چیرۆکی برینێک: ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسلام و یەهوودییەت
دڕندەیی مرۆڤ پرسێکی نوێ نییە و هیچ جێگەی سەرسووڕمانیش نییە، پەلاماری دڕندانەی ئیسرائیل تەنها ئەڵقەیەکە لە مێژووی پڕ خوێن و ئازاری جەنگەکانی مرۆڤ، نزیکەی دوو هەزار وحەوتسەد ساڵ بەر لە ئێستا ئاشوورییەکان پەلاماری مەملەکەتی جووەکانیان لە ئیسرائیل دا، ئاشوورییەکان کاتێک پەلامارەکەی خۆیان دەگێڕنەوە، خوێنساردانە و بە شانازییەوە دەڵێن: شارێکمان بە ژن و منداڵەوە سەربڕی، ئەندامی نێرینەی هەموو پیاوەکانمان بڕی، دەستدرێژییمان کردە سەر هەموو کچانی پاکیزە، دەستدرێژیمان کردە سەر هەموو ژنەکان، شاخێکمان لە کەلەسەری مرۆڤەکان درووست کرد.

ڕزگار شەوکەت
دڕندەیی مرۆڤ پرسێکی نوێ نییە و هیچ جێگەی سەرسووڕمانیش نییە، پەلاماری دڕندانەی ئیسرائیل تەنها ئەڵقەیەکە لە مێژووی پڕ خوێن و ئازاری جەنگەکانی مرۆڤ، نزیکەی دوو هەزار وحەوتسەد ساڵ بەر لە ئێستا ئاشوورییەکان پەلاماری مەملەکەتی جووەکانیان لە ئیسرائیل دا، ئاشوورییەکان کاتێک پەلامارەکەی خۆیان دەگێڕنەوە، خوێنساردانە و بە شانازییەوە دەڵێن:
شارێکمان بە ژن و منداڵەوە سەربڕی، ئەندامی نێرینەی هەموو پیاوەکانمان بڕی، دەستدرێژییمان کردە سەر هەموو کچانی پاکیزە، دەستدرێژیمان کردە سەر هەموو ژنەکان، شاخێکمان لە کەلەسەری مرۆڤەکان درووست کرد.
نمایشی ئەم کەرنەڤاڵی دڕەندەییە بەو خوێنساردییە، چیمان بیردەهێنێتەوە جگە لە شەلوپەلکردنی غەزە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە!
وەک گێڕانەوەیەکی مێژوویی دەتوانین بڵێین (هیزەکایا)ـی پادشای جووەکان نزیکی حەوتسەدی پێش زاین ڕەنگە لە سەرەتاییترین ئەو جووانە بێت کە یەک دین و یەکخودایی سەپاند، بەو شێویەش سەرەتایەک لە شووناسی جووەکان شکڵی گرت و توانیان خۆیان لە گەلانی دەوروبەر جیا بکەنەوە و خۆیان وەک بوونێکی یەکپارچە بناسن، بێگومان مەبەستمان یەکتاپەرستییە دوای ئەخناتوونی فیرعەونی میسڕییەکان کە چیرۆکێکی هەندێک جیاوازی هەیە.
پاش دەرکەوتنی شانشینە جووەکان لە سەرزەمینی فەڵەستین، کەوتنە بەر پەلاماری دڕەندانەی ئاشوورییەکان و دواتریش بابلییەکان، ئیدی نەهامەتی جوولەکەکان بە شێوەیەکی مێژوویی دەست پێ دەکات، ئێمە لێرەدا باسی گێڕانەوەی مێژوویی دەکەین نەک ئایینیی، چون چیرۆکی بەکۆیلەکردنی بەنی ئیسرائیل لە میسڕ و ڕزگارکردنیان لە لایەن مووساوە بەڵگەی مێژوویی و شوێنەوارناسیی لە سەر نییە، تەنها ئایینییە، بەڵام بەسەرهاتی جووەکان لەگەڵ دەوڵەتی ئاشووریی و دیلکردنیان لە بابل هەم دەلیلی ئایینیی هەیە هەم گێڕانەوەیەکی مێژووییە، بە کورتی چیرۆکی قۆناغێکی دیکە یان چینێکی دیکەی شکڵگرتنی ناسنامەی جوویەتیی لەو نەهامەتییەوە دەست پێ دەکات وا لەلایەن دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەتی ئاشوورییەوە بەسەریاندا هێنرا.
لەو کاتەوە جووەکان وەک کای بن دڕک بە جیهاندا پەرشوبڵاو بوونەوە، بەم شێوەیەش بوونە یەکێک لە سەیرترین مەتەڵەکانی دنیا، سەختترین و چارەسەرنەکراوترین کێشەی سیاسیی و ئایینیی و قەومناسیی و خێڵەکیی، پارادۆکسی جوولەکە لەوێدایە سەرەڕای مێژوویەکی دوو سێ هەزار ساڵە لە ئاوارەیی و دەربەدەریی و لەڕیشەهەڵکشان و نامۆبوون، کەچی تایبەتمەندیی ئایینیی و قەبیلەیی و حیکمەتی چەند هەزار ساڵەیان لە ڕەگ و دەمارەکانی خۆیاندا پاراست، بەو شێوەیە دوای ڕووخانی مەملەکەتەکەیان لە لایەن ئاشوورییەکانەوە، ڕق، بێزاندن، بێ ماڵ و حاڵکردن بوونە حەکایەتی ئەبەدیی جووەکان لە جیهاندا.
دوای ئاشووریی و بابلیش نەهامەتی جووەکان درێژەی هەبوو، لە ساڵانی ٧٢ و ١٤٠ کانی زاینیش دوای ڕاپەڕینیان دژی ڕۆمانەکان، ڕۆمەکان تراژیدیایەکی گەورەی دیکەیان بەسەردا هێنان، پاش گۆڕانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیش بۆ مەسیحییەت ڕق لە جوولەکە گۆڕا بۆ پرسێکی ئایینیی و وەک خیانەتکار و بکوژی کوڕی خودا ناسێنران، ئەمەش بووە سەرچاوەی ڕقێکی سەربار، دوای هاتنی ئیسلامیش وەک گومڕا و سووخۆر دەناسران، ئەم دۆخە تاکو گەشەی سەرمایەداریی درێژەی هەبوو، لە گەشەی سەرمایەدارییەوە ئیدی ئەوەی بەهای هەبوو سەرمایە بوو، ئەم پانتاییەش تەواو جوولەکانە بوو، جووەکان هەر خۆیان کۆڵەکەی سەرەکیی سەرمایەداریی بوون، بەهۆی قەرز و سووەوە توانیان بانکەکان دابمەزرێنن و هەموو بەهایەک لە سەرمایەدا کۆ بکەنەوە کە خۆیان خاوەنی بوون، بەو شێوەیەش هەناسەیەکیان دا و نەختێک لە ژێر باری کەڵەکەبووی ڕق و بێزاندنی ئەوانی دی دەرچوون و چەشنێک لە ئازادییان بەدەست هێنا.
دوای جەنگی جیهانی دووەم و پاش سەدان ساڵ ئاوارەیی، پەلکوتان و بێ نیشتیمانیی، جووەکان بوون بە خاوەنی دەوڵەت، بە شێوەیەکی ڕەمزیش بێت ئەمە وا دێتە پێش چاو کە ئەورووپییەکان جوولەکەیان لە خۆیان دوور خستووەتەوە، کە پێشنیاری فەڵەستینیان بۆ کردوون تا دەوڵەتەکەیانی لێ بنیاد بنێن، بەڵام بۆ جووەکان خۆیان گەڕانەوە بوو بۆ سەر زەمینی بەڵێندراو، بۆ شوێنێک کە قوراسايیەکی دەروونیی و مێژوویی لە خەیاڵدانی هەر جوویەکدا هەیە و بۆیەکەمین جار شووناسی جووییەتی تیایدا فۆرمەڵە بووە، بەڵام کێشەی گەورە ئەوە بوو ئەم شوێنە دوای گەشتە ماجەلانییەکەی جوولەکە بە جیهاندا چیتر شوێنەکەی جاران نەمابوو، بەڵکوو لە ڕیشەوە گۆڕابوو، خاوەنی تازەی بۆ پەیدا ببوو، دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ خاوەنە تازەکانی خاکی بەڵێنپێدراو، واتا لەگەڵ عەرەب و فەڵەستینییەکان کەوتە کێشمەکێشێکی حەفتا هەشتا ساڵە.
لە دنیای نوێ و ئەوەی پەیوەستە بە ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانەوە، دەتوانین پێداگریی لە سەر ئەو ڕاستییە بکەین کە ئیسرائیل و فەڵەستین هەردووکیان بەرهەمی داگیرکەرن، واتا شکڵگرتنی شووناسی هەردووکیان بەم واتا نوێیە بەرهەمی سەردەمی کۆڵۆنیالیزمی ئەورووپییە، بۆیە مامەڵەی بەئینساف و ئەقڵانیی لەگەڵ ئەم پرسە ئەوەیە یان هەردووکی قەبووڵ کەیت یان هەردووکیان پەرچ بدەیتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، تەنها لە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا ئەم سەرزەمینەی ئێستا پێی وتراوە فەڵەستین، پێش ڕۆمانییەکان و دوای ڕۆمانییەکان تەنانەت لە سەردەمی ئیسلامیشدا پێی نەوەتراوە فەڵەستین، ئەوەی جێی سەرنجە کاتێک دوای جەنگی جیهانیی یەکەم ئەورووپییەکان ناوچەکە داگیر دەکەن، جارێکی تر ناوی فەڵەستین لەو سەرزەوینە دەنێنەوە، بەم پێیە ئیسرائیل و فەڵەستین هەردووکیان پێکڕا بەرهەمی کۆڵونیاڵیزمن، ناسنامە و شووناسی فەڵەستینیی و ئیسرائیلیی هی داگیرکاری ئەورووپیین.
ئێمە دەزانین لە دنیای مۆدێرندا شووناسەکان هەندێک ئاوێتە بوون، بەو شێویەش کرانەوەیەکی ئایینیی و کۆمەڵایەتیی درووست بوو، هۆکاری سەرەکی ئەم کرانەوەیە ئەوە بوو مرۆڤ سەرچاوەی تری جیا لە ئایینیی دەستکەوت بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگا و مێژوو و بونیادنانی پەیوەندی مرۆیی، چیتر تاکە چاویلکەی مرۆڤەکان بۆ ڕوانین لە یەکتر، تەنها ئایینەکان نەبوو، بەڵکوو زانستی مێژوو و شوێنەوارناسیی و زانستە کۆمەڵایەتییەکانی تریش بوو، وێنەی ئایینەکان لە سەر یەکتر بریتییە لە دوژمن و لادەر و گومڕا، پردی پەیوەندیی نییە تا لەگەڵ یەکتر بە یەکسانیی هەڵ بکەن، تاکە فۆرمی پەیوەندیی نێوان ئایینەکان ئەوەیە دەبێت یەکێک ملکەچی ئەوی دیکە بێت، تەنها لە ژیانی کۆمەڵایەتیی ئاوێتە و ئاڵۆزوباڵۆز و پێکداچووی مۆدێرندا مرۆڤەکان ناچارن بە چاویلکەی ئایین لەیەکتر نەڕوانن تا پێکەوە هەڵ بکەن.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەم دۆخەی مرۆڤایەتی جێی هێشتووە، لە دۆخی فەڵەستین و ئیسرائیلدا دەگەڕێتەوە، جووی توندڕەو بەپێی دیدی ئایینیی تەماشای موسڵمان دەکات گوایە چەپەڵ و لادەرە و دەبێت لەناو ببرێت، فەڵەستینیی موسڵمانیش بەپێی دەقی ئایینیی تەماشای جوو دەکات گوایە دوژمنی خودایە و دەبێت بسڕێتەوە، ئیدی دیارە ئەم دوانە چۆن یەکتر بەرهەم دەهێننەوە، ئەم لێکڕوانینە هانی جۆرێک مامەڵەی نامێژوویی و نائەقڵانیی دەدات کە ڕق و سۆز کۆڵەکەی سەرەکیی پێک دەهێنن.
لە پەڕتووکی دەربارەی پرسی جوولەکەی مارکس ڕستەیەک هەیە دەتوانین بەم ڕەنگە لێی تێبگەین: ڕزگارکردنی جوولەکە بە ڕزگارکردنی دنیا لە ڕۆحی جوولەکانەی دنیا مەیسەر دەبێت! ڕۆحی جوولەکە بریتییە لە بەرژەوەندخوازیی و خودپەرستیی، بەم شێوەیە ڕزگارکردنی جوولەکە بریتییە لە ڕزگارکردنی جوولەکە لە خۆی! بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئەمە تەنها بۆ جوولەکە ڕاست نییە، بۆ لایەنەکەی بەرانبەریش ڕاستە! واتە کاتێک بەرانبەر لۆژیکی ئایینیی و جیهاد و سڕینەوەی جوولەکە لە سەر زەوی مامەڵە دەکات، ناکرێت چاوڕوان بیت جووەکان بە لۆژیکێکی جگە لەوەی بەرانبەریان مامەڵە بکەن.
لێرەوە بە هۆکاری وەک، کەوتنی ئەقڵی ڕۆشنگەریی، مامەڵەی گرژ و کەسەکیی، پەیوەندیی کۆمەڵگا تازەکان گۆڕاون بۆ پەیوەندیی هەست و سۆز(feeling)، ڤیدیۆ و فەنتازیا، ڕاگوزەری و سەرپێی بوونی هەموو شتێک، بێکاتیی و هەسکەهەسک و ڕاکەڕاکە، هێندەی تر ئەم هەستگەراییەی توند و گرژتر کردووە، لە هەمووشی تراژیدیتر ئەکادیمییە جووەکان خۆشیان ئەم دۆخە تیۆریزە ئەکەن، کەسێکی وەک یوڤال نوح هەراری حورمەتی بۆ هیچ بەشێکی مرۆڤ نەهێشتووەتەوە جگە لەهەست و سۆز! ئەم کۆمەڵگا قانگدراوە بە هەست، جا هەر دەبێت هەست و سۆز و هەستی ڕق و خۆشەویستی تێر بکەیت، کوشتن و پارچەپارچەکردنی یەکتریش باشترین ڕێگایە بۆ ئەمە، ئەمەش لە جەنگی غەزەدا زۆر زەقە.
لەم جەنگەدا خاڵی جێسەرنج ئەوەیە، کەناڵی جەزیرەی نوێنەری ئیخوانیزم و کەناڵی ئای ٢٤ ئیسرائیلی بە شێوەیەکی هاوشێوە ڕووماڵی جەنگی غەززە دەکەن! هەردووکیان وەک یەک ڕووماڵی ڕووداوەکان دەکەن! هەردووکیان پێویستیان بە جۆشدانی سۆز و بەرهەمێنانەوەی ڕقە، بەم شێویەش بیری فەناتیک و خورافی حەماس، دەروونی بریندار و گیرۆدەی موسڵمان، دەرکەوتنی دیاردەیەکی گەندەڵ و ڕەیسستی وەک نەتەنیاهۆییزم، ململانێی مێژووییەکەیان بردە قۆناغێکی ناتەقلیدیی، ئەمە بە زیادکردنی کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی وەک:سەرقاڵی جیهان بە کێشەی ئۆکراین، پاشەکشەی گوتاری مافەکانی مرۆڤ، بەریەککەوتنی ئەمجارەی ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانی زۆر خوێناویی کرد و غەزەیان کرد بە گەرووی وەحشدا.
ئیدی حەماس تێرن و گۆڕانی تەواوەتیی کێشەی فەڵەستینە بۆ پرسێکی ئایینیی پەتیی، لێرەوە حەماس هەموو ڕێگەیەکی ڕەواو ناڕەڕواش بۆ سڕینەوەی جووەکان دەگرێتە بەر، هەوڵی سەرەکییشی ئەوەیە هیچ پردێکی پەیوەندیی لە نێوان فەڵەستینیی و جووەکاندا نەهێڵێت.
خاڵی جێسەرنج لێرەدا ئەوەیە، دەوروبەری غەزە مێرگێکی کشتوکاڵی جووەکانە، سەرچاوەی دەستی کاری حەماس و غەزەییەکانیش بوو، هەر ئەمەیە پێمان دەڵێت بۆچی حەماس هێندە شارەزایانە و کوتوپڕ دای بە سەر جوولەکەنشینەکانی دەوروبەری غەزە و ئەو کارەساتەی نایەوە؟ زۆر ڕوونە، چونکە دەوروبەری غەزەی جوولەکەنشین شوێنی کشتوکاڵ و کارن، سا سەرچاوەی دەستی کار بوون بۆ غەزەییەکان و شارەزای بست بە بستی بوون، حەماس غەزەی گۆڕیوە بۆ شاری مشکەکوێرە و تونێل، دەوروبەری غەزەش مێرگی کار و ژیانە، ڕوونە حەماس نەیدەویست پەیوەندیی هەبێ و هەوڵی دا ئەو پەیوەندییە بپچڕێنێت و سەرکەوتووش بوو، چون پێویستی بە ڕق و پچڕان بوو، ئەوەش واتا بەرهەمێهێنانی ڕق و ڕەقی لە بەرانبەردا، بەو شێوەیە جوولەکەی توندڕەو و حەماس وەک ئاگر و ئۆکسجین پێویستن بۆ یەکتر، ڕەق و وێرانکەر، ڕەق و وێرانکەر بەرهەم دەهێنێت.
ئەوەی ئێمە لە دوو جەنگی جیهانییەوە فێر دەبین ئەوەیە؛هەرکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ڕۆڵی لاواز دەبێت، کێشەکان بە هێزی ڕووت یەکلا دەکرێنەوە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر ڕۆڵی گریس و شلەی نێو جومگەکان دەگێڕن بۆ نەرمکردنەوەی کێشەکانی جیهان، کاتێک دۆخێکی ئەنانی جیهانی داگرت، هەموو وڵاتە یاسایی و کاریگەرەکانی جیهان سەریان چوو بە نێو کێشە تایبەتەکانی خۆیاندا، ئیدی لۆژیکی حەسیرمەیدان و سڕینەوە بوو بە سەرکیترین میکانیزمی یەکلاکردنەوەی کێشەکان.
پێویستە گەلانی بێکەسی وەک کورد و فەڵەستین ئەو ڕاستییە بزانن کە ئێستاش ستراتیژیترین هەڵوێست ئەوەیە پشتگیریی گوتاری مافەکانی مرۆڤ بکەن، ئەوەی نەزانییەکی ترسناک بوو لەم نێوەندەدا ئەوە بوو کەناڵی جەزیرە، کە وەک نوێنەری پرسی فەڵەستینییەکان دەرکەوتووە، شەو ڕۆژ گوتاری مافەکانی مرۆڤ دەکوتێت و دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت درۆو بێبنەمایە! لە کاتێکدا دەبوو ڕێک پێچەوانەکەی بکردایە، هەوڵی بدایە گەر بۆ ڕووگیرکردنی جیهانیشە، بەرگریی لە گوتاری مافەکانی مرۆڤ بکردایە، زەرەرمەندی یەکەمی هەڵگیرسانی جەنگ و تێکچوونی هاوسەنگیی نێوەدەوڵەتیی گەلانی لاوازی وەک کورد و فەڵەستینییەکانە.
لێرەوە گەر فەڵەستینییەکان هەر لەسەرەتاوە ئایدیای ڕەق و یەکلایانەی لە ناوبردنی ئیسرائیلیان لە مێکشی خۆیان دەرکدایە و پەنایان ببردایەتە بەر سەرپێچیی، نافەرمانیی، دەستهەڵگرتن لە توندوتیژی، بە خشکەیی و نەرمی دەیانتوانی بخزێنە کون و کەلەبەری ئیسرائیل، بە نەرمیی و نافەرمانیی ناتوندوتیژ دەیانتوانی ببنە مێردەزمەی ئیسرائیل، بەڵام تۆ بە بێ حیلە، ڕەق و یەکلا خۆت بۆ دوژمن دەردەخەیت، پێشتریش بەنزینت کردووە بە ئاگری ڕق و کینەی ئایینیی و ڕەگەزییدا، ئیتر بەم کارەت حکومەتێکی ڕاستڕەو و ڕەگەزپەرستت لە ئیسرائیل قوت کردووەتەوە، ئیدی بەم کارەت چاوەڕێی چی ئەنجامێکی جگە لە وێرانکاریی؟
ئەم سەرنجە کورتە نە ئاسایشییە نە جیۆپۆڵەتیکیی، بەڵکوی مەبەستی سەرەکیی ئەم سەرنجە پیشاندان و شیکاری ئەقڵێکە کە لە دنیا تێناگات، بە پاڵنەری غەریزە و هەستی ڕووت هەڵوێست دەنوێنێت، توانای مامەڵەی لەگەڵ جیاوازیدا نییە، بووە بە ژێر داروپەردووی مێژووەوە و بەدەست ڕووداوەکانەوە وەک ماسی ژەهرخواردکراو دێت و دەچێت، ئەم مامەڵە غەریزییە تەنها دەردی فەلەستنییەکان نییە، مامەڵەی خەڵکی هەرێم لە گەڵ شەڕی غەزە پێی وتین، ئەم هۆشە کول و لەکارکەوتووە کە خەڵکی هەرێمەکەی ئێمەشی بە سەروپێوە تێ کەوتووە، تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کاتێک ئاوێنەیەک دەخەیتە بەر دەستی، دەڵێیت تەماشای خۆت بکە چەندە کەنەفت و بیماریی؟ پێتدا هەڵدەشاخێت و جوێنبارانت دەکات! لەبەر ئەوەی هەرچی توانای داوەریی بێلایەنانەی ڕووداوەکان هەیە لە دەستی داوە، لە ئیگۆی نەخۆشی خۆیدا ون بووە و ناتوانێت هەنگاوێک پاشەکشە بکات تا لێکدانەوەیەکی ئەقڵانیی و ڕەخنەگرانە بکات، بەڵکوو ڕاستەوخۆ هەڵوێست دەردەبڕێت! دەماری ملی هەڵدەستێت و غیرەتێکی سەرپێیی سەرتاپای بوونی دادەگیرسێنێت، ئەوەی ئێستا لە غەزە و ناوچەکە دەگوزەرێت و جیهانیشی لە کەناری جەنگێکی قیامەتیی نزیک کردووەتەوە، بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆی ئەم جۆرە دەروون و کەسێتییە.
ئێستا و دوای تێپەڕینی ساڵێکی ڕێک بە سەر هەڵگیرسانی شەڕی غەزەدا، لە هەر کاتێک زیاتر هەست بە مەترسییەکانی کەوتنی بەرەی نیشتمانیی و سیکۆلار و سەرهەڵدانی تەیاری مەزهەبیی و ئیخوانیزم دەکەین.
گەشەی باڵی ڕاستەڕەوی یەهوودیی لە ئیسرائیل، لە بەرانبەریشدا قۆرغکردنی کێشەی فەڵەستین لە لایەن باڵی مەزهەبیی و ئیخوانیزمەوە هێندەی تر ئاسۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی لێڵ کردووە، سا جگە لە هاڕینی یەکتر بژاردەی تریان بۆ چارەسەری کێشەکە نییە.
هەر وەک ئەم دوو ئاڕاستە تایفیی و مەزهەبیی و توندڕەوە لە ئیسرائیل و فەڵەستینیش، یەکتر بەرهەم دەهێننەوە و ئاو بە ئاشی یەکتردا دەکەن، هێندەی تر ناوچەکە بەرەو لێواری جەنگێکی هەرێمیی و ترسناک ئاڕاستە دەکەن، چارەسەریش لای هیچ کامیان نییە، گەر ئاسۆیەکی دوور لەگۆڕێ بێت، برایەتیی گەلان و دەستهەڵگرتنە لە کەڵکەڵەی دەسەڵاتخوازیی و ملدان بۆ پێکەوەژیانی گەلان، قەبووڵکردنی واقیعی موزائیکیی و جیاوازیی و فرەیی کەلتووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکە بژاردەی ڕاستەقینەی گەلانی ناوچەکەیە بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکانیان.