گۆشەی ئازد

ستەمکاریی بژاردە

کاردانەوە فۆرمێکی هەڵبژاردنە، بۆیە سوبێکت خۆی بەرپرسیارێتیی بەرانبەر عوسابی (نیرۆسیس)ەکانی خۆی هەڵدەگرێت.

ڕێناتا سالێکڵ

لە ڕووسییەوە: عەلی ئەحمەد

 

داگرتنی فایلی PDF

 

“ستەمکاریی بژاردە: دەروونشیکاریی دەتوانێت چ دەربارەی ئەو دڵەڕاوکێ و ترسانە بێژێت وا ئێمە لە چەرخی سەرمایەداریی دواییندا ڕووبەڕوویان دەبینەوە”

«خەونە ڕووسییەکان» هانیاندام بۆ ئەوەی شەنوکەوی «ستەمکاریی بژاردە» بکەم. چەند ساڵێک پێش ئێستا لە گۆڤاری «تایم» دا ئەوەم خوێندەوە کە ڕووسیا لە ژمارەی یاریگاکانی تێنسدا پلەی یەکەمی جیهانی گرتووە. بیرۆکەکە ئەوە بوو کە دایک و باوکان خەونیان بەوەوە دەبینی مناڵەکانیان ببنە شاراپۆڤا و کورنیکۆڤای نوێ. من و ئێوەش باش دەزانین، سەرمایەداریی لەو بیرۆکەیەوە دەستی پێ کرد کە مرۆڤ گەرەکە خەونێکی هەبێت بۆ گەیشتن بە شتێک لە ژیاندا. سێرینا ویلیامز یاریزانی بەناوبانگی تێنسی ئەمریکیی جارێک گوتی کە ئەمە خەونی باوکی بووە، ئێستاش بووە بەو یاریزانە. من دەستم کرد بە پرسیار دەربارەی پەیوەندیی لە نێوان داهاتوو و خەیاڵدا، و ئایا خەیاڵ لە ڕاستییدا خەیاڵی ئێمەیە یان هی کەسێکی دیکەیە و ئێمە تەنێ دەیکەین بە هی خۆمان؟

جارێک لەسەر بەرگی گۆڤاری کۆسمۆپۆلیتان «Cosmopolitan» ئەمەم خوێندەوە: «ببە بە خۆت، لێ تەنێ باشترین بە!». گەر بە باشی بیری لێ بکەینەوە، ئەوا لەم درووشمەدا باندۆری هەستکردن بە گوناهـ هەیە – من دەبێ ببمە کەسێک. لای من ئەم پرسیارە سەری هەڵدا: «بۆچی سەرمایەداریی دوایین بەو ڕەنگە هەستی گوناهـ و دڵەڕاوکێ زیاد دەکات؟». لە ساڵی ١٩٧١دا ژاک لاکان کۆڕێکی لە میلان پێشکەش کرد و تێیدا بۆ یەکەمجار باسی گوتاری سەرمایەداریی و ئەوەی کرد کە چۆن سەرمایەداریی بە شێوازێکی نوێ ئاڕاستەی سوبێکت (مرۆڤ) دەبێت. ئیدی لێرەوە سوبێکت بە زمانی کرێکار بیر لە خۆی ناکاتەوە، بەڵکوو بە زمانی سەردار بیر لە خۆی دەکاتەوە. ئەم سەردارە یەکسانە بە بەکاربەرێکی ئازاد. بیرۆکەکە تەنێ دەربارەی ئەوە نییە کە سوبێکت (مرۆڤ) زیاتر و زیاتر ئوبێکتەکان [کاڵا و شمەکەکان] بەکار دەهێنیت، بەڵکوو دەربارەی ئەوەشە کە سوبێکت خۆی دەبێتە ئوبێکت [کاڵا] ی بەکاربردن. هەروەها لاکان باسی ئەوەی دەکرد کە سەرمایەداریی ئەو سیستەمەیە وا لە خێرابوونێکی بەردەوامدایە، بۆیە لەگەڵ کارکردن و بەکاربردنی زیاتر و زیاتردا، ئێمەش دەست دەکەین بە بەکاربردن یان تەنانەت سووتاندنی خۆمان. ئەم ئاڕاستەگیرییەی بەکاربەر لەسەر خۆی سەر دەکێشێت بۆ گەشەی بێئیشتیایی، زۆرخۆریی و ڕشانەوە (بولیمیا)، بۆ زیانگەیاندن بە خۆی (خۆلەناوبردن). هەروەها ئەم سوبێکتە نوێیە بە بیرۆکەی بێسنووریی چێژ پاڵپشتی دەکرێت. قسەکەمان لەمەڕ زاراوە سەرەکییەکەی لاکانە، واتە «jouissance» – زێدەچێژ – کە بێسنوور دەردەکەوێت. لاکان لە پرسیاری چێژەوە دەچێت بۆ پرسیارێکی دیکە: «تا چەندە سوبێکت بە ڕەمزیی نیشانە کراوە؟». لەم سەردەمەدا زۆرێک لە دەروونشیکارانی فەڕەنسیی هاوڕای ئەو بۆچوونەن کە لە ڕاستییدا سوبێکتی ئەمڕۆ بە بەراورد بە چەند دەیەک لەمەوبەر، لە ئاستێکی کەمتردا بە قەدەغە ڕەمزییەکان نیشانە کراوە. پرسیارە پەیوەندیدارەکە ئەوەیە – ئایا شتێک لەوەدا گۆڕاوە کە لاکان بە ئەویتری گەورە ناوی دەبات؟ لەم دۆخەدا مەبەستمان لە ئەویتری گەورە کولتوور، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و بە واتایەکی سنوورداریش زمانە. ئەویتری گەورە نییە، لێ کاریش دەکات. بە پشتبەستن بە ئەویتری گەورە سوبێکت دۆخێک بۆ خۆی درووست دەکات کە فەنتازیاکانی لەو ڕیزبەندییە دیاریکراوەدا خۆیان بونیاد دەنێن وا کایەی ڕەمزیی پێک دەهێنن. لەم ئەویتری گەورەیەدا هەندێک ئاوتۆریتێت/دەسەڵات هەن کە خەڵک لەگەڵیان هاوشووناس دەبن. دە ساڵ پێش ئێستا میلەر و لۆران لەمەڕ گۆڕانی سرووشتی ئەویتری گەورە نووسیویانە. لە جێی دەسەڵاتە کۆنەکان، کۆمیتە زانستییەکان هاتوون و هەندێک هەقیقەت دیاریی دەکەن. بە کردەنیی لە جڤاکدا گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ ڕووی داوە – واتە لە ئەویتری گەورەدا و لە شێوازی تێگەیشتنمان لە خۆمانیش وەک سوبێکتە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم مشتومڕە بۆ ئەو کەسانە ڕوونتر دەبێت کە سەردەمی سۆسیالیستییان بیر دەکەوێتەوە: ئەوەی کە چۆن ئەمڕۆکە ئێمە ئەویترە گەورەکان بۆ خۆمان دەدۆزینەوە، لە بنەڕەتەوە شێوازێکی جیاوازە لە ئەویترە تۆتالیتارییەکانی ئەو سەردەمە. ڕژێمێکیی کۆمەڵایەتیی-ئایدۆلۆژیی بۆ ئەوەی بوونی هەبێت، دەبێ بەردەوام پاڵپشتیی لە خۆی بکات. فەیلەسوووفی فەرەنسیی لوی ئاڵتوسێر باسی ئەوەی دەکرد کە ئایدۆلۆژیا تەنێ لەو کاتەدا کار دەکات وا بە شتێک (پێدراوێک) ی ئاسایی وەربگیرێت. بۆ نموونە، ئەمڕۆکە بازاڕ بە شتێکی ئاسایی دەبینرێت. واڵتەر بینیامین دەیان ساڵ پێش ئێستا وتویەتی بازاڕ لە سەرمایەدارییدا وەک خودا ڕەفتار دەکات و ئەو کەسانەی باوەڕ بەم ئایینە نوێیە نەکەن، بە مورتەد ناویان دەبەن. ئەو هەروەها باسی ئەوەشی دەکرد کە سەرمایەداریی دەبێتە هۆی هەڵکشانی نائارامیی و دڵەڕاوکێی مرۆڤ. ئایدۆلۆژیا خۆی کاردەکات و بە تەواویی پێویستی بەوە نییە خەڵک باوەڕیان پێی هەبێت.

یەکێک لە ئایدۆلۆژیا بەهێزەکانی ئەمڕۆ ئایدۆلۆژیای هەڵبژاردن (بژاردە) یە، هەروەها باوەڕە بە هەڵبژاردنی ئەقڵانیی مرۆڤ لە ژیاندا. لەم ڕۆژگارەدا بەردەوام پاڵمان پێوە دەنێن بۆ پێویستیی بە کامڵکردنی خۆمان، بۆ ئەوەی خۆمان بە ئایدیاڵیی بئافرێنین. گەنجان لیستێک بۆ ئەو شتانە درووست دەکەن وا پێویستە لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەنجامی بدەن – لە چ تەمەنێکدا بگەنە پیشەیەک، خێزان پێک بێنن و هتد… بۆ کچان بە تایبەتیی پرسی مناڵ دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ. دایک و باوکی من ئەم دووڕێیانە (گێرەوکێشە) یان نەبوو. هەرگیز بیریان نەدەکردەوە کە ئەمە پرسی هەڵبژاردنە. گرفتێکی دیکەی هەڵبژاردن ئەوەیە دەبێ بە درووستیی، یان وردتر بێژین – بە ئایدیاڵیی ئەنجام بدرێت.

با بەبیرتان بێنمەوە، سەرمایەداریی هەمیشە لەسەر ئەو بیرۆکەیە بەندە کە تاکەکەس خۆی دەتوانێت خۆی درووست بکات، واتە ئەو ئازادە لە هەڵبژاردنەکەی خۆیدا. مرۆی خۆدرووستکەر (Self made) – کەسێکە خەونی ئەوەیە لەو ژینگەیە دەربچێت وا تێیدا لەدایک بووە. تۆ دەتوانیت دەوڵەمەند بیت، تەنانەت ئەگەر بە هەژارییش لەدایک بووبیت. جاران وا دادەنرا بۆ سەرکەوتن مرۆڤ دەبێ زۆر کار بکات و گەشە بە توانا دیاریکراوەکانی بدات. ئێستا بەدیموکراسیکردنی خودی بیرۆکەی ناوبانگبوون هاتووەتە کایەوە. تۆ دەتوانیت بە ڕێککەوت دەوڵەمەند و بەناوبانگ بیت (بۆ نموونە، ببیت بە ئەستێرەی ڕیاڵیتی شۆو).

فەیلەسووفان پێشتر قسەیان لەمەڕ پەیوەندیی نێوان بژاردە و هەستکردن بە ترس کردووە. کیرکەگارد باسی ئەوە کردووە کە ترس پەیوەستە بە ئەگەری ئەگەرەوە. سارتەر باسی ئەوەی دەکرد کە لە کاتی وەستان لە قەراخی خەرەندێکدا، لەوە ناترسێت بکەوێتە خوارەوە، بەڵکوو لەو ئەگەرە دەترسێت کە دەتوانێت لەوێوە خۆی هەڵبداتە خوارەوە. دەروونناسی ئەمریکیی باری شوارتز لێکۆڵینەوەی لەو ترسانە کرد وا مرۆڤەکان لە پەیوەندیی بە بژاردەی بەکاربردن (بەکارهێنان) ەوە ئەزموونی دەکەن.

پرسیارەکەی من ئەوەیە، بۆچی ئایدۆلۆژیای ئەمڕۆ لە لایەکەوە داوامان لێ دەکات باوەڕێکی بەهێزمان بە هەڵبژاردنی شتێک هەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە داوای سنووردارکردن دەکات. کاتێک سیستەمی چاودێریی تەندرووستیی لە سلۆڤینیا تێک چوو، ئایدۆلۆژیایەکی نوێی بژاردەی تەندرووستیی هاتە کایەوە: من خۆم بەرپرسیارم لە جەستەی خۆم، من دەبێ هەوڵ بدەم نەخۆش نەکەوم، ئەگەریش نەخۆش بکەوم، ئەوا خۆم بەرپرسیارم لە چاکبوونەوە. لە حاڵەتی نەخۆشییدا دەبێ بە ئەرێنیی بیر بکەمەوە، ئەگەر نەتوانم خۆم چاک بکەمەوە، مانای وایە ناتوانم بە ئەرێنیی بیر بکەمەوە. ئەمە یەکێکە لەو نموونانەی کە چۆن ئایدۆلۆژیا داوامان لێ دەکات دان بە ناکامیی خۆماندا بنێین. مەبەستی من ئەوەیە ئایدۆلۆژیای سەرمایەداریی دوایین پشتگیریی لە بیرۆکەی بژاردەی ڕێگریکردن لە ڕەخنەی کۆمەڵایەتیی دەکات.

دە ساڵ لەمەوبەر تیۆریستی فەرەنسیی پیێر لێژاندر بە ئاماژەدان بە تیۆرییەکەی ژاک لاکان لەمەڕ ناوەکانی باوک، پێشبینی کرد لە داهاتوودا هەموو شتێک کەمتر سنووردارێتیی کۆمەڵایەتیی دەبێت. ناوی باوک چیتر وەک جاران کار ناکات. ئێمە زۆر باش دەزانین ناوی باوک ناوێکی دیکەیە بۆ یاسای ڕەمزیی (پانتایی سیمبۆلیی). ئێمە بۆ ئەوەی لە قەدەغە کۆمەڵایەتییەکان تێبگەین، دەبێ بە قەدەغەی ناوەکیی نیشانە بکرێین. ئێمە لە ڕێگەی بەکۆمەڵایەتیبوونەوە فێری قەدەغەکان دەبین. هەر لە سەرەتاوە لە پەیوەندییەکانی نێوان زارۆک و ئەو کەسەی گرنگیی پێ دەدات، وەک باوە دایک، قەدەغە بنەڕەتیی (یەکەمین) ەکان سەرهەڵدەدەن. لاکان زۆر جار جەختی لەوە دەکردەوە باوکی ڕاستەقینە پێویست نییە بۆ ئەوەی مناڵ بچێتە ناو بونیادی کۆمەڵایەتییەوە. یاسای ڕەمزیی لەوەدا کار دەکات کە چۆن دایک مامەڵە لەگەڵ مناڵ دەکات. بۆ نموونە، ئەگەر باوکەکە مردوو بێت، دایکەکە کاتێک گرنگیی بە منداڵەکەی دەدات، دەڵێت: باوکت هەرگیز ئەم جۆرە ڕەفتارەی پەسەند نەدەکرد. لە پەیوەندیی نێوان دایک و زارۆکدا یەکەم «نەخێر» سەرهەڵدەدات. دەروونشیکارەکانی ئەمڕۆ، بە پلەی یەکەم ڕەشبینەکان، سەرقاڵی ئەو پرسیارەن کە ئایا ئەمڕۆکە ئەم «نەخێر» ە لە پەیوەندیی نێوان دایک و زارۆکدا ئامادەیی هەیە یان نا. ڕەشبینترینەکان دەبێژن کۆمەڵگەی هاوچەرخ زیاتر حاڵەتەکانی دەروونپەشێویی (سایکۆسیس) درووست دەکات. واتە ئەگەر ئەم «نەخێر» ە سەرەڕای ئەوەش دەربکەوێت، ئێمە وەک حاڵەتێکی کلاسیکی بەعوسابیبوون لە ئەنجامی بەکۆمەڵایەتیبوونەوە دەیزانین، واتە سوبێکت (مرۆڤ) هەمیشە بەهۆی ئەم «نەخێر» ەوە بە ناکامیی دەمێنێتەوە. سوبێکت بە کەمیی (کێماسی) نیشانە کراوە. بەم جۆرە سوبێکت بەردەوام هەوڵی دۆزینەوەی شتێک دەدات تا ئەم کەمییەی پڕ بکاتەوە و هەمیشە ڕووبەڕووی مەحاڵێک دەبێتەوە کە بە شێوەیەکی یەکجاریی پڕ بێتەوە. بۆ وی هەمیشە وا دەردەکەوێت کەسانی دیکە چێژەکەی دەدزن. ئەو کێشەی لەگەڵ ئارەزووەکانی خۆی و ئارەزووەکانی ئەویتردا هەیە. ئەو بەردەوام ئەم پرسیارە دەکات: «من چیم دەوێت؟»، «ئەوانی تر چۆن دەمبینن؟». ئەگەر ئەم قەدەغەیە جێگیر نەکرێت، ئەوا ئەم سوبێکتە (کەسە) یان تووشی دەروونپەشێویی دەبێت یان لادان (perversion). دەروونشیکارە ڕەشبینەکان باسی کۆمەڵگەی بێسنوور، سوبێکتی بێ کێشکردن، دەروونپەشێوە نەشکاوەکان دەکەن. ئەم دەروونپەشێوییە وەک باوە تایبەتمەندیی ئەو کەسانەن کە بە ئاسانیی لەگەڵ کەسانی دیکەدا هاوشووناس دەبن و بەردەوام لاساییان دەکەنەوە (هێلینا دۆیچ، و لاکانیش لە ساڵی ١٩٥٦دا، باسی «ئەم کەسێتییانە» یان کردووە). ئەم کەسانە بچووکترین گومان یان نادڵنیایی لە ڕەفتارەکانیاندا نیشان نادەن، چونکە ئەوان لاسایی کەسانی دیکە دەکەنەوە. ئەمەش نیشاندەرێکی شانموونەییە بۆ کۆمەڵگەی ئەمڕۆ.

ئەگەر جاران قەدەغەکان لە دەسەڵاتەوە دەهاتن و ئێمەش زۆر جار لە دژی ئەم قەدەغانە شەڕمان دەکرد، ئەوا ئەمڕۆ سوبێکت گۆڕاوە بۆ خۆقەدەغەکارێک. سوبێکت بۆ خۆی ئەو قەدەغانە هەڵدەبژێرێت وا ملکەچیان دەبێت. لێ ئەمە زیاتر هاوشێوەی ئەو وەهمانەیە کە سوبێکت بۆ پاڵپشتیی لە بیرۆکەی ئازادیی کەسیی دایاندەهێنێت.

لە چیرۆکە خۆشەویستییەکانی هاوچەرخدا وەهمێک دەربارەی ئازادیی لە هەڵبژاردنی هاوبەشێکی ژیاندا هەیە. لە ئەمریکا تەنانەت دەربڕینێکی نوێ دەرکەوتووە بۆ «دیدارەکان» – hooking up – شتێکی وەک «بەستنەوە». «یەڵا hook up» دەربڕینێکە کە بە هیچ شێوەیەک واتای هەر ئەرکێک و ئەوەش ناگەیەنێت کە ئێمە بە دڵنیاییەوە لەسەر چاوپێکەوتنێک ڕێک بکەوین. هەر وەک دەربڕینی «Leťs have lunch» (با نانی نیوەڕۆ بخۆین). ئەمە زیاتر بەو مانایەیە کە من حەزم لێتە، بەڵام لەوە زیاتر بێزارم مەکە. نموونەی «بەستنەوە» بە ڕوونیی ئایدۆلۆژیای بژاردە نیشان دەدات. قسەکەمان لەمەڕ دوورکەوتنەوەیە لە نزیکایەتی، دڵبەستەیی و بەرپرسیارێتیی، ئاراستەگیریی تەنێ لەسەر کردەی جەستەیی. هەمان شت بۆ یەکترناسین لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە دەگوزەرێت. مرۆڤەکان وێنەیەکی ئایدیاڵیی هاوبەشێک درووست دەکەن. لە بنەڕەتەوە ئەمە جۆرێکی نوێی بازاڕە، کە مرۆڤ وەک کاڵایەک نرخی بۆ دادەنرێت – کێ جوانترە، دەوڵەمەندترە، زیرەکترە و هتد… لە لایەکی دیکەوە، تا بژاردە زیاتر بێت، خەڵک کۆنەپەرستتر دەبن. نابێت لەبیرمان بچێت کە لە ئەشقدا قسەکەمان لەمەڕ فەنتازیا نائاگایی (نەستەکیی) ەکان، چێژ و ئارەزووە. کەچی ئەمڕۆ ئێمە هەوڵدەدەین هەموو ئەمانە بگوازینەوە بۆ کایەی بژاردەی ئەقڵانیی. ئێمە هەوڵ دەدەین لەگەڵ ئەو ترسەدا هەڵبکەین وا دەبێتە هۆی ئەشق. لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، کە تا ڕادەیەکی زۆر تاکگەراییە، گەلەک شێواز و ستراتیژی نوێ هەن و ڕێگەمان دەدەن لە مرۆڤێکی دیکە نزیک نەبینەوە. لێرەشدا باسەکەمان دەربارەی ناتواناییە لە پاراستنی پەیوەندییەکی درێژخایەندا. مرۆڤ زیاتر حەزی لە تێربوونێکی سێکسیی خێرایە. ئەمەش هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی چێژی لەدەستچوو. سوبێکت ئامانجی ئەوەیە لە نارسیسیزمەکەی خۆیدا تێر ببێت. لە لایەکەوە میدیا بیرۆکەکان دەربارەی سوپەرسێکسوالێتی بڵاو دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ئێمە باڵادەستی هەستی ناتەواویی سێکسواڵێتیی خۆمان دەبینین. ئەمڕۆکە شتێکی جوان نییە کەسێک بڵێت کە ژیانی سێکسیی تۆ هاوشێوەی ئەوەیە وا لە گۆڤاری کۆسمۆپۆلیتان باس دەکرێت. یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەم ناتەباییە ئەوەیە ژمارەیەکی زۆری خەڵک ڕوو دەکەنە ڕەبەنیی، واتە بە گشتیی ژیانی سێکسیی ڕەت دەکەنەوە.

لە کۆمەڵگەدا کێشەیەکی گەورە هەیە کە گرێ دراوە بە دڕدۆنگییەوە، ترس لێی بەردەوام گەشە دەکات. هەر چییەک هەڵبژێرین، هاوبەشێکی ژیان بێت یان کارێک، سەروکارمان لەگەڵ لەدەستداندایە. من شتێک هەڵدەبژێرم، بەڵام شتێکی دیکە لە کایەدا لەدەست دەدەم. لە ئەنجامدا هەندێک خەڵک بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بڕیار لەسەر بژاردەیەک بدەن. بۆ فرۆید بابەتی هەڵبژاردن زۆر گرنگ بوو. ئەو زاراوەی «هەڵبژاردنی نیرۆسیس» ی داهێنا – مرۆڤ بە شێوەیەکی ئەقڵانیی ئەم یان ئەو نیرۆسیسە هەڵنابژێرێت، بەڵکوو ژمارەکی زۆری هۆکارە دەرەکییەکان کاریگەریی دادەنێن. لەسەر نموونەی حاڵەتەکەی دۆرا، کە لە ماڵباتێکی سەخت و دژواردا دەژیا و بەردەوام کەسانی دەوروبەری بە هۆکاری چەرمەسەریی خۆی تاوانبار دەکرد، دەتوانین باسی پەیوەندیی نیرۆسیسەکەی بە ژینگەی خێزانەکەیەوە بکەین. لێ فرۆید گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی دۆرا خۆی دانەری ژان و دەردەنیشانەکان (سیمپتۆمەکان) یەتی، چونکە خۆی بڕیاری داوە بەم شێوەیە بەرانبەر هەلومەرجە دەرەکییەکان کاردانەوە بنوێنێت.

کاردانەوە فۆرمێکی هەڵبژاردنە، بۆیە سوبێکت خۆی بەرپرسیارێتیی بەرانبەر عوسابی (نیرۆسیس)ەکانی خۆی هەڵدەگرێت. قسەکەمان لەمەڕ بژاردەی ئەقڵایی نییە، بەڵکوو لە سەر ئەوەیە کە سوبێکت دانەری دەردەنیشانەکانی خۆیەتی. هەروەها ژاک لاکانیش باسی ئەو ژان و ئازارە مرۆییانەی کردووە وا گرێدراون بە هەڵبژاردنەوە. ئەو جەختی دەکردەوە کە سوبێکت دەبێ خۆی هەڵبژاردن بکات بۆ ئەوەی جۆری پەیوەندیی بە ژانەکەی خۆیەوە بگۆڕێت. لێ لاکان قسەی لەسەر بژاردەیەکی زۆرەملێ دەکرد، کاتێک بژاردەکە لە یەک کاتدا هەم پێشکەش دەکرێت و هەم ڕەت دەکرێتەوە. وەک چۆن لە یەکێتیی سۆڤێتدا کێڵگەی هاوبەش (کەڵخۆز) خۆبەخش-ناچاریی بوو. واتە بژاردەکە لە فەنتازیادا بوونی هەیە، نەک لە واقیعدا. تەنانەت لە ڕژێمێکی تۆتالیتاریشدا فەنتازیایەک دەربارەی هەبوونی بژاردە هەبووە. لاکان دەیگوت خودی پێکهاتنەکەی سوبێکت واتای لۆژیکی هەڵبژاردنی ناچاریی دەگەیەنێت.

سەرەڕای ئەمانەش بژاردە گرێ دراوە بە فەنتازیا و ئارەزووە نائاگایی (نەستەکیی) ەکانمانەوە، نەک بە هەڵبژاردنی ئەقڵانییەوە. بژاردە – پێکهێنەرێکی گرنگی ئایدۆلۆژیای ڕۆژگاری ئەمڕۆیە. لێ کێشەکە ئەوەیە هەڵبژاردنی ئەقڵانیی وەک تاکە بژاردەی شیاو و مومکین پڕۆپاگەندەی بۆ دەکرێت. ئەودەمەی سوبێکت سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ڕەخنە لە خۆی دەگرێت، ناتوانێت لە پەیوەندیی بە کۆمەڵگەوە ڕەخنەگر بێت. بۆ نموونە، ئەگەر من کارەکەم لەدەست دابێت، ئەوا خۆم سووچدارم نەک ئەو کۆمپانیایەی دەری کردووم.

جۆن لێنۆن ئەوەی نووسی کە ژیان ئەوەیە وا لەگەڵت دەگوزەرێت، تا ئەو کاتەی پلانێکت بۆ داهاتوو دادەنێیت. ئەرکێک بیرکردنەوەیە لە هەڵبژاردنێک، یەکێکی دیکە ئەوەیە بیکەیت. ئێمە دەبێ تێبگەین بژاردەمان هەیە – ئەویش ئەوەیە ستەمکاریی بژاردە (بژاردەی زۆرەملێ) قەبووڵ بکەین یان نا.

سەرچاوە (ڕووسیی):

Лаканалия, # ٢, ٢٠١٠, ЖенаМясника.

دەربارەی نووسەر

ڕێناتا سالێکڵ، ژنە فەیلەسووف و یەکێکە لە تیۆریستە پێشەنگەکانی قوتابخانەی لیوبلیانای دەروونشیکاریی لە سلۆڤینیا، نووسەری ژمارەیەک پەڕتووک و وتارە کە بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.