Uncategorized

دەوڵەت، تێگەیشتن؛ ئۆجالان

شێوازەکانی هێگڵ و مارکس، ڕۆشنکەرەوە و ڕێنیشاندەر نین بۆ ڕاڤەیەکی ڕاست و ناسینی هەقیقەت

ئاوارە پیرۆت

 

دەبێت لەو ڕاستییە سەیر و سەمەرەیەش تێبگەین و قەبووڵی بکەین کە بە‌ تەنێ: ئەوە دەوڵەت و لۆژیکی دەسەڵاتدارێتیی نییە کە بەربەرەکانێی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن، بەڵکوو ئێمەش بەشێکین لەو کێشەیە، ئێمە کێین؟ ئێمەی لە جڤاک دابڕاو. بە درێژایی نیو سەدە، ئێمەش بەشێکی وزەی ڕێبەر ئۆجالانمان بۆ خۆمان بردووە، تا ڕادەیەکی زۆر، شکستمان هێناوە لەوەی لێی تێبگەین، ئەوەش کێشە سەرەکییەکەمانە. چۆن خۆمان لەو کێشەیە ڕزگار بکەین؟

یەکەم/ مەرجە لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە، زانستیی و هونەرمەندانە دەربارەی مێژووی فیکر، لۆژیک، پارادیگما زۆر بەرجەستەکان، جۆر و شێوازەکانی دیالێکتیک بکەین، ئەمەش بۆ ئەوەی لەو جیاوازییە تێبگەین کە ڕێبەر ئۆجالان لەوانەی پێش خۆی جوێ دەکاتەوە، هێندێک خەڵک دەڵێن: بوکچین ئەقڵی ناوەکی ئۆجالانە، ئەوە نەک هەر ڕاست نییە، بەڵکوو گەڕەلاوژە و قسەی قۆڕە، چونکە، وەختێک دادپەروەریی لە تێگەیشتن بەدی هات، ئەوەش بەدی دێت کە: ئۆجالان، دیاردەیەکی گەردوونیی نێو خودی گەردوونەکەمانە.

دووهەم/ مەرجی پراکتیزەکردنی فەلسەفەی کۆمەڵگای ئاشتیی و دیموکراتیک، تێگەیشتنە لە سیاسەتی فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان، بە جۆرێکی دیکە: سیاسەتیی ڕێبەر ئۆجالان، سیاسەتی زەمینەڕەخساندنە بۆ پێنج هەستەکەی مرۆڤ نەک سەرکوتکردنی لەژێر پاساوی میتافیزیکیای دینیی و کەلتووری کۆمەڵگادا، چونکە: بنەماکانی کۆمەڵگاکان، هەمیشەیی و نەگۆڕ نین، ئەوەی ناگۆڕێت خودی گۆڕانە.

سێیەم/ لە لێکۆڵینەوەیەکماندا لەسەر میتۆلۆژیای چاخی بڕاهما، ململانێی ئاڤیتا سوور و شەیتان هەبوو، شەڕێک لە قووڵایی چینەکانی ژێر زەوی، میتۆلۆژیاکە دەڵێت: ئاڤیتا سەردەکەوێت بە سەر شەیتانە شەڕانگێزەکەدا، پاشان ڕێنموێنیی خەڵک دەکات، ئاگایان لە فیلەکان بێت و بیانپارێزن، بۆچی؟ چونکە لە هەرکوێیەک فیل هەبێت، لەو شوێنە ئاو هەیە، لەکوێش ئاو هەبێت، لەوێ شارستانییەت و ژیان هەیە، پەیامی ئەم شەڕ و ململانێیە بریتییە لە: پاراستن و ئاگایی بەرانبەر ژینگە و ئیکۆسیستەم. ڕێبەر ئۆجالان پێی وایە: میتۆلۆژیاکان ڕەهەندی زانستیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییان هەیە، بە پێچەوانەی ئایین و زانست کەمترین لادانیی هەبووە، بگرە بێ هەڵە و کەموکوڕییە. تێگەیشتن لە میتۆلۆژیا، هاوشانی ئایین و زانست، هەقیقەتی لۆژیکی دیالێکتیکی کۆمەڵگا دەسەلمێنێت و وادەکات لە کۆمەڵگای ئاشتیی و دیموکراتیک تێبگەین.

چوارەم/ ڕێبەر ئۆجالان، بە تەنیا کەسێک نییە، بەڵکوو ئاوێنەی هەقیقەتی مێژووی دێرینە، بۆیە لێکۆڵینەوە لە مێژووی دێرین، گرنگییەکی زۆر تایبەت و سەرسوڕهێنەری هەیە، لە ئەنجامی پشتگوێخستنی مێژووی دێریندا، دواکەوتووین لەوەی هەنگاوەکانی پێشکەوتنمان لەگەڵ “پەکەکە” و پەکەکە لەگەڵ کۆمەڵگا هاوسەنگ بێت، مێژووی دێرین، هاوکات مێژووی ململانێی خواوەندەکانە، ئەویش جۆرێکی سیستەمی بیرکردنەوە و فیکرە، مێژووی ژن و داهێنانەکانی ژن و کۆمەڵگای بەرایی دیموکراتیی و کۆمەڵگای بەرایی ژیریی و لۆژیک و دیالێکتیک و کۆمەڵگای بەرایی ئاشتییە، واتا: سەرەتای لەدایکبوونی زاراوەکانی پیرۆزیی و نەفرەت و سەرەتای چەمکاندنی زاراوەکانە، ئەویش دەرەنجامی شۆڕشی زمانە لە نێو کەلتووری تەلحەلەف و عوبێد، وێنەی سەرگۆزەکان، بریتین لە بیرۆکە و ئایدیا بنەڕەتیی و گەردوونییەکان کە دواتر شێوەیان پێ درا و تا ئەمڕۆش بەردەوامن.

پێنجەم/ ڕێبەر ئۆجالان پێی وایە: بێبەختیی زانست لەوەدایە کە لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریی پێش دەکەوێت، مەرجی تێگەیشتنمان لە کۆمەڵگای ئاشتیی و دیموکراتیک، لێکۆڵینەوەیە لە مێژووی زانستەکان، کیمیا، فیزیا، بیرکاریی، بایۆلۆژیی، تەنیا لەو ڕێگەیەوە بۆمان دەردەکەوێت کە سەرمایەداریی نەک هیچ داهێنانێکی نەکردووە، بەڵکوو دوژمنێکی زۆر ترسناکی زانستەکانە، دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتیی بکوژیی زانست و زاناکانن، کاتێک زانست دەبێت بە هێز، دەوڵەت لێی دەترسێت، زۆر نموونەی مێژوویی هەن؛ وەک سووتاندنی تاقیگە کیمیاییەکان و کتێب و تیۆریا زانستییەکان، هەر ئەو مێژووەش بووە هۆکاری تێگەیشتنەکەی فرانسیس بیکۆن. ڕێبەر ئۆجالان پێی وایە: زانست، بریتییە لە هاوبەشێتیی پێکردن لە پێناو ئاشتیی و دیموکراتییدا، لە پێناو ژیان و شارستانییەتدا، تەنیا لەو ڕێگەیەوە زانست دەتوانێت هەبێت و پێش بکەوێت.

شەشەم/ ڕێبەر ئۆجالان پێی وایە: دۆگمایی و دیالێکتیکی نەفی، یان با بە ڕوونیی بڵێین: شێوازەکانی هێگڵ و مارکس، ڕۆشنکەرەوە و ڕێنیشاندەر نین بۆ ڕاڤەیەکی ڕاست و ناسینی هەقیقەتی جیهان و گەردوون و ژیان، بەڵکوو لۆژیکی دیالێکتیکی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا دەتوانێت هەموو “بوون” بەبێ نەفیکردن و ڕەتدانەوە لە خودی خۆیدا بە جووڵە بخات و لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵگای ئاشتیی دەستەبەر بکات. دیالێکتیکی ڕێبەر ئۆجالان: بریتییە لە بەیەکەوە بوونی هەموو هەبووەکان لەناو شارستانییەتی دیموکراتیانەدا، لەوێوە کۆمەڵگا ئازادە لەوەی دوور لە ناچارەکیی و سەپاندن، ئەوەی بۆی شیاوە، هەڵبژێرێت.

حەوتەم/ تێگەیشتن لە کەلتووری زاگرۆسیی و ئایینی میهریی، ڕۆشنکەرەوەیە بۆ تێگەیشتن لە دیالێکتیکی ڕێبەر ئۆجالان، بۆچی؟ چونکە دیالێکتیک مێژووەکەی بۆ ئەم قۆناغە دەگەڕێتەوە، کە زۆر پێش فەیلەسووفانی یۆنان، جیهانی پێ ڕاڤە کراوە.

نابێت پێمان وابێت کە ئۆجالان و پەکەکە، هەڵتۆقیون، لەپڕ پەیدا بوون و درێژەیان بە سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکانی پێش خۆیان داوە، نابێت پێمان وابێت ئۆجالان سەری لە فەلسەفە و فیکری یۆنان و خۆرئاوا دەرهێناوە، نابێت وابزانین ئۆجالان خەباتێکی لۆکاڵیی کوردیی بەڕێوە دەبات، نابێت وا تێبگەین ئۆجالان فەیلەسووفێکی فەلسەفییە و بە تەنیا دەفەلسەفێنێت و هیچی تر، نابێت واتێبگەین ئۆجالان بۆ کورد بیر دەکاتەوە، بەڵکوو ئۆجالان، بۆ هەقیقەت تێدەکۆشێت و هونەرمەندترینی ئەو ڕێگایەیە، هەربۆیە دەڵێت: تێگەیشتن، دادپەروەرییە.

زیاتر ببینە
Back to top button


Like this:

Like Loading...