وتووێژ

ئەنتێگراسیۆن و کۆمەڵگەی دیموکراتیی

بەبێ ئەوەی دەست لە سنوورەکانی دەوڵەت بدەین، دەتوانرێت وەک مۆدێلێک پێناسە بکرێت کە پراکتیکی دیموکراتییانە بە بنەما دەگرێت بۆ چارەسەری کێشە کەلتووریی، باوەڕ، ئەتنیک و ئابوورییەکان.

زەکی  بایهان

 

زەکی بایهان لە پڕۆسەی ‘ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی’ ڕێبەر ئاپۆدا بۆ زیندانی ئەمنیی باڵای جۆری Fـی ئیمڕاڵیی گوازرایەوە و بوو بە سکرتێری ڕێبەر ئاپۆ، بەهۆی کێشەی تەندرووستییەوە بۆ زیندانی جۆری F ژمارە ٢ـی ئیزمیر گواسترایەوە و لەوێ ڕاگیراوە.

 لەم تێچنەدا چەمک و ڕەهەندەکانی کۆتا مانیفێستۆی ‘ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی’ـی ڕێبەر ئاپۆ شڕۆڤە دەکات. بایهان، پێویستیی و گرنگیی مانیفێستە نوێیەکەی بە گۆڕانە جیهانیی و ناوچەییەکانەوە گرێ دا و گوتی: “ئەم مانفێستۆیە بەهۆی کەوتنە قەیرانی ئایدیای سۆسیالیستیی، سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناویین و بەشداربوونی ستراتیژانەی تەڤگەری کورد لەم پرۆسەیەدا گرنگە و بووە بە پێویستیی”.

بایهان چەمکی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە فۆرمەلەی ‘نە جوداخوازیی، نە ئەسیملاسیۆن’ پێناسە کرد و دەستنیشانی کرد، دەبێت ئەمە لە چوارچێوەی کەلتووری خۆبەڕێوەبەرییدا، بە قەبووڵکردنی ناسنامەی جیاواز و بە گەرەنتی دەستووریی بە دەست بهێندرێت. بایهان پێی وایە، دانوستانی دیموکراتیی، کەلتووری دیالۆگ و بڕیارگرتن لە نێوان یەکسانییدایە و دەبێت کۆمەڵگەی دیموکراتیی و کۆماری دیموکراتیک وەک پێکهاتەیەک ببینرێن کە تەواوکەری یەکترن.

بایهان سەرنجی دەخاتە سەر هەڵوەشانەوەی دەوڵەت-نەتەوە بەرانبەر جیهانگیریی و دەڵێت: “لەم چوارچێوەیەدا ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی چارەسەرێکی ئازادیخوازیی کۆمەڵایەتیی پێشکەش دەکات”. بایهان وێڕای مەترسییەکانی قۆناغەکەش، ئاماژەی بەوە دا کە لە سۆنگەی تێکۆشانی ڕێکخراوی گەلەوە سەرکەوتن بە دەست بهێندرێت.

بەم ڕەنگە زەکی بایهان، لە سۆنگەی ئەم پرسیارانەوە، ئاوا شڕۆڤەی بۆ بابەتەکە کرد:

* لە کۆتا مانیفێستۆی ڕێبەر ئاپۆدا چەمکی نوێ خراوەتە ڕوو، لە نێو ڕای گشتییدا گفتوگۆی زۆریان لەسەر دەکرێت، ئەمەش بۆ باشتر تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی مانفێستۆکە گرنگە. پێش هەموو شتێک، بۆچی مانفێستی نوێ پێویست بوو؟

سەرەتا ئەمە دەڵێم؛ ئەو پێشنیارانەی ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێ داون، بە تایبەت ئەوانەی لەم ٢٠-٢٥ ساڵەی کۆتاییدا نیشانی داون، بە گشتیی دەبێت لەگەڵ کۆی بەرهەمەکانیدا ڕەچاو بکرێت و شتێکی لێک دانەبڕاوە. لەبەر ئەوەی هەڵوێستی ئایدۆلۆژیی و سیاسیی لای ڕێبەر ئاپۆ، لەسەر بنەمایەکی دیالەکتیکیی کار دەکات. ئەمەش وەک ‘دیالەکتیکی پەیوەندیی’ پێناسە دەکەین. بۆیە دەبێت ئەو چەمکانەی بەکار هێندراون و ئەو پێشنیارانەی پەرەیان پێ دراوە، لەم چوارچێوەیەدا بخوێندرێنەوە. لە دیالەکتیکی بیرکردنەوەی ڕێبەر ئاپۆدا قۆناغەکانی بازدان هەیە؛ بەڵام دابڕانی دراماتیکی نییە. ئەو خوێنەرانەی ئەم ڕاستییە پشتگوێ دەخەن، بە زەحمەت لە واقعی ئێستا تێدەگەن.

گەر بێینە سەر پرسیاری ‘بۆچی مانفێستۆی نوێ؟’؛ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بە شیکاریی قووڵ هەیە؛ چونکە لێرەدا ئاڵۆزیی هۆکاری فرەفاکتەرییە. گەر لە ئاستی سەرنجدا ڕێبازێکی فراوان بگرینە بەر؛ جیهان لە جێگەی خۆیدا ناوەستێت، لە خولانەوە بەردەوام دەبێت. لە دە ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاریی خێرا لە کایەی ئابووریی-سیاسیی جیهانی، ناوچەیی و نیشتیمانییدا ڕوو دەدات و بەردەوامیشە. هەروەها پاشەکشە و قەیرانێکی ڕژدی ئایدۆلۆژیا و پراکتیکی سۆسیالیستیی هەیە. سیستەمی سەردەستی پڕ و گشتگیرە، بەڵام سیستەمی سۆسیالیستیی لە ئارادا نییە.

ڕێبەر ئاپۆ، دەمێکە قۆناغی نۆژەنکردنەوەی دیدگاکانی بۆ خەباتی سۆسیالستیی دەست پێ کردووە. پارادایمی دیموکراتیی، ئیکۆلۆژیی و ئازادیی زایەندیی؛ ئەم ئارگۆمێنتە سۆسیالیستییەی لەسەر بنەمای پێکهاتە سیستماتیکییەکانی وەک سۆسیالیزمی دیموکراتیکی، ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری-کۆنفیدراڵی و نەتەوەی دیموکراتیک دامەزراوە، پێشتر خراوەتەڕوو. ئەم مانفێستە گونجاندنی ئەو ئارگۆمێنتەیە لەگەڵ چوارچێوەی ئابووریی و سیاسیی ئێستادا.

بەدەر لەمەش سیاسەتی ناوچەیی لە گۆڕانکارییدایە؛ ڕۆژهەڵاتی ناویین دیزاین دەکرێتەوە. ئەم فەزا و گۆڕانکارییانە بوارێک بۆ تەڤگەری کورد دەکاتەوە، ئەویش بۆ پێناسەکردن و بەڕێوەبردنی پێگەیەکی ستراتیژیی لە سیاسەتی ناوچەییدا؛ ئەمە دەرفەتی مێژوویی بۆ ئازادی کورستان دەئافرێنێت، بەڵام هاوکات پرۆژە ئیمپریالیستییەکانیش لە گەمەکەدان.

ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی ئەم چوارچێوەیە لە چوارچێوەی دیدگای سۆسیالیستییدا لە بەرژوەندیی گەلانی ناوچەکە بشکێنێتەوە، دەستوەردان دەکات. کاتدڕێژیی ئەم دەستوەردانانە لە سەر بنەمای شیکاریی و پێشبینییەکانی ڕێبەر ئاپۆیە. ئەو کەسانەی لەسەر دینامیکی ناوچەکە و ڕووداوەکان کار دەکەن، بە ئاسانیی دەتوانن هەست بەمە بکەن. ئێمە لە ئاستێکی هاوشێوەی قسەکەی لینینداین وا لە سەردەمی شۆڕشی سۆڤێت بۆ کاتی دەستوەردان گوتبووی، ‘دوێنێ زوو بوو، سبەینێش درەنگە’

چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێکی گرنگی ئەم دەستوەردانانەیە؛ بەڵام مانیفێستۆکە زۆر گشتگیر و فراوانتریشە، چونکە بانگەشەی خستنەڕووی چارەسەر بۆ کێشە ناوچەی و جیهانییەکان دەکات. ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە، ڕێبەر ئاپۆ جگە لە دیدگای چارەسەر بۆ تورکیا و ناوچەکە، دەستپێشخەریی خەباتێکی نوێی ڕێکخراوەیی ئەنتەرناسیۆنالیستی سۆسیالیستیی دەست پێ کردووە.

*وەک ئەوەی لێی تێگەیشتووین، فۆرمولاسیۆنەکانی وەک ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی تەنها بە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا سنووردار نییە. ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک چییە؟ لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا چ پێگەیەکی هەیە؟

بەڵی، ئەمە مۆدێلێکە. بەبێ ئەوەی دەست لە سنوورەکانی دەوڵەت بدەین، دەتوانرێت وەک مۆدێلێک پێناسە بکرێت کە پراکتیکی دیموکراتییانە بە بنەما دەگرێت بۆ چارەسەری کێشە کەلتووریی، باوەڕ، ئەتنیک و ئابوورییەکان. ڕێبەر ئاپۆ لە کاتی درووستکردنی مۆدێلدا، گرنگی زیاتر بە جەوهەر دەدات وەک لە ناوپێدانی. وەک پێویستی دیدگای سۆسیالسیتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لە هەموو مۆدێلەکاندا چوارچێوەیەکەی ئابووریی-سیاسیی دەئافرێنێت، کە کۆمەڵگە وەک ڕۆڵگێڕ تێیدا دەبیندرێت؛ ئەمەش لە هەر شوێنێکەوە بیگریت، بەرەو خۆبەڕێوەبەریی دەتبات.

بەم هۆکارە ئەمە دەڵێم: بۆ ئەوەی لە ئەدەبییاتی ڕێبەر ئاپۆدا لە مانای چەمکی ‘ئەنتێگراسیۆن’ تێبگەین، پێویستە لە چوارچێوەی فەرهەنگی ‘خۆبەڕێوەبەریی’ـدا سەیری بکەین.

ئەنتێگراسیۆن بە مانای یەکگرتن دێت، بەڵام گەر سوود تێرمینۆلۆژیی ‘زاراوەسازیی’ دۆڵۆزیی وەرگرین، ئەوەی پێی دەڵیین گشت، لە بەش پێک هاتووە! ئەنتێگراسیۆن چ لە ڕووی چەمک و چ لە ڕووی فەلسەفییەوە ئاماژەیە بۆ بوونی زیاتر لە واقیعێک.

ئەو شتانەی ێویستە ئەنتێگرە ببن، جیاوازن. ئەمە بەو مانایە دێت کە چارەسەری ئەنتێگراسیۆن، بەر لە هەر شتێک پێویستی بە قەبووڵکردنی جیاوازییەکانی یەکترییە.

چارەسەری ئەنتێگراسیۆنیستی دیموکراتیی پرسی کورد، لەم چوارچێوەیەدا پێویستی بە قەبووڵکردن و ناسنامەی کوردی هەیە. دووەم تایبەتمەندیی تەواوکەری ئەنتێگراسیۆنیش، ئەوەیە کە مسۆگەرکردنی ژیان، پێویستی بە مسۆگەرکردنی دەستووریی و یاسایی ئەو ڕاستییەی قەبووڵ کراوە، هەروەتر و ناسین و دامەزراندنی بوارەکانی ژیان (ئابووریی، سیاسیی، کەلتووریی و هتد…) هەیە. هەربۆیە چارەسەری ئەنتێگراسیۆنیستی دیموکراتیی پرسی کورد، سەرلەنوێ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەوڵەتدایە.

ئەمە بە گشتیی، گوزارشتە لە ڕێکخستنبوون و پەیوەندییەکان بەگوێرەی دیدگای نەتەوەی دیموکراتیی، کە پێشبینیی دامەزراندنی ئازاد و خۆبەڕێوەبەر بۆ تایبەتمەندیی هەر ناسنامەیەک دەکات. لەم بوارەدا هەموو ناسنامەکان دەوڵەت دەناسن، دەوڵەتیش هەموو ناسنامەکان دەناسێت. هێزێکی ماف و بەرپرسیارێتییەکانی یەکتر هەیە.

گرنگترین شت؛ ئەنتێگرەکردنی ڕاستییەک لەگەڵ ڕاستییەکی تر، ناچاریی بەگوێرەی دەرفەت و سنوورەکان کاریگەریی لەسەر ئەم ڕاستییە دەبێت و دەیگۆڕێت. لەبەر ئەوەی یەکگرتن پەیوەندییەکی نوێیە، پەیوەندییەکی نوێش یاسایەکی نوێ، یاسایەکی نوێش ماف و بەرپرسیارێتیی نوێیە. ئەمە بۆ هەموو لایەنەکانی ئەنتێگراسیۆن ڕاستە.

ئەگەر دەوڵەت بە ڕێبازی “با هەموو کەسێک و هەموو شتێک بگۆڕێت، بەڵام من وەک ئەوە دەمێنمەوە کە هەم” مامەڵە بکات، ئەمە ئەنتێگراسیۆن نییە، بەڵکوو پێداگرییە لەسەر ئەسیمیلاسیۆن.

دەمەوێت بیرتان بهێنمەوە کە ڕێبەر ئاپۆ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی وەک “نە جوداخوازیی نە ئەسیمیلاسیۆن” فۆرمولە کردووە.

باس لە ‘دانوستانی دیموکراتیک’ دەکرێت. ئەمە جیاوازییەکەی چییە، پێویستە چۆن لێی تێبگەین؟

دانوستانی دیموکراتیی، دانوستانی نێوان یەکسانەکانە. پێویستە ئەمە تەنها وەک گفتوگۆ یاخود مشتومڕێک کە بە مەبەستی چارەسەری کێشەیەک یاخود کێشە تایبەتەکان خراوەتە ڕوو، سەیر نەکرێت. دانوستانی دیموکراتیی؛ زمانی ئابووریی-سیاسەتی یەکسانیخواز، ئازادیخواز و کۆمەڵایەتییە. دەشێت وەک زمانێک پێناسە بکرێت کە پەیوەندیی ناسنامەکان بەیەکەوە و بە دەوڵەتەوە، هەروەها کۆردیناسیۆنیان دەدۆزێتەوە. هەربۆیە بەردەوامە؛ گوزارشت لەو کەلتوور و بەهای گفتوگۆ و بڕیاردانە دەکات کە ئامانج لێی بەجێهێنانی پەیوەندیی و پێویستییە کۆمەڵایەتییەکانە لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی یەکسانیی و ئازادیی.

بێگومان بۆ چارەسەری کێشە تایبەتەکانیش چەمکی ‘دانوستانی دیموکراتیی’ دەتوانێت بەکار بهێنرێت. بەڵام پێویستە ئەم چەمکە وەک میکانیزمێکی گشتگیر، کە بە ڕووداو و پرۆسە تاقانەکاندا تێدەپەڕێت، ببینرێت.

لە مانیفێستۆکەدا پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگەی دیموکراتیی و کۆماری دیموکراتیی ئاماژەی زۆری پێ دەکرێت. پەیوەندییان چۆن دەبێت؟

لە بۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆدا کۆمەڵگەی دیموکراتیی، کۆمەڵگەی خۆبەڕێوەبەرە کە خۆی، خۆی بەڕێوە دەبات. ئەمەش کۆمەڵگەی ڕێکخراوە و بە ئیرادەی خۆی ژیانی بەڕێوە دەبات، میکانیزمە دامەزراوەییەکانی خۆی لە هەموو بوارە ئابووریی، کەلتووریی، سیاسیی و بوارەکانی تردا بەرەو پێش بردووە.

کۆماری دیموکراتییش دەشێت وەک چەترێک ببینرێت، کە ڕێز لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیی دەگرێت، گەرەنتیی یاسایی و سیاسییان دێنێتە دی.

پەیوەندییان چۆنە؟ ئەو پێکهاتانەی یەکتر تەواو دەکەن، لەسەر بنەمای یاسایەکی یەکسانیخواز و ئازادیخواز بەیەکەوە بەستراون. ئەو دەوڵەتەی دیموکراتیک نییە، ناتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا بژی. لەبەر ئەوە، کۆمەڵگەی دیموکراتیی، دیموکراتیکبوونی دەوڵەت دەکاتە مەرج.

پێویستە ئێمە بە هەمان شێوە بیر لە پەیوەندیی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی بکەینەوە؟

بەڵێ، چارەسەری ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی، چارەسەری کۆمەڵگەی دیموکراتییە؛ بەردەوام ئاماژە بەوە دەدات. ئەوەشی لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا کۆمەڵگەی دیموکراتیی پێک دێنێت، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکە.

*ناسینی کۆمەڵگە لەلایەن دەوڵەتەوە، پرۆسەی دیموکراتییبوون، پێویستی بە چ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی هەیە؟

چارەسەریی ئەنتێگراسیۆنیستی دیموکراتیی، بە مانا هەرە گشتییەکەی، پێویستی بەوەیە کە دەوڵەتی نەتەوەیی کلاسیک لە قەبووڵە سیاسیی و یاساییەکانی خۆیەوە بەرەو نەتەوەی دیموکراتیی نەرم بکات.

دەوڵەتی نەتەوەیی، لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان، پێشتریش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بە تایبەت ئەو جیهانییبوونەی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سەروەر بووە، بناغەی سەروەریی ئابووریی و سیاسیی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی هەڵکۆڵیوە. ئەمڕۆ، حکومەتەکانی دەوڵەتە نەتەوەییەکان خراونەتە ئاستی کارمەندانی مووچە بەرزی سەرمایەی جیهانیی. سەیری ئەو سیاسەتانەی ئابووریی بکەن کە لە ناواخنی سنوورەکانی دەوڵەتی نەتەوەییدا پەیڕەو دەکرێن. خزمەتی کێ دەکەن؟ هی خەڵک؟ سیاسەتە نیولیبراڵەکانی ئابووریی، نەک تەنها سەرچاوەکانی دەوڵەمەندیی لە ژێر و ژووری زەویدا، بەڵکوو ڕەنجی گەلانی دەوڵەتی نەتەوەکانیش دەخوات. ئەمەش بە دەستی حکومەتانی نەتەوەیی دەکەن. چیتر دەوڵەتانی نەتەوەیی نە سەروەریی ئابووریی و نە سەروەریی سیاسییان نییە.

ئەو تێڕوانینەی کە دەوڵەتی نەتەوەیی خزمەتی نەتەوە دەکات، لە سەرەتاوە چیرۆک بوو؛ چیتر چیرۆکیش نییە.

لە چوارچێوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و کێشەکانی ناسنامە-کەلتووردا، مۆدێلەکانی چارەسەر لە ناوخۆی دەوڵەتە نەتەوەییەکاندا مۆدێلەکانی وەک خۆبەڕێوەبەریی، ئیالەت و فیدراسیۆنن. بەڵام لە هەموو ئەم مۆدێلانەشدا، لەبەر ئەوەی هاوکێشە لەسەر بڵاوکردنەوەی دەسەڵات لەنێوان کۆمەڵگە هەرێمییەکاندا (ئەتنیکیی، کەلتووریی و هتد…) و دەوڵەتی ناوەندیدا دامەزراوە، ئەم پێکهاتانە، لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای دەسەڵاتن، وەک دەوڵەتی نەتەوەیی بچووکی نێو سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی کار دەکان. هەربۆیە لەناو ئەم دەوڵەتە نەتەوەییانەدا ئابووریی و سیاسەتی یەکسانیخواز و ئازادیخواز، کە پێویستی بە پرەنسیپی جێگیربوون هەیە، دانامەزرێنرێت. هەرخۆی ئەم مۆدێلانە، لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای دەسەڵاتن، ناکۆکییەکانی ناسنامە-کەلتوور، کە دەوڵەتی نەتەوەیی دروستی کردوون، چارەسەر ناکەن؛ بەڵکوو تەنها هێوری دەکەنەوە.

بەڵام خۆبەڕێوەبەری کۆنفیدراڵیستیی دیموکراتیی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتی نێوان ئیدارەی دەوڵەت و کۆمەڵگە هەرێمییەکان نییە. چونکە ئەم مۆدێلە واقیعی بەڕێوەبردن بۆ کۆمەڵگە درێژ دەکاتەوە و بەکۆمەڵایەتیی دەکاتەوە. ئەمەش زیاتر لە دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ دەوڵەتدا پارادایمی حوکمڕانی دەگۆڕێت و دیموکراتیزەی دەکات. لەبیری نەکەن مۆدێلی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیی، پێکهاتەیەکی سۆسیالیستیی کۆمەڵایەتیی دیموکراتییە.

ئەگەر لە گۆشەیەکی ترەوە لێی نزیک ببینەوە؛ ئەم مۆدێلە سنوورەکانی دەوڵەتی یەکگرتوو ناگۆڕێت، هەروەها سنووری ناوخۆیی جیاوازیش لەناو خۆیدا درووست ناکات، بەڵام لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتیی، پێکهاتەی ناوخۆیی دەوڵەت ڕێک دەخاتەوە. ئەو ناسنامە ئەتنیکیی، ئایینیی و کەلتوورییانەی لە سنوورەکانی دەوڵەتدا دەژین، لەسەر بنەمای یاسای یەکسانیی و ئازادیی مسۆگەر دەکات. ئەمەش بە مانای بنیادنانەوەی دەوڵەتە لە ڕووی ئابووریی، سیاسیی و کەلتووریشەوە.

*ئەم گۆڕانکارییە مێژووییانە بۆ ڕێکخستنەکان زۆر مەترسیدارن. ئەو ڕێکخستنانەی دوای ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە تەسفیە کراون، کەم نین. لە کۆتایی ڕۆژدا ناترسن ئەم پرۆسەیە بە سەرنەکەوتن کۆتایی پێ بێت؟

ئاگاداری ئەزموونە مێژووییەکانین و بێگومان دەترسین. نەترسان، کوێرییەکی سیاسییە. ئەمە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە؛ پڕمەترسییە. لەلایەکی دیکەوە گەلەکەمان پرۆسەی زۆر ئاڵۆزتری بە سەرکەوتن تێپەڕاندووە. ئەمڕۆ لە سۆنگەی دامەزراوەبوونی ڕێبەرییمان و ڕێبازە ئایدیۆلۆژیی، سیاسییەکانمان، هەروەتر ڕێکخستنی فرەلایەنەی گەلەکەمان، یەکێک لە قۆناغە درەوشاوەکانی مێژووی خۆمان ئەزموون دەکەین.

سەرەڕای ئەم دەرفەتانە، ئەگەر سەرکەوتوو نەبین، ئەوا مێژوو لێمان خۆش نابێت. سەرکەوتوو دەبین. چونکە هەرکاتێک شوێن ڕێبەر ئاپۆ کەوتبین، هەرگیز زیانمان نەکردووە.

*لە کۆتاییدا دەتانەوێت شتێک بڵێن؟

سوپاستان دەکەین کە دەرفەتتان پێ داین تا  دەنگمان بە گەلەکەمان و ڕای گشتیی بگەیەنین.

گوتمان سەرکەوتن؛ با بەم شێوەیە کۆتایی پێ بێنین. ڕێگەی سەرکەوتن بە یەکێتیی کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ڕێکخستنیدا تێدەپەڕێت. چاوەڕێی بەشداربوونی بەهێزتری گەل و هەڤاڵانمانین لەم ڕێپێوانەدا کە ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا دەستی پێ کردووە. پێویستە خۆمان بۆ ئەم ڕێگەیە تەرخان بکەین و پێکەوە بڕۆین و ڕۆژانە ئەم ڕێپێوانە فراوانتر بکەین.

لەبیری نەکەن ئەم پرۆسەیە، پرۆسەیەکە گەل کردوویەتی. ئەگەر گەل بە ئیرادەوە لەم ڕێپێوانە بەردەوام بێت و فراوانی بکات، هیچ هێزێک ناتوانێت بێتە سەر ڕێیان. گەلەکەمان خاوەنی ئەم هۆشیارییە سیاسیی و ڕێکخستنییەیە. سڵاو و خۆشەویستیی خۆمان بۆ هەموو لایەک دەنێرین، هیوای گەورەترین ئاسانکارییان بۆ دەخوازین.

ڕێگەیەک بۆ ڕێپێوان هەیە و لە هەر شوێنێک ڕێپێوان هەبێت، دەبێتە ڕێگە.

*لە کتێبە بڵاوکراوەکانی زەکی بایهان: پارادایمی ئیکۆلۆژیی، ئازادی زایەندیی دیموکراتیی (بەڵگە، ٢٠١١)، ئایدۆلۆژیای ئازادیی سەدەی بیستویەک: سۆسیالیزمی دیموکراتییب(بەڵگە، ٢٠١٥)، دەربازبوون لە پارادایمی دەوڵەت-نەتەوەی ژینۆسایدکەر: نەتەوەی دیموکراتیی (بەڵگە، ٢٠١٦) و هەڵکشان بەرەو سفر (وەشانی ئارام، ٢٠١٩) لەخۆی دەگرێت.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.