سووریا: لە چەپۆکسالارە سکۆلارەکانەوە تا پۆپۆلیستە ئیسلامگەراکان
فەڕەنسا کاتێک سووریای وەرگەڕاندە سەر کۆڵۆنیی خۆی. بە دەساوێژی جیاوازیی و ناکۆکییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، پەڕوپۆی بە دەسەڵاتگەریی خۆی دەدا.

سەعید ڕەهنما
کەوتنی دەرەباوەڕ و برووسکەئاسای ڕژێمی ئەسەد، دەرگای پێڤاژۆیەکی تازەی لە ژیانی ئەم وڵاتە لە کێشە هەڵژەنراوە، خستە سەر پشت. سووریا لە داتاشینییەوە تا ئێستا، هەرگیز ئۆخەی نەکردووە، نەتەوە و پێڕی بێهەژماری هەمەچەشنی ئایینیی، لەم پاشماوە کەونارەی شارستانییەتی دێریندا یان لە ژێر چەپۆکی حکومەتی کۆڵۆنیاڵیست و ئیمپریالیستدا یان لە ژێر قەپاڵی دیکتاتۆرە سەربازییەکاندا ناڵاندوویانە. بێ چاوخشاندن بە مێژووی بەئێشی ئەم وڵاتە، تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی هەنووکە، کارێکە، نەکردەنی.
لە بەرەتای سەدەی شانزەی زایینییەوە تا دەمەدەمی هەڕۆژانی، ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانیی، سووریای ئەمڕۆ و چواردەوری لەژێر جڵەو بوو، ئەم هەرێمە لە چەند ویلایەتێک پێک دەهات. ساڵی ١٩١٨ و لە سۆنگەی ڕێککەوتنێکی نهێنیی ئیمپڕاتۆریای بەریتانیا لەگەڵ «شەریف حسێن »ـی والی مەککە، کە ئاڵای شۆڕشی دژی عوسمانییەکان هەڵبڕی بوو، بە دەساوێژی پاڵپشتیی بزووتنەوەی نیشتمانیی تازەدەرکەوتووی عەرەبیی، فەیسەڵی کوڕی تەخت و بەختی سووریای کەوتە نێو لەپ، لێ ئەم کارە لەگەڵ داگیرکارییەکانی فەڕەنسا تەریب بوو. تووڕەیی دژەفەڕەنسیی ڕووی لە هەڵکشان بوو. بۆ ماوەیەک «پاشای عەرەبیی سووریا» پاوەجێ کرا، لێ بەردەوام نەبوو. سەرەنجام لە سەرەنی ڕێککەوتنی نهێنیی جووتە ئیمپریالیستیی ئینگلیز و فەڕەنسا، ئەم ناوچەیە بە فەڕەنسا بەخشرا. ساڵی ١٩٢٠ هێزی سەربازیی فەڕەنسا فەیسەڵیان کەلا خست. زۆرینەی ڕۆشنبیرانی سووریی سەری خۆیان هەڵگرت. سووریا بوو بە کۆڵۆنیی فەڕەنسا. جا تا ساڵی ١٩٤٦ و «سەربەخۆیی»، لەژێر چەپۆکی دڕی ئیمپریالیزمی فەڕەنسییدا دەیزریکاند.
تێگەشتن لە هەلومەرجی سیاسیی سووریا بەندە بە تێگەشتن لە ڕەهەندە فرەپەل و ئاوێتەکانی وەک: ئیمپریالیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و بناژۆخوازیی ئیسلامیی و چەپۆکسالاریی سەربازیی و نیولیبراڵیزمی عەرەبیی و دۆزی ئیسرائیڵ/فەڵەستین. لێرەوەڕا پوختەی هەریەک لەم ڕەهەندانە پەنجەنما دەکەین.
ئیمپریالیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبیی
فەڕەنسا کاتێک سووریای وەرگەڕاندە سەر کۆڵۆنیی خۆی. بە دەساوێژی جیاوازیی و ناکۆکییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، پەڕوپۆی بە دەسەڵاتگەریی خۆی دەدا. بۆ نموونە بەپێی دابەشبوونی ئایینیی پۆڵێنی ناوچەکانی ڕاستەوپاستە کرد، بەم پێودانگە بۆ عەلەوییەکان نزیکەی ١٢٪، درووزەکان٣٪ و دەسەڵاتی هەرێمیی جیاوازیان چێ کرد. (٧٤٪)ـی زۆرینەسوونە و (نزیکەی ١٠٪)ـی مەسیحیی یەکپارچەیی سووریایان گەرەک بوو. لێ ئەوێ دەمێ عەلەوییەکان فرەتر لادێنشین بوون، لە بێبەشترینی چینی کۆمەڵ بوون، سا زۆرینەیان لەو کێڵگانەی سووننەکان خاوەندارییان لێ دەکرد، پشکیان هەبوو، سەبارەت بە یەکپارچەیی وڵات، مێش میوانیان نەبوو. لەگەڵ پێکداپژانە سەرەتایی و پەرتوبڵاوەکان، پشتیان بە فەڕەنسییەکانەوە دا.
فەڕەنسا زۆرینەیانی خستە ڕیزی سوپا و دامەزراوە کارگێڕییەکان، ئەویش بەو ئامانجەی؛ گەر ڕۆژێک دەوڵەتی سووریا لەسەر بنەمای ئەم کەمینەیە ڕەنگڕێژ کرا، ئەوا بۆ هەمیشە پێویستیان بە پاڵپشتی فەڕەنسا دەبێت. (ئەمەش هەمان سیاسەتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی بوو لە ئێراق، کاتێک کەمینەی سووننەی کردبووە فەرمانڕەوای سەر ڕاسەری شیعەکان)، کاتێک ساڵی ١٩٤٦ فەڕەنسا سووریای جێ هێشت، زۆینەی ئەفسەرانی سوپا و کارگێڕانی دەوڵەت عەلەویی و دروز کوردانی سوننە بوون. دەوڵەتانی پاش سەربەخۆیی سووریا، فرەتر عەلەویی بوون، گرنگترینیان ماڵباتی ئەسەد بوو. ئاشکرایە ئەم پرسە تا ئاستێکی باڵکێش زەمینەی بۆ تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ئەو زۆرینە سوونییەی وا تانوپۆی ناسیۆنالیزمی سوننیان چنی بوو، خۆش کرد. مەسحییانی سووریی پێچەوانەی مەسیحییانی لوبنانی نزیک لە فەڕەنسا، هاوهەستی ئەم تووڕەییەیان بوون.
ساڵی ١٩٢٨ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام درا و ڕەشنووسێک بۆ دەستوور ئامادە کرا. فەڕەنسا پەرچی دایەوە و چەندین شۆڕش دژ بە فەڕەنسییەکان بەرپا کران. ساڵی ١٩٣٦ فەڕەنسا ملی بۆ سەربەخۆیی سووریا خەواند، لێ چەپۆکی سەربازیی خۆی بە سەر ڕاسەری سووریاوە هێشتەوە.
بابەتێکی تری گرنگ بڕیارێکی فەڕەنسا بوو لە ساڵی ١٩٣٩، ئەویش بەخشینی ئەسکەندەروونە بوو بە تورکیا، ئەمە ناوچەیەکی زۆر گرنگی کەناراوی دەریای ناوەڕاست و بەشێک لە ویلایەتی حەڵەب بوو. ئەمە لە کاتێکدا ڕێژەی تورکی ئەو ناوچەیە ١٠٪ بوو، زۆرینەی خەڵکی وێندەر سووریی بوون. تورکیا ناوەکەی گۆڕی بۆ «هاتای». لەدەستچوونی ئەم ناوچە گرنگە، خرۆشی ناسیۆنالیستیی سووریای وەک پێشەنگی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی، گڕ تێ بەردا. پێشتر زەمینەی نەتەوەگەراییی لە سەردەمی عوسمانیی، بە تایبەت پاش هاتنەسەرکاری تورکە لاوەکان لە ساڵی ١٩٠٨ و سەپاندنی زمانی تورکیی، خۆش بووبوو. سا لەگەڵ هەڕۆژانی تاج و تەختی فەیسەڵ، بەگوڕتر بوو.
پاش ڕووداوەکەی ئەسکەندەروونە، لاوە ناسیۆنالیستەکان تانوپۆی هەڵڕەنگانی پارتی «بەعسی عەرەبیی»ـیان چنی. ئەم پارتە پاشتر و ساڵی ١٩٤٦ بە فەڕمیی دامەزرا. ساڵی ١٩٥٢ لەگەڵ «پارتی سۆسیالیستی عەرەبیی»، کە ساڵی ١٩٤٧ دامەزرا بوو، یەکی گرت. بەم ڕەنگە هەرچەندە سووریا نزیکەی ١٠٪ کورد و نزیکەی ٣٪ درووز بوون، بەڵام «کۆماری عەرەبیی سووریا» دامەزرا، لە دەستووردا دەسەڵاتێکی تایبەت بە حزبی بەعس درا و بە کردەیی سووریای وەرگەڕاندە سەر وڵاتێکی تاکحزبیی.
دیکتاتۆریی سەربازیی و بناژۆخوازی ئیسلامیی
پاش سەربەخۆیی، ڕیزێک دەوڵەتی لەرزۆک و کودەتای پەیدەرپەی چێ بوون. ساڵی ١٩٥٨ چەندین بارگۆڕان لە ناوچەکە ڕوویان دا. گرنگترینیان هەڵگێڕانەوەی تەخت و بەختی سیستەمی پاشایەتیی ئێراق بوو. پێش ئەمەش لە میسڕ ئەفسەرانی نەتەوەپەرەست بوون بە جێگرەوەی سیستەمی پاشایەتیی، جەمال عەبدولناسڕ لە سۆنگەی خۆماڵیکردنی کەناڵی سوێسەوە، بووە گرنگترین کەسایەتیی عەرەب. دەوڵەتی تازەدامەزراوی سووریا بە ڕێککەوتن لەگەڵ ناسڕ «کۆماری یەکگرتووی عەرەبیی»ـی پێک هانی، ئەم ڕێککەوتنە ئەوەندۆچکەیەک خێری بۆ سووریا نەدایەوە. ڕاستەوخۆ سووریای کردە ژێردەستەی میسڕ و بە چەشنێکی دیکتاتۆرانە هەڵی دەخولاند. نەتەوەپەرەستە سوورییەکانی وەک حزبی بەعس، کە خۆیان لایەنگریی ئەم یەکێتییە بوون، ڕێچارەیەکی تری پێشنیار کرد. ساڵی ١٩٦١ پێڕێک لە ئەفسەرانی سووریی دەسەڵاتی سیاسییان خستە ژێر چەپۆکی خۆیان و کۆماری یەکگرتووی عەرەبییان هەڵوەشاندەوە. ساڵی ١٩٦٣ ئەفسەرە بەعسییەکان کودەتایەکی تریان ڕێک خست. ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەعس ساڵی ١٩٦٦ کودەتایەکی تری لێ کەوتەوە. بەزینی سووریا لە جەنگی ١٩٦٧ـی لەگەڵ ئیسرائیل، ژینگەی ناکۆکیی تری ساچاند. ساڵی ١٩٧٠ حافز ئەسەدی وەزیری بەرگریی، لە وای کودەتایەکی ناوخۆییەوە، دەسەڵاتی گرتە دەست.
هەڵکشانی دەسەڵاتی ئەسەد، کۆتایی نائارامیی ڕژێم و سەرەتای دیکتاتۆرییەتی بێئەملاولا بوو. هەرچەندە ئەویش وەک زۆرینەی ڕابەرانی پاش سەربەخۆیی، عەلەویی بوو، بەڵام ڕژێمێکی سکۆلاری داسەپاند. بەپێی یەکەم دەستووری ساڵی ١٩٣٠، گەرەک بوو سەرکۆمار موسڵمان بێت، ئەم دەستوورە چەندین جار دەستکاریی کرا. بەڵام ئەسەد ساڵی ١٩٧٣ ئەم مەرجەی دەستووری لا برد، جا پزیسکەی گرژیی ئیسلامگەراکان دژ بە ئەسەد تاوی سەند. تیرۆری بەردەوام و توندوتیژیی نێوان ئەم بزووتنەوانە و ڕژێم، ئاوی کردە ئاشی زەبروزەنگ لە کۆمەڵی سوورییدا. ئەمە کەڵەپشکۆی شەڕی ناوخۆی گەشاندەوە. ئیخوان موسلیمین پێشتر پێی لە جڤاکی زۆرینەسوونەی سووریا هەڵژەندبوو، لە ژێر کاریگەریی شۆڕشی ئێران و هاتنەسەرتەختی ئیسلامگەراکان، چالاکییەکانی خۆی لەو شارانەی زۆرینە سووننەن، فرەتر کرد. لەگەڵ ڕێبەندکردنی چالاکییەکانی ئەم بزووتنەوە ئایینییە و هەڵهاتنی ڕابەرەکانی، سەرکوتکارییەکان خوێناوڵتر بوون. سوپا ساڵی ١٩٨٢ کۆمەڵکوژییەکی تۆقێنەری لە خۆپیشاندەرانی ئیخوان موسلیمین لە حەمما کرد. هەمان ساڵ، هێرشی ئیسرائیڵ بۆ سەر لوبنان و ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەو هێزانەی سووریا کە تا ئەودەمە لە لوبنان بوون، گێژی گێژاوەکەیان سەربەگێژتر کرد.
«کرانەوە» نیولیبراڵیزمی عەرەبیی
لە سووریای پاش سەربەخۆییدا، لەبەر ئەوەی چینێکی سەرمایەدار خەتوخاڵی نەدابوو، بەڵکوو تەنێ بۆرژوای بازرگان و ژمارەیەک خاوەنپیشە ڕسکا بوون، سیاسەتی ئابووریی سەرەتا سەرپاک سەرمایەداریی دەوڵەت بوو، جا ئەویش بە بەرگێکی کۆمەڵایەتیی و خۆشگوزەرانیی بە ناوی سیاسەتی «سۆسیالیستی».
لە دەیەی حەفتا و لە ژێر حوکمی ئەسەددا، کەمکەم بە پاڵپشتیی وڵاتانی عەرەبیی خەلیجی فارس، سیاسەتی دەروازەی کراوە لە ژێر ناونیشانی «کرانەوە» پەیڕەو کرا، ئەویش لە وێنەی بەرنامەکانی پاش ناسڕ لە میسڕ، ئەنوەر سادات ئەمەی جێبەجێ دەکرد. جا بە دەوروخولی ڕژێمدا چینێکی بۆرژوا فرچکی گرت. لەگەڵ هەڵایسانی جەنگی ئێران و ئێراق، سووریا پشتیوانیی ئێرانی کرد. سا وڵاتانی عەرەبیی لاتراسکەیان لە سووریا بەست. یارمەتییەکانی ئێرانیش، وەک؛ دابینکردنی نەوتی هەرزان و یارمەتی ئابووریی، سەرمایەی شیاویان بۆ گەشەی ئابووریی دابین نەدەکرد، ڕژێمی ئەسەد بە چەندین ڕێکاری وەک بەرهەمهێنان و هەناردەی ماددەی هۆشبەر، وڵاتی بەڕێوە دەبرد. ساڵی ١٩٩١ دەوڵەت سیاسەتی کرانەوەی نوێی جێبەجێ کرد، ڕاستییەکەی ئەمە نیولیبراڵیزمی عەرەبیی بوو، ئەم کارە پەرچەکردار بوو دژ بەو فشارانەی چینی بۆرژوای نەونەهاڵ لە ناوەوە دەیانخستە سەر دەوڵەت. ئەمانە پتر کوڕ و شازادەی پلەدارانی سەربازیی و دەوڵەت بوون، لە هەمان سەردەمدا سەرمایەداریی تایبەتیی دەستی سەرمایەداریی دەوڵەتیی شکاندەوە. وەک تێکڕای دەوڵەتانی تر، گەشەی خێرای چینی ناویینی نوێ، پێکهاتەی چینایەتیی جڤاکی سووریای هەڵەوژوور کردەوە، بۆ نموونە؛ ئەم پێڤاژۆیە خەرەندی چینایەتیی نێوان سەرمایەداران و چینی ناویینی نوێ و چینی کرێکار و جووتیارانی پانوپۆڕتر کرد.
پاش مەرگی ئەسەد لە ساڵی ٢٠٠٠، بەشار ئەسەد دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو نە کەڵکەڵە و نە توانای ڕێبەرێتیی سیاسیی هەبوو، سیاسەتی نیولیبراڵیی بەردەوام بوون و ئەو چاکسازییانەی سەرەتا بانگەشەیان بۆ دەکرا، بەئاکام نەگەیشتن. کۆشش بۆ نزیکبوونەوە لە ئەمریکا لە دەمەدەمی جەنگی «دژەتیرۆر» و هاوکاریی سووریا لە بەرنامەی لێپیچینەوە و ئەشکەنجەی زیندانیانی ئیسلامگەرا، گۆڕانکارییەکی وای نەهێنایە گۆڕێ. لەگەڵ پزیسکە و گرپەی «بەهار عەرەبیی» و سەرکوتی تۆقێنەری ڕابوونی ئاشتییانەی خەڵک، تەنگەژە ڕامیاریی و ئابوورییەکان بۆ چڵەپۆپە هەڵکشان. پتر لە دەساڵ شەڕی ناوخۆ و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا، سووریایان شڕ کرد. هەژاریی و چەرمەسەریی نەپساوە هەراسیان لەبەر هەڵگرت، ئەمە پشکۆی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی بەگوڕی خەڵکی دەگەشاندەوە.
پێهەڵژەنین لە کێشەی ئیسڕائیڵ-فەڵەستین
هەر لە سەرەتاوە سووریا لە وڵاتانی عەرەبیی دراوسێی ئیسرائیل پتر دەرگیریی کێشەی ئیسرائیڵ-فەڵەستین بوو. لە بەرەتای جەنگی عەرەب-ئیسرائیڵ (١٩٤٧-١٩٤٩) سووریا چەندین ناوچەی گرنگی کەناراوی ڕووباری تەبەریی و ڕووباری ئوردنی لەدەست دا.
ساڵی ١٩٦٧ـیش بەرزاییەکانی جۆلانی دۆڕاند. کاتێک ئیسرائیڵ ساڵی ١٩٨١ بە پاڵپشتیی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێوەدەوڵەتیی جۆلانی پاوان کرد، چ لەبەر بەرزاییە هەزارمەترییە ستراتیژییەکەی و چ لە ڕووی ئابوورییەکەی، گورزێکی کەمەرشکێنی لە سووریا دا. ئەم ناوچەیە لە ڕووی کشتوکاڵیی و ئاژەڵدارییەوە فرە دەوڵەمەندە و سەرچاوە ئاوییەکانی، کە پێشبینیی دەکرێت نزیکەی سێهەزار لیتر بێت لە چرکەیەکدا، گرنگییەکی باڵکێشیان هەیە. ئیسرائیڵ پاش داگیرکردنی بەرزاییەکان، ١٧٠ هەزار گوندنشینی سووریایی دەرپەڕاند و تەنیا ڕێی بە ١٥ هەزار درووز دا تا لەوێ بمێننەوە. هاوکات لە سۆنگەی دەستبەسەراگرتنی زەوییە بەپیتەکانەوە، دەستی کرد بە ڕۆنانی شاری یەهوودینشین، جا ژمارەیەکی زۆری یەهوودیی بۆ وێندەر گواستەوە، ساڵی ١٩٧٣ لە جەنگی ڕۆژی کیپۆر[1]، سووریا توانی بەشێک لەم ناوچەیە چنگ بخاتەوە و وەک ناوچەی ئارام ناودێر کرا. هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ جێگیر کرا. بەم دواییانە و لەگەڵ کەوتنی ڕژێمی ئەسەد، ئیسرائیڵ دیسانەوە داگیری کردەوە.
سووریای ژێر چنگی ئەسەد، لە وێنەی وڵاتە عەرەبییە دژبەرەکانی ئیسرائیل، بە گشتیی کێشەی فەڵەستینی بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانی خۆی بە پاساو دەگرت، سا کێشەی ڕزگاریی فەڵەستین لای سووریا هەر پرس نەبوو. بۆ نموونە هەنگێ ساڵی ١٩٧٠ مەلیک حسێن فەڵەستینییەکانی لە ئوردن کۆمەڵکوژ کرد، ‘سەڵاح جەدید’ـی ڕابەری باڵی چەپی پارتی بەعس و کەسی یەکەمی وڵات بوو، داوای لە حافز ئەسەد کرد تا ئەو فەڵەستینیانەی وا بەرەو سووریا هەڵدەهاتن، بپارێزێت، حافز ئەسەد ئەودەمە هێزە ئاسمانییەکانی لە ژێر دەست بوو، بەڵام ئەو دیشکەمی لەم داوایە کرد. (پاش ئەمەش حافز ئەسەد بەهۆی ناکۆکییە ئایدۆلۆژییەکانییەوە، لە سۆنگەی کودەتایەکی ناوخۆییەوە، دەوڵەتی سەرەوژێر کردەوە و سەڵاح جەدیدی لە زیندان پەستاوت. پاش ٢٣ ساڵ لە زینداندا مرد.) حافز ئەسەد تەنانەت بۆ دژبەرێتیی و لاوازکردنی ڕێکخراوی فەتح، گرووپێکی فەڵەستینی بە ناوی «الصاعقه» دامەزراند. کاتێکیش پێی لە گێژاوی ناوخۆیی لوبنان هەڵژەند، دژ بە هاوپەیمانیی چەپ و فەڵەستینییەکان و لە ڕێی پشتگیریی ڕاستڕەوە مارۆنیی[2]ـەکانەوە، خۆی تکاندە نێو جەنگەکە. کەڵکەڵەی ئەوەی لە سەر دەگەڕا بەم ڕەنگە ئەمریکا و ئیسرائیڵ ناچار بکات تا بەرزاییەکانی جۆلانی پێ بدەنەوە. سووریا لە سەردەمی هەردوو ئەسەدەکە و تەنانەت پاش پێکداپژانەکانی ساڵی ڕابردووی حەماس و ئیسرائیڵیش، ڕێزەڵەیەکیش پشتی فەڵەستینییەکانی نەگرت، لێ پێکدادانی یەکبینی لەگەڵ ئیسرائیڵ و هەڵکشانی باڵکێشی تێچووی بەرگریی، بە واتای دوورکەوتنەوە بوو لە ئەگەری ئارامبوونەوەی هەلومەرجی خەڵکی سووریا.
پێڤاژۆی هەڕۆژانێکی بەپڕتاو
ئاماژەمان بۆ ڕیزێک لەو هۆکارانە کرد وا لە پێڤاژۆیەکی دوورودرێژدا نەختەنەختە ڕژێمی ئەسەدی لە خەڵکی سووریا دوور خستەوە. جا لە ناوەوە خرۆماندی و لە ڕەوایەتیی داماڵی، ڕژێمی بەشار ئەسەد تا پتر لە خەڵک دوور دەکەوتەوە، ناچار دەما زیاتر باوەش بە جووتە هاوپەیمانیی ڕووسیا و ئێراندا بکات. ئەم دوو هاوپەیمانەشی بۆ بەرەوپێشردنی سیاسەتەکانی خۆیان، سوودیان لە سووریا دەدیت. ڕووسیا لە دەمەدەمی سۆڤێتی پێشووەوە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سووریا هەیە. ئەوە ڕووسیا بوو ساڵی ٢٠١٥ بە دەساوێژی هێزی سەربازیی و هەماهەنگیی ئێران، بەشار ئەسەدی لە سەر تەخت هێشتەوە. سووریا گرنگییەکی ستراتیژیی بۆ ڕووسیا هەیە. بۆ نموونە کاتێك بنکە دەریاییەکانی سۆڤێت لە میسڕ نەمان، سووریا تاکە بژاردەی گەلەکەشتییەکانی سۆڤێتی پێشوو و ڕووسیای دواتر بوو لە دەریای ناوەڕاست. هاوپەیمانێکی تری سووریا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، هەر لە سەرەتاوە، چ لە لایەنی ئایینیی و چ لە لایەنی ستراتیژیی، لەبەر لوبنان و حیزبوڵا، لە سووریا نزیک بوو. جا پاڵپشتییەکی پانوپۆڕی سەربازیی و ئابووریی پێشکەشی سووریا دەکرد.
ڕووداوە دەرەپێشبینییەکانی ناوچەکە و ئەو هەرێمانە، تەنێ ئەم دوو هاوپەیمانە پێکۆڵەی سووریای ڕووبەڕووی ئاڵانگاری کردەوە. هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ڕووبەڕوونەوەی ناتۆ، هاوڕێ لەگەڵ گەمارۆ فراوانەکان، توانای ئابووریی و سەربازیی ڕووسیایان داچەکاند. جا ناچار یارمەتیی و ئامادەیی سەربازیی لە سووریا داکشاند. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش پاش هێرشی تیرۆریستیی حەوتی ئۆکتۆبەر و کاردانەوە و کۆمەڵکوژییە وێرانکەرەکانی ئیسرائیڵ و پێکدادانی نوێی ئیسرائیل لەگەڵ حیزبوڵا و کاریگەرییە فراوانەکانی، هەروەتر جەنگیی هاژەکیی ئێران و ئیسرائیل پاش تیرۆرەکانی ئیسرائیڵ، تەڵەزگەی فرەتری بۆ سازا، بەردەوامیی گەمارۆکان و تێکچڕژانی گێژاوە ناوخۆییەکان ئەگەری یارمەتیی بەرچاویان بۆ سوریا سنوورکێش کرد. لەگەڵ داکشانی یارمەتییە دەرەکییەکان، ڕژێمی ئەسەد تەنیاباڵ بڕستی پاراستنی دەسەڵاتی لێ بڕا.
هێزە دژبەرەکانی ئەسەد کەمکەم بەشێکی گرنگی وڵاتەکەیان خستە ژێر جڵەوی خۆیان. لە سۆنگەی تێگەیشتن لە لاوازیی ڕژێمی ئەسەد، پێیان بۆ پێشڕەویی لێ هەڵکوتا، چاوخشاندن بە ڕاپۆرت و نووسراوە باوەڕپێکراوەکانی ئەم بەستێنە، کەوتنێکی پلەڕیز دەنوێننەوە. «بەرەی ئازادیی شام» باسکی بەرماوە و پریشکی قاعیدەیە و بە یەکگرتن لەگەڵ پێڕە بناژۆخوازە ئیسلامییەکانی تر، لە ٢٧ـی نۆڤەمبەر ملی پێشڕەوییان پێوە نا. بەرەیەکی تر «سوپای نیشتمانیی سووریا»ـیە، ڕاستییەکەی ئەمە دەستکێشی دەوڵەتی تورکیایە، سەراپا ئاوێتەیەکە لە زیندانیانی ئیسلامگەرا، جا بە مەرجی بەشداریی لە هێرشە سەربازییەکانی سووریا، لە زیندانەکانی تورکیا ئازاد کراون. تورکیا مەشق و ڕاهێنانی پێ کردوون و تا پەڕەکەی گوێ لە چەکی هەڵکێشاون. بڕێک ناوچەشیان وا لە ژێر چەپۆک. تورکیا بەدەر لە ناکۆکییە مێژووییەکانی لەگەڵ سووریا، هەست دەکات ڕووبەڕووی دوو ئاڵانگاریی گەورە بووەتەوە: نزیکەی سێ ملیۆن ئاوارەی سووریی لە تورکیا و هەرێمی نیمچەخۆبەڕێوەبەریی کوردەکان لە بەشێكی گرنگی باکووری سووریا و سنووری تورکیا. مسۆگەر گڵۆپی سەوزی بۆ هەردوو بزووتنەوە بناژۆخوازەکە هەڵکردووە، یەکەمیان بووکەڵەی خۆیەتی و ئەوی تریش پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا هەیە. بەرەی سێیەم لەم دوانە جیاوازە، «هێزەکانی سووریای دیموکرات»، ئاوێتەیەکە لەو هێزە کوردییانەی وا بە شێوەی خۆبەڕێوەبەریی و هەرەوەزیی «ڕۆژئاوا» بەڕێوە دەبەن. باسکە سەربازییەکانی، بۆ نموونە باسکی ژنان، پاڵەوانانە دژ بە داعش جەنگان. پاڵپشتیی و ئامادەیی هێزەکانی ئەمریکا لەم هەرێمە کۆسپی سەرەڕێی هاشاوڵی سوپای سووریا و تورکیا بووە بۆ سەریان. ئەم بەرەیە دواتر چەند ناوچەیەکی لە باشووری ناوچەکانی خۆی، لە دێرەزوور و بەشی ڕۆژئاوای، هەروەتر ئەوبەری ڕووباری فوورات، خستە بن جڵەوی خۆی.
یەکەمین پەرچەکرداری ڕژێمی ئەسەد ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی بوو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن. دەمودەست ڕووسەکانیش لووتیان لە گۆڕەپانەکە هەڵژەند و ڕیزاوڕیز بنکەیان بۆ بۆمباران دەکردن. لەگەڵ پزیسکەی پێكداهەڵپژانەکان لە باشووری سووریا و ناوچەی درعای ناوەندی سەرهەڵدانی خۆنیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١١ و دەستپێکی شەڕی ناوخۆ لە نزیکی سنوورەکانی ئوردن، دژبەرانی سەربەخۆ لە هەردوو بەرەی بناژۆخواز و بەرەکانی تریش، ڕووبەڕووی سوپای سووریا بوونەوە و دەستیان بە سەر ناوچەکەدا گرت. شانەوشانی بەردەوامیی پێکدادانەکان، سەربازانی سووریا لە سەرجەم بەرەکان ئەنگێزەیەکی گەرمیان بۆ شەڕ نەبوو، ئەمەش بەهۆی ناڕەزایی لە گوزەرانیان، بڕیاری بەپەلەی ڕژێمی ئەسەدییش بۆ زیادکردنی مووچەکانیان شتێکی وای لە بابەتەکە نەگۆڕی. تەنانەت دەستەیەک بە خۆیان و چەکەکانیانەوە خۆیان ئامدیوی ئێراق کرد و ڕادەست بوون. سا پێشڕەویی ئۆپۆزسیۆن بەبێ بەربەست بەردەوام بوو، سەرەنجام دەستیان بە سەر زۆر شاری سووریادا گرت.
ئەم پێڤاژۆیە سەرەولێژبوونەوەیەک نیشان دەدات، ئەویش کەوتنی ڕژێمی ئەسەدە لە یانزە ڕۆژدا، ئەمەش پێچەوانەی زۆرینەی بانگەشەکان بوو گوایە پیلانگێڕییەکی نەخشەکێشکراوی هێزە دەرەکییەکانە. کاتێك ئەسەد «هاواری خەڵک!» دەبیستێت و تێ دەگات سوپا ناجەنگێت و هاوپەیمانەکانیشی ناتوانن بیپارێزن، پەیامی دەستکێشانەوە دەدات، ڕووسەکانیش هەر بەم بەرەنجامە دەگەن. لەم نێوەندەدا کەس نازانێت کێ و چۆن پەیوەندیی بە ڕایەدارانی بەرەی ئازادیی شامەوە دەکات و پێیان دەڵێت؛ ئەسەد دەڕوات و هێرش و کاولکاریی پایتەخت و دامەزراوەکانی حکومەت پێویست نییە. ڕووسەکان ئەسەد و بنەماڵەکەی دەرباز دەکەن، سەروەزیرانی ڕژێمی ئەسەد بۆ ڕێککەوتن و واژی گواستنەوەیەکی نەرمی دەسەڵات بە ئۆپۆزسیۆن، دەمێنێتەوە. ئەزموونی تۆقینەری ئێراق و سیاسەتی «بەعستارێن»[3] کە داگیرکەرانی ئەمریکیی لەو وڵاتە پیادەیان دەکرد. بووە شاهۆکاری ڕسکانی داعش، تێکشکانی دەسەڵات سەرەولێژبوونەوەی حکومەتەکان و دامەزراوە دەوڵەتیی و تایبەتییانی لەگەڵ خۆی هانی، جا هەردوولایان ناچاری ئەم سازشە کرد. ئەحمەد شەرعیی ڕابەری ئۆپۆزسیۆن و ناسراو بە جۆلانیی، فێڵبازانە و بە دیموکراتیییەکی کڵێشەیی بەڵێنی «هەموومان پێکەوە» و ڕێزگرتن لە مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان و مافی پۆشینی ئازادانەی جل بۆ ژنان، هەروەتر ڕێزگرتن لە مافی خاوەندارێتیی و ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا، هاتە گۆڕەپانەکە، جا ڕایگەیاند ڕووسەکانیش دەتوانن بنکەی ئاسمانیی حمێمین و بنکەی دەریایی تەڕتووس بەکار بهێنن.
گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویین بەم بەڵێنانەی کاتی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسیی فرە ئاشنان. ئێستاش هاوڕێ لەگەڵ بانگەشەکانی ڕابەری نوێ و ڕەنگدانەوەی لە چاپەمەنیی ڕۆژئاواییدا؛ گوایە ئەم بزووتنەوە بناژۆخوازە نەرم بووەتەوە، هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتیی گرتەی تۆقێنەری کوشتار و هەڵواسینی سەر شەقامەکان بڵاو دەکەنەوە. مسۆگەر کەوتنی ڕژێمی ئەسەد ساتەوەختێكی گرنگی مێژووی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. تەنانەت ڕەنگ و ڕەوتی گواستنەوەی دەسەڵاتیش بێوێنەیە. خرۆشی زۆرینەی خەڵکی سووریاش لە سۆنگەی دەربازبوون لە دیکتاتۆرییەتی دڕندە و بێبەزەیی و سەرکوتی ئازادیی سیاسیی و دیموکراسیی، سەرپاک مایەی تێگەیشتنە.
لێ مژاری گرنگ و ئاڵۆز ئەو چەشنە پەرگاڵە ڕامیارییەیە وا بە کردەوە نەک قسەی سەر زاران، دەبێتە جێگرەوەی دیکتاتۆرییەتیی تاکەکەسیی، بەڵام ڕاستینەی خەمهێن ئەوەیە شابازووی ئەم ڕژێمە تازەیە بناژۆخوازە ئیسلامگەراکان دەیڕەنگێنن. جا لەگەڵ پاوەجێبوونی حکومەتەکەیان، سیاسەتەکانیان بە پارسەنگی باوەڕی ئایینیی بناژۆخوازانە دەکێشن و پەیڕەو دەکەن. هێزی سکۆلار و پێشکەوتنخوازی سووریا بەهۆی دەیان ساڵ سەرکوت و کوشتار و دەرپەڕاندن، فرە سست و پەرشوبڵاوە. جڤاکی سووریی ڕووبەڕووی زۆر ئارێشەی ناوخۆیی و دەرەکیی بووەتەوە. ناکۆکییە نەتەوەیی و ئایینییەکان باڵکێشن. ئابووریی پشتی شکاوە و لەگەڵ گەڕانەوەی ملیۆنان ئاوارە بۆ وڵات، تەنگوچەڵەمەکان هەڵدەکشێن.
پاڵەپەستۆ و ترسەکانی دەرەوەش کەموزۆر بەردەوام دەبن. ئیسرائیڵ درێژە بە فراوانخوازییەکانی خۆی دەدات. هەنووکەش بێشەرمانە هەلەکە دەقۆزێتەوە و بە ناوی پاراستنی ئاساییشی خۆیەوە، ناوچەی ئارامی لە بەرزاییەکانی جۆلان داگیر کردووەتەوە. بەمزووانە دەبینە گۆڤانی دەرپەڕاندنی گەلانی چەشناوچەشنی ئەم ناوچەیە. لەوەش شەرمەزارکەرتر دەستەپاچەیی ١١٠٠ هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناوچەی ئارامە، هاوکات ئیسرائیڵ دەستی کردووە بە بۆمبارانێکی بێئامان و وێرانکردنی بنکە دەریایی و سەربازییەکانی سووریا و هێزوپێزی بەرگریی ئەم وڵاتە کەرتوپەت دەکات. لە گاڵتەجاڕییەکی سیاسییدا ئەمریکا چاوەڕێیە بزانێت داخۆ ئەم ڕابەرە تازەپیاکەوتووەی پێشتر خەڵاتی دە ملیۆن دۆلاری بۆ سەری دادەنا، دەبێتە ڕابەرێکی«باش» و گوێلەمست یان نا. بەم ڕەنگە بە شێوەیەکی دەرەباوەڕ سووریا بانگهێشتی کۆڕی یارانی «پەیمانی ئیبراهیم» دەکرێت، جا بە هەڵڕژانی پارە و سەرمایەی سعوودییە و ئیمارات و قەتەر و دەستپێکی کرانەوەی عەرەبیی-ئەمریکیی، دەبێتە یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیڵ، لێ گەر ئەم خواستە وەدی نەیەت و سووریا تەرێز لە ئەمریکا بگرێت، ئەوا بە دەساوێژی گەمارۆی هەناوتەکێن و گەر پێویستیش بکات هێرشی سەربازیی، خاک و خوێنی وڵاتەکە ئاوێتەی یەکتر دەکات. ڕووسیاش چارەنووسی ڕوونە و ئامادەی هەموو سازش و دانوستانێکە لەگەڵ رژێمی ئەسەد، تا بنکەکانی خۆی بپارێزێت و چەکی پێ بفرۆشیت. جا ئەمە بەدەر لەوەی ئەم ڕژێمە چ شێوە و کرۆکێکی سیاسیی دەپۆشێت. چینیش بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی دەوڵەتی نوێی سووریا چی دەکات، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی گەشەی بیستوچەندساڵە ڕادەگەیەنێت. لەم نێوەندەدا چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی لە هەمووان تەمومژاویتر دەبێت. پاش ئیسرائیڵ تورکیا براوەی سەرەکیی ڕووداوەکانی ئەم دواییەیە. گرووپە دەستکێشەکانی لە هەلێک دەگەڕین تا لەگەڵ کشانەوەی ٩٠٠ سەربازی ئەمریکایی هێرش بکەنە سەر ناوچەکانی ژێر جڵەوی هێزەکانی سووریای دیموکرات. ئێستاش دەستیان پێ کردووە و چەند ناوچەیەکیان لە دەست ئەم هێزانە ڕاپسکاندووە. بەڵام سەیر ئەوەیە کاتێک هێزە کوردییەکان بۆ خۆپارێزیی لە هێرشی بەکرێگیراوانی تورکیا ئاودیوی ڕووباری فورات بوون، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا دەمودەست داوای لێ کردن لەوێندەر بکشێنەوە، ئەگەرنا هێزەکانی ئەمریکا دەستبەرداری پاراستنی کوردان دەبن.
واقعی تاڵی سیاسیی ئەوەیە؛ لەگەڵ بڕانەوەی پتر لە نیوسەدە دیکتاتۆرییەتی بنەماڵەی ئەسەد، کەچی هێشتا سووریا یەخەگیریی ڕیزێک ئاڵانگاریی پێچەڵپێچە. تایەفەگەریی ئایینیی زۆرینەی تازەپیاکەوتووی سووننەی دژبەری عەلەویی و ئارتەدۆکسیی یۆنانیی و ئەرمەنیی و ئیسماعیلیی و درووز، هەروەتر نەتەوەپەرەستیی زۆرینەی عەرەب دژ بە کورد و تورکمان و ئاشووریی و چەرکەس، هێشتانەکێش شاکۆسپی سەر ڕاستەڕێی دیموکراسییە لە سووریا.
واقعێکی تریش، ئامادەیی بناژۆخوازە ئیسلامییەکانە لە نێو دەوڵەتدا. وەرگرتنەوەی بەرزاییەکانی جۆلان، ڕووداوێکی سادە نییە، چونکە نەک تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئابوورییشەوە گرنگییەکی باڵکێشی بۆ سووریا هەیە. پێکدادانی بەردەوام لەگەڵ ئیسرائیڵ، بە تایبەت لەگەڵ دەسەڵاتی زیاتری ڕاستڕەوە ئایینییەکان لەو وڵاتەدا، بەتاوتر دەبێت. دەستێوەردانی تورکیا و هەوڵدان بۆ لاوازکردن و گورزوەشاندن لە کوردان، شاکۆسپیکی تری سەر ڕاستەڕێی دیموکراسییە لە سووریا. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە شێوەیەکی چەشناوچەشن بەردەوامیی بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە سووریا دەدات.
سووریاش وەک وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستی بە دەوڵەتێکی سکۆلار و دیموکرات و فیدراڵ و پێشکەوتووخوازە. جا لەگەڵ سەرپاکی ڕەشبینییەکانی ئەم نووسینە، گەر ئۆپۆزسیۆنە سکۆلارەکانی دژبەری ئەسەد لەم قۆناغە و پێش داکوتانی ڕەگی ڕژێمی نوێ، بە یەکگرتوویی بجووڵێنەوە، ڕەنگە بتوانن دەسەڵاتی ئێستا ناچار بکەن تا پێبەستی ئەو بەڵێنانە بن وا ئەم ڕۆژانە ڕابەرەکەیان بانگەشەی بۆ دەکات.
سەرچاوە:
سوریه: از دیکتاتوریهای سکولار تا پوپولیسم اسلامگرا / سعید رهنما، نقد اقتصاد سیاسی
[1] کیپۆر – יוֹם כִּפּוּר: یەکێكە لە جەژنە گرنگەکانی نێو ئایینی یەهوودیی و وەک جەژنی بەخشین لە تاوانەکان دەناسرێت. و. ک
[2] پێڕێکی نەتەوەیی-ئایینیی مەسیحیین و یەک لە سەر چواری لوبنان پێک دێنن، ناوی خۆیان لە سەن مارۆنیی مەسیحیی-ئاشوورییەوە وەر گرتووە. و. ک
[3] تاراندن و ڕاماڵینی ئایدۆلۆژیای بەعسیزم



