گۆشەی ئازد

ماڵبەکۆڵەکان و کۆچەرییەکانی شار

ماڵبەکۆڵیی خانەوادەکان بەشێک نییە لە مێژووی شار و لەگەڵ شاردا درووست نەبووە، لێ بەشێکی دانەبڕاوی شاری مۆدێرنە. وەک چۆن شاری مۆدێرن بەرهەمی گەشەی سەرمایە و سەرمایەدارییە، لە هەمان کاتدا شارە مۆدێرنەکانیش ماشێنێکن بۆ بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەداریی. لە سییەکانی سەدەی بیستەوە یەک لە میکانیزمەکان بۆ مانەوە و بەردەوامیی سەرمایەداریی، شاریبوونەوەی سەرمایە بووە، بەشێکی گەورەی سەرمایەی جیهانیی نزیک بە سەد ساڵە باشترین پانتایی ئابوورییان دۆزیوەتەوە کە زۆرترین قازانجی تیادا بەدەست دەهێنن، ئەویش ویرانکردنی شار و دیسان و دیسان بەرهەمهێنانەوەی شارە بە شێوازی هەردەم جیاوازتر.

کەیوان نووری

وەک چۆن یەکێک لە تایبەتمەندییە بنچینەییەکانی شاری مۆدێرن وێرانکردن و بنیاتنانەوەیە، ڕووخاندن و درووستکردنەوەیە، ڕاکێشانی دانیشتووانە بۆ ناوەند و دوورخستنەوەی هەمان دانیشتووانە بۆ کەنارەکانی شار و دیسان ڕاکێشانەوەیان بەرەو ناوەند. بە هەمان شێوە تایبەتمەندیەکی دیکەی شاری مۆدێرن، ماڵبەکۆڵیی خێزانەکانە. خێزانەکان هەر مانگ و ساڵێک لە گەڕەکێک، گوندێک و شوقەیەک دەژین. ماڵبەکۆڵی خێزانەکان لەنێو شاری مۆدێرندا جۆرێک لە کۆچی ئابووریی، کەلتووریی و کۆچی زۆرەکیی و ناچارییانە. دیاردەی ماڵبەکۆڵیی تاک و خانەوادەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە زوو یان درەنگ بەشی گەورەی دانیشتووانی شار دەگرێتەوە، ئیدی خۆویستانە یان ناچارانە. ئەم دیاردەیە لەناو ماڵبەکۆڵە دەوڵەمەندەکان دەکرێت وەک جۆرە نەخۆشییەک ببینرێت، یان فۆرمێک لە خواست و ئارەزووی ساختەی بەرهەمهێنراوی سیستەم، یان بەرخۆری کاڵا گەورە جێگیرەکان، یاخود ڕەمزی دەسەڵات و نیشاندان و نمایشی هێزی ئابووریی تاک و خێزانە خوداپێداوەکان! (بە وتەی ئایدۆلۆژیای ئایینیی چینی هەژموونداری کۆمەڵگا). بەڵام هەمان دیاردەی ماڵبەکۆڵی بۆ خانەوادە و تاکەکانی بەشێکی چینی ناوەند و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا، هۆکاری ئابووریی لە پشتە. کۆچی بەردەوامی تاک و خێزانەکان لەگەڵ ئەوەی ڕاکردنە لە شتێک لە هەمانکاتیشتدا ڕاکردنە بەدوای شتێکی تردا: بەشی گەورەی چینی سەرەوەی کۆمەڵگا خاوەنی هۆشیاریی چینایەتیین و لە دژبەرانی خۆیان دەترسن. بۆیە دەوڵەمەندەکان لە نیشتەجێبوون و ژیان لەناو چینی خوارەوەی کۆمەڵگا دەترسن. ژیان لەنێو دوژمنی چینایەتییدا هەموو کات لە بەردەم مەترسیی سڕینەوەی فیزیکیدایە. دەوڵەمەندەکان تەنها بە یەک مەرج دەتوانن لەنێو چینی دژبەریاندا بژین، ئەویش ئەوەیە کە وەک ئەوان بژین و بمرن، بەم جۆرە دەتوانن بژین، بەڵام بە هیچ جۆرێک ژیان یەکسان نییە بە ژیانکردن.

لە ئێستادا ئێمە لەم جۆرە دەوڵەمەندەمان زۆر هەیە، بەڵام کاتێک قەبارەی سەرمایەی ئەم جۆرە لە خەڵک دەگاتە ئاستێکی دیاریکراو، ئیدی خۆشاردنەوە هیچ کەڵکی نابێت، سکهەڵگوشین و جلوبەرگی سادە! لەبەرکردن ناتوانێت ناوی زڕاو و زوڵاڵیان بشارێتەوە. لە دۆخێکی وادا دەبێت ڕا بکەن. ڕاکردن لە کەسێک نا، بەڵکوو لە چینێکی کۆمەڵایەتیی. بۆ کوێ ڕادەکەن؟ بۆ لای هاوچینەکانیان لە بەرزاییەکانی شار، بۆ ناو قەڵا و گوند و شارە پارێزراوەکان. بەڵام نیشتەجێبوونێکی هەمیشەی نا، بەڵکوو کاتیی، ماڵەکانیان هەمیشە ئامادەی کۆچپێکردنەوە و گواستنەوەیە بۆ گوندێکی تر. هەژارەکان لە چی ڕا دەکەن و بۆ کوێ ڕا دەکەن؟ لە زەبرە کوشندەکانی قەیرانە ئابوورییەکان ڕا دەکەن، لە یاسا و پۆلیسەکانی یاسا ڕا دەکەن، کە بەزۆر ماڵەکانیان پێ چۆڵ دەکرێت، چونکە بڕیاره ناوچەکەیان بکرێتە مۆڵێکی گەورە یاخود پرۆژەیەکی نیستەجێبوونی هەوربڕ، ڕا دەکەن لە سیاسەتی بازرگانانی خانووبەرە کە کۆڵانەکانیان پڕ دەکرێت لە ماڵە سۆزانیی و هەرچیوپەرچیی و بێگانە مەترسیدارەکان! ئەدی بۆ کوێ ڕا دەکەن؟ ناوچەیەکی ئارامتر یان کەنارگیرتر، بۆ ناو شوقە بەهەشتییە پارێزراوەکانی چینی نێوەندیی، خەونی گەیشتن بە ناوچەی ئارام کاتێک وەهمی بەواقیعیکردنی زیاتر تۆخ دەبێتەوە کە خانووە کۆنەکانیان بە پارەیەکی زیاتر دەفرۆشن، ئەم زیادە پارەیە ئومێدێکی درۆزنانەیان لا درووست دەکات تا بتوانن ماڵێکی جوانتر لە شوێنێکی باشتر بکڕن و هەندێکیشیان بۆ دەمێنێتەوە. سەرگەردانییەکی کەلتووریی بۆ ماڵبەکۆڵەکان:

بارکردن لێرە بۆ ئەوێ و گۆڕینی خانوویەک و ماڵبەکۆڵبوون تەنها بە مانای دەستبەرداربوون نییە لە خانوویەک، کە بە ئەگەری زۆرەوە موڵکی خانەوادە نییە، بەڵکوو دەستبەرداربوونە لە جۆرە ژیان و جۆرە کەلتوورێک کە ماوەیەک تاک و خێزانەکان لەگەڵی ژیاون و لەگەڵی ڕاهاتوون، دەستبەرداربوونە لە شوێنێکی جوگرافی تایبەت، کە ماوەیەک خوویان پێوە گرتووە و لەناو کاتدا ژیانیان لەسەر بنەمای ئەو ڕێک خستووە. جێهێشتنی گەڕەکێک، شوقەیەک یان خانووی گوندێکی مۆدێرن دەستبەرداربوونە لە کۆمەڵێک مرۆڤ کە ناسیوتن، ئیدی لە گەڕەک بێت یان قوتابخانە، یاریگا و بازاڕچەی گەڕەک. لە شارە بچووکەکاندا دەکرێت ماڵەکەت بگوازیتەوە، بەڵام دەستبەرداری ئەو فۆرمە لە ژیان نەبیت وا خوت پێوە گرتووە، دەکرێت لەناو هەمان کەلتوور و نەریتدا بژیت وەک جاران، ئەمەش نەک بە خاتری ئەوەی نەریتپارێزیت، بەڵکوو لە جوگرافیای شارە بچوکەکاندا یەک فەرهەنگ هەژموونییەتی هەیە، ژمارەی گەڕەک و قوتابخانە و یاریگا و بازاڕچەکان سنووردارن، بۆیە گواستنەوەی ماڵ ناتوانێت لە هاوڕێ و دۆستەکانت داببڕێت و ناتوانێت گۆڕانی گەورە بە سەر تێڕوانین و شێوەژیانتدا بێنیت. شار و ماڵبەکۆڵیی پێکەوە لەدایک نەبوون:

ماڵبەکۆڵیی خانەوادەکان بەشێک نییە لە مێژووی شار و لەگەڵ شاردا درووست نەبووە، لێ بەشێکی دانەبڕاوی شاری مۆدێرنە. وەک چۆن شاری مۆدێرن بەرهەمی گەشەی سەرمایە و سەرمایەدارییە، لە هەمان کاتدا شارە مۆدێرنەکانیش ماشێنێکن بۆ بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەداریی. لە سییەکانی سەدەی بیستەوە یەک لە میکانیزمەکان بۆ مانەوە و بەردەوامیی سەرمایەداریی، شاریبوونەوەی سەرمایە بووە، بەشێکی گەورەی سەرمایەی جیهانیی نزیک بە سەد ساڵە باشترین پانتایی ئابوورییان دۆزیوەتەوە کە زۆرترین قازانجی تیادا بەدەست دەهێنن، ئەویش ویرانکردنی شار و دیسان و دیسان بەرهەمهێنانەوەی شارە بە شێوازی هەردەم جیاوازتر. شاریبوونەوەی سەرمایە جوگرافیا و جەستەی شار دەکاتە شوێنی کار و چالاکیی ئابوورییانەی خۆی. شار بۆ سەرمایە دەبێتە کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی زێدەبەها و کەڵەکەکردن، بۆ چینی خوارەوەی کۆمەڵگاش دەبێتە فۆرمێک لە ژیان لەناو کارگەیەکی کاری بیستوچوار کاتژمێریی. سەرمایەداریی ئەورووپای ڕۆژئاوا لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا توانی کۆچی بەلێشاوی لادێ بۆ شار بخوڵقێنێت.

ئەم کۆچە هاوکاتە لەگەڵ بێبەشکردنی گوندنشینان لە خاوەندارێتیی و بە پرۆلیتارکردنیان لە شارەکاندا. بەڵام سەرمایەداریی سەدەی بیست کاتێک بەشاریی دەبێتەوە، لەناو خودی شارەکاندا فۆرمێک لە کۆچی هەمیشەیی دەخوڵقێنێت کە ئێمە ناومان نا دیاردەی (ماڵبەکۆڵیی خانەوادەکان). سەرمایە لە شارەکاندا بە دەیان میکانیزمی جیاوازی ئابووریی، ئایدۆلۆژیی، یاسایی و کەلتووریی خێزانەکان ناچار بە کۆچ دەکات. کۆچکردنی خێزانەکان دەکرێت هەم ئاسۆیی و هەم ستوونیش بیت. هەڵکشان بە پەیژەی چینایەتییدا خێزانەکان ناچار بە کۆچ دەکات بەرەو ئەو گوند و شوقانەی وا بە شێوەیەکی کاتیی بەهەشتی بەڵێندرا و واقیعیین، ئەم گواستنەوەیە تەنها کاتییە و دوای ماوەیەکی زۆر کەم هەمان گوند و گەڕەک کە ڕۆژێک بەهەشت بوون، خلۆر دەبنەوە بەرەو دۆزەخ، بۆیە هەمان خێزان دیسان بەدوی بەهەشتێکی دیکەدا هەڵدێن، بەهەشت هەمیشە لە هەڵهاتندایە و خانەوادە دەوڵەمەندەکانیش لە ڕاکردنێکی بەردەوامدان بەدویدا. ئەو خانەوادانەی لە قەیرانە بەردەوامەکاندا پێگەی ئابوورییان دێتە خوارێ، بە هەمان شێوە لە کۆچێکی بەردەوامدان تا دەگەنە بنکی دۆزەخ. ئەم خێزانانە لە سەرەتادا خانووەکانیان موڵکی خۆیانە، بەڵام قەیرانەکانی شار و سەرمایەداریی شاریی پێیان دەفرۆشیت و پارەکانیان ورد دەبیتەوە تا ڕۆژێک ئیدی هیچی لێ نامێنێتەوە و دەبنە کرێچیی و قیستدەری بانکەکان. کرێچییەکان کۆچەرێکی هەمیشەین و قیستدەرەکان موحافیزکارێکی سەرکز. خەونی بوون بە خاوەنی خانوو (ئەمەش تەنها بەناو لە هەوادا) تەمەنێکی درێژ قیستدەرەکان دەکاتە کۆیلەی گوێڕایەڵەکانی سیستەم. وەهمی بەتاڵی بوون بە خاوەنخانوو کاتێک دەڕەوێتەوە کە قیستەکانیان کۆتایی دێت و دەبینن شوقەکانیان ئیدی نە بەهای بەکارهێنانی ماوە و نە بەهای ئاڵوگۆر. لە کاتێکدا ئەم قیستدەرانە هەندێ کات پێش تەواوبوونی قیستەکانیان شوقەکانیان دەفرۆشن بە زیانی زۆر گەورە. بەم جۆرە هەر مانگەی لە گەڕەکێک و گوندێک دەبنە کرێچیی یان قیستدەر، ئیدی بە هۆکاری ئابووریی بێت یان کەلتووریی.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...