پرسی ژن

پێویستی پارت لە تێکۆشانی ژندا

سەدەی بیستویەک بەربژێرە بۆ ئەوەی ببێتە سەدەی ژنان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە جێندەرییەکاندا. هەروەک ئاماژەمان پێکرد، ئەرکێک نییە هەروا خۆڕسکانە پێک بێت. ئەڵبەتە زۆر گرنگە کە پێناسەی ناکۆکییە جێندەرییەکان، بەپێی چی، چۆن چارەسەر بکرێت، بنەما ئایدیۆلۆژی و زانستییەکانی چی بن، تیۆری، بەرنامە و هێزی چالاکییەکەی چۆن بێت.

ناگیهان ئاکەرسەل

لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغی

با وای دانێین یاسایە، ئەوانەی تۆو دەوەشێنن، شەتڵ دەچێنن، کەس ناتوانێ بارانیان بوەستێنێ کەس ناتوانێ تیشکی خۆریان لەسەر ببڕێ” گوڵتەن ئاکن”(١)

لە سەرەتای ڕێیەکیداین کە بەدوای ڕێنشاندەرەکەیدا دەگەڕێت؛ لە سەرەتای سەدەیەکدا، خەریکە ئاڕاستەکەی دیاری دەکات. سیاسەتە نەژادپەرستی، ئاینگەرێتی و ڕەگەزگەرێتییەکانی نیۆلیبرالیزم کە مۆری خۆی لە یەکەم چارەکی سەدەی ٢١ داوە، ژیانی ژەهراوی کردووە، دەیەوێ بە زانستگەرێتی ڕەوایەتی بە خۆی بدات، پێشوەختە ئاشکرا بووە. لە ساڵانی ١٩٥٠کانی سەدەی ڕابردوو بە دواوە تیۆرییەکانی ”کۆتایی مێژوو” و ”کۆتایی ئایدیۆلۆژیاکان” و بۆیاخکردنی مۆدێرنێتی سەرمایەداری بە تیۆرییەکانی پۆستمۆدێرنیزم کە خزێنرایە نێو رۆح و هزرمانەوە، بە کاولکارییە ئارکۆلۆژییەکان، قەیران و ناڕەزاییە جەماوەرییەکان، متمانەیان لە دەستداوە. بەڵام لەجیاتی چارەسەری ڕیشەیی، بە ڕیفۆرم و چاکسازی، هەناسەیان زیاتر لێبڕین و بۆ پێکانی یادەوەری مێژووییمان سیستەمی هەژموونیان بەهێزتر کرد. ئێستاش بەڕێی پەتای کۆڕۆنا، بەتەواوی هەناسە لە بەر ژن، کۆمەڵگە و ژیان دەبڕن و ڕووبەڕووی قڕکردنی دەکەنەوە. یادەوەری کەڵەکەبووی زانایانی سەردەمی دۆزینەوەی بۆشاییەکانی ئاسمان، بەرەو ڕوووی ڤایرۆسێک بۆتەوە. ژیان، لەنێو پەشۆکاویی بڕینی یەکجارەکی هەناسە و ونبوون لە ڕاڕەوە داخراوەکاندا بەسەر دەبات. هەر بۆ ئەوەش ئەوانەی لەو دونیا تاریکەدا بە باوەڕی بینینی ”ڕووناکی لەوسەری تونێلەکە” لە هەموو کاتێک زیاتر وشیارانە پێویستی بە پێکهاتەی بونیادی و واتادارانە دەبینن.

هەر وەک گوڵتەن ئاکان بە پێویستی دەبینێت و دەڵێت: ”ئەوانەی تۆو دەوەشێنن، نەمام دەچێنن، ناتوانن باران و تیشکی خۆر ڕاوەستێنن” نەک چاکسازی بەڵکوو پێویستی بەدەستوەردانێکی ڕیشەیی هەیە. بە هێندەی دەرککردن بە زەمانێک کە هەناسەمان لەبەردەبڕێت هەروەک فروخ فروخزادە دەڵێت: ”ترسم لە زەمەنێکە تێیدا واتا لەدەست بچێت” بە عەقڵ و دڵی ژن پێویستی بە دەستوەردانێکی بوێرانە هەیە لە دەرکی ئەو هەناسەبڕینەدا بێت، لەبەرئەوەی دڵی دونیاکەمان ”لەژێر خۆردا هەوی کردووە/ یادەوەرییەکەی هێواش هێواش لە یادەوەری سەوزایی بەتاڵ دەکرێتەوە ” دەزانی کە هەر یەکێکمان ساڵانێک لە تەمەنمان پاڵنەرێکی بەهێزمان هەبووە و پێمان وابووە دەتوانین ئەم دونیایە بگۆڕین، بەتایبەتیش کاتێ خوێندکار بووین. هەر ئەو هاندەرەشە، پاڵنەری چەندین نەوەی ئەم دەیان ساڵەی دوایی بووە. بێڕیزپەڕیش لە هەر لاپەڕەیەکی بڵاوکراوەی لایەنە چەپەکاندا گوتاری ”هەلومەرجی بابەتی و شیکردنەوەی بابەتی”ئاڕاستەی دەکردین. کاتێ کار بەو پرەنسیپە بکرایە، ئەوەی لە بەردەمماندا زەق ببێتەوە، هەنگاونانی یەکەمە. بەڵێ، ئەوەی لە چارەکی یەکەمی سەدەی ٢١دا بەهۆی پەتا و سەپاندنی بێچارەیی و ناکارایی سیاسی ڕووبەڕوومان دەکرێتەوە، خۆپیشاندانی دژ بەو دۆخە و ڕاپەڕینی ژنان ئاماژەیە بەو هەنگاوە بەراییە. ئاماژەیەکە کە ڕووبەڕووی چ ئایندەیەکی پڕ کێشەی مەترسیدار دەبینەوە. هەر بۆ ئەوەش ئەو پرسیارەی چاوەڕێی وەڵامدانەوەیە، جوگرافیای کۆمەڵایەتیمان و گەردوونی مێژووییمان چۆن بونیاد بنێین، بونیاد و واتای خەیاڵی ئایندەمان بە چ شێوەیەک دەبێت؟ بناغە زانستی و ئایدیۆلۆژییەکانی ئەو واتادانە و هەرچی فۆرمە بونیادییەکەیەتی پێویست بە  دەستوەردانی ئیرادەیەکی هەرەوەزی بەهێز، واتە هێزی ڕێکخستنبوونە.

بێگومان، ئەو هێزە ئایدیۆلۆژی، زانستی و ڕێکخستنییە، ئەو تواناییەی هەیە چارەنوسی ئەم سەدەیە دەستنیشان بکات.  دەستەواژەی ”دیاریکردنی مافی خۆچارەنووسینی نەتەوە” لە بڵاوکراوەکانی چەپدا ڕەنگدانەوەی لە سەدەی بیستدا هەبوو و جێیەکی لە زەینمان کۆڵیوە، بابەتی سەرەکی ژنانیشە لە سەدەی ٢١دا. لەبەرئەوەی ژن کە کۆنترین داگیرکراوە، بەشێوەیەکی چڕ، بەئاگایی و مەنهەجییانە ڕووبەڕووی قووڵترین ناکۆکی کۆمەڵایەتی بووەتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگەش هەیە. ئەو هێزە ئایدیۆلۆژییە پێشەنگە و ئەو شێوازە بونیادییەی پەرەپێدەدات، توانای دیاریکردنی چارەنووسی هەسارەکەمانی هەیە. هەر بۆ ئەوەشە لە پێناسەکردنی کێشەی ئازادیی ژن، ئامادەکردنی بەرنامەی ڕزگاری ژن و داڕشتنی فۆرمی واتا و بونیادە ڕێکخستنی، زانستی و ئایدیۆلۆژییەکەیدا بایەخێکی چارەنوسساز و یەکلاکەرەوەی هەیە.  ئەو ئاماژەیەی ئۆجالان زۆر گرنگە کە دەڵێ: ”چۆن سەدەی ١٩ سەدەی پارتە بۆرژواکانە، سەدەی ٢٠ سەدەی پارتە ڕەنجدەرەکان بوو، سەدەی ٢١ سەدەی ئەو پارتانەن کە پایەکەی ژن دەبێت” ( ئۆجالان -٢٠١٥).

ئەڵبەتە بابەتی ئەم وتارەش دیاریکردنی ناکۆکییە جەوهەرییەکانە بە شێوەیەکی ڕاست، لەگەڵ ئەو پێشدیتنەی کە سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی  پارتەکانی ژن، هەروەها ڕوونکردنەوەی ئەو ناڕوونییەی لەسەر تێگە، تیۆری و دەزگاکانە، بەتایبەتی لە مەسەلەی ئایدیۆلۆژی و پارتدا، هەروەها بۆ خستنەڕووی پێویستی پێشەنگانی پارت، بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵ و ئەرکەکانی پارتەکانی ژن لە ڕێی هێنانەوەی نموونەی بەرچاو. پێناسەیەکی ڕاستیی ناکۆکیی بنەڕەتی سێ ناکۆکی سەرەکی هەیە ئەم سەدەیەمانی پێ دەناسرێتەوە. ئەو سێ ناکۆکییە لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە بەرنامەی پارتیی دیموکراتی گەل DEHAP دا بەم شێوەیە ئاماژەی پێکراوە: ”یەکەم؛ ناکۆکی لە نێوان بژاردەیەک لە سەرمایەداران کە بەڕێی گوشار و فشار دەستیان بەسەر زۆربەی موڵک وسامانی جیهاندا گرتووە لەلایەک و هەموو مرۆڤایەتی لەلایەکی تر. دووەم؛ ناکۆکی نێوان سروشت و ئەو مرۆڤەی بەهۆی زاڵبوونی بێسنوور و هەڵپەی بەرخۆری، سروشت بەرەو لەناوچوون دەبات. هەرچی ناکۆکی سێیەمە؛ ناکۆکی جێندەرییە کە بە سیستەمی نوێی جیهان، سەرمایەداری جیهانی و سیستەم باڵادەستی پیاوسالاری گەیشتۆتە ئاستی لوتکە”. ناکۆکی جێندەری لەسەرووی ئەو ناکۆکییانەوە دێت کە فۆرمە بونیادی و واتاییەکەی وەک هێزی پێشەنگی ئایدیۆلۆژی، توانای چارەسەری هەرسێ ناکۆکییەکە لەخۆوە دەگرێت.

لە واتایەکی تردا بانگەشەی ئەوە دەکەین کێشەکانی سەدە بە چارەسەرکردنی کێشەی ژن، چارەسەر دەبێت. ئاماژەی ”دەرککردن بە دەستنیشانکردنی ژن وەک زیاترین کارتێکراوی سیاسەتی نیولیبرالیزم و قەیرانی سەرمایەداری و لە هەمان کاتدا ئەو هێزەی زیاترین حساب دەپرسێتەوە، هەروەها هۆشیاری لە ئاست سیاسەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ لەناوبردنی ئەو هێزە و تێکۆشان لە بەرانبەریدا” ئەو بانگەشەیەمان بەهێز دەکات. هاوکات ئاماژەی ”ژن یەکەمین نەتەوە و چینی چەساوەیە” دەبیتە زەمینەی ڕۆشنایی کۆمەڵگە. هەرسێ ناکۆکییەکەش هەڵوێستێکی پارادایمییانە دەکاتە پێشمەرج. دەمانەوێ جەخت لەوە بکەینەوە کە پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی لەسەر بنەمای دیموکراتی، ئیکۆلۆژیی و ئازادیی ژنە کە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالانەوە لە سەرەتای سەدەی ٢١دا پێشنیازکرا و چارەسەری بۆ ئەو سێ ناکۆکییە لەخۆ دەگرێت، گەورەترین هەلە بۆ مرۆڤایەتی. عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری ستراتیژی بۆ بنەڕەتیترین ناکۆکی لە جیهاندا خستۆتە ڕوو و سیستەمەکەشی بەرجەستەکردووە، لە یەکێک لە گوتەکانیدا لە ئیمرالی دەڵێت: ”گرنگە ژن لە بوونە ئۆبژێکێکەوە وەرچەرخێنرێت بۆ سەبژێکتێکی ئازاد، ئەگەر ژن بۆ ئاستی بوونە سەبژێکت بەرز بکرێتەوە، ئازاد ببێت، ئەوە کۆمەڵگە، شار، خەڵک، کۆمینیشیی ئازاد دەکات” و ئاماژە بەو سەبژێکتبوونەی دەکات. بونیادنانی تۆکمەی چوارچێوەی ئایدیۆلۆژی، زانستی و ڕێکخستنی ئەو ژنەی بۆتە سەبژێکت-خود لە واتای ئەنجامدانی شۆڕشێکی مێژووییدایە. ئەزموونێک بە ئایدیۆلۆژیی ڕزگاری ژن و پارتی ژن کەڵەکەبووە. ئەو ئەزموونە، دەبێ بخرێتە چوارچێوەیەکی زانستییەوە. ئەو زانستەی هاوتا بووە لەگەڵ دەسەڵات ناتوانێ ئاڕاستەیەکی ڕاست بەو ئەرکە بدات. لە هەموو کاتێک زیاتر سەرخستنی زەمینەی بەرپابوونی شۆڕشی ژن مومکینە، واتە بە تێگەیشتنی زانستێک کە ڕایەڵەی بە دیموکراسییەوە بەهێز بێت، ڕاستی ژن ئاشکرا بکات، ژیان پێناسە بکات، زەمینەی ڕۆشنایی کۆمەڵایەتی فەراهەم بکات و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارێتی پیاوسالاری بکات _  خۆ بە خۆ ژنۆلۆژی گوزارشت لەوە دەکات. ڕاستینەی ژن حەقیقەتی نەتەوە و چین تێپەڕ دەکات، حەقیقەتێکی فراوانە کە بواری کۆمەڵایەتی و مێژوویی لە خۆدەگرێت، هەنگاوی یەکەمیش پێداویستی ئاشكراکردنی ئەو ڕاستیەیە. لێگەڕین و تێکۆشان لەپێناو سیاسەتێک لەسەر بنەمای هێز و ئیرادەی خودی ژن بەردی بناغەی ڕێی بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئیکۆلۆژی و دیموکراتییە. بەو ئاماژەیەی “سیاسەت هونەری گفتوگۆیە لەسەر کێشەکان و خۆدەربڕینی ئازاد و پسپۆڕانەیە لە ناسنامە، لە ئاستی هەرێمییەوە بەرەو گەردوونی، لە تاکەوە بەرەو کۆمەڵگە، جا سیاسەتی دیموکراتیانە شتێکی وەها جوانە” (ئۆجالان- ٢٠١٥) دەبێ لەو ڕوانگەیەوە مامەڵە لەگەڵ سیاسەت بکرێت.

تێکۆشانی ژن لەجیاتی دەسەڵات، دیموکراسی، لەجیاتی مانەوە وەک بەرهەڵستکارێک، بە بونیادنانی سیستەمی ئەڵتەرناتیڤ و وەک خودێک لەناو ئەو سیستمەدا بە دامەزراندنی دەزگا ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقییەکانی و بە پشتبەستن بە زانستی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵێکی چارەنوسساز و یەکلاکەرەوەی هەیە. ئەگەر ئەو ئەرکە سەربخات دەبێتە سەبژێکتێک کە ڕۆڵ لە سەدەی نوێدا ببینێ. لەو سۆنگەیەوە، سەدەی بیستویەک بەربژێرە بۆ ئەوەی ببێتە سەدەی ژنان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە جێندەرییەکاندا. هەروەک ئاماژەمان پێکرد، ئەرکێک نییە هەروا خۆڕسکانە پێک بێت. ئەڵبەتە زۆر گرنگە کە پێناسەی ناکۆکییە جێندەرییەکان، بەپێی چی، چۆن چارەسەر بکرێت، بنەما ئایدیۆلۆژی و زانستییەکانی چی بن، تیۆری، بەرنامە و هێزی چالاکییەکەی چۆن بێت.

کێشەی ئازادیی ژن و  هەوڵەکانی چارەسەری ناکۆکی جێندەری لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە زیاتر لە چین و نەتەوە، لە یادەوەریی مێژوویی و لە خراپ بەکارهێناندا،  فراونتر و گشتگیرترە. بەو پێیەی ژن کۆنترین داگیرکراو و چینە، ئەو ناکۆکییە قووڵترین ناکۆکی کۆمەڵگەیە. بەو پێیە بەهێندەی ناسینی ئەو ناکۆکییە ئاڵۆزە، ئاشکراکردنی هێز و خەسڵەتی ئەو ناکۆکییە کارێکی سەختە، چونکە ڕایەڵەی ئەو تۆڕەی بە دەوری ژندا هۆنراوەتەوە، پشت بە یادەوەرییەکی مێژوویی هەزاران ساڵ دەبەستێت. زایەندگەرێتی، نەتەوەپەرستی، نەژادپەرستی، ئاینگەرێتی و زانستگەرێتییە، کە چینەکانی بونیادی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پێکدێنن، باڵادەستی بەهێزی ئایدیۆلۆژی لیبرالیزمی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بونیادناوە. بناغەی ئەو باڵادەستییە، دەسەڵاتدارێتی پیاوە. هەر بۆ ئەوەش کێشەی ئازادیی ژن، لە تێپەڕاندنی ڕەهەندەکانی ناکۆکیی جێندەریدا قووڵبۆتەوە. لەو سیستەمەدا ژن پێویستی بە تێکۆشانێکی فراوان هەیە کە لەسەر بنەمای هێز و ئیرادەی خۆی، هۆشیاری و زانایی بەدەست بێنێ و هەبوونی و فۆرمی خۆی بونیاد بنێت. چارەسەرکردنی ناکۆکیی جێندەری پەیوەستە بە کێشەی ئازادیی ژنەوە. سەرچاوەی مێژوویی بەرەنگاربونەوەی کێشە جێندەرییەکان بۆ تێکۆشانی بزووتنەوەکانی ئازادیی ژنان دەگەڕێتەوە، کە لەپێناوی ماف و ئازادییەکاندا لە ماوەی دووسەد ساڵی دواییدا ئەنجامیانداوە.

لەو ماوەیەدا لێکۆڵینەوەی فراوان و گفتوگۆ و پەروەردەی چڕوپڕ و تێکۆشانێکی بێوچان کراوە لەپێناوی ئاشکرادنی حەقیقەتی مێژوویی ژن و کۆمەڵگە. هەروەها هەنگاوی گرنگنران لەپێناو ڕێکخستنکردنی ژن، هێنانەئارای هێز و ئیرادە، گەڵاڵەکردنی تیۆری و بەرنامە و بونیادەکانی. ئاشکراش بوو ژنان خاوەن هێز و توانستێکی گەورەی سیاسییە. ژنان هەمیشە لە حاڵەتی یاخیبووندا بوون لە بەرانبەر ئیستغلالکردن. ژنان بەشێوازی جیاواز چ بەڕێی تەریقەتە فەلسەفەییەکانی ژنان بێ، یان یەکینەکانیان، بزووتنەوە، یان گرووپی یاخیبوان، ڕێکخستنە نهێنییەکانیان بێ یان بە ئەنجامدانی چالاکی ڕادیکاڵ درێژەیان بە بەرەنگاربونەوە داوە. نەک تەنیا بە چالاکی بەڵکوو لە ڕووی تیۆریشەوە بوونەتە پاڵنەری ئەو یاخیبوونانە. ژنان بە فێمێنیزم شیکردنەوەی بەهێزیان ئەنجامدا، دۆزی ژن و مافەکانیان زەقکردەوە. بۆ نموونە، ئیما گوڵدمان کە وەک پێشەنگی ئەنارکۆ-فێمینیزم دەناسرێت، ئەوەی خستەڕوو کە دەسەڵاتداری لەسەر ژن سەرچاوەی هەموو خراپەکارییەکانە و پەیوەندییەکەشەی بە ئەقڵیتی دەوڵەتەوە ئاشكرا کرد. وێڕای ئەوەی ژنان لە چالاکی و گوتاردا بەهێز بوون بەڵام لە کێشەی ئازادبوونی ژن، چۆنێتی ئەنجامدانی کاری پێویست، ڕوون نەبوون، هەر ئەوەش وای لە ئیما گوڵدمان کرد کە پەرە بە گوتاری “تراژیدیی ئازادبوونی ژن” بدات. هەروەها ئەلکسەندەر کولانتای کاتێک دەڵێت: “لە ساڵی ١٩٠٥دا لە تاکە گۆشەی شەقامێكیش ژنێک نەبوو مافی قسەکردنی هەبێ یان داوای مافی نوێ بکات” کۆلانتای دەیویست بەو ئاماژەیە سەرنج بۆ سەر دۆخی ژنان ڕاکێشێت لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا لە ڕووسیا. لەبەرئەوە ئەو پرۆسەیەی شۆڕشی ئۆکتۆبەری لێکەوتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو قۆناغە بوو کە بە هەموو واتایەکییەوە گوزارشت لە مافەکانی ژنان دەکرا، قۆناغێک بوو ژنان کۆبونەوەیان ئەنجام دەدا. “یەکێتی مافە یەکسانەکانی ژنان” لەگەڵ سەندیکاکاندا لە پەیوەندییەکی تۆکمەدا بوون، مەیلێکیان بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و چینایەتیەکانیش نیشان دا. لەو قۆناغەدا، لە بونیادی حزبی شیوعی ڕووسیدا، ڕێکخراوی Zenodel یان Jenotyel دامەزرا کە تێکۆشانی لەپێناو ئازادیی ژندا دەکرد.

وێڕای ئەوەی زەمینەی بۆ بەشدارییەکی کارای ژنان ڕەخساند لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەڵام بەهۆی بەهێزنەبونی لە بڕیاری سیاسیدا، دەکرێت بڵێین بووە تەگەرە نەک هێزی کاریگەر لە سەدەی ٢٠دا. هەر لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا ژمارەیەک لە پارتی ژنان دامەزران. نموونەیەکی تر لەو پارتانەی لە ڕووسیا لە ساڵی ١٩٠٥ دامەزرا، پارتی پێشکەوتنخوازی ژن بوو، بە دەرکردنی گۆڤاری “هەواڵی ژن” هەوڵی چارەسەرکردنی پرسەکانی ژنی دەدا. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو پارتە ڕێی بە ئەندامێتی پیاوان نەدەدا. لە تورکیاش لە ساڵی ١٩٢٣ بە پێشەنگی نەزیهە موحەیەدین فرقەی گەلی ژنانی دامەزراند، وێڕای ئەوەی مۆڵەتی پێنەدرا بەڵام هەر لە خۆیدا درێژەپێدانی وەک پارتێک، هەوڵێکی گرنگ بوو. ژنان لە هەموو قۆناغەکانی دواتردا، لەناو پارتە دامەزراوەکان دا بەشداریەکی بەرچاویان هەبوو. ژنان بەشدارییەکی کارایان نیشاندا لە تێکۆشانی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و چینایەتیدا، قوربانی گەورەیان دا، پێشەنگایەتیان بۆ بایکۆت و مانگرتنەکان کرد. لە یەکێک لە دەقەکانی Shulamith  Firestone لە کتێبی دیالێکتیکی زایەند (The Dialectics of Sex)  کە بە گرنگترین دەقی ئەمڕۆ لە قەڵەم دەدرێت، دەستپێکردنی بزووتنەوە فێمینیستییەکانی لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠ وەک “یەکەمین هێرشی، گرنگترین شۆڕش لە مێژوودا ” دەستنیشان کرد.

باشە، چۆن بەردەوامی بەو “یەکەمین هێرشە” بدرێت؟ لە ڕۆژی ئەمڕۆدا دەکرێت چ ئەزموونێک لە ڕێبازەکانی ڕێکخستن و تێکۆشانی هەلومەرجی سەدەی ١٩ و ٢٠ وەرگیرێ؟ لە ئەنجامدا، وێڕای ئەوەی تێکۆشانەکان دەستکەوتی گرنگی لێکەوتۆتەوە بەڵام کێشەی ئازادیی ژن بە هەموو تینییەوە بەردەوامە. لەگەڵ زیادبوونی دەرفەت و هۆکارەکانی بەرخودان و بەرگری، بەڵام لە مەسەلەی گەیاندنی تێکۆشان بە ئاستی سەرکەوتن، جۆرێک لە ناڕوونی و بێسەروبەری لەبەردەممان دا وەک کێشەیەک ڕاوەستاوە. ئەو تێکۆشانە ڕێ و ڕێبازەکانی چۆن دەبێ؟ “ئاشکرایە کە بۆ بەرپاکردنی “گرنگترین شۆڕش لە مێژوودا” لە سەدەی ٢١ پێویست بە دەستوەردانێکی بە ئیرادە دەکات. باشە بە چ مۆدێلێکی سیاسی یان بە چ پێکهاتەیەک، ژنان دەستوەردانێکی بە ئیرادە لە سەدەی ٢١دا ئەنجام بدەن؟ دامەزراندنی پارتی ژن هەل و دەرفەتێکی گرنگ دەڕخسێنێت بۆ پەرەدان بەو ئیرادەی دەستوەردانە. بۆ ئەوەی سەدەی ٢١ ببێتە سەدەی پارتەکانی ژن، ئەڵبەتە تەنیا پێشنیاز بۆ سازکردنی فۆرمی ڕێکخستنێکی سیاسی ژنان بەس نییە،  بەڵکوو بانگەوازییەکە بۆ شیکردنەوەی کارێکتەری تێکۆشانی سەدەی ٢١. هەر بۆ ئەوەش، بێ گفتوگۆکردن لەسەر ئایدیۆلۆژی و پێکهاتەیەکی سیاسی کە دەستوەردانێکی بەئیرادە ئەنجام بدات، مەحاڵە ئەو ناڕوونییە تێپەڕێنرێت و دەرباز بکرێت. پێویستیی ئایدیۆلۆژی لە سەدەی ٢١دا ڕوونکردنەوەی حەقیقەت بە ئایدیۆلۆژیا، پەرەدان بە ڕێبازەکانی ڕوونکردنەوە، دەرککردن بە هەبوون بەڕێکخستن مەیسەر نابێت، ئەگەر شیکردنەوەیەکی باش بۆ هەلومەرجی کات و شوێن نەکرێت.

ئەوەش پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکانگیرانە و پەیوەندییەکی ڕاستە بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. چ نەریت و پرەنسیپێکی ئایدیۆلۆژی لەسەر یادەوەری کولتووری شێوەگرتنی  هەبووندا زاڵ بێت، چۆن کاریگەری بەسەر پەرەسەندنی هۆشیارییەوە هەبێت، ئەو فۆرمەشی بێتەئاراوە، ئاراستەکەی دیار دەکات. کارێكتەری کاتیش، ئەو هەڵوێستە دەستنیشانی دەکات. ئاراستەی تێکۆشانی ئازادیی ژن لەسەر ئەو بنەما ئایدیۆلۆژییانە گەشە دەکات کە پشتی پێدەبەستێ. با ئاوڕێک لەم ڕاپەڕینە جەماوەرییانەی دوایی مێژووی نوێ بدەینەوە کە ژنان بێڕاوەستان مەشخەڵەکانیانی دادەگیرساند. هەر بزووتنەوەیەک کە فۆرم-شێوە و ئاراستەی نەبێت، لە کوژانەوە ڕزگاری نابێت. بێشک یاخیبوونەکان کۆتایی نایەن، بەڵام هەتا وزە بۆ هەڵکردنی مەشخەڵی ڕاپەڕینێکی تر کۆدەکاتەوە، سەیر دەکەی کە سیستەم بەخۆیدا هاتۆتەوە. تێکۆشانێک کە فۆرمێکی سیاسی و بەردەوامیی بەدەستهێنابێت، گرنگە بۆ شکاندنی خەڕەکی سیستەم. لەو سۆنگەیەوە با بگەڕێینەوە سەر ئایدیۆلۆژیا. وەک تێگەیەک، ئایدیۆلۆژیا لە وشەکانی سەرچاوەی یۆنانی ئیدۆس “eidos”  و لۆگۆس “logos”ەوە هاتووە و بەواتای “زانستی هزر” دێت. عەبدوڵا ئۆجالان ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵایەتی وەک “پاکێجی بیرۆکە هاوبەشەکان کە بووە بە ئیرادە و ئەخلاقی کۆمەڵگە” ( ئۆجالان – ٢٠٠٤) یان وەک “ناوێکی دیکەی خۆ-پێناسەکردن” دەیبنێت. لە هەمان کاتدا پرۆسەی بە ئیرادەبوون و خودبوونە. هەروەک چۆن ئایدیۆلۆژیاگەلێک هەیە ئامانجی وەرچەرخانی کۆمەڵایەتییە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە. لە هەمان کاتدا ئایدیۆلۆژیاگەلێکیش هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نوخبەیەکە، دامەزراوەی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت ئەو ئەرکە بەجێدێنن و ”هۆشیاری”یەکیشیان لەو ڕوانگەیەوە بونیادناوە. مارکس پێی وایە کە دامەزراوە ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت “هۆشیاریی ساختە”یان بونیادناوە و وەک ئایدیۆلۆژی لە خۆنامۆبوون پێناسەی کردووە.

هەرچی ئاڵتوسێرە پێی وایە دامەزراوە ئایدیۆلۆژییەکانی دەوڵەت بەڕێی ئایین، دەزگاکانی پەروەردە، ماف، سیاسەت، میدیا، کولتوور-هونەر و خێزان، بەشێوەیەکی بەردەوام هۆشیارییەکی ساختەیان دروستکردووە. ئەو پەیوەندییەی لە نێوان هۆشیاری ساختە و ئایدیۆلۆژیا، بووە هۆکاری خراپ بەکارهێنانی ئایدیۆلۆژیا. لە دیالۆگی نێوان تێری ئێگڵتن- Terry Eagleton و پیەر بۆردیۆ Pierre Bourdieu ئاماژەی سەرنجراکێشی تێدایە لەسەر ئەو خراپ بەکارهێنانەی ئایدیۆلۆژیا. بۆردیۆ لە دیالۆگەکەدا دەڵێت: بەتایبەتی دەمەوێ دوورەپەرێزبم لە وشەی ئایدیۆلۆژیا، زۆربەی کات ئەو وشەیە بەشێوەیەکی ناڕوون-داخراو و هەڵە بەکاردەهێنرێت. بۆ پاراستنی ئەو تێگەیە، بەباشتری دەزانم ئەو تێگانە بەکاربێنم کە سیمبولی هێزن”. ئێگڵتن و بۆردیۆ ئاماژە بەوەش دەکەن کە بە گوتاری “کۆتایی ئایدیۆلۆژیاکان” تێڕوانینێکی نەرێیی لە ئەمڕۆدا لەسەر ئایدیۆلۆژیا هەیە، هەر بۆ ئەوەش گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کرد کە تێگەکان یان تێڕوانینی هێزی ڕەمزی پێویستن بۆ پاراستنی تێگەی ئایدیۆلۆژیا.( ژیژەک- ٢٠١٣).

ئەڵبەتە ئەو “هۆشیارییە ساختە”یەی کە ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت دروستی کردووە، لە لایەکی تر دۆخی چەقبەستوویی ئایدیۆلۆژیا ئازادیخوازییەکان بابەتگەلێکن دەبێ ڕەخنە بکرێن. بەڵام ئەوە مانای ئەو ناگەیەنێت پێویست بە ئایدیۆلۆژیا نەماوە. لە کاتێکدا هەر هەڵسوکەوتێکی مرۆڤ، هەر قسە و هەستێکی، ئایدیۆلۆژیایەکی لە پشتەوە بێت، ناکرێت داکۆکی لە بێئایدیۆلۆژیایی بکەین. ئایدیۆلۆژیا، هزر، دونیابینی، ئەمانە هەموویان ناسنامەن. بە واتایەکی تر، دەبێ بزانرێت ئەو هەڵوێستانەی بانگەشە بۆ بێئایدیۆلۆژیایی دەکەن، لە خۆیدا جۆرێکە لە هێرشی ئایدیۆلۆژی. هەر بۆ ئەوەش بەپێویست دەبینین کە ئایدیۆلۆژیی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتدارێتی لە یەک جیابکرێتەوە. بۆیە ڕێکخراوی ئایدیۆلۆژی، بونیاد و کادیرەکانی کە ژیانی کۆمەڵایەتی وێناکراو لە پڕاکتیک و ژیانی خۆیاندا بەرجەستە دەکەن زۆر گرنگە.   لەو تەوەرەیەدا، دەکرێت گفتوگۆ لەسەر ئایدیۆلۆژی سەدەی ٢١ و ئەو فۆرمەی کە ئەو ئایدیۆلۆژیایە بەرجەستەی دەکات، بکرێت.

لە کاتێکدا لە سەر پرسی  ئازادیی ژن هەڵوێستی بێئایدیۆلۆژی و بێسەروبەرێتی زەق دەکرێتەوە، زۆر گرنگە سەرلەنوێ گفتوگۆ لەسەر تێگەی پارت بکرێتەوە و دەشێت بەپێی پێویستییەکانی سەردەم سەرلەنوێ پێناسە بکرێتەوە. پێویستی پارت وەک هێزێکی ئایدیۆلۆژیی ڕێنیشاندەر زانینی ڕەوتی مێژوو و شیکردنەوەیەکی ڕاست بۆ “ساتەوەخت” فێرکەرە بۆ شێوەگرتنی ئایندە، هەر چۆن لە شێوەگرتنی ئەو ڕێکخستنانەش کە بە دەوری تێزێکدا ئاراستە دەگرن. دەربڕینی ڕاشکاوانەی پێویستییەکان، بە ئەنجامدانی دەستوەردانێکی بە ئیرادە لەم سەردەمەدا، بە ستونە هەروەزییەکانی ڕێکخستنی، زانستی و ئایدیۆلۆژییەکان دەشێ چوارچێوەکەی دەستنیشان بکرێت. ژمارەیەکی زۆر لە یەکێتی، کۆمەڵە، بزووتنەوە، بەرە، هەرەوەزی، کۆنفیدراسیۆن و لە دەوری ئامانجیکی دیاریکراو خۆیان ڕێکخست و دەیانویست بەو ڕێیە ئەنجام بەدەستبێنن. هەریەک لەو ڕێکخستنانە بە پشتبەستن بە ئایدیۆلۆژیایەک، هەوڵی چارەسەرکردنی  پرسەکانیان داوە، هەریەکەیان ئەرکێکیان بەجێگەیاندووە. لەوانەیە بڵێین “پارت یەکێکە لەو شێوازانە. ئەگەر ئەوانە هەبن چ پێویست بە پارت دەکات”. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەرکی پارت پەرەدانە بە هێزێکی ڕێکخستنکەری ئایدیۆلۆژی و پراکتیکی وەک پێکهاتەیەکی ناوک ئەرکەکەی بەجێدێنێ. لە مێژوودا ئەو هێزە ڕێکخەر و کردارییەی ئایدیۆلۆژیا، هەندێ جار پێغەمبەرەکان، فەیلەسوف، ڕاهیب و کەسانی زانا ئەنجامیانداوە، سەردەمانێکیش بە ناسنامەی سیاسی و حوجرە، خوێندنگە، تەریقەت و مەزهەبەکان ئەنجام دراون. بۆ نموونە، لە خوێندگەکانی فەلسەفەی سەردەمی یۆنان، تەریقەتی ئەسەنی کە دامەزرێنەری مەسیحەت و لە واتای “یەکەم پارتی ئینتەرناسیۆنالیستی بندەستەکان” پێناسە کراوە. ( ئۆجالان-٢٠٠٠ )، یەکەمین گفتوگۆی سانت سایمۆنیانس لەسەر سۆسیالیزم، گفتوگۆی لایەنگرانی فۆرییەر، هەروەها پۆزەتیڤیزم، مارکسیزم، قوتابخانەکانی ئانالیس Anales و قوتابخانەی فرانکفۆرت، ڕێکخەرانی ئایدیۆلۆژییانە بوون. ئەوەی کارێکتەری سەدەی ١٩ی دەستنیشان کرد مۆدێلی پارتە کرێکارییەکان، مۆدێلی پارتی لینینست بوون، یان ئەوەی چارەنوسی سەدەی ٢٠ی دیاری کرد، مۆدێلی پارتە نەتەوەییەکان و پێکهاتە ڕێکخستنەکانیان بوون. لە ساڵی ١٩٥٦  لە گفتوگۆیەکی نێوان ئەردۆنۆ و هۆرکهاریمەر لەسەر مانفێستۆییەکی لینینیستی، ڕاشکاوانە باس لە پێویستی پارتێکی سۆیالیست دەخرێتەڕوو. ئەدۆرنۆ لەو گفتوگۆیەدا هەروەک مارکس و ئەنگلس، جەخت لە گرنگی مانیفێستۆیەکی شیوعیانە و پێویستی پارت دەکاتەوە

( ئەدۆرنۆ و هۆرکهایمەر، ٢٠١٣). لە تەواوی ئەو نموونانەدا دەردەکەوێت کە دووربینیی، کارێکتەری سەردەم دیاری دەکات. لە سەرەتای وتارەکەمدا کە بە شیعرەکەی گوڵتەن ئاکن دەستم پێکرد، ئەوانەی تۆویان وەشاند و نەمامیان چاند سەرچاوەی ئیلهام بوون. لە بەردەوامی شیعرەکەیدا ڕێک ئەو دۆخەیە کە دەڵێ: “ئیدی بتانەوێ یان نا/ ئەو تۆوە سەوز دەبێ، بەزەوییەکانتاندا بڵاو دەبێتەوە”. واتە واقعێکە کە کاتێ لەگەڵ ڕۆحی سەردەم و خواستی خاک بێتەوە، نەشخوازرێ هەر بڵاو دەبێتەوە. هەرچەندە بەشێوەیەکی وێژەییانەش دەریببڕین، بەڵام لە فەرهەنگی سیاسیدا ئەو ڕێکخستنانە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و هێزی پێشەنگەوە لە بونیادی پارت خۆی دەبینێتەوە. ئێمە لە زەمەنێکداین کە ژنان تۆو دەوەشێنن و نەمامەکان دەچێنن. ئەگەر نەشمانەوێ بەڵام تۆو لە خاکەکاندا بڵاو دەبێتەوە، بە دەرککردن بەو ڕاستییەی ئیتر ئێمەی ژن بکەرین دەمانەوێ ئەو ڕیالێتییە ڕێکبخەین، با جارێکی تر بیر لە پارت بکەینەوە. کاتێ دەڵێین پارت، مەبەستمان چ جۆرە پێکهاتەیەکە؟

بە هەڵکشانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەهۆی کێشەکانی کۆمەڵگەوە، پارتی سیاسی بووە ناچارییەک کە خاوەن بەرنامە، ڕێکخستن و سەرچاوە و پاڵپشتی جەماوەری بێت. پارتە سیاسیەکان بەپێی چۆنێتی بنکەی ڕێکخستنی، ئایدیۆلۆژیا و بنکەی کۆمەڵایەتییەکانی و جۆری جیاوازییانەوە پۆلێنکران. نموونە بەراییەکانیان لە ئەمەریکا و فەرەنسا بینران. پارتی ئازادیخوازی بەریتانیا whig و پارتی موحافەزەکاری بەریتانیا Tory کە لە ساڵانی ١٦٨٠کاندا دامەزران، لە یەکەمین ئەو پارتانەن کە چوونە پەرلەمانەوە. دواتر، ئەو پارتانە زەمینەبوون بۆ دامەزراندنی پارتی لیبراڵ و موحافەزەکار. لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش، یەکەمین پارت لە ساڵانی ١٧٩٠کاندا، دامەزرا. زۆرێك لەو پارتانەی ئێستا بەخەسڵەتی چەپ یان ڕاست جیادەکرێنەوە لەو نەریتەوە هاتوون. پارت لە سیستەمی پەرلەمانیدا وەک پێکهاتەیەک دەناسرێت کە دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێت و دەیکاتە جێی بڕیاردان. پارت زیاتر لە پەیوەندی بە دەسەڵات و بەرهەڵستکارییەوە، هەروەها بە کاریگەرییان لە سیستەمی هەڵبژاردن و کێبڕکێی نێوان پارتەکان بۆتە بابەتی باس. ژنان لە تێکۆشانیاندا بۆ ئەندامێتی لەو پارتانە یان بۆ بەدەستهێنانی مافی هەڵبژاردن و خۆ کاندیدکردن قوربانییەکی زۆریان دا. بەڵام لە ئەنجامیشدا، تەنانەت لە ئەمڕۆدا، ئەگەر پرەنسیپی کۆتا نەبێت، لە سیستەمێکی وەهادا پێویستی بە بەشداری ژنان نابینرێت.

هەروەها لەو جۆرە پارتانەدا بەدەگمەن ژنان هەن و هەندێ جار لە ئاستی نەبوودایە. لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ەوە پارتی ژنان لە وڵاتانی وەک ئوسترالیا، فینلەندا، پۆڵەندا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هندستان، ئێران و میسر دامەزرا. ئەو پارتانە لە زهنیەتیانەدا، هەڵگری هەمان زهنیەتی پارتە ڕاست و چەپەکانن، ئامانجەکانیان تەنیا بەشدارییە لە هەڵبژاردندا. وێڕای گرنگیشیان، بەڵام لە بوونیان بە پارتی کڵێشەیی تێناپەڕێ. گرنگە ژنان لە بەشداری سیاسیاندا، ڕێیەکی تر ببیننەوە لە دەرەوەی ئیسغلالکردنیان لەناو ئەو پارتانەدا. با ئاوڕێک لە مێژووی مۆدێلی پارتی لینینیست بدەینەوە کە مۆدێلی باوی پارتی شۆڕشگێڕ بوو لە سەردەمی بزووتنەوە سۆسیالیستییەکاندا، کە ژنان بە وزەیەکی گەورەوە بەشدارییان تێدا کرد، ڕەنجیان تێدا دا. مارکس و ئەنگلس وەک ئۆرگانێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی لە پارتیان دەڕوانی. یەکێتی کۆمۆنیستەکان کە وەک یەکەمین ڕێکخراوەی کاری هاوبەشیان یەکەمین پارتی ئینتەرناسیۆنالیست دادەنرێت لە مێژوودا بەرنامەی مانفیستۆکەی لەلایەن پارتی کۆمۆنیستەوە نووسرا. مانیفستۆی کۆمۆنیست وەک بەرنامەی گشتی شۆڕشی گەلانی  ئەوروپا بینرا کە لە ساڵی ١٨٤٨ بەرپا بوو.

لەو سەردەمەدا، وێڕای ئەوەی بەڕێی ژمارەیەک کۆمەڵە یان سەندیکاکان خەڵک لە دەوری یەک کۆدەبوونەوە، بەڵام لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠دا سەردەمی تێگەی پارتی سیاسی زیاتر لە زەینی خەڵکدا چەسپا. ئەو بیرکرنەوەیەی کە دەڵێت: لە “چین لە خۆیدا”ەوە بەرەو “چین بۆ خۆی” بەپێی بیرکردنەوەی مارکسیست، مەحاڵە خۆڕسکانە ڕووبدات، لە ڕوانگەی پەرەسەندنی خۆڕسکانەوە، بنەماکانی هزریی پارتێکی شۆڕشگێڕ پێکدینێ. لینین لەسەر ئەو بنەمایە ڕادەگەیەنێ کە دەبێ هۆشیاری سیاسی بگوزارێتەوە ناو چینی کرێکار، مۆدێلی پارتی لینینستی لەلایەن بزووتنەوە کۆمۆنیستەکانەوە مایەی پەسەندە. بوونی پارتێکی پێشەنگ کە کارەکانی لەسەر یەكێتیی کارێکاران، بەرێوەبردنیان، سەرکردایەتی گشتی ڕاپەڕینەکان چڕ بکاتەوە، دەبێتە پرەنسیپێکی جیهانیی بۆ مارکیسیستەکان، چەمکی پارتی لینینیستیش بە هەرچوار لای جیهاندا بڵاو دەبێتەوە و وەک مۆدیلی پارتێک لە مێژوودا تۆمار دەکرێت. نیگەرانی لە توانای ئیدارەدانی پارت و درێژەپێدانیی، لە هەلومەرجی ئەو کاتەی قەیسەردا کاریگەری هەبوو لە شێوەگرتنی پارتەکەدا. مۆدێلی پارتی لینینستی بە نیگەرانییەوە بایەخی بە سەرکردایەتی (کۆمیتەی ناوەندی)دا، مۆدێلێکە بە پشت بەستن بە ئەزموونی کەڵەکەبووی کادرانی، ئامانجەکەی لە گەیشتن بە دەسەڵات چڕکردەوە. لە بنکەی ڕێکخستنی پارتی لینینستیدا ناوەندگەرێتی دیموکراسی گرنگترین پرەنسیپی پێکدێنێ، بەڵام دواتر کێشەی جددی لێکەوتەوە لە درێژەدان و پاراستنی هێزی بزوێنەری شۆڕشدا. رۆزا لۆکسەمبورگ لە دژی چەمکی ناوەندێتی پێشنیازکراو لەلایەن لینینەوە ڕاوەستا و ڕەخنەکانیشی بەئاماژەکردن بەو مەترسییانەی کە لێی دەکەوێتەوە، خستەڕوو. ڕۆزا لوکسەمبورگ رەخنەکانی بەم شێوەیە ئاراستەی لینین کرد: ”زۆر بەجەختی هیچ شتێک لە کۆتوبەندی بیرۆکراتیی نوخبەیەکی ڕۆشنبیری برسیی دەسەڵات زیاتر بزووتنەوەیەکی کرێکاری تازە بەکۆیلە ناکات، کە دەیەوێت بزووتنەوەکە لە جووڵە بخات و بۆ مەکینەیەکی ئۆتۆماتیکی بیگۆڕێت کە لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە پاوانکراوە.

لێگەڕێ با ئێمە بەڕوون و ئاشکرایی قسە بکەین، لە ڕووی مێژوویییەوە، ئەو هەڵانەی لەلایەن بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی ڕەسەنەوە کراوە بەتەواوی بەرهەمهێنەرتر بووە لە بێهەڵەیی زەیرەکترین کۆمیتەی ناوەندی.” لە ئەنجامدا، ئەو خاڵەی دەبوو پێی بگەن لە ڕۆڵی پارتدا کوژاندنەوەی دەوڵەتە، پێگەی دەوڵەت زیاتر بەهێز بوو. ئۆجالان هەڵسەنگاندنێکی وەها لەسەر مۆدێلی پارتی لینینستی دەکات “پارت لە سەردەمی ڕیال-سۆسیالیزمی سۆڤیەتی گۆڕا بۆ سەرچاوەی باڵادەستی و دەسەڵاتدارێتیەکی بێسنوور. لە کاتێکدا مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە، خۆی زیاتر لە ڕێی پارتەوە بەرهەمهێنا، پارتە سیاسییەکانیش لە دەوڵەتی نەتەوەییدا ڕۆڵێکی کارایان بینی لە دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوە و بووە ئامرازێک بۆ گواستنەوەی ئەو دەسەڵاتە بۆ ناو کۆمەڵگە و ڕەوایی پێدانیشی. ڕیال-سۆسیالیزم بووە سیستەمێک زیاترین پێکهێنەر و جێبەجێکەری ئەو تێگەیشتنە بوو. بوونە سیستەمی تاک پارت، بە واتای بوون بە دەوڵەتی پارت دەهات.

بەو پێیە، دوای هەڵوەشانەوە، پارتە کۆمۆنیستەکانی پێداگریان لە تێگەیشتنی ئۆرتەدۆکسی ڕیال-سۆسیالیزم دەکرد، دووەمیش ئەو پارتە لیبڕاڵانەی لە وڵاتە سەرمایەدارییەکاندا کە ڕۆڵی پارتی ڕیشەییان بینی، دواتر بۆ پارتی لیبراڵ دیموکراتی گۆڕان”.  (2004). بابەتەکەمان ڕەخنەکردنی پارتە کۆمۆنیستەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو نییە، هێندەی ئەوەی باس لە نموونەی بەرایی پارتە مارکیسیست- لینینیستەکانی دونیا دەکەین. بەڵام ئێمەی ژنان لە ڕێبازی تێکۆشانماندا دەبێ هەڵسەنگاندن لەسەر ئەو ئەنجامانە بکەین کە گۆڕانی ڕۆڵی پارت لە ئامرازەوە بۆ ئامانج، بیرۆکراتیزەبوون و ناوەندگەرێتی نەک دابەشکاریی دەسەڵات، خوڵقاندوویەتی. وێڕای ئەوەش لە ئەمڕۆدا پێویست بە تێپەڕاندنی ئەو ناسنامەییەی کادر هەیە کە بەپێی مۆدێلی پارتی لینینستی شێوەی گرتووە و سەرچاوەی نەبوونی ئەو ئاراستەگیرییە کە ژنان لە تێکۆشانیان بەدەستییەوە دەناڵێنن. لەسەر ڕۆڵی پارت لە کۆمەڵگەدا، گرنگە ئاماژە بە دیدی گرامشی لەسەر پارتی سیاسی بکرێت. ڕوانگەی گرامشی لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیەیە کە دینامیکی سەرەکی ژیانی سیاسی لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداریدا پرۆسەی هەژمونییە لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و چینەکاندا. لەو چوارچێوەیەدا، پارتە سیاسییەکان وەک نوێنەرایەتی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و چینەکان دەبینرێت. گرامشی تیۆریی پارتی سیاسی لە پرۆسەی هەموونی چینی دەسەڵاتدار و هەوڵەکانی هەژموونی دژبەرانەی چینی چەوساوە لە دوو بواردا شیکردەوە: لە یەکەمیاندا، لە کاتێکدا لە ڕووی ڕێکخستنییەوە کار بە میکانیزمی  دیموکراسیی لیبراڵ و باڵادەستی چینی بەڕێوەبەر دەکرێت، هەرچی دووەمیانە، بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێ کار لەسەر خوڵقاندنی ئیرادەیەکی کۆمەڵایەتی وەرچەرخێنەر دەکات.

گرامشی ئاماژە بەوە دەکات کە هاوشێوەی هەوڵەکانی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسانیخواز و ئازادیخواز،  پێویست بە ڕێبەرایەتییەکی سیاسیش هەیە کە نابێت تاکێک بێت، بەڵکوو دەبێ ڕێبەرایەتییەک بێت خاوەن ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ بێت لە شێوەی “پارتی سیاسی”، (شازادەی مۆدێرن) بێت. گرامشی، پارتی سیاسی وەک ڕۆشبیرییەکی کۆلێکتیڤ پێناسە دەکات و ئەو هێزە وەرچەرخێنەرە پێویستەش بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی نوێ کە وەک شازادەی مۆدێرن پێناسەی دەکات، لە پارتی سیاسیدا دەبینێتەوە. گرامشی بۆچوونەکانیشی لەسەر ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ و ڕۆڵە مێژووییەکەی، بە بۆچوونەکانی لەسەر ڕێکخستن و ستراتیژی پارت، تەواو دەکات و ڕادەگەیەنێت پەیوەندییەکی زیندوو و نامیکانیکی هەیە لە نێوان نوێنەری پارت و ئەوانەی نوێنەر بونیاد دەنێن کە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و بونیادنەرە. لە کاتێکدا بنکەی جەماوەری پارت لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و چینەکان پێک دێت، پارتە سیاسییەکانیش ڕێخۆشکەری دەکەن بۆ بەشدارییەکی کارا لە ژیانی سیاسیدا، بە ڕێکخستنکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ئەو جەماوەرەی کە نوێنەرایەتی دەکات. ئەو پارتەی هێزێکی ڕێکخستنکراوی ئیرادەی کۆلێکتیڤە، پێناسەکردنی وەک نوێنەری جەماوەر، کاریگەری وەرچەرخێنەری پارت بەرتەسک دەکاتەوە. پێناسەکردنی پارت، وەک بوونێکی زیندوو، کە دەرفەتی کاری سیاسی بۆ بەشەکانی کۆمەڵگە بکاتەوە و هێزی کۆمەڵگە بخاتەگەڕ، لە ئەمڕۆشدا هاوتەریبە لەگەڵ بونیادی فرەڕەنگی تێکۆشانی ژنان. لە لایەکی تر، دەکرێت پارت شێوەیەک بێ لە شێوەکانی ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ، ڕێوشوێنی خۆپاراستنە کە ژنان پشتی پێببەستن لە تێکۆشانی خودبووندا، دەکرێت جۆرێک بێ لە قیبلەنما بۆ فەراهەمکردنی دۆزینەوەی ڕێگەکان، جا لە هەر کوێیەک بن.

لەو بارەیەوە ئۆجالان دەڵێ؛ “واقعێکە کە ئەم سەدەیە، وەک سەردەمی هەڵکشانی ئیرادەی ئازادیی ژن ببێنریت. لەوانەیە سەدەیەک پێویست بێت بۆ بونیادنانی دامەزراوەی درێژخایەن-هەمیشەیی ژنان. دەشێ پێویست بە پارتی ئازادیی ژن هەبێت. گەڵاڵەکردنی پرەنسیپە ئایدیۆلۆژی و سیاسییە بنەڕەتییەکانی ئازادی بەپارتیبوون، بەڕێوەبردنی و چاودێریکردنی، دەکرێت هەم پاساوی دامەزراندنی ئەو پارتانە و هەم ئەرکی بنەڕەتیان بێت” ( ٢٠١٥ ) هاوتەریب لەگەڵ جیهانگیری، سەرلەنوێ گفتوگۆکردنەوە لەسەر خود دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤێت، بەخێرایی بانگەشەی کۆتایی مێژوو و ئایدیۆلۆژیاکان ڕاگەیەنرا. لەو سیستەمە نوێیەی جیهاندا، ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا، بۆ سەرخستنی سیاسەتەکانی، بۆ هەموو جێیەک و هەموو کەسێک پەرەی بە سیاسەتدا و شێوازی نوێی سیاسەتی بەڕێوەبرد.

لە کاتێکدا هێزە باڵادەستەکان گلۆبالیزە دەبن، هێزەکانی دژە سیستەمیش لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەستیان بەگەڕان بە دوای ڕێبازی نوێی تێکۆشان کرد. لەگەڵ پرۆسەی جیهانگیریی، گفتوگۆکان لەسەر ئەو پارتە سیاسییانەی سیاسەتی گشتی دەستنیشان دەکەن کاریگەرییان بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لەجێی پارتە سیاسییەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو گرووپانەی لەژێر زەبری ستەمکاری دان و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە کاریگەرییان زیاترە، لە ڕێبازە نوێیەکانی ئەو لێگەڕینانە بوون. دوای ساڵانی ١٩٧٠کان، گەشە و کاریگەری بزووتنەوە ژینگەپارێز، فێمینیست، دژە-نەژادپەرستی، دژە-شەڕ و دژە-چەکی ئەتۆمی لە جێی بزووتنەوە کلاسیکەکانی بەرهەڵستکاری سیستەم، بوونە بابەتی سیاسی لە سیستەمی نوێی جیهاندا. ئەو بزاوتانەی لەسەر بنەمای کولتووریین جێی بزووتنەوە چینایەتییەکانیان گرتەوە، بانگەشەکانی سەر یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی، سیاسەتەکانی ناسنامە جێیان گرتەوە. هەر بۆ ئەوەش سەرلەنوێ گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکی پرۆژەی سیاسی و مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بونیادنانی ئەڵتەرناتیڤ دەستی پێکردووە. ڕێک لە سەرەتای سەدەی ٢١دا لە ساڵی ٢٠٠٠دا خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دژ بە کۆبونەوەی ساڵانەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، نیشانەی دەرکەوتنی ئەکتەری سیاسی نوێ بوو لەسەر سەکۆی مێژوو، لەپاڵ قۆناغی جیهانگیریدا.

ئەو ئەکتەرە نوێیانە، ئەوانە کە دژ بە کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان، پێداگری لەسەر بابەتەکانی وەک کێشە ئیکۆلۆژییەکان، جیاوازییە کولتوورییەکان، مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەنەوە. دەبێ گفتوگۆ لەسەر ئایندەی ئەو بزووتنەوە دژە-جیهانگیرییانە بکرێت کە لە هەموو بەشێکی کۆمەڵگەی تێدایە و هەردەچێت بڵاو دەبێتەوە و بەرەو زیاد بوون دەچێت، دەبێ گفتوگۆ لەسەر ئەوەش بکرێت کە چی لێ شین دەبێت. ستیڤن گل (Stephen Gill) بە دوای ماکیاڤیلی و گرامشیدا دەچێت و ناوی “شازادەی پۆست مۆدێرن” دەدات لەو بزووتنەوانە. دەبێ بڵێین بەو پێناسەیە مەبەستی ئەوەیە “کۆی ئەو هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە فرەڕەنگن و جیاوازن، لەئاستی جیهانییدا بەناویەکدان چوون و و بناغەی دامەزراندنی فۆرمێکی نوێی جیهانگیریین و بەدڵنیاییەوە لە جموجوڵەدایە”. گل پێی وایە ئەو بزووتنەوانە دەبێ یەکگرن، لە دۆخی پێچەوانەدا پەراوێز دەبن، ئاماژە بە بایەخ و گرنگی یەکگرتنی جیاوازییەکان لە ناسنامە کۆمەڵایەتییەکان و هاوپشتیدا دەکاتەوە. بەو پێیە ئیرادەی کۆلێکتیڤ لەبەرەوە شێوەیەکی بەرچاو دەگرێت. ئەو “شازادە-میرە پۆستمۆدێرن”ە هەم دەبێتە دەزگایەکی پەروەردە و هەم بزووتنەوەیەکی کولتووری. ئەو  ڕێکخستنە جیاوازانەی گل ئاماژەی پێدەکا و لەبەرەوە خۆدەگەیەننە جۆرێك لە “پارتێکی سیاسی بان-نەتەوەیی پۆستمۆدێرن” کە سەرکردایەکی دیارکراویان نییە، گرنگە بۆ گفتوگۆکەمان.

لەجێی پێناسەی پۆستمۆدێرن، دەکرێت پێداویستییەکانی قۆناغەکە و کارەکتەرەکەی ڕەچاو بکرێ و پێویستییەکانی دەستنیشان بکرێت و ناویشی لێ بنرێت. چ جا ئەوەی گل بە سەرچاوەگرتن لە گرامشی باسی لە پێکهێنانی “یەکانگیریی-تەواوەتی ئاڵۆزی کۆمەڵگە” دەکات، خۆڕسکانە ڕوونادات. بە ئادگاری بەناویەکداچووی کێشەی ئازادیی ژن، ئەو ڕەهەندانەی زۆر تێکۆشانی جیاواز لە خۆدا کۆدەکاتەوە، ئەو پێکهاتە دینامیک، فڕەڕەنگ و فرەدەنگەی بزووتنەوەکە پێی گەیشتووە، ئاستی بەدەستهێنانی کارەکتەری بان-نەوەیی لە تێكۆشانی ئازادیی ژندا، توانای بوون بە هێزێکی یەکانگیر/ کۆکەرەوە لە بونیادنانی هێزێکی بەرهەڵستکار نیشان دەدات بە واتایەکی تر (لە بونیادنانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا). لێرەوە، پارتەکانی ژنان لە ڕووی واتا و هەم بونیادییەوە خۆیان بیناکردووە، واتە لە بواری پێکهاتەی ئایدیۆلۆژی، زانستی و ڕێکخستنەوە دەکرێت ڕۆڵی پێشەنگایەتی ببینن. ئەوە پارتیبوونی ژنە کە دەتوانێ ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەم سەردەمە هەبێ و ئەو توانستەش بێنێتە مەیدان کە ئاراستەکەی دەستنیشان بکات.

بۆچی پێویستیمان بە پارتیبوونی ژنان هەیە؟ کاتێ پێمان نایە سەدەی ٢١ەوە بینیمان زۆرێک لەو بزووتنەوانەی لە ئاستی هەرێمییەوە دەستیان پێکرد، دواتر لە ئاستی نێونەتەوەییدا ڕوویان لە چارەسەری کرد. ئەو ئەزموونانەی کە تۆڕە نێونەتەوەیی، کۆنفیدراسیۆنەکان، دیدار- فۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و ئەزموونی هاوشێوەکان لایەنی بەهێز و لاوازیان هەیە. لە دۆخێکی وەهادا، ئەوەی ڕوونە بۆ بزووتنەوەکانی ژنان زەرورەتی هێنانەئارای ڕایەڵەیەکی پەیوەندییە داکۆکی لە ئایدیۆلۆژیا یان ناسنامە، هەم هەرێمی و هەم گەردوونییەکان بکات. بۆ سازکردنی ئەو ڕایەڵەی پەیوەندییە، پێویست بە پرەنسیپگەلێکی ڕێنشاندەر و بەرنامەیەکی هاوبەشە کە ڕۆڵێکی کۆکەرەوەی “یەکانگیریی-تەواوەتی ئاڵۆزی کۆمەڵگە” ببینێت. ئەڵبەتە باس لە دۆخێک ناکەین تاکە پارتێک وەک ئەکتەرێکی نێونەتەوەیی ڕۆڵی هەبێ بەڵکوو فەراهەمکرنی هاوبەشی و هاوکاری، لەنێو ئەو ئەزموونانەی کە پرۆسەی پارتیبوون لە ئاستی هەرێـمیدا پێگەیشتوون.

بۆ نموونە، دەشێ ئەزموونەکانی پارتی ئازادیی ژن هەر لە ئایدیۆلۆژی ڕزگاری ژن، ژنۆلۆژی وەک تێگەیشتنێک بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ڕایەڵەیەکی پەیوەندی لە هەرێمییەوە بۆ گەردوونی بێت. پارتی گابرێلای ژنان وەک ڕێبازێکی تری چارەسەرکردنی پرسە کۆمەڵایەتییەکان، وەک ئەڵقەیەکی تری ئەو ڕایەڵەیە ببینرێت. بەو مەعریفەیەی لە ئەزموونە هەرێـمییەکانەوە بە هێزی هزر بەرهەم دەهێنرێن و بە بەرنامەیەکی ڕزگاری ژن، بەبەشداری هاوبەشی ئاستی هەرێمیی و هەم گەردوونیدا، دەکرێ ڕێنیشاندەر بێ لە دەستنیشانکردنی چارەنوسی سەدەی ٢١دا. نەخاسمە پارتێکی ژن، بە پرەنسیپ و پرۆگرامی هاوبەش ئیرادەبوونی ژن فەراهەم بکات، لە هەمان کاتدا دەبێ ئۆرگانی بەرپاکەری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، هزری و کولتووری. لەبەرئەوەی ئیرادەبونی ژن، بە هەڵوێستێکی واوەتر لە مەسەلەیەکی زایەندی، گوزارەیە لە ئیرادەیەک کە دەتوانێ خۆی و کۆمەڵگەش بگۆڕێت.

پارتی ژن، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بزووتنەوەییەکی خۆڕسکانە کە چینی کارێکاریش هەمان شتیان بە خۆیان دەگووت. لەگەڵ یەکەم هەنگاودا ئەوەی پێویستە بکرێت شیکردنەوە لەسەر کێشەی ئازادیی ژنە، داڕشتنی بەرنامەی ڕزگاری ژن لەسەر بنەمای ئەو شیکردنەوەیە و ئامادەسازی کادرگەلێكی ئایدیۆلۆژی “تۆو بوەشێنێ و نەمام بچێنێ”. گرنگە کە شیکردنەوەیەکی زانستی و ئایدیۆلۆژی بۆ کێشەی ئازادیی ژن بکرێ و لەو تەوەرەیەشدا هێنانەئارای بەرنامەی ڕزگاری ژن. شتێکی سروشتییە لەسەر بنەمای ڕاستی ژن بێت. ئەو ڕاستییە لە هەمان کاتدا هێزی بزوێنەرە لە پەرەدان بە هێزی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی دیموکراسی. لەبەرئەوەی پێشخستنی کولتووریی دیموکراسی یەکێکە لە ئەرکە پێشەکانی پارتەکانی ژنان. ئۆجالان، ئەو پارتانەی ژن بەرپرسیارێتی گەشەپێدانی کولتووریی دیموکراسی لە ئەستۆدەگرن وەک “ئاکادیمی ژنی ئازاد” پێناسە دەکات، کاتێ دەڵێ: “ڕێکخستنی پارتی ژن وەک ئاکادیمی ژنی ئازاد دەبینم.

بەگرانبەهاترین هەوڵیان بەشداری لە تێکۆشانی دیموکراسیدا دەکەن و بە هەوڵێکی گەورە سەرکەوتنیان فەراهەم دەکەن.” ( ئۆجالان-٢٠١٥) ئیشارەت بەوە دەکات کە پارتی ژن واتایەکی واوەتری لە پارتی سیاسی کلاسیک هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە، ئەو تێکۆشانە زهنیەیی ژن بە ڕێکخستنی خۆسەر و تایبەت، هێزی ئایدیۆلۆژی،  خۆپاراستنی ژن لە سەر بنەمای زانستی بەڕێوەی دەبات لە هەمان کاتدا سیستەمی خۆپاراستنە. خەسڵەتێکی تری سەرەکی پارتی ژن، لەسەر بنەمای کادربوونی ئایدیۆلۆژییانەی ژنە. پارتی ژن خۆی لە پەیوەندییەکانی سیستەم و دەسەڵاتدارێتی پیاوسالاری دابڕیوە، ئەو ژنانە ڕێکخستن دەکات کە تێکۆشانی جێندەری بەڕێوەدەبەن و لە دژی هەموو جۆرە دەسەڵاتدارییەک بەرخودان دەکەن. ژنانی کادری پێشەنگ، مولولەکانی ئەو شادەمارەیە کە چۆنێتی ژیان لە هەموو بوارەکاندا بە ئەقڵ و هۆشی ژن، کەسێتی خاوەن هەڵوێست و هزری ئازادیی ژن، دەکاتە ڕۆژەڤ. ئەوە کادرە تیۆری کۆمەڵایەتی و بەرنامە بۆ هێزی کرداری دەگۆڕێت. ئیرادەی بوونە هێزێکی کۆلێکتیڤ و بزوێنەر ئامانجی خۆگەیاندنە بە هەموو ژنان و دروستکردنی ڕایەڵەیەکە لە نێوان کادر و جەماوەردا. کادر کەسێکە هەڵگری بنەما ئایدیۆلۆژییەکانە و بەو ئاراستەیە جەماوەر ڕێکخستن دەکات. بەو پێیە پارتی ژنی پشتبەستوو بە کادر، دەکرێت درێژە بە مۆرکە شۆڕشگێڕیەکەی بدات تا کاتی گەیاندنی ئەو بەهایانەی کادر نوێنەرایەتی دەکات بە جەماوەر، واتە تا ئەو کاتانەی بەهاکانی کۆمەڵگەیی دەکات. هۆکاری ئەوەی پێویستمان بە گفتوگۆکردنە لەسەر پارتی ژن، نەک لەسەر بنەمای پێشبینیەکانمان، بەڵکوو لەسەر بنەمای ئەزموونی بەرچاو و ئەنجامەکانیانەوەیە. هەر بۆ ئەوەش دەکرێت پارتی ئازادیی ژن و پارتی گابرێلا وەک دوو نموونە بهێنینەوە.

پارتی ئازادیی ژنانی کورد لە ڕووی واتایی و بونیادییەوە پارتی ئازادیی ژنانی کورد یەکێکە لە پارتە پێشەنگەکانی سەدە، پارتێکە لە هەناوی بزووتنەوەی ئازادیی کورد لە دایک بووە و  دیالێکتیکێکی هەیە، کە هەڵگری دەلالەتەکانی شۆڕشە لەناو شۆڕشدا. بزووتنەوەی ئازادیی کورد بەشداری ژنی وەک پرەنسیپێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی دانا، ژن لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەکە بوون. تەوەری سەرەکی تێگەیشتنی بۆ سۆسیالیزم لە سەدەی ٢١دا و چوارچێوەی سەرەکی گفتوگۆکان لەسەر گۆڕانکاری پاردایمیی لەسەر ئازادیی ژن بوو. لەو سۆنگەیەوە، پەرەسەندنی قۆناغی پارتیبوونی ژن لەناو بزووتنەوەی ئازادیدا تەنیا ڕێکخستنکردنی ژنان نەبوو، بەڵکوو ڕۆڵێکی کاریگەری لەسەر سەرتاپای بونیاد و پێکهاتەی پارتەکە، ئایدیۆلۆژیا و ڕێکخستنەکەی بینی. وەک ڕێبازێکی جیاواز، لە دەرەوەی سیستەم پەرە بە ڕێکخستنە تایبەت و خۆسەرییەکانی ژن درا. لە لایەکی تر، لە ئامادەکاری ئەو قۆناغە پشت بەو ئەزموونانە بەسترا کە دەرفەتی پێگەیشتنی ژنانی لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە فەراهەم کرد و هەروەها لەو ئەزموونە هزرییەی لە ئەنجامی ئەو پراکتیکەوە بەرهەمی هێناوە. کاتێ لەو ڕوانگەیەوە لێی بڕوانین، پارتیبوونی ژن لەسەر ئەزموونی ژنان لە بواری خۆپاراستن، هەروەها بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژیدا بیناکرا.

بەشێکی زۆری ئەو ئەزموونە گەورانە، لە هەلومەرجی زەحمەتی شەڕدا، بەدەستخران. بە هەڵسەنگاندن، شیکردنەوە لەسەر کاریگەرییەکانی سیستەم بەسەر تاکەوە کرا، تیۆریگەلێک لەسەر ناکۆکی زایەندی، تێکۆشانی جێندەری، هۆشیاری جێندەری، خۆشەویستی جێندەری خۆ، لە ئەزموونی پراکتیکی تێکۆشانەوە بەرهەمهێنران. ژنان لە چوارچێوەی “دابڕانی یەکجاری” لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بۆ تێكشکاندنی کۆن و لێگەڕێنی بونیادنانی نوێ، پەرەی بە لێکۆڵینەوە، ڕێ و ڕێبازگەلێک دا. هەر لە سەرەتاوە ژنان بەشدارییان لە کاروبارەکانی ڕێکخستندا کرد. بەبەشداری ٢ هەزار ژن لە هەشتی ئاداری ١٩٨٧ کۆنفرانسێک بەسترا “کێشەی ژن کێشەی هەموو ستەملێکراوانە و ڕزگاری ژن، کێشەی ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگەیە. ئاستی ئازادیی ژن ئاستی ئازادیی کۆمەڵگە دیاری دەکات” دەستنیشان کرا. بەو ئاماژەیە دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی وڵاتپارێز، بووە یەکەم ڕێکخستنی خۆسەر لە بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کورددا. ئەو هەنگاوەی بە تیۆریی دابڕان دەستی پێکرد، بە دامەزراندنی کۆمیتەی ئازادی و یەکسانی درێژەی پێدرا و بە پشتبەستن بە هێزێکی گەورە بە هەرچوار لای کوردستاندا بڵاوبووەوە و خۆگەیاندنی بە پێکهاتەی جیاواز، وێستگەیەکی تری مێژوویی گرنگە. هەنووکە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بە ڕێکخستنی جیاوازەوە ڕۆچۆتە هەموو خانەکانی کۆمەڵگەوە، بە “تیۆریی هاوژیانی ئازاد” و سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، لە هەموو ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتیدا خۆی گەیاندۆتە ئاستی سیستەمی کۆنفیدراڵی.

تەواوی ئەوانەش بۆ بەرپاکردنی ئامانجەکەیەتی کە شۆڕشی ژنە، بەڕێی زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە ژنۆلۆژییە. بناغە ئایدیۆلۆژی، زانست و ڕێکخستنەکانی ئازادیی ژن بە تێکۆشانێکی بزوێنەر و بێوچان لە ماوەی چڵ ساڵدا، بەو وێستگە مێژووییانە دامەزراوە. لە ئەمرۆشدا بە “کۆنفیدرالیزمی ژن” ئەو بانگەشەیەی لە ئاستی جیهانییدا، دەخاتەڕوو. نەک لەناو سیستەمدا بەڵکوو دەرچوونە دەرەوەی سیستەم و ئەنجامدانی تێکۆشانی جێندەری بە بونیادنانی سیستەمی ئەلتەرناتیڤی ژن، لە خەسڵەتە بەرجەستەکانی بزووتنەوەی  ئازادیی ژنی کوردستانە. هەروەک چۆن لە گفتوگۆکانی سەر فێمینیزم و بزووتنەوەکانی ژن لە سەدەی ٢١دا خرایەڕوو، تەگەرەی جدی هەیە بۆ چوونە دەرەوەی سیستەم و پێکهێنانی ئەلتەرناتیڤ. سیاسەتە زراڤ و بریقەدارەکانی نیۆلیبرالیزم بەداخەوە سەرکەوتوو بووە لە لیبڕالیزەکردنی زۆرێک لە تێکۆشانەکان و بزووتنەوە ڕادیکالەکان. بەڵام بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کورد، پارتیبوونی ژنی وەک ڕێوشوێنێک لە بەرانبەر دۆخەکە، گرتنەبەر.

ئەو پراکتیک و ئەزموونانەی دەیسەلمێنێ کە ئازادیی ژن بەبێ قوربانیدانی گەورە مەحاڵە، بە پارتیبوونی ژن ئەنجامیداوە. ئەو وێنەیەی لە دوای قڕکردنی شەنگال هاتەئاراوە، پراکتیک و کارەکتەرێکی بەرجەستەبووی ئەو ڕاستییەیە. ئازادکردنی قارەمانانەی شارێک کە ژنانی تێدا دەفرۆشرا لەسەر دەستی ژن، گوزارشت لەو ڕاستییە دەکات. لەناو سیستەمدا، لەوانەیە گەڕانی ئەو ژنانە بە دوای دادوەری، بریتی بێ لە کردنەوەی جێی هێوربونەوە و بەخۆداهاتنەوە- ناوەندی ڕەهابلیتاسیۆن و بەسەرکردنەوەی ڕێبازی حقوقی بۆ بەدەستهێنانی قەرەبووی ماددی. چ جا هەندێکیش هەبوون کە هەوڵی بوونە قارەمانیان دەدات لەسەر ئەو کارانە. هەر بۆ ئەوەش، چارەسەری لە دەرەوەی سیستەم مەگەر بەحساب پرسینەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنێک بێت کە جارێکی تر ڕووبەڕووی دۆخی هاوشێوە نەبنەوە. مەگەر بە بەرخودانی ئەو ژنانە دەبێ ئامادەی قوربانیدان بن.

واتا، ئەو کاریگەرییەی ڕێکخستنی ژن لە دەرەوەی سیستەم بە بانگەشەی ناسنامەی ژنی ئازاد خوڵقاندوویەتی لەسەر کۆمەلگەی کورد و ژن، گرنگ بوو بۆ جەماوەریبوونی بزووتنەوەکە. توانست و بەهرەی ژن لە دەستنیشانکردنی چارەنوسی خۆی و خۆبەڕێوەبردندا و گەشەکردنی ڕێکخستنە خۆسەرییەکانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگەدا، هەریەکەیان بووە خوێندنگەیەک. هەروەها ئەو ڕێکخستنانە، بۆ ئەو ژنانەی پێیانوابوو جگە لە پیاو و خێزان هیچ جێیەک و کەسێكی دیکە نییە ڕووی تێبکەن، بەدەستهێنانی هێزی خۆپاراستن و بوونە خود لە هەموو بوارەکاندا.  کەسایەتی و پێشەنگایەتی کادر کاریگەری لەسەر ڕادیکاڵبوونی تێکۆشانی ئازادیی ژن هەبوو. واتا متمانەی بەرزی کۆمەڵگە بە کادر هەم دەرفەتی باش و هەم خراپی خوڵقاند. ئاستی گواستنەوەی بەها کەڵەکەبووەکانی پارت بۆ کۆمەڵگە لە لایەن کادرەوە، بووە بناغەی ئەو متمانەیە بە کادر و پارت. کاتێ کادر شکست دێنێ لە وەڵامدانەوەی ئەو ئاستی گەیاندنە، ئەوە لێپێچینەوە و بێکاریگەربوونی، دەکرێت کاریگەری لەسەر ئاستی متمانە و ڕێکخستنی پارت لەناو کۆمەڵگەدا بکات.

پێویستی بەهێزکردنی پێشەنگی ئایدیۆلۆژی و ئەو بەهایانەی لە بونیادی پارتی ژندا دەخوڵقێنرێت، کاتێ بگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگە، بەهێز دەبێ و کۆمەڵگەیی دەبێت. سیستەمی کۆنفیدراڵ لەپێناوی ئەو پێویستییەدا، هاتەئاراوە. کۆنفیدرالیزمی ژنی کوردستان چەتری ڕێکخراوبوونی کۆمەڵایەتی ژنانە کە بە هەمان بەرنامە و پرەنسیپی هاوبەش خۆیان ڕێکخستن دەکەن. لەو مۆدێلە ڕێکخستنەدا، سیستەم بەشێوەی یەکەی کۆنفیدراڵ و هەرچی پارتی ژنیشە وەک پارتێکی ئایدیۆلۆژی پێناسە دەکات. بوارەکانی پاراستنی ژنان، ئایدیۆلۆژی ڕزگاری ژن و پارتیبوونی ژن، هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی، کۆنفیدراڵبوون و بابەتەکانی سەروبەندی شۆڕشی ژن، بە ئاستی ئەو کادرانە بووە ڕۆژەڤ کە ژیانیان لەپێناوی لێگەڕینی ژیانی ئازاددا تەرخان کرد. خەسڵەت و کارەکتەری سەرەکی قۆناغەکە، پەرەدانە بە ئایدیۆلۆژیایەک لە چوارچێوەی بەرهەڵستکاری ئایدیۆلۆژی دەسەڵاتدارێتی پیاو و تێپەڕاندنی دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارێتی پیاو بە سیستەمێک لەسەر بنەمای ڕزگاری ژن. تێگەیشتنی سیستەمی ئەلتەرناتیڤ لەسەر بنەمای ڕاستی ژن لە دایک بوو کە دوورە لە دوالیزمی سەبژێکت-ئۆبژێکت لە پەیوەندی ژن و پیاو، لەوێدا ژن خۆی گەیاندۆتە هێزی بڕیار. ئەو شۆڕشەی لە چوارچێوەی مافی دیاریکردنی خۆ-چارەنووسی ژنە، خەسڵەتەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەدەستهێناوە و بەشێوەیەکی بەرچاو ئەو ڕاستییە لە شۆرشی ڕۆژاڤا دەبینرێت. واتە شۆڕشی ژن لە رۆژاڤا، دەستکەوتێکی بەرچاوی پرۆسەی پارتیبوونی ژنە.

وێڕای ڕێکخستنە خۆسەر و تایبەتییەکانی ژنان، لە بواری سیاسیدا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، بواری خۆپاراستن، میدیا، ئابووری، ئاکادیمیاکانی ژنان لە بواری پەروەردە، بواری کولتوور و دەکرێت نموونە لەسەر دامەزراوەی دیکەش بدرێ. ئەو ژنەی بە پرۆسەی پارتیبوون ئیرادەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی خۆی بونیادناوە، گۆڕانکاری و وەرچەرخانی لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا ئەنجامداوە و بەردەوامیشە لە داهێنان. بەو پێیە، پارتی ژن، پارتێکی زیندوو و بنکەیەکی ڕێکخستنی پەروەردەکراوی هەیە، کادرەکانی لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ کۆمەڵگە، لە هەمان کاتدا ئەرکی ئاکادیمیاکانی پەروەردە بەجێدێنێ. بونیادێکی دیموکراتییە لەسەر بناغەی بەرنامەیەک کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئایدیۆلۆژیی ڕزگاری ژن و ژنۆلۆژی شیدەکاتەوە، پێکەوە لەگەڵ تۆڕێكی هاوپەیمانی چ لە ئاستی هەرێمی و چ گەردوونیدا، ستراتیژییەکی شۆڕشگێڕی گەڵاڵە دەکات. ئۆرگانێکی ئایدیۆلۆژی و زانستییە لە خودی ژندا چارەسەری بۆ پرسەکانی کۆمەڵگە بەرهەمدێنێ. پارتی گابرێلای ژن پارتی گابرێلای ژن پارتێکی ژنانە کە لە فلیپین تێدەکۆشێت. تێکۆشانی ژن پاشخانی درێژی مێژوویی هەیە لای فلیپینییەکان. لە ساڵانی ١٧٦٠کاندا ژنێک بەناوی گابرێلا سلانگ Gabriela Silang لە دژی داگیرکاری ئیسپانییەکان شەڕی کردووە و پارتەکە هەڵگری ناوی ئەو ژنەیە. گابرێلا سلانگ لە هەمان کاتدا یەکەمین ژنە ناونیشانی جەنەراڵی پێدرابێت. هەرچی تێکۆشانی ئازادیی ژنە لە فیلیپین بە ڕێکخستنی فێمینیستی ژن دەستی پێکرد کە لە ساڵی ١٩٠٥دا دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند. ئەو ڕێکخستنە یەکەمەی ژن لە فیلیپین لەلایەن ژنانی چینی ناوەڕاست و سەروو دامەزرا و چالاکییەکانیشیان  بەزۆری بۆ مافی کۆمەڵایەتی بوو. لەو ساڵانە و ساڵانی دواتر بە دەستپێکردنی بەرخودانە دژە ئیمپریالیستییەکان ژنانی گوند ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی. لە ئەنجامی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی سەربازی لەو وڵاتە و قەدەغەکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، بزووتنەوەی ئازادیی ژنی نوێ ماکیباکا (Makibaka) دیدێکی کۆمۆنیستیی هەبوو، بووە ڕێکخراوێکی نهێنی.

یەکێک بوو لەو ڕێکخراوانەی بەشداری لە بەرەی نیشتمانیی دیموکراتی (NDFP) کرد لەسەردەستی سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی فلیپینییەکان- سوپای گەلی نوێ دامەزرا و لە دژی دیکتاتۆریەتی مارکۆس دەستیان بە ڕێکخستنی بەرخودان کرد. لە ساڵی ١٩٨٤ کاتێ بەرخودانی دژ بە دیکتاتۆر مارکۆس لە هەڵکشاندا بوو، لە هەرچوارلای وڵاتەوە ژنان ڕوویان لە مانێلای پایتەخت کرد و ڕێپێوانێکیان بە ئامادەبوونی ١٠ هەزار کەس ئەنجام دا. یەکسەر دوای ئەو ڕێپێوانە گەورەیە، ٢٠٠ ڕێکخراوی ژن کۆبوونەوە و کۆمیسیۆنی نەتەوەیی ژنانیان دامەزراند. ناوی ئەو هاوپەیمانییەیان کردە گابرێلا وەک ڕێزێک بۆ یاد و تێکۆشانی ڕێبەری ڕاپەڕینی دژ بە داگیرکاری و یەکەمین جەنەراڵی ژن گابرێلا سلانگ.

گابرێلا لە مۆدێلی کۆنگرەدا خۆی ڕێکخستووە، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٠دا بە هەمان ناوەوە پارتێکی دامەزراند و بڕیاری بەشداری دا لە هەڵبژاردندا. پارتی گابرێلای ژن وەک بەشێکی زیندووی گابرێلا بۆ بەدەستهێنانی بواری زیاتر بۆ ژنان، بەرزکردنەوەی داواکانیان و  بوونە دەنگ لە پەرلەمانێکدا کە زۆرینەیەکی پیاو تێدا زاڵ بوون. گابرێلا گەورەترین هێزی خۆی، لە بزووتنەوەیەکەوە وەردەگرێت کە پشتبەستووە بە بنکەیەکی جەماوەری بەهێز. گابرێلا هەنووکە گەورەترین هاوپەیمانی ژنە لە وڵاتدا و لە زۆر ڕێکخستنی هەرێمی پێکهاتووە و سەدان هەزار فیلیپینی لە پشتە. پارتی گابرێلای ژن، پارتێکە لە هەمان کاتدا بە پشتبەستن بە ٢٠٠ ڕێکخراوی ژن و دەیان هەزار ئەندامییەوە بەدوای چارەسەرکردنی پرسەکانی ژنەوەیە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بە پەرلەمانیشەوە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی و دادوەری کۆمەڵایەتی لە فلیپین. لە کاتێکدا ئامانجی بەرنامەکەی چارەسەری ئەو کێشەکانەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا، خاوەن هێڵێکی ئایدیۆلۆژیشە، لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی زانستی. وەک دەزانرێت گابرێلا نەک تەنیا بۆ ژنان، بەڵکوو بۆ پیاوانیش پەرەی بە سیاسەتی خۆی داوە، بە گرووپێک بەناوی “پیاوانی مۆر” میکانیزمێکی بونیادناوە کە پیاوان هەم پشتوانی بکەن و هەم تێبکۆشن.

گابریلا لە گەڕان بەدوای چارەسەرییەکی دوور لە پەیوەندی کلاسیکی نێوان ژن و پیاو، ڕۆڵیان لە گۆڕانکاری ژیانی کۆمەڵایەتیدا، پەرەدان بە هاوکاری فیزیکی و مەعنەوی لە نێوان ژناندا یەکێکە لەو پارتانەی بە پشتبەستن بە هێزی ژنانی تێکۆشەر خۆدەگەیەنێتە بنکەی جەماوەری. بانگەشەی تێزگەلێک- Las Tesis لە پارتیبوونی ژندا ئەزموونە ئایدیۆلۆژی، زانستی و ڕێکخستنییەکانی پارتی ئازادیی ژنانی کورد و پارتی گابرێلای ژن لە سەردەمێکدا پێناسەی تێگە، تیۆری و دامەزراوەکان تەمومژاوی دەکرێن، بەرزبوونەوەی ئاستی چالاکی و بوونە ئیرادەی ئەو بزووتنەوانە کۆمەکێکی گەورە دەخاتە بەردەست. گواستنەوەی ئەو ئیرادە، هۆشیاری، ڕێباز و هێزی تێکۆشانەی لە ئەنجامی ئەو ئەزموونانەوە هاتۆتەئاراوە و ئامادەکردنی بەرنامەی ڕزگاری ژن و کۆنفیدرالیزم، لە چوارچێوەی پرەنسیپی هاوبەشدا، گرنگی چارەنووسسازی هەیە. ئەوەش دەیسەلمێنێ کە گەیشتن بە سیستەمێکی ئەلتەرناتیڤ مومکینە، بێ کەوتنە تەڵەی ئایدیۆلۆژی لیبڕالیزم کە داکۆکی لە بێسەروبەری و بێئایدیۆلۆژی دەکات. لەبەرئەوەی بە سەردەمێکی مێژووییدا دەگوزەرێین، داخوازی بزووتنەوە جەماوەرییەکان بۆ گۆڕانکاری دیموکراتی و گۆڕینی سەرۆک دەوڵەتەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەپەڕێتەوە و جاروبار راپەڕینەکان دادەمرکێتەوە و جارێکی تر دەستپێدەکاتەوە.

پێشەنگایەتی ژن لەو ڕاپەڕینانەی بەناوی جیاوازی وەک بەهاری عەرەبی، شۆڕشی گوڵ، شۆڕشی پرتەقاڵی لە ئاستێکی بەرچاودا بوو. ژنان وەک هێزێکی بزوێنەر کاریگەرییان لە تەواوی ئەو چالاکییانە کردووە کە بەشدارییان تێدا کردووە. هەر بۆ ئەوەش بڕیاری دامەزراندنی پارتێکی ژنی فێمینیست لە شیلی کە یەکێکە لەو وڵاتانەی ژنان پێشەنگی چالاکییەکانیان کرد، تا بڵێی بڕیارێکی گرنگ و جۆشهێنەرە. نموونەیەکی هاندەرە بۆ تێگەیشتن لەوەی بابەتێکی ڕۆژانەییشە. دوای بەرزکردنەوەی نرخی هاوتوچۆ لە شیلی لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە ماوەیەکی کورت خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەرییانە ئەنجامدران، ژنانی شیلی بە ئەنجامدان و بڵاوبونەوەی سەمای لاس تەسیس – Las Tesis لە ئاستی  هەرێمییەوە بۆ گەردوونی نموونەیەکی تری نوێیان خستەڕوو و بڕیاری دامەزراندنی پارتی ژنیان دا. لە شیلی بەگشتی بزووتنەوەکانی ژن بەهێزن، هەروەها ڕێکخراوەکانی ژنان لەناو سەندیکا و بزووتنەوە ئیکۆلۆژییەکانیشدا هەن، بەگشتی ڕێکخراوێکی چەترئاسا هەیە ژنان کۆدەکاتەوە. بەو پێیە بزووتنەوەی ژن ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو جۆرە ڕێکخراوەییە بەپێی پێویست ڕادیکاڵ نییە، هەر بۆ ئەوەش بڕیاری دامەزراندنی پارتی ژنیان دا.

وێرای ئەوەی پێناسەی “ڕادیکاڵ” لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا هیوابەخش و مایەی جۆشوخرۆشە، دەبێ ئەو هێڵە ئایدیۆلۆژی، زانستی و ڕێکخستنەی پارتەکە پشتی پێدەبەستێ ڕاست دەستنیشان بکرێ و گەیشتنی بە ئاستی بەرنامەیەک کە بە پێشەنگی ژن کێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەر بکات، گرنگییەکی ژیانی هەیە. ئەو پارتانەی ئاماژەمان پێکرد و ئەزموونەکانی ئازادیی ژن بەو شۆڕشە ویژدانی و زهنییەی ئەنجامیان داوە، نەک تەنیا بۆ بەرهەڵستکاری سیستەم بەڵکوو ڕۆڵێکی دیاریکەر دەگێڕن لە کارکردن بۆ بونیادنانی سیستەمێکی ئەلتەرناتیڤ. بۆ ئەوەش دەبێ گفتوگۆیەکی چڕ و بەهێز بکرێت لەسەر لایەنە باش و کەموکوڕییەکانی ئەو پارتانەی هەوڵی باسکردنیماندا.

لەبەرئەوەی ئەرک و ڕۆڵی پارتی ژن،  بەرنامە بۆ ڕزگاریی ژن و چۆنێتی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەکانی تری ژنان لە جیهاندا، بەڕێی گفتوگۆ یەکلایی دەبێتەوە. لەبری ئەنجام وەک ئەنجام، پارت ئۆرگانی ڕێنیشاندەری ئەو بەشەی کۆمەڵگەیە کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ئەخلاقییەوە لە چوارچێوەی ناسنامەیەکدا نوێنەرایەتی دەکات و ئاڕاستە ئایدیۆلۆژییەکەی، ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤە. پێکهاتەیەکە کە کادرەکانی “تۆو دەوەشێن، نەمام دەچێنن”. ئەو مۆدێلە بەراییە وەک ئیرادەیەکی پێشەنگ بەها بەرهەمهێنراوەکان بۆ کۆمەڵگە دەگوزێتەوە. پێکهاتەی پارت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ ئەو کۆمەڵگانەی دەیانەوێ خۆیان بپارێزن و گەشە بکەن و ناشیانەوێ لە بۆتەی سیستەمی ئیمپریالیزمی جیهانیدا بتوێنەوە. دەکرێت بڵێین پارت ڕێکخراوترین ئیرادەی دەستوەردەرە کە بە شێوەیەکی کۆلێکتیڤ پەرەیپێدراوە بۆ چارەسەرکردنی هەر پرسێکی کۆمەڵگە، بەو پێیە سەرچاوەی ڕێکخەری شۆڕشی ژنە. شێوەیەکی بەرخودانی ئایدیۆلۆژییە. خاوەن خەسڵەتی یەکخستنی بابەت و مەسەلەکانی تێکۆشانی ژنانە. لەو سۆنگەیەوە، بەدەستهێنانی واتا و ناسنامە،  پەیوەستە بەهێزی نوێنەرایەتی هۆشیارییەکی هاوبەشی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. لە پرۆژەیەکی جیهانیی کۆلێکتیڤدا هەموو ژنان نەک تەنیا لە کاردا بەڵکوو بە شێوەیەکی ئۆرگانی کۆدەکاتەوە.

 سەرچاوەکان:

 تیۆدۆر ئەدۆرنۆ – ماکس هۆرکهایمەر Thedor W.Adorno, Max Horkheimer  –

گفتوگۆیەک لەسەر تیۆری و پراکتیک ١٩٥٦ چاپخانەی Metis– ئەستەمبول ٢٠١٣ فاروق ئاتای و جەرەن خەلیفە

 لەشازادەی مۆدێرنەوە بەرەو شازادەی پۆستمۆدێرنی تیۆری پارتی سیاسی گرامشی ” گۆڤاری Akdeniz İktisadi ve Dergisi  İdari Bilimler Fakültesi ژمارە ١٥ – ١٩٩٨ ل. ٢٦-٤٩

 Cinzia Arruzza، Bhattacharya Tithi، ،Nancy Faraser ،  %٩٩ بۆ فێمینیزم : مانیفیستۆیەک – چاپخانەی سەل – ئەستەمبول ٢٠١٩ Abraham Ascher

مەنشەفیەکان لە شۆرشی ڕوسیادا. چاپخانەی Metis– ئەستەمبول ١٩٩٢ کەمال باقر.

” تراژیدی ئازادیی ژن لە ئەنارشیزمی ئێما گۆڵدمان دا  لە گۆڤاری Artvin C‌oruh U‌niversitesi Uluslararası Sosyal Bilimler ژمارە ڵ ٢ زستانی ٢٠١٥ ل ٤٩- ٧٨

Yves Bonnefoy   فەرهەنگی میتۆلۆژی ئایینەکان – ٢ ، چاپخانەی Alfa ئەستەمبول ٢٠١٨

ئایکۆڵ ئەندەر، لەسەر پارتە سیاسیەکان”، ٢٠١٦

Andrew Heywood ، سیاسەت ، چاپخانەی Adres ، ئەنقەرە ٢٠١٧.

کارل مارکس و فرەدریک ئەنگلس ( ١٨٦٩ ) ڕەخنە لەسەر پرۆگرامەکانی ئەرفورت و گۆتە چاپخانەی Yordam– ئەستەمبول.

گیزەم تورکئاسالان، بزووتنەوەی ژن و پارتە سیاسیەکان، نموونەکانی تورکیا و تونس.

عەبدوڵا ئۆجالان، بەرگریکردن لە گەلێک – چاپخانەی Çetin– ٢٠٠٤

عەبدوڵا ئۆجالان ، رزگاری دیموکراتیک و بونیادنانی ژیانی ئازاد.

 نۆتەکانی ئیمرالی – چاپخانەی میزۆپۆتامیا –Neuss  ٢٠١٥

 عەبدوڵا ئۆجالان، لە دەوڵەتی راهیبی سۆمەرەوە بەرەو کۆماری گەل. بەرگریکردن لە مرۆڤی ئازاد -١  چاپخانەی مەم ٢٠٠٠

 عەبدوڵا ئۆجالان، مانیفستۆی شارستانی دیموکراتی – ٣ : سۆسیۆلۆژیای ئازادی چاپخانەی Aram  ئامەد ٢٠٠٩

ئوزگویر ئوندەر و فاتیح کرشیک ٢٠١٥ ؛ بڕیاردارن لە زانستی سیاسی و کاری گشتی دا ” ئەنقەرە – چاپخانەی .Detay

ئاینور ئۆزئغورلو، بەرەو فێمینیزمی سەدەی ٢١، گفتوگۆکان لەسەر بزووتنەوەیەکی ژن واوەتری نیولیبرالیزم چاپخانەی NoteBene ئەستەمبول ٢٠١٦

سەرکان ئوستون، ” لینین و پارت” سیمینار لە فاکڵتی زانستە سیاسیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی زانکۆی ئەنکەرە – ٢٠١٥.

 سلاڤۆ ژیژەک نەخشەسازی ئایدیۆلۆژی ، چاپخانەی Dipnot ، ئەنقەرە ٢٠١٣.

سانچار سەفەر سوەر : Catch All: Siyasi Partiler گۆڤاری TBB– ٢٠١١ .

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...