حكومه‌تی باج‌و گرانی
مه‌سعود عه‌بدولخالق
حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو جۆره پێوانه‌یه‌كی به‌زاندوه له‌باج‌و سه‌رانه‌و ڕاوو ڕوتی‌و تاڵان، هیچ حكومه‌تێك نه له‌مێژوو و نه له‌داهاتودا ئه‌وه‌نده ناشیرین‌و بێكه‌فائه‌ت نه‌بینراوه، كه‌مترین‌و موحته‌ره‌مترین وه‌سف بیكه‌ین ده‌توانین بڵێین له‌ژێر ئینتدابی چه‌ندین ده‌وڵه‌ته، ئینجا هه‌ر به‌سه‌ر پێناكه‌وێ، عێراق به12 ساڵ له‌بێ ده‌وڵه‌تی له‌ژێر ئینتدابی به‌ریتانی بوو به‌ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش به‌و شێوه‌یه، نه‌وه‌ك ده‌سه‌ڵات‌و نوسه‌ره‌كانیان بڵێن ئاخر كورد هه‌ردواكه‌وتوو بوه.. نه‌خێر سه‌دجار نه‌خێر، ئه‌وكاته‌ی عێراق‌و سوریا‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی كه‌وتنه ژێر ئینتداب، كوردستان له‌ماده‌كانی (62-64)ی سیڤه‌ر بێ ئینتداب بڕیاڕی بۆ ده‌رچوو، واته له‌پێش ئه‌و میله‌تانه بوو له‌ڕوی كه‌فائه‌ته‌وه.
ئه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه وای له‌و میله‌ته كردوه بێكه‌فائه‌ت دواكه‌وته‌و ته‌مبه‌ڵ …بێت، له‌و هه‌موو داهاته‌ی هه‌یه‌تی ئینجا ئه‌و هه‌مو باجه‌ی خستۆته‌سه‌ر هاوڵاتی، گرانیه‌كی بێ‌مانا، هه‌مو باجه‌كانی ئه‌وروپای سه‌رده‌می تاریكی گه‌یشته 17جۆر باج‌و شۆڕشی ڕێنیسانسی به‌سه‌رداكرا، له‌كۆتایی عوسمانیش ژماره‌ی باج گه‌یشته چوارجۆر له‌كشتوكاڵ‌و چوارجۆر له‌بازرگانی‌و ئاژه‌ڵیش، تێكڕای قه‌یرانه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی گه‌یشتبوه 24 قه‌یران‌و ناوی نرا (ده‌وڵه‌ته نه‌خۆشه‌كه)و پێی ڕوخا، قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی زیاتر له58 قه‌یرانه… ده‌بێت چ ناوێك هه‌ڵگرێ، ئێستا هه‌رێمی كوردستان نه‌وت‌و غاز ده‌فرۆشێ‌و له‌عێراق یارمه‌تی ده‌درێت‌و له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو به‌جۆرێكیش له‌توركیاو ئێرانیش وه‌رده‌گرێ، نه پڕۆژه‌ی هه‌یه‌و نه موچه‌شی به‌ته‌واوی پێده‌درێ‌و قه‌رزاریشه، ئینجا باج‌و سه‌رانه‌ی گه‌یشتۆته زیاتر له200 جۆر، زۆربه‌ی جۆره‌كانیشی له‌و جۆره باجه‌ی له‌به‌ر خراپی كاتی خۆی ناونرابوو (مه‌كوس)، له‌مێژودا خراپترین جۆری باج بوه كه یه‌ك له‌ده‌ی وه‌رگرتوه ساڵانه، مه‌كوس له‌عبری‌و لاتینی‌و ئارامی.. ناوی جودا جودای هه‌بوه، باج له‌ئێستادا له‌ئه‌وروپاش هه‌یه، به‌ڵام خزمه‌تی هاوڵاتی پێده‌كرێت، لێره ڕێك ئه‌وه‌یه له‌چینی هه‌ژار وه‌رده‌گیرێ بۆ چینی بورجوازو ده‌سه‌ڵات‌و خانه‌واده‌كه‌یان، ته‌نها لێره ئه‌و پێناسه‌ی ماركس ڕاست ده‌رچوو كه وتویه‌تی (وه‌زیفه‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه كه چینی خواروو ملكه‌چ بكا بۆ چینی سه‌روو) كاتی خۆی من ئینكاری ئه‌وه‌م كرد كه ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌تی ئاوا نه‌بوه‌و نه ده‌بێت (له‌گۆڤاری كوردایه‌تی ژ :1 ) بڵاویشمكرده‌وه، به‌ڵام هه‌ڵه ده‌رچوم ئه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌مێژوو كه كاری ئه‌وه‌یه باج‌و سه‌رانه‌و حوكمی چینی فاسیدو زاڵمی سه‌روو به‌سه‌ر چینی هه‌ژار بسه‌پێنی، ده‌بێت له‌دوای نه‌مانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌ده‌یان توێژینه‌وه‌ی سه‌یری سه‌یری له‌سه‌ر بكرێت كه چ جۆره حوكمێكی عه‌جایب له‌پێوانه‌یی بوه، وه‌ڵامه‌كه‌ی ماری ئه‌نتوانیت (با خه‌ڵكی برسی كێك‌و شیر بخۆن) له‌چاو چاره‌و ئه‌قوال‌و بڕیاڕو هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و ده‌سه‌ڵات‌و سه‌ركردانه هه‌ر باوی نامێنێ.