نموونەیەک لە کۆڵۆنیاڵیزمی فەڕەنسیی
٢٣٣ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا -٢٢ـی ئابی ١٧٩١، هایتییەکان کە لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە بەکۆیلە کرابوون، راپەڕینێکیان دەست پێ کرد بە سەرکردایەتیی یەکێک لە کۆیلەکان بە ناوی تۆیسانت لۆڤێرت. ئەو راپەڕینە بوو بە یەکەم شۆڕشی کۆیلەکان لە مێژوودا کە بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن. دواتریش شۆڕشەکە ڕێی خۆش کرد بۆ دامەزراندنی یەکەم کۆماری ڕەش و یەکەم وڵات کە خۆیان لەژێر کۆڵۆنیالیزم ڕزگار بکەن.
کەمال چۆمانی
٢٣٣ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا -٢٢ـی ئابی ١٧٩١، هایتییەکان کە لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە بەکۆیلە کرابوون، راپەڕینێکیان دەست پێ کرد بە سەرکردایەتیی یەکێک لە کۆیلەکان بە ناوی تۆیسانت لۆڤێرت. ئەو راپەڕینە بوو بە یەکەم شۆڕشی کۆیلەکان لە مێژوودا کە بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن. دواتریش شۆڕشەکە ڕێی خۆش کرد بۆ دامەزراندنی یەکەم کۆماری ڕەش و یەکەم وڵات کە خۆیان لەژێر کۆڵۆنیالیزم ڕزگار بکەن. ئەو شۆڕشە ڕێی خۆش کرد بۆ شۆڕشەکانی دیکەی وڵاتانی تری کاریبییەن و باشووری ئەمریکا. ئەوەی خوارەوە دەیخوێننەوە ڕاپۆرتێکی ورد و لێکۆڵینەوەیەکی بەناوبانگی نیویۆڕک تایمزە. ئەو مێژووە کەمتر زانراوە. هەوڵ دەدەم چەند پەرەگرافێک وەک خۆی دابنێمەوە و ئەوەی تریش کورت بکەمەوە.
دڵنیام ئەو مێژووە کەمتر بۆ خوێنەری کورد زانراوە، تەنانەت تا ٢٠٢٢ـش کە زنجیرەڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز بڵاو بوویەوە، زۆری نەزانرابو، لانیکەم بۆ دونیای دەرەوەی هایتی، چونکە خۆتان دەزانن مێژوو سەردەستەکان دەینووسنەوە، سەردەستەکان تاوانەکانیشییان بە سەرکەوتن دەنووسنەوە نەک خۆیان وەک تاوانبار نیشان بدەن. ئەو ڕاپۆرتەی نیویۆرک تایمز لە ماییسی ٢٠٢٢ وەک زنجیرەلێکۆڵینەوەیەک بڵاوی کردەوە و شۆکێکی گەورە بوو بۆ زۆر کەس، کە چۆن فەڕەنسا و ئەمریکا بە تایبەتیی و ئەڵمانیا، وەک وڵاتانی کۆلۆنیاا بوونە هۆکاری هەژاریی و دەردەسەریی هایتی و تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی تەواو نەبوونە. دوای دوو دەیە لە ڕزگاربوون لە کۆڵۆنیاڵی فەڕەنسی و بەکۆیلەکردنیان، نیویۆرکتایمز دەنوسێ: <<پاشا چارلس هێزێکی گەورەی نارد. بژاردە لە: یان پارە یان شەڕ.>> فەڕەنسا داوای لە هایتییەکان کرد ١٥٠ ملیۆن فرانک بدەنە گەورەکانی پێشوویان لەبری ئەوەی ئەوان کۆیلە بوون و خۆیان لەژێر دەستی گەورەکانیان ئازاد کرد، بەڵام گەورەکانیان داوای قەرەبووکردنەوەیان کرد. لێوردببنەوە بەکۆیلەکرابیت، سەدان ساڵ، دواتریش کە خۆت ئازاد کرد، خاوەنکۆیلەکە دوای ٢٠ ساڵ بگەڕێتەوە و داوای قەرەبوو بکاتەوە. هایتی ناچار بوو ڕازی بێ لە بەرانبەر ئەو هێزە کەشتییەجەنگییانەی فەڕەنسا ناردبوونی.
نیویۆرک تایمز دەنوسێ: <<بەوە، هایتییەکان، کە بۆ ئازادییان خوێنیان بەخشی بوو، ناچار کران دووبارە بۆ ئازادییان ببەخشەن- ئەمجارەیان بە کاش.>> لە بەرانبەردا پاشا چارلس لە فەڕەنسا وەک ئازادکەری ڕاستەقینەی هایتییەکان ناسێنرا و فەڕەنساش لە بەرانبەر ئەو بڕە پارەیەدا سەربەخۆیی هایتی قەبووڵ کرد. نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: <<هایتی بوو بە یەکەم و تەنها وڵات کە پارە ببەخشێتە ئەو خاوەنکۆیلانەی پێشتر خەڵکی ڕەسەنی هایتییان بۆ چەندین نەوە کردبووە کۆیلە.>> لە ١٨٢٥ فەڕەنسا داوای پێنج بڕەپارەی ساڵانەی کرد کە هەریەکەیان سی ملیۆن فرانکی فەڕەنسی بوو، واتا بە پێنج قۆناغ بدرێ. ئەو بڕە پارەیە زۆر لە توانای دارایی و ئابووریی هایتی گەورەتر بوو. فەڕەنساش هەر ئەوەی دەویست تا لە ڕێی قەرزی بانکەکانیانەوە جارێکی تر بیانکاتە کۆیلە. نیویۆرک تایمز دەنووسێ: <<فەڕەنسا هایتی ناچار کرد تا قەرز بکات بۆ ئەوەی بڕی پارەی یەکەم بدات. بەڵام ئەوە باری سەرشانی هایتی قوڕستر کرد دوای ئەوەی سووی قەرز و بەخشیش بۆ بانکە فەڕەنسییەکانی هاتە سەر. ئەمە پێکەوە بە <دەبڵ قەرز>ی هایتی ناسرا و فەڕەنسا داوای کرد لێی قەرز بکات و بیداتەوە خۆی.>> لە کۆتایی ١٨٣٧، دووەم کەشتیی فەڕەنسایی بەرەو پایتەختی هایتی پارت ئاو پرینس سەوڵی لێ دا بۆ ئەوەی دیسان هایتی ناچار بکەن بەشی دووەمی قەرەبووەکە بدا. <<فەڕەنسا دواجار ڕازیی بوو داواکەی کەم بکاتەوە بۆ ٩٠ ملیۆن فرانک. بەڵام ئێمە ئەوەمان دۆزیەوە کە هایتی ١١٢ ملیۆن فرانکی دا بە فەڕەنسا لە ماوەی حەفتا ساڵدا، یان نزیکەی ٥٦٠ ملیۆن دۆلاری ئەمڕۆ.>> <<ئەگەر ئەو پارەیە لە هایتی مابایەوە، نەک بگوازرێتەوە بۆ فەڕەنسا، ئەوا ٢١ ملیار دۆلاری بۆ ئابووریی هایتی زیاد دەکرد لە ماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا.
خەمڵاندنی ئێمە ئەوەیە زیانی ١١٥ ملیار دۆلاری لە هایتی دا.>> لە ١٨٢٦ هایتی خەزێنەکەی بەتاڵ بوو، ناچار بەدوای پارەی تردا دەگەڕا بۆ ئەوەی قەرەبوو بداتەوە. ئەو پارەیە لەلایەن خەڵکی جووتیارانی قاوە و خەڵکی چەوساوەوە درا و لە ڕێی باجەوە کۆ دەکرایەوە، نوخبەی وڵات پارەکەی نەدا. ساڵی ١٨٤٣ شۆڕشێکی دی ڕووی دا و خەڵک داوای کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی مافەکانی لە سەرۆک ژان پیە بۆیە کرد کە ئەو ڕازیی بووبوو بە <<دەبڵ قەرزەکە>> و دەر کرا لە وڵات. <<فەڕەنسا هەڕەشەی بۆمبابارانکردنی بەندەرەکانی هایتی کرد ئەگەر پارەکە نەدا. بۆ دەیان ساڵ هایتی بەردەوام بو لە گەڕاندنەوەی ئەو دەبڵ قەرزە. ئینجا، بانکێکی فەڕەنسیی گەییشتە وڵاتەکە بە ناوی کرێدیت ئیندوستریێڵ ئێت کۆمێرسیێڵ. لە ساڵی ١٨٨٠، یەکەم بانکی نیشتیمانیی هایتی دانرا. ئەوە کارەسات بوو – تەنها بە ناو نیشتیمانیی بوو [هیی فەڕەنسا بوو].
ئێستا خەزێنەی هایتی لەلایەن بانکێکی فەڕەنسییەوە کۆنترۆڵ کراوە. حکومەتی هایتی نەیدەتوانی پارە خەرج بکا یان بگوازێتەوە بێ پێدانی بەخشیش بە بانکە فەڕەنسییەکە. لە ماوەی چەند ساڵێکدا، قازانجی فەڕەنسا لە وڵاتەکە لە کۆی بوجەی هایتی زیادتر بوو.>> <<هایتی بەڕەسمی دوا بڕی پارەی دەبڵ قەرزەکەی لە ساڵی ١٨٨٨ گەڕاندەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە بکا، دوو قەرزی تری لە ١٨٧٤ و ١٨٧٥ وەرگرت. دیسان خاوەن بانکە فەڕەنسییەکان بەخشیشێکی ژیکەڵەیان وەرگرت. بەرپرسە گەندەڵەکانی هایتیش گیرفانی خۆیان لەو قەرزە پڕ کرد.>> لە ساڵی ١٩١٠ بانکی نیشتیمانیی هایتی دیسان دامەزراوە و ئەمجارە بانکێکی پاریسی گەورەترین پشکی هەبوو، بانکە ئەڵمانیی و ئەمریکییەکانیش دەستیان بە سەر پشکەکانی تردا گرت.
من ئەو پەرەگرافەم سێ جار خوێندەوە، تۆش لێی ورد بوومەوە: <<لە ١٩١١، لە هەر سێ دۆلارێک کە هایتی لە باجی قاوە بەدەستی دەهێنا، دوو دۆلار و ٥٣ـی سێنتی بۆ دانەوەی قەرزی وەبەرهێنەرە فەڕەنسییەکان دەڕۆییشت. باجی قاوە سەرەکیترین سەرچاوەی سامانی هایتی بوو. لە هەمان کاتدا، لە فەڕەنسا، ساتی خۆشبەختی بوو. قاوەخانەکانی پاریس جمەیان دەهات، پڕ لەو خەڵکەی ئەو قاوەیەیان دەخواردەوە وا لەوپەڕی دنیا هایتییەکان بەرهەمیان هێنابوو.>> ساڵی ١٩١٤ مارێنزی ئەمریکی گەیشتن. بزنس و بانکە ئەمریکییەکان، بە تایبەت بانکی سیتیگروپ، پاڵیان بە ئەمریکاوە نا بۆ داگیرکردنی وڵات. لەو کاتەدا سەرۆک وڵسن بەیاننامە ١٤ خاڵییەکەی دەرکرد کە نەتەوەکانی دونیا مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، هایتی بۆ ماوەی ١٩ ساڵ داگیر کرا، ماوەدرێژترین داگیرکاریی سەربازیی ئەمریکیی. نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: <<ئەمریکییەکان هایتییەکانیان ناچار کرد ڕێگاکان بنیاد بنێن بێ ئەوەی پارەیان پێ بدەن و سەربازەکان گوللەیان دەنا بەو هایتییانەی ڕایان دەکرد. زۆر لە هایتییەکان ئەمەیان وەک گەڕانەوە بۆ کۆیلایەتیی دەدیت.>> ئەمریکییەکان هەر لە ڕابردوەوە دژ بە هایتی بوون، چونکە شۆڕشی کۆیلەکانی هایتی سرووشی بۆ کۆیلەکانی تریش دەهێنا تا ئەوانیش خۆیان لە گەورەکانیان و هێزە کۆلۆنیاڵەکان ڕازگار بکەن. لە ١٩٢٢ هایتی ناچارک کرا قەرز لە وۆڵ ستریت بکات، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی لەلایەن هایتییەکانەوە، هێندەی تر خرانە ناو قەرزەوە. کۆنترۆڵی دارایی ئەمریکا تا ساڵی ١٩٤٧ مایەوە. لەو کاتەدا جووتیارە هایتییەکان خواردنەکەیان نزیک بوو لە برسا مردن، ئەمە بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان. ساڵی ١٧٨٩ هایتی سەدا شەستی قاوەی دنیای بەرهەم دەهێنا، هەروەها سەدا چلی شەکری هاوردەکراوی بەریتانیا و فەڕەنسا لە هایتییەوە بوو. فەڕەنسا لەو کاتانە ژمارەی دانیشتووانی ٢٥ ملیۆن کەس بوو، ژیانی یەک ملیۆن کەسی فەڕەنسا لەسەر داهاتی هایتی بوو. بەوەندە کۆتایی پێ دێنم، تەنها ئەوە ماوە بڵێم کێشەکانی هەر وڵات و نەتەوەیەک، زۆر قووڵترن لەوەی خۆیان دەنوێنن. ئەوەی سەرەوە، هەڵسەنگاندن و شیکاری نییە، تەنها بڕێکی بچووکە لە فاکتی مێژویی کە کەمتر باس کراوە و زۆربەی هەرە زۆری زانیارییەکان هیی ڕاپۆرتێکی نیویۆڕک تایمزە بە تایتڵی <<ملیارە ونبووەکانی هایتی>>.