ئیمانوێل والێرشتاین و کۆتایی سەرمایەداریی
لە هەلومەرجی هەنووکەییدا ئێمە داکشانی هەژموونی ئەمریکا و زاڵبوونی دۆخی گێژاو لە سیستەمی جیهانیی و چەشنێک ڕێکخستنەوەی سیستەمی ژیۆپۆلەتیکی جیهانیی دەبینین.

پەروێز سەداقەت
وەرگێڕان؛ سوورێن ئیبراهیم
داگرتنی فایلی PDF
ئیمانوێل والێرشتاین بناغەداڕێژی شیکاری سیستەمی جیهانیییە، لەم ساڵانەی دواییدا هەمیشە پێی لەسەر ئەوە دادەگرت؛ تەمەنی سەرمایەداریی کۆتایی هاتووە. لەم وتارەدا سەرەتا هەوڵم داوە توخم و ڕەگەزەکانی دەزگای فیکریی والێرشتاین، واتە شیکاریی سیستەمی جیهانیی، بەرباس بدەم. جا لە درێژەدا پوختەیەکی پاساوەکانی بۆ کۆتایی مێژوویی تەمەنی سەرمایەداریی لەم چەند دەیەی دواییدا ڕاڤە بکەم.
والێرشتاین سەر بەو قوتابخانە فیکرییەیە وا بە شیکاری سیستەمی جیهانیی ناودێر دەکرێت. تێگەیشتن لە شێوازی پاساوەکانی والێرشتاین، ئاشنابوون بەم ڕێبازە فیکرییە و چاوگە و بنەچەکانی دەکاتە پێویستییەک. لەم پێنج سەدەیەی دواتردا ئێمە بووینە گۆڤانی گەشەی سەرمایەداریی، تەریب بەمە هەڵبڕانی فەلسەفە لە ئیلاهیات و دەرکەوتنی زانستی مۆدێڕن و جیابوونەوەی لە فەلسەفە و گەشەی زانستی کۆمەڵایەتیی نوێ و دابەشبوونی، سەرەنجام ڕسکانی بوارە ئاوێتەکان و کۆشش بۆ تێهەڵکێشی لقە جیاوازەکانی زانست. لە شیکاری سیستەمی مێژوویی – جیهانییدا، هەوڵ دەدرێت لە سۆنگەی تێهەڵکێشی زانستە جیاوازەکانەوە، ڕێکاری لەدایکبوون و گەشە و پووکانەوەی سیستەمە مێژوویی – جیهانییەکان شڕۆڤە بکرێت.
سەرچاوەکانی شیکاریی سیستەمی جیهانیی لە گۆشەنیگای بارگۆڕانە کۆمەڵایەتییەکانەوە
دەرکەوتنی زانست لە منداڵدانی فەلسەفەوە
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا یەکەمجار ئەوە فەیلەسووفان بوون لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی سکۆلار، ئەرکی تێگەیشتنی جیهانیان لە دەستی پیاوانی ئایینیی ڕاپسکاند. لە سەردەمی کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە و بە ڕەچاوکردنی پێویستیی ئەم پۆڵێنبەندییە تازە مێژووییە و بۆ زاڵبوونی هەمیشەیی بە سەر سنوورە زانستیی و تەکنەلۆژییەکاندا، زانستەکان کەمکەم پێگەی تایبەتی خۆیان چنگ خست و بووینە گۆڤانی جیابوونەوەی فەلسەفە لە زانست. بە ڕوانینێکی گشتیی، دابڕان لە خوێندنەوەی پێوانەیی – میتافیزیکییەوە بۆ خوێندنەوەی فێرکاریی – ئەزموونیی هەڵگۆستەی ئەم جیابوونەوەیە بوو. تەریب بەمە زانکۆ هاوچەرخەکان گەشەیان سەند.(١) ئەمەش بە پێچەوانەی زانکۆی سەدەکانی ناوەڕاست کە تەنێ لە بەشەکانی: خواناسیی، فەلسەفە، پزیشکیی و یاسا پێک دەهات. لەگەڵ جیابوونەوەی زانست لە فەلسەفە، سەرەتا زانستە ئەزموونەکییەکان زانکۆی سەربەخۆیان بۆ خۆیان دابڕی. جا بەشەکانی زانست دابەشی سەر فیزیا و کیمیا و زیندەوەرناسیی و ئەستێرەناسیی و بیرکاریی و هتد… بوون، بەم ڕەنگە زانستە مرۆڤایەتییەکان ڕێی خۆی لە فەلسەفە هەڵبوارد. سەرەتا زانستە مرۆڤایەتییەکان لە خانەی بەشە فەلسەفییەکاندا پاوەجێ کرابوون. لەم بەشە تازانەی فەلسەفەدا، زانستی کلاسیک (یۆنانیی و لاتینیی)، مێژووی هونەر، مۆسیقاناسیی و زمان (جا نەتەوەیی یان بێگانە) دەوترانەوە. بەڵام لەگەڵ گەشەی زانستە مرۆڤایەتییە تازەکان، کەمکەم ئەم زانستانە لە فەلسەفە هەڵبڕان و هەریەکەو ملیان بۆ ڕێی پێشکەوتنی خۆیان پێوە نا. والێرشتاین پێی وایە لەم قۆناغە بەدوا دوو فەرهەنگ و دوو گوتاری زانستیی – فەلسەفیی ڕەنگڕێژ بوون و زۆرانبازییان لێل یەکتری کردووە.(٢)
ساتەوەختی گرنگی مێژوویی بۆ زانستە مرۆیییە نوێدەمەکان، شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا بوو ساڵی ١٧٨٩. ئەم شۆڕشە نیشانمان دەدات گۆڕانکاریی سیاسیی دیاردەیەکی ئاوارتە و نامۆ نییە، بەڵکوو ڕێکارێكی بەردەوام و سەرپاک ئاساییە. لەلایەکی ترەوە ئەوە دەر دەخات کە ئەوە تەنێ خەڵکن ڕەوایەتیی دەبەخشنە فەرمانڕەواکان. گەر لە گۆشەنیگایەکی لیبراڵانەوە لە مۆدێرنیتە بنۆڕین، ئەوا گۆڤانی ئامادەیی سێینەی دەوڵەت و بازاڕ و کۆمەڵی مەدەنیین. بەپێی ئەم دابەشبوونە سێکوچکەییە، یەکەمین پۆڵێن لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا هاتە گۆڕی: زانستی سیاسەت، ئەمە لە دەوڵەتی دەکۆڵییەوە. ئابوورییناسیی و کۆمەڵناسیی، ئەم جووتە یەکەمیان لە بازاڕ و دووەمیش لە جڤاکی دەکۆڵییەوە.
لەم بەستێنەدا زانستی بابەتیی (ئۆبژێکتیڤ) زاڵدەست بوو، هەوڵی دا لە سۆنگەی بەدواداچوونی فێرکاریی/ئەزموونیی و گشتاندنی بەرەنجامگیرییەکانی، بپەرژێتە سەر ڕێسا هەڵگۆزراوە زاڵەکانی سەر ڕاسەری دیاردە کۆمەڵایەتییەکان. هەر بەم ڕەنگە پۆڵێنبەندییەکی تریش لە زانستی کۆمەڵایەتییدا هاتە گۆڕێ، گشتزانیی (نۆمۆتێتیک) و نموونەزانیی (ئیدۆگرافیک)[1] لێک جیا بوونەوە. بەشە گشتزانەکان ئەو دەستە زانستەن وا لەو یاسا زانستییانە دەکۆڵنەوە کە ڕێبازی لێکۆڵینەوەکانیانی پێ چنراوە، بە پێچەوانەی بەشی نموونەزانیی، کە پێی لەسەر هەڵاوێردەیی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دادەگرت.
ڕەخنەی مارکس لە سەرمایەداریی
لەگەڵ تێپەڕین لە کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە و شۆڕشی پیشەسازیی و پتەوبوونی دەسەڵاتی سەرمایەداران، لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتای سەدەی نۆزدە، ناڕەزاییە سەرەتایییە دژەسەرمایەدارییەکان پزیاسکەیان سەند. لەگەڵ گوران و گەشەی ئابووریی سیاسیی نوێ بە دەستی پێشەنگانی ئەم زانستە، ڕەخنەکانی کارل مارکس لە ئابووریی سیاسیی هاتنە گۆڕەپانەکە. مارکس، فەیلەسووف و ئابووریناس و کۆمەڵناس و شڕۆڤەکاری سیاسیی و سۆسیالیستی شۆڕشگێڕ و ڕۆژنامەوان بوو. شانەخڕێی لەگەڵ گەلێک مژاری پانوپۆڕدا کردووە. لە فەلسەفەوە تا شیکاری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی. فەلسەفەی ئەڵمانیی و سۆسیالیزمی ئیدیاڵیستیی فەڕەنسیی و ئابووریی سیاسیی بەریتانیی، باندۆریان خستبووە سەر مارکس. لە سۆنگەی شیکاریی و ڕەخنەی ئابووریی سیاسیی بە ڕێبازێکی دیالێکتیکیی و ڕسکاندنی پەرگاڵی تیۆریی خۆی، پێی بۆ ئەم گۆڕەپانە لێ هەڵهێنا.
سادەکردنەوەی شڕۆڤەکانی مارکس بۆ ڕەخنەی سەرمایەداریی کارێکە نەکردەنیی. مارکس لە دەستپێکی پەڕتووکەکەی، کە سەرمایەیە(٣)، بە پێناسەکەی ئادەم سمس بۆ ئابووریی سیاسیی لە سامانی گەلاندا دەست پێ دەکات، دەکۆشێت لە سۆنگەی تێگەیشتن لە چریسکانەوەی ماددیی ئەم سامانە لە کاڵاکاندا، تانوپۆی بنکۆڵ و ڕەخنەکانی لە سەرمایەداریی بچنێت. ڕێبازەکەی مارکس بریتی بوو جووڵان لە شڕۆڤەی سادەوە بۆ سیستەمی پێچەڵپێچ. ئەم ڕیبازە گشتگەرا و جیهانیی و مێژوویی و دیالێکتیکیی بوو. ئەو دەیوت: «دیالێکتیکی هیگڵ لە سەر سەر ڕاوەستا بوو، دەبوو هەڵەوژوور بکرێتەوە تا کاکڵەی ئەقڵانیی ژێر ئەو توێکڵە دەرکەوێت.»(٤) مارکس لە سەرمایەدا سەرەتا شڕۆڤەی کاڵا و جووتڕەهەندیی بەهای بەکارهێنان و بەهای ئاڵوگۆڕ دەکات و تیۆری بەها دادەڕسکێنێت. ئەم تیۆرە پەردەهەڵماڵی بەرهەمهێنان و نهێنیی کەڵەکەی سەرمایە و گەشەی بەردەوامی سیستەمی سەرمایەداریی و هەروەتر کەڵکەڵەی سەرمایەدارییە بۆ شۆڕشی بەردەوام لە ئامڕازەکانی بەرهەمێنان و کشانی بەردەوامی بازاڕەکانی بەکاربردن.
جا ئەمە وا، لەملاشەوە، پێش ئەم پەڕتووکە، ساڵی ١٨٤٨ لەگەڵ ئەنگڵس پێشبێژانە لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا نووسی: «کەڵکەڵەی بۆرژوازیی بۆ بازاڕی بەردەوامی گەشەسێن بۆ کاڵاکانی، پەلوپۆی بۆ سەرپاکی جیهان پێ دەکوتێت. گەرەکە لە گشت جێیەک پاوەجێ بێت، دەبێت لە گشت جێ پەلوپۆ بکوتێت و و تۆڕی پەیوەندیی لەگەڵ تێکڕای شوێنەکان هەڵبەستێت.
بۆرژوازیی بە دەساوێژی پاوانی بازاڕی جیهانیی، تایبەتمەندییەکی جیهانیی بەخشیوەتە بەرهەمهێنان و بەکاربردنی گشت وڵاتان… بۆرژوازیی، لە ڕێگەی پێشکەوتنێکی بەگوڕی هەموو ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و ئاسانکارییەکی باڵکێشی ئامڕازەکانی پەیوەندیی، سەرپاکی گەلان و تەنانەت سەرەتاییترینیشیان، پێبەستی شارستانییەت دەکات. هەرزانیی کاڵاکانی بۆرژوازیی تۆپخانەیەکی قورسە و هەموو دیوارەکانی چین دەهەڕۆژێنێت… تێکڕای گەلان ناچار دەکات لە ترسیی تیاچوون، ملکەچی شێوەی بەرهەمهێنانی بۆرژوازیی بن، ناچاریان دەکات بانگەشە بۆ ئەو شتە بکەن وا ناوی لێ ناوە شارستانییەت… دەی، کراسی جیهان بەپێی کەڵکەڵەی خۆی سەنگوسووژن دەدات.»(٥)
لە کۆڵۆنیی سەدەی نۆزدەوە تا هەژموونی ئەمریکای پاش ١٩٤٥
سەدەی نۆزدە سەدەی پەلکوتانێکی پانوپۆڕی کۆڵۆنیاڵیزم بوو، کۆمەڵناسیی لە بنکۆڵە کۆمەڵایەتییەکانیدا یاساکانی کۆمەڵی مۆدێڕنی دەناسی، لێ بنکۆڵی جڤاکی کۆڵۆلێنیکراو ڕێسای تری گەرەک بوو. جا زانستەکانی مرۆڤناسیی و گەلناسیی هەڵڕەنگان، ئەودەمەش بنکۆڵی کۆمەڵی سەرەتاییان کردبووە بنەمای کاری خۆیان. ئەم زانستانە بە پێودانگی نموونەزانیی بوون نە پێوانی گشتزانیی. لێ کۆڵۆنیاڵیزم تەنێ لە کۆمەڵی سەرەتایی نەدەکۆڵییەوە، بەڵکوو شارستانییەتە گەورەکانی وەک چین و عەرەب و ئێرانیشی بە بنەما دەگرت، جا ئەمانە سەردەمانێک بە شارستانییەتی گەورەش هەژمار دەکران. بنکۆڵی ئەم جڤاکانە لە چوارچێوەی بەشێکی تازەدا پاوەجێ کران کە بە ڕۆژهەڵاتناسیی ناوبردە دەکرا. پرسیارەکە ئەوە بوو بۆچی ئەم ئیمپڕاتۆرییەتە گەورانەی نێو مێژوو ئاوا پاشڤەڕۆ ماونەتەوە، جا وەڵامەکە بە تیۆریی ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتیی دەگەیشت، سەرەداوی ئەمە لە هەندێک بەرهەمی مارکسیشدا دەبینرێتەوە. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و لەگەڵ ڕسکانی ئابووریی سیاسیی مارکسیی و شۆڕشی نیوکلاسیکی لە ئابووریی ئەکادیمییدا، چەشنە پچڕانێک لە نێوان ئەم دوو ڕێبازە خوێندنەوەیەی دیاردە ئابوورییەکاندا هاتە گۆڕێ، جا لە ماوەی سەدەونیوی ڕابردوودا هەوراز و نشێوەکانی بڕیوە و پەرەی سەندووە. ئەمە لەگەڵ ئەوەی لە سەدەکانی دواتردا کەموزۆر گۆڤانی پەلکوتانی زانست و لەدایکبوونی لقە تازەکانی و گەشەی زانکۆ و لقەکانی و دەرکەوتنی ئەنجوومەنە زانستییەکان و بڵاوکراوە تایبەتەکان بووین، جا ئەم پێڤاژۆیە ئێستاش بەردەوامە.
چیرۆکی ئەمریکایی بۆ گەشە، چیرۆکی ڕووسیی بۆ گەشە
پاش جەنگی جیهانیی دووەم، ئێمە بووینە گۆڤانی هەڵڕسکان و جێگیربوونی هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا، لەلایەکەوە لە سۆنگەی بارگۆڕانی ئەمریکا بۆ هێزێکی هەژموونگەری جیهانیی، ڕێبازە زانستیی و ئەکادیمییەکانی بۆ سەرپاکی جیهان داکشا، جا نەختەنەختە تاقانە پەرگاڵی زانستیی لەدایک بوو. لەلایەکی تریشەوە بە تێپەڕینی سەردەمی کۆڵۆنیاڵیزم، جیهانی سێیەم بیچمی گرت، ئەمە بوو بە چەقی پێکدادان و گێژاوی کۆمەڵایەتیی. لەدایکبوونی لقێکی نوێ لە «ئابووریناسیی» بە ناوی ئابووری گەشە، گرێدراوی ئەم سەردەمەیە. ڕەهەندی زاڵی ئابووریی گەشە تیۆری مۆدێرنیزاسیۆن بوو.
ئەم تیۆرە بە شێوەیەکی تۆکمەتر لە پۆڵێنەکانی واڵت ویتمەن ڕۆستۆ[2] لە پێڤاژۆی پەرەسەندنی جڤاکی کلاسیک بۆ جڤاکی بەرکاربەری گشتییدا دەردەکەوێت (جا بە ڕیزبەندیی لە جڤاکی نەریتییەوە بۆ جڤاکیی پێش سەرهەڵدان، سەرهەڵدانیی ئابووریی و بازی پێگەیشتن و سەردەمی بەکاربردنی گشتیی). لێ بەپێی ئەم تیۆرە تێپەڕین لە چەقبەستوویی کۆمەڵی نەریتییەوە بۆ کۆمەڵی گەشەسەندوو، بەبێ دەستێوەردان و پاڵپشتیی وڵاتانی دەرەکیی، کردەنیی نەبوو. واتا وڵاتانی گەشەسەندوو تەنێ لە سۆنگەی پاڵپشتیی ئابووریی سەرمایەداریی پێشکەوتووەوە دەتوانن گەشە بسەنن.
لەولاشەوە نزیکەی سی ساڵ بە سەر شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ـی ڕووسیادا تێ دەپەڕی، ئەم سیستەمە جێگیرە، سەرەڕای ئەو گورزە گوچکبڕانەی لە جەنگی دووەمی جیهانییدا پێی کەوتبوو، بەڵام وەک زلهێزێکی نوێ لەم جیهانەدا سەری هەڵبڕی. لە ئۆردوگای «سۆسیالیزمی دەوڵەتیی»ـدا لەلایەکەوە گۆڤانی پەیمانی یاڵتا[3] بووین لە سەرەتای «جەنگی سارد»ـدا، لەلایەکی تریشەوە بە پێوەرێکی پێچەوانەی پێڤاژۆی پەرەسەندنی ماتریالیزمی مێژوویی، پۆڵێنێکی هاوشێوە پێشکەش دەکرا، بەڵام لەم پۆڵێنەدا یەکێتیی سۆڤێت لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوەدا لەگۆڕی بەرژەوەندییەکانی خۆی، لەلایەکەوە تیۆری ڕێگای گەشەی ناسەرمایەداریی پێش دەخست، بەم پێوەرە وڵاتانی پاش شۆڕشی نێو جیهانی سێ پاڵپشت بە ئۆردوگای سۆسیالیستیی دەتوانن بەبێ پێشەنگێتیی چینی کرێکار و بەپێی ڕێبازی کلاسیکی شۆڕش لە تیۆری مارکسیی و بە ڕێبەرێتیی «دیموکراتە شۆڕشگێڕییەکان»، کە ناوێکی تری وڵاتانی دواکەوتوو بەڵام هاوپەیمانی سۆڤێتی جیهانی سێیەم بوو، لە ڕێی سۆسیالیزمدا هەنگاو هەڵبهێنن. هاوکاتی ئەمە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا، شەپۆلێک لە خەباتی گەریلایی دژی دیکتاتۆری فەرمانڕەوا دەرکەوت، لایەنگریی لە شۆڕشی بۆرژوازیی و هاوپەیمانیی لەگەڵ بۆرژوازیی بوو بە ئاسۆی پارتە هاوپەیمانەکانی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤێت.
شۆڕشێکی ڕەخنەگرانەی قوتابخانەی وابەستەیی
بەڵام شۆڕشگێڕانی جیهانی سێیەمیش تیۆرسازی خۆیان لێ هەڵکەوت، تەریب بە تیۆری فەڕمیی تیۆرسازانی سەرمایەداریی و بلۆکی سۆڤێت، بووینە گۆڤانی تیۆری وابەستەیی. لە بنکۆڵەکانی تیۆری وابەستەییدا پێ لە سەر ئاڵوگۆڕێکی نایەکسانی نێوان وڵاتانی کۆڵۆنیکراو (پەراوێز) و کۆڵۆنیاڵیست (ناوەند) دادەگیرا، جا هۆکاری ناگەشەسەندوویی ئەم وڵاتانە بە کۆڵۆنیاڵیزم دەزانرا. سەرچاوەی تیۆریی ئەم لێکۆڵینەوانە لە هەرێمی ئابووریی ئەمریکای لاتین بوو، کە تانوپۆی چیرۆکی سەرەتای تیۆری وابەستەیی چنی.
ساڵانی دواتر لەگەڵ پێڕێکی گەنجتری لێکۆڵەرانی ئابووریی سیاسیی سەر بە نەریتی مارکسیستیی نوێی وەک ئاندرێ گۆندەرفرانک[4]، ئێمە سەرهەڵدانی تیۆرێکی نوێی وابەستەیی دەبینین، لەم تیۆرەدا سەرەتا چەمکی بۆرژوازیی کۆمپرادۆر هێڵکێش کرا. گۆندەرفرانک لە بەرهەمە کاریگەرەکەیدا نووسیی؛ لە سۆنگەی ئەو ئاڵوگۆڕە نایەکسانەی لەگەڵ وڵاتانی ناوەندیی سەرمایەداریی هەڵیان بەستبوو، «گەشەی چەقبەستوو»(٦) لە وڵاتانی پەراێزدا سەری هەڵدا. واتە ئەوەی لەم ئاڵوگۆڕەوە بار هاتبوو، ئەوە بوو کە ئاڵۆسکانی چەقبەستوویی ئەم وڵاتانە بووە هۆی سەرهەڵدانی پێڕێکی لۆمپەنی بۆرژوا و گەشەی لۆمپەنیزم.
بزووتنەوەی چەپی شۆڕشگێڕیی وڵاتانی جیهانی سێیەم لە تیۆرییەکانیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتانی دیکتاتۆری جیهانی سێیەمی ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠، لە ژێر کاریگەریی تیۆرەکانی گۆندەرفرانک و تیۆرسازانی تری وابەستەییدا بوون. چەمکی ناوەند – پەراوێز یەکێک بوو لە گرنگترین ڕەگەزە تیۆرییەکانی شیکاری سیستەمی جیهانیی، پێشەنگە سەرەکییەکەشی ئیمانوێل والێرشتاین بوو، ئەویش هاوڕێ لەگەڵ ئاندرێ گۆندەرفرانک و جیۆڤانی ئەریگیی و سەمیر ئەمین.
گفتوگۆکانی داب و سویرزی
دەی، دەتوانین ئاخێزگەی هەڵڕەنگانی ڕاڤەی سیستمەی جیهانیی لێکۆڵینەوەی قوتابخانەی وابەستەیی، لە کڵاوڕۆژنەی ئابووریی سیاسییەوە بە مارکسیزمی نوێ ناودێر بکەین. لێ تەموژاویی چاوگە و ڕەگوڕیشە تیۆرییەکانی تری شیکاری سیستەمی جیهانیی وێنایەکی لێڵی ئەم چەشنە ڕاڤەیە دەنوێنێتەوە. بە پوختیی ئەم مژارە ڕوون دەکەمەوە.
ساڵی ١٩٤٦ مۆریس داب[5] بەرهەمێکی باڵکێشی بە ناوی «لێکۆڵینەوەی لەدایکبوون و گەشەی سەرمایەداریی»(٧) نووسیی. ئەمە سەرەتای زنجیرە وتووێژێکی گرنگی نێوان ئابووریناسە مارکسیستەکان بوو لە سەرپاکی جیهاندا. جا ئەمە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوو. پۆڵ سویزی[6] ئابوورییناسی سیاسیی دیاری ئەمریکا یەکەمین کەس بوو دابی بەر ڕەخنە دا. شاڕەخنەی ئەو لە داب ڕەخنەگرتن بوو لە چەمکە باوە مارکسیستەکان؛ لە توخمە ناوخۆییەکان (دیاردەکانی ناوەوەی دەوڵەت – نەتەوە) بەرانبەر توخمە دەرەکییەکان (دیاردەکانی دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە). سویزی پێی وابوو لەبری ئەوەی باری سەرنج لەسەر ڕێکخستنی کرێکاریی دەستی کار ناوخۆی دەوڵەت-نەتەوەیەک (بۆ نموونە بەریتانیا) بۆ لەدایکبوون و گەشەی سەرمایە، چڕ بکەینەوە، گەرەکە ڕۆڵی ئاڵوگۆڕ لە پانتایەکی جوگرافیایی گەورەتر (ناوچەی ئاڵوگۆڕ)ـدا ڕەچاو بکەین.(٨)
قوتابخانەی مێژوویی ئەناڵ[7]
لێ ڕەخنەی سویزی لە مۆریس داب پشتی بە ژێرخانێکی پانوپۆڕتری توێژینەوە دەبەست کە مێژوونووسانی نەوەی یەکەمی قوتابخانەی ئەناڵ لە فەڕەنسا ئەنجامیان دابوو.
هەر ئەمە باری سەرنجێکی فرەتری خستە سەر توێژینەوە و هەڵگۆستەکانی قوتابخانەی ئەناڵ. یەکەمین لێکۆڵینەوەی مرۆیی لە بەستێنی مێژوودا بوو. یەکەمین شۆڕشی توێژینەوەی مێژوویی لە سەدەی نۆزدە لە نووسینەکانی لۆپۆڵد ڕانکە هاتە گۆڕی. جا بە ڕێبازێکی بەڵگاندن پەرژایە سەر مێژوو «فیت چۆن ڕووی داوە». سەرەتا لێکۆڵینەوەی مێژوویی لە هەر پێنج وڵاتی فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا و پرووسیا و ئیتاڵیا ئەنجام درا. لێ پرسیارەکە یەوەیە سنوورەکانی لێکۆڵینەوەی مێژوویی تا کوێ درێژ دەبنەوە؟ وەڵامەکە بە گشتیی لە سنوورە جوگرافییەکانی دەوڵەت-نەتەوەدا هەڵدەخولا. لێکۆڵینەوە مێژووییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانیشی دەکۆڵییەوە، ئەمەش بەپێی پەیوەندیی دەوڵەت-نەتەوەکان و جەنگ و دوژمنایەتییەکان و شتی تریش.
قوتابخانەی ئەناڵ ئەمەی بە ڕووداومەندیی ناودێر کرد، سا بە تەپوتۆزی چواند، بۆیە پێشنیاری مێژوونووسیی دەکات. لێرەدا چەمکی تەپوتۆز واتایەکی دووپەژمی هەیە، یەکێکیان لەبەر ئەوەی بێبایەخە و ئەوەی تریش لەبەر ئەوەی کۆسپی سەرەڕێی بینینی ڕاستیی ڕووداوەکانە. بینینی ڕاستی چ شتێک؟ وەڵامی قوتابخانەی ئەناڵ پشت بە توخمە مێژووسازەکان دەبەستێت. لە قوتابخانەی ئەناڵدا کاتی بنەڕەتیی جێ بە میژوونووسیی ڕێسامەند لیژ دەکات، جا توخمی شڕۆڤەی مێژوویی توخمێکی پانوپۆڕتری جوگرافییە تا دەوڵەت- نەتەوە. ئەم قوتابخانەیە پێ لەسەر دوو چەمکی سووڕی مێژوویی، واتە بزاوتی مێژوویی مامناوەند و پێکهاتەی مێژوویی، واتە بزاوتی درێژمەودا دادەگرێت.
ڕامانەکانی کارڵ پۆلانیی و ئەنتۆنیۆ گرامشیی
سەرچاوەیەکی تری فیکریی سیستەمی جیهانیی کە باری سەرنج دەخاتە سەر ڕێکخستنی ئابووریی، لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی کارڵ پۆلانییە. کارل پۆلانیی سێ چەشنی ڕێکخستنی ئابووریی ڕیز دەکات: ئاڵشت و دابەشکردنەوە و ئاڵوگۆڕ. شێوازی ئاڵشت شێوازی باڵادەستی سەر ڕاسەری سیستەمە ئابوورییە کلاسیکەکانە. شێوازی دابەشکردنەوە هی ئیمپڕاتۆرییەتە مێژووییە گەورەکانە، شێوەی ئاڵوگۆڕیش ئابووریی بازاڕ دەگرێتەوە.(٩) لە ڕاڤەی سیستەمی جیهانییدا شێوازی ئاڵشت ئاماژەیە بۆ وردەسیستەم و شێوازی ڕێکخستنی دابەشکردنەوە هی ئیمپراتۆرییە جیهانییەکان و ڕێکخستنەوەی ئاڵوگۆڕیش ئاماژەیە بۆ سیستەمی جیهانیی.
هەروەتر گەرەکە ئاماژە بە چەمکی هەژموون بکەین لای ئەنتۆنیۆ گرامشیی. ئەمە بابەتێکی فراوانتر و ئاڵۆزترە لە دەسەڵات لە سۆنگەی زەبروزەنگەوە. ئەم هەژموونە لە سۆنگەی دەساوێژی فیکریی و ئەخلاقییەوە پاساو دەداتە خۆی. شڕۆڤەکارانی سیستەمی جیهانیی هەژموون بە کلیلێک دەزانن بۆ هەڵڕەنگانی سیستەمە جیهانییەکان و ناسینی سووڕی سیستەمی کەڵەکە لەم سیستەمانەدا. جێگیریی و گەشەی سیستەمی جیهانیی گرێدراوی تەکووزییە، ئەم تەکووزییەش تەنێ بە دەساوێژی هەژموون وەچنگ دەخرێت. چەپۆکی هەژموونیی دەوڵەت-نەتەوە لە سۆنگەی توانای پیادەکردنی دەسەڵات و پاساودانییەوە وەدی دێت.
دیالێکتیکی لەدایکبوون و گەشە و هەڕۆژانی سیستەمەکان
ئاماژەم بەوە کرد یەکێک لە ڕەخنە بنەڕەتییەکانی والێرشتاین لە زانستی کۆمەڵایەتییدا هەڵبواردن و پارچەکردنی زانست و فەلسەفە و لقوپۆکانی هەموو زانستێکە. ڕاستییەکەی گەر بە زمانێکی ئەمڕۆیی بدوێین، شیکاری سیستەمی جیهانیی گۆشەنیگایەکی فرەبەشە. بۆ نموونە ئەم ڕوانگەیە پشت بە ڕوانینی فیزیایی قۆناغەکانی ناهاوسەنگیی و بەرەنجامە زانستییەکانی ئیلیا پریگۆژینی براوەی خەڵاتی نۆبڵی کیمیای ١٩٧٧ دەبەست لەمەڕ ئەنجامگیرییەکانی نێوان زانستی ئەزموونیی و زانستی کۆمەڵایەتیی. ڕێسای دووەمی تێرمۆدینامیک لە جووڵەی ئەنترۆپی بۆ ناکۆتا و بزاوتی سیستەم بۆ سفر دەدوێت. (ئەمە بەراورد بکەن بە هەڵکشانی گەشەی دیالێکتیکیی لای هیگڵ)
ئیلیا پریگۆژین پێی وایە لە سیستەمە جووڵاوەکاندا ڕەوشی باو ڕەوشێکی ناهاوسەنگە، بۆیە ئەم سیستەمانە گێژاوی جەبریی لێ دەکەوێتەوە. هەنگێ سیستەم دەگاتە قۆناغی ناهاوسەنگیی بنەڕەتیی، ئەوا پێی بەرەو قۆناغی هەڕۆژانی مێژوویی خۆی هەڵدەهێنێت. لەم بەستێنەدا ئێمە ڕووبەڕووی جووتجەمسەریی bifurcation دەبینەوە، جا ئەو سیستەمە نوێیەی وا دەبێتە جێگرەوەی سیستەمە کۆنەکە، بەرهەمی «هەڵبژاردن»ـی یەکێک لەم دوو بژاردەیەیە.(١٠)
***
کەواتە دەتواین گرنگترین ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی شیکاری سیستەمی جیهانیی – مێژوویی ئاوا بژمێرین: ئابووریی سیاسیی مارکسیی، خوێندنەوە مێژووییەکانی قوتابخانەی ئەناڵ و پێکهاتە درێژماوەکانی براودل. ڕێکخستنەوەی ئابووریی پۆلانیی، هەژموونگەریی گرامشیی، ڕەخنە لە زانستیی کۆمەڵایەتیی باو و خوێندنەوەی بنەڕەتیی و ئاڵۆزیی و ململانێی بنەڕەتیی، هەروەها ئەو گێژاوەی لە هەناوی ئەم جووتجەمسەرییەوە کڵاشە دەکات، جا ئەمە لە بەستێنی کۆمەڵایەتییدا دوو بژاردە دەخاتە پێش ئەو چالاکانەی وا لە نێوان پێویستیی و جەبردا بە بژاردە و ئازادیی گەیشتوون و خۆیان داهاتوویان هەڵدەبژێرن.
داهاتووی سەرمایەداریی لە گۆشەنیگای ئیمانوێل والێرشتاینەوە
والێرشتاین دەبێژێت(١١): دەبێت هەموو سیستەمەکان لە ناکۆتای بچووکەوە تا گەورەترین ئەو سیستەمانەی دەیانناسین (گەردوون)، وەک سیستەمی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی، بە ئەندازەی مامناوەند و بە پێودانگی چۆنایەتیی هەر سێ قۆناغەکە شیتەڵ بکەین:
- ساتەوەختی هاتنەبوون
- ساتەوەختی ژیان «سرووشتیی» (درێژترین ساتەوەخت)
ساتەوەختی کۆتایی بوون (سەردەمی قەیرانی بنەڕەتیی)
ئەو پەرگاڵەی ئەمڕۆ چەپۆکی خۆی بە سەر جیهاندا دایەڵاوە، سەرمایەدارییە. کۆشان بۆ کەڵەکەی ناکۆتای سەرمایە تایبەتمەندیی زاڵ و پێناسی سەرمایەدارییە. کەڵەکەی سەرمایە بە ئامانجی کەڵەکەکردنی زۆرتری. سەرتاپێی سیستەمە هاوچەرخەکانی جیهان لە خزمەتی هەڵکشاندنی کەڵەکەی سەرمایەدان. لە پێڤاژۆی سرووشتیی ئەم سیستەمەدا ئێمە دەبینە گۆڤانی دوو سووڕی درێژماوەی ئابووریی: سووڕی کۆندراتیف[8] و سووڕی هەژموونگەر.
لە سووڕەکانی کۆندراتیفدا ڕەوتی ٥٠ تا ٦٠ ساڵەی درێژماوەی هەڵکشان بۆ داکشان دەبینین لە ئابووریی سەرمایەدارییدا. (بەراوردی بکەن بە چەمکی داڕمانی داهێنەرانەی شۆمپیتەر)[9]. لە مێژووی سەرمایەدارییدا هەندێک کات بەرهەمهێنانی بەرهەمێکی داهێنەرانە دەبینین. جا ئاپۆڕایەک کڕیاری تامەزرۆی لێ گلێر دەبێتەوە، ئیتر دەتوانن بزوێنەرێک بۆ کڕینیان بهێنینە گۆڕێ. ئەم بەرهەمە داهێنەرانە سەرەتا لە ڕەنگێکی نیمچەتایبەتدا بەرهەم دێت. دەوڵەتیش لە داهێنان و پاراستنی نیمچەتایبەتەکاندا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت. بۆ نموونە لە ڕێی لایەنی یاسایی مافی داهێنان و شێوەکانی تری پاراستنی ئەوەی پێی دەوترێت؛ خاوەندارێتیی مەعنەویی. یان لە ڕێی پێشکەشکردنی یارمەتیی ڕاستەوخۆ بۆ چالاکییەکانی توێژینەوە و گەشەپێدان. یان وەک کڕیاری سەرەکیی کاڵاکە. دواجاریش وەک هێزێکی ژیۆپۆلەتیکیی کە سوود لە پێگەی خۆی دەبینێت تا ڕێ لە زیانگەیاندن بەم ژینگە نیمچەتایبەتەی بەرهەمهێنەران بگرێت.
بەڵام چەندێک پاڵپشت بۆ ئەم پیشەسازییە پێشڕەوانە درێژ ببێتەوە، ئەوا درەنگ یان زوو ئەو ساتە دەگات کە نیمچەتایبەت بە شێوەیەکی واتادار دووچاری پچڕان دەبێت. کۆتایی پڕۆسەی نیمچەتایبەتیی داشکانی نرخەکانی لێ دەکەوێتەوە. داشکانی نرخەکانیش مسۆگەر مایەپووچیی فرۆشیارەکانی لێ دەکەوێتەوە. واتا ئەو بەرهەمەی سەردەمانێک بەرهەمێکی سەرتەڵ و سوودبەخش بوو، کێبڕکێکاری بۆ پەیدا دەبێت و قازانجەکەشی فرە دادەکشێت. کاردانەوەی بەرهەمهێنەران بەرانبەر داکشانی قازانج، کەمکردنەوەی تێچووی کار (کرێ) و گواستنەوەی بەرهەمە بۆ ئەو شوێنانەی تێچووی بەرهەمهێنانی کەمترە (گواستنەوەی پیشەسازیی) و گواستنەوەی سەرمایەیە بۆ کەرتی باج.
لە لایەکی تریشەوە سەرمایەداریی وەک پەرگاڵێکی نێونەتەوەیی، واتا ئەو سیستەمەی سنوورە نەتەوەییەکان ناخوێنێتەوە و پێناسێکی جیهانیی هەیە، پێویستی بە هەژموونە. ڕێبازی کشان و داکشانی سەرمایەداریی تەنیا بەم چەشنە کردەیی دەبێتەوە کە لە نێو یەک دەوڵەت – نەتەوەوەدا پاوەجێ نەبووە، بەڵکوو ژینگەی هەناسەدانی ئەو سیستەمە جیهانییەیە وا لە هەموو دەوڵەت -نەتەوەیەک فراوانترە. تەنیا ئەو کاتەی سەرمایەداران لە «ئابووریی جیهانیی»ـدا، واتە ئابووریی دەوڵەت -نەتەوەی هەمەچەشن ئامادە بن، ئەوا ئەودەم خاوەنکاران دەتوانن بۆ کەڵەکەی ناکۆتای سەرمایە بگەڕێن، بەڵام سەقامگیریی ئابووریی جیهانیی پێویستیی بە ئارامییەکە و هەژموون ئەم سەقامگیرییەی پێ دابین دەکرێت. بەم چەشنە سووڕەکانی کۆندراتیف لە ناواخنی سووڕی درێژتری هەژموون یان سووڕی سیستەمی کەڵەکە و سەدە درێژەکاندا ڕوو دەدات. لە مێژووی سیستەمی جیهانیی سەرمایەدارییدا لانیکەم تا هەنووکە گۆڤانی سێ سووڕی هەژموونیی یان سەدەی درێژ بووین:
سووڕی هۆڵەندیی. لە کۆتاییەکانی سەدەی شانزەوە تا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە
سووڕی ئینگلیزیی، لە نیوەی سەدەی هەژدەوە تا سەرەتاکانی سەدەی بیست.
سووڕی ئەمریکیی، لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە تا ئێستا.
لە ساڵی ١٩٤٥ کاتێك ئیمپڕاتۆریای بەریتانیا پاش سووڕێکی درێژی گێژاو و دوو جەنگی جیهانیی، داکشا، ئێمە بووینە گۆڤانیی هەژموونی ئەمریکا بە سەر ئابووریی جیهانییەوە. ئەم هەژموونە ڕەهەندی فرەپەلی بەرهەمهێنان و بازرگانیی و دارایی/دراو، ژیۆپۆلەتیکیی / سەربازیی و فەرهەنگیی/ و شێوەژیانی هەیە. پاش جەنگی جیهانیی دووەم، لەلایەک بووینە گۆڤانی لاوازییەکی بەگوڕی وڵاتانی سەرباشقەی سەرمایەداریی، وەک هێزەکانی میحوەر و هاوپەیمانانی ئەمریکا. لەلایەکی تریشەوە ئاشتەوایی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤێت (تیۆرسازانی ڕووس واتەنی: پێکەوەژیانی ئاشتییانە). پاش هەڵکشانی پێگەی ئەمریکا، ئەم وڵاتە بە پێچاڵی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەک (سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی، بانکی نێونەتەوەیی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە ئێستا بە بانکی جیهانیی ناودێر دەکرێت. ڕێککەوتننامەی گشتیی بازرگانیی و باج، کە ئێستا بە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیی ناو دەبرێت و هتد…)، پەیجووریی سەقامگیریی هەلومەرجی هەنووکەیی بوو، بەڵام بە شێوەیەکی پلەڕیز پێڤاژۆ ناوەکییەکانی سیستەمی سەرمایەداریی جووتەپێی پاوانخوازیی ژیۆپۆلەتیکیی ئەم وڵاتەیان بۆ سەرەولێژ هەلخلیسکاند. لەلایەکی تریشەوە دژبەرە ئابوورییەکان، سەرەتا لە ئەورووپای ڕۆژئاوا و ژاپۆن و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا سەریان هەڵبڕی، لە لایەکی تریشەوە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە جیهانی سێیەمدا پێگەی ژیۆپۆلەتیکیی ئەمریکایان لەرزاند.
بەڵام هەڕۆژانی سیستەمی برێتۆن ودز[10] لە بەرەتای حەفتاکان و دەرکەوتنی جەمسەرە تازەکانی هێز و هەڵکشانی تێچووی بەرهەمهێنان (دەستی کار و شمەک و باج) هەمووانی بۆ گێژاوی بنەڕەتیی حەفتاکان سەرەولێژ کردەوە. سەرباری ئەمەش قەیرانی سەرچاوە سرووشتییەکان و گێژاوە ژینگەییەکانیش، ڕەهەندێکی نوێیان بەم قەیرانە بنەڕەتییە بەخشی، کە دەرخەری نزیکبوونەوەی تێچوو بوو بۆ هێڵە یەکتربڕەکان. کاردانەوەی سەرمایەداریی بەرانبەر ئەم قەیرانە، تێهەڵکێشی نیولیبراڵیزم بوو، ئەویش لە ڕەهەندەکانی وەک جیهانگیریی و کەرتی تایبەت و باج.
لەملاشەوە بزووتنەوە دژبەر و ڕەخنەگرە نەریتییەکانی سەرمایەداریی بریتی بوون لە پارتە کۆمۆنیست و سۆشیال دیموکراتەکان. جا بیرۆکەی سەرەکییان بریتی بوو لە جڵەوی دەسەڵاتی سیاسیی بۆ مەبەستی هەڵگێڕانەوەی بارودۆخەکە، بەڵام لە سەدەی بیستدا بە کردەوە ئەوەی ڕووی دا لە گەلێک گۆڕەپاندا دەسەڵاتی سیاسیی جڵەوگیر کرا، بەڵام بارودۆخەکە نەگۆڕا یان ئەو پەیمانەی بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە دابوویان، بێسەمەر بوو. ئەم هۆکارەش شانەوشانی هۆکارەکانی تری لە وێنەی خەیاڵپڵاویی فراوانیی پاش کۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤێت و بانگەشە هەڵۆڵەکانی ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤێت لە نموونەی وەک هەنگاریای ١٩٥٦، هەروەها گڕوتینی خرۆشاوی دژەئیمپریالیستیی جەنگی ڤێتنام و کۆششە تیۆرییە نوێدەمەکانی چەپ بۆ ڕاڤەی هەلومەرجە هەنووکەییەکانی جیهان و پێداگرییان لە سەر پێویستیی گۆڕینی ستراتیژ و ئاوڕدانەوە لە توێژە پەراویزخراوەکانی کۆمەڵ (ژنان و کەمینەکان)؛ تێکڕا هەلومەرجی هەڵڕەنگانی بزووتنەوەی گەورەی ٦٨ بوون.
والێرشتاین پێی وایە هەرچەندە ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە هەڵپڕووکان، بەڵام نیشانەی سەرکەوتنێکی گەورە بوو، چونکە نیشانی داین کە دەبێت لە لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بیر لە ڕێبازی تری تیۆریی جیا لەوەی لە گۆڕەپانەکەیە بکەینەوە، هەروەها جێگرەوەیەک بۆ سەرمایەداریی و «سۆسیالیزمی بنیادنراو» بدۆزینەوە.
بەڵام بە کردەوە بزووتنەوەی ٦٨ شکستێکی بەتاوی خوارد و ساڵانی پاش ئەوە ساڵانی سەرکەوتنی ڕاستڕەوی جیهانیی بوو، چونکە یەکێتیی سۆڤێت و وڵاتانی ئۆردوگای ڕۆژهەڵات لە کۆتایی هەشتاکاندا هەڵوەشانەوە. هەر لەبەر ئەمە بوو فۆکۆیاما لە ساڵی ١٩٩١ بانگەشەی کۆتایی مێژوو و سەرکەوتنی سەرمایەداریی لیبراڵیی کرد.
بەڵام والێرشتاین پێی وایە ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی ڕاستڕەویی جیهانیی، بەزینێکی گەورەی ئەم بزاڤەش بوو. هەرچەند لە حەفتاکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو تێچووی بەرهەمهێنانیان داکشاند، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی ئاستێکی گەشەی هاوشێوەی سەردەمی ئاڵتوونیی لە سەر ئاستی جیهان بێننە گۆڕی، بۆیە هەمیشە و دەیە دوای دەیە ئەم ڕێژەیە دادەکشا.
لەلایەکی ترەوە وەک ڕاڤەکارانی سیستەمی جیهانیی دەبێژن؛ ڕووخانی هەژموونیی بەهاری باجە، لە حەفتاکاندا لەگەڵ لاوازیی واقعیی ئابووریی، باج گەشایەوە. هەڵکشانی بەگوڕی نرخی نەوت لە حەفتاکان لە ڕێکخراوی پاوانخوازی ئۆپیک کە سعوودییە و ئێرانی هاوپەیمانی ئەمریکا، سەرمەشقیی بوون، وڵاتانی باشوور و ئەورووپای ڕۆژهەڵاتی تووشی قەیرانی ناهاوسەنگیی پارەدان کرد. ئەمەش لەلایەک بەهۆی هەڵکشانی نرخی وزە و لەلایەکی تریش بەهۆی پاشەکشەی وڵاتانی سەرمایەداریی، بەڵام بەشێکی زۆری دۆلاری کەڵەکەبووی نەوتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە بانکە سەرمایەگوزارییەکانی نیۆرک سەریان دەر هێنا.
ئەم دۆلارە نەوتییانەش بە قەرز درانە ئەو وڵاتانەی تووشی ناهاوسەنگی پارەدان بوون، بەم ڕەنگە لە ساڵی ١٩٨٠ بووینە گۆڤانی قەیرانی قەرز. ڕاستییەکەی لە ساڵانی ڕابردوودا باج لێشاوی قەرزسازیی لە وڵاتاندا هێنایە گۆڕێ. پاش ئەوە گەورە کۆمپانیاکان بەدەست کەمیی نەختینەوە دەیانناڵاند، دواجار ئەوە تاک و ماڵەکان بوون لە ئەنجامی ورووژاندنی خواست، توانیان سووکوئاسان قەرز بکەن و پێیان بە تەڵەی گێژاوی قەرزەوە بێت. بەم چەشنە دەتوانین لە ساڵی ١٩٨٠ بەملاوە ناوی زنجیرەیەک قەیرانی دارایی ببەین: داڕمانە گەورەکەی بازاڕی بۆرسە لە ساڵی ١٩٨٧، داڕمانی سندووقی پاشەکەوت و قەرز لە ساڵی ١٩٨٩، داڕمانی دارایی ڕووسیا لە ساڵی ١٩٩٦ و داڕمانی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە ساڵی ١٩٩٧، داڕمانی بۆرسەی تەکنەلۆژیی نوێ لە ساڵی ٢٠٠١، لەم دواییانەشدا داڕمانە گەورەکەی ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨.
لەگەڵ هێرشە پڕتێچووە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ئێراق، کە هەڕۆژانی هەژموونی ئەمریکای خێرا کردەوە، بووینە گۆڤانی لاوازیی بەهای دۆلار وەک یەکەی دراوی جیهانیی و سەرهەڵدانی هەڵاوسانێکی بەتاو لە بازاڕی دراو و ئاسۆی پێهەڵهێنان بەرەو سیستەمی فرەدراویی.
لە هەلومەرجی هەنووکەییدا ئێمە داکشانی هەژموونی ئەمریکا و زاڵبوونی دۆخی گێژاو لە سیستەمی جیهانیی و چەشنێک ڕێکخستنەوەی سیستەمی ژیۆپۆلەتیکی جیهانیی دەبینین. جا دەتوانین هۆکار و نیشانەکانی لەم خاڵانەی خوارێدا ببینینەوە:
سستیی بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا و داکشانی گەشەی گرووپی وڵاتانی برێکس.[11]
داکشانی بەگوڕی توانا سەربازییەکانی ئەمریکا
قەڵەمباز بەرەو پەرگاڵی فرەدراویی
دەرکەوتنی زلهێزە ژیۆپۆلەتیکییە جیهانییەکانی (ئەمریکا، ڕووسیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، چین، بەرازیل و هتد…) و ڕەنگاندنی هاوپەیمانیی لەرزۆکی نێوان ئەم زلهێزانە.
سەرەنجامی ئەمانەش سنووردارێتیی زیاتری ڕێکارەکانی کەڵەکەی ناکۆتای سەرمایەیە. والێرشتاین پێی وایە گرنگترین تایبەتمەندیی سەرمایەداریی کەڵەکەی ناکۆتای سەرمایەیە. لەلایەکی ترەوە کەڵەکەی بەردەوام پێویستی بە گەشەی بەردەوامی تەکنەلۆژیا و واڵاکردنی سنوورە تازە جوگرافیی و زانستیی و دەروونییەکانە. بەپێی سیستەمی جیهانیی، ناوەندی هەژموونگەر لە سۆنگەی پشتێنی نیمچەپەراوێزیی کار و کەرەستەی خاوی هەرێمەکانی پەراوێز، کوڵکوپێست دەداتە خۆی. تیۆری سیستەمی جیهانیی پشت بە زنجیرەی هەژموونەکان دەبەستێت، ئەویش لە چوارچێوەی شەپۆلە درێژماوەکانی کۆندراتیف لە هەڵکشان و چەقبەستوویی ڕێژەیی بازاڕەکانی جیهاندا، بەڵام بەرەنجامی ئەم سووڕە هەژموونییەی هۆڵەندا و ئینگلیز و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێک ئەوکاتەی پەراوێز کۆتایی دێت و بازاڕی سەرمایەداریی گشت جیهان دادەپۆشێت، کۆتایی دێت. لە ڕەوشێکی بەم ڕەنگەدا ئیتر دەرچەی متمانە نامێنێت، ئیتر هەرێمی تر بۆ پاوان لەگۆڕێ نییە.
لەگەڵ هەر خولێکی تازەی سیستەمی جیهانییدا، دەرفەتی نوێ بۆ فراوانبوون و قازانج لە ڕێی هەژموونێکی نوێوە دەردەکەوێت. لێ شامەرجی ئەم بابەتە ئەوەیە گەرەکە هەرێمێک لە دەرەوەی سیستەمی جیهانیی هەبێت تا سیستەم هەڵی بلوشێت و ببێتە پەراوێزی سیستەم. کەواتە خاڵی کۆتایی و بڕانەوەی سیستەمی جیهانیی وا لەگۆڕێ: کاتێك دەست وەردرابێتە پنتاوپنتی دەرەوە، ئەوا لەم خاڵەدا ململانێ بۆ قازانج لە ناوەند و نیمچەپەراوێزدا، ئەویش لە سۆنگەی داگیرکردنی پنتی تازەی پەراوێزەوە، چارە ناکرێت. لەم هەلومەرجەدا سیستەمی جیهانیی یەخەگیریی کۆتاییەکی گۆڕانمەندە.
بەرەنجامی ئەمەش هەلومەرجێکی تێکەڵاوە لە خۆپارێزیی و سەرکوتکاریی و دەستێوەردانی ئابووریی.
پاشهاتی ئەمەش ئاوێتەیەکە لە سەرلێشێواویی و تووڕەیی و دڵەڕاوکە لە سەر ئاستی جیهانیی. لەلایەکەوە بزووتنەوەی بناژۆخوازی تی پارتی و لەلایەکی ترەوە بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی داگیرکردنی واڵ ستریت، لەملاوە دواکەوتوویی سەلەفییانە و لەولاشەوە پێشکەوتنخوازیی داپۆشراوی بەهاری عەرەبیی. لەلایەکەوە بزاوتی پۆپۆلیستیی و لە لایەکی تریشەوە بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی شاریی بۆ گرتنی گۆڕەپان و شەقامەکان.
لەم گێژاوە کۆتامەندەدا ئازادیی بە سەر پێویستیی و بژاردە بەسەر سەپاندندا زاڵ دەبێت. لەم پێواژۆیەدا دیالێکتیکی ئەوەی لە نێوان دەستەبژێرە دەسەڵاتدارەکاندا ڕوو دەدات (لێکترازانی باڵادەستان و لەرزینی دەسەڵات) و ئەوەی لە خوارێ ڕوو دەدات (بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان)، زەمینە بۆ دەرکەوتنی ڕووداوی لە وێنەی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی دەساچێنێت.
خاڵە گرنگەکە ئەوەیە لەم هەلومەرجەدا کە قەیرانی بنەڕەتیی و هەڵاوسان لە سیستەمدا بەردەوام و هەمیشەییە. سیستەم بەردەوام لە هاوسەنگیی دەترازێت. جا کاتی قەیرانی بنەڕەتییدا دەکرێت ئاستی کاریگەریی بزووتنەوە بچووکە کۆمەڵایەتییەکان زۆر فراوان بێت. (کاریگەریی پەپوولە)[12]
لە هەلومەرجی گێژاوی سیستەمدا، ململانێ بۆ سیستەمی جێگرەوەش گێژاوسازە. والێرشتاین پێی وایە لە نێوان لاینەگرانی سیستەمی هەنووکەییدا دوو پێڕی بنەڕەتیی هەن، ئەو بە لایەنگرانی ڕۆحیی داڤۆس (شوێنی کۆبوونەوەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی) ناویان دەبات. پێڕی یەکەم ئەوانەن وا لایەنگری سەرکوتکاریی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە سیستەمن. پێڕی دووەمیش ئەوانەن وا گەرەکیانە «بە شێوەیەک هەموو شتەکان بگۆڕن، کە هیچ شتێک نەگۆڕێت.» بەم پێودانگە لە نێو بەناو لایەنگرانی ڕۆحیی پۆرتۆ ئەلگێریی (شوێنی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی جیهانیی)ـدا دوو خواستی بنەڕەتیی لای دژبەرانی سیستەم وا لە گۆڕێ. یەکەم؛ ئەوانەی لایەنگری پەیوەندیی ئاسۆیین و دژبەری هەموو جۆرە هەژموونێکی ناوەندیین. جا بە ڕوانگەیەکی پشتئەستوور بە هاوسەنگیی ئەقڵانیی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان، پێ لە سەر قەیرانی شارستانییەت دادەگرن. لە بەرانبەردا خواستێكی تر هەیە و چەشنە ڕێکخستنێکی ستوونیی بۆ دژایەتیی سیستەم بە بنەما دەگرێت، ئەمە جگە لەوەی گەشەی ئابووریی بۆ هەرێمە گەشەنەسەندووەکانی جیهان بە گرنگ دەبینێت.
والێرشتاین پێی وایە ڕووداوێکی گەورە لە ئاسۆدا ڕوو دەدات: قەیرانێکی بنەڕەتیی زۆر گەورەتر لە داکشانە گەورەکەیی کۆتایی، کە تەنیا دەروازەیەکە بۆ گێژاو و هەڵگێڕانەوەی قووڵتر. ئیمانوێل والێرشتاین دەڵێت؛ سەرمایەدارانی جیهانیی لە ماوەی سی بۆ چل ساڵی داهاتوودا، بەربەستی دەرەباوەڕی جیهانییان دێتە ڕێ. جا لە ژێر باری قورسی هەمەلایەنەی تێچووی کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی چالاکیی ئابوورییدا ڕەنگە سوکوئاسان تێ بگەن بڕیاری ئاسایی وەبەرهێنان نەکردەنییە.
والێرشتاین پێ لە سەر دوو ئەلتەرناتیڤ دادەگرێت: یەکەم؛ ئەلتەرناتیڤێکی تا سنوورێک دیموکرات و نەختێک یەکسان بەپێی هەلومەرجی هەنووکەیی، دووەمیش ئەلتەرناتیڤێکی نادیموکرات و نایەکسانتری سەرمایەداریی. (جا ئەمە لەگەڵ یان سۆسیالیزم یان بەربەریەتی ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ بەراورد بکەن). ناتوانین بزانین کام جێگرەوە بە سەر ئەوی تردا زاڵ دەبێت، بەڵام گەشبینیی مەرجێکی مێژوویی پێویستە بۆ کۆکردنەوەی وزە سۆزدارەکان لە جیهانێکدا کە ڕووبەڕووی بارودۆخی جیاوازیی بنەڕەتیی دەبێتەوە. ئەوەی بۆ والێرشتاین ئاشکرایە کۆتایی سەرمایەداریی و ئەو ڕۆڵەیە وا چالاکوانە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی قەیرانی بنەڕەتییدا دەیگێڕن. ئەو کاتە جێگرەوەی دیموکرات و دادپەروەر دێتە گۆڕێ کە پشتیوانیییەکی پێویست بۆ ئاسۆی بیرکردنەوە و گفتوگۆ لەمەڕ نەخشەی جێگرەوە بکرێت.
جا سەرەنجام والێرشتاین پێی وایە سیستەمی مێژوویی چەندێکیش بەهێز بێت، لە وێنەی سەرپاکی سیستەمەکان دواجار بۆ خەرەندی هەڵوەشاندنەوە سەرەولێژ دەبێتەوە. سەرمایەداریی لەو بەستێنە نائومێدکەرەدا کۆتایی دێت وا سەرمایەداران خۆیانی لێ دەبیننەوە.
پەراوێزەکان:
(1) Immanuel Wallerstein (2006), World System Analysis: An Introduction, Duke University Press. PP (1-22)
لەم بەرهەمەی خوارەوەدا واڵڕشتاین دیدی ڕەخنەیی خۆی سەبارەت بە پارادایمی زانستی کۆمەڵایەتیی شیکار دەکات:
Immanuel Wallerstein (2006), Unthinking Social Science: The Limits of Nineteenth Century Paradigms, Polity Press (1991)
(3) کارل مارکس (1386)، سرمایه (جلدیکم)، ترجمهی حسن مرتضوی، نشر آگه
(4) هەمان سەرچاوە ٤٢
(5) وەرگیراوە لە: لئو پانیچ و کالین لیز (1380)، مانیفست پس از 150 سال، نشر آگه (صص. 280-281)
(6) آندره گوندر فرانک (1359)، توسعه توسعهنیافتگی، ترجمهی سهراب بهداد، انتشارات دانشگاه صنعتی شریف.
(7) موریس داب (1379)، مطالعاتی در زاد و رشد سرمایهداری، ترجمهی حبیبالله تیموری (نشر نی).
(8) Hilton, Rodney (ed.) (1978). The Transition from Feudalism to Capitalism. London: Verso.
(9) کارل پولانی (1391) دگرگونی بزرگ: خاستگاههای سیاسی و اقتصادی روزگار ما، ترجمهی محمد مالجو (نشر پردیس دانش)
(10) Immanuel Wallerstein, The Itinerary of World-Systems Analysis; or, How to Resist Becoming a Theory, in J. Berger & M. Zedlitch, Jr., (eds), New Directions in Contemporary Sociological Theory, Lanham, MD: Rowman & Littlefield, 2002 (pp. 358-374)
١١. ئەم بەشە لە کڵاوڕۆژنەی ئەم نووسینانەی لای خوارێوە داڕێژراوە:
Immanuel Wallerstein et al. (2013) Does Capitalism Have a Future? (Oxford University Press)
[1] ئەم دوو چەمکە بۆ پێناسی دوو ڕوانگەی جیاواز بەکار دێت لە لێکۆڵینەوەی دیاردەکاندا. گشتزانیی (nomothetic) تایبەتمەندیی زانستی سرووشتییە، جا لەم ڕێگەوە کۆمەڵێک یاسا وەدەست دێن و جۆر و پۆڵێنی دیاردە بابەتییەکانی پێ ڕوون دەکرێتەوە. بەڵام لە بەرانبەردا نموونەزانیی (Idiographic) تایبەتمەندیی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە و بە ڕێبازی جیاواز و تایبەت لە هەر دیاردەیەکی کەلتووریی و زەینیی دەکۆڵێتەوە.
[2] Walt Whitman Rostow: ئابوورییناس و پڕۆفیسۆر بووە، ساڵی ١٩١٦ لەدایک بووە و ساڵی ٢٠٠٣ کۆچی دوایی کردووە.
[3] پەیمانێک بوو ساڵی ١٩٤٥ و پاش جەنگی دووەمی جیهانیی، لە نێوان ئەمریکا و بەریتانیا و ڕووسیا لەمەڕ چارەنووسی وڵاتانی ئەورووپا بەسترا.
[4] یەکێکە لە سیما دیارەکانی زانستی کۆمەڵایەتیی سەدەی بیست، لە ساڵی ١٩٢٩ لەدایک بووە، لە پەنسلڤانیا ئابووریی خوێندووە، بە لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە هەلومەرجی گەشە لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا دەناسرێت. بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بیرۆکەی (سیستەمی جیهانیی) هەژمار دەکرێت. ساڵی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کردووە.
[5] Maurice Herbert Dobb
[6] Paul Sweezy
[7] قوتابخانەیەکی مێژووییە کە بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژوو، پشت بە ڕێبازی مێژوونووسیی فەڕەنسیی سەدەی بیست دەبەستێت و ڕێکاری میژووی ماوەدرێژی کۆمەڵایەتیی بە بنەما دەگرێت
[8] ئاماژەیە بۆ سەردەمێکی درێژماوە، بنەمایەکی ڕووسییە و نیکۆڵای کۆندراتیفی زانای ڕووسی دایمەزراندووە. بەپێی ئەم بنەمایە هەر ٤٠-٥٠ ساڵ جارێک هەڵاوسان لە سیستەمی سەرمایەدارییدا ڕوو دەدات.
[9] چەمکێکی ئابوورییە و هەندێك جار بە باهۆزی شۆمپیتەریش ناو دەبرێت. ساڵی ١٩٥٠ لەلایەن جۆزێف شۆمپیتەرەوە دامەزراوە، کە لە تیۆرەکانی کارڵ مارکسەوە بۆ ئابووریی هەڵی هێنجاوە تا ئابووریی پێ نۆژەن بکاتەوە.
[10] سیستەمی بەڕێوەبردنی دراویی برێتۆن ودز لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەمدا یاسا بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا و ئەورووپای ڕۆژئاوا و ئوستراڵیا و ژاپۆنی هێڵکێش دەکرد. ئەم سیستەمە پەیوەندییەکانی دراوی لە نێوان وڵاتاندا جڵەو دەکرد.
[11] بەرەیەکی نێودەوڵەتیی و ژیۆپۆلەتیکییە و لە بەرازیل و ڕووسیا ئەسیوپیا و چین و هند و چەند وڵاتێكی عەرەبیی و ئێران و ئەندۆنیزیا و پۆلیڤیا و چەند وڵاتێکی تر پێک دێت. ئەم بەرەیە ساڵانە کۆبوونەوەی خۆی سەبارەت بە پرسە ئابووریی و سیاسییەکان ڕێک دەخات.
[12] دەستەواژەیەکە تایبەت بە گۆڕانکاریی بچووک لە نێو گێژاو و قەیرانەکاندا، بەپێی ئەم دەستەواژەیە دەکرێت لە کاتی قەیران و گێژاودا گۆڕانکاریی بچووک و بەشەکیی کاریگەریی فراوانی بۆ ئاییندە هەبێت.



