گۆشەی ئازد

“پەکەکە دیاردەیەکە، منیش وەک ئێوە هەوڵدەدەم لێی تێبگەم.”

ڕێبەر ئاپۆ بەڵێنیدا ڕێکخستنێک دابمەزرێنێت هەرگیز هیچ هێزێک لە جیهاندا دەستی پێنەگات، ئەوە ئەو ڕێکخستنەیە کە لە مێنتالیتە و کلتووردا جێگیر بووە، هێزەکەی لە زەین-دایە و هەرگیز کۆتایی نایەت.

ئاوارە پیرۆت

 

“پەکەکە دیاردەیەکە، منیش وەک ئێوە هەوڵدەدەم لێی تێبگەم.” ڕێبەر ئاپۆ.

 

بەدرێژایی نیو سەدە، تا ئەمڕۆش لەناو پەکەکە، گفتوگۆی بەردەوام و ئارگیۆمێنتسازیی لەسەر ئەوە دەکرێت کە ڕێبەر ئاپۆ ئەو هۆشمەندییەی کە هەیەتی ئایا بەدەستی هێناوە یان لەگەڵ لەدایک بوونی بەسرووشت لەگەڵی بووە؟ هەر لەسەر ئەو بنەمایە لە پەروەردەدا، خوێندنی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ بابەتێکی سەرەکیی و لەلایەن باشترین کادرانی پەکەکەوە پێشکەش دەکرێت، من بۆخۆم لەو بابەتەدا، لەلای هەڤاڵ ڕێوار ئابدانان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی دەرسم خوێندووە. ژیان و منداڵێتیی لە گوند و پاشان لە گەورە شارەکانی تورکیا، بابەتی توێژینەوەی هەمە جۆرن، ململانێ لەگەڵ دایک و باوک، شێوازی سەرۆکایەتیکردنی منداڵانی نێو گوند، تاکتیک و شێوازەکانی ڕاو بەشێوازی کۆپەرەیتیڤ، پاشان بوون بەخوێندکاری سەرەتایی، ئەو هەرکاتێک لە قوتابخانە گەڕابێتەوە، لەو ڕۆژەدا چی خوێندبێت بە منداڵانی گوندی گوتووە و ئەوانیشی فێرکردووە، چونکە ژمارەیەکی زۆر کەمی منداڵان بەهۆکاری ئابووریی و دووریی قوتابخانەکان، دەیانتوانی بخوێنن، یاخی بوون و بەردبارانکردنی تێکڕای دانیشتوانی هەموو گوند، بەردبارانکردنی براکەی و تەنانەت باوکیشی، لەو سەردەمەدا کە زۆر منداڵ بووە گوتوویەتی: من سیستەمی ئەو ژیانە قبوڵ و هەزم ناکەم. بەپێچەوانەی عادەت و مێنتالیتەی خێڵ، هاوڕێیەتی ئەو کەسانەی کردووە کە دوژمنی بنەماڵەکەی “ئاپۆ” بوون، ژیانی نێو مزگەوت و لەبەرکردنی قورئان و پێشنوێژیی و وتاری ئاینی بۆ منداڵانی هاوتەمەنی، ڕۆژێک مەلای گوند پێی دەڵێت: عەبدوڵا ئاواهی لەسەر بنەماکانی ئیسلام بەردەوام بیت، دەبیت بە فریشتەی ئاسمانەکان. خەڵکی گوند هەموو لێی ترساون، گوتوویانە ئەم عەبدوڵایە ژیانی لەدەستداوە، شێت بووە، نابێت بە پیاو، بەڵام ئەو پێیان دەڵێت: من نامهەوێت ببم بە پیاو. دایکی بەردەوام پێی دەڵێت: کوڕم تۆ خۆت تووشی تەنیاییەکی ترسناک دەکەیت. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: هەرکە پێم نایە ژووری ئیمرالی، یەکسەر ئەم قسەیەی دایکمم وەبیرهاتەوە. ململانێ و تێکگیرانە قوڵ و فەلسەفییەکانی لەگەڵ کەسیرە یڵدرم، کە دوایی هەموویانی کرد بە بناخەی زانستیی ژنۆلۆژیی، پاشان هێزی بەرگریی ژنانی لێ دامەزراند، ئەو دەڵێت: خەیاڵی هەرە مەزنی نێو ژیانم ئەوەیە: گفتوگۆ لەگەڵ ژنێکی کورد بکەم و لەڕووی فیکرەوە تێمبپەڕێنێ. ئەم یۆتۆپیایە ساکینە جانسزی لێ بەرهەمهات، ساکینە: دڵە هەمیشەیی و جاویدانییەکەی ئاپۆ. ڕێبەر ئاپۆ بە منداڵی ناوی هەموو گرد و تەپۆلکەکانی ئورفا لەبەردەکات، ناوی هەموو گوڵ و گیا و دارەکان، ناوی ڕووبار و کانییەکان، پاشان ئورفای کرد بە سیمبولی پیرۆزی و نەفرەت، پیرۆزی و نەفرەت، دوو چەمکی سەنتەریین لە هزریی ڕێبەر ئاپۆدا، هەرلێرەشەوە تێگەیشت، ئورفا سەرزەمینی پێغەمبەران و ئیبڕاهیم بووە، ئیبڕاهیم لە ئورفاوە گەشتەکەی دەستپێدەکات، هەر لەسەر ئەو تێگەیشتنە، هێندێک پارە لە ماڵی خوشکەکەی دەبات و ئەویش گەشتە تراژیدییەکەی بە شوێن پێی ئیبڕاهیمدا بۆ ئەنقەرە دەستپێدەکات.

 

ئەنقەرە:

ئێمە دەبێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەین کە وەختێک ڕێبەر ئاپۆ، سەرجەمی کونوکەلەبەرەکانی مێژووی دوازدەهەزار ساڵی پێش زاین گەڕا، تێگەیشت کە کوردەکان ناتوانن لە دامەزراندنی پەکەکەدا یارمەتی بدەن، چونکە پەکەکە ڕێکخراوێکی ئاسایی نییە، پەکەکە، خەیاڵی منداڵیی ئۆجالانە، چ جۆرە خەیاڵێک؟ شەهید عەلی حەیدەر قەیتان کە گرنگترین پێشەنگی بزووتنەوە و تەڤگەری ئەقڵی ئازادە، دەڵێت: ڕێبەر پێی دەگوتم، فواد تۆ زیاد لە پێویست واقیعپەرستی و منیش زیاد لە پێویست خەیاڵپەرست، هەڤاڵ فواد دەڵێت، دوایی تێگەیشتم کە ڕێبەر چەندە بە قوڵی منی ڕەخنەکردووە، چونکە من هەمیشە دەمگوت: سەرۆک، سەیری باروودۆخی کوردستان بکە، چاو لە ژیانی گەل بکە، چاو لە هێزی دەوڵەت بکە، ئێمە بەو ئیمکانیاتە کەمە چی بکەین؟ بەڵام سەرۆک خەیاڵێکی هەبوو، کوردستانێک هەبوو کە لە زەینی خۆیدا تیۆریزە و بەڕێکخستنی دەکرد، بەڕاستی تێگەیشتم کە سەرۆک زیاد لە ڕادە یۆتۆپییە و لەسەر حەقە. تەنانەت هەڤاڵ جەمیل بایک، لەیەکەم بینینیدا، تێگەیشتووە کە نازانێت کوردستان چییە و لە کوێشە، نەشیتوانیوە بە زمانی کوردی قسە بکات. عەلی حەیدەر قەیتان کێیە؟ ئەو کەسەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پێی گوتووە: ئەگەر فواد تۆزێک هاوکاریمان بکات باش دەبێت. لێرەدا ئامانجم ئەوەبوو بڵێم: هۆشمەندێتی ڕێبەر ئاپۆ بۆ دامەزراندنی پەکەکە لەگەڵ کوردەکان، تێکدەگیرا، کوردەکان هێزی هەزمکردنی بزووتنەوەکەیان نەبوو، بۆچی؟ چونکە بەدرێژایی مێژوو لەلایەن سیستەمی دەوڵەت/نەتەوە، تووشی ژینۆسایدیی کلتووریی ببوون، کورد و کوردستان شتێک بوو دەمێک بوو لە زیهنی هەر تاکێکی کورددا مردبوو، هەر لەبەر ئەم ڕاستییە مێژووییەیە کە پەکەکە، بە واتای: ژیانەوە و جەژنی ژیانەوە. دێت.

 

ئورفا:

ڕێبەر ئاپۆ، هەنگاوەکانی لە گەشتی ئەنقەرەدا، شوێنپێی ئیبڕاهیم هەڵدەگرێت، هاوڕێ لەگەڵ دیالێکتیکی زرادەشت و ڕەوشتێکی پێغەمبەرانە، یەکەمین هەنگاوەکان بوون بە پرانیسپی گەردوونی لەناو پەکەکەدا، کاتێک ڕێبەر ئاپۆ بە گرووپێکی حەوت کەسییەوە بانگەشەی پێشەنگایەتیی “چەپی جیهانی”دەکات، هێزەکەی لە بنەما گەردوونییەکانی پەکەکەوە وەردەگرێت، هێزێکە، لە زەین و هۆشمەندیی خۆیدایە، هێشتا بەڕێکخستن نەبووە. ئەو بە تێگەیشتن لە سەرجەمی شۆڕشەکانی جیهان و کوردستان بەتایبەت، بڕیاردەدات، ڕێکخستنێک دابمەزرێنێت کە خۆی دەڵێت: نابێت هیچ هێز و دەوڵەتێک دەستی پێڕابگات. جا مادام پەکەکە وەها ڕێکخراوێکە کە ئیبڕاهیمیی هاوچەرخە و خۆی ئامادەکردووە هەموو بتەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی تێکبشکێنێت، نوێنەرایەتی چەپی جیهانیی بکات، گەردوونیی بێت، دەبێت چ کەسانێک و بەکام تایبەتمەندێتی کەسێتیی بێنە ناو ئەم تەڤگەرە؟ ئەوە کێشەکەیە. کێشەیەک کە کوردەکان ناتوانن تێیدا بەشدار بن. هەربۆیە، ڕێبەر ئاپۆ: کەمال پیر و حەقی قەرار بە شایستەترینی ئەم تەڤگەرە دەزانێت. لەناو پەکەکە بۆ پیاو ئامانجی باڵا، بوون بە کەمال پیرە، بۆ ژن ئامانجی باڵا بێریتان و … بەم جۆرە گەشتی ئەنقەرە گرووپی ئیدیۆلۆژیی لێ بەرهەمدێت و پاشان گرووپەکە گەشت دەکات بۆ کوردستان. من لێرەدا نامهەوێت و جێی نابێتەوە ورد و درشتی ژیانی ڕێبەر ئاپۆ هەتا قۆناخی ئیمرالی بنووسم، بەڵام ئێستا کە بابەتی خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بابەتێکە بووەتە جێی سەرنجی هەموو جیهان، پرسیاری بنەڕەتیش ئەوەیە کە چی ڕوودەدات لەناو پەکەکە؟ ئێمە بۆ ئەوەی تێبگەین کە چی ڕوودەدات، بەڕاستیی دەبێت مێژووی پەکەکە و ژیانی ڕێبەر ئاپۆ بناسین، بیخوێنینەوە و لێی تێبگەین. ئەمن ئەلێرەدا، تەنیا هێندێک پرانسیپی ڕێبەر ئاپۆ کە پڕانسیپی پەکەکەشن، وەبیر دەهێنمەوە، باقی شرۆڤەکانیان با بۆ دۆستەکانمان بێت.

پڕانسیپە گشتیی و بنەڕەتییەکان.

یەکەم/ گەورەترین پرانسیپی ژیانم ئەوەیە، هیچ کەس ناخەڵەتێنم، ناشخەڵەتێم.

دوو/ من هەر بیست و چوار کاتژمێرێک خۆم نوێ دەکەمەوە.

سێ/ من هیچ شتێک گیانلەبەر و بێگیان، لەدەرەوەی خۆمدا نابینم.

چوار/ ئەگەر لە ئەوپەڕی ئاسمانەکانیش بێت، من دەستبەرداری حەقیقەتی ڕەها نابم.

پێنج/ من غەریزەکانم سەرکوت ناکەم، زەمینەیان بۆ دەڕەخسێنم.

شەش/ من ژیری سۆزداریی بەبنەما دەگرم، کە ڕێژەی هەڵەکردن تیایدا سەدا سفرە.

حەوت/ پێشینانی گورک و مەڕ یەکێکن، ئامانجمان گەڕانەوەیە بۆ بنەڕەتی ئەم پێشینەیە.

هەشت/ من ناخەوم،‌ چونکە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ناخەوێت.

نۆ/ زەردەشت، دوا گوتەی خۆی نەگوتووە، من لێرەم بۆ تەواوکردنی.

دە/ هەموو جیهان هێرشبکاتە سەرم تەسلیم نابم، هێزی هەموو جیهانیشم هەبێت، هێرش ناکەم.

ئەگەر بێت و ئێمه دەربارەی پرانسیپەکانی‌ ڕێبەر ئاپۆ بنووسین، دەکرێت شرۆڤەکانی لە کتێبدا جێی ببێتەوە، بەڵام سەبارەت بە ڕۆژەڤی ئەمڕۆ من بە ئامانج ئەو “دە” پرانسیپەم هەڵبژاردووە، چونکە ڕوون و ئاشکرا دیارن کە لەسەر ئەم لۆژیکە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە بۆ بەرەو کۆمەڵگەی ئاشتیی و دیموکراتیک لە جیهاندا.

پرانسیپی یەکەم، ئاپۆ ناخەڵەتێی و باکەس پێی وانەبێت دەوڵەتی تورکیا ئەوی خەڵەتاندووە، ڕێبەر ئاپۆش دەوڵەتی نەخەڵەتاندووە، ئەوەی ڕوودەدات، بەرهەمی گفتوگۆی یەک ساڵ و خەرجکردنی سێ ترلیۆن دۆلار و گیانبەخشینی سەت هەزار کەسە، بۆ ئاشتیی بابەتێکی ڕاستەقینەیە، پەکەکە بەگوێرەی ئەم پرانسیپی دووهەم خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، بەبەرگ و شێوازێکی نوێ خەبات درێژە پێ دەدات، ڕێبەر ئاپۆ وەک لە سێیەم پرانسیپ باسم کردووە، هیچ شتێک لە چوارچێوەی سۆبژە/ئۆبژەدا نابینێت، هەموو شتێک بەشێکە لە خودی خۆی، ئەگەر سیاسەتی پەکەکە بۆ ئەوەبێت تورکیا دیموکراتیزە ببێت، سرووشتییە چونکە ئەوانیش مرۆڤن و نابێت چیتر لەژێر هێژموونی ناتۆ و ئەمریکادا بمێننەوە. حەقیقەتی ڕەها تا ئەمڕۆ پەکەکە بووە، سبەی شتێکی ترە بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چونکە بنەمای بیرکردنەوەی ژیری سۆزدارییە کە هەڵە ناکات، مادام ژیری سۆزداریش هەڵەکردن تێیدا سفرە، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هەڵە نییە، بەڵکوو دۆزینەوەی ڕێگایەکی دیکە بۆ هەوڵدان بۆ حەقیقەتی ڕەها. زەردەشت دوا گوتەی خۆی نەگوتووە، بڕواننە مێژووی ئێرانی کۆن، مانی و مەزدەک، ئاینی مهریی و ئێزدییەکان، ئەو دەڵێت: سوارەیەکی دەروێشی عەبدیم، تەندرووستترین بزاوتی دیالێکتیکی زەردەشت، پەکەکە لەسەر ڕاسپاردەی ڕێبەر ئاپۆ ئێزدییەکانیان پاراست و سەدان قوربانیان پێشکەشی عەبدیی کرد، بە کۆریدۆرێکی سیمبولیش ڕێبەر تیایدا بەشدار بوو. دەیەمین پرانسیپ ئەوەیە کە هەموو جیهان لەڕێی داعش و سپۆنسەری نێودەوڵەتی هێرشیانکردە سەر کۆبانێ، بەڵام کۆبانێ تەسلیم نەبوو، چونکە جگە لەوەش نابێت هەرگیز کۆبانێ بکەوێت لەبەر ئەوەی کۆبانێ شوێنپێی یەکەمین گەشتی ڕێبەر ئاپۆیە لە ڕۆژئاڤا و سەرزەمینی مێژووی دێرینی میتانییەکانە.

ئێمە مێژووی کۆنگرەکانی پەکەکە-مان لە پەروەردەدا خوێندووە، بڕیارەکان و ئەو گۆڕانکارییە فیکریی و ئیدیۆلۆژییەی کە ئەنجامیشی داوە و بەبەڵێنەوە پێیانەوە پابەند بووە، بەڵام هەرگیز هێندەی ئەم کۆنگرەیە وەرچەرخێنەتر نەبوون.

 

دەستپێک/ تراژیدیا

کاتێک هەڤاڵ کالکان گوتی:
من دۆران کالکانم دەستپێکی دوازدەیەمین کۆنگرەی پەکەکە ڕادەگەیەنم، کۆنگرەکەمان لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لەناو جەرگەی شەڕێکی گەرمدا بەڕێوە دەبەین.

 

کۆتایی/ کۆمیدیا

کاتێک هەڤاڵ جەمیل بایک لە کۆتایی وتارەکەیدا گوتی: بژی پەکەکە.

کام پەکەکە، مادام پەکەکە هەڵوەشاوەتەوە، بۆ بژی پەکەکە؟ چونکە پێشتر نووسیم، ڕێبەر ئاپۆ بەڵێنیدا ڕێکخستنێک دابمەزرێنێت هەرگیز هیچ هێزێک لە جیهاندا دەستی پێنەگات، ئەوە ئەو ڕێکخستنەیە کە لە مێنتالیتە و کلتووردا جێگیر بووە، هێزەکەی لە زەین-دایە و هەرگیز کۆتایی نایەت.

بژی ڕێبەر ئاپۆ، بژی پەکەکە، پیرۆزبێت دوازدەهەمین کۆنگرەی هەڵوەشانەوەیەکی دیالێکتیکی.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...