ئێدگار مۆران و پارادایمی بیرکردنەوەی ئاڵۆز
(لە زانینی بەشەکییەوە بۆ تێگەیشتنێکی فرەڕەهەند لە ئاڵۆزیی جیهان
جواد خەلیل
چۆن دەتوانین لە ڕاستییەکی ئاڵۆز تێبگەین؟ ئایا ڕێگەی گەیشتن بە زانین، جیاکردنەوەی دیاردەکان و شیکردنەوەی بەشەکانیانە، یان پێویستە پەیوەندیی نێوان ئەو بەشانەش لەبەرچاو بگرین و پێکەوە لێیان ورد ببینەوە، بۆ ئەوەی بگەینە تێگەیشتنێکی درووست بۆ ئاڵۆزیی جیهان و دیاردەکانی نێوی؟ ئەم پرسیارانە لە سەرەکیترین ئەو پرسیارانە بوون کە بوون بە بنەمای کاری یەکێک لە دیارترین فەیلەسووفانی سەدەی بیست و سەدەی بیستویەک: ئێدگار مۆران. ئەم پرسیارانە، بە دووی خۆیاندا دەرگایان بەڕووی چەندین پرسیاری دیکەی گرنگدا کردەوە دەربارەی زانین و تێگەیشتن لە جیهان و پرسی پەروەردە و کێشە گەورەکانی دیکەی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیی، کە ئێدگار مۆران تاوەکو ساتی مردنی لە ساڵی ٢٠٢٦ توانی لەڕێی دەیان کتێب و شێوازی دیکەی جیاوازەوە کاری ڕژدیان لەسەر بکات و هەوڵ بدات لێکدانەوە و ڕاڤەی نوێ لەبارەیانەوە بخاتە ڕوو.
ئێدگار مۆران (١٩٢١- ٢٠٢٦) فەیلەسووف و کۆمەڵناس و تیۆریسنی ئاڵۆزیی فەڕەنسیە، کە لە ماوەی چەندین دەیەی ژیانیدا، کتێبگەلی گرنگ و کاریگەری لە بوارێلی وەک فەلسەفە، کۆمەڵناسیی و پەروەردە و ئەبستمۆلۆژیا نووسیوە، لەوانە: «پێشەکیەک بۆ بیرکردنەوەی ئاڵۆز»، «میتۆد، کە شەش بەرگە و گرنگترین کاری فەلسەفیی ئەوە»، «حەوت زانیاریی پێویست بۆ پەروەردەی داهاتوو» «زانست لەگەڵ هۆشیاریی»، «پارادایمی ونبوو، سرووشتی مرۆڤ» «بیرکردنەوە بە شێوازیی جیهانیی»، «بیرکردنەوە لە ئەورووپا» و چەندین کتێبی گرنگی تر.
لە بەشی هەرە زۆری نووسینەکانیدا، مۆران بە ڕەخنەگرتن لە شێوازی باوی بیرکردنەوەی زانستیی، کە پشت بە جیاکردنەوە، کەمکردنەوە و سادەکردنەوەی دیاردەکان دەبەستێت، هەوڵ دەدات بنەمایەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە جیهان دابنێت؛ بنەمایەک کە خۆی ناوی «بیرکردنەوەی ئاڵۆز»١ـی لێ دەنێت. هێڵی سەرەکیی ئیشکردنی مۆران ئەوەیە کە جیهان بە شێوەیەکی ئاڵۆز پێک هاتووە و ناتوانین لە هیچ دیاردەیەک بە تەنها و لە دەرەوەی پەیوەندییەکانی بە دیاردە و بەشەکانی دیکەوە تێبگەین. بۆیە، پێویستە لە شێوازی بیرکردنەوەی پارچەپارچەوە بگوازینەوە بۆ بیرکردنەوەیەک کە فرەڕەهەند بێت و توانای بینینی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی هەبێت. مۆران زۆر بە سانایی دوو شێوازی بیرکردنەوە لە یەکتر جیا دەکاتەوە، پارادایمی بیرکردنەوەی سادە و پارادایمی بیرکردنەوەی ئاڵۆز. یەکەمیان دیاردە ئاڵۆزەکان بەسەر بەشە جیاوازەکاندا دابەش دەکات و پەیوەندیی نێوان بەش و گشت پشتگوێ دەخات و هەوڵی تێگەیشتنیان بە شێوەیەکی سادە دەدات، بەڵام دووهەمیان پەیوەندیی نێوان بەش و گشت دەبینێت و جیاوازیی و پەیوەندییەکانی دیاردەکان لەبەرچاو دەگرێت و ئاڵۆزی و فرەڕەهەندیی جیهان پەسەند دەکات.
ڕاستییەکەی بۆ تێگەیشتن لە پڕۆژە فەلسەفییەکەی مۆران، پێویستە سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ ئەو شێوازە بیرکردنەوە زانستییەی لەگەڵ هاتنی مۆدێرنەدا بوو بە بیرکردنەوەی باڵادەست. زانستی کلاسیک بە پشتبەستن بە بنەماکانی دابەشکردن و جیاکردنەوە، شیکردنەوە و گەڕان لە دوی دیاردەکان، توانیویەتی دەستکەوتی زۆر گەورە بەدەست بهێنێت. ئەم شێوازە بە تایبەتی لە زانستە سرووشتییەکاندا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە؛ چونکە شیکردنەوەی دیاردەکان و کورتکردنەوەیان بۆ بەشە بچووکەکانیان یارمەتیی زاناکانی داوە لە ناسینی پێکهاتە و میکانیزمەکانیان و تێگەیشتن لە جۆرە جیاوازەکان. لە دیدی مۆرانەوە، کێشەکە لەو جێیەوە دەست پێ دەکات کە ئەم شێوازی ڕاڤەکردن و شیکارییە ببێتە تاکە بنەمای ڕەهای تێگەیشتن لە هەموو دیاردەکان و ڕاڤەکردنیان، چونکە هەموو دیاردەیەک بە لێکدانەوەی بەشەکییانە و بیرکردنەوەی سادە لێی تێناگەین. هەندێک تایبەتمەندیی لە ئاستی گشتدا درووست دەبن کە لە هیچ بەشێکدا بە تەنیا بوونیان نییە. بۆ نموونە، کۆمەڵگە جگە لە تاکەکانی نێوی، بریتیشە لە پەیوەندیی و بەهاکان و ڕێکخستنە کەلتووریی و دامەزراوەییەکان و هەموو ئەمانە پێکەوە بەشدارن لە شکڵگرتنی کۆمەڵگە و دیاردەی کۆمەڵایەتییدا. بە لای مۆرانەوە سادەکردنەوەی دیاردە ئاڵۆزەکان دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی بەشێکی گرنگ لە ڕاستی و شاردنەوە و نەبینینی ئەو پەیوەندییانەی پێکەوە دیاردەکە پێک دەهێنن.
چەمکی «بیرکردنەوەی ئاڵۆز» ناوەندی پڕۆژەی فەلسەفیی مۆرانە. وشەی ئاڵۆزی لێرەدا بە مانای سەختی یان ناڕوونیی نایەت، بیرکردنەوەی ئاڵۆز گوزارشتە بۆ پێکەوەبەستراوی دیاردەکان و فرەیی ئەو پەیوەندییانەی پێکەوە جیهان وەک کۆیەک پێک دەهێنن. مۆران بە یاریدەی ئەم چەمکە وا لە جیهان دەڕوانێت کەوا تۆڕێکە لە پەیوەندیی و کارلێک و گۆڕانکارییە بەردەوامەکان، نەک کۆمەڵێک شتی جیاواز و سەربەخۆ. هەربۆیە لە دیدی مۆرانەوە ناتوانین لە دیاردەیەک بە یی تێبگەین لە دەرەوەی ئەو سیستەمەی کە تێیدا درووست بووە. ئەوەشی یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتنێکی درووست، بیرکردنەوەی ئاڵۆزە، کە لە باریدایە لەنێوان بەش و گشت، تاک و کۆمەڵگە، سرووشت و کەلتوور، هۆکار و ئەنجام، زانین و نەزانین پەیوەندییەکی شیکاریی و پێکەوەیی دروست بکات(٢). ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە داوامان لێ دەکات جیاوازییەکان و هاوبەشییەکان پێکەوە ببینین. بەو مانایەی بیرکردنەوەی ئاڵۆز جۆرێک لە گۆڕینی ئەرکە لەپێشینەکانی ئەقڵە: لەبری ئەوەی بپرسین دیاردەیەک لە چەند بەش پێک هاتووە، دەبێت بپرسین ئەم بەشانە چۆن لەگەڵ یەکتر کارلێک دەکەن و چۆن لە پەیوەندیی نێوانیاندا تایبەتمەندییە نوێیەکان درووست دەکەن؟
مۆران بۆ ڕوونکردنەوەی شێوازی بیرکردنەوەی ئاڵۆز، سێ بنەمای گرنگ دادەنێت. کە ئەوانیش بنەمای دیالۆگییانە، دووبارەبوونەوەی ڕێکخراوەیی و هۆلۆگراماتییە.
١. بنەمای دیالۆگییانە/ ئەم بنەمایە ئاماژەیە بۆ ئەوەی دوو توخم یان هێزی دژبەیەک دەتوانن لە هەمان کاتدا لەناو یەک سیستەمدا هەم بوونیان هەبێت و هەمیش بەشداریی لە ڕێکخستن و بەردەوامیی ئەو سیستەمەدا بکەن. بۆ نموونە پەیوەندیی ئاڵۆزانە و دژبەیەک و پێکەوە گرێدراوی نێوان ژیان و مردن، ڕێکخستن و تێکچوون، مەنگبوون و گۆڕانکارییەکان، یانیش لە بواری کۆمەڵایەتیشدا، بابەتەکانی وەکو ئازادی و دیسپلین، تاک و کۆمەڵگە، جیاوازی و لێکچوونەکان هەمیشە بە شێوەیەکی دژبەیەک دەردەکەون، بەڵام لە ناواخندا پەیوەست و گرێدراو بە یەکدین. بنەمای دیالۆگی داوامان لێ دەکات کە دژبەیەکییەکان هەمیشە وەک دوو شتی ناتەبا و یەکترنەگرەوە سەیر نەکەین؛ چونکە لە هەندێک حاڵەتدا پێکەوەبوونیان بەشێکە لە سروشتی خودی دیاردەکە و لە دیالۆگدان لەکەڵ یەکتردا.
٢. بنەمای دووبارەبوونەوەی ڕێکخراوەیی یان بازنەی دووبارە بەرهەمهێنانەوە/ ئەم بنەمایە پەیوەندییەکی بازنەیی و دوولایەنە لەنێوان هۆکار و ئەنجامدا دەبینێت. لە بیرکردنەوەی یەک ئاڕاستە و هێڵکاریی ڕێکدا، زۆرجار هۆکارێک ئەنجامێک دروست دەکات؛ بەڵام لە بیرکردنەوەی ئاڵۆزدا، ئەنجامەکەش دەتوانێت بگەڕێتەوە و کاریگەری لەسەر هۆکارەکە دابنێت. بۆ نموونە، تاکەکان کۆمەڵگە دروست دەکەن، بەڵام کۆمەڵگەش بەها و زمان و کەلتوور بە تاکەکان دەبەخشێت و شێوەیان پێ دەدات. واتە هەم تاک بەرهەمی کۆمەڵگەیە و هەمیش خودی ئەو تاکە بۆ خۆی بەشێوەیەک لە شێوەکان دەبێتە بەرهەمهێنەری کۆمەڵگە. ئەم بنەمایە یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتن لە سیستەمە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان لە ڕوونکردنەوە و بیرکردنەوەی یەکئاراستەیی و تاکڕەهەندیی دوور بکەوینەوە.
٣. بنەمای هۆلۆگراماتی یان بنەمای گشت و بەشدا/ ئەم بنەمایە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە هەر بەشێک لە بەشەکان گشت لەخۆ دەگرێت، هەروەک چۆن گشت لە شێوەدان بە بەشەکاندا ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت. بۆ نموونە، زمان لە تاکەکاندا بوونی هەیە، بەڵام تاکەکانیش لە ڕێگەی زمانەوە پەیوەندیی بە کۆمەڵگە و مێژوو و کەلتووری خۆیانەوە دەبەستن. تاک لە ڕێگەی زمانەوە بەشێک لە کەلتووری گشتی لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەو کەلتوورەش بەردەوام لە ڕێگەی تاکەکانەوە نوێ دەکرێتەوە. ئەم بنەمایە تێگەیشتنێکی نوێمان پێ دەدات لە پەیوەندیی نێوان بەش و گشت؛ بە شێوەیەک کە هیچ کام لەوان بەبێ ئەوی تر بە یی ناسراو نابێت.
ئەم سێ بنەمایە کە چەمکی بیرکردنەوەی ئاڵۆزی لەسەر وەستاوە، گوزارشتێکی ڕوون لە تیۆریاکەی مۆران و لێیانەوە لەوە دەگەین کە بیرکردنەوەی ئاڵۆز هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی بیرکردنەوەی سادەکەرەوە و ڕەخنەگرتنە لەوەی دیاردە ئاڵۆزەکان بە جیاکردنەوەی بەشەکییانە و گەڕاندنەوەیان بۆ تاکە هۆکارێکی سادە. مۆران لەڕێی ئەن سێ بنەمایەوە، پێمان دەڵێت بۆ تێگەیشتن لە جیهان دەبێت بەشە دژبەیەکەکان لەگەڵ یەکتر ببینین و شیکارییان بۆ بکەین، پاشان لە پەیوەندی بازنەیی و کارلێکیانەی نێوان هۆکار و ئەنجام تێبگەین و پەیوەندی نێوان بەش و گشت یان بەش و گشت لەبەرچاو بگرین، دواجاریش بزانین بیرکردنەوەی ئاڵۆز واتای بیرکردنەوەیە لە تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندی، کە پێکەوە گرێدراون و دەرەوەی ئەو پەیوەندییانە ناتوانین لە هیچ یەکێک لە دیاردەکان تێبگەین.
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی بیرکردنەوەی مۆران، تێگەیشتنە نوێیەکەیەتی بۆ چەمکی میتۆد. لە شێوازی باودا، میتۆد زۆرجار بە مانای کۆمەڵێک ڕێنمایی و هەنگاوی پێشوەختە دیاریکراو دێت کە توێژەر بە شوێنیاندا دەڕوات بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دیاریکراو. بەڵام لای مۆران، میتۆد فۆرمولەیەکی داخراو و ڕێسایەکی ئامادە نییە و ڕێگەیەکی کراوەیە کە لەناو پرۆسەی زانین و لێکۆڵینەوەدا پەرە دەسێنێت. توێژەر دەبێت ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەزانراوەکان و پێداچوونەوە بەو ئەنجامانەی کە پێشتر پێی گەیشتووە. ئەمەش لەو بڕوایەوە دێت کە جیهان بەردەوام لە گۆڕانکاری و ئاڵۆزیدایە، بۆیە هیچ مێتۆدێک نابێت خۆی بە ڕێگای تاک و کۆتایی بۆ تێگەیشتن لە هەموو شتێک بزانێت.
پەیوەندیی نێوان سوژە و ئۆبژە لای مۆران
لە فەلسەفەی زانین و ئەپستمۆلۆژیادا، پەیوەندیی نێوان سوژە و ئۆبژە، بابەتێکی بنەڕەتییە و هەمیشە جێی مشتومڕبووە. هەندێک شێوازی بیرکردنەوەی زانستی هەوڵ دەدەن ئەوە پیشان بدەن کە زانین دەتوانێت بە شێوەیەکی بێلایەن و لە دەرەوەی کاریگەریی بەدەست بێت، واتا وەک ئەوەی سۆژە بتوانێت خۆی لە ئۆبژە جیابکاتەوە و لە دەرەوە و بێلایەنانە لێی بڕوانێت و لێی بکۆڵێتەوە! بەڵام مۆران ئەم جیاکردنەوەیە بەو شێوە ڕەهایە ڕەت دەکاتەوە. لە دیدی ئەوەوە، سوژە لە جیهانێکدا دەژی کە خۆی بەشێکە لێی؛ بۆیە ناتوانێت خۆی بە یی لەو جیهانە داببڕێت و لە دەرەوەی هەموو پەیوەندییەکانەوە لێی بڕوانێت. ئەم دووانە، هەم لەیەکتر جیاوازن و هەمیش پێویستیان بەیەکتر هەیە. سۆژە بە بێ ئۆبژە ناتوانێت زانین بەرهەم بهێنێت و ئۆبژەش بەبێ پرۆسەی لێکدانەوە و تێگەیشتنی سوژە ناتوانرێت بناسێنرێت. مۆران داوا لە سوژە دەکات لە کاتی لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەیدا لە ئۆبژە، لە خۆی بپرسێت: پێشبیر و میتۆدەکانی بەردەستم چین و کامانەن بۆ تێگەیشتن لە ئۆبژە و کاریگەرییان لەسەر تێگەیشتنم چەندە؟ ئەم ئاگادارکردنەوەیەی مۆران بۆ ئەوەیە تاوەکو زانین بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانەتر و هۆشیارانەتر هەڵبسەنگێنین و دەبێت سوژە لە سنووری زانین و تێگەیشتنی خۆی ئاگادار بێت و بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات(٤).
بە شێوەیەکی گشتی، بیرکردنەوەی ئاڵۆز لەگەڵ پێدانی ئەرکی تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی جیهان بە عەقڵ، ئەرکی ئەوەشی دەخاتە ئەستۆ کە خۆیشی لێکبداتەوە و لە خۆیشی تێبگات، توێژەرێک کە لە دیاردەیەک دەکۆڵێتەوە، بە تەواویی لە دەرەوەی ئەو دیاردەیە نیە، لە لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتی و مێژوویی و کلتوری و فەلسەفیەکاندا ئەمە زۆر ڕوونتر خۆیمان پیشان دەدات، کاتێک توێژەر خۆی بەشێک دەبێت لەو کۆمەڵگەیەی کە لێی دەکۆڵێتەوە، بە دڵنیاییەوە کلتور و ژینگەی کۆمەڵایەتی و پێشبیر و کارتێکەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگەکە کاریگەرییان لەسەر شێوازی تێگەیشتن و لێکدانەوەی بۆ دیاردە و شتەکان دەبێت.
سوژە هەمیشە بە ئاگایی و هوشیاری ەوە زانین بەرهەم ناهێنێت، بەشێک لە بڕیار و هەڵسەنگاندنەکانی، بەشێک لە شێوازی لێکدانەوە و تێگەیشتنی بۆ جیهان و هەبووەکانی نێوی، لەژێر کاریگەری هۆکارگەلێکن کە خۆی بێ ئاگایە لێیان، هەربۆیە توێژەر یان سوژە نابێت خۆی بە بوونێکی عەقڵانی و کۆنترۆڵکاری پرۆسەی زانین دابنێت، بۆ ئەوەی ئەمەش ڕوونەدات مۆران توێژەران بەرەو دوو جۆر لێکۆڵینەوە و ڕەخنەکاریی و هەڵکۆڵینی زانستییانە ئاڕاستە دەکات، یەکیان لەو بابەتەی کە لێی دەکۆڵنەوە بە لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندە جیاجیاکانی، ئەوی دی وردبوونەوە لە خودی خۆیان و کەرەستەکانی بەردەستیان بۆ لێکۆڵینەوە و بەرڕەخنەدانی بڕوا و پێشبیر و میتۆدە ئامادەکان، هەڵسەنگاندنی تێگەیشتن و ڕاڤەکاریی و دەرئەنجامە بەدەستهاتووەکان.
دەربارەی چاکسازیی بیرکردنەوە و چاکسازیی پەروەردە
مۆران پێی وایە پێویستە چاکسازییەکی بنەڕەتیی لە شێوازی بیرکردنەوە و پەروەردەدا ئەنجام بدرێت. بە بڕوای ئەو، کێشەی بنەڕەتیی پەروەردە لە ئێستادا ئەوەیە ئاخۆ تا چەندە خوێندکار فێری پەیوەستکردنی زانیاریی و تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان بوارە جیاوازەکان دەبێت؟ سیستەمی پەروەردەیی کە زانستەکان بە شێوەیەکی پارچەپارچە پێشکەش دەکات، ڕاستە دەتوانێت زانیاریی زۆر بەرهەم بهێنێت، بەڵام توانای تێگەیشتنی گشتیی لە خوێندکاردا بەهێز ناکات. بۆیە مۆران پێداگریی لە سەر پەروەردەیەک دەکات، کە بتوانێت زانستەکان بە یەکترەوە ببەستێتەوە و مرۆڤ ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە ئاڵۆزەکانی ژیان. ئەمەش واتە پەروەردە دەبێت لە گواستنەوەی زانیاریی ئامادەوە بگوازرێتەوە بۆ پەرەپێدانی توانای بیرکردنەوە و پرسیارسازیی و بەخشینی توانای لێکدانەوە و بڕیاردان بە خوێندکان(٥).
یەکێک لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی ئەبستمۆلۆژیا ئەوەیە، کە ئایا زانین دەتوانێت بگاتە ڕاستییەکی کۆتایی و نەگۆڕ؟ مۆران ڕەخنە لەو بۆچوونە دەگرێت کە وەڵامی بەڵێ دەداتە پرسیارێکی لەم چەشنە، چونکە لە دیدی ئەوەوە زانین پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەمیشە ئەگەری بەهەڵەداچوون و تێنەگەیشتن هەیە، بۆیە پێویستە هەر هەوڵێک بۆ گەیشتن بە زانین، لەگەڵ ئاگاداربوون لە ئەگەر و گریمانەی هەبوونی هەڵەدا بڕوات. خوێندکار دەبێت بەم ڕێگەیە ئاشنای زانین ببێت، بۆ ئەوەی لە هەوڵیدا بۆ بەدەستهێنانی زانین، وابەستەی خووی لەسەر هەقبوونی هەمیشەیی نەبێت و لە دۆگما مەترسیدارەکان بەدوور بێت.
گرنگیی فەلسەفەی مۆران لە سەردەمی هاوچەرخدا
ئەمڕۆ جیهان لەگەڵ کێشەگەلی زۆر ئاڵۆزدا ڕووبەڕووە؛ لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و قەیرانی ژینگەییەوە بیگرە تا دەگاتە شەڕ و ململانێی سیاسیی، لە نایەکسانیی ئابوورییەوە بیگرە تا دەگاتە گۆڕانکاریی تەکنەلۆژیی و قەیرانە کەڵەکەبووە کۆمەڵایەتییەکان. هیچ کام لەم کێشە و قەیرانانەش بە یەک زانست و یەک شێوازی بیرکردنەوە و یەک میتۆد چارەسەر ناکرێن. بێ هیچ گومانێک، دوای خوێندنەوەی مۆران دەبێت ئەوەمان لا ڕوون بێت کە قەیرانی ژینگە چیدی کێشەیەکی سرووشتیی نییە و ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە قەیرانە ئابووریی و سیاسیی و کەلتووریی و تەکنەلۆژییەکانەوە. هەروەک چۆن شەڕیش چیدی نابێت وەک ڕووداوێکی سەربازی ڕووت ببینرێت و دەبێت وا لێکیدەینەوە کە ڕووداوێکە لە ژێر کاریگەریی کارکردە مێژووییەکان و پاڵنەرە ئابووریی و سیاسیەکان و ململانێ کەلتوورییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا شێوە دەگرێت. هەر لە دۆخێکی وەهاشدا، بیرکردنەوەی ئاڵۆزی مۆران گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت؛ چونکە فێرمان دەکات لە ڕوونکردنەوەی سادە و یەکهۆکاری دوور بکەوینەوە و لە جیاتی ئەوە، پەیوەندییە فرەڕەهەندەکانی دیاردەکان بخوێنینەوە. ئەمە جگە لەوەی ئەم تێزەی مۆران بۆ تێگەیشتن لە سنووری زانست و پێویستیی هاوکاریی نێوان زانستەکانیش گرنگە، بەوەی کە بزانین کێشەکانی مرۆڤایەتیی زۆر جار سنووری ئەو بوارە زانستییانەش تێدەپەڕێنن وا بۆ لێکدانەوەیان دامەزراون و هێنراونەتە کایە.
یەکێک لەو کێشانەی سەردەمی هاوچەرخ ئەوەیە کە مرۆڤ لەژێر بارگرانیی زانیارییەکی زۆردایە. تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و خێرایی گواستنەوەی زانیاریی، لەگەڵ ئەوەی دەرفەتی گەورەیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی ڕەخساندووە، لە هەمان کاتدا مەترسیی پەرتەوازەبوونی بیرکردنەوە و کەمبوونەوەی توانای لێکدانەوەی قووڵیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. ئا لێرەدایە بیرکردنەوەی ئاڵۆزی مۆران بە هانامانەوە دێت بۆ ئەوەی لەپاڵ وەرگرتنی زانیارییەکاندا، پەیوەندیی نێوان زانیارییەکان بدۆزینەوە و سەرچاوەکانیان هەڵبسەنگێنین و ئاگاداریی جیاوازیی نێوان بەدەستهێنانی زانیاریی و تێگەیشتن لێی ببین.
لە دیدی ئێدگار مۆرانەوە، زانیاریی کاتێک دەبێتە زانین کە بتوانرێت پەیوەندیی نێوان بەشە جیاوازەکان و کۆی بابەتەکە بە یی بزانرێت، کاتێک زانیارییەک وەک بەشێکی جیا دەبینین و دایدەبڕین لە پەیوەندییەکانی بە بەشەکانی ترەوە، ڕەنگە زانیارییەکە ڕاست بێت، بەڵام ناتوانێ تێگەیشتنێکی لە بابەتەکە درووست بکات، بۆ نموونە زانینی وردەکارییە ئابوورییەکان لە کاتی ڕوودانی قەیرانێکدا بەبێ تێگەیشتن لە پەیوەندیی پرسە ئابوورییەکان بە کارکردە سیاسیی و مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، بەس نییە بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەکی ەتیی بۆ قەیرانێکی ئابووریی پێشکەش بکات. ئەمە بۆ زۆرێک لە پرسەکانی دیکەی ئەم سەردەمەشمان درووستە و دەرخەری گرنگیی لەبەرچاوگرتن و شیاوێتیی ڕوانینەکانی مۆرانە بۆ ئەم سەردەمەی ئێستامان.
دوایین سەرنج: لە زانینی بەشەکییەوە بۆ تێگەیشتنێکی فرەڕەهەند لە ئاڵۆزی جیهان
فەلسەفەی ئێدگار مۆران هەوڵێکە بۆ گۆڕینی شێوازی تێگەیشتن لە جیهان. ئەو نایەوێت زانستی شیکردنەوە و زانستە تایبەتەکان ڕەت بکاتەوە، بەڵکوو دەیەوێت سنوورەکانی هەر زانستێک دیاریی بکات و لەگەڵ شێوازێکی فراوانتری بیرکردنەوەدا یەکی بخاتەوە. ئەو نکوڵیی لەوە ناکات کە شیکردنەوە پێویستە، بەڵام داواشمان لێ دەکات شیکردنەوەکانمان لەگەڵ توانای پەیوەستکردنی بەش و تێگەیشتن لە گشت هاوڕێ بێت. بیرکردنەوەی ئاڵۆز بانگهێشتێکە بۆ ئەوەی جیهان وەک چەند خانەیەکی جیاواز و داخراو و دابڕێنراو لەیەکدی نەبینین، بەڵکوو وەک تۆڕێکی زیندوو لە پەیوەندیی و کارلێک سەیری بکەین. ئەم بیرکردنەوەیە هەروەها فێرمان دەکات کە نادڵنیایی بەشێکە لە زانینی مرۆیی و هیچ ئەنجامێک نابێت لە پێداچوونەوە و ڕەخنە بپارێزرێت.
دواجار ڕەنگە گرنگترین پەیامی مۆران ئەوە بێت کە زانین و توانای تێگەیشتن لە جیهان پێویستی بە ئەقڵێک هەیە کراوە بێت بە ڕووی ی ئەگەر و ئەنجامەکاندا، ئەقڵێک کە بتوانێت پەیوەندییەکان ببینێت و تەبایی و دژبەیەکییەکانی نێوان شتەکان لێک بداتەوە، لە سنوورەکانی خۆی ئاگادار بێت و بەردەوام ئامادەی فێربوون و بەخۆداچوونەوە بێت. بەم مانایە، بیرکردنەوەی ئاڵۆز وەک تیۆرییەکی فەلسەفیی و مێتۆدێکی زانستیی پڕۆژەیەکی فراوانە بۆ نوێکردنەوەی شێوازی تێگەیشتنی مرۆڤ لە خۆی و لەو کۆمەڵگە و جیهانەشی کە تێیدا دەژی و بەردەوام هەوڵ بۆ ڕاڤەکردن و تێگەیشتن لێی دەدات.
لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بیرکردنەوەی ئاڵۆزی مۆران وەک کلیلێکی چارەسەر بۆ تێگەیشتن لە هەموو دیاردەکانی نێو جیهان ببینین، ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە زیاتر چوارچێوەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزیی دیاردەکان، نەک میتۆدێکی ئامادە بۆ دۆزینەوەی وەڵامی هەموو پرسیارەکان. هێزی ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە لەوەدایە کە بیرمان دەخاتەوە نابێت هیچ ڕوونکردنەوەیەکی تاک هۆکارانە بە وەڵامی ی دیاردەیەکی ئاڵۆز دابنرێت، بۆیە گرنگە ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە لەگەڵ ڕێباز و میتۆدە زانستییە تایبەتەکاندا بەکار بهێنین، نەک لە بری میتۆدە زانستییە تایبەتەکان.
ژێدەر و پەراوێزەکان:
١. ادغار موران، الفكر والمستقبل: مدخل الى لفكر المركب، ترجمة: احمد القصوار و منير الحجوجي، دار البيضاء، دار توبقال للنشر، ٢٠٠٤ هەروەها بڕوانە: ادگار مورن، در امدی بر اندیشە پیچیدە، ترجمە: افشین جهاندیدە، نشر نی،تهران، ١٣٩٦.
٢. ادغار موران، المنهج: معرفة المعرفة، انثروبولوجيا المعرفة، الجزء الثالث، ترجمة: جمال شحيد، بیروت، المنظمة العربية للترجمة، ٢٠١٣. دیارە کتێبی میتۆد گرنگترین کتێبی مۆرانە و لە شەش بەرگ پێک هاتووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧ بۆ ٢٠٠٤ بەشەکانی بڵاو کراونەتەوە، تێیدا مۆران زۆر بە ڕوونیی سەبارەت بە پێویستیی میتۆدی بیرکردنەوەی ئاڵۆز دەوەستێت بۆ وەلانانی بەکارهێنانی یەک ئاڕاستە و یەک میتۆد بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان و گەیشتن بە زانینێکی درووست، هەر لەم کتێبەشدایە داوامان لێ دەکات لە پەیوەندیی و پێکەوەگرێدراویی دیاردە و بەشە جیاجیاکان بکۆڵینەوە، ئەویش بۆ بەدەستهێنانی زانین و ڕاڤەکاریی درووست.
٣. مۆران لەو باوەڕەدایە زانین و پێشکەوتنە پیشەسازیی و تەکنەلۆژییەکان، نەیانتوانیوە ڕێ لە بەربەریزمی نوێی جیهان بگرن و لە زۆر جێدا بە هەمان بەها و پێوەرەکانی چاخی بەردین مامەڵە لەگەڵ یەکدیدا دەکەین، بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیەش پێویستمان بە تێگەیشتنێکی نوێ هەیە کە بتوانێت هەموو ئەمانە پێکەوە دابنێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات، بڕوانە: (ادغار موران،الي اين يسير العالم؟ ترجمة؛ احمد العلمي، المنظمة العربية للعلوم ناشرون، ٢٠١٠.)
٤. ادغار موران، المنهج: الافكار،مقامها، حياتها،عاداتها، تنظيمها، ترجمة: جمال شحيد، مراجعة: موريس ابو ناضر، بیروت، المنظمة العربية للترجمة،٢٠١٢. هەروەها مۆران زۆر بەلایەوە گرنگە کە زانین بۆ خۆیشی ببێتە بابەتی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و پرسیاری ئەوە بوروژێنرێت کە ئایا زانین چۆن درووست دەبێت و مرۆڤ چۆن فێر دەبێت؟ چۆن زانینی هەڵە و کەمکراوە دەبێتە بنەما بۆ درووستبوونی تێگەیشتنی هەڵە؟ بڕوانە: (ادگار مورن، روش/ شناخت شناخت، ترجمە: علی اسدی، انتشارات سروش، تهران، سری چاپ: ٣، ١٣٩٩.)
٥. ادگار مورن ومجموعە ی نویسندگان، اموزش برای دوران جهانی، اندیشە پیچیدە، روش اموختن در خطا و بی یقینی انسان، ترجمە: عباس باقری، تهران، چاپ ١، ١٣٨٨.


