ئەگەر ژنێک بە مێردەکەی بڵێت؛ کەسێک هەوڵی داوە ناوی ئەو لە کۆمەڵگەدا بزڕێنێت، نەریت وایە پیاو بیست چندراو لە پای وەفاداریی بە ژنەکەی بدات (ئەم کارە پێویست نییە، بەڵام ئەنجامنەدانی گەمژانە دەبینرێت). ئەگەر زیناکارێک بکەوێتە داوەوە، چاوەڕوان دەکرێت پەنجا تا سەد چندراو بە مێردی ژنەکە بدات، ئەگەر مێرد و تاوانبارەکە پێش کۆتایی کێشەکە بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵە ئارامیی گوندەکە تێک بدەن، هەریەک لەوان دەبێت دوو چندراو لەپێناو قەرەبووکردنەوەدا بدەن و ئیدی بەم شێوەیە.
دیارییەکان هەرچەند بچینە سەرەوە، زیاتر دەبن. گەنجەکان زیاتر دیاریی بچووک لە هەمان ماددەی چندراو بە دایک و باوک و مامەکانیان دەدەن تا بەم چەشنە سوپاسیان بکەن. ئەم دیارییانە لە خۆیاندا فۆرمێکی پلەبەندییان هەیە: واتە ئەوانەی دیاریی وەردەگرن هیچ کات بڕیار نییە هەمان کار بکەنەوە. لە ئەنجامدا بەتەمەنەکان و بەتایبەت پیاوانی پیرتر، زۆربەی کات شتێکی ئەوتۆیان لەم چندراوانە لەدەستدا نامێنێتەوە، پیاوانی گەنجیش هیچکات ناتوانن بە ئەندازەی پڕکردنەوەی پێویستییەکانیان، لەم جلوبەرگانە بچنن، هەرکات پێویست بێت، ژمارەیەکی بەرچاو لەم چندراوانە بدەن ناچارن بچنە سۆراغی کەسە پیرەکان: بۆ نموونە؛ کاتێک دەبێت سزای تاوانێکی قورس بدەن، یاخود کاتێک دەیانەوێت بۆ هاوکاریی منداڵبوونی هاوسەرەکانیان پزیشکێک بانگهێشت بکەن، یان دەیانەوێت لە بۆنەیەکی ئایینییدا بە کۆمەڵەکەی خۆیانەوە پەیوەست بن. هەربۆیە کەسە گەنجەکان هەمیشە تا ئاستێک قەرزداری گەورەترەکانن، یان لانی کەم هەندێک لەژێر باری منەتی ئەواندان. بەڵام هەمووان ژمارەیەکی زۆر لە دۆست و خزمیان هەیە و ڕۆژگارێک هاوکارییان کردوون، هەربۆیە دەتوانن جارێکی تریش پشت بە هاوکاریی ئەوان ببەستن.
هاوسەرگیریی بە شێوەیەکی تایبەت تێچووی زۆرە، چونکە فەراهەمکردنی کەلوپەل و پێویستییەکان پێویستی بەوەیە تاک چەندین پارچەتەختە لە داری درەختی کموود [سندڵی ئەفریقایی] لە بەردەست بێت. لە کاتێکدا چندراوەکانی گەڵای دارخورما لە بۆنە و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بچووکدا بەکار دەهێنرێن (کموود – سندڵ – دارێکی هاوردەکراوی دەگمەنە و بۆ درووستکردنی کەلوپەلی جوانکاریی بەکار دەهێنرێت)، یەکەیەکی پارەیی گەورەتر بوو. سەد چندراوی گەڵای دارخورما هاوتای سێ تا پێنج پارچەداری کموود بوو. ژمارەیەکی کەمی خەڵک خاوەنی ‘کموود’ـێکی زۆر بوون، کەسەکان زیاتر تەنها چەند پارچەیەکیان هەبوو کە بۆ بەکارهێنانی خۆیان وردیان دەکردەوە. زۆرترینی ئەم پارچەدارانە لە خەزێنەی هاوبەشی گونددا هەڵدەگیران.
ئەمە مانای ئەوە نییە ‘داری کموود’ـی ئەفریقایان بۆ هەرکارێکی هاوشێوەی پێدانی شیربەها بەکار دەهێنا؛ بەڵکوو بەرانبەر بەمە لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە هاوسەرگیریی کەڵکی لێ وەردەگیرا و هەر جۆرێک لە دیاریی دەدرا و وەردەگیرا. لە واقیعدا هیچ شیربەهایەک لە ئارادا نەبوو. پیاوان نە دەیانتوانی بۆ بەدەستهێنانی هاوسەر کەڵک لە پارە وەبگرن، نە دەیانتوانی سوود لە پارەش وەربگرن تا مافیان بە سەر مناڵەکانی ژنەکەوە هەبێت. لە هۆزی (لەلە)ـدا سیستەمی دایکسالاریی باڵادەست بوو. مناڵەکان گرێدراوی باوکانی هۆز نەبوون، بەڵکوو گرێدراوی دایکەکانیان بوون.
سەرباری ئەمەش شێوازی دیکە هەبوو، پیاوان لە ڕێی ئەم شێوازانەوە بە سەر ژناندا باڵادەست دەبوون. ئەم ڕێگایە سیستەمی قەرزی خوێنیی بوو.
لە نێو خەڵکی کۆنی ئەفریقادا بیروباوەڕێک هەیە لەسەر بنەمای ئەوەی کەس بەبێ هۆکار نامرێت. واتا ئەگەر کەسێک بمرێت، ئەوا دەبێت کەسێک ئەوی کوشتبێت. بۆ نموونە ئەگەر ژنێک لە هۆزی (لەلە) لە سەروەختی منداڵبووندا بمرێت، گریمانەی ئەوە دەکرێت بەو هۆکارە بووە کە تووشی زینا بووە، هەربۆیە کەسی زیناکار بە بەرپرسی مەرگی ئەو دەزانن. هەندێ کات ژن لە سەرەمەرگدا دانی پیادا دەنێت. ئەگەر وا نەبێت، ئەوا دەبێت لە ڕێی جادوگەرییەوە تێبگەن. ئەگەر منداڵێکیش بمرێت، ئەوا بە هەمان شێوەیە. ئەگەر کەسێک نەخۆش بکەوێت یاخود لە کاتی هەڵزنان بە درەختێکدا بخزێت و بکەویتە خوارێ، دەچنە سۆراخی نزیکترین خزم و کەسوکاری تا بزانن ئەو کەسە لە هیچ کێشە و شەڕێکدا بەشداریی کردووە تا بتوانن بڵێن ئەوە بووەتە هۆی بێبەختیی ئەو یان نەخێر. گەر هیچ ڕێگەیەک بە ئەنجامیان نەگەیەنێت، دەتوانن سوود لە نێوەندگیریی جادووگەران ببینن تا بزانن چ کەسێک نوشتە و جادووی لێ کردووە. هەر هێندەی خەڵکی گوند باوەڕیان بەوە کرد تاوانباریان دۆزیوەتەوە، ئەوا ئەو کەسە قەرزدارە بە پێدانی قەرزی خوێنیی: واتە بە نزیکترین خزمانی قوربانی یەک گیانی مرۆیی قەرزدارە. بەم شێوەیە کەسی تاوانبار دەبێت لە ڕێگەی کچێکی گەنج لە خێزانی خۆی، خوشکی یاخود کچی، ئەم قەرزە بداتەوە تا ئەم کچە لە ژێر سەرپەرشتیی، یاخود ‘بارمتە’ـی خزمانی کەسی قوربانیدا بێت (لەمەولا چارەنووس و ژیانی کەسی بارمتە دەکەوتە دەست سەرپەرشتیارانیان).
هاوشێوەی سیستەمی قەرزی (هۆزی تیۆ)، ئەم سیستەمەش بە خێراییەکی ئێجگار زۆر ئاڵۆز بووە. بارمتەگیریی بە میرات دەمێنێتەوە. دەرئەنجام زۆرێک لە پیاوان پیاوانی وابەستەی کەسێکی تر بەهەژمار دێن. لەگەڵ ئەوەش هیچ کەس پیاوی وەک بارمتە بەرانبەر وەرگرتنی قەرزی خوێنیی پەسەند نەدەکرد: بنەمای بابەتەکە ئەوە بوو کچ و ژنی گەنج بە بارمتە بگرێت و بەم دەساوێژە بتوانێت منداڵانێکی زۆر وەک بارمتە بهێنێتە دونیاوە. ئەو کەسانەی هۆزی لەلە وا زانیارییەکانی میری داگڵاسیان فەراهەم کردووە، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەر پیاوێک پێی باشە تا ئەوشوێنەی دەکرێت، لەم ژنانەی بە بارمتە هەبێت:
(بپرسە: «بۆچی دەتەوێت بارمتەی زیاترت هەبێت؟» و هەمیشە لە وەڵامدا دەبیستیت: «سوودی هەبوونی بارمتە ئەوەیە؛ هەرکات قەرزی خوێنیی بکەوێتە گەردنت، دەتوانی بە پێدانی یەکێک لە بارمتەکانت، قەرەبووی بکەیتەوە و خوشکەکانی خۆت بە ئازادیی دەمێننەوە.» بپرسە: «بۆچی دەتانەوێت خوشکەکانی خۆت بە ئازادیی بمێنێتەوە؟» لە وەڵامدا دەبیستیت: «ئاه! باشە ئەگەر تووشی قەرزی خوێنیی بووم، دەتوانم بە بارمتەدانانی یەکێکیان کۆتایی پێ بهێنم…»
هەر پیاوێک دەزانێت هەر ساتێک ئەگەری هەیە قەرزێکی خوێنیی بکەوێتە گەردنییەوە. ئەگەر ژنێک ئەم فریوی داوە، لە ساتی ئازاری منداڵبووندا ناوی ئەو بهێنێت و دواتر بمرێت، یاخود ئەگەر منداڵی هەمان ژن بمرێت، یاخود ئەگەر لەگەڵ ئەو کەسەی شەڕی کردووە و ئەو کەسە بەهۆی نەخۆشیی یاخود ڕووداوێک بمرێت، ئەگەری هەیە وەک بەرپرس لە ڕووداوەکە بناسرێت… تەنانەت ئەگەر ژنێک لە دەست مێردەکەی هەڵبێت و لەبەر ئەوە جەنگێک هەڵبگرسێت، کوژراوەکان دەخەنە ئەستۆی پیاوەکە و براکانی یاخود برای دایکی دەبێت قەرزەکە بدەنەوە. بەو هۆکارەی تەنها ژنان وەک قەرەبووی خوێن قەبووڵ دەکەن، بۆ هەموو مەرگەکان چی لە ژنان و چی لە پیاوان، قەرەبوویان دەوێت، ئاشکرایە هەمیشە بەپێی پێویست ژنانێک بۆ دانی وەک بارمتە بوونی نییە. پیاوان بۆ دانەوەی قەرز و ئەنجامدانی ئەرکی بارمتەدانان، دووچاری قەرزی دواکەوتوو دەبوونەوە، کچان پێش ئەوەی لەدایک ببن، بە بارمتە دەدران، تا پێش ئەوەی دایکەکانیان بگەنە تەمەنی هاوسەرگیریی.)
بە واتایەکی تر هەموو شتیک گۆڕدراوە بە یارییەکی بێکۆتای شەترەنج – داگڵاس دەڵێت یەکێک لە هۆکارەکان کە لێرەدا چەمکی Pawn (لە شەترەنجدا هاوتای سەربازی پیادەیە) بەکار دێت، لەبەر هەمان شتە. بە نزیکەی هەموو پیاوە بەتەمەنەکانی هۆزی لەلە هاوکات هەم بارمتەی کەسێکی تر بوون، هەم خۆشیان بەردەوام سەرگەرمی هێشتنەوە و ئاڵوگۆڕ و کڕینەوەی بارمتەکانی دیکە بوون. هەر ڕووداوێک یان خەمێکی دیار لە ژیانی گوندا هەمیشە دەبووە هۆکاری گواستنەوەی ماف بە سەر ژنانەوە. سەرەنجام بە نزیکەی هەموو ژنان ئاڵوگۆڕ دەکران.
لێرەدا پێویستە جەخت لە سەر چەند خاڵێک بکەینەوە؛ یەکەم ئەوەی ئەو شتەی ئاڵوگۆڕ دەکرا، بە شێوەیەکی ئاشکرا، ژیانی مرۆڤەکان بوو. داگڵاس ئەمە بە (قەرزی خوێنیی) ناو دەبات، بەڵام (قەرزی گیانیی) دەستەواژەیەکی گونجاوترە. بۆ نموونە بیر بکەرەوە کەسێک خەریکە لە ئاودا دەخنکێت و کەسێکی تر ڕزگاری دەکات. یاخود کەسێک گرفتاری نەخۆشییەکی کوشندەیە، بەڵام پزیشکێک چاکی دەکاتەوە. لە هەردوو بارەکەدا ڕەنگە سوود لەو مانایە وەربگرین کە کەسێک (گیانی خۆی) قەرزاری ئەوی ترە. خەڵکی لەلەش هەمان دەستەواژەیان بەکار دەهێنا، بەڵام ئەم گوزارشتەیان بە تەواوی لە بەمانا زمانەوانییەکەدا بەکار دەهێنا. ئەگەر گیانی کەسێکت ڕزگار بکردایە، ئەوا ئەو کەسە قەرزداری تۆ دەبوو. باوترین ڕێچارە بۆ ئەو کەسەی گیانیان ڕزگار کردبوو، ئەوە بوو خوشکەکەی خۆی بە بارمتە بدات – یاخود ئەگەر ئەوە نەکات، ئەوا ژنێکی تر بدات؛ ئەو بارمتەیەی خۆی لە کەسێکی تر بەدەستی هێنابوو.
خاڵێکی تر ئەوەیە هیچ شتێک نەیدەتوانی شوێنگرەوەی گیانی مرۆڤێک بێت. (سزادان لەسەر بنەمای هاوسەنگیی تەواوەتیی بوو، گیان بەرانبەر گیان، کەسێک بەرانبەر کەسێکی تر). چونکە بەهای گیانی مرۆڤ ڕەها بوو، هیچ ژمارەیەک لە چندراوەکانی داری خورما، یاخود داری سندڵ، یان بزن، یا هەرشتێکی دیکە لە بەرانبەریدا نەدەدرا.
سێیەمین و گرنگترین خاڵ ئەوەیە لە واقیعدا (گیانی مرۆڤ) بە مانای (گیانی ژن) بوو؛ یا زۆر دیاریکراوتر (گیانی کچێکی گەنج). ئاشکرایە ئەمە لە پێناو زیادکردنی موڵکەکانی بارمتەگیران بوو: زیاتر لە هەر شتێک، کەسی بارمتەگیر پێی باش بوو بارمتەیەکی هەبێت و بتوانێت زیاد بکات و منداڵی بۆ بخاتەوە، چونکە منداڵەکانیش دەبوونە بارمتەی ئەو کەسە. بەم مانایە، هەرچەندە مری داگڵاس بە هیچ جۆرێک کەسێکی فیمێنیستیش نەبوو، لێ ناچار پەسەندی کرد کە کۆی ئەم ڕێکارانە بە شێوەیەک کاری دەکرد گوایە سیستەمێکی گەورەیە بۆ جێگیرکردنی باڵادەستیی پیاو بەسەر ژناندا. ئەم بابەتە هەقیقەتی هەبوو، گرنگترین هۆکاریشی ئەوە بوو خودی ژنان نەیاندەتوانی بارمتەیان هەبێت. ژنان تەنها دەکرا بارمتە بن. بە مانایەکی تر، کاتێک باسی قەرزی گیانی لە ئارا بوو، تەنها پیاوان دەیانتوانی قەرزدار و خاوەنقەرز بن (لە واقیعیشدا، زۆرترین پیاوان هەم قەرزدار بوون و هەم خاوەنقەرز). بەم شێوەیە، کچانی گەنج ویستراو و قەرز بوون ـ ئەو داشانە بوون وا لەسەر ڕووی شەترەنج دەجووڵێندران- لە کاتێکدا ئەو دەستانەی ئەوانی دەجووڵاند، هەمیشە دەستی پیاوانە بوو.
هەڵبەت چونکە بە نزیکەی هەمووان بارمتە بوون، یاخود سەردەمانێک لە ژیانیاندا هەبووە کە بارمتە بوون، بارمتەبوون بە کارەساتێکی ئەوەندەش دژوار هەژمار نەدەکرا. بارمتەبوون بۆ بارمتەی ڕەگەزی نێر بە دەستکەوت دادەنرا، چونکە (ئەوکەسەی بارمتەی ئەوە یاخود ئازادیی ئیرادەی ئەمی تەسلیم کراوە) دەبوو زۆربەی سزای تاوان و خەرجییەکانی و تەنانەت قەرزە خوێنییەکانیشی بدایە. بە هەمان هۆکارە کە پسپۆڕ و شارەزایانی مری داگڵاس یەکدەنگ جەخت لەوە دەکەنەوە، کە بارمتەگیریی هیچ جۆرە لێکچوونێکی لەگەڵ کۆیلایەتییدا نییە. هۆزی لەلە کۆیلەشیان هەبوو، بەڵام ژمارەی کۆیلەکان هیچکاتێک هێندە زیاد نەبووە. کۆیلەکانی هۆزی لەلە دیلی جەنگیی و زیاتر بیانیی بوون. بەم شێوەیە هیچ خانەوادەیەکیان نەبوو، واتا کەسێکیان نەبوو پشتیوانیان بێت. لە بەرانبەردا بارمتە بە مانای ئەوە بوو تاک نەک یەک خانەوادە، بەڵکوو دوو خانەوادەی جیاوازی هەبوو کە ئاگاداری دەبن: ئێوە کاتێک بارمتە دەبن، هێشتا دایک و براکانتان هەیە، بەڵام هاوکات (ئەرباب یان گەورە)ـی خۆشتان هەیە.
بۆ ژنێک هەمان ئەو واقیعەی دەرفەتی بەشداریی لە گەمەیەکدا پەیدا دەکرد کە هەموو پیاوان سەرگەرمی یاریکردن بوون تیایدا، جۆرەها دەرفەتی بۆ دەڕەخسا تا یاریی بکات و ئەو سیستەمە لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت. کچێک ئەگەری هەبوو بارمتە لەدایک ببێت و هەر لە پیش هاتنەدنیای مارە کرابێت تا هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێک بکات. مری داگلاس پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە لە واقیعدا:
(کچانی هۆزی لەلە بە نازەوە پەروەردە دەکرێن. هەر لە تەمەنی ساواییەوە جێگەی سەرنج و گرنگیپێدانی دەوروبەرن و هەمووان سۆز و خۆشەویستییان پێ دەبەخشن. دەزگیرانی دەستنیشانکراوی ئەو هەرگیز ناتوانێت جڵەوی بکات مەگەر بە شێوەیەکی سنووردار. لە هەلومەرجێکدا کە پیاوان لەسەر بەدەستهێنانی ژنان سەرگەرمی کێبڕکێ بوون لەگەڵ یەک تری، پانتاییەک بۆ ژنان فەراهەم دەبوو تا یاریی بکەن و بجووڵێن و پلانڕێژیی بکەن. فیتنەگەرانی ئومێدەوار هیچکات لە گەمەکاندا بە دۆڕاویی نایەنە دەرێ، هەر ژنێک ئەگەر ئارەزووی بکردایە، ئەوا گومانی تێدا نەبوو دەیتوانی هاوسەرێکی تر بەدەست بهێنێت.- مری داگلاس.)
جگە لەوە، کچێکی گەنجی (لەلە) کارتێکی تایبەت و بەهێزی بۆ گەمەکردن هەبوو. هەمووان دەیانزانی ئەگەر کچە بەو هەلومەرجە ڕازیی نەبێت وا بۆی دیاریی کراوە، ئەوا هەمیشە ئەو هەڵبژاردنەی هەیە ببێتە (هاوسەری گوند).
دامەزراوەی (هاوسەری گوند) بە شێوەیەکی پاوانخوازانە تایبەت بوو بە هۆزی لەلە. بێگومان باشترین ڕێ بۆ ناساندن و وەسفکردنی ئەوەیە هەلومەرجێکی گریمانەیی لەبەرچاو بگرین. وەرن گریمانەی ئەوە بکەین پیاویکی پیر خاوەنی ناو و پێگەیەکی گرنگی کۆمەڵایەتییە، ئەم پیاوە لە سۆنگەی قەرزی خوێنییەوە ژنێکی گەنج وەک بارمتە بەدەست دەهێنێت و بڕیار دەدات خۆی لەگەڵ ئەودا هاوسەرگیریی بکات. لە لایەنی تیۆرییەوە، ئەو مافەی هەیە لەگەڵ ئەو ژنە هاوسەرگیریی بکات، بەڵام بۆ ژنێکی گەنج مایەی خۆشحاڵی نییە ببێتە هاوسەری سێیەم یان چوارەمی پیرەپیاوێک. یاخود گریمانەی ئەوە بکەن بڕیار دەدات ئەم ژنە بارمتەیە بۆ هاوسەری یەکێک لە پیاوانی بارمتەی گوندێکی دوور لە شوێنی نیشتەجێبوونی دایکی ئەم ژنە پێشنیار بکات. ژنە ناڕەزایەتیی دەردەبڕێت، پیاوەکە گوێ بە ناڕەزایەتیی ئەو نادات. ژنە چاوەڕێی دەرفەتی گونجاو دەکات و شەوانە هەڵدێت بۆ گوندێکی دوژمن و لەوێ پەنا دەباتە بەر دامەزراوە و مەڵبەندێکی پیرۆزی ئەو گوندە. ئەم کارە هەمیشە ئەگەری هەیە: هەموو گوندەکان دوژمنێکی لەمێژینەیان هەیە. هیچ گوندێکی دوژمن دەست بە ڕووی ئەو ژنەوە نانێت وا لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا پەنای بۆ ئەوان بردووە. ئەو گوندەی ژنەکە پەنای بۆ بردووە، خێرا ئەو دەکەن بە (هاوسەری گوند) و هەموو پیاوانی نیشتەجێی گوند ئەرکدارن پارێزگاری لێ بکەن.
ئەم نموونەیە هاوکارمان دەبێت تێبگەین چۆن لەوێش هاوشێوەی زۆرێک لە ناوچەکانی ئەفریقا، زۆرینەی پیاوە بەتەمەنەکان چەندین هاوسەریان هەبوو. لە ئەنجامیشدا ئەو ژمارە ژنەی بەردەست بوون، بۆ پیاوانی گەنج بە شێوەیەکی ئاشکرا کەم دەبوویەوە. بە هەمان ئەو شێوەیەی لێکۆڵەرەکەمان ڕوونی دەکاتەوە، ئەم ناهاوسەنگییەی وا سەرچاوەیەکی گرنگی ململانێی ڕەگەزیی بوو، جێی سەرنج گرنگیپێدانە:
(هەمووان ئەوە دەبین ئەو گەنجانەی ژنیان نییە، چاویان بڕیوەتە هاوسەری پیاوانی بەتەمەن. لە واقیعدا یەکێک لە سەرگەرمییەکانی پیاوانی گەنج ئەوە بوو پیلانی فیتنەگەریی بگێڕن و گاڵتە بەو کەسە بکەن وا لافی ئەم کارانە لێ نادات. چونکە پیاوانی بەساڵاچوو پێیان خۆش بوو بە خاوەنی چەند هاوسەر بمێننەوە و دوو یان سێ ژنیان هەبێت، بۆیە زیناکردنیان بە تێکدانی ئاشتیی گوند دەزانی. هۆزی لەلە بۆ ئارامکردنەوەی پیاوانی بێ ژن ناچار بوو کۆمەڵێک ڕێکار بگرێتە بەر: بە شێوەیەک، کاتێک ژمارەی پێویست لە کوڕانی گوند دەگەیشتنە تەمەنی نزیک بە هەژدە ساڵیی، ڕێیان پێ دەدرا مافی دەستڕاگەیشتن بە هاوسەرانی هاوبەشیان هەبێت- مری داگلاس)
ئەم لاوانە پاش پێدانی نرخێکی گونجاو بە خەزێنەی گوند (لەسەر بنەمای چندراوەکانی گەڵای دارخورما)، ڕێگایان پێ دەدرێت خانوویەکی هاوبەش درووست بکەن و دواتر یان بە هاوبەش ژنێک دەهێنن و نیشتەجێی ئەو خانووەی دەکەن یاخود ڕێگایان پێ دەدرێت گرووپێک پێک بهێنن و هەوڵی دزینی ژنێک لە گوندی دوژمن بدەن (یاخود لە بەرانبەردا، ئەگەر ژنێک پەنای بۆ گوندەکەیان هێنا، ئەوا مافی قەبووڵکردنی ئەو لە کۆی دانیشتووانی تری گوند وەردەگرن: داواکارییەکی لەم شێوەیە بە نزیکەیی هەمیشە پەسەند دەکرا). ئەم هاوسەرە هاوبەشە هەر ئەوەیە وا پێی دەگوتریت (هاوسەری گوند). پێگەی هاوسەری گوند زۆر ڕێزلێگیراوە. لە واقیعدا، لەگەڵ هاوسەری گوندی تازەبووک هاوشێوەی شازادەکان مامەڵە دەکرا. چاوەڕوان نەدەکرا هیچ کارێک لە کێڵگەدا بکات یان دار و ئاو بهێنێت، یان تەنانەت چاوەڕێ نەدەکرا خواردن درووست بکات؛ هەموو کارەکانی ماڵەوە هاوسەرەکانی دەیانکرد و باشترین خواردن و کەلوپەلیان بۆ ماڵەوە فەراهەم دەکرد، زۆرترین کاتەکانی خۆیان بە ڕاوکردن لە دارستان و کێبڕکی لەگەڵ یەکتری بەسەر دەبرد و لەسەر هێنانی خۆشترین خواردنەکان و پڕکردنی دەفرەکەی لە شەرابی خورما لە پێشبڕکێدا بوون. هاوسەری گوند دەیتوانی دەست بۆ داراییەکانی ئەوانی تر ببات و چاوەڕوان دەکرا بەرانبەر ڕەفتاری باشی کەسانێکدا کە خەمخۆری ئەو بوون، جۆرەها فێڵ و تەڵەکە بەکار بهێنێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرا هەرکاتێک ئەویان ویست خۆی، بخاتە خزمەتی کۆی گرووپی هاوتەمەنەکانی خۆیەوە (کە ڕەنگە دە تا دوازدە پیاو بن).
بە تێپەڕبوونی کات هاوسەری گوند چیتر لەگەڵ سێ تا چوار لە هاوسەرانی دەژیا، لە کۆتاییشدا تەنها لەگەڵ یەکێک لەوان. ڕێکارە ناوچەییەکان شایەنی گۆڕان بوون. کاتێک هاوسەری گوند منداڵێکی دەبوو، کۆی دانیشتووانی گوند بە باوکی ئەو دەهاتنە هەژمار، بەم شێوەیە چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کۆی گوندەکە گەورەی بکەن و ئامڕازەکانی ژیان بخەنە بەردەستی، لە کۆتاییشدا بە شێوەیەکی شایستە پڕۆسەی هاوسەرگیریی بۆ ڕێک بخەن (بە پلەی یەکەم بە هەمان هۆکارە گوند دەبێت خەزێنەیەکی هاوبەشی پڕ لە چندراوەکانی گەڵای دارخورما و داری سندڵی ئەفریقا فەراهەم بکات). چونکە ئەگەری هەیە لە هەر گوندێکدا هاوکات چەند هاوسەری گوند هەبن، گوندیش مناڵ و نەوەی خۆی هەیە، هەربۆیە دەبێت توانای دانەوەی قەرزی خوێنیی ئەوانی هەبێت، لەم ڕووەوە گوند دەبێت بەپێی پێویست بارمتە کۆ بکاتەوە.
سەرەنجام گوندەکان دەگۆڕان بۆ چەندین دامەزراوەی هاوبەش، گرووپە هاوبەشەکان هاوشێوەی ناوەندە هەرەوەزییە نوێیەکانن، دەبوو بەرانبەر یاسا هاوشێوەی تاک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. سەرباری ئەمەش جیاوازییەکی بنەڕەتیی لە نێوان تاک و گونددا بوونی هەبوو. بە پێچەوانەی تاکێکی ئاسایی، گوندەکان دەیانتوانی لە ڕێی هێزەوە داواکارییەکانی خۆیان بسەپێنن.
ئەمە خاڵێکی سەرەکیی و بنچینەیی بوو، چونکە وەک داگڵاس جەختی لێ دەکاتەوە، خەڵکانی ئاسایی هۆزی لەلە بە هیچ جۆرێک نەیاندەتوانی کارێکی لەو چەشنە لەگەڵ یەکدی بکەن. پەیوەندیی ڕۆژانەیان پتر خاڵی بوو لە هەموو چەشنە ئامڕازێکی سیستماتیکی بەکارهێنانی هێز. داگڵاس دەڵێت؛ ئەمە بنەڕەتییترین هۆکارێک بوو کە دەبووە هۆی ئەوەی بارمتەگیریی کاریگەرییەکی نەرێنیی ئەوتۆی نەبێت. جۆرەها نەریت و ڕێکار و بەهای جیاواز بۆ ژیانی کۆمەڵایەتیی لەوێدا بوونی هەبوو، بەڵام دەوڵەت نەبوو، دادگا نەبوو، دادوەر نەبوو تا بڕیاری پێویست بۆ جێبەجێکردن بدات، گرووپی پیاوانی چەکدار نەبوون تا بیانەوێت یا بتوانن سوود لە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بۆ پشتیوانیی لەم بڕیارانە وەربگرن. ڕێکارەکان هەبوون تا ڕێک بخرێن و ڕاڤە بکرێن. لە کۆتاییشدا دەبوو زۆر ئاگاداری هەست و سۆزی هەمووان بن. خەڵکانی (لەلە) لە پەیوەندیی ژیانی ڕۆژانەیاندا گرنگییەکی زۆریان بە ڕەفتاری جوان و شایستە دەدا. پیاوان بەردەوام تووشی ئەو وەسوەسەیە دەبوون کە بەهۆی شەهوەت و چاوچنۆکییەوە بکەونە گیانی یەکتری (بە زۆرییش پاساوی باشیان بۆ ئەو کارە هەبوو)، بەڵام زۆر کەم ئەو کارەیان دەکرد. ئەگەر شەڕێکیش ڕووی بدایە، ئەوا خێرا هەمووان دەکەوتنە نێوبژیی تا لایەنەکان لێک بکەنەوە و شەڕەکە بە نێوەندگیریی هەمووان کۆتایی پێ بهێنن…
بە پێچەوانەوە، گوندەکان چەکدار بوون و گرووپی هاوتەمەن، کە ئامادەی هەموو کارێک بوون، لە شێوەی یەکەیەکی سەربازییدا ڕێک خرابوون. لێرەدا و تەنها لەم جێیەدا بوو توندوتیژیی ڕێکخراو ڕووی دەدا. هەقیقەت ئەوەیە کاتێک گوندەکان لەگەڵ یەکتر دەکەوتنە جەنگ، بە زۆریی جەنگ لە سەر ژن بوو (هەموو ئەوکەسانەی داگڵاس قسەی لەگەڵ کردوون، گومانیان هەبوو پیاوانی پێگەیشتوو لە سەر هیچ شتێکی تر شەڕ بکەن). بەڵام ئەگەر گوندەکان بکەونە ململانێ لەگەڵ یەکتر، ئەگەری هەبوو کێشەکانیان ببێتە هۆی درووستبوونی جەنگی واقیعیی. ئەگەر کەسە بەتەمەنەکانی گوندێکی تر بانگەشەی گوندێکیان بۆ بارمتەیەک پشتگوێ بخستایە، ئەوا ڕەنگە پیاوانی گەنجی گوندی داواکار بە شێوازی گرووپ خۆیان ڕێک بخەن و ئەو ژنە بفڕێنن، یاخود ژنێکی تر لەبری ئەو بدزن تا ببێتە هاوسەری هاوبەشی ئەوان. ڕەنگە ئەم هەنگاوە چەندین کەسی تێدا بکوژرێت و ببێتە هۆی ئەوەی لە چەندین لاوە داوای قەربوو بکرێت. داگڵاس بە تانە و تەشەرەوە دەڵێت: (ئەو گوندەی پشتی بە هێز قایمە، دەتوانێت کەمتر گوێ بە خواستی بارمتەگیران بدات).
هەروەها فیتاوفیت بە هەمان هۆکارە کاتێک ئەگەری توندوتیژیی وا لە گۆڕێ، دەکرێت لەناکاو دیواری گەورەی نێوان بەهای گیان و پارە داڕووخێت.
(لە هەندێ بارودۆخدا کاتێک دوو هۆز لە سەر بانگەشەی قەرەبووی خوێنیی کێشە دەکەوتە نێوانیان، ئەوا ئەگەری هەبوو داواکارانی قەرەبووی خوێنیی تیبگەن لەوەی هیچ ئومێدێک بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی لایەنی بەرانبەر نییە. سیستەمی سیاسیی هیچ ئامڕازێکی ڕاستەوخۆی بۆ پیاوێک (یان هۆزێک) دابین نەکردووە تا بتوانێت دەست بۆ بەکارهێنانی هێزی جەستەیی ببات یاخود لە پێناو سەپاندنی داواکەی بە سەر ئەوی تردا، پەنا بەرێتە بەر مەرجەعێکی باڵاتر، لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا پیاوەکە لەبری چاوپۆشیی لە بانگەشەکەی بۆ ژنێکی بارمتە، ڕازیی دەبێت بڕەپارەیەک قەبووڵ بکات کە هاوتای ئەوە، ئەگەر پێی بدەن، ئەوا ڕەوتی باوی ئەم کارە ئەوەیە داواکارییەکەی بۆ بارمتەگیریی بە تاکە گرووپی بەتوانای گوند بفرۆشێت تا ئەوان بتوانن لە سۆنگەی بەکارهێنانی هێز و توندوتیژییەوە کەسێک لە لایەنی بەرانبەر وەک بارمتە بگرن.
ئەو کەسەی گەرەکی بوو داواکارییەکەی بە گوندێک بفرۆشێت، ئەوا داوای سەد پارچە چندراوی دارخورما یاخود پێنج پارچەداری کموودی دەکرد. گوند ئەم بڕە پارە کۆمەڵایەتییەی یان لە خەزێنەکەی دابین دەکرد یاخود لە ئەندامێکی گوندەکەی قەرزی دەکرد، پاش کڕینی کەیسی بارمتەگیریی، ئیدی گوندەکە ئەو کێشەیەی وەک بانگەشەی خۆی بۆ داواکاریی بارمتە لە گوندی بەرانبەر دادەنا. ـ مری داگڵاس.)
کاتێک کەسی داواکار و خاوەنی کێشە پارەکەی وەر دەگرت، چیتر خاوەنی بانگەشەی بارمتەگیریی نەبوو، گوند ئامادەکاریی بۆ هێرشێک دەکرد تا بتوانێت لە پێناو بانگەشەیەک کە کڕیبووی بجەنگێت، جا ئەو ژنەی بابەتی سەرەکیی مامەڵەکە بوو، بفڕێنێت.
بە واتایەکی تر، تەنێ لە سۆنگەی دەستوەردانی توندوتیژانە لە مامەڵەکانی بارمتەگیرییدا، بابەتی کڕین و فرۆشتنی مرۆڤ سەری هەڵدا. توانای بەکارهێنانی توندوتیژیی بۆ پچڕینی دەزوویەکی مارپێچیی بێکۆتایی لە تێبینییەکان، ئەرکەکان، چاوەڕوانیی و بەرپرسیارێتییەکان، کە تایبەتمەندیی هەقیقیی مرۆڤن، ئیمکانی ئەو بابەتەی خوڵقاند ئەو نەریت و ڕێکارانەی لە دۆخی ئاساییدا یاسای یەکەمی پەیوەندییە ئابوورییەکانی هۆزی لەلە بوون، پەراوێز بخرێن: واتا دەکرێت گیانی مرۆڤێک تەنها بەرانبەر گیانی مرۆڤێکی تر ئاڵوگۆڕ بکرێت و هیچکات ناتوانرێت لەگەڵ کەلوپەل بگۆڕدرێتەوە. گرنگە بزانین ئەو بڕەی لە مامەڵەیەکی لەو شێوەیەدا دەدرا (سەد چندراوی گەڵای دارخورما یاخود هاوتای ئەو داری سندڵی ئەفریقایی) هاوتای نرخی کۆیلەیەکیش بوو. وەک ئەوەی ئاماژەم پێ دا، کۆیلەکان دیلی جەنگ بوون، هیچکات ژمارەیان زۆر نەبوو؛ داگڵاس نزیکەی ٢٥ ساڵ پاش نەمانی کۆیلایەتیی تەنها توانیبووی دوو کەس پەیدا بکات، کە پاشماوەی کۆیلەکانی دەیەی ١٩٥٠ بوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ژمارەیان گرنگ نەبوو. هەر ئەو ڕاستییەی بوونیان هەبوو، پێشینەیەکی مێژوویی لە پاش خۆی درووست دەکرد. هەندێ کات بەهای گیانی مرۆڤێک هیی ئەوەیە بۆ چەندێتیی بگۆڕێت؛ بەڵام ئەگەر دەکرا شتەکان لە ئەلف = ئەلف (گیان بەرانبەر گیان) بگۆڕێن بۆ ئەلف = ب (گیان بەرانبەر سەد چندراوی گەڵای دارخورما)، ئەوا تەنها بەو هۆکارە بوو هاوکێشەکانیان بە زۆری نێزە دەگۆڕی.
سەرچاوە: کتاب/ بدهی پنج هزار سال نخست، دیوید گریبر، چاپ دوم، ترجمە/ علی معظمی، ص/ ٢٠٣ـ٢١٤



