گوتار

با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتیی نەک شەڕ

ئەم سەردەمە بە ئازادیی ژن تۆکمەتر دەبێت، لە سۆنگەی دیموکراتییەوە گەل لە ئاشتییدا یەک دەگرن.

پارتی یەکسانیی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی)، پەیامی پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی ڕێبەر ئاپۆی بڵاو کردەوە، کە پەیامی گرنگی لەمەڕ پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی و پەیمانی ١٠ـی ئاداری نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە) و دیمەشق لەخۆ دەگرێت.

پەیامەکە بەم شێوەیە:

”با ساڵی نوێ ببێتە ساڵی ئاشتیی نەک شەڕ”

لەگەڵ چوونە نێو ساڵی نوێ، ئێمە ناچارین بیری بێنینەوە کە؛ سەد ساڵی ڕابردوو لە ڕێی شاڵاوی ئیمپریالیستیی و نەتەوەپەرەستییەوە پێکڕا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بۆ شەڕێكی دژوار و هەڵوەشاندنەوە و لێکترازانی کۆمەڵایەتیی لێژ کردەوە. ئایینپەرەستیی و نەتەوەپەرەستیی نەژادیی هەنووکەیی، بەپێی ئەم مێژووە تازە بەئێشە دامەزراوە.  بەداخەوە پەرگاڵی دەسەڵاتگەر، بە پێودانگی ‘پارچە بکە و بەڕێوە ببە’ بە شێوەیەکی جیاواز بەردەوامە.

جا لەبەر ئەمە، هاوشانی تێکڕای ستەم و دژوارییەکان، نەخشەڕێی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی داهێنراوی ئێمە، تەنیا بژاردە نییە، بەڵکوو هاوکات ناچارییەکی مێژووییە لە پێشمانەوە. گەر ئەم نەخشەڕێیە ڕاست تێ بگەن و هەڵ بەسەنگێنن، ئەوا دەتوانێت پێش لە شەڕ بگرێت و هەموو گەلان بە شێوەیەکی یەکسان و ژیانێکی ئازاد پێکڕا دەژین. گەر یەکێتیی گەلان پێک بێت، ئەوا دەبێتە دژەژەهری شەڕ. بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و بنەڕەتییمان وا لە سەر شان؛ ئەویش ئەوەیە کە ئێمە پێش لە شەڕ و کارەسات بگرین.

تاوسەندنی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەنجامی چەقبەستوویی زهنییەتی شارستانییەتی دەوڵەتگەرایە کە پشت بە دەسەڵاتدارێتیی و چەپۆکسالاریی دەبەستێت و هەزاران ساڵە بەردەوامە.

کێشەی کوردییش لەم چوارچێوەیەدای ئەم کێشانەدایە. چارەسەری کێشەکەش بە ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و ڕێککەوتنی دیموکراتیی پێک دێت. کێشەکان بە ڕێبازی سەربازیی و شەڕ و هەواڵگریی چارەسەر نابن، بەڵکوو بە زمانێکی دیموکرات کە ئیرادەی گەلان بکاتە بنەما، چارەسەر دەبن. نرخاندنی بەم چەشنە فرە گرنگە.

دەبێت لەبیرمان نەچێت کە تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگەش ئازاد نابێت. تاوەکوو کێشەی زهنییەتی سەردەستێتیی و پیاوسالاریی چارەسەر نەکرێت، کەلتووری شەڕ دانامرکێت و ئاشتییش پاوەجێ نابێت. لەبەر ئەمە من ئازادیی ژنان وەک بنیادنەری کۆمەڵگەی دیموکرات و توخمی نکۆڵیی لێنەکراو دەبینم.

لە سووریا گێژاو پەلوپۆ دەکوتێت. بە ئاشکرا چاولەڕێی چارەسەری دیموکراتییە و پێویستیی پێیەتی. ئەو زهنییەتی بەڕێوەبردنەی وا ساڵگارێک تاکڕەویی و فشار و نکۆڵیی ناسنامەی پەیڕەو دەکرد؛ ئیتر ناتوانێت بەردەوام بێت و پێویستیی یەکسانیی و ئازادیی کورد و عەرەب و عەلەویی و هەموو گەلانی هەڵکشاندووە. پەیمانی ١٠ـی ئادار لە نێوا قەسەدە و دیمەشقدا واژۆ کراوە. لە پەیمانەکەدا داوای مۆدێلێکی سیاسیی دیموکرات کراوە کە هەموو گەل و نەتەوەکان پێکڕا خۆیان بەڕێوە ببەن. ئەم ڕێبازە دەتوانێت پەیمانێک لەگەڵ ناوەند واژۆ بکات و زەمینەی ئەنتگراسیۆنی دیموکرانیی بڕەخسێنێت. پەیڕەوکردنی پەیمانی ١٠ـی ئادار دەرگا لەسەر پڕۆسەکە دەخاتە سەر پشت و پێشی دەخات.

گەلێک گرنگە تورکیا لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵی ئاسانکاریی و بنیادنەریی و وتووێژ بگێڕێت. ئەمە بۆ ئاشتیی هەرێمەکە و تۆکمەکردنی ئاشتیی ناوخۆییش زۆر گرنگە.

مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ڕادەیەکی زۆر مێژووی ‘شۆڕشی نەرێنیی’ـیە؛ شەڕ و ستەمکاریی و نکۆڵیی و هەڵوەشاندنەوە… جا لەم سۆنگەوە پێشنیاری ئێمە ‘شۆڕشی ئەرێنیی’ـیە. ئەمە بریتییە لە بنیادنانەوەی کۆمەڵگە بە شێوازێکی دیموکرات و ئەخلاقیی و ئاشتییانە. ئەو ئاشتییەی ئێمە بە پێداگرییەوە پارێزگاریی لێ دەکەین، ئەنجام نییە، بەڵکوو دەبێت ببێتە سەرەتایەکی نوێ. ئەو تێکۆشانی ماف و یاسا و دیموکراتییەی لە نێو ئاشتییدا بەڕێوە دەبرێت، ڕق و دوژمنایەتیی و کینە کاڵ دەکاتەوە و دەرگەی ژیانێکێ نوێ بۆ هەمووان دەخاتە سەر پشت.

بەم تێگەیشتنەوە؛ هیوادارم ساڵی نوێ نەبێتە ساڵی شەڕ و هەڵوەشاندنەوە و دابەشبوون؛ بەڵکوو ببێتە ساڵێک کە ئیرادەی پێکەوەبنیادنانی پاشەڕۆژێکی هاوبەشی گەلان، ئاشتیی و ڕێککەوتن و دیموکراتیی لەگەڵ خۆی بهێنێت.

خواستی من ئەوەیە کە ساڵی نوێ لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەرگا لەسەر پاشەڕۆژێکی دیموکرات واڵا بکات. سەری ساڵ لە گەلانی تێکۆشەر و هەموو هاوڕێیان پیرۆز دەکەم.

هیوادارم ساڵی نوێ ئاشتیی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هەموو گەلەکەمان بێنێت. سڵاو و خۆشەویستیی خۆمتان پێ دەگەیەنم.

ئەم سەردەمە بە ئازادیی ژن تۆکمەتر دەبێت، لە سۆنگەی دیموکراتییەوە گەل لە ئاشتییدا یەک دەگرن.

عەبدوڵا ئۆجالان

٣٠ـی کانوونی ٢٠٢٥

ئیمڕاڵی

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.