گۆشەی ئازد

پێوانەکردنی نا دیموکراسی

کەمال چۆمانی

لە راپۆرتی ٢٠٢٢ ڤی-دێم -دەزگایەکە بۆ پێوانەکردنی [نا]دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان بنکەکەی لە زانکۆی یۆتۆبۆرییە لە سوێد، مۆدێلی هەرەباوی حوکمڕانی لە دونیادا تاکڕەوییە لە ئێستادا. ئەو بڕە دیموکراسییەی لەدوای ١٩٨٩ و روخانی دیواری بەرلینەوە جیهان ئەزمونی دەکرد، لە پاشوەچون دایە و ئاستی دیموکراسی لە جیهان گەڕاوەتەوە ساڵی ١٩٨٩.

لە ٢٠١٢ لیبرال دیموکراسی -مۆدێلی دیموکراسیی ئەوروپا و ئەمریکا- گەییشتە لوتکە کە ٤٢ وڵات بون، ئێستا ئەو ژمارەیە دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست لە ٢٥ ساڵی رابردوەوە.

ژمارەی ئەو وڵاتانەی هەڕەشەن لەسەر ئازادیی رادەربڕین لە ٢٠١١ پێنج وڵات بون، ئێستا ٣٥ ن.

دابەشبونی ژەهراوی -وەک ئەوەی لە کوردستان هەیە- لە ٢٠١١ پێنج وڵات بون، ئێستا ٣٢.

دیکتاتۆرییەت لە بەرزبونەوە دایە بە رادەیەک سەدا حەفتای دونیا لەژێر دکتاتۆری دەژیێت، واتا ٥،٤ ملیار کەس.

ئەو دابەزینەوەی ئاستی دیموکراسییە بەتایبەت لە ١٠ ساڵی رابردودا لە هەر کونجێکی دونیا هەستیپێدەکرێت. ئێمە لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەر شوێنێک زیاتر هەستی پێ دەکەین.

لە لایەکەوە مەسرور بارزانی و پارتی هەر رۆژ دیکتاتۆرانەتر مشتی خۆیان لە دەستەڵاتدارێتی توند دەکەن چ لەسەر ئاستی حیزب و چ لەسەر ئاستی کوردستان. لە لاکەی تریشەوە، یەکێتی ناشەرعییانە هەرچی دەستەڵاتە لە حکومەتی سەندۆتەوە و خستویەتیە بن دەستی بنەماڵەی تاڵەبانی، بە رادەیەک کۆدێتایشی تێدا ئەنجامدراوە.

ئەو پاشەکشەیەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا وای کردوە دۆخێکی ژەهراوی باڵ بکێشێ بەسەر کۆی سیاسەت لە کوردستاندا، ئابوری هەر رۆژ لە پاشەکشەدا بێت و کوردستان نزیکبۆتەوە لە شەڕێکی ناوخۆی تر، بە رادەیەک باسکردن لە شەڕ وەک هێز تەماشادەکرێ.

ئەو پاشەکشەیەی دیموکراسییە واشیکردوە ئۆپۆزسیۆنێکی ژەهراویی پۆپیولیست دروستببێت کە هێندەی دەستەڵاتی دیکتاتۆر نادیموکراتە. ئەو کەس و لایەنانەی خۆشیان وا دەبینن کە دژ بەو ئۆپۆزسیۆنە ژەهراوییە پۆپیولیستەن، لە راستیدا وێنەیەکی دیکەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە ژەهراوییەن.

ئیسلامییەکان لەبری زیاتر کرانەوە، هەر رۆژ زیاتر کۆنزەرڤاتیڤتر دەبن. بە رادەیەک پرسی جێندەر لای ئەوان ئێستا لە پرسی عەدالەتی کۆمەڵایەتی گەورەترە، ئەوەش ئەوپەڕی جەهلیانە بە دیموکراسی و سیاسەت.

بەگشتی رۆژگارێکی تاریک بەڕێدەکەین. پرسە گرنگەکان لای کۆمەڵگا و ئینتێلیجینیسیا و حیزبە سیاسییەکان تەنها پارەیە. پارە بۆتە بەهای هەرە باڵا. بەرژەوەندی گشتی و سامانی گشتی مانایەکیان نەماوە. زۆربە دەیەوێت ببێتە بەشێک لە گەندەڵییەکە نەک زۆربە پێکەوە بیەوێت ئەو گەندەڵییە لەناوببات، ئەوەش کارەساتی هەرە گەورەیە. لە بێهیوابون لە چاکسازی و گۆڕانکاریی ریشەیی، خەڵک چیتر بیر وەک جڤاک بیرناکاتەوە، بەڵکو وەک تاک دەیەوێت پشکێکی دەستکەوێت.

بۆ دەربازکردنی نیشتیمان لە دیکتاتۆری و بەدەستهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری، گەل پێویستە خواستەکانی بەرزبکاتەوە و دەستەجەمعییانە هەنگاوبنێت نەک دابەشبونی زیاتر.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button