کورد و کۆمۆن
با بپرسین کۆمۆن چییە؟ کۆمۆن هێزی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە. بۆ ئەوەی بتوانین بە ڕوونیی لە کۆمۆن تێبگەین، پێویستە بە سادەیی وەریگرین و بڵێین؛ کۆمۆن شێوەژیانی هاوبەشە، ژیانی گوندیش نموونەی هەرە ڕوونی ئەمەیە.

سینان شاهین
ڕێبەر ئاپۆ لە پارادایم و سیستەمی مۆدێرنێتەی دیموکراتیییدا گرنگییەکی زۆر دەداتە کۆمۆن، چونکە کۆمۆن کرۆکی کۆمەڵگەیە. دیموکراسیی بنەمایەکی حاشاهەڵنەگرە لە کۆمۆندا. لە بنەڕەتدا کۆمۆنی دیموکراتیی، سۆسیالیزمی دیموکراتییە، سۆسیالیزم بەبێ کۆمۆن نەکردەنییە.
لە مانیفێستۆی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتییدا، ڕێبەر ئاپۆ سەرنج دەخاتە سەر شڕۆڤەکردنی درووست بۆ مێژوو. دەڵێت مێژووو بەو شێوەیە نییە کە مارکس پێناسەی دەکات، بەوەی ململانێی چینایەتییە، بەڵکوو مێژوو هیچ نییە جگە لە ململانێی نێوان کۆمۆن و دەوڵەت. میزۆپۆتامیا و زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس شوێنی دەستپێکی ئەم ململانێیەی نێوان کۆمۆن و شارستانییەتی دەوڵەتە.
شارستانییەتی دەوڵەت، لە دەستپێکی مێژووەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، هاوشێوەی کرمی دارە و لەسەر کۆمەڵگە درێژە بە بوونی خۆی دەدات. دەوڵەت جۆرە سیستەمێکە و لە هەموو قۆناغێکی سیستەمی دەسەڵاتدارییدا خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت، ئەمەش لە ئەنجامدا دەگات بەو خاڵەی، کە دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە بوونی خۆیان بدەن، هەموو هەوڵێکیان لە باربردنی کۆمۆنە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە.
کاتێک سەرنجمان دەخەینە سەر ‘پرۆتۆ-کوردەکان’، دەبینین ژیان یەکپارچەیە، تێر و تەژییە لە مانا و پەرجوو. کۆمەڵگە بە شێوەی کڵان لە دەوری ژن-دایک خۆی ڕێک خستووە، هیچ کۆتوبەندێکی لەسەر مرۆڤەکان نەبوو، هیچ موڵک و ماڵێکی تایبەت لە ئارادا نەبوو. تەنها جووڵە و بزاوت هەبوو، بە شێوەیەکی ئازاد و سەربەخۆ بوو. ژیانی یەکپارچەی کڵان وابەستەی ڕەنجی ماسوولکە، دڵسۆزیی و جوانیی فیکری ژنە. بۆیە دەتوانین لەمڕۆدا مۆرکی ژن لە سەر چەندین شوێنەوار و دۆزینەوەکان ببینینەوە. لەگەڵ کاتدا ژن-دایک بۆ ئەوەی دۆزینەوەکان بهێننە دی و لە هێرشی پاکتاوی پیاو بیپارێزێت، لە بەرخۆدانێکی بێهاوتادا بووە. دەتوانین ئەم تێکۆشانەی ژنان لە سەرگوزشتەی ئەنکی و ئینانادا ببینینەوە.
بکوژی کاستیک ئەم سیستەمە دەکاتە ئامانج و لە باری دەبات. لێرەوە دەپرسین؛ سیستەمی بکوژی کاستیک چۆن لە نێو کۆمەڵگەدا دەبێتە چاند؟ بێگومان ئەمە بە دەستەمۆکردنی ژن لە چوارچێوەی ماڵدا دەست پێ دەکات، بەم شێوەیە ژن لە ڕۆڵە کۆمۆناڵەکەی دادەبڕدرێت. لەگەڵ سیستەمی موڵکدارییدا کۆمەڵگەی کۆمۆنی لەناو دەبرێت. بە ڕۆڵی پیاوی دەسەڵاتدار و ژنی بە کۆیلەکراو ڕاستینەی کۆمۆن لە کۆمەڵگەدا لاواز بووە. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو، گرنگیی بە ڕاستینەی هاوژینیی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدات. لەم مژارەدا ڕێبەر ئاپۆ تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی ‘ژنوار’ کە لە ڕۆژئاوا دەردەکەوێت و پەرە دەسێنێت. وەک دڵسۆزییە بەرانبەر هەموو سەرگوزەشتە ئازاربەخشەکانی بکوژی کاستیک لەسەر ژن، منداڵ و کۆمەڵگە بە گشتیی، ڕێبەرێتیی کۆمۆن وەک خێزانی نوێی خۆی پەسەند دەکات.
خێڵەکان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس هەمیشە لە جموجۆڵ و بەرەنگارییدا بوونە دژی شارستانییەتی دەوڵەتدار. ئەم ڕێکخستنە بە تەنها پشتی نەبەستووە بە یەکێتیی خوێن و خزمایەتیی، بەڵکوو گرووپێکە و بەرانبەر شارستانییەتی دەوڵەت پشت بە خۆپاراستن، داهێنان و خۆزیادکردن دەبەستێت. بەم شێوەیە خێڵ و هۆزەکان بەسوودترین تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتییان هەیە. ژیانی کۆمەڵایەتیی نەریتیی لە خێڵەکەدا کاریگەرە. وێڕای هەموو هێرشەکانی شارستانییەت، خێڵەکان یادەوەریی کۆمەڵایەتیی خۆیان پاراستووە و پەرەیان پێ داوە.
باوەڕی ‘مەزدایی’ لە ڕێکخستنی خێڵدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، کە پشت بە دوالیزمی تاریکیی و ڕووناکیی دەبەستێت. باوەڕی مەزدایی دیالەکتیکی گەردوونیی دەکاتە بنەمای خۆی. لە بری دوالیزمی خودا و بەندە ڕێگە بۆ دیالەکتیکی خۆئافراندن دەکاتەوە. باوەڕی زەردەشتیش شێواز و بەردەوامێتیی باوەڕی مەزداییە. باوەڕێکی سەرەتاییە و وابەستەی ئاکاری ئازادییە، کڕنووشی بۆ خوداکانی شارستانییەتی دەوڵەتدار نەبردووە.
کۆنفیدراسیۆنی مادەکان خۆی لەسەر بنەمای زەردەشتیی ڕێک دەخات و ‘کۆمۆن’ شێوازی ژیانیانە. خودی سیستەمی کۆنفیدارسیۆنی هۆزەکان، کۆمۆنە. نموونەی خێڵە مادەکان کۆنفیدراسیۆنن، کە ٢٤ فیدارسیۆن لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە و پاشان دەبنە کۆنفیدراسیۆن. مادەکان و بۆ ماوەی سێ سەدە دژی ئاشوورییەکان شەڕ دەکەن و سەردەکەون، ئاشوورییەکان کاریگەرترین سیستەمی بکوژی کاستیک و میتینگەرترین ئیمپراتۆرییەتی ئەو سەردەمە بوون. مادەکان پێیان لە سەر سیستەمی کۆمۆنەی خۆیان دادەگرت، بۆیە بە ئێستایشەوە سیستەمی کۆمۆن لە کوردستان زیندووە. بەڵام کاتێک دەسەڵات لە دەستی مادەکانەوە دەکەوێتە دەستی فارسەکان، پێکڕا وەردەگەڕێتە سەر سیستەمی بکوژی کاستیک. پاشا فارسەکان خۆیان دەخەنە جێگەی خواداوەندەکان و نابێت هیچ کەسێک لە قسەیان دەرچێت. بەم شێوەیە توندترین سیستەم دەردەکەوێت.
باوەڕی زەدەشتیی تەنها کورد لەخۆ ناگرێت، بەڵکوو کاریگەری فرەلایەن لە سەر فارس، پاکستانیی، ئەفغانیی، هیندستانیی و تەنانەت چینییەکانیش، دادەنێت. چەندین سەرچاوە باوەڕی بوودایی و کۆنفۆشیۆس وەک درێژکراوەی زەردەشتیی لێک دەدەنەوە. ڕەگوڕیشەی زەردەشتیی کوردییە، بەڵام باوەڕەکەی گەردوونییە. لەو سەردەمەدا باوەڕی زەردەشتیی، بیردۆزەی کۆمۆنە. بەڵام دەرکەوتنی فارسەکان و هەنگاونانیان بۆ دەوڵەتداریی، دەبێتە هۆی ئەوەی باوەڕی زەردەشتیی بگۆڕێت بۆ دۆگماتیزم و بکەوێت خزمەتی دەوڵەت.
با بپرسین کۆمۆن چییە؟ کۆمۆن هێزی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە. بۆ ئەوەی بتوانین بە ڕوونیی لە کۆمۆن تێبگەین، پێویستە بە سادەیی وەریگرین و بڵێین؛ کۆمۆن شێوەژیانی هاوبەشە، ژیانی گوندیش نموونەی هەرە ڕوونی ئەمەیە. لە گوندەکاندا هەموو کار و پێوەرە ژیانییەکان بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوە دەبرێن. هەرخۆی پەیوەست بە کۆمەڵگەی کوردییەوە تیۆریزەکردنی ‘کۆمۆن’ فرە پێویست نییە و دەرکەوتەکانی زیندوون. لە نێو سیستەمی کۆمۆنیشدا دەردەکەوێت؛ هەرخۆی چەمکی کۆم، کۆمبوون وشەیەکی کوردییە. وشەی کۆمۆن لە وشەی کۆمبوونەوە [کۆبوونەوە و گردبوونەوە]ـوە دێت. کۆمۆن لەسەر ئەم خاکەی میزۆپۆتامیا پێک دێت.
سیستەمی سەرمایەداریی و دەوڵەتانی داگیرکەر هەوڵ دەدەن لە کوردستاندا کۆمەڵگە لە شێوەی ژیانی کۆمۆنی داببڕن. لە واقعدا نموونەی سووتاندنی گوندەکانی کوردستان دەرخەر و مەرامی پشت ئەم سیاسەتەیە. بۆچی گوندەکانی باکووری کوردستان سووتێندران؟ چونکە کۆمەڵگە خۆی بەڕێوە دەبرد، خۆی ڕێک دەخست، کاروبارەکانی خۆی ڕایی دەکرد و بەرگریی لە خۆی دەکرد و خۆی دەپاراست. چونکە کۆمەڵگە پێویستی بە دەوڵەت نەبوو، سەری بۆ دەوڵەت دانەدەچەماند. دەوڵەت چی کرد؟ بۆ ئەوەی کۆمەڵگە چاوی لە دەستی بێت، هات گوندەکانی سووتاند. بەرەنجام؛ گوندنشینەکان هەندێک بوونە خراپەکار، هەندێک بوونە پەنابەر، هەندێکیشیان ڕوویان کردە گەورەشارەکان. نەو شێوەژیانەی ویستیان بوو، بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندیان. هەمان ئەو سیاسەتەی لە باکووری کورستان سەپێندرا، ڕژێمی بەعسی ڕووخاوی سەدام حسێنیش لە سەر گوندەکانی باشووری کوردستان دایسەپاند. بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە بزاوت بکەوێت، نەتوانێ پێویستییەکانی خۆی دابین بکات و پارێزگاریی لە خۆی بکات. هەموو گوندەکانی بە کۆمەڵکوژی و شاڵاوی ئەنفال خاپوور کرد. بەم شێوەیە هەمووان ناچار بە ڕووکردنە شارەکان کران.
سیستەمی سەرمایەداریی پەرە بە تاکگەرایی دەدات. هەمووان لە ماڵی خۆیاندا، بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئەنتەرنێتەوە هیچ پێویستییەکیان بە دەوروبەر نابێ. لە ڕابردوودا جڤاتی گوندەکان و ڕاوێژکارییان هەبوو. کەسەکان پێکەوە دەژیان و پێکەوە کاریان دەکرد. ژیانێکی یەکسان لە ئارادا بوو، کەس بە سەر کەسەوە نەدەبووە سەردەستە. بۆیە هەرچەندە پێناسەی مارکس بۆ مێژوو، بەپێی ململانێی چینایەتیی هەڵەش نەبێت، بەڵام هێشتا تێرکەر نییە. گەر هەقیقەتی داگیرکاریی لەسەر کوردستان لە بەرچاو بگرین، دەبینین دەوڵەت بەبێ جیاوازیی هەموو کەسێکی بە ئامانج گرتووە. بۆیە کاتێک باسی ململانێی چینایەتیی دەکەین، ناتوانین هەموو ململانێکان لەبەرچاو بگرین.
دەڵەتانی داگیرکەر هەوڵیان دا چاندی کۆمەڵگە، ڕێکخستنی هۆزەکان لە کوردستان لەناو بەرن. بۆچی؟ چونکە هۆز فۆڕمێکی کۆمۆناڵە. لە ئێستایشدا هۆز هەیە، بەڵام لە فۆرمی کۆمۆناڵدا نییە. بۆ نموونە؛ سیستەمی کۆمۆناڵی هۆز؛ هاوکارن، پێکەوە یەک دەپارێزن و هەموو شتێک پێکەوە دەکەن. ژیانیان ڕێکخراوە. دەوڵەت ئەم ڕاستییە پارچە دەکات و هەموو کەسێک دەکاتە کۆیلەی خۆی. هەندێک لە هۆزەکان لە بۆتان بە ئێستایشەوە بەرگریی لە کۆمۆناڵبوونی خۆیان دەکەن. ئەوەی بەرهەم دێت بە شێوەیەکی یەکسان بە سەر کۆمەڵگەدا دابەش دەکرێت، بە سەرۆکی هۆزیشەوە. لە داستانە مێژووییەکاندا دەردەکەوێت کە سەرۆک هۆزەکان موڵکدار و دەوڵەمەند نین. کاتێک سەرۆک هۆز ناتوانێ کاروباری هۆزەکە بەڕێوە بەرێت، پیرانی هۆزەکە کۆ دەبنەوە و کەسێکی گونجاو هەڵدەبژێرن و دەیکەن بە سەرۆکی هۆز.
لە کۆمۆندا ‘هاوبەشیکردنی یەکسان، ئۆتۆریتەی سرووشتیی و دیموکراسیی هەیە’. وەک درێژکراوەی کڵان، لەمڕۆشدا هۆز هەیە. کۆمەڵگە تا ئێستا دەستی بە کڵان، خێڵ و هۆزەکانەوە گرتووە. کۆمەڵگە بۆ ئەوەی خۆی لە هێرشەکانی بکوژی کاستیک بپارێزێت، ڕووی کردە چیاکان. کوردستان ئەو ناوەندەیە کە خێڵ تێیدا تێدەکۆشێت. لە جوگرافیای کوردستان چەندین بەها بە چاندی خێڵ پارێزگاریی لێ دەکرێت.
بیردۆزە و تیۆری کۆمۆن پشت بە چاندی ژن دەبەستیت. لە میزۆپۆتامیا فەلسەفەی زەردەشتیی، لە چین فەلسەفەی لاوتزە، لە هیندستان بوودیزم، دەرکەوتنی پێغەمبەران، لە یۆنان فەلسەفەی سوکرات؛ لە بنکی هەموو ئەمانە لە هەموو جیهاندا بیردۆزەی کۆمۆن دەبینینەوە. لە بنەڕەتدا ڕێبەرێتیی شرۆڤەی نوێ پێش دەخات و دەڵێت، ‘لە بنکی مێژووی کۆمەڵگەبووندا، کۆمۆن بوونی هەیە و کۆمەڵگە بە سیستەمی کۆمۆن درێژەی بە ژیانی داوە و خۆی پاراستووە.’ سیستەمی دژبەری کۆمۆنی بە سیستەمی بکوژی کاستیک پێناسە کردووە.
لە بەرانبەر پیشەسازیگەرایی، ئیکۆ-ئابووریی و سەمایەدارییدا، سۆسیالیزمی دیموکراتیی بەبنەما دەگرێت. نەتەوەی دیموکراتیی ئەرکی سیستەمی خۆبنیادنان دەسپێرێتە بنیادنانی کۆمۆنەکان. بەرانبەر مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی و سۆسیالیزمی دەوڵەتدار، دیموکراتیی کۆمۆناڵیتە بنەمایە. مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی بە تێگەیشتنی لیبراڵانەوە، دیموکراسیی لە جەوهەری خۆی بەتاڵ دەکاتەوە. بۆیە پێویستە سیستەمێکی دیموکراتیی و کۆمۆناڵ پێش بکەوێت.
بۆچوونی ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی بابەتەکە بەم شێوەیەیە: “مۆدێرنیتە بەگوێرەی سێ سوارچاکە مەحشەرییەکە پێناسە دەکەین. یەکەمیان؛ لە دژی دەوڵەت-نەتەوە، نەتەوەیی دیموکراتییە. پایەی دووەمیان؛ دژی پیشەسازیگەرایی، ئیکۆ-ئابووری. پایەی سێهەمیش؛ دژی سەرمایەداریی، کۆمەڵگە دیموکراتیی/کۆمۆناڵە. ئاشكرایە، هەبوونی کۆمەڵایەتیی-مێژوویی لە سەر بنەمای کۆمۆن بەرجەستە بووە. بەهۆی سرووشت و تایبەتمەندیی سەرمایەدارییەوە کە دژی کۆمەڵگەیە، لەمڕۆدا کۆمەڵگە لە ناو دەچێت. هەروەها پێکهاتە سنووردارەکان بە پشتبەستن بە تاکەکان بنیاد دەنێت. سەرمایەداریی تاک بە بنەما دەگرێت نەک کۆمەڵگە. نکۆڵیکردن لە کۆمەڵگە، بنەمای ئەو فەلسەفەیەیە وا سەرمایەداریی لەسەر بنیاد نراوە. بە پێچەوانەی ئەمەوە کۆمۆن سرووشت و سیمای کۆمەڵایەتییە”.
ڕێبەر ئاپۆ لە پارادایم و سیستەمی مۆدێرنێتەی دیموکراتییدا گرنگییەکی زۆر دەداتە کۆمۆن، چونکە کۆمۆن کاکڵەی کۆمەڵگەیە. دیموکراسیی بنەمایەکی حاشاهەڵنەگرە لە کۆمۆندا. لە بنەڕەتدا کۆمۆنی دیموکراتیی هەر سۆسیالیزمی دیموکراتییە، سۆسیالیزم بەبێ کۆمۆن نەکردەنییە. سیستەمی کۆمۆناڵ دەتوانێت ببێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە. ئازادیی و دیموکراسی کۆڵەکەی کۆمۆنە دیموکراتییەکانە. لە بەرانبەر سێ سوارە مەحشەرییەکەی سیستەمی سەرمایەدارییدا، ئەمەیە ئەڵتەرناتیڤ.



