کاڵکان: بناغەی سەدەیەکی نوێ دادەنێین و گەڕانەوەی نییە
ئەوانەی خواستیانە ئاستەنگی درووستکەن، گەر بشیانەوێت گەڕانەوە لەم پرۆسەیە نییە. گرنگ نییە چی دەکەن، بە دڵنیایی ناتوانن کوردان و تورکیا بگەڕێننەوە بۆ دۆخی پێشوو.

دوران کاڵکان ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، هێرشەکەی ئەمریکای بۆسەر فەنزوێلا وەک نیشانەی هەڵوەشانەوەی مۆدێرنێتەیی سەرمایەداری پێناسەکرد و گوتی: “ڕۆحی سەردەمەکە لە بری فرە دەوڵەتی، یەک دەوڵەتی هەژمونخواز دەخوازێت.”. هەروەها پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانی ئێران، ئاماژەی بەوەدا ئەوەی ڕوودەدات درێژکراوەی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی”ـە.
دوران کاڵکان لە دیمانەیەکی تێروتەسلدا لە مەدیا خەبەر تیڤیـەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٥، ڕووداو و پێشهاتە جیهانییەکان لە ئێرانەوە بۆ فەنزوێلا و ئەوەی لە جیهاندا ڕوودەدات، ئاستی هەنووکەیی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و هەموو ئەو ڕووداوگەلانەی لە ڕۆژڤدان کرد.
دوران کاڵکان بە پیرۆزکردنی ساڵی نوێ دەستی بە قسەکانی کرد و بەم شێوەیە بەرەدەوام بوو: “سەرەتا ساڵی نوێ لە ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو ئەوانەی بۆ سۆسیالزیم، دیموکراسی و ئازادی تێدەکۆشن پیرۆز دەکەم. پێموایە لە ساڵی تێکۆشانی ٢٠٢٦دا سەردەکەوین. پارساڵ ڕووداوی کاریگەر لە کوردستان و ناوچەکە و جیهاندا ڕوویاندا و لە هەندێک ڕووەوە بوونە دەستپێک بۆ سەردەمێکی نوێ. هەموو کەسێک گفتوگۆی ساڵەکە دەکات و ئامار و پانۆراما دەخاتەڕوو.
جەنگی سێهەمی جیهانیی قوڵتربووەتەوە کە لە نەوەداکانەوە لە ئارادایە و بە ناوچەکە و جیهاندا بڵاوبووەتەوە. جەنگەکە کە لە شەڕی ئیسرائیل-ئێران گەیشت بە لوتکە، بە هێرشەکانی ئەمریکا لە هەموو جێگەیەک درێژەی هەیە، هەموو ڕووداوەکان پێکەوەبەستراون. لەم جەنگەکەدا هەموو کەسێک بەشی خۆی نیگەرانە و هەموو لایەن و دەسەڵاتداری و کۆمەڵگەکانیش لەم دۆخی نیگەرانییەدان. لەم چوارچێوەیەدا دەوڵەت-نەتەوە بۆ درێژەدان بە تەمەنی خۆی لە شەڕ و ململانێدایە. دەتوانین بڵێین ئەوانەی هێزی پێویستییان هەیە هێرش دەکەن. بەڕاستی دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی کە پێی دەوترێت ‘یاسایی دارستان’. هیچ یاسایەکی نێونەتەوەیی، دادپەروەری، پرەنسیپ و سیستەمێک نەماوە. ئەو ئاستەی سیستەمی سەرمایەداری پێی گەیشتووە لەبەرچاوە.
لە ساڵی ٢٠٢٥ تێگەیشتنی ژن، ڕێخکستن و تێکۆشانیی بووە هیوای ڕزگاری مرۆڤایەتی
لە بەرانبەر هەموو ئەم بێ سەروبەرییەیی جەنگی جیهانی سێهەمدا، بەرخۆدانی ژن، گەنجان، کرێکار، ڕەنجدەر و گەلان لە ئارادایە. لە پێناو ئازادیی، دیموکراسیی، دادپەروەری لە هەموو بوارێکدا تێکۆشان هەیە، کە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە گشتی دەستپێکراوە و درێژەی هەیە. بێگومان تێکۆشانی پارساڵی ژنان کاریگەرترینیان بوو، کە لە کوردستان و چەندین گۆڕەپانی جهیاندا بوونی هەبوو. تێگەیشتنی ژن، ڕێخکستن و تێکۆشانیی بووە هیوای مرۆڤایەتی، بووە پێشەنگی دیموکراسی و ئازادیی. بە تیۆر و پراکتیک ڕوونبووەوە کە پێشکەوتنی کۆمۆناڵێزم و سۆسیالیزم بە ئازادیی ژن دێتە ئارا. هەموو کەسێک لێکی دەداتەوە و هەوڵی تێگەیشتنی دەدات. بە گشتی دۆخەکە بەم شێوەیە.
پوختەی قسە؛ ساڵێ ٢٠٢٥ بوو ساڵێک کە لە دژی هێرشی زۆرداری، شۆڤێنی، نەژادپەرستی، فاشیست، دەوڵەت-نەتەوە بە پێشەنگایەتی ژن و گەنجان هاوشان بە کرێکار، ڕەنجدەر و گەلان بۆ ئازادیی، دیموکراسیی، سۆسیالیزم پەرەیان بە تێکۆشان دا و لەو پێناوەدا بەرەنگار بوونەوە.
پەرەسەندنەکانی کوردستان مۆرکی لە ساڵەکە دا
بێگومان ئەوەی مۆرکی لە ساڵەکە دا پەرەسەندن و پێشەکەوتنەکانی کوردستان و تورکیا بوو. ئەوەی ڕوویدا بۆ کوردستان، تورکیا و تێکۆشانی نێونەتەوەیی نێوان هێزەکانی مۆدێرنێتەی دیموکراتیک هەمان مانایە. بانگەوازی کۆمەڵگەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٠٢٥دا کرا و بووە بنەمای پراکتیکی ساڵەکە و مۆرکی خۆی لێدا. بێگومان پێش دەستپێکردنی ساڵەکە و ڕووداوەکانی مشتومڕی زۆر هەرزان هەبوو کە دەگوترا هەرگیز ئەمە نایەتە کایەوە.
دەستوەردانی ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەکە لە نزیکەوە بوو. لەسەر ئەم بنەمایە ئەو هەنگاوانەی کە لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ وەک تەڤگەر نامان، دڵسۆزی هێنایە ئارا و پەرەی بە پرۆسەکە دا و ڕوداوگەلێک ڕوویدا کە لە چاوەراونی کەسدا نەبوو. لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ پەکەکە کۆنگرەی ١٢هەمینی خۆی بەست و بڕیاری کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری هێنا. لە ١١ـی تەممووزدا کۆمەڵێک گەریلا وەک گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک چالاکی چەکسوتانیدان ئەنجام دا. هەروەها لەو هەرێمانەی مەترسی شەڕ لە ئارادابوو، هەم لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و هەمیش لە گۆڕەپانی باکوور کشانەوە درووست بوو. لە ١ـی ئادار بەدواوە پەکەکە ئاگربەستی ڕاگەیاند، کە لەگەڵ کاتدا گۆڕا بۆ ئاگربەستی پراکتیکی دوو لایەنە
بناغەی سەد ساڵی نوێ دانرا
ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی مێژوویی بوو کە کۆتایی بە شەڕی ٤١ ساڵەی گەریلا بە پێشەنگایەتی پەکەکە، شەڕی ١٠٠ ساڵەی دەوڵەتی کورد-تورک هێنا. ئەمە زۆر گرنگ و مانادارە. کەس چاوەڕوانی ئەمەی نەدەکرد. کەس چاوەڕوانی ئەوە نەدەکرد هەنگاوێکی بەمجۆرە بنرێت، بگاتە ئاستی بیرکردنەوە و بڕیاردان و لە پراکتیکدا جێبەجێ بکرێت. ڕێبەر ئاپۆ ئیرادەی خۆی نیشان دا. ئەمە گەورەترین و گرنگترین ئیرادە بوو لە مێژوودا. بۆ ئەوەی هەمووان قایل بکات، گوتی، ‘بە بەرپرسیارێتیەوە دەوەستم’. هەروەها پەکەکە لە چوارچێوەی بانگەوازەکەدا بەبێ دواکەوتن، بە هەمان ئیرادە و ڕوونی هەنگاوی ناوە و بڕیارەکانی خۆی داوە. پێویستییەکانی بڕیارەکەی لە پراکتیکدا جێبەجێ کرد و بەم شێوەیە پرۆسەیەکی نوێی دەستی پێ کرد.
پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پرۆسەیەکی نوێیە. ئەو شەڕەی کە لەسەر بنەمای پێکهاتەی دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٢٤ بە دژایەتی کورد و نکۆڵیکردن لە کورد دەستی پێ کرد، لە ١٠٠هەمین ساڵیادی واتە لە شوباتی ٢٠٢٥ بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ ڕاوەستێنرا، کۆتایی پێ هێنرا. بە واتایەکی تر ئەو پڕۆسەیەی کە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەستی پێ کرد، بە ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی پێ هات. هەربۆیە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو ڕاگیرا و بناغەی سەدەیەکی نوێ دانرا. ڕێبەر ئاپۆ گوتی، ‘بناغەی سەدەی داهاتوو دادەنێین، بناغەی هەزار ساڵی داهاتوو دادەنێین’. کۆتایی بەو ١٠٠ ساڵەی ڕابردوو دەهێنین کە گۆڕەپانی شەڕی کورد-تورک بوون و سیستەمێکی نوێی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئاشتی کورد-تورک لەسەر بنەمای دیموکراتیک درووست دەکەین، سیستەمێکی نوێی پەیوەندییەکان کە لەسەر بنەمای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دامەزرابێت و ڕێگە بۆ سەدەیەکی نوێ، هەزارەیەکی نوێ دەکەینەوە، بناغە بۆ ئەمە دادەنێین، هەنگاو بۆ ئەمە دەنێین. ساڵی ٢٠٢٥ـی بەم شێوەیە هەڵسەنگاند. لە ڕاستیدا پێویستە بەم شێوەیە لە ١٠٠ ساڵی ١٩٢٥ تا ٢٠٢٥ تێبگەین. دەبێت بە وردی ببینرێت و تێبگەین کە ئەمە مانای چییە، گرنگییەکەی چییە.
بە واتایەکی تر ساڵێکی ئاسایی نەبوو. ئەو بناغانە دانران کە کۆتاییان بە نزیکایەتی، ڕووداو و ستراتیژییەکانی سەدەی ڕابردوو هێنا، ستراتیژی، پەیوەندی نوێ و پێکهاتەی سیاسی نوێیان درووستکرد کە بۆ سەدەی داهاتوو بڵاودەبێتەوە. هەربۆیە تەواوبوونی ساڵی ٢٠٢٥ و تێپەڕاندنی ساڵی ٢٠٢٦ دەبێت وەک وەچەرخانێک سەیر بکرێت. لە ڕاستیدا تێپەڕبوونی ساڵێک بۆ ساڵێکی تر بە واتای تێپەڕبوونی سەدەیەک بۆ سەدەیەکی نوێ دێت. ئەمە زۆر گرنگ و مانادارە.
لەمەودوا چۆن دەبێت، چی دەبێت، چۆن بناغە دانراوەکان دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە؛ ئەوە پرسێکی جیاوازە. بە واتایەکی تر چ جۆرە بەربەستێک سەرهەڵدەدات، چ جۆرە تێکۆشانێک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت… بێگومان ئەمانەش هەن، بەڵام ئەمە پرسێکی جیاوازە.
هەرچییەک بکەن ناتوانن دۆخی ڕابردوو بگەڕێننەوە
لە ئێستادا بە هەنگاوەکانی ساڵی ٢٠٢٥ بناغەیەک دانرا. ئەگەر ئەوانەی ئاستەنگی و فشار دروستدەکەن هەشبن، گەڕانەوە بۆ دۆخی ڕابردوو ڕوونادات. لەوانەیە هەندێک هەبن کە بیانەوێت درێژە بەوەی ڕابردوو بدەن، ئاستەنگی دروستبکەن، ڕانتخۆر هەن، بەرهەڵستی دەکەن. بەڵام چی دەکەن با بیکەن، ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەدساڵی ڕابردووە، کە بە ٢٠٢٥ کۆتایی هات. پەیوەندییەکانی کورد و تورک، دۆخی کورد، دۆخی تورکیا… واتا هەوڵەکانیان پووچەڵدەبێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا بناغە دانراون، پێداگری لەسەر ئەم بنەمایەیە.
ئەمە مامەڵەیەکی بەرتەسکی سیاسی نییە. نە درێژەدانە بە شەڕێک، نە دۆخێکە کە هۆکارەکەی زەحمەتیی دۆخی شەڕە. ئەمە بناغەی تێڕوانین، بناغەی بیر و هزر، بناغەی ئایدۆلۆژی هەیە. واتا بناغەیەکی هێڵداڕێژراو هەیە. پشت بەوە دەبەستێت. لەبەرئەوە بناغەیەکی بەهێز دانراوە.
ئێمە دەتوانین بڵێین: لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا ئەگەر بە قورسیش بێت، بە شێوەیەکی ئامادەش نەبێت، بە بانگەواز، هەوڵدان، بەرپرسیارێتی، لەسەرخۆیی و ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاو نران. هەمووان ئەمە دەبینن و هەوڵدەدەن لێی تێبگەن. ئەوانە لە سەرەتادا تێنەگەیشتن، ئێستا باشتر تێدەگەن، ئەوانەی سەرەتا نەیانتوانی ببینن، ئێستا باشتر دەبینن، ئەوانەی سەرەتا نەیانتوانی باوەڕ بکەن، ئێستا باشتر باوەڕدەکەن. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەم دۆخە زیاتر بەردەوام دەبێت، پێشدەکەوێت، زیاتر بەرەو پێش دەچێت. ئەوانەی هەوڵدەدەن ڕێگری بکەن و دژایەتی بکەن، دوور دەخرێنەوە. ئێمە لەو باوەڕەداین کە پرۆسەکە تەنها ڕزگاریی کورد و تورکیا لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت، لە هەمان کاتدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیموکراتیک دەکات، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ خوشک-برایەتیی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، برەوی پێدەدات و دەبێتە دەستپێکێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی، دەبێتە هیوایەکی نوێ، کۆمەڵگەکان ڕزگاردەکات لەو نەخۆشییانەی سیستەمی مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیست کە وەکو شێرپەنجە مرۆڤایەتی لەناودەبەن.
مەترسی لەسەر تورکیا و کوردستان بەردەوامە
ئەو دۆخە سیاسی و سەربازییەی بووە هۆکار کە پرۆسەیەکی لەم شێوەیە دەستپێبکات و ببێتە پێویستییەکی گەورە، ئەو دۆخەی کە بۆ تورکیا، بۆ کورد مەترسییە، بەردەوامە. پێویستە ئەمە دانی پێدا بنرێت. ئەمە بەڕاستی گرنگە.
دۆخێکی پێچەوانەی ئەمە نییە. شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتا ئەو پرۆسەیەی کە لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە شەڕی غەززە دەستی پێ کرد، تەنها لە کەناراوەکانی دەریای سپی-ناوەڕاست نەمایەوە. تەنها لە لوبنان، لە سووریا نەمایەوە؛ گۆڕا بۆ شەڕی ئیسرائیل و ئێران. گەیشتە بەر دەرگای تورکیا و باس لەوە دەکرێت کە ڕێڕەوێکی وزە، سیستەمێکی نوێ دادەمەزرێت کە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی بەدەستدەهێنێت. ئەو هێزانەی کە ئەم شەڕەیان دەستپێکرد، سەروەرییەکی نوێیان لەسەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دامەزراند. ئیسرائیل، قوبرسی باشوور، یۆنان، ئەو ڕووداوانەی کە لە میسر تا لیبیا ڕوویاندا، لەبەرچاون. ئەگەر وڵاتانی عەرەبی کەنداویشی بێنینە سەر؛ لەسەر بنەمای پەیمانی ئیبراهیم، هەر خۆیان لەگەڵ ئیسرائیلن، لەگەڵیدا هاوبەشن، لێک جیا نین. لەبەرئەوە شەڕ قووڵدەبێتەوە، بڵاودەبێتەوە. دەبێتە دۆخێک کە کاریگەری زیاتری لەسەر کوردستان دەبێت. گەمارۆی زیاتری تورکیا دراوە. پێویستە ئەمە ببینرێت.
کەس نازانێت ڕووداوەکانی لیبیا چییە. هەریەکە و باسی شتێک دەکات. ئەو سوپاسالارەی کە تورکیا پشتیوانی لێ دەکرد، لە تورکیا بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە گیانی لەدەستدا. ڕوون نییە کە ئاخۆ کێ کردوویەتی! زۆر شت ڕوویاندا. هەر خۆی میسر لە ناوەندی ئەم کارەدایە. پەیوەندییەکانی ئیسرائیل-قوبرس-یۆنان، سەروەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی لەئارادایە. تورکیا لە دەریای سپی بڵاودەبووەوە، لە دەریای سپی هەندێک شتی دەکرد، بانگەشەی گەڕان بەدوای نەوتی دەکرد. دەیگوت، ناوچەی ئەوە. لە ئێستادا لە دۆخێکدایە کە ناتوانێت بچێتە دەریای سپی. هەمووان ئەمە دەبینن. لە باشوورەوە گەمارۆ دراوە، کەوتووەتە دۆخێک کە ناتوانێت بچێتە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە باکوورەوە گەمارۆ دراوە، کەوتووەتە دۆخێک کە ناتوانێت بچێتە دەرەوەی دەریای ڕەش. فڕۆکەکانی چاودێری دەگەڕێن، فڕۆکە جەنگییەکان دەکەونە خوارەوە. فڕۆکەی تورکیا لە تورکیا دەکەوێتە خوارەوە. لە ئازەربایجانیش فڕۆکەیەک کەوتە خوارەوە. لە ڕاستیدا گوماناوی بوو. زۆر شت هەن؛ هۆکارەکانیان نازانرێت، ئاشکرا ناکرێن. بۆچی بە شاراوەیی دەهێڵدرێتەوە. بەڵام مەترسییەکی گەورە لەئارادایە. بەر لە هەر شتێک پێویستە هەمووان ئەم ڕاستییە ببینن. پێویستە تورکیا فشارەکانی سەر ئێران، وەکو فشاری سەر خۆی ببینێت.
تاکە پرۆسە کە تورکیا لەم دۆخە ڕزگار بکات، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە
ئەم دۆخە دۆخێکی کاتی نییە. دۆخێک نییە کە بە ملکەچبوون بەڕێوەبچێت. تاکە پرۆسە کە تورکیا لەم دۆخە ڕزگار بکات، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بوو، لەسەر بنەمای خوشک-برایەتیی تورک و کورد، دامەزراندنی تورکیایەکی دیموکراتیک بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە پرۆسەیەکی هێندە مەترسیداردا لەسەر تورکیا، ستراتیژیی ڕزگاری هێنایە کایەوە.
لە ئێستادا هەندێک لایەن واتا و گرنگیی ئەمە تێدەگەن، بە پێی ئەمە مامەڵە دەکەن بەڵام هەندێک لایەنی ڕانتخۆر بەرهەڵەستیی زۆر شت دەکەن. ئارەزووی ناکەن. هەوڵدەدەن کە بیکەنە ئامڕازێکی دەسەڵات. واتا دەسەڵات لە تورکیا هەر چییەک بێت، هەرچەندێک بەردەوام بێت، تورکیا ڕووبەڕووی هەر چییەک ببێتەوە؛ بەبێ بیرکردنەوە، وەکو ئەوەی کە شتێکی گەرەنتیکراو هەیە هەڵوێستێک نیشاندەدەن کە لە ڕێیەوە لە ڕووی داراییەوە قازانج بکەن، بەرژەوەندی بەدەستبهێنن، خۆیان بکەنە هێزی دەسەڵاتدار.
پێکهاتەگەلێکی زۆری لێکەوتەوە، چەندین نەتەوەپەرەست و شۆڤێنی هەن، پێکهاتەیەک کە دەوڵەت وەک پەرستگایەک دەبینێت. خۆیان فریودەدەن، بێگومان ئەوانەش هەن کە هیچ نابینین. دۆخێکە کە مێشکیان شۆراوەتەوە. لە لایەکیشەوە بوونە بە پارت؛ کە تەنها وەک دەسەڵاتداری لە سیاسەت دەڕوانن، نەک ئەوەی بۆ ژیان، ئارامی، دادپەروەری و ئایندەی کۆمەڵگە. لە ماڵەیەکی ئاوادان، بەڵێ تێگەیشتنی لەم جۆرەش هەیە.
دەبێت لۆژیکیانە بیربکەنەوە
هەموو کەسێک دەبێت لۆژیکیانە بیربکاتەوە. هەموو کەسێک لە تورکیادا قسەدەکات و دەڵێت هەم و سیاسەت دەکەم، دەبێت واقعە ببین و بەوپێیە بجوڵێنەوە. بە قسەی پروپوچ جگە لە خۆخەڵەفاندن و لە باربردنی ئایندەیان ناتوانن هیچ بکەن، بەدەر لەمە هیچیان لێناکەوێتەوە.
کوردیش پێویستی بە متمانەیە
لەم چوارچێوەیەدا ڕوو بەرەو ساڵی نوێی ئەم دۆخە چییە؟ وەک لایەنی کورد نیشانماندا کە چەندە یەکگرتوو، خاوەن هەڵوێست و هاوپێچی یەکێتی گوتار و پراکتیکین. دەڵێن کێشەی متمانە لە نێوان لایەنەکاندا هەیە. کورد لەوە زیاتر چی بۆ ئەو کەسانە بکات کە داوای متمانە لە کورد دەکەن؟ مرۆڤ بیردەکاتەوە، با هەندێک شتی کۆنکرێتی بڵێن، بەڵام با بۆ دروستکردنی پێشکەوتن بێت، بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییەکان بێت، بە دڵنیایی ئێمەش بیری لێدەکەینەوە. بەڵام کورد لە ساڵی ٢٠٢٥ کارێکی کرد کە کەس خەیاڵی نەدەکرد. هەروەها بە ئیرادە، بێ دوودڵی، بە باوەڕ، بە پشتبەستن بە خۆ هەنگاویان ناوە و لە هەموو دەرفەتێکدا بە کردەی پراکتیکی ئیرادەی خۆیان نیشان دەدا. ئێمە بەردەوامین لەم ئیرادەیە. هەرکەسێک ئیرادەی ڕێبەر ئاپۆ دەبینێت وا دەڵێ. هەرکەسێک چاوی پێی دەکەوێت دەڵێ زۆر ئیرادە و هیوادار و تامەزرۆ و جەختکەرەوە و ئارامگرە. وەک تەڤگەرێک هەڵوێستی ئارامگری و لەسەرخۆ بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە ئاشکرایە. لەم ڕووەوە بۆ ئەوانەی متمانەیان دەوێت، هیچ شتێک لەوە کراوەتر و قەناعەت پێکەرتر نییە. بەڵام کورد پێویستی بە متمانەی بەرانبەریش هەیە. ئەوانەی متانەیان لە کورد دەوێت، لەبیریان دەچێت کە دەبێ متانە بە کوردیش بدرێت، کە لە سەدەی ڕابردوودا چەوساوەتەوە،کۆمەڵکوژی کراوە و ڕووبەڕووی جینۆساید بووەوە. هەموویان ڕووبەڕووی درۆ بوونەتەوە، فریو دراون، فێڵ و گەمەیان پێ کراوە، کۆمەڵکوژی و جینۆساید کراون. ئێمە ئەمە ناڵێین؛ ئەوانەی دەسەڵاتدارن دەڵێن، هەمووان دەنووسن، لە ئەرشیفدایە. تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا جارجارە لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان لەبەردەم هەموو لایەکدا ئەمەی دەگوت. دەبێت هەموو لایەنە متمانەخوازەکان خاوەنداری لەم قسەیە بکەن.
جا ئەمەوێت بڵێم لەم ڕووەوە کوریش پێویستی بە متمانە بەخشین بە پرۆسەکە هەیە، داخۆ ئەو هەنگاوگەلی متمانە بەخش نراو؟ بە دڵنیاییەوە نا نییە و وەک پێویست نییە.
مەبەستم چییە؟ ئەمەوێت بڵیم تا ئێستا کۆمەڵگە پرۆسەکە بەڕێوەدەبات. هەرکاتێک بووە کۆمەڵایەتیی و ناونشیی کۆمەڵگە بوو، کۆمەڵگە بەشدار ببێت و خاوەنداری لێبکات، ئەوا پرۆسەکە بە ئاڕاستەی درووست پێشدەکەوێت و دەگات بە ئامانج.
لە راگەیاندا دەبینرێت؛ ڕاپۆرت لە شەقامەکاندا لە گەڵ کەسانی ناو کۆمەڵگەدا درووستەکرێت، مرۆڤ دەبینی و دەبیستێت… لەسەر حەقن و ئێژن ‘ بەڵی باوەڕمان بە ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاواکانی تەڤگەر هەیە، بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی دەسەڵات و ئاکەپە متمانە و هیوا بەخش نییە بە پرۆسەکە و باوەڕمان پێ نییە.’ ئەمە ڕوونە و دەنگی شەقامە. دەمی هەرکەس بکەوە ڕاستەوخۆ دەڵێت، ‘هەنگاوی پێویست نەنراوە و بەتەواوەتی باوەڕمان بە دۆخەکە نییە’. دەی لە دۆخێکی ئاوادا بە دڵیناییەوە بەرپرسیارێتی دەسەڵات و دەوڵەتە هەستی ‘متمانەکردن’ بڕەخسێنێت. دەبێت ئەمە بکات. یانی بۆئەوەی کۆمەڵگەی تورکیا بەشداری پرۆسەکە ببێت، کارکردنی پێویستە. کارکردنی سیاسەتی کورد بە ئاراستەی متمانە درووستکردنە لە ناو کۆمەڵگەی تورکدا، پێویستە کار بۆ بەشدارکردنی کۆمەڵگەی تورک بکرێت. کە تا ئێستا وەک پێویستییەک پرۆسەکە لە ئارادا نییە.
دەبێت دەوڵەت ڕێگەی بۆ ڕێبەر ئاپۆ بکردابایەتەوە؛ بۆچی نایکاتەوە؟
کارەکانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان گرنگ بوون. هەروەها هەوڵوێست، گوتار و بانگەوازەکانی باخچەلی گرنگ بوون. هیوای بەو کەسانە بەخشییەوە کە بە سیاسەتکردنەکانی دۆخەکەوە سەرقاڵن. بەڵام بە داخەوە کۆی گوتاری باخچەلی تەنها لە قسەدا ماوەتەوە. پەیوەست بەمە هەر وەک هەڤاڵ قەرەسوویش گوتی؛ بۆچی بانگەواز و قسەکانی باخچەلی جێبەجێ نەکران!. کە بانگەوازەکەی ڕووی لە ڕێبەر ئاپۆ بکرد و گوتی، ‘ بابێتە پەرلەمان و قسەبکات، با سوود لە ‘مافی هیوا’ وەربگرێت’. هەر سەرەتا بانگەوازییەکی وای لە ڕێبەر ئاپۆ کرد. خۆ خودی خۆیان ڕێگەیان بۆ ڕووداواێکی لەم شێوەیە کردەوە. دەوڵەت و دەسەڵات دەبوایە ڕێگەی هاتنی ڕێبەر ئاپۆیان بدابایە، بۆچی ڕێگەیان بۆ نەکردەوە؟، هەروەها لە ئاکەپەیشدا هەندێک هەڵویست هاتە ئارا، بەڵام لە چوارچێوە گشتییەکەدا خاوەن ئایدیا نییە.
ئەگەر ڕاپۆرتە هاوبەشەکان وەک پێویست نەبێت، ئەوا هەڵە دەبێت
ئەم ئاستە لە گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی کۆمیسیۆن، ئەگەر بە باشی هەڵسەنگێندرێت، دەتوانرێت بڵێین ئەرێنییە، بەڵام پڕۆسەکە ماوەیەکی خایاند. شاندێک کە چووبوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، دەبوو لەوەش بەهێزتر بوایە. ئەمانە ڕەخنەیان لێگیرا. ئێستا ڕاپۆرتەکان دراون، پێشکەشی پەرلەمان دەکرێن. کۆمیسیۆن ڕاپۆرتێکی هاوبەش ئامادە دەکات، بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی پەیوەست بە ڕاپۆرتە هاوبەشەکان لەبەردەستدا نین. ڕاپۆرتەکان زۆر لاوازن، وەک پێویست نین. ئەگەر ڕاپۆرتە هاوبەشەکانیان لەوەش زیاتر وەک پێویست نەبن و لەسەر ئەم بنەمایە پەرلەمان لەبری ئەوەی بە یاساکان بۆ چارەسەریی پڕۆسەکە لەسەر بنەمای دیموکراتیزەبوون، بە نزیکایەتی جیاکاری مامەڵە بکات، ئەوا ئەمە هەڵە دەبێت. هەڤاڵ قەرەسوو بە ڕوونی ڕایگەیاند؛ بەڕاستی هەڵە دەبێت، زیان بە پڕۆسەکە دەگەیەنێت. هیوامان هەیە، باوەڕمان هەیە؛ ئەوە ڕوونادات. چاودێری دەکەین، دەبینین.
لە ڕووی تێکۆشانەوە هەندێک زیاتر ڕێگەمان بۆ کرایەوە
هەوڵمان دا. واتە بۆ پەرەپێدانی پڕۆسەکە هەوڵمان دا، تێکۆشانمان کرد و هەوڵمان دا تێبگەین. وەک تەڤگەر، گەل، بەپێی پڕۆسەی دەستپێک هەندێک ئێمە لە پێشەوەین. ئاستی تێگەیشتنمان هێشتا لە پێشە. باشتر لەوە تێدەگەین کە چی کراوە، چ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکمان پێدەبەخشێت. لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆمان ئەنجامداوە. ئێمە گۆڕان، گۆڕانکاریمان بەرەوپێش بردووە. لەم ڕووەوە ئێمە هێشتا بە ئیرادەین.
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخستنەکەمان خۆی لەگەڵ پڕۆسەکەدا نوێکردەوە، لە ڕووی تێکۆشانەوە هەندێک زیاتر ڕێگەمان بۆ کرایەوە. لە زۆر ڕووەوە زیاتر تێکۆشان دەکەین. لە ڕاستیدا دۆخێک هەبوو کە دووبارەبوونەوەی زۆری هەبوو؛ ڕێگەیان بۆ کرایەوە. ئێستا لە هەموو گۆڕەپانێکدا زیاتر تێکۆشان دەکرێت. واتە تێکۆشانی جەماوەری لە ئارادایە. ژنان، گەنجان، کرێکار، ڕەنجدەر، گەل و کۆمەڵگە لە ناو تێکۆشاندان. لە هەر چوار بەشی کوردستان بەم شێوەیەیە، لە دەرەوەی وڵات بەم شێوەیەیە، دۆستانمان بەم شێوەیەن. تێکۆشانی، ئایدیۆلۆژی، سیاسی و جەماوەری لە گەشەکردندایە. بە واتایەکی تر ڕێباز و گۆڕەپانی تێکۆشانمان بەرتەسک نەبوون، بەڵکوو دەوڵەمەند تر بوو. بە بەراورد لەگەڵ سەرەتاوە، ئێستا زیاتر لە پێشەوەین. هێندەی تر کاریگەرتر تێکۆشان دەکەین. لەو باوەڕداین، هیوادارین لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر پەرە بەمە بدەین و بیگۆڕین بۆ تێکۆشانێک کە پڕۆسە سەربخات.
بە واتایەکی تر تەماشای تێکۆشانی خۆمان دەکەین. بێگومان هەڵوێست و کارەکان لایەنی بەرانبەریش هەڵدەسەنگێنین، چاودێری دەکەین، بەڵام لە بنەڕەتدا تەماشای تێکۆشان و پراکتیکی خۆمان دەکەین.
سیستەمی دەوڵەتان داڕما و سەردەمی یەک دەوڵەتییە
دادوەری یاسای دارستان لە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا هەیە. لە ساڵی نوێی ٢٠٢٦دا، وەک ڕووداوێک کە هەمووانی سەرسام کرد، ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا. واتە گوێی بەوەنەدا سەرۆکی دەوڵەتە و ڕفاندی. ئەمریکا پێشتر یەک دوو کاری هاوشێوەی لە ئەفریقا ئەنجامدابوو، بەڵام پێیان نەگوترا فرە دەوڵەت. ئێستا لە دژی ڤەنزوێلا زەمینەی ئامادە کردووە و ئەم کارەی کردووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و خوڵقێنەری دەوڵەت-نەتەوە گەشتووە بە چ ئاستێک. چیتر ناتوانین بڵێین دەوڵەت هەیە؛ یەک دەوڵەت هەیە.
ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەت-نەتەوەکان لە دۆخێکدا نین کە دەوڵەتی نەتەوەی هەژموونخواز بەدی بهێنن، ناتوانن پێچەوانەی بکەنەوە. سیستەمی دەوڵەتی نەتەوە ڕاست بێت یان چەپ، تەنانەت ئەگەر هەندێکیش بڵێن سۆسیالیستییە، با بڵێین سۆسیالیستە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم کەسانە لە دەرەوەی سیستەم نین، ناتوانن لە دەرەوەی هەژموونی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە گوتاریان هەبێت. دەسەڵاتەکانی دەوڵەتەکان چیرۆکن، لەم ڕووەوە بڵاوبوونەوەی دیموکراسی چیرۆکە. ڕێبەر ئاپۆ گوتی، دەوڵەت دەستی پێکرد، تۆپی بەفر گەشەی کرد، ئەمڕۆ وا دیارە دەوڵەت زۆرن، بەڵام تەنها یەک دەوڵەت هەیە؛ هەموو لقی ئەون. دەرکەوت کە وایە.
ئەوەی ئەمریکا ئەنجامی دا، هێرشی سەرمایەداری کاوبۆییە
سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە هەڵدەوەشێتەوە، بەڕێوە ناچێت. بۆچی ئەمریکا ناچار بوو بەم شێوەیە هێرش بکات و دەستوەردان بکات؟ ناتوانێت بەڕێوەبچێت. دەڵێت، ‘دەست بەسەر نەوتەکەدا دەگرم’. بۆچی ناچارە دەست بەسەر ئەمەدا بگرێت؟ چونکە دەیەوێت ئیمپراتۆری جیهان بێت، گەیشتووەتە ئەم دۆخە، بەڵام دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی نییە. بۆ بەدەستهێنانی هێز ئەم کارە دەکات. دەیەوێت هەموو سامانی جیهان قۆرخ بکات بۆ بەڕێوەبردنی هەموو شتێک. ئەمە چیە؟ هەڵوەشانەوەیە. سیستەمی دەوڵەتان داڕما. واتە یەک دەوڵەت هەیە، چیتر ناتوانێت ڕاوەستێت، ناتوانرێت بەڕێوەبچێت.
بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە. ڕووداوەکە هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد. وەک ئەوە وایە لە ساڵی ٢٠٢٦ شتێکی ترسناک ڕوویدا بێت. واتە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەورووپا پشتیووانی لێدەکەن، ئیسرائیل پاڵپشتی دەکات، یەکسەر پشتیووانی خۆیان ڕاگەیاند. لە ڕاستیدا ئەمریکا بەرپرسیار نییە لە هەموو ئەمانە. دەتوانرێت لەبارەی ئەمریکاوە بڵێین ‘سەرمایەداری کاوبۆی’. بەرپرسی سەرەکی سەرمایەداری ئەورووپایە؛ بەریتانیایە، فەرەنسایە، ئەڵمانیایە. هەمووان ئەمە دەزانن. دەبێت بەو شێوەیە تێبگەین. وەک ئەوە وایە ئەمریکا ویستبێتی هەمووان بترسێنێت. ترس بڵاو بکاتەوە.
پێشهاتەکان لە ساڵی ٢٠٢٦ چۆن دەبن؟ سەرنج ڕاکێش؛ دەوڵەت باخچەلی گوتی، وەک ١٥ـی تەمموزی ٢٠١٦ وابوو. دەستوەردانێکی هاوشێوەیان لە تورکیادا کردووە. بە واتایەکی تر ویستی بڵێت “تەیب ئەردۆغانیان دەڕفاند”. وەک چۆن مادورۆیان ڕافاند، بەوجۆرە.
مادورۆ دۆستێکی باشی تەیب ئەردۆغانیش بوو. دۆستی ئاکەپەش بوو، بەڵام خاوەندارێتی لێ ناکات. کەواتە ڕوونە کە گەیشتوونەتە چ دۆخێک. کاتێک جەهەپە ڕەخنەی لە کەسێک گرت، یەکسەر ئاکەپە دەستی کرد بە هێرشکردن. گوتیان، “قسەی بێمانا مەکە”. سەرۆکی جەهەپەیان بەوە تۆمەتبار کرد کە نازانێت سیاسەتی دەوڵەت چۆن بەڕێوە دەچێت.
ئەمە دۆخی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیییە
ئەوەی هەیە تەنها هەڕەشەیەکی بەتاڵ نییە بەڵکو ئاماژەی بۆ داهاتووش، واتا تەنها هەڕەشەی بێ بنەما و ترساندن نییە. هەندێک هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ کەسایەتی ترەمپ؛ نەخێر، بەو شێوەیە نییە. با سەیری ئەو شتانە بکەین کە پێش ئیدارەی ترەمپ ڕوویانداوە. ئەو ئیدارەیە شەڕی لە ئۆکرانیا دەست پێ کرد. ئایا شەڕی ئۆکرانیا زۆر جیاواز بوو لەگەڵ ئەمە؟ ئێستا چین و ڕووسیا دەڵێن دژیین، بەڵام بۆچی لەو کاتەدا ڕێگرییان لێ نەکرد؟ بۆچی بوونە زەمینەی ئەمریکا بۆ دەست پێ کردنی شەڕ لە ئۆکرانیا و کاریگەرییەکی وایان لەسەر ئەورووپا هەبێت؟ بۆچی ئیدارەی پوتین بوو بە زەمینە؟ مرۆڤ دەبێت بە درووستی هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە بکات و لێی تێبگات.
دەوترێت ڕووسیا دەستی پێ کردووە. ڕووسیا دەستی پێ نەکرد. بەڵێ، وا دیار بوو ڕووسیا و ئۆکرانیا لە شەڕدان، بەڵام ئەوەی ئەوانی گەیاندە ئەم دۆخە هێزێکی جیاواز بوو. هەموو ئەمانە بەهۆی کردەوەکانی ئەمریکاوە ڕوویانداوە. بەهۆی سیاسەت و پراکتیکە نهێنییەکانی ئیدارەی ئەمریکاوە ڕوویدا.
بەکورتی ئەمە دۆخی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەدارییە لە کاتی داڕماندا. یاسا، دادپەروەری لە ناوەوە و دەرەوە بوونی نەماوە. ترەمپ دەڵێ، “من دژی چەپم”. دەڵێت، پشتگیری لە پێشهاتە نازی فاشیستییەکانی ئەورووپا دەکات. دەڵێن پێشکەوتن، کێ پێشکەوتن نییە! ئەو دەسەڵاتدارە. ئەوە نیشان دەدات کە تا چەند دەسەڵاتدارە. جیهان گەیشتۆتە ئەم دۆخە و کەس دژی نییە.
لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت هەر شتێک بۆ سیستەمی سەرمایەداری بڵێت. ئەوەی ئەمریکا کردوویەتی شەڕانگێزی سەرمایەداری کاوبۆیە. ساڵانێکە هەوڵیان داوە بەو کەلتوورە مرۆڤایەتی لە چوارچێوە بدەن. ئێستا ئاستی سەربازی و سیاسیی بەڕێوەدەبەن.
بۆچی هێزە سۆسیالیستەکان نەیانتوانی پەرە بە ئەڵتەرناتیڤێک بدەن؟
بەڵام لە لایەکی ترەوە؛ بۆچی جیهان کەوتە ئەم دۆخەوە؟ بۆچی ڕێی لێ نەگیرا؟ سۆسیالیستەکان ئەوانە بوون کە دەبوایە ئەڵتەرناتیڤێک پەرەپێبدەن. ئەو هەمووە تێکۆشانەیان کرد. هەمووشی تێکۆشانی زۆر بوێرانە و قارەمانانە بوون. وایان زانی سەرکەوتوو بوون. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی پێی گەیشتن، لە ڤەنزوێلا ڕەنگی دایەوە. سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە بۆچی کاتێک دروستبوو ڕێی لەمە نەگرت، بۆچی هێزە سۆسیالیستەکان نەیانتوانی پەرە بە ئەڵتەرناتیڤێک بدەن؟ پێویستە لەم ڕوانگەیەشەوە سەیری بکەین. ئەمە بۆ ئێمە مژارێکی جددیی ڕەخنەلەخۆگرتنە. ئەمە مژارێکە کە سەرلەنوێ پێویستی بە هەڵەسەنگاندنێکی ڕەخنەیی و خۆڕەخنەکردن هەیە لە پراکتیکی ئەڵتەرناتیڤ و سۆسیالیستدا.
کاتێک دەڕوانینە ئەم مژارە، ئەم ڕاستییە دەبینین. ڕێبەر ئاپۆ گوتی، ‘سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە لەناودەچێت، بەڵام سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرەو سەرکەوتن دەچێت.” ئەو قۆناغەی کە سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە پێی گەیشتووە لە ئارادایە. ئەو مژارەی کە دێتە ئاراوە ئەوەیە؛ ئێوە ناتوانن بە ڕێباز و ئامڕازەکانی سیستەمی مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیست لە دژی کاپیتاڵیزم تێبکۆشن. ئەگەر تاقیشی بکەنەوە، ناتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن. ئەگەر ئێوە لە پراکتیکدا سەرکەوتووش دەربکەون، ناتوانن درێژە بەم سەرکەوتنە بدەن. سەد ساڵە لە جیهاندا ئەمە ئەزموون دەکرێت. دەیانگوت کە لە شوێنێکی وەکو ڕووسیا سەرکەوتوو بوون، دەیانگوت کە لە تەواوی جیهان بڵاوبوونەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی نەیانتوانی خۆیان لە پارادایمی دەوڵەت-نەتەوە ڕزگار بکەن، لەوانەیە ئەوەی بەدەستیشیان هێناوە، لەدەستی بدەن. یان بەهۆی هێرشەکانی هێزی وەکو ئەمریکا، وەکو ئەوەی لە ڤەنزوێلا ڕوویدا، لەدەستیاندا، یاخود بە ملکەچبوون و دووبارە ڕووکردنە هاوکاری (وابەستەیی)، ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کە بانگەشەی سەرکەوتنیان لە زۆر شەڕدا دەکرد، ملکەچبوون و دواتر هاوکارییان لەگەڵ سیستەمدا هەڵژارد. ئادەی با سەیری دۆخی ئەو کەسانە بکەین کە شەڕیان کرد و لە سەدەی ٢٠ـدا بوونە دەوڵەت-نەتەوە.
لەبەرئەوە ڕێباز و ئامڕاز گرنگن. ڕێباز و ئامڕازەکان پێویستە بە گوێرەی ئامانجەکە بن. سۆسیالیزم ناتوانێت بە ڕێباز و ئامڕازەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دابمەزرێت. مرۆڤ ناتوانێت بە ئامڕازی دەوڵەت-نەتەوە ببێتە سۆسیالیست. سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە نابێت. ڕووخانی سۆسیالیزمی بونیادنراو، ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لەبەرئەوە بوو کە بەڕاستی ‘یەکێتیی سۆڤیەت’ نەبوو. یەکێتیی دەوڵەتان بوو. ئەگەر بەڕاستی ئەو یەکێتییە لەسەر بنەمای کۆمۆن و کۆمەڵگە بووایە، ئەوا نەدەڕووخا. لەبەرئەوەی هەر پێکهاتەیەک کە پشت بە دەسەڵات و دەوڵەت ببەستێت، لە کۆتاییدا دەڕووخێت.
بەتەواوی نەڕووخا؛ بەڵکوو فۆڕمەکەی گۆڕی. ئەوەی بوونی هەبوو هێشتا درێژەی هەیە. شتێکی وەکو درێژەپێدەری ئەوی لێدەرچوو. کەواتە ڕووندەبێتەوە کە جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبووە. ئەمە پێویستە بەوردی ببینرێت. لەم گۆشەنیگایەوە، زۆر مانادار و ڕوونکەرەوەیە. پێویستە هەمووان وانەی لێ وەربگرن. بەتایبەت هێزە سۆسیالیست و هێزە دژە-سەرمایەدارەکان… نەک تەنها دژایەتیی ئەمریکا، هێزە ڕاستەقینە دژە-سەرمایەدارەکان پێویستە هەم سەرمایەداری، هەم وەکو ئەڵتەرناتیڤی ئەو، سۆسیالیزمی دیموکراتیک، مۆدێرنیتەی سۆسیالیستی دیموکراتیک بەدروستی درک پێ بکەن. پێویستە ڕێباز و ئامڕازەکانی بەتەواویی تێبگەن و بزانن کە چۆن لەسەر ئەم بنەمایە تێبکۆشن.
ئەمە بۆ ئێمە ڕێنیشاندەرە. بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتڕاستکەرەوەی ئەو فیکرانەیە کە هەمیشە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشکەش دەکرێن. ئەمانە هەمووی نیشاندەری ئەوەن کە لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەدا دەتوانرێت چی بکرێت و دەوڵەت-نەتەوە چارەنووسی چی دەبێت. لەبەرئەوە بانگەواز بۆ تەواوی هێزە سۆسیالیست، دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان دەکەم کە وانە لەم ڕاستییانە وەربگرن و خۆیان نوێ بکەنەوە، گۆڕان و گۆڕانکاری دروستبکەن و تێکۆشان دژی کاپیتاڵیزم بەدروستی تێبگەن و پێکەوە درێژە بە تێکۆشان بدەن.
پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕووداوەکانی ئێران بەردەوامیی ‘شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی’یە
ڤەنزوێلا لە ئەمریکای لاتین و ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەن بۆ ئەمە. پێویستە ئەم پێشهاتانە وەکو بەردەوامیی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ ببینرێن. پێویستە بەم شێوەیە سەیر بکرێن و درکیان پێ بکرێت. هەڵوێستی دروست ئەمەیە. شۆڕشی کۆمەڵایەتی بەردەوامە. سەرەڕای زوڵم و زۆرداریش، نەیانتوانی ڕێگری لێ بکەن. شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ سەرهەڵدانێک بوو کە لەلایەن ژنان و گەنجانەوە بەڕێوەدەبرا. لە سەرەتادا، لە بەشێک لە ناوچەکاندا ڕوویدا؛ بەڵام ئەمڕۆ بە بەشداریی کاسبکاران، وردە وردە لە هەموو شارەکانی ئێران بڵاودەبێتەوە و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت.
هەڵوێستی بازرگانان لە ئێران زۆر کاریگەرە، لەبەرئەوەی بازرگانی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت. لەبەرئەوە ئەو ڕاستییەی کە بازرگانان بەرگەی دۆخی هەنووکەیی ناگرن و بەدوای دەسەڵاتێکی نوێدا دەگەڕێن، پێشکەوتنێکی زۆر جددیتر و کاریگەرترە بۆ ئێران.
ناوهێنای ئەم پڕۆسەیە بە ‘یاری هێزە دەرەکییەکان’ لێکدانەوەیەکی زۆر هەڵەیە
ئەم پڕۆسەیە بەڕاستی هەڵوێستی کۆمەڵگەی ئێران خۆیەتی. لە کاتی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’دا ڕامانگەیاند، هەڵسەنگاندنەکانی ئێران کە ڕووداوەکانی وەک ‘یارییەک لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە دەکرێت’ ناوهێنا، بە ڕاست نابینین. ژن، گەنج، پیشەوەر و کرێکاران لە هیچ شوێنێکی ئێرانەوە پەیوەندییان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نییە. هەربۆیە پەیوەستکردنی خۆپیشاندانەکانی کۆمەڵگە بە هێزە بیانییەوەکانەوە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە. ئەوە ڕوودەدات لەلایەن کۆمەڵگەی ئێران خۆیەوە سەریهەڵداوە و تەنها بەمجۆرە دەتوانرێت بە ڕێکی لێی تێبگەن.
هەموو کەسێک بەو شێوەیە نییە، بەڵام لەناو بەڕێوەبەرانی دەوڵەتدا کەسانێک هەن بەم شێوەیە لێی نزیک دەبنەوە. کەسانێک هەن بەرگری لە ڕێبازی توندوتیژی دەکەن و هەروەها کەسانێک هەن باسی چارەسەریی و دیالۆگ دەکەن. سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا، بێچارەسەریی نابێت، دەڵێت، دەبێت پرسەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام هەڵوێستی هەڵاواردنیش دەبینرێت؛ نزیکایەتییەکی توندتر کە فشار دەسەپێنێت، بە تایبەت بەرانبەر بە کورد دەبینرێت.
با باسی ئەمە بکەین. ئەوەندە زانیاریمان لەبەردەستدا نییە کە دەمانەوێت. ئەو زانیارییانەی کە دێنە دەرەوە زۆر سنووردارن. هەروەها ئەو زانیارییانەی کە هەمانە چەندە ورد و پێویستن پرسی هەڵسەنگاندنە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدایە، وادیارە سیاسەت بەرانبەر بە کورد توند و سەختر بووە. دەوڵەت هەڵوێستی دژە کوردانە بە تایبەت لە کوردستان نیشان دەدات.
دەبێت ئێران شانازی بە کۆمەڵگەکەیەوە بکات کە داوای ئیدارەی باشتر دەکات
لەم دۆخەدا چی بڵێین؟ دەربڕینی ‘یاری ئیسرائیل’ یان ‘یاری ئەمریکا’ ڕاست نین. ئەم کۆمەڵگە چی دەوێت؟ دەبێت بەرپرسان بە وردی گوێ بگرن. دەبێت بەو پێیە نزیکایەتییەک پەرەپێبدەن. ئەوان داوای ئەوەی دەکەن کە دەیانەوێت؛ کۆمەڵگەی ئەوانە. هۆشیارن و ئیرادەیان هەیە. ژیان و ئیدارەیەکی باشتریان دەوێت. خەڵک شانازی بە کۆمەڵگەیەکی لەو شێوەیە دەکەن. ناتوانن بە توندوتیژی و ستەم بڕۆنە سەریان. ناتوانن بڵێن، ‘بۆچی هۆشیاری، ڕێکخراو و داواکاریتان هەیە؟’ ئەگەر گەنجان، ژنان، کرێکاران، فەرمانبەران یان پیشەوەران ئاوا بن، دەبێت خەڵک شانازی بەم کۆمەڵگەیەوە بکەن. کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی وەهایە. کۆمەڵگەی ئێران هۆشیارترین کۆمەڵگەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو کۆمەڵگەیەیە کە زۆرترین توانای پەرەپێدانی چالاکییە دیموکراتیکەکانی هەیە.
ئێستا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ شەپۆلێکی نوێی ڕاپەڕین پەرەی سەندووە. هەر کەسێک بە پێی دیدگای خۆی هەڵیدەسەنگێنێت. ئەمریکا لێدوان دەدات، ئیسرائیل لێدوان دەدات و وڵاتانی دیکەش بەهەمان شێوە. ناتوانن بەپێی ڕاگەیاندراوەکانی ئەم وڵاتانە هەڵویستی ئەم گەلە دیاری بکەن. دەبێت نزیکایەتییەکی درووست ئەنجام بدرێت و لێی تێبگەن.
ئیتر ئێران ناتوانرێت بەم جۆرە ئیدارە بدرێت
دەتوانم ئەمە بڵێم: ئەگەر حکومەتی ئێران بەڕاستی لەم بابەتە نزیک بێتەوە، هەوڵی تێگەیشتن بدات، لەگەڵ کۆمەڵگەدا دیالۆگ بکات و دیموکراتیزەبوون و گۆڕانکاری بەپێی خواستی گەل بەرەوپێش ببات، ئەوا دەتوانێت فشاری هێزە دەرەکییەکانیش نەهێڵێت، بەڵام ئەگەر ئەم کارە نەکات و لەبری ئەوە بڵێت ‘ئەمە یاری هێزە دەرەکییەکانن، سیخوڕن’ و هەوڵی زاڵبوون بەسەریدا بدات بە توندوتیژی و چەوساندنەوە، وا دیارە ئەم پرسە تەنها قووڵتر دەبێتەوە. ئەم نزیکایەتییە بەو مانایەیە کە ئێران چیتر ناتوانێت بە شێوازێکی ستەمکارانە، پاوانخوازانە، ناوەندگەرایی و نادیموکراتیکی حوکمڕانی بەڕێوەبچێت.
لە هەموو دۆخێکدا دەتوانن ئیدارەی پارێزگاکان گەورە و بەهێز بکەن، یان باشتر کار بکەن و ئیدارە خۆجێیەکان بەهێزتر بکەن. وەک نمونە، دەتوانن خۆیان بگۆڕن؛ بناغەی ئەمە هەیە، بەڵام سیستەمێکی ستەمکار هەیە کە جگە لە فکر و باوەڕی خۆی دان بە هیچ شتێکی دیکەدا نانێت. دەبێت بەمجۆرە نەبێت.
پێویستە دۆخی ئەرێنی پاراستنی ئاگربەستی پەژاک ببینێرت
لە لایەکی دیکەوە لە ڕوانگەی کوردەوە بۆ نمونە گەورەترین ڕێکخستنی کورد، پەژاک لە ساڵی ٢٠١١ەوە ماوەی ١٥ ساڵە ئاگربەستی پاراستووە. بەردەوام ئەم هەڵوێستەی پاراستووە. سەرەڕای فشارە زۆرەکان، بەڵام بە ئارامگرتنەوە بەردەوامە. زۆر شتی تریان پەرەپێنەداوە. لە ڕاستیدا کاتێک لە ئێران شەڕوپێکدادان ڕوودەدەن و ململانێ ناوخۆییەکان زیاتر دەبن، ئەوان بۆ فراوانکردنی چالاکییە چەکدارییەکانیان کەڵکیان نەگرتووە. پێویستە ئەمە ببینرێت.
هەڵوێستێکی سیاسی وا هەیە. دانپێدانەنان و تێنەگەشتن و هێرشی توندوتیژی، وەک ئەوەیە ڕاستەوخۆ بۆمبێک فڕێ بدەیتە ناو ئاگرێکەوە. بە ڕوونی دەتوانم بڵێم کە ئەمە مەترسیدارە. بە دڵنیاییەوە نابێت ئەمە ڕووبدات و نابێت بەم شێوەیە لێی نزیک ببنەوە. بەپێچەوانەوە لە بەشەکانی دیکە هەنگاو بۆ چارەسەریی پرسی کورد، بەرەو یەکێتی دیموکراتیک و چارەسەری سیاسی هەنگاوە دەگیرێتەبەر و لە تورکیا پڕۆسەیەک لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێدراوە. ئەمە دەکرا لە ئێران باشتر پەرەی پێبدرایە. ئەگەر گوێ لە پرسەکە بگیرایە و ڕێککەوتن قبوڵ بکرایە، ڕێگەی چارەسەریی سیاسی لەگەڵ کۆمەڵگەی کورد لە ئێراندا زۆر کراوەتر دەبوو. لە ڕاستیدا دەمانتوانی لەسەر ئەم بنەمایە ڕۆڵی خۆمان ببینین. چەندین جار ئەمەمان نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێک بەدی نەهاتووە.
لە ئەنجامدا فشارەکان لەسەر کۆمەڵگە و مەیلی توندوتیژی زیان بە ئیدارەی ئێستا دەگەیەنن. لەبری ئەمە نزیکایەتییەک کە گوێ لە داخوازییەکانی کۆمەڵگە، گەل و ژنان، بەتایبەت کورد بگرێت و بەوپێیە بەدوای چارەسەری سیاسی و دیموکراتیکدا بگەڕێت، ئێران ئەم دۆخە سەختر دەکات. ململانێ لەم ڕووەوە بەرەوپێش دەبات. ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە و بانگەوازەکەمان لەسەر ئەم بنەمایەیە.
بەم مانایە ئەم چالاکییە، کردارە دیموکراتیکانە و داخوازییەکان ئاییندەی ئێران دیاری دەکەن. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت.
کۆمەڵکوژییەکانی پاریس
فەڕەنسا وێڕای ئاشکرا نەکردنی کۆمەڵکوژییەکانی پاریس ڕێگریش دەکات
سەرەتا هاوڕێیان سارا، ڕۆژبین و ڕۆناهی و پاشان ئەڤین، میر پەروەر و عەبدوڕەحمان بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە یاد دەکەمەوە. لە بنەڕەتدا سەرەتا کۆمەڵکوژی ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ بوو. لە ڕاستیدا ئەوانەی بەرپرسیارن لەم کارە ڕوونن. سەرۆککۆماری فەڕەنساش بە ڕوونی ناوی ئەوانی هێناوە. دوای ڕووداوەکە، بەرپرسانی تورکیا بە شێواوی هەڵوێستەکانیان نیشان دا. تاوانبارەکە دەستگیرکرا و دەزانرێت چۆن لەناوچووە. کوژرا، لەناوبرا. فەڕەنسا دەڵێت “ئەمە دەوڵەتە” ئێستا ١٣ ساڵە بەردەوامە، بەڕاستی زۆر بەرژەوەندیخوازە، زۆر دژە دیموکراتیکە و دۆخێکە لە دژی کوردە. دەبێت بەم شێوەیە پێناسەی بکەین.
ئەگەر کۆمەڵکوژی ٩ـی کانوونی دووەم ئاشکرا بکرایە، دواتر ئەو کۆمەڵکوژییە ڕووی نەدەدا. ئەگەر ئێستاش ئەم کۆمەڵکوژییانە ئاشکرا بکرێن، فەڕەنسا شتێکی لەم شێوەیە بەرەوپێش دەبات، ئەمەش پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە تورکیا پەرەپێدەدات و دەبێتە هاوکاری کە بەرەو ئاشتی هەنگاو بنێت. چونکە سەرکەوتنی ئەمە پەیوەستە بە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشووەوە. یەکێک لەو ڕووبەڕووبوونەوەیە زۆر گرنگانە کۆمەڵکوژی پاریسە، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی فەڕەنسا ئەم کارەی نەکردووە. واتە پشتگیریی ناکات تاوەکو دیموکراتیزەبوونی تورکیا و پرسی کورد چارەسەر بکرێت. هەربۆیە بە ئاشکرانەکردنی ئەو کۆمەڵکوژییانە، ڕێگری لە پڕۆسەکە دەکات. بە ئاشکرانەکردنی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکان و بە پەردەپۆشکردنیان، بەدڵنیاییەوە ڕێگری لە پرۆسەکە دەکات. ئەمەش دەبێت بە ڕوونی دەرببڕدرێت. دەبێت ئەوەش بزانین.
دەوڵەتی فەڕەنسا لە شوێنە جیاجیاکاندا گرنگی بە کورد دەدات و دەڵێت “سیاسەتێکی کوردی دادەمەزرێنم”. ئەگەر سیاسەتێکی ڕاستەقینەی کوردی دابمەزرێنێت، ئەوا ئەمە لەگەڵ لە چارەسەرکردنی کۆمەڵکوژی پاریسەوە دەست پێ دەکات. تا ئەو کارە نەکات، هەموو نزیکایەتییەکانی جارێکی دیکە دەبنە نزیکایەتی بەرژەوەندیخوازی. گەلی کورد ئەمە دەزانێت.
تێکۆشان دژی کۆمەڵکوژیی پاریس بوونی کوردی بەجیهانی کرد
ئەوە ١٣ ساڵە لە ئەورووپا گەلەکەمان، ژنانی کورد، دۆستەکانیان و گەنجان بۆ ئاشکراکردنی ئەم کۆمەڵکوژییە تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەبەن. تێکۆشان دژی کۆمەڵکوژیی پاریس بوون و ئازادیی کوردی بەجیهانی کرد، لە سەرانسەری جیهان بڵاویکردەوە و بووە هۆکاری گەشەسەندنی گرنگ. بە هەوڵ، بوێری و فیداکارییەکی گەورە ئەم تێکۆشانە درێژەی پێ دراوە. ئێستا لە ١٣ـهەمین ساڵیادیشیدا گەلی کورد، ژنان و گەنجانی ئەورووپا لەسەر پێ وەستاون. شەرمەزاری دەکەن، ناڕەزایەتی دەردەبڕن و چالاکی ئەنجامدەدەن. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بەشداری لەو چالاکییانەدا دەکەن، هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ ئاشکراکردنی کۆمەڵکوژی پاریس خاوەندارێتی لە سارا و هاوڕێیانی دەکەن و چالاکی ئەنجامدەدەن، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
کۆمەڵکوژیی ژنان دۆخێکی شەڕە
هاوڕێیان سێڤێ، پاکیزە و فاتمە کە لە ساڵی ٢٠١٦ـدا لە ناوچەی سلۆپی تیرۆرکران، بە خۆشەویستی و ڕێزەوە بەبیردەهێنمەوە. بەڕاستی بەرخۆدانەکانی خۆبەڕێوەبردن، بەرخۆدانی گەورە بوون. پێداگرانە تێکۆشانیان کرد و درێژەیان بە تێکۆشانی پێشەنگایەتی دەدا. بەڵام تیرۆرکردنیان، کۆمەڵکوژییەکی هاوشێوەی کۆمەڵکوژیی پاریس بوو. زۆر بە وردی، بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو و لە شێوەی کوشتنی مرۆڤی بێ چەک بوو. کوشتنی ئەم سێ ژنە وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕە بێگومان بەم شێوەیەیە.
لەبەرئەوە کۆمەڵکوژییەکانی پاریس و سلۆپی؛
یەک: نیشاندەری ئەوەن کە سیاسەت و زیهنییەتی دەوڵەتی تورک، تاوەکو ئێستا چۆن دژایەتیی گەلی کورد دەکات.
دوو: نیشانی دەدات کە دژ و دوژمنی ژنانە.
هەندێک ڕێکخراو ئاماری کوشتنی ژنانیان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە. ٤٢٠ ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. تاوانی تەواو بەئەنقەست! ٥٠٨ ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی کوژران. بیانووی جیاواز دەهێننەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕوون نییە کە چۆنچۆنی ڕوویانداوە. هەروەها ئەمە دۆخێکی شەڕە. لە ڕاستیدا نیشانی دەدات کە مامەڵەی زیهنییەت و سیاسەتی تورکیای هەنووکەیی لە بەرامبەر ژن چۆنە. پێویستە ئێمە ئەمە ببینین. لەبەرئەوە کۆمەڵکوژیی سلۆپیش، کۆمەڵکوژیی پاریسیش کۆمەڵکوژیی ژنانە. ڕووندەبێتەوە کە بۆچی ژنان لەلایەن زیهنییەت و سیاسەتی ئێستای تورکیاوە دەکرێنە ئامانج. لە دژی ژنانە، دوژمانیەتیی ژنان دەکەن. زیهنییەت و سیاسەتی مەترسیدارن. بەدڵنیاییەوە پێویستە چارەسەر بکرێت.
هیوای ئاشتی لە سایەی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبردنەوە دروستبوو
وەکو ئەنجام دەڵێم: بەرخۆدانەکانی خۆبەڕێوەبردن، بەرخۆدانی گەورەن. ١٠ـهەمین ساڵیادە و ئەوە ١٠ ساڵە ئێمە باسی دەکەین. ئەگەر ئەوە ١٠ ساڵە ئێمە لەسەر پێین و هەنگاودەنێین، لە ڕاستیدا لە سایەی ئەم بەرخۆدانانەوەیە. ئەگەر ئەمڕۆ پرۆسەیەکی وەکو ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک هەبێت، هیوای ئاشتی هەبێت، هیوای دیموکراسی هەبێت، هیوای ئازادی هەبێت؛ ئەوە لە سایەی ئەم بەرخۆدانانەوە هەیە. تاوەکو ئەمە بەم شێوەیە درکی پێ نەکرێت و قبووڵ نەکرێت، تێگەیشتنی ڕاست لە قارەمانانی ئەم بەرخۆدانە، تێگەیشتن لێیان و خاوەندارێتیکردنیان مەحاڵە. پێویستە هەمووان ئەمە بزانن. پێویستە بەم شێوەیە هەڵی بسەنگێنن و خاوەندارێتی لێ بکەن.
جارێکی تر لە کەسایەتیی هەر سێ ژنە شۆڕشگێڕدا هەموو شەهیدانی ئەو سەردەمی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبردنە بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنمەوە. بەڵێنی خۆم بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان نوێدەکەمەوە.
بەرفین نورحەق کەسایەتییەکی کامڵ بوو
کەسایەتی، ژیان و شۆڕشگێڕیی بەرفین نورحەق کە ساڵی ڕابردوو شەهیدبوونی ڕاگەیەندرا، بەڕاستی ناسێندرا؛ لە پەروەردەی ڕێبەرێتی تا دەگاتە پڕۆسەی گەنجان، هەڵوێستی تێکۆشانی لە چوار بەشی کوردستان، بوێری و فیداکاری وی، زۆر مانادار و گرنگ بوون.
هاوڕێ بەرفینم دەناسی و لە زۆر بواردا پێکەوە کارمان کرد. زۆرێک لە هەڤاڵان هەڵسەنگاندنیان لەسەر کرد. کەسایەتییەکی کامڵ بوو. وەک میلیتانی ژنی ئازاد، ژیانێکی ئازاد و ژیانی پێشەنگایەتی کەسێکی کامڵ بوو. لە بوارەکانی ڕۆح، هەست، ڕامان، کردار، بوێری، فیداکاری، پشتیووانی و هاوڕێیەتیدا خۆی پەروەردە کردبوو و شێوەی وەرگرتبوو.
سەرەتا هاوڕێیەتی… باوەڕبوون بە دۆز، دڵسۆزی بۆ ئازادی، هێڵی ئازادیی ژن و بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ… لە ئاستێکی بەرزدا وەریگرتبوو، خۆی بەدیهێنابوو و بەبێ هیچ سەختی و دواکەوتنێک، ئەمەی لە پراکتیکدا جێبەجێ کرد تا ئاستی سەرکەوتن…
هەربۆیە زۆر شتی فێری هەموومان کرد. زۆر هەڤاڵی پەروەردە کرد. هەموو ئەوانەی هەڤاڵ بەرفینیان دەناسی، ڕاستی ژیانی ئازاد و ڕاستی ڕێبەرێتییان دەبینی و تێدەگەشتن. ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنی ئازاد، ئەو ڕاستییەی کە هێڵی ئازادیی ژن مرۆڤ ئازاد دەکات و شێوەی پێ دەدات، گێڕا. بە واتایەکی تر پەروەردەی کردوون، زۆر شت فێربووە. هەڤاڵ بەرفین بە فیداکارییەکی زۆرەوە هەوڵی دا، هێز و پشتگیریی بەخشی. لە سەختترین شەڕ و هەلومەرجەکاندا نموونەی بوێری و فیداکاریی بوو. لە ڕاستیدا هەمیشە ئەرێنی و بە مۆڕاڵ و چارەسەرکەر بوو. دەیتوانی دۆخە سەختەکان بگۆڕێت بۆ دۆخێکی ئەرێنی. ئەو دۆخەکانی توڕەیی و کاردانەوەی بۆ نزمترین ئاست کەمکردەوە. توڕەیی و کاردانەوەکانی لەناوبردبوو. هەمیشە کەسێکی وەها نموونەیی بووە. هەڤاڵان ئەم تایبەتمەندییانەی ئەویان باس کرد. هیچ شتێک نەبوو بۆ زیادکردن و گوتن. بەسە یادەوەرییە. پەیوەست بەمەوە هاوڕێ بەرفین نورحەق و لە کەسێتی ویدا هەموو شەهیدان بە خۆشەویستی و پێزانینەوە یاد دەکەمەوە.
ئەو بۆشاییەی موسا عەنتەر لە دوای خۆی بەجێیهێشتبوو پڕی کردەوە
باسی ڕاگەیاندنمان دەکرد و هەوڵمان دەدا تێبگەین. چی بەسەر ڕاگەیاندن دێت، چی ڕوودەدات و پرسەکان چین… لە پڕۆسەیەکی بەمجۆرەدا شەهید بوو. حوسێن ئایکۆڵ بە “چناری ڕاگەیاندنی ڕەنجدەر و شۆڕشگێڕ” پێناسە کرا. بەڕاستی گرنگە. ژیان و بەشداربوونی مانادار بوو. هەرچەندە زۆر درێژ نەبوو، بەڵام دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا هاوڕێ حوسێن ئایکۆڵ بناسم. بۆ کارەکەی دەچووە هەموو شوێنێک، هەندێک جار تەنانەت لە نێو گەریلاکانیشدا. لە پڕۆسەیەکدا یەکترمان بینی؛ یان ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ بوو. دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا باسی ڕاگەیاندن بکەم و بیناسم. کەسێکی زۆر زانا بە هەڵوێست بوو. زۆر وابەستەی ڕاگەیاندن بوو، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ ئەوەی وەک ڕۆژنامەنووسێک مامەڵەی لەگەڵدا بکات، وەک شۆڕشگێڕێک، وەک سۆسیالیستێک مامەڵەی دەکرد. بە واتایەکی تر بە باوەڕەوە کاری دەکرد. هەمووان باسی ئەمەیان کرد، ئەوانەی دەیانناسی، دەیڵێن و چەند ڕۆژە هەڵسەنگاندنی لەسەر دەکەن. باشتر دەیناسن. زۆرتر ناڵێین.
لە ڕاگەیاندنی ئازاددا ڕەنجی زۆری دا. ئەو بۆشاییەی کە موسا عەنتەر بەجێی هێشتووە پڕی کردەوە. لە نێو هەموو فشارەکاندا ڕێگەی بەرخۆدانی هەڵبژارد و بەرخۆدانی نیشانی هەمووان دا و پشتگیری کرد. واتە وەک سۆسیالیستێکی تورک بەشداریی لە تێکۆشانی ئازادیی کورددا کرد. لە کەسایەتی خۆیدا نیشانی دا کە چۆن تێکۆشانی ئازادیی کورد و سۆسیالیزمی دیموکراتیکی تورکیا یەکن.
بە دیهێنانی ئامانجەکانی ئایکۆڵ ئەرکمانە و قەرزێکە لەسەرمان
حوسێن ئایکۆڵ کەسایەتییەکی نموونەیی بوو. کەسایەتییەک کە ئێستا هەمووان دەتوانن شتێکی لێوە فێربن. بە ئاسانی دەتوانین ئەمە بڵێین. زۆر یەکانگیر و تێکۆشەر بوو. ئەو هەمووە لە زیندان مایەوە، بەڵام بەڵام پاشگەزبوونەوەی نەبوو، زیاتر تێکۆشا، ڕەنج و ماندووبوونێکی زۆری دا. بووە یەکێک لە سیمبولەکانی یەکگرتن و لێکتێگەیشتنی کۆمەڵگەی تورکیا لەگەڵ هێزە دیموکراتیکە سۆسیالیستە چەپگەراکان و گەلی کورد لەگەڵ هێزە ئازادیخوازەکاندا. لەبەرئەوە زۆر شت هەیە کە شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستەکانی کۆمەڵگەی تورکیا لە هاوڕێ حوسێن ئایکۆڵەوە فێری ببن.
هەرخۆی گەلی کورد، ژنانی کورد و تەڤگەری ئازادیی کورد خاوەندارێتی لێ دەکەن. زیاتر خاوەندارێتی لێ دەکەن. لە چوارچێوەی زیندووهێشتنەوەی یادەوەری و هێنانەدیی ئامانجەکانیدا. بانگەشەکارێکی ڕەنجدەر و زۆر هێژا بوو، شۆڕشگێڕ و سۆسیالیست بوو. خاوەن ڕەنجێکی گەورە بوو. ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە تێگەیشتنی دروست و هێنانەدیی ئامانجەکانی ئەوە.
بەم بۆنەیەوە بە ڕێز و پێزانینەوە بەبیری دەهێنمەوە، هاوبەشیی ئازاری کەسوکار و هاوڕێیانی دەکەم. زیندووهێشتنەوە و هێنانەدیی ئامانجەکانی حوسێن ئایکۆل قەرزە لەسەر ئێمە. بۆ دانەوەی ئەم قەرزە، بە هەموو هێزی خۆمان کاردەکەین.”
ژێدەر: ANF



